شیعر؛ ژانێکی سەرسوڕهێنەری سەرمەدی

ڕەنگە لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا هیچ ژانرێک هێندەی شیعر، قسەوباسی لەسەر نەکرابێت، بەشێکی ئەم حاڵەتە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە شیعر ڕووبەرێکی فراوان لە ئەدەب و ڕۆشنبیریمانی داگیرکردووە و ڕۆژگارێک تاکە سەرچاوەی هۆشیاریی چینایەتی و سیاسی و نەتەوەییمان بووە، لە ئێستایەکدا کە وەک دگوترێت شاعیران زۆر بوون و ڕۆژانە بەر دەیان تێکست و نامیلکە و ناوی تازە دەکەوین، هیچ شتێک لەوە باشتر نییە کتێبگەلێک لەبەردەستدا بن تاوەک ئاسۆی ڕۆشنبیریی شیعریمان فراوان بکەن و بە قووڵی بمانبەنە نێو سیحر و نهێنی پانتاییە نهێنی و ئاشکراکانی ئەو دنیایە.

کتێبی (شیعر ژانێکی سەسوڕهێنەری سەرمەدی) یەکێکی ترە لە کتێبە چاپکراوە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و لە زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەمە، ئەم کتێبە ڕەنگە یەکێک بێت لەو کتێبانەی کە یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەکی نوێتر لە شیعر و ڕەگەزە شیعرییەکان تێبگەین، چونکە وتار و دنیابینی و سەرنج و دیداری کۆمەڵێک نووسەری داهێنەر و ئاست بەرز و ڕۆشنبیری لەخۆ گرتووە، کە هەر یەکەیان خاوەنی پێگەی تایبەت بەخۆیەتی، نەک تەنها لە بواری شیعر و ڕاڤەی شیعریدا، بەڵکو لە کایەی ڕووناکبیری و مەعریفی و ئەدەبیشدا، ناوی دیار و ڕۆشنبیری گەورەی خاوەن شوناس و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆیانن.

بابەتەکانی نوێو دووتوێی ئەم کتێبە، بریتین لە : (شیعر و لە دایکبوون و مەرگی زمان، قەسیدە و وێنە، پەخشانە شیعر لە گوتاری نازک مەلایکەدا، چەند سەرنجێک سەبارەت بە ئەزموونی شیعریم، دیدارێک لەگەڵ ئەحمەدی شاملودا، چاوپێکەوتن لەگەڵ شاعیری ڕووسی ئەلەکساندەر کوشنەر.)

یەکەمین بابەتی ئەم کتێبە کە (علی محەمەد حق شناس)  بە ناونیشانی (شیعر و لەدایکبوون و مەرگی زمان) و (کاوە کوڵکار) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کردی، باس لە مەرگی زمانەکان دەکات و بە مەرگێکی ڕەمزاوی و لە دایکبوونیشیان بە لەدایکبوونێکی سەرسوڕهێنەر پێناسە دەکات، ئەو پێی وایە زاوزێی زمانەکان بە ئاشکراو بە خێرا و لەناکاو ڕوودەدات، بە چەشنێک هەموان سەریان سوڕدەمێنێ و لە چاوتروکانێکدا زمانێ لەدایک دەبێت و جێگە بە زمانێکی تر لێژ دەکات، زمانێک کە ئێستا جگە لە مردن چارێکی دیکەی نییە.

یەکێکی دیکە لە وتارەکانی نێو ئەم کتێبە، بە ناوی (قەسیدە و وێنە شیعر و وێنە بە درێژایی مێژوو) لە لایەن (د. عەبدولغەفار مەکاوی) نووسراوە و (بەختیار شەعید) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم بابەتە هەر لە سەرەتاوە خوێنەر لەبەردەم پرسیارێکدا ڕادەگرێت: ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوەت تاقی کردۆتەوە کە لەبەردەم تابلۆیەک یاخود پەیکەرێک هەست بکەیت کە لەگەل کەسێکی تردا بە زمانی شاعیر دەتدوێنێت و گوێیەکانت نوقمی ئاوازەکان دەبێت؟

نووسەر باس لە چیرۆکی ئەم کاریگەرییەی نێوان هونەر، بەتایبەت هونەری شیعر و هونەری نیگارکێشان دەکات و بە چیرۆکێکی دوورودرێژی دەزانێت، کە مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە لە مێژووی ئەدەب و هونەر لە خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، ئەمەش بە چیرۆکێکی سەرسوڕهێنەر پێناسە دەکات کە زۆر پرسیار و وەڵام هەڵدەگرێت، ئەم بابەتەش دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمانی هۆمیرۆس و فیرجیل بۆ کیش و ڕامبۆ و … هتد.

یەکێکی دیکە لە وتارەکانی ناو ئەم کتێبە، بابەتێکی نووسەر و ڕەخنەگر (ئاوات محەمەد)ە لەژێر ناوی (ئاماژەکانی قەسیدەی پەخشان، هوڵدانێک بۆ نوێکردنەوەی شیعر) نووسەر لەم بابەتدا قسە لەسەر بەرهەمهێنانی دەق دەکات و پێێ وایە بەبێ بوونی تیۆرەیەک، دەبێتە هۆی ڕەمەکیەتی بابەتی، یان دەبێتە هۆی تێنەگەیشتن لەوەی چۆن بەرەو ئاڕاستەیەکی تر هەنگاو بنێین، ئاوات لەم وتارەدا دەڵێت: زۆربەی قسەوباسەکانمان لەسەر ئەوەیە، کە ئەدەبی ئێمە گەورەترین پانتایی بە شیعر بەخشیوە، بەڵام ئاستەنگی شیعری ئێمە لەوێدایە هێشتا تیۆرەیەکی نییە، یان بنەماکانی بوونی دیاری نەکراوە، شیعر نەسکێکە لە ناو ژیاندا بە دوای ڕێخستنی خۆیەوەیەتی، لەسەر زیاتر لە ئاستێک خۆی ڕێکسختووە، کاتێک ئاستەنگی یتیۆری بۆ توخمێکی گرنگی ئەدەب لەو ئاستەدا بێت، ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر تێکستێک بکەین، کە بۆ خۆی خاوەنی پێناسە و شکڵێکی دیاریکراو نەبێت.

لە بابەتێکی دیکەدا بە ناوی (پەخشانە شیعر لە گوتاری نازک مەلایکە)دا، کە لەلایەن (ڕەشید یەحیاوی) نووسراوە و نووسەر و وەرگێڕ (دلێر میرزا) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کودی، نووسەر باس لە نازک مەلایە دەکات کە شەڕێکی قورسی دژ بە پەخشانەشیعر بەرپا کرد، ئەگەرچی شاعیرێکە لە ڕێبازی نوێکردنەوەی شیعریدا، بەڵام هەڵوێستی ئەوە دەرناخات کە ڕۆژێ لە ڕۆژان بە ڕووی ڕۆشنبیری هاوچەرخدا کرابێتەوە، بەپێی بۆچوونی نووسەری ئەم بابەتە، خیتابی شاعیر لە سنووری پەلامارداندا ناوەستێت، بەڵکو وای لێ دەکات ڕۆڵی خواوەندی بەسەر خوێنەردا بسەپێنێت، کە بەرژەوەندی خۆی باش دەزانێت، ئەویش هەڵوێستی هەڵگەڕانەوە و قەیرانی فیکرییە.

ڕەنگە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین بابەتەکانی ئەم کتێبە، (چەند سەرنجێک سەبارەت بە ئەزموونی شیعرم)ی شاعیر و ڕووناکبیری گەورەی عەرەب (ئەدۆنیس) بێت، کە شوان ئەحمەد کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە، ئەدۆنیس لە دەستپێکی وتارەکەیدا دەپرسێت: چۆن چۆنی شاعیرێک، کە سەرقاڵی گەڕان و تپەڕاندن بێت، دەتوانێت لەمەڕ ئەزموونی شیعری خۆیەوە بنووسێت؟ چۆن دەتوانێ لە یەک کاتدا بەم ئەزموونەدا ێپەڕێ و شایەتیش بێت بەسەرییەوە؟ داخۆ بۆی دەلوێت وەسفی کۆچێکی هەمیشەیی لەم جۆرە بکات ڕووەو پانتاییە نادیارەکان؟ یاخود شیاوە شاعیرێک سەبارەت بە ئەزموونی شیعری خۆی بدوێت، بەرلەوەی وەڵامی پرسیارێک بداتەوە کە باش دەزانێت وەڵامی نادرێتەوە، ئەویش ئەوەیە (شیعر چییە؟)

بە بۆچوونی ئەدۆنیس، هیچ بوونێکی نەگۆڕ لەئارادا نییە، کرۆکێکی نەبزۆک و ڕەهامان نییە پێی بڵێن شیعر و پێوانە و ئەرزشی شیعری تەواو ڕەهای لێ دەربێنین و دەشڵێت: وەک چۆن خەسڵەت و ڕێسایەکی نەگۆڕ و ڕەهامان نییە پێناسەی شیعر بکات، بە شێوەیەکی سەراپاگیر و تەواو، لە ڕووی چییەتی فۆڕمەوە.

ئەدۆنیس لەم وتارەیدا کە سەبارەت بە ئەزموونی شیعر نووسینی خۆیەتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوەی لەمڕۆدا بە شیعری نوێی ناوزەد دەکەین، هەمووی نوێ نییە، چونکە بە بۆچوونی ئەو مەرج نییە فۆرمی نوێ، مانای تازە بگەیەنێ: ڕەنگە فۆرمێکی بە ڕواڵەت نوێ هەبێت، بەڵام هەناسەیەکی کۆنی تێدا بێت، وەک چۆن دەشێت فۆرمێکی کۆ هەبێت، هەناسەیەکی نوێی لەخۆ گرتبێت، چونکە جیاوازی کۆن و نوێ بە تەنها لە فۆرمدا نییە، بەڵکو لە ڕۆح و ئامادەگی شیعریانەی کەسێتی نوێی ڕەسەندایە کە لە ئاستی گوتن و ڕوانیندا ئاشکرا دەبێت.

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندنی ئەم کتێبە بە خوێنەر، بێگومان خوێنەر خۆی کاتێ دەست بە خوێندنەوەی بابەتکان دەکات، زیاتر گرنگیی کتێبەکەی بۆ دەردەکەوێت و جگە لە چێژ، سوودێکی زۆریش لە زانیارییەکانی دەبینێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە دەستیان بە شیعر نووسین کردووە گرنگییەکی زیاتری هەیە بۆیان.

ڕانانی: بارین عەلی

ڕۆمان لە نێوان ئەندێشە و واقیعدا

بابەتی ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی سەبارەت بە لایەنەکانی هونەری ڕۆمان، ئەم کتێبە لە لایەن (د. جەودەت هۆشیار) نووسراوە و وەرگێڕی ناودار (سەباح ئیسماعیل) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و یەکێک لە کتێبە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ( هونەری ڕۆمان لە نێوان داهێنان و پیشەدا، ڕۆمان لە نێوان ئەندێشە و واقیعدا، ڕۆمانی ئەندێشەیی، ڕۆمانی نوێی پۆلیفۆنی، ئەفسوونی دەستپێکی سەرنجڕاکێشی ڕۆمان، ڕۆمان لە نیوان ئەدەب و ڕۆژنامەگەریدا، تەکنیکەکانی ڕۆمان لە ڕۆژنامەگەری نوێدا، خواوەندی نووین یاخود ڕۆمانی ئیرۆتیکی، ڕۆماننووسی ڕاستەقینە کێیە، سەختیی نووسین و سرووتەکانی، چارەنووسی ڕۆمان لە سەردەمی دیجیتاڵدا، ئەدەبی جیهانی چەمک و کێشەکانی)

نووسەری ئەم کتێبە لە دەستپێکی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کتیبە سەبارەت بە بنەماکانی هونەری ڕۆمان و تەکنیکە نوێیەکانە، لە نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخدا، بە گوتەی خۆیشی هەوڵی داوە شێوازێکی نوێ بگرێتە بەر، ئەویش بەهۆی ئەوەی هەر بەشێک لە کتێبەکە دەکرێ وەک لێکۆڵینەوەیەکی سربەخۆ بخوێنرێتەوە و دەشڵێت: هەرچەندە کتێبەکە سەرلەبەر تەرخانە بۆ یەک تەوەر، ئەویش هونەری ڕۆمانە.

نووسەر هەر لە دەستپێکی کتێبکیدا، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەوڵی داوە خۆی لە درێژدادڕیی وەڕسکەر دوور بخاتەوە، هەرواوەها ڕای خۆی و هزری بێ ونکردنیان لە توێی ڕای ئەوانی دیدا بنووسێت: نووسینی چڕ لە لاینی زانستی و ڕەوانییەوە لە زماندا، زۆر زەحمەتترە لە نووسینی درێژ، چونکە پێشکەشکردنی پوختەی بابەتەکە بۆ نووسەر زەحمەتترە، ئەو دەکۆشێت بیرۆکەیەکی لە گشت ڕووەوە تەواو تۆکمە لە چەند لاپەڕەیەکدا پێشکەش بکات.

لە یەکێک لە بابەتەکانی ئەم کتێبدا، بە ناوی (هونەری ڕۆمان لە نێوان داهێنان و پیشەدا) نووسەر باس لەوە دەکات کە ڕۆمان کارێکی داهێنەرانیە، هر نووسەرە و دیدی تایبەت و دەگمەنی خۆی هەیە، ئەو بۆیە ڕۆمان دەنووسێت، چونکە هەست بە پێویستی زۆری وتن دەکات بۆ خەڵک، بەوەی پێشتر کەس نەینووسیوە: لەبەر ئەوەی گرفتاری نەخۆشیی نووسین بووە و ب هەندێک کەس گەیشتووە، هەستەیلێک دایگرتوون، ناتوانێ گوزارشتیان لێ نەکات، بەم ئاوایە ئەو ڕۆمانە سەرنجڕاکێشانە دێنە بوون، کە بەسەر هەستی خوێنەراندا زاڵ دەبن.

ئەم بابەتە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: ئەگەر هە ڕۆماننووسێک ئامۆژگارییەکانی تۆلستۆی لە بیر کرد و ڕۆمانێکی نووسی، بێ ئەوەی هەست بکات پێویستییەکی ڕۆحییە بۆی و دەیتوانی نەینووسێت، ئەوا لە ئەنجامدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت و کار لە هەستی خوێنەران ناکات، ئەوسا ڕۆمانێک دەبینین بە ڕوخسار هەموو ڕەگەزەکانی ڕۆمانی تێدایە، لێ خاڵی لە گەرمیی ویژدانی و هیچ بەهایەکی هونەریی نابێت و خوێنەر بۆ خۆی ڕاناکێشێت.

لە بابەتیکی دیکەدا بە ناوی (ڕۆمان لە نێوان ئەندێشە و واقیعدا) نووسەر باس لە ئەدەبی دیۆکۆمێنتاری دەکات کە لەم ساڵانەی دواییدا بایەخێکی بەفرەوانی بە خۆوە دیوە، چ لە ناوندە ڕۆشنبیرییەکان، یاخود لای خوێنەران لە وڵاتانی جۆربەجۆری دنیادا، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە دەکرێت ئەم وەرچەرخانە بەرەو ئەدەبی ڕاستی وا لێکبدرێتەوە، کە خوێنەری هاوچەرخ هەست بە ماندوویەتی لە وەهمی ژیان دەکات و تینووی ئەدەبی واقعییە: هەروەها تەکنیکە هونەرییەکانی ڕۆمانی نەریتی بەکار براوە و خراپ بەکار هێنراوە، بۆیە دەستوەستانە لە جێبەجێکردنی پێویستی دەربڕین بە هێزی داواکراو و بە قووڵی خواستراو.

لە بابەتێکی دیکەدا بە ناوی (ئەفسوونی دەستپێکی سەرنجڕاکێشی ڕۆمان) دا، نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕۆمانی نوێ و بەڕاستی دڵگیر، بە ڕستەیەک، یاخود بڕگەیەکی سەرنجڕاکێش دەست پێ دەکات، جا ڕەنگە وروژێنەر، یاخود سەرسوڕهێن، یان دڵخۆشکەر بێت، یاخود غەمگین، بەڵام لە توانایدایە سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێت و هانی بەردەوامیی خوێندنەوەی بدات.

باس لە لێکۆڵینەوە ڕەخنەیی عەرەبییەکان دەکات، ئەوانی بایەخیان بە دەستپێکی ڕۆمان داوە زۆر کەمن، ئەگەر هەشبن ئەوا زۆربەیان ڕواڵەتین، وەکو گرنگترین ڕەگەز لە ڕەگەزەکانی بنیادی ڕۆمان، گوزارشت لە خەسڵەتەکانی دەستپێک و چەمک و ئەکەکانی ناکەن.

لەو بابەتەشدا بە ناوی (ڕۆمان لە نێوان ئەدەب و ڕۆژنامەگەریدا) نووسەر ددان بەوەدا دەنێت کە کەس بە وردی نازانێت، ئایا ئەدەب لە ڕۆژنامەگەری درێرینترە، یاخود ڕۆژنامەگەری لە ئەدەب کۆنترە! بە گوتەی نووسەری ئەم کتێبە: هەندێک لە مێژوونووسانی ڕۆژئاوا بە ڕۆژنامەگەری دەڵێن (دووەم کۆنترین پیشە لە جیهاندا) مکوڕن لەسەر ئەوەی پیشەی (لەشفرۆشی) کۆنترین پیشەیە ڕەگەزی مرۆڤ ناسیبێی، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی شوێنەواری، یاخود مێژوویی نییە ئەم قسانە بسەلمێنێت، لە کاتێکدا بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر پیادەکردنی مرۆڤی سەرەتایی هەن، بۆ بەردەوامی ژیا.

ئەم بابەتە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەدەبی دێرین هێندەی مرۆڤ کۆنە، زانایانی شوێنەوارناسای و ئەنترۆپۆلۆجیا باسی هەندێک تێکستی ئەدەبیمان بۆ دەکەن، کە مێژووەکەیان بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، وەکو سروودە ئایینی و ئەفسانە ئەفسانە و داستانەکان، بەرچاوترینیان داستانی گلگامشە لە وڵاتی میزۆپۆتامیا، هەروەها کتێبی مردووەکان و سروودەکانی لەوەڕ و ئاودان و خواپەرستی و غەزەل لە میسری فەرعەونیدا: یادگەی مرۆڤ پڕە لە کاری ئەدەبیی نەمر، وەک (ئەلیادە و ئۆدیسە)ی هۆمیرۆس.

بە بڕوای ئەم نووسەرە، ڕۆژنامەگەری و ئەدەب دوو جۆرن لە داهێنانی وتن، بەڵام ئامڕازی گوزارشتکردنی جیاجیا بەکار دەهێنن، هەروەها شێوازی جیاوازی زمانەوانی: ئیدی خەریک بوو لە لایەنی تەکنیکەکانی نووسین و ماددەی خاوەوە، لە دوادوایی پەنجاکانی سەردەی ڕابردوودا لە یەکدی نزیک دەبوونەوە.

لە بابەتی (تەکنیکەکانی ڕۆمان لە ڕۆژنامەگەریی نوێدا) نووسەر باس لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو دەکات، کە ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی لاو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ماوەی کارکردنیاندا وەکو پەیامنێری مەدانیی ژمارەیەک ڕۆژنامە و گۆڤاری بەنابانگی ئەمریکی، ک ڕوویان لە دەستەبژێری ڕۆشنبیرە، گەیشتنە دۆزینەوەیەک، ئەویش ئەوەیە: وتار، یاخود ڕێپۆرتاژ کە لە واقیعەوە هەڵدەقوڵێت، دەبێت بە شێوەیەک دابڕێژرێت وەک چیرۆکێکی دڵنشین بخوێنرێتەوە، هەروەها دەکرێت لە ڕۆژنامەگەری و لە پەخشانی ناهونەریدا (نەن فیکشن) هەموو تەکنیکەکانی ڕۆمان بەکار بهێنرێن، لە نێویاندا وەسف، دیالۆگ، شەپۆلی هۆش، هەروەها پیادەکردنی ئەم تەکنیکانە لە یەک کاتدا، یاخود لە دوای یەکتری، ئەمەش سەرنجڕاکێشییەکی وا بە دەقەکە دەبەخشێت، کە دەبێتە مایەی بایەخی خوێنەر و هانی بیرکردنەوەی دەدات.

بە گشتی بایەخ و گرنگیی کتێبەکە لەوە زیاترە ئێمە بتوانین هەموو ڕەهەند و ئاڕاستەکانی بخەینە ڕوو، ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنی گچکە و کەمی کتێبەکە، دەکێت خوێنەر خۆی، بەتایبەت ئەو نووسەرانەی لە بواری ئەدەبی گێرانەوەدا کار دەکەن، ڕووبەڕوو بەر کتێبەکە و زانیارییە بەسوود و زۆرەکانی کتێبەکە بکەون و بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئاسۆی بیرکردنەوە و تێڕامانیان فراوانتر دەبێت لە ئاست نووسین و بەرپرسیاێتی نووسینی ڕۆماندا.

ناساندنی: بارین عەلی

بە سێبەری کێوی قافەوە

گەشتنامەیەک بە تامی ڕۆمان

ڕانانی: ئیدریس عەلی

بابەتی ئەم کتێبە گەشتنامەیە و یەکێکی دیکەیە لەو کۆمەڵە کتێبە تازە و گرنگانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب، بخرێنە پێش چاوی خوێنەران.

ئەم کتێبە لە لایەن (کەریم کاکە)ەوە، نووسراوە و بەرهەمی یەکێک لە گەشتەکانیەتی بۆ وڵاتی جۆرجیا و تیایدا زۆر بە وردی، بە چاوی ئەدیب و نووسەرێکی کونجکوڵەوە، لە سەرەتای سواربوونی فڕۆکەوە بە ئاسمانی هەولێرەوە بۆ جۆرجیا، لە شتەکان و ڕووداوەکان و مرۆڤەکانی ڕوانیوە و بە زمانێکی ئەدەبی و شیعری و گێڕانەوەیەکی ئاست بەرز و تەکنیکێکی چیرۆکئامێزەوە، کۆی ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە لە گەشتەکەیدا بینیونی، لە ڕاستیدا ئێمە پێشتر بەر چەند کتێبێکی دیکەی ئەم نووسەرە کەوتووین، کە لە بواری ڕۆمان و یادەوەریدا نووسیونی، بەتایبەت لایەنی گێڕانەوەی بیرەوەییەکانی، ئاستێکی بەرز و چێژبەخش و پڕ لە زانیاری و وردەکاریان هەیە، بێگومان جگە لە ڕووداوەکان و کاراکتەرەکان، گرنگییەکی زۆر بە زمان و جۆری گوزارشتکردن دەدات، بە گشتی کەریم کاکە ئەوەی لە نووسینەکانیدا بەرجەستە کردووە، کە چۆن دەگێڕێتەوە؟ نەک چی دەگێڕێتەوە…! بێگومان ئەمەش ڕەهەندێکی سەرکەوتنی گێڕانەوەکانی ئەم نووسەرەمان بۆ دەردەخەن و هەر ئەم حاڵەتەش وا لە خوێنەر دەکات، هۆگرییەکی زیاتری بۆ گێڕانەوەکانی هەبێت و بە ئاسانی نەتوانێت دەستبەرداری خوێندەوەیان ببێت.

ئەوەی ئەم کتێبە، واتە (بە سێبەری کێوی قافەوە) بخوێنێتەوە، بە کۆمەڵێک دیمەن و ڕوودا و کەسایەتی ئاشنا دەبێت، کە دڵنیام تا زەمەنێک دوای خوێندنەوەشی، هێشتا بەشێک لە بەسەرهات و چیرۆکە واقیعی و ڕووداوە سەیروسەمەرەکانی، لە خەیاڵ و زهندا هەر دەمێنێتەوە.

ئەم کتێبە، گەشتامەی نووسەرێکی کوردە، کە ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و قوربانیدانی هەیە و لە ئێستایەکی نیگەران و دڵشکان و توڕەییدا دەژی، گەشتی کوردێکە کە کوردبوونی خۆی بۆ گەشتەکەی دەبات و لە فڕکەدا کورسییەکی بۆ دەگرێت و لە وڵاتی جۆرجیاش نوقتە بە نوقتەی شوێنە گەشتیارییەکانی دەگێڕێت، دەیباتە کەنار دەریا و پێکەوە بیرە دەخۆنەوە، لە لاشەی ڕووتی سەدان ئافرەتی ناو دەریا ڕادەمێنن و پێکەوە لە خواردنە بەناوبانگەکانی ئەوێ دەخۆن.

سەفەری کەریم کاکە، سەفەرێکە بۆ پشوودان، سەفەرە بۆ  وڵاتێک، کە سەرلەبەری بونیادی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگی و پەیوەندییە مرۆییەکانی جیاوازە لەگەڵ وڵاتەکەی خۆی، گەشتی مرۆڤێکی شەرمن و دڵتەنگە، لە دنیایەکی داخراوەوە، بەرەو دنیایەکی کراوە، دەستپێکی گەشتنامەکەی کەریم کاکە لەم کتێبەدا، بە ساتەوەختی سەروو هەور دەست پێدەکات و دەکەوێتە پێناسەیکی ورد و جوانی ئەو ساتەوەختەی خۆی، بەتایبەت کە یەکەم جاریەتی سواری فڕۆکە دەبێت و بە ئاسماندا گەشت دەکات، هەر لەو ساتەوە بڕیار دەدات هەموو ئەوانەی لە گەشتەکەیدا دێنە ڕێی و دەیانناسێت، ناوێکی دڵخوازانەی خۆی لێ بنێت، سەرەتا لەو هاوڕێییەوە دەست پێدەکات کە هاوگەشتییەتی، ئەو ناودەنێت (هاوڕێی سەر هەورێ) و تا کۆتایش ئێمە نازانین ئەو کەسە، ناوە ڕاستییەکەی چیییە و هەر بە (هاوڕێی سەر هەورێ) دەیناسینەوە، تەنانەت کە دەشگەنە وڵاتی جۆرجیا و لەوێ ڕێبەرە گەشتیارەکان دەناسێت، ناوێکی کوردیانە و هەولێریانەیان لێ دەنێت، بێگومان هەر یەک لەو ناوانە، ڕەهەندی مێژووی و کۆمەڵایەتی خۆیان هەیە و بەشێکن لە بیروەریی نووسەر، لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی خۆیدا… تەنانەت لە هەندێک شوێن، ناوەکان دەگۆڕێت و فۆڕمێکی فەنتازی و هونەری بە ناوی شوێنەکان دەدات، وەک (کۆڵانی ماچەکان) و چەندین شوێنی دیکە… ئەمەش جگە لە خەیاڵفراوانی، دنیایەک مانای دیکەی سایکۆلۆجی و پاشخانی ژیانی واقیعیی نووسەر دەردەخات.

نووسەری ئەم گەشتنامەیە، لە نووسینەوەی گەشتەکەیدا، بێ ماسک دەدوێت و چ سنوورێک لە نێوان ئەوەی دڵی ویستوویەتی، لەگەڵ خوێنەر ناهێڵێتەوە و لەسەر هیچ شتێک کە بڕوای خۆیەتی سازش ناکات، بە کورتی نووسەر هیچی لە خوێنەر نەشاردۆتەوە، بەو ساتانەشەوە کە پێناسەی ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆی دەکات بۆ لە ئامێزگرتنی ئەو خانمانەی کە بە (پەری دەریا) پێناسەی کردوون، هاوکات ئەوەش ناشارێتەوە و لەو مەنەلۆگ و حیوار داخلیانەی لەگەڵ خۆیدا دەیانکات، باس لە باری سایکۆلۆژی خۆی دەکات، کاتێ ئەو سەدان کوڕ و کچ و ژن و پیاوە دەبینێت، بە ئازادی باوەشیان کردووە بە یەکتردا و ساتەوەختی خۆشەویستیانەی خۆیان دەژین.

بە کورتی ئەم گەشتنامەیەی کەریم کاکە، هەروا گەشتێکی ئاسایی نییە، چونکە بە چاوێکی کراوەوە لە شتەکانی ڕوانیوە، ئەمەش جیاوازی گەشتی کەسانی ئاسایی پیشان دەدات، لەگەڵ گەشتی کەسانێکی ئەدەیب و ورد و بە سەرنج، لەم گەشتەیدا نووسەر هەموو شتەکان و کەسەکان، بە کەرەستەی نووسین و بابەتی گێڕانەوە دەبینیت، یەک ساتەوەخت شک نابەیت تیایدا ژیابێت و نەیگێڕابێتەوە، هاوکات خوێنەر بە کۆمەڵێک شوێنی گرنگ و خاڵی گەشتیاری و ناوچەی مێژوویی ئەو وڵاتە ئاشنا دەکات، کە ڕەنگە بڵێم، دەکرێت وەک ڕێبەرێک سوودی لێ وەربگیرێت لە لایەن گەشتیارانەوە، بەهۆی بوونی باگراوندی ڕۆشنبیری و شارەزایی مێژووی ڕووداوەکان، باس لە جەنگ و داگیرکارییەکانیش دەکات، کە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ڕوویان داوە، کۆمەڵە خەڵکانێک دەناسێت سەر بە کولتوور و زوبانی جیاجیا، لەیەکتر تێناگەن و دەشتوانن یەکتر حاڵی بکەن لەوەی دەیانەوەێت بیڵێن، لێرەدا ئەم کتێبە پێمان دەڵێت، ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی سەرمایەداری و پیرۆزکردنی سنوورەکان و ئایین و جوداخوازی بهێڵن، مرۆڤەکان دەتوانن بە هەموو جیاوازییە نەتەوەیی ئاینی و ڕەگەزی و کولتوورییەکانەوە، پێکەوە بێ کێشە بژین و تەبا و برا بن.

لە کۆاتاییدا دەخوازم ئەم کتێبەش یەکێک بێت لە کتێبە دڵخوازەکانی خوێنەران و بیخەنە لیستی بەرنامەی خوێندنەوەکانی خۆیانەوە، ئەوەی وا دەکات خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر پێشنیار بکەم و بە گرنگی بزانم، چەند هۆیەکە لەوانە: نووسەرەکەی ئەزموونی گەلێ جوانی لە بواری بیرەوەری و گێڕانەوەدا هەیە، نووسینەکە گەشتنامەیە و ئەدەبی ئێمە لەم بوارەدا هەژارە و چەند نموونەیەکی کەممان لەبەردەستدایە، ڕەنگە دیارترینیان سەفەرنامەکانی (هیوا قادر و ڕەووف بێگەرد)بن،  نووسەر بێ ماسک و شەرم و حسابکردن بۆ نەریت و باری کۆمەڵایەتی… گەشتەکەی خۆی کردووە بە نووسین، لە گەشتەکەیدا هەندێک زانیاری نوێ و گرنگی وڵاتی جۆرجیامان بۆ دەگوازێتەوە، گەشتەکەی بۆ وڵاتێک کردووە کە لەنێو جەرگەی ڕووداوە مێژووییەکاندا قورسایی و پێگەی تایبەت بە خۆی هەیە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش و قووڵ ڕووداوی خولقاندووە و سەبارەت بە هەر یەک لەو ڕووداوانە سەرنجی خۆی خستۆتەڕوو، زمانی گێڕانەوە ئەگەرچی بە شێوەزاری دەشتی هەولێر نووسراوە، بەڵام بونیادێکی بەرز و جوان و شاعیرانەی هەیە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم زمانە بووەتە شوناسی نووسینی ئەم نووسەرە و پێوەی دەناسرێتەوە، هەر لە بارەی زمانی گێڕانەوەوە خوێنەر بە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە و چەمکی کۆنی ناوچەیی دەکەوێت… کە بە بڕوای من هەریەک لەوانە دەتوانێ بەشدار بێت لە دەوڵەمەندکردنی زمانی کروردیدا.

بەشەکانی کتێبی (بە سێبەری کێوی قافەوە) بریتین لە (بەسەر هەورەوە، نیشتنەوە لە چراخان، شاری لە شێوەی دوو کەرتەسێو، گەڕیدەی دیرۆکی، کیژی ناو شیعر، تیلمە تەڕەکەی بەهەشت، بنپێی دایکی گورجستان، نێوان مەمکۆڵان شووشەی شەراب، کلێسە لە چۆڵەوانیی دنیادا، نیگارێ دیرۆک دەگێڕێتەوە، فڕفڕۆکەی دایکی ستالین، کۆڵانی ماچان، ستالین منداڵی بن درەخت، ماڵی ستالین، مزگەفتی تەبایی، حەسرەت بۆ شەمەندەفەر، دار و دار تا دەریا، ڕەشی پێش زەردەپەڕ، سەمای دۆلفین، سەمای ئاو، تێلێ دەریا کەرت دەکات، ماینی ئاوی، لە شەوان مەستتر، پەیکەری جوانی، پێڵاێک پێکەنین، دیتنەوە، بزربوون، پلکە گورجیم دیتەوە، پەری لە نزیکەوە، قاف ماڵاوا.

ڕەخنەی کولتووری

ڕەخنەی کولتووری

وەک ئەڵتەرناتیڤێکی مەنهەجی بۆ ڕەخنەی ئەدەبی

هەر وەک لە خودی ناونیشانەکەوە دەردەکەوێت، ئەم کتێبە، واتە (ڕەخنەی کولتووری وەک ئەڵتەرناتیڤێکی مەنهەجی ڕەخنەی ئەدەبی) لەلایەن یەکێک لە بیریارە گەورەکانی عەرەبەوە (د. عەبدوڵڵا محەمەد غەزامی) ییەوە نووسراوە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد و فرە ڕەهەندی پشتئەستوورە بە بنەما زانستییەکانی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی دەقی شیعری و تەواوی ڕەگەزە بنچینەیی و پێکهاتە ئیستاتیکی و زمانەوانییەکان، ئەم لێکۆڵینەوەیەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا بڵاوکراوەتەوە و لە لایەن دانا ئەحمەدەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، یەکێک دەبێت لەو کۆمەڵە کتێبە نوێیانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی یانزەدا، لەگەڵ دەیان کتێبی دیکەی دانسقە و جوان و گرنگی جۆراوجۆردا، بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب بکات، ڕاستییەک سەبارەی بە شیعری عەرەبی ئاشکرا دەکات و پێی وایە شیعری عەرەبی لەسەر ئەرکی خۆی بونیاد نەنراوە، بەڵکو دیاردەگەلێکی سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجی و نەریتین، کە بە بڕوای وەرگێڕی کتێبەکە، لەبەر بەهێزییان چوونەتە ناو واتای شیعرییەوە و بوون بە شیعر.

ئەم کتێبە وەک کتێب و لێکۆڵینەوەکانی دیکە، ئەو نەریت و ڕێبازەی پیادە نەکردووە کە هەر بەشە و ناونیشانێکی سەربەخۆی هەبێت، بە پێچەوانەوە، لێرەدا هیچ جۆرە ناونیشانێکی سەرەکیی جگە لە هەندێک ناونیشانی لاوەکی، بوونی نییە، بەڵکو لە ڕێی ژمارەوە، خوێنەر لە بەشێکەوە دەچێتە بەشێکی دیکە، ڕەنگە هۆیەکی ئەمە پەیوەندی بەو یەکێتی بابەتەوە هەبێت، کە پانتایی تەواوی کتێبەکە و لێکۆڵینەوەکەی گرتۆتەوە و هەر بەشێکی دواتر پەیوەنددارە بە بەشەکەی پێشووترەوە.

دانا ئەحمەدی وەگێڕی ئەم کتێبە، لە پێشەکییەکی کورتدا ڕای خۆی سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی دەخاتە ڕوو و پێی وایە کە ڕەخنەی ئەدەبی خاوەن پانتاییەکی فراوانە، ڕایەڵەی زۆری دەچێتەوە سەر زۆربەی هەرە زۆری کایە مرۆییەکانی تر، بەڵام بەستەری ڕەخنە، لەگەڵ سەرجەم ئەو کایانەدا، خودی سروشت و ڕسکانی زانستەکە و جۆری گونجاندنیەتی لەگەڵ دەق و خاوەن دەق دا.

بە بۆچوونی وەرگێڕی کتێبی (ڕەخنەی کولتووری وەک ئەلتەرناتیڤێکی مەنهەجی ڕەخنەی ئەدەبی) دەق پێش ڕەخنە لەدایک دەبێت، بۆیە بواری خوێندنەوە و شیکردنەوەی دەمانباتەوە سەر پاشخانی نووسینی دەقەکە، کە هەندێ ڕەخنەگر بە تەواوی دەق لە خاوەنی دەق دادەماڵن و دەڵێت: بەو هیوایەی دەق خۆی ببێتە دامەزراوەیەکی مەعریفیی ئەوتۆ، کە لە کاتی شیکردنەوەیدا دوور و نزیک، نە وەرگر و نە ڕەخنەگریش بیریان بە لای خاوەن دەقەکەدا نەچێت.

پێشەکیی ئەم کتێبە ئەوەش دەخاتە ڕوو، کە بەشێکی گەورەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی لەژێر کاریگەریی ئەدەبی عەرەبیدا بووە و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە زۆربەی هەرە زۆری شاعیرانی کلاسیکی کوردی، شارەزاییان لە هونەرە قسەییە ئاشکراییەکان و زاستەکانی ڕوونبێژی و لێکچوون و درکە و خوازە و خواستن و زانستە بەدیعییەکاندا هەبووە، وەک: جۆرەکانی ڕەگەزدۆزی و پێچەوپەخشە و توانجپۆشی و دژیەک و هتد…!

د. عەبدوڵڵا محەمەد غەزامی، کە یەکێکە لە بیریار و تیۆرسانە ئەدەبی و کولتووریەکانی عەرەب و خاوەنی ئەم کتێبە بە کوردی کراوەیە، لە دەروازەی کتێبەکەدا هەندێک پرسیاری داناوە، کە بە گوتەی خوی، پاش دەرچوونی یەکێک لە کتێبەکانی بە ناوی (ڕەخنەی ڕۆشنبیری) لە لایەن کەسانێکەوە ئاڕاستەی کراوە، کە خۆشیان سەر بە دونیای نووسین و کاری ڕەخنەیین.. پرسیارەکان کە لێرەدا دانروان و عەبدوڵڵا محەمەد غەزامی باسیان لێوە دەکات، بریتین لە: (ڕەخنەی ئەدەبی بۆچی؟ ئایا ئەڵتەرناتیڤێکی کردەییە بۆ ڕەخەنی ئەدەبی؟ ئایا سیاسەت و بە سیاسەتکردن نەک بە شیعرکردن نەسەقی زاڵ نییە؟ ئایا لە ڕەخنەی ئەدەبیدا شتێکی تێدایە کە خەوشداری بکات یان کەموکوڕی بێت هەتاکو بۆ ئەڵتەرناتیڤێک بگەڕێین بۆی؟ ئایا ڕەخنەی کولتووری تەنها ناوێکی نوێ نییە بۆ ئەرکێکی کۆن؟ ئایا نەسەقە کولتوورییە عەرەبییەکان پەییان پێ نابرێ تەنها لە ڕێگەی دەستەواژەکانی ڕەخنەی کولتوورییەوە نەبێت؟

سەبارەت بە هەردوو زاراوەی (ئەدەب و کولتوور) د. عەبدوڵڵا محەمەد، نووسەری ئەم کتێبە، پێی وایە جۆرێک لە یەکتربڕین لە نێوان ئەدەب و کولتووردا ڕوودەدات، بەو پێیەی کە دوو چەمکی دێرین و بەیەکداچوون… پتر لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات و دەڵێت: هەر وەک هەمان شت دووبارە دەبێتەوە، لە نێوان هەردوو چەمکی ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی کولتووریدا، با ئێمە لە  کۆتاییەوە دەست بکەین بە حیکایەتەکە، ئێمە هەر دەبێ ڕەخنەی ئەدەبی بگێڕینەوە بۆ ئەدەب و لە بەرانبەریشدا، ڕەخنەی کولتوور بۆ کۆلتوور… دکتۆر عەبدوڵڵا غەزامی، ئەمە بە گەمەیەکی کاڵفامانە پێناسە دەکات و وای بۆ دەچێت لە ئاستێکدا دەوەستینەوە، لەو پەندە دەچێت کە دەڵێت: پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر، ئاوی تەفسیر کردەوە بە ئاو، وەرگێڕ مانای ئەم ئیدیۆمەی لە پەراوێزدا بەم شێوەیە داناوە (شەل نییە و پای شکاوە.)

بە بۆچوونی ئەم لێکۆڵیار و بیریارە عەرەبە، ئەم بابەتە کاتێک ئاڵۆز دەبێت، کە خۆمان دایە بەر میچەری ئەو پرسیارەی کە: ئایا مەبەستمان لە زاراوەی ئەدەب و کولتوور چییە؟ چونکە دوو زاراوەن کە خۆمان وا پیشان دەدەین دەیانناسین و هیچ پێویستیمان بە پێناسەکردنیان نییە و پاشان دەڵێت: بەڵام هەر توێژەرێکی ئەدەب و کولتوور، ئەوە باش دەزانێت کە بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە، کە بۆچوونە بەراییەکان پێمان دەڵێن.

نووسەر جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ڕەخنەی ئەدەبی کاری مەزنی بە درێژایی چاخەکان بە ئەنجام گەیاندووە، بگرە ئەو زانستە بووە، کە خاوەنی قووڵترین و درێژترین ئەزموون بووە لە نێو زانستەکانی دیکەی ڕۆشنبیری عەرەبیدا… لەسەر ئەم بابەتە زیاتر دەڕوات: بێگومان ئەو زانستە بووە کە سەربەخۆییەکی جۆریی بۆ خۆی دەستەبەر کردووە، لە هەموو کاریگەرەکانی دەسەڵاتدا، ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێ کە وەک زانستێکی بێهودە تەماشایان کردووە، چونکە شاعیرەکان شۆخییان بە ڕەخنەگران و زمانناسەکان هاتووە.

لە شوێنێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەیدا، نووسەر باس لەوە دەکات کە ڕەخنەی ئەدەبی، لە هەموو مێژووی خۆیدا (کۆن و نوێ و پۆست مۆدێرن) مامەڵەی لەگەڵ پرسی جوانی دەقدا بە شێوەیەکی جەوهەری کردووە، دواتر پابەندی کردووە بە دەقێتی دەقەوە و ئەدەبگەرایی کردە قەڵایەکی بەتین، بەهۆی ئەو کارنامەیەوە کە بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان، ڕەخنەگرەکان پارێزگارییان لێ کردووە، مەرجەکانی هەبوونایەتییان سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە و ئەوەی مەرجەکانی تێدا دەستەبەر نەبوایە، دوریان دەخستەوە.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی یەکێک لە کتێبە تازە و گرنگەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لەگەڵ زیاتر لە بیست کتێبی دیکەی جۆراوجۆردا، لە پێشانگای نودەوڵەتی کتێب بڵاودەکرێنەوە.

بارین عەلی

یەکێکی تر لە کتێبە دانسقە و جوانە تازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە بەم دواییانە چاپ و بڵاوی کردەوە، ڕۆمانی (وێڵگەی شەیتان) ی نووسەر و ڕووناکبیری ناودای عێراقی (بورهان شاوی)یە، کە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (حەمەڕەشید) ەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

لە ڕاستیدا هەمان وەرگێڕ، لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆمانێکی دیکەی هەمان نووسەری بە ناوی (مەیتخانەکەی بەغدا) ی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، دەتوانم بڵێم ئەم دوو ڕۆمانەی بورهان شاوی، جوانترین دوو ڕۆمانی عێراقین کە سەبارەت بە مێژووی خوێناوی عێراق و عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس نووسراون، نووسەر لەو دوو ڕۆمانەدا، وێنەیەکی ڕاستەقینەی وڵاتی کێشاوە، وڵاتێک کە لە لایەکەوە بینا و کۆشکەکانی بەرەو داڕمان دەچن، لە لایەکی دیکەوە، ژیانی مرۆڤەکانی تا لێواری مەرگ و نابووت بوون نزیک دەبێتەوە.

بورهان شاوی لەم ڕۆمانەدا، واتە (وێڵگەی شەیتان) هاوشێوەی ڕۆمانەکەی پێشووتری واتە (مەیتخانەکەی بەغدا) باس لە یەک جۆر ژیان و یەک جەنگ و یەک کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات، بە گشتی هێڵی هاوبەشی ڕۆمانەکە جگە لەوەی لە ڕووتی تێماوە نزیکن لە یەکدی، ناوی تەواوی کارکتەرە ژن و پیاوەکانیشی چوون یەکن و سەرجەمیان ناویان (ئادەم و حەوا) یە، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕۆمانی وێڵگەی شەیتاندا، خەیاڵ بڕێک زیاتر و قووڵتر ڕۆدەچێتە ناو کێشە و ڕووداو و کاراکتەرەکانەوە و لە ڕووی تەکنیک و فەزا و شێوازی گێڕانەوەوە، تا ئەندازەیەکی زۆر جیاوازە لە ڕۆمانی (مەیتخانەکەی بەغدا.)

ئەم ڕۆمانە بەسەرهات و  گێڕانەوەی کێشە و مەینەتییەکانی ژنانی عێراقە لە دوای شۆڕش و ڕووخانی بەعس و هاتنە سەر کورسی دەسەڵات لە لایە هێزە بەناو شۆڕشگێڕە عێراقییەکانەوە، ئەو هێزانەی دابەش بوون بەسەر بیروباوەڕە مەزهەبییە جیاجیاکان و سەرهەڵدانی میلیشیا چەکدارییە عەشایرییەکان و گۆڕینی فۆڕمی تاوانکاری و چەوساندنەوەی ژنان، واتە لەم ڕۆمانەدا ژنان قوربانییە گەورەکەن و خۆیان چیرۆکی قوربانییەکانی خۆیان دەگێڕنەوە.

بورهان شاوی لە ڕۆمانی (وێڵگەی شەیتان) دا، زۆر بە وردی کاری لەسەر چەمکی جەلاد و قوربانی کردووە، قوربانییەکانی نێو ئەم ڕۆمانە کۆمەڵێک ئافرەتی عەرەبن کە کە فەرهەنگ و کولتووری کۆنەخوازانە چوارچێوەی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و ژیان و چالاکییەکانی بۆ داڕشتوون و سنووربەندی کردوون، هەر ئەو بیروباوەڕە خورافی و کۆنەخوازانە کاریگەری لەسەر ئەندێشە و هزر و دونیابینیان داناون و فڕێی داونەتە ناو چاڵی خورافە و وەهم و پوچگەراییکی ئەوتۆوە، کە توانای هیچ جۆرە لێکدانەوەیەکی ژیانیان نەبێت و درک و هۆشیاریان لە نزمترین ئاستدا بێت.

ڕۆمانی وێڵگەی شەیتان، لە ڕێی ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانیەوە، خوێنەر ڕۆدەباتە نێو گۆڕەپانی ململانێیەکی خوێناوییە، خوێنەر دەبیتە بینەری فیلمێک درێژ کە بە خوێن دەست پێ دەکات و بە خوێن کۆتایی پێ دێت، ئەم ڕۆمانە تا ئەندازەیەکی زۆر کاری لەسەر حاڵەتە سایکۆلۆجییەکانی مرۆڤی شەقی بە گشتی و تاکی عێراقی بە تایبەت کردووە، لەسەر نەخشەی سیاسی و بەرکەوتنی هێزە میلیشیا عەشایری و مەزهەبگەراکاندا، خوێنەر وڵاتێک دەبینیت کە لە ڕووی مێژووییەوە خاوەنی یەکێک لە شارستانییەتە گەورە و دەوڵەمدەکانە، بەڵام هەنووکە لەسەر ئەو نەخشەیە دووکەڵ جەنگ و بۆسۆی جەنگ و لاشەی کوژراو دەبینێت، ئەو ڕووبەرە فراوانەی لەبەردەست هێزە بەرژەوەندخواز وچەکدارە تینو بە کوشتنەکاندایە، چیدی بیابانە دوورەکان نییە، بەڵکو سیلەی کۆڵان و شەقامە گشتی و بازاڕە جەنجاڵەکانی پایتەختە دێرێنەکەی وڵاتە، وڵاتێک کە ئیدی کەس خاوەنی ئێستا و سبەینێی خۆی نییە، هیچ لەسێک جا لە هەر ئاست و پلە و پایە و پێگەیەکئی چینایەتی و ئایینیدا بێت، بۆ ساتێک هەست بە ئامان ناکات و هەر چرکەیەک گوێبیستی هەواڵی کوشتنی کەسێک دەبین بە سادەترین بیانوو، لە بیانووی بڕیاردانی سەرووی خۆیانە، بورهان شاوی تۆ لەم ڕۆمانەدا پێمان دەڵێت، فەزاکە بێئەنداز خوێناوییە، تۆش لێرەدا یا دەبێت بکوژرێیت، یان کوسێک بکوژیت، بەم جۆرە زنجیرە تاوانەکان درێژ دەبنەوە و خۆیان دەکەن بەنێو هەموو جومگەکانی ژیاندا و لە منداڵێکەوە تا قەدیسێک و شاعیرێک، لەبەردەم هەڕەشەی کوشتندا، ئەوەیشت تاکو ئێستا ماوە و دەژی، ئەوە هێشتا کاتی بڕیاردان و ئەنجامدانی کوشتنەکەی نەهاتووە.

ڕۆمانی (وێڵگەی شەیتان) وەک چۆن ڕۆمانی قوربانییەکانە، بەو ئاوایەش ڕۆمانی جەلاد و شەیتانەکانیشە، ڕۆمانی ئەو دەستانەیە کە بۆ تاوان دەگەنە هەموو کون و کەلەبەرێک، ڕۆمانی ئەو هێزە مێشک تاریکانەیە کە پیاوە مەترسیدارەکانیان لە تەواوی دنیادا و لەنێو دڵی حکوومەت و دەسەڵاتە زلهێزەکانیشدا وەک شانەی نووستو هەن، قوربانییەکان لە هەر کوێ بن دەستی ئەمانیان دەگاتێ و دەتوانن سوک و ئاسان بیانکوژن، هەر وەک لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا بە دوو ژن ئاشنا دەبین کە هەر دووکیان ناویان حەوایە و لە پاسێکدا بەرەو وڵاتی سووریا دەڕۆن و دەبن بە هاوێی یەکدی، دوو ئافرەت خەڵکی یەک وڵاتن، ڕاستە هەر یەکەیان چیرۆکی جیاوازی خۆی هەیە، بەڵام چیرۆکەکان لە غەمگینیدا لە یەکتر دەچن و هەر دووکیشیان بۆ یەک مەبەست وڵات بەجێ دەهێڵن، ئەویش ئەوەیە کە هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە و چیدی ناتوانن لە عێراقدا بژین.

یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی ئەم ڕۆمانە، گفتوگۆیەکی تیۆری و فیکریی قووڵی نێوان شەیتان و کەسێکی تاوانباری دەوڵەمەندە، لەو وتوێژەدا شەیتان ڕووی ڕاستەقینەی خۆی پیشانی مرۆڤ دەدات و هەموو ئەو تاوان و گوناهانەی بە درۆوە دەخاتەوە کە بە ناوی ئەوەوە دەکرێت، شەیتان زۆر لۆژیکانە باس لە خۆی دەکات و دەڵێت هەموو ئەو جەنگانەی لە جیهاندا بەرپا دەکرێن مرۆڤ دەیانکات و منی پێ تاوانبار دەکرێم، هاوکات هەر خودی شەیتانیشە وا لە مرۆڤە تاوانبارەکە دەکات دەست بکات بە کاری باشە و یەکەم هەنگاویش بریتی دەبێت لە هاوکاریکردنی یکێک لە حەوا قوربانییە عێراقییەکان بۆ ئەوەی سووریا جێ بهێڵت و بگاتە ئەوروپا.

بە گشتی ئەم ڕۆمانە دەبێتە ژیانی واقیعی هەموومان، ڕووی ڕاستی ئەو دۆزەخەمان پیشنا دەدات کە تیایدا دەژن و دەست و پەنجەمان لەگەڵدا نەم کردووە، وامان لێ دەکات شەیتانەکانی ناوەوەمان بکوژین و ڕووە ئینسانییەکەمان دەربخەین، ئەم ڕۆمانە گرنگە بخوێنرێتەوە، چونکە جگە لەوەی چێژێکی زۆرمان پێ دەبەخشێت، زانیاری وردیشمان دەداتێ لەسەر دۆخی ئەو وڵاتەی تیایدا دەژین.

ناساندنی: ئیدریس عەلی

یاریی فریشتەکان

ناساندنی: ئیدریس عەلی

پاش ئەو سەرکەوتنە گەورە و پێشوازییە بێوێنە و گەرمەی خوێنەران و نووسەران و ڕۆشنبیران، لە ڕۆمانی (سێبەری با) کردیان، نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) دووەمین کتێبی لەو چوار کتێبە گرنگەی نووسەری ناوداری ئیسپانی و کەتەلۆنی (کارلۆس رویز زافۆن) بە ناوی (یاریی فریشتەکە) وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکرایەوە.

لە ڕاستیدا ئەم کارەی هیوا قادر، لە کۆمەڵێک لایەنەوە جێگای ستایش و دەستخۆشییە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەو زمانە جوان و دەوڵەمەندە ئەدەبییەی کە ڕۆمانەکەی پێ وەرگێڕاوە، خوێنەر لە ڕێگەی زمانی وەرگێڕانەکەوە تێدەگات کە وەرگێڕ بە قووڵی ڕۆچووەتە نێو ڕۆحی ڕۆمانەکەوە و بە عیشقەوە لەگەڵیدا ژیاوە، هەروەها لەو ڕووەشەوە جێگەی ستایشە، کە یەکێکی دیکەی لە گەورە ڕۆماننووس و پڕفرۆشترین ڕۆمانی دونیای پێ ناساندووین، من وای بۆدەچم ئەم جۆرە هەوڵانە دەچنە خانەی ڕێزگرتن لە خوێنەر و بە چاوێکی گەورە تەماشاکردنیان، چونکە هیوا خۆی شاعیر ونووسەرێکی جوان و بەئەزموونە، لە گرنگی و بەهای ئەم جۆرە کتێبانە تێدەگات و لەو جوانیانەی خۆی بەریان دەکەوێت، بەشی خوێنەر و کتێبخانەی کوردی لێ دەدات.

ڕووداوەکانی ڕۆمانی (یاری فریشتەکە) پەیوەندییان بە ساڵانی بیستی سەدەی بیستەمەوە هەیە، ڕووداوەکان لە نێو شاری بەرشلۆنە ڕوودەدەن کە زێدی زافۆن خۆیەتی، ئێمە لە کتێبی یەکەمەوە، واتە (سێبەری با) تێگەیشتین کە بە ئەزموون و شێوازێکی دیکە لە ڕۆماننووسین و گێڕانەوەی ڕووداو و کارەکتەرسازی و چنین و گەمەی ئیستاتیکی و فەنتازی دەکەوین، هەربۆیە کاتێک ڕۆمانی (یاریی فریشتەکە)یش دەخوێنینەوە، ئەو شۆکە بەرمان نادات کە زافۆن لە ڕێگەی گەشتە قووڵ و فرە مەوداکەیەوە، بەنێو شوێن و ڕووداوەکاندا، ئێمەش لەگەڵ خۆی دەبات و ئاشنامان دەکات بە کارەکتەرە سەیروسەمەرە و فرە ڕەهەندەکانی.

ئەستەمە خوێنەرێک بتوانێت پێمان بڵێ ڕۆمانی (یاریی فریشتەکە) باس لە چی دەکات، چونکە لە ڕاستیدا پرسیارەکە بێ وەڵام پێچەوانە دەبێتەوە و دەکرێت بپرسین: جا باسی چی ناکات….؟ ئەم ڕۆمانە فرە تێمایە و لە ڕێگەی کەمترین کارەکتەرەوە، لە نێو زۆرترین ڕووداودا دەژین، زۆرترین دەنگمان بەرگوێ دەکەوێت و دەیان گرێ و کۆد دێتە سەرڕێی خوێندنەوەمانەوە، گەنجینەی کتێبە فەرامۆشکراوەکان و ئەوینی ناکام و خەونی بوون بە نووسەر و دژایەتی و ملشکاندنی نووسەران و ئیرەیی بە داهێنانی داهێنەران و جەنگ و شێوازی ژیانی خێزانە داراکان و کنە و گەڕان بە دوای تاوانباران و فرتوفێڵ و تەماع و پارەپەرستی و پەرژەوەندییە تایبەتییەکان و چەندینی دیکە، بەشێوەی زۆر سەرنجڕاکێش دەبنە بابەتی ڕۆمانی (یاریی فریشتەکە) و بە زمانێکی ئەفسوونئامێزی هەندێک جار شیعری و هەندێک جاریش تەواو سادە و ئاسان دەگێڕدرێنەوە.

لایەنێکی هەرە گەش و جوانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە چارەنووسی کاراکتەرەکان لەنێو ڕووداو و بەریەککەوتن و کێشمانکێشەکاندا، بەگوێرەی گرنگیی بەسەرهاتەکانی نێو خودی ڕۆمانەکە دیاری کراوە، نەک ئەوەی نووسەر خۆی چۆنی پێ خۆشە، بۆ نموونە لێرەدا کەسانێکی زۆر لە کارەکتەرەکان دەمرن، هۆکاری مردنەکان ئەگەرچی تەمومژاوین، بەڵام هیچ کاریگەییەکان بەسەر ڕەوتی گێڕانەوەکەوە نابێت و لە مەودایەکی دیکەدا خەیاڵ فراوانتر دەکات و سەرەداوی دیکە و باسی نوێتر دێنە ناو ڕۆمانەکەوە.

لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا، کە (لازۆ ئازاد) کردوویەتی بە کوردی، زافۆن لە وەڵامی پرسیارکدا سەبارەت بە هەردوو ڕمانی سێبەری با و یاریی فریشتەکە، کە بە دەوری ئەو شوێنە تاریک و ئەفسووناوییەدا دەسوڕێنەوە کە ناوی گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکانە، باس لەو دەکات کە گۆڕستانی کتێبە لەیادکراوەکان، گەورەترین و نایابترین کتێبخانەیە کە تۆ بتوانیت لە خەیاڵی خۆتدا وێنای بکەیت. لابۆرێکە لە کتێب کە تونێل و پرد و شوێنی نهێنی تێدایە، شاراوەیە لە ناو شوێنێکی کۆندا لە شاری بەرشەلۆنەی دێریندا. شوێنێکی نهێنییە کە خەڵکانێکی کەم پێی دەزانن، زافۆن هەر لەو چاوپێکەتنەدا دەڵێت: لەویادا دەتوانیت هەموو ئەو کتێبانە بدۆزیتەوە کە بزربوون، لەیادکراون و ئینسان هەوڵیداوە لەناویان بەرێت. ئەم جێگایە لەلایەن گرووپێکی نهێنی لە مرۆڤەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕێوە دەچێت، کە هەوڵدەدەن پارێزگاری لە کتێب و یادەوەری و ئایدیاکان بکەن. ئەم شوێنە چەندین سەدەیە هەبووە و شتەکە بەم جۆرەیە: یەکەم جار کە ئاشنای ئەم شوێنە دەکرێیت، تۆ مافی ئەوەت دەبێت کتێبێک هەڵبژێریت لە ناو هەزاران کتێبدا لەم کتێبخانە گەورەیەدا، هاوکات تۆ دەبێت ئاگاداری بیت کە هەرگیز ون نەبێت و لەناونەبرێت.

زافۆن خۆی ددان بەوەشدا دەنێت کە بیرۆکەی ئەم کتێبەی لە کۆتایی ساڵەکانی ٩٠دا لەلا گەڵالە بووە، لەو کاتەوە بوو کە هۆشیاریی بەرامبەر لەناوبردنی یادەوەری لەناوبردنی مێژوو دروست بوو، دەشڵێت:
من هەمیشە پێم وابووە ئێمە ئەوەین کە بیرمان دەکەوێتەوە و لەیادمان دەمێنێتەوە، هەروەها تا کەمتر بیرمان بکەوێتەوە ئێمە کەمتر دەبین. بە بیکردنەوە لەوە و گەڕان بە ناو وڵاتدا و دۆزینەوەی هەموو ئەو کتێبفرۆشییە نایابانە، کە هیچ کەسێک سەرنجی نەدەدانێ، هەموو ئەم شتانە لە مێشکمدا دەسوڕانەوە، لەو کاتەدا وێنەی ئەم شوێنە هاتە بەرچاوم. ئەوە ڕوونە کە ئەو شوێنە وێنەیەکی سیمبۆلی بوو بۆ نەک تەنیا ئەو کتێبانەی بیرچوونەتەوە، بەڵکو خەڵکان و ئایدیاگەلێکیش.

جێی ئاماژەیە، کارلۆس رویز زافۆن، نووسەرێکی ئیسپانییە و  ڕۆمانەکانی لە پڕفرۆشترینەکانی جیهانن، لە تەمەنی 55 ساڵیدا و لە شاری لۆس ئانجلس لە ماڵەکەی خۆیدا لە ئەمریکا، کۆچی دوایی کرد، زافۆن وەکو ڕۆماننووسێک، ڕۆمانەکانی بەشێوەیەکی بەردەوام وەکو “پڕخوێنەرترین ڕۆمانە ئیسپانییەکان” باس دەکران؛ بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زافۆن بەدەست شێرپەنجەی کۆڵۆنەوە دەیناڵاند، تا دواجار لەم ساڵدا ماڵئاویی لە ژیان کرد.

کارلۆس رویز زافۆن خاوەنی نۆ ڕۆمانە، یەکێک لەوانە و کارەکانی بۆ زیاتر لە 40 زمانی جیهانی وەرگێڕدراون و چەندین خەڵاتیان بەدەست هێناوە، بەرهەمەکانی زافۆن بریتین لە:

ئەمیری تەم، کۆشکی نیوەشەو، ڕووناکییەکانی سێپتەمبەر، مارینا، سێبەری با، یاریی فریشتەکە، زیندانی ئاسمان، وێڵگەی ڕۆحەکان.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنێکی سەرپێیانەی ئەم ڕۆمانە و هەوڵدانێکە بۆ هاندانی خوێنەر، بۆ ئەوەی خۆیان لە خوێندنەوە و چێژ و جوانی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن، ڕۆمانەکە ڕاستە قەبارەیەکی گەورەی هەیە، بەڵام چێژی خوێندنەوە زاڵ دەبێت بەسەر بیر و هەستی خوێنەردا و بە هیچ شێوەیەک هەست بە بێزاری ناکەن و تا کۆتایی هیچ خوێنەرێک ناتوانێت دەستبەرداری کتێبەکە بێت.

دەربارەی جەنگ، کە هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە

ڕاهۆز کامەران

بە سیمۆن ئێڤرا ی نێو شانۆنامەی ماراساد پێشکەش بێت.

سڤێتلانە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵەکەیدا..دەربارەی کتێبەکەی   .. war’s Unwomanly face 1992 جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە. دەڵێ:

“من بەدوای پاڵەوانەکاندا نەگەڕاوم. من مێژووم لە ڕوانگەی چیرۆکی ئەو شاهیدو بەشداربوانەوە نووسیوەتەوە کە نەبینراون. هیچ کەسێک هەرگیز نەچووە پرسیاریان لێبکات.”

        ***

لە دێر زەمانەوە هەزاران جەنگی کورت و درێژ ڕویانداوە، وردەکاریی هەندێکیانمان زانیوەو وردەکاریی ئەوانیدیش لە نێو تەرمی قوربانییەکاندا بۆ ئەبەد وون بوونو دیار نەماون.

لە ڕاستیدا ئەو جەنگانەی دووچاری مرۆڤ بوون لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا لە توندترین جەنگە مێژوویەکان و خوێناویترین و ترسناکترینەکان بوون. سوتاندنی دەیان و سەدان ماڵ و کوخ و گوندو شار، کوشتنی هەزاران منداڵ و ژن و پیاو و ئاژەڵ بە توندو تیژانەترین شێواز، بەرهەمی ئەو جەنگانەبوون.

جەنگی جیهانی دووهەم کە بەیانی یەکی ئەیلولی ١٩٣٩ بە پەلاماردانی پۆڵۆنیا دەستی پێکرد لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە بە بڕیاری هیتلەر، بەجەنگی ئەڵمانیا دادەنرێت لەگەڵ جیهاندا. ئەمشەڕە درێژە دەکێشێت تا ساڵی ١٩٤١و تا دەگاتە سنوورەکانی ڕوسییا.

هیتلەر دەربارەی ئەم جەنگە بە جەنەڕاڵ فارلی مۆنت ئەو پسپۆڕە سەربازییەی کە ئەرکی داڕشتنی پلانی هێرش بۆ سەر ڕوسیای پێسپێردرابوو وتبو: ئەم جەنگەی دەست پێدەکات بێ بەزەیی دەبێت.

هەر واشبوو، بێ ئەنداز بێبەزەییانە بوو..

ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، تازە لە خوێندنەوەی کتێبی جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە ی سڤێتلانە تەواو بووم.

سڤێتلانە خانمێکی بێلاڕوسیە. ساڵی ١٩٤٨ لە شاری ستانسلاڤ لەدایکبووە و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی مینسک تەواوکردووە. ڕۆژنامەوان و نووسەرە. کتێبی “جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە”، بەناوبانگترین کتێبی ئەوە. سڤێتلانە سەرەتا ئەم کتێبەی بەش بەش لە گۆڤاری  oktybrی ڕوسی مانگانە بڵاودەکردەوە و پاش چآپبونی نزیکەی دووملیۆن کۆپی لێفرۆشرا.

سڤێتلانە نەوەی دوای جەنگە، ئەو جەنگەی هیتلەر و ستالین دروستیان کردو بەتایبەت مرۆڤە ئەڵمانی و ڕوسییەکان تیایدا بوون بە قوربانی.

ئەم چیرۆکانەی لەم کتێبەدا دەیخوێنیتەوە، هی ئەو مرۆڤانەیە ئەمڕۆیان بە خوێن و دەمارەکانی خۆیان ژیاندوەو گەیاندویانە بە ئێستا و ئێستاش.. یان لە شوقەیەکی هەرزان نشینی مۆسکۆ، یان لە خانوویەکی بچوکی دێیەکی وەک میخالچکۆڤای ڕووسیا لەگەڵ مەدالیاو هەندێک خەوی ناخۆش ناخۆش و چاوەڕوانیەکانیاندا تەنیاو لاکەوتە دەژین.

خوێندنەوەی ئەم گێڕانەوە بێ دەستکاری و واقعیانە. پڕیان کردووم لە تاریکاییەکی ساردی وەک تونێل درێژ،لە غەمگینییەکی چڕ. ڕۆحم لە ناو خوێن و فرمێسک و سەرمادا نوقم بووە، هەست بە ئازاری بڕینەوە و پەڕینی هەردوو دەست و قاچی ژنەکان دەکەم، هی کوڕە گەنج و پڕ هیواکان. مردنی ئاژەڵەکان لەبرسا..

هەست بە خوێن لێهاتنی زۆر و ئامادەیی  تارمایی و بەخشپە هاتنی مەرگ دەکەم بۆ ناوم، خشپە خشپێک گرمەیەکی گەورە تیایدا خۆی حەشارداوە..گرمەی پێکدا کێشانی مردن و ژیان…

جەنگ هیچ ڕوخسارێکی ژنانەی نییە چیرۆک گەلێکن، ژنانی  بەشداربووی جەنگی جیهانی دووەم دەیگێڕنەوە و تیایدا باس لە ژیانی خۆیان دەکەن لە جەنگدا. ئەمکتێبە،جیاواز لە کتێبە قەبەو کەڵەگەتەکان کە لەسەر مێژووی سەرکردەو ڕوداوەکانی ناو جەنگەکان نووسراون. کە دەربارەی ئازایەتی نووسراون، کتێبێکە لەسەر هەستی ئەنجامدەرانی ئەوکارانە نووسراوە، کتێبێکە لەسەر ترس و شکستی ڕۆحی مرۆڤ لەجەنگدا..

ئەم جەنگە،لەناو ژورەکەمدا، لە چا خواردنەوەی ساتەکانی خۆ دزینەوەم لە خوێندنەوەی چیرۆکی ژنێکی تردا لەگەڵمدا ئامادەبوو. بەڵام لە هەمان کاتیشدا, هەمان ئەو تیشکە لەئومێد کە لەژنە غەمگینەکانی نێو ئەو ڕۆژگارە تاریکانەدا هەبوو دزەی کردبووە نێوم!

ئەو ئومێدە جارێک منی نەجات دەدا، جارێکی تر هانی دەدام،سەرەڕای ئەو غەمگینییەی لە ئاکامی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانەدا رژابووە نێو دەروونم بەردەوام بم لە خوێندنەوەیان و لە ڕێگایانەوە لە وردەکاری ڕۆژگارێکی ئێجگار پرخەسارەت و شکست بۆ مرۆڤایەتی تێبگەم.

ئەم کتێبە نووسەرو وەرگێڕ هیواقادر لە سویدییەوە کردوێتی بە کوردییەکی ڕەوان و هێمن و بێ گرێ. کوردییەک لەڕێگایەوە چێـژی وشەو چیرۆکەکان دەکەیت، لەجێیەکدا غەمگینی و  لەجێیەکی تردا توندی و نیانیی ساتە هەستیارەکانی جەنگ بەرتدەکەوێت. لە خوێندنەوەیەوە هەست بە وردی و کات بەخشین و هیلاکی وەرگێڕی پشت ئەم کتێبەدەکەیت کە لە پێش دەمتدایە. دەزانیت مرۆڤەکان ڕەنگە لە ڕەنگ و جوگرافیاو ئاین و ئایدۆلۆژیادا لەیەکدی جیاوازبن، بەڵام لە مردن و ئازارکێشاندا نا.

*دەربارەی ئەدەبیات ئازار نەفیسی لە وتارێکیدا دەڵێ: ((ئەدەب هەمیشە دەربارەی ئەوانی ترە. ئێمە دەبات بۆ شوێنگەلێک کە نەمان بینیوە، وە چاومان بەکەسانێک دەکەوێت و هاوسۆزیان لەگەڵ دەردەبڕین کە هەرگیز نەمان ناسیون.))

ئەم کتێبە کە گێڕانەوەی بریندارانەی ڕۆژە تاریکەکانی جەنگە.. هاوخەمییەک دروستدەکات بۆم وەک خوێنەر لەگەڵ گێڕەرەوەی ڕوداوەکانی نێوی. هەمان ئەو کارەدەکات کە نەفیسی پێی وایە ئەرکی ئەدەبیاتەو دەتبات بۆ دوورگە دوورەکانی ڕۆژانێکی قورس و پڕ مردنی تراژیدی.

کۆکردنەوەو نووسینی ئەم کتێبە،نزیکەی ٢٦ ساڵی خایاندووە، چیرۆکی نزیکەی ملیۆنێک خانمی سۆڤێتیە کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەشدارییان کردووە.

 سڤێتلانا تیایدا پرسێکی جەوهەری دەوروژێنێت سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە جەنگدا.

پرسیار دەربارەی ئەوەدەکات بۆچی ئەوژنانەی بەتوندی بەرگریان لە خاکەکەیان کردو لە جیهانێکی پیاوسالاردا شوێن پێی خۆیان چەسپاند، بەرگریان لە مێژووی خۆیان نەکرد؟ کوا قسەکانیان؟ کوا دەنگەکانیان؟ کوا بۆچونەکانیان؟

لێرەدا بەهۆی بێدەنگی ئەوانەوە جیهانێک بەتەواوی ونە و جەنگی ئەوان بە نەزانراوی ماوەتەوە.. سڤێتلانە لە کتێبەکەیدا ئەم جەنگە لەدەست بیرچوونەوەو فەوتان ڕزگار دەکات کە جەنگی ژنە.

گەر دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبەو لەبەر ئەو تێڕوانینە جەوهەرییەیی نووسەردا،جاوێک بەو ڕۆژگارانەدا بگێڕینەوە لەسەر هەسارەکەمان گوزەراوە تێدەگەین کە چیرۆکی  تێکشکانی ڕۆحی ئەو لەشکرە ژنەی نێو ئەم کتێبە، تەنیا هەندێک نمونەی کەمە لە مێژوی قوربانیدان و ئازایەتی ژنان لە جەنگەکاندا کە لە ٤٠٠ کانی پێش مەسیجەوە دەست پێدەکات تا ئێستا، هەر ئەمەش وام لێدەکات ڕەخنە لەو ڕوانین و ڕێکەوتنە نێرسالارییەی دونیا بگرم کە هەمیشە پی

اوەکان دەکاتە پاڵەوان و ڕۆڵی ژنەکان، ئەو هەماهەنگییە قوڵ و قوربانی دەرانەیان نادیدە دەگرێت.

لەشوێنێکی تردا ئەوەی بۆم جێگەی وردبوونەوە بوو ئەو خاڵە جیاوازەبوو کە لەنێوان ئەم گێڕانەوانەو ئەو کتێبگەلەی تردایە کە لەسەر جەنگ نووسراون.. گەر بەشێک لە کتێبەکان کە لەسەر جەنگ نووسراون تەنیا بایەخیان بەژیانی ناوجەنگی مرۆڤەکان دابێت، ئەوا ئەم گێڕانەوانە جیاواز لەوانی تر، بایەخیان بە ژیانی دوای جەنگیش داوە، بایەخیان بەو شۆکو چرکەساتە هەم خۆشو هەم بێ ئەنداز غەمگینەی کۆتایی هاتنی جەنگ داوە!

ئەوژنانە کە جەنگ ڕۆحی بەناو هیلاکییەکی چروسامناکدا بردوون و ڕاهاتوون بە ژیانی پڕترس و بیمی نێوسەنگەرو دەوەنەکان، دەگرین کە تێدەگەن دەبێت پۆستاڵەکانیان دابنێن و بۆبۆنەو ئاهەنگەکان ئیتر پێڵاوی بنبەرزو عەزی کورت لەبەربکەن، دەگرین کەنازانن چی لەو دونیا ئازادو بێ مەترسییەی دوای جەنگ بکەن و هەستدەکەن بێکاردەبن لە دوونیایەکی دوور لە زرمەی بۆمب و گولەو هەڕەشەدا!

هەندێک لەوژنانە، هەرگیزنەیان توانی بچنەوە ناو ژیانی کۆمەڵو لەگەڵ مەدالیاو هەندێک وێنەی خێزانە لەدەستچووەکانیاندا، لە شوقەکانیاندا خۆیان شاردەوەو خەریکی سپاردنی ئەمڕۆیان بوون بە سبەینێ! هەندێکی تریشیان بۆ لەبیر خۆبردنەوەی ئەو هەموو تارماییە لە مردن و کوشتن تا ئەبەد ڕایانکرد لە هەر چیرۆکێک کە خاوەنی بوون!

*ڕەزا بەراهەنی گوتەنی

وەک فیشەکێ کە لە کاتی پێکاندا تەنها بەقەد

سەرئەنگوستێ شوێنی دیارە

بەڵام لەولاوە، خەندەکێکی لەتوپەت لە گۆشت و دەمار

و ئێسقان

چێ دەکات_

ئەمەیە ئەو مامەڵەیەی سەردەمی ئێمە لەگەڵ ئێمەدا کردی!

ئەمە هەمان ئەو مامەڵەیە بوو کە سەردەم لەگەڵ ئەو مرۆڤانەداکردی!

ئەم کتێبە، وەک گێڕانەوە چەند تاریک و حەزینە، وەک دانپێدانان و چیرۆکگەلێکی دیکۆمێنتاری کە لە ڕێگایەوە دەتوانین لەزۆر ساتی قورس و پڕخەسارەتی مێژووی تێبگەین، کتێبێکی گرنگی پڕ لە دەنگە.. پڕ لەدەنگی نەوەیەک کە هەڵوەستەمان پێدەکات بەرامبەر ئەو ڕوانینە گشتگیرو جێندەریانە، کە هەمیشە پیاوەکانی کردووە بەخاوەنی مێژووی جەنگەکان. کە لەڕاستیدا دەکرێت ڕۆڵی پیاوەکان زیاتر لە دروستکردنی جەنگەکاندا بووبێت.. پاشان قوربانیدانیان.

ئەم کتێبە بەیەکێک لە باشترین کتێبەکانی دونیا دادەنرێت و بۆزۆرترین زمانەکان وەرگێڕاوە. لە ٧ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ دا خەڵآتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێبەخشرا.

ڕەزا بەراهەنی نووسەری ئێرانی ە و تێکستی ئیسماعیل کە ئەم پارچەیەی لێدەرهێنراوە، یەکێک لە تێکستە گرنگەکانی ئەوە، جەمال مەڵایی کردوێتی بە کوردی.

گەردن نەماوە بۆ بڕین

ڕانانی: فەرهاد مستەفا

گەردن نەماوە بۆ بڕین، كتێبێكی شیعری وەرگێڕدراوە، لەژێر ناونیشانی كتێبەكە بەفۆنتێكی جیاواز و وردتر نووسراوە :

(شیعری ژن و مێردێكی شاعیر

سەنییە ساڵح و محەمەد ماغوت)

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی وەرگێڕ و ئامادەكەر و لێكۆڵەرەوەی ئەم كتێبەیە و(دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) ساڵی(٢٠١٧) چاپ و بڵاوی كردەوە.

مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی لە وتاری (لەبارەی محەمەد ماغوتەوە) ئەڵێت:

(چەند ساڵێكە بیر لەوە دەكەمەوە كار لە پرۆژەیەكی خۆمدا بكەم، پەیوەندی ڕاستەوخۆی  بەو ژن و مێردە شاعیر و  باوك و كچە ئەدیب و شاعیرانەوە هەیە كە لە بواری ئەدەبدا كار دەكەن. بەباشم زانی بە محەمەد ماغوتی شاعیر و سەنییە ساڵحی هاوسەری دەستپێبكەم ل٩).

ئەو حاڵەتە دەگمەن نییە كە دوو ئەدیب، ئەدەب و شیعر كۆیانبكاتەوە و هاوسەرگیری بكەن، خاڵی گەشی ئەو بەستێنە ئەوەیە لە بواری ئەدەب و شیعردا كاریگەری لەسەر یەكتری دروستنەكەن و شوێنەوار و مۆركی ئەمیان لە ئەویاندا هەست پێ نەكرێت.

بەو مانایەی گەر لەژیانی كۆمەڵایەتی، تەبایی و ئارامی و واوەتر توانەوە لەپێناوی ئەوی دیكە، پایە سەرەكییەكەی ژیان و بارودۆخە كۆمەڵایەتییەكەیان بێ، لێ.. لە دنیای ئەدەب و شیعردا بەدروستی لە فۆرم و جیهانبینی و شێوازدا  بەیەكتری نامۆبن و خاڵی لەیەكچوون كۆیان نەكاتەوە. ئەمە ئەو كاڵایەیە بوو پڕ بەبەری ماغوت و سەنییە ساڵحی هاوسەری دوورابوو.

بەڵام ناو و شۆرەتی ماغوتی مێرد، سەردەكەوێ و دەبێتە سێبەرێكی زەبەللاح كە (سەنییە ساڵح)ی تیا ون ببێ. ماغوت پێی لەمە ناوە (ناوی من وای كردبێت ئەو فەرامۆش بكرێت. ڕەنگە ناوی من ئازاری دابێت، چونكە بەسەر ئامادەبوونیدا زاڵ بوو، سەنییە شاعیرێكی گەورەیە لە وڵاتێكی بچوكدا ل١٤).

ماغوت لە ١٩٣٤ و سەنییە لە ١٩٣٥ لەدایك بوون. سەنییە لە ١٩٨٥ و ماغوت لە ٢٠٠٦ كۆچی دوایی ئەكەن. سەنییە ساڵانێك پێش مردنی تووشی شێرپەنجە دەبێت. دیوانی (نێرینەی گوڵ)ی، سەروەختی نەخۆشكەوتنەكەی نووسییووە.

ئەوانەی ئاشناییان لەگەڵ بەرهەم و كاری مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی هەبێت، درك بەجیاوازی و شێوازی كاركردنی ئەو دەكەن. بەو مانایەی هەوڵێكی بەرچاو دەدات تا تەماس و بەرییەككەوتنێكی پتەو لەنێوان وەرگر و دەقدا بڕەخسێنێ. لەم كتێبەشدا ئەم تایبەتمەندێتییەی ڕەچاو كردووەتەوە.

لە كتێبی (گەردنێك نەماوە بۆ سەربڕین) جگە لەو وتارەی (لەبارەی محەمەد ماغوتەوە)نووسیوویە، بەشێكی درێژ لەو چاوپێكەوتنەی وەرگێڕاوە كە چەند ساڵێك بەر لە مەرگی ماغوت، (عەبدە وازن)ی شاعیر و ڕۆژنامەنووس لەگەڵیدا سازی كردووە.

لەهەمبەر ئەوەشدا وتارێكی چڕ و دەوڵەمەندی بەناوی (لەبارەی سەنییە ساڵحەوە)نووسیووە، جگە لە (چەند بڕگەیەك لە بۆچوونی خالیدە سەعیدی ڕەخنەگرەوە سەبارەت بە سەنییە ساڵح) چەندین ڕستە و بۆچوون و بڕگەی وتارێكی سەنییە بە ناوی (سپێدەیەك كە پێی ئەڵێن شیعر)ی وەرگێڕاوە. لێكۆڵینەوەیەكی خۆیشی بەناوی (دەركەوتەی كولتوورویستی لە شیعری كوردیدا ــ شیعری مەحمود دەروێش و محەمەد ماغوت بەنموونە)ی نووسییووە و (٢٧) لاپەڕەی كتێبەكەی بەركەوتووە.

سەنییە ساڵح خوشكی خالیدە سەعیدی ڕەخنەگر و هاوسەری( ئەدۆنیس)ە. جووتە ئاوەڵزاوا شاعیرن و شاعیرگەلێكی ناودار و بەناوبانگ (هەرچەندە بەهۆی ئەم پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەوە لەیەكتری نزیك بوونەتەوە، بەڵام وەك پەیوەندی ئەدەبی، پەیوەندییان لە هەڵبەز و دابەزدا بووە ل١١).

لە كتێبی(گەردنێك نەماوە بۆ سەربڕین) ٣٦ دەقی شیعری وەرگێڕدراوی سەنییە ساڵح و ٢٨ دەقی شیعری مەحەمەد ماغوتی تیادا دەبینین.

خالیدە سەعید لەمەڕ شیعرەكانی خوشكەكەی دەڵێت:

“شیعری سەنییە جیاواز بوو لە شیعری كەسی نەئەكرد و خۆی نەدابووە پاڵ هیچ ڕەوتێك، شیعری خەمێكی كێوییانە بوو كە لەجەوهەری مێیینەیی خوڵقێنەرێكی پێكراو هەڵقوڵا بوو، خوڵقێنەرێك كە بەدرێژایی مێژوو چەوساوە و هاڕاو بوول٢٤.

كە نۆبەرەی شیعری (محەمەد ماغوت) دەردەچێت، هەرایەكی گەورەی ئەدەبی دەنێتەوە، نازك مەلائیكەی شاعیر كە بە پێشەنگی شیعری سەربەست لە قەڵەم دەدرا، شیعرەكانی ماغوتی بە پەخشانێكی ڕووت دائەنا، نەك شیعر ل١١. ئەو بۆچوونەی نازك مەلائیكە ڕەنگی دایەوە تا ئەوەی بە شیعری پەخشانی ناوزەدی بكەن. خالیدە سەعید لە سەرەتای شەستەكاندا بوێرانە هەڵەكانی نازكی چاككردەوە و سەلماندی كە شیعری محەمەد ماغوت شیعری سەربەستن ل١٢.

گەر بەخێرایی ڕاگوزەرێك بە شیعرەكانی سەنییە ساڵح بكەین، ئەستەمە بەر لەهەموو شت  ناونیشانی دەقە شیعرییەكان هەڵوێستەمان لا دروست نەكات بەنمونە.. (مرەكەبی لە سێدارەدان)، (دوو پێڵوو لە گیا)، (نێچیری خۆڵەمێشی)، (ئافرەتێك لە دەباشیر)، (ڕامبۆی هەزار و بۆدلێری بیست)، (قەلەڕەشێك داوای لێ بووردن ئەكات)، (كوا پاڵەوانی نوستن)، (درەختێك لە خەودا ڕێ دەكا).

مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجیش ناونیشانی كتێبەكەی لە دێڕە شیعرێكی ناو شیعری (دەربەندی هەوا)ی وەك ناونیشانی كتێبەكەی هەڵبژاردووە، محەمەد ماغوتیش لە دیوانی (شرق عدن.. غرب اڵله) ئەوەی كردووە.

سەنییە ساڵح دەربارەی شیعر دەڵێت:

ناكرێت بەساردوسڕی، كپی و ڕوئیا بگوێزینەوە. پێویستە كڵپە بسێنێت و بگاتە لێواری كۆڵان. یان زمانی شیعر قورسترین زمانە لە نێو زمانەكاندا ل٢٨.

 لە شیعری (درەختێك بەر ئەبێتە دڵمەوە) وتووییەتی:

ئەو گوڵەیشی ڕووبەڕووی پاییز ئەبێتەوە،

بەسەر ڕەگەكانیدا شۆڕ ئەبێتەوە…

لێرە و لەوێ فرمێسكەكانی

وەك بەرتیلێك بۆ ڕەشەبا و پەرش و بڵاو ئەكاتەوە

تا لەسەرخۆ بێت،

چونكە تەنیایی بكوژە

زستانیش سەختە و ترسناك ل٨٦

بەو ئومێدەی مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی بەشەكانی دیكەی پرۆژەكەی، بە ئێمەی خوێنەر ئاشنا بكات.

ڕیشەکێشکردن و دیکتاتۆریی تاکباوەڕی لە عێراقدا
نووسینی: سۆز هادی
ئەوەی کە هەمیشە مێشکم داگیر دەکات لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکانی باقر یاسیندا، ئەوەیە کە چەن بێئاگابووین لەو هەموو کوشتارەی کە لە عێراقدا رووی یاوە یاخود چەن بێباکانە رەفتارمان لەگەل مێژووی ولاتەکەمان کردووە. بەجۆرێک تاکی گەلی عێراق خەلەفێنراوین، کە بێ ئاگاین لە بەشێکی زۆری ئەم مێژووە ڕەشەو هەمیشە لە ژێر هەژموونی کۆمەلێ کتێبدا بووین کە تەنها رووە جوانەکەی پشانمان یراوە. نوسەر (باقر یاسین )بەشێوەیەکی زۆر بێ لایەنانە باس لە هەموو ئەو ڕیشەکێشکردنانە دەکات کە لە هەزارەی سێیەمی پ.ز و هەزارەی سێهەمی پاش زاین رویان داوە.
نوسەر لەم کتێبەدا کە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویە زەمینەی شۆڕشێکی ئێجگار فکری بۆ خوێنەران خۆش کردووە، هەمیشە لەگەل خوێندنەوەیدا بەر کۆمەڵێ پرسیار دەکەویت کە زۆرجار وەلامەکەت لەگەل خوێندنەوەی دەست دەکەوێت و بە بێلایەنانە ستەم کارو ستەم لێکراومان بۆ دەخاتەروو.
لێرەدا نوسەر ئامانجی دەرخستنی ئەو لایەنانە نییە یاخود نوسینەوەی مێژوو نییە چونکە مێژوو تۆمارکراوە و نوسراوە و دیکۆمێنت کراوە، بەڵکو دەرخستنی سیستمی سیاسی و دەسڵاتدارانی سیاسی و گەلی عێراقە و پشتڕاستکردنەوەیەتی لە بوون و پراکتیزەکردنی ئەم تیۆرە پاکتاوییە باوەرمەندییە، دەرخستنی کاریگەرییەتی لەسەر دروستکردنی رەفتاری تاکی عێراقی (دوفاقی).
ئامانجی ئەوەیە کە دورکەوینەوە لەو هەڵانەی کە لە رابردوو رویان یاوە دورەپەرێز بین لە دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو، لە کاتێکدا دەبینین روداوەکان لە هەموو سەدەیەکی عێراق هاوشێوە دەبنەوە.
ئەم کتێبە هەم زەمینەیەکی ئێجگار بەسودە بۆ لایەنە مێژوویەکەی هەم ئاتاجییەکی فرەگرنگە بۆ دەسەڵات بەدەستان، بۆ دورکەوتنەوە لەو جۆرە حوکمڕانییە تاکباوەرەی کە هەمیشە شوێنی خۆی لە عێراقدا خۆش کردووە و پشاندانی لایەنە نەرێنییەکانی ئەو دەسەڵاتەیە پێیان.
کتێبەکانی باقر یاسین شەپۆلێکی ڕۆشنبیریی ئێجگار گەورەی هەڵگرتووە لەگەڵ خۆیدا کە پێوستە هەر تاکێک پێی ئاشنا بێت و بیخوێنێتەوە، بۆ ڕزگاربوون لەو چوارچێوە مێژووییەی کە هەمیشە بۆمان ڕازێنراوەتەوە و خراوەتە بەردەستمان.
دیالۆگ لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا

 

بابەتەکانی نێو دوتوێی ئەم کتێبە، بریتییە لە کۆمەڵێک دیداری جیاجیا لەگەڵ چەندین کەسایەتی و فیگۆری ڕۆشنبیری و ئەدەبی و فەلسەفی و سیاسی و فیکری، دیدارەکان لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئەردەڵان عەبدوڵڵا) ئامادەکراوە، بەشێکیشیان وەرگێڕدراون و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

بابەتی دیدارەکانی نێو ئەم کتێبە، بریتین لە: چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر و بیرمەندی ناسراوی هیندی (ئارونهاتی ڕۆی)دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆماننووسی ئێرانی مەحمود دەوڵەت ئابادی، چاوپێکەوتن لەگەڵ فەیلەسووفی فەڕەنسی (جاک بوفریس) دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە نووسەری عێراقی (هەدیە حسێن) دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەریناوداری بەڕازیلی (پاولۆ کۆیلۆ) دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا (کۆندەلیزا ڕایس) دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر و فیلمساز و ڕووناکبیری ناوداری ئەفغانی فەڕەنسی نووس(عەتیق ڕەحیمی) دا، ئاخۆ سیستەمی سەرمایەداری بەردەوام دەبێ/ گفتوگۆیەک لە نێوان (نۆربێرت ڤاڵتەر و ئاڵمار ئاڵتڤاتەر) دا، چاوپێکەوتن لەگەڵ فەیلەسووف و سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی (ئێدگار مۆران) دا، هاوکات چاوپێکەوتن لەگەڵ  (سەڵاح نیازی) و ژنە نووسەری ناوداری میسری (شیرین فیقهی) و دەرهێنەری ئەمیکی (ستیڤن سپیلبێرگ) و شانۆکاری عێراقی (وسف ئەلعانی) و نووسەر و ڕووناکبیر (فالح عەبدول جەبار) دا.

وەک لە پێڕستەکەدا دەردەکەوێت، چاوپێکەوتنەکان لە چەند ئاستێکدان و دواجار پێکەوە دیالۆگی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێکدەهێنن و لەمەڕ ئەو پرسە و کێشە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەو دوو کیشوەرە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەی وا دەکات ئەم دیالۆگە دروست بێت و لەم کتێبە و دیدارەکاندا ڕەنگ بداتەوە، دۆخی فیکری و کولتووری و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئایینی و پێگەی چینایەتی و ئابووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نییە وەک دوو سەرزەمینی جیاواز بە تەنیا، بەڵکو ئەو گفتوگۆ کولتووری و ڕۆشنبیری و سیاسی و ئەدەبی و فیکرییە قووڵەشە، کە لەسەر کێشەکانی ڕۆژهەڵات و دونیای ڕۆژئاوا دەکرێت، بە تایبەت کاتێ گفتوگۆکان لە زاری نووسەران و ڕۆشنبیرانی خاوەن پێگەی تایبەتەوە بێت، ئەوا سەنگ و بەهای زیاتر پەیدا دەکات.

گفتوگۆکانی نێو ئەم کتێبە هەم بەچێژن و هەم پڕ لە زانیارین، بەچێژن چونکە سازدەرانی چاوپێکەوتنەکا بە وردی پرسیار دەکەن دەست بۆ ئەو دیو سنوورەکان دەبەن، بەسوودیشن چونکە وەڵامەکان تێرن و لە باگراوندێکەوە دەدوێن کە پشتئەستوورە بە ئەزموونی ژیان و خوێندنەوە و دونیابینی سەردەمیانە، لەمەڕ کێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵات، ئامادەکاری ئەم کتێبە لە پێشەکییەکی کوردتدا دیدی خۆی خستۆتە ڕوو و پێی وایە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دوو ناوچەی جوگرافیایی جیاواز و دوو شوێن و چەمکی دژیەکن، پێدەچێت لە ڕووی جوگرافییەوە هێندە جیاوازییان نەبێت، بەڵام لە ڕووی فیکرییەوە زۆر لە یەکتر دوورن و دەشڵێت: لەوانەیە مێژوو، ئایین، جۆری ژیان و سیستەمی سیاسی و ئابووری، هۆکاری سەرەکی بن بۆ دروستبوونی ئەم لێکترازانە و لەیەکتر دوورکەوتنەوەیە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکی و جیاوازییە مێژووییانە، چەند خاڵێکی جوان و گرینگی هاوبەشیش لەنێوانیاندا هەیە کە دەتوانێت ئەم دوورییەی نێوان کەم بکاتەوە.

بە بۆچوونی (ئەردەڵان عەبدوڵڵا) ئەوانەی کە دەتوانن ئەم کارە ئاڵۆز و قورسە بە ئەنجام بگەیەنن، نووسەران، بیرمەندان و هونەرمەندانن، ئەوان دەتوانن ئەم پردە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا دروست بکەن، ئامادەکاری ئەم کتێبە، هەر لەم کتێبەدا هەوڵی داوە شوێنێکی تایبەت بۆ ژنان بکاتەوە، بە تایبەت نووسەری ژن، چونکە بە بڕوای ئەو، زۆر جار کەمتر چاوپێکەوتنی ژنی نووسەر و بیرمەند، وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی.

یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی نێو ئەم کتێبە، تایبەتە بە نووسەر و بیرمەندی ناسراوی هیندی (ئارونهاتی ڕۆی) ئارونهاتی یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی هیندستان و ساڵی ١٩٩٧ ڕۆمانی (خودای شتە بچکۆلانەکان)ی نووسی و بەهۆی ئەم ڕۆمانەوە بە هەموو جیهان ناسرا و لە هەمان ساڵدا خەڵاتی بەناوبانگی (پۆکەر)ی وەرگرت، ئەم نووسەرە هیندییە تەنها لە بواری ئەدەبدا چالاک نییە، بەڵکو لە بوارەکانی سیاسەت و مافی مرۆڤ و بزافی دژەگڵۆباڵیزم و بزافی ئاشتیشدا چالاکی هەیە، ڕۆی لەو چاوپێکەوتنەدا باس لەوە دەکات کە لە ئەمریکا و ئەوروپا و چین و هیندستاندا، دەستەبژێرێک هەیە کە لە دژی ئەمان شەڕ دەکەن، هەموو دەسەڵات، سیاسەتی ڕاستەقینە و وزە، پەیوەندی بەوانەوە هەیە و دەشڵێت: ئەمڕۆ چینێکی ناوەنجیی تۆتالیزم هەیە کە شادەمارەکانی ژیانی کولتووری و ئابووریی هیندستانی کۆنترۆڵ کردووە و لە ماوەی ئەم بیست ساڵەی دواییدا بە تەواوەتی گۆڕاوە.

یەکێکی تر لە چاوپێکەوتنە جوان و چێژبەخش و گرنگەکانی نێو ئەم کتێبە، بریتییە لە دیدارێک لەگەڵ نووسەری ناوداری ئێرانی (مەحموود دەوڵت ئابادی) ئەم نووسەرە ساڵی ١٩٤٠ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران لەدایکبووە و خااوەنی شاکاری (کەلیدەر)ە، کە ڕۆمانێکی دە بەرگییە، لەگەڵ ڕۆمانی بەناوبانگی (کۆڵۆنێل) کە ساڵی ٢٠١٠ کراوە بە ئەڵمانی، لەم چاپێکەوتنەدا مەحموود دەوڵەت ئابادی ڕوبۆچوونی خۆی دەبارەی شکستی ناڕەزایی و بزووتنەوەی سەوزی ئێران و هەروەها دەربارەی ئەدەب و سانسۆر لە دەوڵەتی ئایینسالاردا دەردەبڕێت.

لەم چاوپێکەوتنەدا دەوڵەت ئابادی سەبارەت بە سانسۆر و قەدەغەکردنی چاپکردنی ڕۆمانی کۆڵۆنێل لە وڵاتی ئێران. باس لەوە دەکات کە دەستنووسی ئەم ڕۆمانەی چەند ساڵک پێش ئێستا پێشکەش بە دەزگای سانسۆری ئێرانی کردبوو و ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم ڕۆمانە باسی ڕووداوەکانی پێش ئێستا دەکات و دەڵێت: ئەم ڕۆمانەم بیستوپێنج ساڵ بەر لە ئێستا نووسیوە، بەڵام هەر دوام دەخست، چونکە حەزم نەدەکرد ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ وەکو وتارێکی سیاسی بخوێنرێتەوە، هەر بۆیە خۆم لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی دواخست، بە بڕوای من ئەدەب نابێ لە ناو سیاسەتی ڕۆژانەدا کورت بکرێتەوە، ئەوە کاری تایبەتی میدیایە کە ڕۆژانە هەواڵی باری گشتیی وڵات بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەدەب کارێکی تری هەیە.

ئایا فەلسەفە کاڵایە؟ ئەمە ناونیشانی شاوپێکەوتنێکی نێو ئەم کتێبەیە لەگەڵ فەیلەسووفی فەڕەنسی (جاک بوفریس) ئەم فەیلوسووفە بەوە ناسراوە کە خاوەنی هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەیە دژ بە چەواشەکاریی میدیایی و فەلسەفی، جاک لەم چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بەوە دەکا کە دوو هەڵوێستی تووندڕەوانەی لە مێژووی فەلسەفەدا هەن کە پێم وایە هەردووکیان پێکەوە شتێکی نامەعقول و دەڵێن: لە لایەکەوە هەندێ مێژوونووس لە ڕێگای خەونەوە دەیانەوێ لە هزری ڕووناکبیرانی پێشوو بگەن، ڕێک وەکو ئەوەی لەگەڵ ئەواندا ژیابن، هەوڵ دەدەن لە ڕێگای شێوازێکی ئیفترازییەوە خوێندنەوە بۆ خەڵکانی سەردەمی دیکارت بکەن، وەکو ئەوەی کە لە سەدەی حەڤدەوە لە بواری هزردا هیچ شتێک نەگۆڕابێت، لە لایەکی تریشەوە نەریتێکی خراپ هەیە کە وا لە هەندێ دەکات وا مامەڵە لەگەڵ فەیلەسووفەکانی پێشوو بکەن، وەک بڵێی لە ئێستادا دەژین، وەک بڵێی کێشەکانی ئەمڕۆمان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ کێشەکانی پشوودا نەبێت.

لە لایەکی ترەوە و هەر لەم کتێبەدا، چاوپێکەوتنێکی گرنگ لەگەڵ ژنە نووسەری عێراقی (هەدیە حسێن) ساز کراوە، هەدیە خاوەنی حەوت ڕۆمانە و ساڵانی نەوەدەکان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ناوی دەچێتە لیستی ڕەشەوە، بۆیە بە ناچاری  لە کۆتایی نەوەدەکانەوە وڵات جێ دەهێڵێت و ڕوو دەکاتە وڵاتی ئوردون و هەر حەوت ڕۆمانەکەی لەو وڵاتە عەرەبییە دەنووسێت، دواتر دەبێتە کەسێکی تاراوگەنشین و ڕوو دەکاتە ڕۆژئاوا، دوورکەوتنەوەی لە عێراقی ژێر ستەم و دیکتاتۆری، پەنجەرەیەک دەبێت و لەم ژنە نووسەرە چالاکە دەکرتێتەوە و تیایدا ئازادانە و بوێرانە لە ڕۆمانەکانیدا باس لە جەنگ و وێرانبوونی عێراق و دەسەڵاتی دیکتاتۆری و چەوساندنەوەی ڕژێمە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکەی بەعس دەکات.

هەدیە حسێن، لەم چاوپێکەوتنەیدا کە سیازدە ساڵ بووە عێراقی جێهێشتووە دەڵێت: پاش دەرچوونم لە عێراق، لە سەرەتادا زۆ بە نهێنی پەیوەندیم لەگەڵ نووسەرانی ناوخۆی عێراقدا هەبوو، چونکە من لە لای ڕژێمی پێشوو، ناوم لە لیستی ڕەشدا بوو، بەڵام پاش ڕووخانی ڕژێم، واتە ساڵی ٢٠٠٣ کارەکان ئاسان بوون و لە ڕێگای تەلەفوون و هێڵی ئینتەرنێتەوە پەیوەندیم هەیە لەگەڵ نووسەرە عێراقییەکاندا.

ئەم ژنە نووسەرە عێراقییە، لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی لە وڵات کە چ کارێکی کردووەتە سەر ئەوەی ئازادانەتر دەربکەوێ و بنووسێت؟ دەڵێت: من ساڵی ١٩٩٩ عێراقم بەجێ هێشتووە، بەڵام هیچ کات وەکو شوێن لە کاتی نووسیندا لێی دوور نەکەوتوومەتەوە، شوێن و کەسایەتیی هەر حەوت ڕۆمانەکەم عێراقین، هەروەها من دژی ئەو جەنگە دەنووسم کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرۆکی وڵاتەکەمی گرتبوو، لەو کاتەدا من لە وڵاتەکەم دوور کەوتمەوە، وڵاتەکەم لە من نزیک بووەوە، ڕێک وەکو ئەو تابلۆیەی کە چەند لێی دوور بکەویتەوە، جوانتر دەردەکەوێت.

بە گشتی کۆی چاوپێکەوتنەکان گرنگ و بەسوود و بەچێژن، خوێندنەوەی ئەم کتێبە، واتە ئاشنا بوون بە دید و دونیابینی کۆمەڵێک نووسەر و فەیلەسووف و بیرمەند بۆ پرس و کێشە تازەکانی دونیای نوێ، واتە تێگەیشتن لە کۆمەڵێک چەمک و بابەتی نوێی دونیای ئەمڕۆمان، بەتایبەت دنیای تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت و کارییگەرییەکانیان لەسەر دنیای کتێب و نووسەر و خوێنەران، لەم پرسەدا نووسەری ناوداری بەڕازیلی (پاولۆ کۆیلۆ) کە خۆی یەکێکە لە بەکارهێنەرە بەردەوامەکانی ئینتەرنێت و زۆربەی پەیوەندییەکانی لە ڕێی ئینتەرنێتەوەیە، بە وردی باس لە چارەنووسی کتێب و خوێنەر و کتێبخانە دەکات لە سایەی پێشکەوتنی زانست و پەرەسەندنە تەکنەلۆجییەکانی دنیای ئەمڕۆدا.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە، تەنها ناساندنێکی چەند لایەنێکی کتێبەکەیە و  تۆی خوێنەر، بە خوێندەوەی کۆی چاوپێکەوتنەکان زیاتر سوودمەند دەبیت و بە شتی نوێ ئاشنا دەبیت، بە هیوام نووسەر و خوێنەری کورد، خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن.

ئیدریس عەلی


ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە چیرۆکی جیهانیی کۆمەڵێک نووسەری بەناوبانگ، کە پێگەی تایبەتیان لە ئەدەبیاتی جیهانیدا هەیە و کاریگەریی نووسین و چیرۆک و ئەندێشەکانیان بەسەر نەوەی سەردەم و پاش سەردەمەکەی خۆشیانەوە داناوە، هەر کام لە چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، هی نووسەرێکی جیهانییە و شێواز و زمان و تەکنیکی تایبەت بە خۆیان هەیە، تەنها خاڵی هاوبەشی نێوان چیرۆکەکان، بریتییە لە جوانی و چێژ و ئاستی بەرزی داهێنانیان، دەنا هەر یەک لەو چیرۆکانە، دنیا و فەزا و خەیاڵ و سروشت و ڕووداو و بەسەرهاتی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەکرێت بە جیا، یان یەک لە دوای یەکیش بخوێنرێنەوە، لە ڕاستیدا بوونی هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی جیهانی و ئاست بەرز لە دووتوێی کتێبێکدا، بۆ خۆی گرنگی تایبەتی هەیە، ئەگەر لە لایەکەوە خوێنەر و نووسەری کورد ئاشنا دەکات بە دونیابینی و تەکنیک و شێوازی چیرۆکنووسی کۆمەڵێک نووسەری داهێنەری جیهانی، ئەوا لە لایەکی دیکەوە کتێبخانەی کوردی دەبێتە خاوەنی یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئەو هەڵبژاردە چیرۆکانەی کە تاکو ئێستا لە لایەن چەند وەرگێڕێکی دیار و ناوداری کوردەوە وەرگێڕدراون.

کتێبی (خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا) لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) وەک تەواوی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی دیکەی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش و زمانێکی ئەدەبیی باڵا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بە هۆی زمانپاراوییەوە هێندەی تر چێژ و جوانیی بە چیرۆکەکان بەخشیوە.

لە ڕاستیدا وەرگێڕی ئەم هەڵبژاردە چیرۆکە جیهانییە، تەنها زمانزانێک نییە و تێکستی بیانی وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بەڵکو هاوکات ڕووناکبیرێک و ڕۆشنبیرێکی دیاریشە و تا ئەندازەیەکی زۆر ئاگاداری بابەتە فکری و فەلسەفی و عیرفانی و ڕۆحییەکانیشە و لەو بوارانەشدا کۆمەڵێک کتێبی دەگمەن و دانسقەی وەرگێڕاوە و پێشکەشی خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کردووە، هاوکات لە بواری وەرگێڕانی پێچەوانەشدا، کۆمەڵێک کتێبی شاعیرانی کوردی وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی، ئەمە جگە لەوەی کە خۆیشی لە بواری نووسینی کورتە چیرۆکدا ئەزموونی هەیە و خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێکە بە ناوی (تەرمی نە ناسێک) کە پێکهاتووە لە پێنج چیرۆک، ئازاد بەرزنجی بە وەرگێڕانی ڕۆمانی (چاوەکانی) نووسەری گەورەی ئێرانی (بزورگی عەلەوی) دەچێتە ناو کاروان و بزاوتی وەرگێڕانەوە وەک سەختترین و بەرپرسانەترین کار ژیانی خۆی بۆ نووسین و وەرگێڕان تەرخان دەکات و  تاکو ئێستا کۆی ئەو کتێبە جۆراوجۆرانەی وەری گێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، نزیکەی شەست و دوو کتێب دەبن.

کتێبی (خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا) کە تازەترین کاری وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجییە، خۆی لە بیست و حەوت چیرۆکی هەڵبژاردەی جیهانی دەبینێتەوە و هەر یەک لەو چیرۆکانە نووسەری سەر بە کولتوور و وڵات و شارستانییەتێكی جیاواز نووسیویەتی، چیرۆکەکانیش بریتین لە : تەنیایی… موباسان، ئەو پیاوە مەزنەی کۆچی دوایی کرد… لویجی پیراندێللۆ، سیمای غەمگینم… هاینریش بۆڵ… یەکەمین سواڵ… ویلیەم مارچ، ڕاوچی… یەشار کەمال، مشکەکانیش بە شەو دەخەون… ڤۆڵفگانگ بورشێت، نان… ڤۆڵڤگانگ بورشێت، خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا… موشانوکوجی، باج… خۆلیۆ ڕامۆن ڕییە ئیرۆ، نەرمەبارانێکی سارد… خوان دی لاکابا، چاوی شین… ئۆکتاڤیۆ پاز، چوار کورتیلە چیرۆک… کارکس فۆینتس، لەبەرئەوەی هەژارین… خوان ڕۆڵفۆ، سەگێک ناوەڕێت… خوان ڕۆڵفۆ، ماکاریۆ، خوان ڕۆڵفۆ، بەتەنها کەفی سابوون بەسە… هێرناندۆ تیللیز، بووکەشووشەی ساڵی ١٩٤٦… یوسف سامی دۆغڵو… چیۆکێکی جامایکایی… ئەی ئێڵ هەندریکس، ئیرین… ئەندریێ مۆروا، دەمەوپاییز… لانگستن هیوز، ئەمەکداری… یۆکیۆ میشیما، ٢٥ی ئابی ١٩٨٣… خۆرخێ لویس بۆرخیس، دیسک… خۆرخێ لویس بۆرخیس، جووجەڵەی مل هەڵکەنراو… ئۆراسیۆ کیرۆگا، جوانترین پیاوی خنکاو لە جیهاندا… گارسیا مارکیز، بۆگەنی تەرمەکە… سێرگیۆ ڕامبێرز، بووکێ (دوا چیرۆکی چیخۆف) ئەنتۆن چیخۆف.

هاوکات وەرگێڕی ئەم هەڵبژاردە چیرۆکە جیهانییە، لە پێشەکییەکی کورتدا، ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم کۆمەڵە کورتە چیرۆکە، بەرنامەیەکی تایبەتی لە شێوە و شێواز و تەکنیک کۆی نەکردوونەتەوە، بەڵکو هەڵبژاردنیان تەنیا پەیوەست بووە بەو کاریگەرییەی چیرۆکەکان لەسەر خودی وەرگێڕ جێیان هێشتووە، جگە لەوەی زۆربەی چیرۆکەکان وێڕای شێوە و تەکنیک و فەزا و زمانی جیاوازیان، پەیامێکی ئینسانی پێکەوە گرێیان دەدات و هەستێکی تراژیک بەناویاندا گوزەر دەکات، ئەگەر ئەم نووسەر یان ئەو نووسەریش پتر لە چیرۆکێکی تەرجمە کرابێت، ئەوا هەر لەم ڕوانگەیەوە بووە و ڕێکەوت لەگەڵ یەکتریدا کۆی کردوونەتەوە… بە گشتی سەرجەم چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، لە زمانی عەرەبی، یان فارسییەوە وەرگێڕدراوەنەتە سەر زمانی کوردی.

لە ناساندنی ئەم کتێبەدا هەوڵم داوە خۆم بە دوور بگرم لە باسکردنی چیرۆکەکان و ڕووداو و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و کارەکتەرسازی و فەزای گشتی چیرۆکەکان و لەو کارە گەڕاوم بۆ ئەوەی خوێنەر بە هەناسە و تێگەیشتن و خەیاڵی تایبەت بە خۆیەوە بەر چیرۆکەکان بکەوێت و گەشت بە ناو ڕووداوەکانیدا بکات، هێندەم پێ بەس بووە کە خوێنەر ناوی چیرۆک و نووسەرەکانیان بزانێت کە هەر یەکەیان لە ئاست و پێگەیەکی بەرزی نەخشەی ئەدەبیدان، ئەمە لە کاتێکدا ئازاد بەرزنجیش وەری گیڕابێتە سەر زمانی کوردی، ئیدی دڵنیام خوێنەر خۆیان بێبەش ناکەن لە چێژی خوێندنەوەی ئەم کتێبە.

 

سەفەرێک لە ناوەوە… سەفەرێک لە دەرەوە


وەک چۆن (کارل مای) گەشتنامە و سەرەڕۆییەکانی سەفەر و گەڕانە خەیاڵییەکانی خۆی بە دونیادا نووسییەوە و کردنییە بەرهەمی ئەدەبی وەک ڕۆمان، زۆر دەمێکیشە لە چیرۆکەکانی هەزارویەک شەوەوە سیندبادی بەحری و سەفەرە سەرەڕۆییەکانی (مان بیوستون) و کەسانی وەک ئیبن بەتتوتە و مارکۆ پۆلۆ و ئەولیا چەلەبی، بەسەرهات و گەشتەکانیان وەک گەشتنامە گێڕاوەتەوە، تەنانەت لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەشدا چەندین ڕۆماننووسی وەک (فریدریش گێڕشتێکەر)ی ئەڵمانی و (جەیمس کوبەر)ی ئەمریکی، خەیاڵیان تێکەڵ بەو ڕوداوانە کردووە، کە خۆیان بینیویانە یان تیایدا ژیوان… بە هەمان شێوە نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کرد (ڕەووف بێگەرد)یش، لە کتێبی: بەرەو کەناری شپرزەییدا، سوود لە گەشتێکی کورتی خۆی دەبینێت و لە شێوەی گەشتنامەیەکی جوان و سەرنجڕاکێشدا بۆمان دەگێڕێتەوە.

بێگومان ناوی نووسەر و  وەرگێڕ (ڕەووف بێگەرد) لە دونیای ئەدەبی ئێمەدا، ناوێکی نامۆ نییە و بەهۆی ئەو بەخششە زۆرەی لە بواری نووسین و وەرگێڕاندا پێشکەش بە خوێنەران و کتێبخانەی کوردی کردووە، زۆربەمان ئاشنایەتیمان لەگەڵیدا هەیە و دەیناسین.

کەم خوێنەر نووسەر هەیە ئەگەر بە خێڕایی چاوێك بە کتێبخانەکەی ماڵەوەیدا بخشێنێت، ناوی ڕەووف بێگەر لەسەر دەیان کتێب، کە زۆربەیان شاکاری وەرگێڕدراوی جیهانین نەبینێت، ئەمە جگەی لەو ئەزموونە دەوڵەمەند و جوانەی لە بواری نووسینی چیرۆک و کورتە چیرۆکدا هەیەتی.

ڕەنگە ڕۆمانەکانی کازانزاکیس و دۆستۆیفیسکی و چیرۆکەکانی چیخۆف و نامەکانی کافکا و چەندینی تر، جوانترین شوناس بن تا بەرهەمە ئەدەبییە زۆروزەوەندەکانی ئەم نووسەرەی پێ بناسینەوە، ڕەنگە هەر خودی ئەو بەرهەمانەش گەواهیدەری ئەو ڕاستییە بن، کە ئەم نووسەر و وەرگێڕە دەگمەنەی کورد، خاوەنی چ زمانێکی سیحری و چ کوردییەکی پاراو و شیرینە، کە بە بۆچوونی زۆرینەی ئەوانەی کتێبە وەرگێڕدراوەکانی (بێگەرد)یان خوێندۆتەوە، وایان زانیوە لە بنەڕەتدا تێکستەکە هەر بە کوردی نووسراوە.

ئەو زمانپاراوییەی لە کتێبە وەرگێڕدراو و نووسین و چیرۆکەکانی ڕەووف بێگەرد دا هەیە، تەواو لە کتێبی (بەرەو کەناری شپرزەیی) دا، ڕەنگی داوەتەوە، خوێنەر لەم کتێبەدا بە ناو چێژی زماندا دەڕوات و بەر دەیان ساتەوەختی خۆش و غەمگین و ڕووداوگەلی جۆراوجۆر دەکەوێت، کتێبی بەرەو کەناری شپرزەیی، بەرهەمی سەفەرێکی نووسەرە بۆ کیشوەری ئەوروپا، گەشتی مرۆڤێکی تەنیایە کە یەکەم جاریەتی سەفەرێکی ئاوا دوورودرێژ بە فڕۆکە دەکات، لە کولتوور و شارستانییەت و وڵاتێک و کیشوەرێکەوە دەفڕێت بۆ سەرزەمینێکی دوور و ڕووناک و کولتوور و شارستانییەتێکی تەواو جیاواز، ئەم کتێبە بینین و خوێندنەوەی نووسەرێکی بە ئەزموون و پڕ لە وردەکارە، بۆ پنت بە پنتی ئەو شوێن و کەسانەی کە دەکەونە قەڵەمڕەوی بینین و گەشتە ڕۆحی و جەستەییەکەیەوە.

بەرەو کەناری شپرزەیی، لە فۆڕمدا تەنها سەفەرنامەیەکە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا چێژی ڕۆمانێکی جوانی هەیە، چونکە جگە لە دەنگی گێڕەرەوە، چەندین دەنگی دیکە بە سیفەت و تایبەتمەندی و ڕەهەندی سایکۆلۆجی و سروشتی مرۆییانەی خۆیانەوە دەبیسترێن و کۆمەڵێک ڕووداو دەگێڕێتەوە کە هەم دەشێت واقیعی و ڕاستی بن، هەم دەشێت بەرهەمی خەیاڵ و فەنتازیای نووسەر بن.

دەستپێکی گەشتەکە لە وڵاتی ئێرانەوە دەست پێدەکات و نووسەر دیمەنی شپرزەیی و خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە ناو تاکسییەکدا، گفتوگۆی نووسەر و شۆفێری تاکسییەکە لە ڕێگای چوون بەرەو فڕۆکەخانەیە کە نووسەر لێیەوە گەشتەکەی بۆ کیشوەری ئەوروپا دەست پێ دەکات، لەو گفتوگۆ کورتەدا قسە لەسەر مێژوو و ئێستا و ئەدەبیات و هونەر و موزیکی فارسی دەکرێت، باس لەو دۆخە ناهەموار و قەیرانە جۆراوجۆرانە دەکرێت، کە وڵاتی ئێرانی تێکەوتووە و مرۆڤەکانی داڕماندووە، سەیر لەوەدایە شۆفێرەکەش وەک نووسەر لە ئاستێکی بەرزی دەربڕین و گوزارشتدا قسە لەسەر شتەکان دەکات و کەسێکە تەواو ئاشنای مێژووی وڵات و ئەدەبیات و هونەرە و خاوەنی هۆشیارییەکی گشتیی ئەوتۆیە، کە خوێنەر خێرا دەزانێت ئەگەر بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێرانەوە نەبوایە، دەبوو ئەم شۆفێرە لە پێگەیەکی بەرزی ڕۆشنبیرییدا بوایە.

نووسەر لە کتێبی (بەرەو کەناری شپرزەیی) دا، بەوپەڕی وردەکاری و سەلیقەی ئەدەبیی کەسێکەوە کە زۆر ئاگاداری شێوازەکانی گێڕانەوەیە، کۆی ئەو ڕووداوانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە چاوی ئەمدا جێی سەرنج بوون، جوانییەکی دیکەی ئەم گێڕانەوەیە لەوەدایە، کە نووسەر پاشخانە ڕۆشنبیریی و مەعریفییەکەی خۆی بەکار هێناوە و هەر کاتێک باس لە وڵاتێک دەکات، ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندە مێژووییەکەی و باسێکی کورت لە کولتوور و ئەدەب و کەڵە نووسەرانی ئەو وڵاتە، تێکەڵ بە گێڕانەوە چڕەکەی دەکات و خوێنەر ئاشنا دەکات بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەو وڵاتە.

وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکی کورتی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، ئەم کتێبە بەرهەمی سەفەرێکی چەند وڵاتێکی ئەوروپا و سەفەرێکی بچووکی ناوەوەی خۆیەتی، دەرەوەیەکی جیاواز لە کرانەوە و کولتوور و شارستانییەت و دابونەریتی خۆی و دەروبەر و وڵاتەکەی، ناوەوەیەکی داخراو و گەمارۆدراوی ئەو ئەڵقە ئاسنینەی سەدان ساڵە لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا، ڕەگاژوی ناو و نۆرم و ئاکارەکانە و بەدەگمەن دەستی کردنەوە، یان شکاندنی بۆ براوە، کە وەک ئەنجامی تاکی ئێمەی زەلیل و بێتوانا کردووە و ئیراەی گۆڕان و یاخیبوونی نەهێشتووە.

نووسەر هەر لەو پێشەکییەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە سەفەرەکەی دەرەوەی کورت و سەرپێییە، بەڵام لە هەندێک بڕگەیدا لەژێر کاریگەریی بۆماوەکانی فاکتی دووەمدا جێگەیەک بۆ سەرنج و سەرسامبوون داگیر دەکات، ئەزموونێکە بۆ زیاتر خۆناسین کە لای من مەزنترین بەها و بەخشندەیی سروشتە بۆ مرۆڤ.

جێی ئاماژەیە، لە بەشی کۆتایی ئەم کتێبەدا گفوگۆیەکی من لەگەڵ مامۆستا ڕەووف بێگەرد بڵاوکراوەتەوە کە ماوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش لەگەڵیدا سازم کرد، لەو گفتوگۆیەدا من بەهۆی پرسیارە کونجکوڵییەکانمەوە سەبارەت بە دیوی ناوەوەی دونیای ئەم نووسەر و وەرگێڕە، خستوومەتە سەر کەڵکەڵەی درکاندنی هەندێک نهێنی و تایبەتمەندێتی ژیان و قۆناغی منداڵی و گەنجێتی و سەرەتاکانی دەستبردن بۆ پشکۆی نووسین و خوێندەوە و فەزای ڕۆشنبیری و کولتووری ئەو سەردەمەی ئەو تیایدا وەک نووسەرێکی چالاک دەرکەوت، بۆیە پێم وایە خوێنەر لەم کتێبەدا بەر دوو جۆر سەفەر دەکەوێت، سەفەرێک لە دنیاوە بۆ دنیا، سەفەرێکیش لە ناوەوە بۆ دەرەوە، کە من پێم وایە ئەم سەفەرەی دووەمیان، گەورەترین قەدەری سەفەری نووسەر و هەر مرۆڤێکە کە توانای ئەو سەفەر و گەشتەی ناوەوەی خۆی هەبێت.

بە گشتی نامەوێت لەسەر کۆی ڕەهەند و لایەنەکانی ئەم کتێبە قسە بکەم، ئەم نووسینەش تەنها هەوڵێکە بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەم خۆیان لە چێژ و جوانی و گرنگی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن، چونکە لە لایەکەوە بەر زمانێکی ئەدەبی باڵا و شێواز و تەکنیکێکی بەرزی گێڕانەوە دەکەون، لە لایەکی تریشەوە بە کۆمەڵێک ڕووداوی سەیروسەمەرە ئاشنا دەبن، ڕەنگە لە گەشت و سەفەرەکانی زۆرینەماندا نەبووبنە مایەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەر کردن، نووسەر لێرەدا ئەزموونی نیوسەدە لە خوێندنەوە و تێڕامان و نووسین و کارکردن لە ناو زمان و کولتوورەکانی تردا کۆکردۆتەوە و پێشکەشی خوێنەری کوردی کردووە.

کتێبی بەرەو کەناری شپرزەیی، چاپی دووەمیەتی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

 

ئیدریس عەلی

جێی دەستخۆشییە لەم دۆخە سەختەدا، کە وڵات بە جۆرەها قەیران و دۆخی نەخوازراودا تێدەپەڕێت، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ناو بە ناو بە کۆمەڵێک کتێبی گرنگ و دانسقە، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند دەکات و چاوی خوێنەر بە کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر ڕوون دەکاتەوە.

لەم کۆمەڵە کتێبە تازەیەدا کە بەم دواییانە دەزگای ناوبراو چاپ و بڵاوی کردنەوە، ڕۆمانی (مردووخانەکەی بەغدا) سەرنجت ڕاکێشام و چێژی خوێندنەوەی پێ بەخشیم، ئەم ڕۆمانە لە لایەن (بورهان شاوی) نووسراوە و (حەمەڕەشید) بە شێوەیەکی جوان و کوردییەکی پاراو و زمانێکی سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

ئەم ڕۆمانەش وەک بەشێکی زۆری ڕۆمانە عێراقییەکان باس لە زوڵم و چەوساندەوەی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو و دونیای دوای بەعس دەکات، مردووخانەکەی بەغدا، بە سروشتی خۆی خوێنەر پەلکێش دەکاتە نێو کۆمەڵێک ڕوودا و بەسەرهاتەوە، کە لە ساتی خوێندنەوەدا وا هەست دەکات بەو ڕووداوانە ئاشنایە، یاخود خۆی وەک تاکێک بەشدارە لەوەی نووسەر دەیگێڕێتەوە، هاوکات بینای کەسێتییەکانی هێند هونەریانە و شارەزایانە بونیاد ناوە، هیچ خوێنەرێک نییە هەست بە ڕۆحی خۆی نەکات لە ناو کارەکتەرەکاندا.

بە ڕووکەش ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لە نێو بەڕێوەبەرێتییەکدا ڕوودەدەن بە ناوی (مردووخانە) واتە ئەو شوێنەی کە مردووی بۆ دەبرێت و توێکاری لەسەر جەستەیان دەکرێت و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری مردنەکەیان دەکرێت، ئادەمی پاسەوان، شاکەسایەتیی ڕۆمانەکەیە و پاسەوانی مردووخانەکەیە، ئادەم نموونەی سەرجەم خەڵکی عێراقە، خەڵکە قوربانییەکەی دەستی سیستەم و دەسەڵات، ئادەم بۆ بژێوی خۆی و دایکە پیرەکەی دەبێت بە پاسەوانی مردووخانەکە، بەڵام لەگەڵ ڕەوتی ژیان و پیشەکەیدا، دەبێت بە شاهید و بینەری کۆمەڵێک ڕووداوی گەورە، ئەو ڕووداوانەی دوای لە کارخستنی بەعس لە بەغدای پایتەخت ڕوودەدەن، ئادەم کوڕێکی گەنجە و ئارەزوویەکی زۆری بۆ کتێبخوێندەوە و تەماشاکردنی فیلم هەیە، بەشێک لەو موچەی وەری دەگرێت تەرخانی دەکات بۆ کڕینی کتێب و فیلم، بێگومان شوێنی ژیان و کارکردنەکەشی هەر لە مردووخانەکەیە و لەو نهۆمەدایە کە مردووەکانی تێ دەخرێتە ناو ساردکەرەوە، بیرکردنەوە لە مەرگ و ژیان و ژیانی دوای مردن، دەبێتە کەڵکەڵەی مێشکی ئادەم، چونکە ئەو ڕۆژانە لەگەڵ لاشەی مردووەکاندا مامەڵە دەکات، قسەیان لەگەڵدا دەکات و بە دزییەوە گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرێت و سوسەی هۆکاری مردنەکەیان دەکات، تەرمەکان لە لە هۆڵی توێکارییەکەدا پێکەوە دەکەونە گفتوگۆ و باسی ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، ئادەم دەبیستێت کە هەر یەک لەو تەرمانە خاوەنی چیرۆکێکی غەمگین و دڵهەژێنە، ئەو چیرۆکانەش کۆی چیرۆکە تراژیدی و خوێناوییەکە پێک دەهێنن کە ناوی عێراقە، عێراقی ناو جەنگ و قەیرانەکان، عێراقی ڕق و سەربڕین و دەمارگیری و بەرکەوتنە خوێناوییەکانی نێوان ئاین و هێزە جیاجیاکان، عێراقی عەسکەرتارییەت و دەسەڵاتی زاڵی پیاوانی ئاسایش و سیخوڕ و بەرتیل وەرگرتن.

تەرمەکان بە هۆی هێڕانەوەی چیرۆکەکانی خۆیانەوە، ئاشنامان دەکەن بەوەی کە لە ڕابردوودا چی ڕوویداوە و ئێستا چی دەگوزەرێت، ئاشنامان دەکەن بەو غەدرەی لە مێژە لە مرۆڤی عێراقی دەکرێت و کۆمەڵێک بەڵگە و نهێنی دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە بەشێکی زۆرمان نەمانبیستبێ و نەزانین ئەوە مێژووی ئێمە لە وڵاتێکدا کە پێی دەڵێن عێراق، تەرمەکانی نێو مردووخانە، هەر یەکەیان بە هۆکارک تیاچوون، هەندیکیان لە زیندانەکانی بەعس کوژراون و لە سێدارە دراون، هەشیانە بە تاوانی شەرەف و ناموسپارێزیی و گومانکردن لە کچەکانیان لە لایەن پیاوانی بنەماڵەکانەوە کوژراون، هەشیانە لە دوای ڕوخانی بەعسەوە، لە تەقینەوەدا تیاچوون، یاخود بە پلانی گروپ و باندە تیرۆریستی و سەربازییەکان لەناو براون.

سەیر لەوەدایە کە تەواوی کارەکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانە، بە گەورە و بچووک، بە دیار و نادیارەوە، پیاوەکان ناویان ئادەمە و ژنەکانیش ناویان حەوایە، وەک ئەوەی بڵێی مرۆڤی ئەم وڵاتە چارەنووس و ژیان و قەدریان لە یەک دەچێ و هەموویان لە دەوری بازنەیەکدا دەسوڕێنەوە، کە بازنەی مەرگە، هاوشێوەیی ناوەکان لەم ڕۆمانەدا، ڕەهەندێکی ڕێکەوتئاسای نییە و نووسەر بۆ فەنتازیا و گەمەکردن لەگەڵ خوێنەردا دای نەناون، بەڵکو ڕەهەندێک قووڵی مێژووی و ئەفسانەیشی هەیە و ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی سەرەتای دروستبوونی بوونی مرۆڤ، کە ئیدی لەوێوە برین و ئازار درێژ دەبێتەوە و سەدە و قۆناغەکانی ژیان دەبڕێت و هەنگاو هەنگاو لەگەڵ مرۆڤایەتیدا ڕێ دەکات.

ئادەمی پاسەوان لە نیو تەرمەکاندا چەندین حاڵەتی دەگمەن و سەیر دەبینێ و دەبیستێ کە هەندێک جار وا دەزانێ خەون دەبینێت، یان پێی وایە تووشی تەنگەشەی دەروونی بووە، بەڵام دواجار لە ڕێگەی یەکێک لە تەرمەکانەوە کە منداڵێکە دەبیستێ کە خۆیشی مردووە، ئادەم تووشی شۆک دەبێت کە لە زاری ئەو منداڵەوە دەبیستێ خۆیشی تەرمە و جێ فیشەکێک بە نێوچەوانی خۆیەوە دەبینێت، بەڵام ئایا ئەگەر مردووە چۆن دەتوانێت قسە بکات، چۆن دەتوانێ بجوڵێت؟ بۆ ئەوەی تەواو دڵنیا بێت لەوەی مردووە یان زیندوو، لەگەڵ منداڵەکەدا لە مردووخانەکە دەچنە دەرەوە و بەسەر شەقامەکانی بەغدا دەکەونە پیاسە، بەڵام ئادەمی پاسەوان هەر کەسێک دەبینێت، شوێن توێکاریی پزیشکی مردووخانەکە بە جەستەیەوە دەبینێت، دواتر تێدەگات کە هەموو عێراق مردووە، لە ڕاستیدا ئەم ڕۆمانە ڕەهەندێکی ڕەخنەیی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ژیانی ئێستا هەیە و پێمان دەڵێت کە خودی بەغدا بۆ خۆی مردووخانەیەکی گەورەیە و ئەوانەی تیایدا دەژین جگە لە تەرم و مردوو هیچی دیکە نین.

بورهان شاوی نووسەر و شاعیر و ڕۆماننووس و سینەمایی و وەرگێڕێکی ناوداری عێراقییە و ساڵی ١٩٥٥ لە پارێزگای کوت لە دایکبووە، لە ساڵی ١٩٧١ ەوە دەستی بە نووسین کردووە لە ڕۆژانەمەدا، بەردوامی لە نووسین، ئەم ڕۆامننسە دەکات بە خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لە بوارەکانی شیعر و ڕۆمان و وەرگێڕان و بابەتی هونەریدا، لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا سینەمای خوێندووە و لە وڵاتی ئەڵمانیاش ڕاگەیاندنی تەواو کردووە و ئێستاش لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی و سەرقاڵە بە کاری نووسین و هونەرەوە.

هیوادارم خوێنەران خۆیان لە چێژ و جوانی و گرنگی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن، چونکە هەم ڕۆمانێکی ئاست بەرزە، هەم زۆر جوان کراوە بە کوردی.

بارین عەلی