زمانی کوردی دوایین زمانە ئەم کتێبەی بۆ وەرگێڕراوە
“زمانی کوردی دوایین زمانە ئەم کتێبەی بۆ وەرگێڕراوە”
سەبارەت بە کتێبی نەژاد و مێژوو
سازکردنی: ئیدریس عەلی
کتێبی “نەژاد و مێژوو” یەکێکە لە کتێبە گرنگە و بەبایەخەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لە ماوەی ڕابوردوودا چاپ و بڵاو کراوەتەوە؛ ئەم کتێبە لەلایەن “کلۆد لێڤی-شتراوس”ەوە نووسراوە، کە یەکێکە لە فەیلەسووفە ناودارەکانی فەڕەنسا و جیهان. ناوبراو لە ساڵی ١٩٠٨دا لەدایک بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩دا کۆچی دوایی کردووە، کتێبەکانی جۆراوجۆرن و بێگومان لە بواری کۆمەڵناسی و فەلسەفەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا یەکێک بووە لەو ناوانەی لەناو دونیا و بازنەی فیکر و فەلسەفیی جیهاندا، پێگەی تایبەت بە خۆی هەبووە، هەروەها خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە، لەوانە: “تەوتەویزم لەمڕۆدا،” “ئەنترۆپۆلۆژیای بوونیاتگەری،” “نەژاد و مێژوو،” ئەمە جگە لە کۆمەڵێک کتێبی گرنگی تر لەبارەی ئەفسانەوە.
ئەم کتێبە (نەژاد و مێژوو) لەلایەن وەرگێڕ و نووسەر “نەجاتی عەبدوڵڵا”وە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا بەردەستە. لەم دیدارەدا لەگەڵ وەرگێڕی کتێبەکە قسە لەسەر دونیای کتێبەکە و گرنگی و بایەخی ئەم کتێبە دەکەین بۆ خوێنەری کورد.
سەردەم: سەرەتا پێم خۆشە بزانم بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەم کتێبە (نەژاد و مێژوو) چۆن دروست بوو لەلای بەڕێزت؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان بوو، تازە گەیشتبوومە وڵاتی فەڕەنسا و خوێندنی زمانم تەواو کردبوو، ئەو کاتە ئەم کتێبە (نەژاد و مێژوو)، کە نامیلکەیەکی بچووک بوو و بە تیراژێکی زۆر لەناو کتێبخانەی هەموو زانکۆکانی فەڕەنسادا هەبوو، نازانم بۆچی زۆر زوو سەرنجی ڕاکێشام، ئەگەرچی زمانەکەی قورس بوو، بە ستایلێکی وا ئاسان نەنووسرابوو، تێگەیشتن لێی ئاسان نەبوو و وا زوو خۆی بەدەستەوە نەدەدا، بەڵام من هەر دەستبەرداری کتێبەکە نەبووم و هەمیشە لەناو جانتاکەمدا بوو. دواتر چەند وتارێکم لەسەر کتێبەکە خوێندەوە و زیاتر لە گرینگیی کتێبەکە تێگەیشتم، بهتایبەت کاتێک خەریکی لێکۆڵینەوە بووم لەسەر مێژووی کورد، هەمیشە بهدوای ئەم پرسیارەدا وێڵ بووم، ئاخۆ هەر بەڕاستی گەلان و قەومگەلێک هەن کە مێژوویان نەنووسراوەتەوە، ئایا ئەوانە مێژوویان هەیه یان نا؟ ئەوە ئەو سەرەداوە بوو کە من لەم کتێبەدا بەدوایاندا دەگەڕام.
سەردەم: دونیای کتێبەکە چییە و گرنگترین ئەو پرسانە چین کە لە کتێبەکەدا (نەژاد و مێژوو) خراونەتە ڕوو؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: لە ساڵی ١٩٥٢دا یونسکۆ زنجیرەیەک کتێبۆلکەی بڵاو کردەوە، کە تەرخان کرابوون بۆ کێشەی ڕەگەزپەرستی لە جیهاندا و هەنگاونان بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستی لە جیهاندا. لەناو ئەم زنجیرە کتێبانەی بە هەموو زمانەکان بڵاویان کردەوە، ئەم کتێبەی کلۆد لێڤی-شتراوس بوو (نەژاد و مێژوو)، کە زۆر لەو بابەتەی بۆی دیاری کرابوو تێپەڕی کرد و تێڕامانێکی نوێ لەسەر فەرهەنگی ڕۆژاوایی، مانای شارستانییەت، هەڕەمەکییەتی کارەکتەری سەردەمی مێژوویی و مێژووی “وەستاو” و مێژووی “کەڵەکەبوو” و هتد… خستە ڕوو، منیش هەر بۆ بەشداریکردن لە ڕێگەگرتن لە نەژادپەرستی و بەربەست بۆ بیری بەربەرییەت لەناو کورددا، پێم خۆش بوو ئەم کتێبە لەناو کتێبخانەی کوردییشدا هەبێت، کە ڕەنگە زمانی کوردی دوایین زمان بێت ئەم کتێبەی بۆ وەرگێڕرابێت.
سەردەم: گرنگی و بەهای ئەم کتێبە چییە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: من لەم کتێبەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا وێڵ بووم، داخۆ مێژووی گەلانی “بێمێژوو،” یان ئەو گەلانەی “مێژوویان نەنووسراوەتەوە،” ئایا ئەوانە مێژوویان هەیە؟ بۆچی هەندێک کۆمەڵگە مێژوویەکی “کەڵەکەبوو” و هەندێکیشیان مێژوویەکی “وەستاو”یان هەیە؟ ئایا مێژووی کورد بۆخۆی لە کوێی ئەو دوو جۆرە مێژووەدایە؟ ئەمە ئەو سەرەداوانە بوون کە من لەم کتێبەدا زۆر بەوردی بەدوایاندا دەگەڕام. دواجار پێم وا بێت سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکان بوو، بڕیارم دا کە پێویستە ئەم کتێبەش بە کوردی لە کتێبخانەکاندا هەبێت و خوێندەواری کوردیش بە کوردی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، چونکە باسی کۆمەڵێک پرسی زۆر گرینگ دەکات، وەک: پرسی ئیتنۆسێنتریسم (ناوەندێتیی ئیتنیکی) و فرەچەشنەیی کولتوورەکان (diversité des cultures) و لەوێشەوە ڕێگری و هەڵتەکاندنی بیری نەژادپەرستی و ڕاسیزم و بیری نەریتی و باو دەکات، هەر لەوێشەوە دەرگەیەکی بەرفراوان بۆ باسی فرەچەشنیی فەرهەنگی دەکاتەوە، کە ئەم بابەت و دەروازانە لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی زۆر پێویستن، نەخوازە کە هێشتا تازە “کوردستانی باشوور” لە دەست ستەمگەری و جیاکاریی نەژادی بەنیوەچڵی ڕزگاری بوو؛ بۆیە پێم وا بوو و ئێستەش پێم وایە ئەم کتێبە بۆ کتێبخانەی کوردی کارێکی زۆر پێویست و بەجێ دەبێت. چەندە جوانە کاتێک شتراوس لە دژی بیرۆکەی جیاکاریی نەژادی دەوەستێتەوە و لە وەسفی مرۆڤی بەربەریدا دەڵێت: “مرۆڤی بەربەری، بەر لە هەرچی شتە، ئەو مرۆڤەیە کە باوەڕی بە بەربەرییەت هەیە.”
سەردەم: بۆچی پتر گرینگی بە نووسین و وەرگێڕانی بابەتە مێژووییەکان دەدەیت؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: مێژوو کۆڵەکەیەکی سەرەکیی دروستکردنی ناسنامە و بەشدارێکی زۆر کارایە لە پرۆسەی نیشتمانسازیدا؛ بەو پێیە، بۆ ئەوەی گەلێک ناسنامەی هەبێت، پێویستە مێژووی هەبێت، گەلانی بێمێژوو، یان ڕاستتر بڵێم ئەو گەلانەی مێژوویان نەنووسراوەتەوە، بەدڵنیاییەوە گەلانی بێناسنامەن، بۆیە پەیوەندییەکی گرینگ هەیە لەنێوان “ناسنامە” و “مێژوو”دا. بۆیە مێژووسازی کۆڵەکەیەکی گەورەی خەمڵین و دروستبوونی هۆشیاریی نەتەوەییە لەلای هەر نەتەوەیەک. ئەوە مێژووە یادەوەرییەکان دەپارێزێت و هەموو ڕووداوەکان بۆ نەتەوە تۆمار دەکات، بۆ ئەوەی دواجار ئەو نەتەوەیە ببێتە خاوەنی یەک ناسنامەی نەتەوەیی خۆی. بۆیە ئەگەر هۆشیاریی نەتەوەیی و خۆناسینی نەتەوەیی لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی وەستابێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە یەکێکیان مێژووە.
سەردەم: خوێندنەوەی ئەم کتێبە مێژووییانە چ سوود و زانیارییەک دەبەخشێت بە خوێنەری کورد و چ ئەزموونێکمان دەداتێ؟
نەجاتی عەبدوڵڵا: ئەم کتێبە مێژووییانە بەرەو مێژووی هاوبەشمان دەبەن، مێژووی ئێمە تا ئێستاش مێژووییەکی لۆکاڵی و ناوچەییە و بەداخەوە، ڕەوشی جوگرافی و پەرشوبڵاویی کورد هێندە پەرشوبڵاو و لەیەکدوورن، کە تاقە ڕێگەی بەردەممان ئەوەیە هەنگاو بنێین بەرەو “مێژوو” و “زمان.” لەناو ئەم دوو باڵەخانەیەدا دواجار مرۆڤی نوێی کورد لەدایک دەبێت، ئێمە دەبێت کار بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بکەین، نەوەی “ئێمە” لەناو جوغزێکی تەلبەندی ناوچەییدا لەدایک بووین و گەورە بووین؛ بەڵام نەوەکانی داهاتوو لەناو فەرهەنگێگی دەوڵەمەندی کوردی و مێژوویەکی سەرتاسەریدا گەورە دەبن و قاچیان لەسەر زەوی دەبێت و بەدڵنیاییەوە خاوەنی ناسنامە و هۆشیاریی نەتەوەیی خۆیان دەبن.