ئەو کاتەی ئۆکرانیا چەپۆکی ڕووسیای تێک شکاند

چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی چواردەیەم

ئەو کاتەی ئۆکرانیا چەپۆکی ڕووسیای تێک شکاند

“چیرۆکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ٣٦ ساڵ لەمەوبەر”

تەها عەبدولناسر ڕەمەزان

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهاندا، جیهان چووە ناو سەردەمی جەنگی ساردەوە، جەنگێک تێیدا جیهان بەسەر دوو جەمسەری ڕکابەردا دابەش بووبوو: جەمسەری خۆراوا بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جەمسەری خۆرەڵات بە سەرکردایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت. بەم جۆرە و بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە، هەردوو لا بە مەبەستی فراوانکردنی ناوچەی هەژموونی خۆیان لە سەرانسەری جیهاندا، کەوتنە ململانێیەکی سەخت و توندی سیاسی، سەربازی، ئابووری‌، هاوکات لەگەڵ پێشبڕکێی خۆپڕچەککردندا، کە پێشتر وێنەی نەبووە.

بەڵام ئەم هاوسەنگییە لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، لەناو وڵاتانی بلۆکی خۆرەڵات و زیادبوونی داواکاریی گەلاندا بۆ چاکسازی و سەربەخۆیی، هاوسەنگیی نێوا هەردوو بلۆکی خۆراوا و خۆرەڵات درز و کەلێنی گەورەی تێ کەوت؛ لە هەمان کاتدا یەکێتیی سۆڤیەت وردە وردە پێی نایە نێو قۆناغی داخورانەوە، کە بە هەڵوەشانەوەی خودی یەکێتییەکە کۆتایی هات، ئەمە وای کرد ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٩٠دا پەیوەندی بکات بەو شەپۆلی کۆمارانەوە، کە لە یەکێتیی سۆڤیەت جیا دەبوونەوە و لە پەیوەندییاندا لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە مۆسکۆ، ڕێڕەوێکی نوێیان هەڵبژارد.

چاکسازییە شکستخواردووەکان

لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا میخائیل گۆرباتشۆڤ، سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، هەوڵی دا ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەت مابووەوە، ڕزگاری بکات و ڕێگری لە هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوەی بکات. گۆرباتشۆڤ لەو پێناوەدا و لەبەر ئەو هۆکارە، واتە هۆکاری مانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و هەڵنەوەشانەوەی زیاتری، هەردوو سیاسەتی “پێرێسترۆیکا/Perestroïka” و “گلاسنۆست/Glasnost”ی دامەزراند. ئەمە لە کاتێکدا، سیاسەتی یەکەمیان هەوڵی نوێکردنەوەی ئابووری و باشکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەدا و سیاسەتی دووەمیان ئامانجی چەسپاندنی سیاسەتی ئازادیی ڕادەربڕین بوو؛ بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی میخائیل گۆرباتشۆڤەوە، ئەم چاکسازییانە بوونە هۆی تێکچوونی بەردەوامی کەرتی ئابووری، کە هاوکات بوو لەگەڵ کەمبوونەوەیەکی زۆر لە کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکاندا. هەروەها بە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی “گلاسنۆست”ەوە، ئاستی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت و چاکسازییە شکستخواردووەکانیان دەکرا، ڕووی لە هەڵکشان و زیادبوون کرد و چاکسازییەکانیان بە خراپ و بێکەڵک و شکستخواردوو لەقەڵەم دەدا.

لە لایەکی ترەوە ئەم بارودۆخە کەڵەکەبووە لەناو کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا بووە هۆی زیادبوونی جەماوەر و هەژموونی بزووتنەوە نەتەوەییەکان، لەو کاتەدا ئەم بزووتنەوانە دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر مێژووی گەلەکانیان و ئەو نەهامەتی و مەینەتییانەی لە ماوەی دەیەکانی ڕابوردوودا بەدەست برسێتی، ڕاگواستنی زۆرەملێ، پەراوێزخستن و سیاسەتەکانی ستالینەوە چەشتبوویان. تەنانەت ئەم بزووتنەوانە لە داواکارییەکانیاندا داوای سەربەخۆیی زیاتر و کۆتاییهێنان بە پاشکۆیەتی بۆ ڕژێمی مۆسکۆ دەکرد.

نەتەوەییەکانی ئۆکرانیا

لە ئۆکرانیا ئەم بارودۆخانە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی برسێتییەکەی ساڵانی سییەکان، کە تێیدا ملیۆنان کەس بوونە قوربانی، هەموو ئەوە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئەو دەنگانەی داوای دوورکەوتنەوە و دابڕانیان لە ڕژێمی مۆسکۆ دەکرد. هەروەها ئۆکرانیا، کە ئەو کاتە بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٩٨٩دا سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گەلی ئۆکرانیای بە خۆیەوە بینی؛ ئەم بزووتنەوەیە داوای سەربەخۆیی زیاتر و پاراستنی زمانی ئۆکرانیی دەکرد، هاوکات داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و چاکسازیی دیموکراتیی دەکرد.

لەو کاتەدا و لە هەنگاوێکی سەیر و سەرسووڕهێنەردا، کۆماری ڕووسیای فیدراڵیی سۆسیالیستیی سۆڤیەت/جمهورية روسيا الاتحادية الاشتراکية السوفيتية، کە بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت، لەسەر دەستی سەرۆک بۆریس یێڵتسن، لە ١٢ی حوزەیرانی ١٩٩٠دا، ئەوەی بە ڕاگەیاندنی سەروەری ناسراوە پەسەند کرد، ئەم هەنگاوە وای کرد دەوڵەتەکانی دیکەی ناو یەکێتیی سۆڤیەت هان بدات بۆ ئەوەی هەمان ڕێوشوێنی ڕووسیا بگرنە بەر.

ڕاگەیاندنی سەروەریی ئۆکرانیا

لە ١٦ی تەمووزی ١٩٩٠دا کۆماری ئۆکرانیای سۆسیالیستیی سۆڤیەت، کە بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت، هەمان هەنگاوی هاوشێوەی ڕووسیای گرتە بەر. لەو ڕۆژەدا پەرلەمانی نوێی ئۆکرانیا ئەوەی بە ڕاگەیاندنی سەروەری ناسراوە پەسەند کرد، ئەمەش لە ساڵی دواتردا، واتە ١٩٩١، ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بەتەواوەتی لە یەکێتیی سۆڤیەت جیا ببێتەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت.

بەو ڕاگەیاندنە، پەرلەمانی ئۆکرانیا سەروەریی ئۆکرانیای بەسەر خاکەکەیدا ڕاگەیاند و باڵادەستیی یاساکانی ئۆکرانیای بەسەر یاساکانی سۆڤیەتدا چەسپاند، هەروەها ڕاگەیاندنەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوه،‌ ئۆکرانیا مافی خۆیەتی دەست بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتەکەیدا بگرێت، هاوکات ئۆکرانیا مافی خۆیەتی ڕەگەزنامەی ئۆکرانی دامەزرێنێت و وڵاتەکەی مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دامەزراوەی هێزی چەکدار و هێزە ئەمنییەکان؛ سەرەڕای هەموو ئەوانە، ڕاگەیاندنەکە لە ڕووی ئابوورییەوە داوای دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی و دراوێکی ئۆکرانیی کرد، لەگەڵ پابەندبوونی ئۆکرانیا بە گرتنەبەری سیاسەتی بێلایەنی لە ململانێکاندا و خاوەندارێتینەکردنی چەکی ئەتۆمی. دوای نزیکەی ساڵێک لەم ڕاگەیاندنە، پەرلەمانی ئۆکرانیا، لە ٢٤ی ئابی ١٩٩١دا، سەربەخۆیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند. لە ١ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا، زۆرینەی گەلی ئۆکرانیا، دوای ڕیفراندۆمێکی جەماوەری، ڕەزامەندییان لەسەر سەربەخۆیی دەربڕی.

سەرچاوە: ئەلعەرەبییە نێت، 15ی تەمووزی 2026