شار و لێشاوی کەرکەدەنەکان

خستنەڕووی شانۆنامەی “کەرکەدەن”

خوێندنەوەی: سەردەم

لە پاش دووەمین جەنگی جیهانی لە ئەورووپا، سەرجەم جومگە ئەدەبی و هونەرییەکان لە بنەڕەتەوە گۆڕانێکی ڕیشەییان تێدا ڕوویدا، ئەم گۆڕانە لە دوو ئاستدا خۆی بەیان کرد، ئاستی یەکەمیان لە ناوەڕۆکدا، ئاستی دووەم لە فۆرمدا. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرووپ و دەستەی نوێ سەریان هەڵدا، هەریەک لەمانە بە شوێن ئەوەوە بوون چۆن ئەو دۆخە کاولکاری و وێرانکارییەی پاش جەنگ، کە بێمانا خەڵکی تێدا کوژرا و بێسەروشوێن بوون، تەعبیر لێ بکەن، یەکێک لەوانە بە دیاریکراوی لە بواری شانۆدا بوو، کە ڕەوتیک بوو بە ناوی “شانۆی ئەبسێرد”، کە دەتوانرێت نوێنەرایەتی ئەم فۆرمە شانۆییە کە نووسەرانی وەک ساموێل بیکێت، ئۆژین یونسکۆ و… ببینێرتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین لە یەکێک لەو دەقە هەرە گرنگانە بدوێین کە سەر بەو شێوە شانۆییەیە، کە بە شانۆی ئەبسێرد، یان پووچگەرا، ناوزەد کراوە، ئەویش دەقی شانۆنامەی “کەرکەدەن”ە، لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی ئوژین یونسکۆیە، کە “بەیان سەلمان” لە فەڕەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم ئەم شانۆنامەیە ئەوەیە کە بە زمانێکی سادە و لە ڕواڵەتترین ڕووداو و دیالۆگەکان سوودمەندە، پێچەوانەی بەشێکی بەرچاو لە شانۆنامەکان، “کەرکەدەن” سەر بە نەریتێکی توند و ڕیتمێکی خێرایە، هەر لە سەرەتاوە خوێنەر دەخاتە هەناوی خۆیەوە و لە بەردەمیدا واڵا دەبێت، بە جۆرێک پەیوەندییەک دروست دەبێت لەو نێوانەدا کە هەر زوو درک بە ئەفسوونی ناوەرۆک و شێوە نایابەکەی دەکات لە داڕشتنی کەسێتی و پەروەردەکردنی ڕووداوەکاندا. ئەم شانۆنامەیە یەکێکە لە گرنگترین شانۆنامەکانی سەدەی بیستەم، کە لە ساڵی ١٩٥٩دا نووسراوە.

شانۆنامەی “کەرکەدەن” لە سێ پەردە پێک هاتووە، پەردەی دووەم بەسەر دوو “تابلۆ”دا دابەش کراوە. کۆی ڕووداوەکانی ئەم شانۆنامەیە لە شارێکی بچووکی فەڕەنسادا ڕوو دەدەن، کە تێیدا خەڵکەکە لە بەرەوە دەبن بە کەرکەدەن، جگە لە یەکێک لە کارەکتەرەکان کە ناوی “بێرینژێ”یە، ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی تیری ڕەخنە لە کۆمەڵگەوە بۆ ئەو. کۆی شانۆنامەکە وەڵامێکە بۆ ڕووداوەکانی پاش دووەمین جەنگی جیهانی. هەر بۆیە لە ڕووی داڕشتن و پێکهاتەوە، هەست بە جۆرێک لە بێمانای و دووبارەی و وەڕزبوون دەکەین، کە تیکڕا دەتوانرێت وەک ئەو ئاسەوارە وێرانکارییە لەسەر ڕۆح و دەروونی ئینسانی پاش جەنگە گەورەکان ببینرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی لە هەر سێ پەردەکەدا چەندان کارەکتەر دێن و قسەی خۆیان و ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، بەڵام دوو سێ کارەکتەر کەسێتی سەرەکی شانۆنامەی “کەرکەدەن” وازی دەکەن، ئەوانیش: جان، بێرینژی و خاتوونێک کە خۆشەویستی بێرینژییە بە ناوی دێزی. دیکۆی پەردەی یەکەم ئاوا کێشراوە:

مەیدانێکە لە شارۆچکەیەکی بچووک لە ناوچیەکی باشووری فەڕەنسا. لەوسەری سەکۆی شانۆکە، خانوویەک لە ژێرخانێک و یەک نهۆم پێک هاتووە. لە بەشی ژێرخانەکە، ڕووبەری دوکاندارێکە. لە دەرگایەکی جەمخانەوە بە دوو سێ پلیکانە بۆی دەچیت. لەسەر دیواری بەری پێشەوەی، ئەم وشەیە بە چاکی دیارە، کە نووسراوە: دوکان. لە نهۆمی یەکەمدا، کە دەبێت ماڵی دوکاندارەکە بێت، دوو پەنجەرە بەدی دەکرێن. واتە دوکاندارەکە لەوسەری سەکۆی شانۆکەیە. بەڵام بەپێی پێویست بەلای چەپدا دەکەوتووە و زۆر لە بەشی پشتەوەی شانۆکەوە دوور نییە. لە سەرووی ماڵی دوکاندارەکە، لە دوورەوە بورجی زەنگی کڵێسایەک بەدی دەکەین. لە نێوان دوکاندارەکە و لای ڕاستی شانۆکەوە، کۆڵانێکی تەسک دەبینرێ، لە لای ڕاستەوە، قاوەخانەیەک دەبینرێ، لە سەرووی قاوەخانەکەش نهۆمێک و پەنجەرەیەکی لێیە. لە بەردەم قاوەخانەکە: لە پێشەوە چەند مێز و کورسییەک دانراون، هەتا دەگاتە ناوەڕاستی سەکۆی شانۆکە.

لە نێوان ئەم دەرکەوتن و وێناکردنەی شوێنەدا، یەکەمین دیالۆگەکانی شانۆنامەی “کەرکەدەن” لە نێوان جان و بێرینژیدا دەست پێ دەکەن، دیالۆگگەلێک کە لە هەرە سادەترین پرسەکانی ڕۆژەوە دەست پێ دەکات و بەناو ڕۆتینترین بابەتەکاندا خول لێ دەدات. لەگەڵ بەرەو پێشبردنی دیالۆگی ئەم دوو هاوڕێیە لەو شوێنەدا، کە بەسەر شەقامێکی بەریندا دەڕوانێت، وردەوردە کەسانی تریش دێنە ناوەوە و جۆرە قەرەباڵغی و دەنگهەڵبڕین و پێکداهەڵپژانێک لە تۆنەکان و باسەکان ساز دەبێت، بۆ نموونە خاوەن قاوەخانەکە، ژنی خاوەن قاوەخانەکە، کارەکەرەکەی، ژنێکی ناوماڵ کە لەوێیە، پیاوێکی پیر و پیاوی مەنتیق و… هەندێ کەسێتی تر. بە کۆی ئەم دەنگانە، کە باسەکانیشیان لێک جیایە، غەڵبەغەڵبێک دروست دەبێت، کە دەتوانرێت وەک تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی شانۆنامەی “کەرکەدەن” تەماشا بکرێت. خوێنەر دەبێت زۆر ورد ناوی بەردەم دیالۆگەکان بخوێنێتەوە، بە چڕی تەرکیز بخاتە سەر ڕستەی پێشوویان، هەندێ جار دیالۆگەکان دەکەونە سەر و یەک جۆر وەڵام دەخوێنینەوە و دەبیستین، ئەمە لەگەڵ ئەوەی جۆرێک سەرلێشێواندن و ئاڵۆزی بەرهەم هێناوە، هاوکات گەمەیەکی ناوازەشە لە ڕووی فۆرمەوە؛ هەست دەکەی لەنێو پووچێتییەکی گەورەدا خەریکی بەس دەنگ دەبیستی بێئەوەی مانایەک بسازێت، نەبوونی مانا و دروست نەبوونی پانتاییەک بۆ تێگەیشتن و بەردەوامی، جۆرێک لە نمایش بەرهەم دەهێنێت کە لە پووچێتیدا هەڵدەسووڕێت، هاوکات دیالۆگەکان بەو شێوەن کە ڕێک وەک دژەدیالۆگ دەکەونەوە، ڕاستە ڕستەی تەواون، بە بکەر و بەرکار و کردارەوە، بەڵام هیچ ناپێکن، هیچ ناچنن، لە هەوادان و هەر لەو بۆشاییەدا دەخولێنەوە. بێگومان ئەمە لەخۆوە نییە و دەبێت هۆکارێک و دیوارێک لە پشتییەوە ڕاوەستابێت، کە لێرەدا و لەم شانۆنامەیەدا “جەنگ”ە، ئەوە ئینسانی جەنگلێدراو و قەیرانلێدراوی دوای کارەساتەکانە کە دەکەوێتە ناو بێماناییەکی بەرینەوە و هەست دەکات لە بەردەم دنیایەکدایە کە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە و تێکڕای بەهاکانی هەڵوەشاوەتەوە و داڕزاون. سوودوەرگرتن لەو شێوە دیالۆگە “دژەدیالۆگ” ڕێک هاوتەریبی ئەو فەزا خۆڵەمێشییەیە کە جەنگ بەسەر شارۆچکەکە و ئینسانەکانیدا هێناوە.

لەناو جەرگەی ئەم دەنگە دەنگەدایە لەپڕ کەرکەدەنێکی زەبەلاح دەر دەکەوێت، ئەمە سەرەتایەکی ترسناکە، لە پەردەی دووەمدا دیالۆگێک بەو چەشنە هەیە: شار و کەرکەدەن! نەخێر بڕوا نەکردەیە. بەڵێ، لە پەردەی یەکەمدا کەرکەدەنێک دێتە ناوەوە و هەمووان دەتۆقێنێت، ئەمە سەرەتای مەترسییەکەیە، شار و سەرلەبەری ئەوەی تێیدایە دەکەونە بەردەم ئەگەرێکی کراوە لە لەناوچوون و فەوتان. کەرکەدەنەکە بە شەقامەکەدا دەسووڕێتەوە و هەمووان بۆی دەڕوانن. ئەمە ڕووداوێکی هێجگار گرنگە، کە تێیدا هێڵی درامی دەگاتە ئاستی هەرە تێر و دەرکەوتووی خۆی. هەر لەم بەشەدایە کە کەرکەدەنەکە تێپەڕ دەبێت و ئارامی بۆ شەقام و خەڵکەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام نەک وەک پێشوو، بەڵکو هەموو باسەکان دەبن بە پرسیار دەربارەی کەرکەدەنەکە و ئەو دەرکەوتنە سەیر و نامۆیەی، لێرەدایە پرسیاری ئەوەی کەرکەدەنەکە دوو شاخی هەبووە یان یەک شاخ، کەرکەدەنەکە ئاسیاییە یان ئەفریقی، دەبێتە کەڵکەڵە و پرسیاری هەمووان و دیسان دەکەوینەوە ناو هەمان فەزای پچووچگەرا و بەرهەمنەهێناوەی مانا.

پەردەی دووەم، پەردەیەکە دیوێکی تەواو بیوکراسی و ئیداری و لێپێچینەوە بەخۆوە دەگرێت، ئەمجارە شوێن داخراوە و بەشێکی بەڕێوەبەراییەک یان کۆمپانیایەکی تایبەتە، یاخود خانەیەکی چاپەمەنیی دادگایی گەورەیە، بە کۆمەڵێک کارمەند و بەرپرسەوە، دەتوانین وێنای هۆڵێک بکەین، کە تێیدا لێپرسینەوە لەو ڕووداوەی دوێنێ (دەرکەوتنی کەرکەدەن لەسەر شەقامێکی شار) دەکۆڵنەوە. ئەمە لە دیمەنی یەکەمدایە. لەم دیمەنەدا نەختە نەختە دۆخەکە هەڵدەکشێت، دادگاییەکە بە ڕێوڕەسمی ڕەسمی خۆی دەست پێ دەکات، پاشان کەسەکان قسە دەکەن و دواتریش بێرینژی وەک شایەتحاێک دێتە ناوەوە. لەم بەشەدا بەرپرس، کە دیارە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتێک دەکات، بە توندی ئینکاری وەها ڕووداوێک دەکات، بەڵام لە کۆتایی ئەم دیمەنەدا شتێکی سەیر و نائاسایی ڕوو دەدات، دیسان کەرکەدەن، ئەمجارە نەک یەک دانە، بەڵکو زۆر، هاتوونەتەوە، بە شەقامەکاندا قۆچ دەوەشنینن و خەریکن وێرانەیەک دەخەنەوە، ئەم بینایەی ئەمانی لێن، یەک لەو جێیانەیە بەر نەفرەتی قۆچ و زیانکاری کەرکەدەنەکان دەکەوێت، تیکڕا بەرەو پەنجەرەکە دەڕۆن و لەوێوە لە کەرکەدەن و شار دەڕوانن، شتێک کە چیدی بەری پێ ناگیرێت و ئەمان تەلەفۆن بۆ تیمی فریاگوزاری دەکەن بگەن بە هانایان، یەک یەک لە پەنجەرەوە خۆیان دەرباز دەکەن.

دیمەنی دووەم ماڵی جانە، بێرینژی دەچێتە لای جان، بەو هۆکارەی کە داوای لێبووردنی لێ بکات لەوەی دوێنێ لە قاوەخانەکە زویری کردووە و هاوکات ئەوەش کە خەریکە لە شار و شەقامەکاندا دەگوزەرێت، بەڵام جان دۆخی هێجگار سەخت و دژوارە، چیدی دەرەوەی بۆ گرنگ نەماوە، ئەو سەرەتا وەک نەخۆشێک لە جێدا کەوتووە، بەڵام نەخۆشییەکەی لەوە توندتر و ترسناکترە کە پەتا یان هەر چەشنە نەخۆشینێکی دی بێت، ئەو وردەوردە مەسخ دەبێت و دەبێتە کەرکەدەن! دواجار لەناو گەرماوەکەدا، کە دەنگی دەبێت بە مڕەمڕ و دەبێت بە کەرکەدەن. ئەمە دەسپێکێکی نوێیە لە ژیانی شارۆچکەکەدا، کەرکەدەنەکان بەردەوام لە زیادبووندان، بەردەوام وێرانە دەخەنەوە، شەڕانگێزانە بڵاو بوونەتەوە و هەموو شوێنێکیان تەنیوە، لە دوایین پەردەدا ئەمە دەگاتە ترۆپک و هەموو شت لەدەست دەردەچێت و شیرازە دەپچڕێت.

پەردەی سێیەم و دواپەردە تەعبیرە لە کۆی ئەو مەسخبوونە، کە وەک ئاگر لە پاوان بەر دەبێت و هەمووان دەبنە کەرکەدەن! شوێن ژوورەکەی بێرینژییە، لەم پەردەیەدا و لەو شوێنەدا، کە تەنیا لە ڕێی پەنجەرەی ژوورەکەوە بەردەوام ئاگادارمان دەکەنەوە لە دۆخی شار، بێرینژی دوو کەس میوانداری دەکات، ئەوان لە دەرەوە دێن و هەواڵەکان بە پەلە و لە خراپترین دۆخی شڵەژاوی دەروونیدا دەڵێن و دەڕۆن، دەڕۆن و دەبن بە کەرکەدەن! ئەو دوو کەسەش یەکەمیان دودارە، ئەوی تریشیان دێزییە. گفتوگۆی ئەمانە لەگەڵ بێرینژی دیسان دەتوانرێت لە خانەی دژەگفتوگۆدا دابنرێت، کۆمەڵێک ڕستە دەڵێن کە دەلالەتە لە کۆی ئەو شپرزی و شێواوییەی دەرەوە و لە ناخیاندا کاری خۆی کردووە، ئەو دووە ڕەنگە دوایین دوو کەس بن کە نەبووبن بە کەرکەدەن، بەڵام لە پاش مشتومڕێکی زۆر، هەریەک لەوان خۆیان ڕادەستی ئەو دۆخە زاڵ و بەهێزەی دەرەوە دەکەن و تێکەڵ بە ئاپۆرایی کەردەکەنەکان دەبن و ڕێک دەبن بە کەرکەدەن! تەنیا بێرینژی دەمێنێتەوە، کەسێک کە نایەوێ دەستبەرداری ئینسانیەتی خۆی ببێت، دەستبەرداری خەونەکانی ببێت، لە جێیەکدا ئەویش ئەژنۆی دەلەرزێ، خەریکە پێمل ببێت، بەڵام نا، ناچێتە ژێر بار، دوایین ڕستەکانی ئەمانەن: “دە قیریسیا! بەرگری لە خۆم دەکەم دژ بە هەموو دنیا! تفەنگەکەم، تفەنگەکەم! (ئاوڕ بۆ دیواری ئەوسەر دەداتەوە کە سەرە کەرکەدەنەکانی لەسەر گیر بوون، لەگەڵیشیدا هاوار دەکات): دژی هەموو دنیا، بەرگری دەکەم! من دوامرۆڤم، تا کۆتایی دنیاش، هەر بە مرۆڤی دەمێنمەوە! خۆم بە دەستەوە نادەم!”

بوون بە کەرکەدەن لەم شانۆنامەیەدا هەڵگری زۆر تەفسیرە، کە دەکرێت بۆ سەرەداوەکانی لە خودی زەمەنەکەیەوە کۆمەک وەربگرین: سوپای نازی، کە بەربوونە گیانی هەموو ئەورووپا و بە دیاریکراویش فەڕەنسە، دەکرێت ئاماژەیەکی هێجگار زەق بێت بۆ کەرکەدەنەکان، کەرکەدەنی یەکەم دەکرێت خودی ئەدۆڵف هیتلەر بێت کە سەرەتا دەردەکەوێت، پاشان لێشاوی کەرکەدەنەکان سوپاکەی بن، لەگەڵ هەموو ئەو هاونیشتمانییە فەڕەنسییانەی پەیوەندییان بە نازییەکانەوە کرد و بوون بە نەیاری وڵات و زمان و هاووڵاتییەکانی خۆیان. بێگومان ئەم شانۆنامەیە لە بەردەم دەیان ئەگەر و تەفسیری تردایە، بۆیە هەمیشە شانۆکاران و ڕەخنەگران بۆی دەگەڕێنەوە و ماتەوزەی ناو دەقەکەی دەپشکنن و دەگەن بە کەشف و خاڵی پەیپێنەبراوی تر.

نەفرەت لە دەستەیێڤسکی

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانە باشەکان، جگە لە تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە و زمان، بە چیرۆک و بابەت، ڕووداو و بەسەرهاتەکانیدا دەناسرێنەوە، ئەو ڕۆمانانەی کە لایەنی چیرۆک و گێڕانەوە، کاراکتەرسازی و ڕووداو تیایاندا زیندوون و نزیکن لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، پتر ڕۆدەچنە نێو دڵ و دەروونی خوێنەرەوە، چونکە خوێنەر لەو ڕۆمانانەدا، جا باس لە هەر وڵات و کۆمەڵگە و ژینگەیەک بکات، بە دوای ئەو پرسیار و موعانات، خەم و برینە هاوبەشانەدا دەگەڕێت کە لە نێوان ژینگەکەی خۆی و ئەو ژینگەیەدا هەیە کە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا تەوزیفی کردووە، بە تایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەنددارن بە جەنگ و ئاکامە مەترسیدارەکانی جەنگەوە.

ئێمە لەسەر نەخشەی سیاسی و لەسەر ئاستی میدیادا بەر ڕووداوە خوێناوییەکانی زۆربەی وڵاتان دەکەوین، بەڵام ڕەنگە هیچ کام لەو هەوڵە میدیاییانە نەتوانن هێندەی گێرانەوەی نووسەرێک لە نێو ڕۆمانێکدا، ڕاستگۆیانە و فرەڕەهەندانە ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانمان پیشان بدەن، هەواڵەکان یەک دیوی نێو پانتایی و ڕووبەری ڕووداو و کارەساتەکانمان پێ دەناسێنێت، کەچی ڕۆمان واوەتر دەمانبات و یەکبەخۆ دەمانکات بە هاووڵاتی ئەو شوێنەی وا ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی لەسەر بونیاد ناوە، نەک هەر بە خودی ڕووداو، بەڵکو پەلمان دەگرێت لە کۆڵانەکانی مێژووەوە گەشتێکی ئارام، هاوکات دوورودرێژمان پێ دەکات بە نێو شارستانییەت و کولتوور و فەرهەنگ، هاوکات داب و نەریت و پەیوەندییە گشتییەکانی وڵاتدا، چ لەسەر ئاستی فەرهەنگی، چ لەسەر ئاستی دیبلۆماسی و تایبەتمەندییەکانی دیکەی مرۆڤ و وڵاتەوە.

وڵاتی ئەفغانستان ڕەنگە یەکێک بێت لە بەرجەستەترین ئەو وڵاتانەی کە تا هەنووکەش، بە هۆی شەڕ و کێشە و ململانێکانیەوە، پانتاییەکی فراوانی لە کاری میدیا جیهانی و نێوخۆی و هەرێمییەکاندا داگیر کردووە، بەڵام هیچکام لەو هەوڵانە نەیانتوانی هێندەی ڕۆمانەکانی (عەتیق ڕەحیمی) و (خالید حوسێنی) وێنە گەورە و ڕوونەکەی ئەفغانستانمان، لە ڕێگەی ڕۆمانەکانیانەوە پێ بناسێنن، ئێمە لە ڕێی ئەو ڕۆماننووسانە و پاڵەوانی ڕۆمانەکانیانەوە، نەک کاراکتەرە سیاسی و فەرمانبەرە میدیاییەکانەوە، مێژووی شارستانییەت، قۆناغەکانی گەشەکردن، باری ئابووری و فەرهەنگی، ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری، هۆکارەکانی جەنگ، داگیرکاری، شەڕ و کوشتن، پاشان سەرهەڵدانی هێز و گرووپە پەرگیرەکانمان ناسی، ئەوە ڕۆمانە ئەفغانییەکان بوون پێیان وتین لە ڕەوتی مێژوودا ئەو وڵاتە چۆن لە کانگای شارستانیەت و عیرفان، پێشکەوتن و مۆدێرنێتەوە، بوو بە لانکەی دواکەوتوویی و چۆن چۆنی جۆگەلەی خوێن لە کۆڵان و شەقامە گشتییەکانەوە ڕێچکەی دەبەست تا ئیدی هیچ ڕۆحلەبەرێک نەمێنیت بە بێتاوان، لە ڕاستیدا ئەوە ڕۆمانەکانن پێمان دەڵێن ئەوەی کە کوشتن لە پرۆسەیەکی تاوانکارییەوە ببێت بە کارێکی ڕۆتین و ئاسایی، شتێک نییە کتوپڕ دروست بووبێت، بەڵکو کارکردی هەلومەرجێکی دیاریکراوە و فاکتەرەکانی بە ڕوونی لە شێوازی حکومڕانی و باری ئابووری و زاڵبوونی فەزای ترس و تۆقیندا دەردەەکەون.

ڕۆمانی (نەفرەت لە دەستەیێڤسکی) بەرهەمی سینەماکار و نووسەری ئەفغانی (عەتیق ڕەحیمی)یە، چاپی سێیەمیەتی و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی ورد، جوان و سەرنجڕاکێش، بە شێوەیەک کە خوێنەر گرەو لەسەر ئەوە بکات کە لە بنەڕەتدا هەر بە کوردییەکی سادە و بێ گرێ نووسراوە، ئەوەش سیحر و ئەفسوونی زمان پیشان دەدات لە لای  نووسەر و وەرگێڕێکی بە ئەزموون و ڕۆشنبیری گەورەی وەک ئازاد بەرزنجی، ڕۆمانەکە بە هۆی کاریگەریی زۆری بەسەر خوێنەرەوە، چاپی سێیەمیەتی و بە سروشت دەچێتەوە سەر ئەو ڕۆمانانەی کە دەبێت ناوبەناو بخوێنرێتەوە، هەم بۆ ئەوەی لەم دنیا دڵڕەقەدا چێژی خوێندەوە لە دەست نەدەین، هەم بۆ ئەوەی بزانین کە ئیدی لە چ سەردەم و قۆناغێکی بەد و ڕەشدا دەژین، سەردەمێک کە جەنگ بەردەوام هەڕەشە لە ئێستا و داهاتوومان دەکات، سەردەمێک کە بەها مرۆییەکان لەبەین دەچن و هەڵپەی داگیرکاری و سڕینەوەی سیما و ڕۆحی ئەوانی دی، جێگەیان دەگرێتەوە، ئەم ڕۆمانە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

ڕۆمانەکە باس لە سەردەمی دوای داگیرکاریی ئەفغانستان دەکات لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ڕووسیاوە و وێرانکردنی وڵاتەکە و سەپاندنی ئایدۆلۆژیی خۆیان بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا، پاشان سڕینەوەی سیمای شارستانیەتی و دەرکەوتن و سەرهەڵدانی هێزە پەرگیر و توندڕەوەکان و هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، جێبەجێکردنی حوکمی ئایینی و شەریعەت، کردنی شوێنی ژیانی ئاسایی خەڵک بە سەربازگە و مەیدانی جەنگ، ڕۆمانەکە لەسەر یەک تەوەری دیاریکراو نەوەستاوە، بەڵام بابەتی تاوان، کوشتن و یاسا، ئازاری ویژدان و مافی ئینسان لە هەرە تەوەرە دیار و بەرجەستەکانی نێو پانتایی ڕۆمانەکەن، هەر لە ناونیشانەکەوە (نەفرەت لە دەستەیێڤسکی) خەیاڵی خوێنەر دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی گەورە نووسەری ڕووس (دەستەیێڤسکی) بە گشتیش فەزای ڕووداو و هاوشێوەیی کارکەتەری هەر دوو ڕۆمانەکە نزیکن لە یەکترەوە، بەوەی کە (ڕەسووڵ) شاپاڵەوانی نەفرەت لە دەستەیێڤسکی، وەک شاپاڵەوانەکەی ڕۆمانی تاوان و سزا، دەیەوێت بە تەور پیرەژنێکی سووخۆر و هەلپەرست بکوژێت، ڕەسووڵ لە گەنجێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوارە دەبێت بە بوونەوریکی بێ ڕۆح، جەنگ کاریگەریی نەرێنی لەسەر هزر و ئەندێشە و باری دەروونی جێ دەهێڵێت، لە دۆخ و سەردەمێکدا دەژی کە تاوان و کوشتن مەودایەک بۆ ئارامیی ژیان ناهێڵێتەوە، هەر بۆیە عەتیق ڕەحیمی، لە ڕێی ئەم کاراکتەرەوە، پرسی تاوان، کوشتن و سزا و یاسا دەوروژێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی تاوانێکی هاوشێوە، لە ژینگە، شارستانیەت، تەنانەت سەردەم و دۆخی جیاوازی دوو وڵاتی جیاوازدا، بە تایبەت تاوانی کوشتن لای کەسێکی ڕۆشنبیر و خوێندەواری وەک ڕەسووڵ لە وڵاتێکدا کە ئاسانترین شت کوشتنە بەبێ ئەوەی یاسا بتوانێت سنوورێک بۆ تاوان و تاوانکاران دابنێت، لە ڕاستیدا لە دۆخی جەنگ و بێبەها بوونی مرۆڤدا، خودی سەرکردە و یاسپارێزەکانیش بۆ خۆیان دەستیان سوورە بە خوێن و بەشێکی سەرەکین لە بەگەڕخستنی مەکینەی بەرهەمهێنانی خوێن و کوشتن، بۆیە سەرەنجام بە هۆی ئازاری ویژدان و خەیاڵێکەوە کە ڕەسووڵ لە ڕۆمانی تاوان و سزاوە وەری گرتووە، تووشی وێرانبوونی حاڵەتی دەروونی و زمانشکاندن دەبێت.

ئەم ڕۆمانە گەلێ چیرۆک و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە دەکرێت هەر یەکەیان بابەتی ڕۆمان، یاخود دەیان کاری سینەمایی بن، ئەو پیرەمێردەی لە تەقینەوەیەکدا تاقمی ددانەکەکەی دەکەوێت و بۆی دەگەڕێت، ئەو سەرکردە سیاسییەی خۆی دەکوژێت، ئەو ساقیخانەیەی شوێنی تلیاککێشان و گێڕانەوەی دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی سەرنجڕاکێشە، ئەو پیاوەی گەنم دەدات بە کۆترەکانی مەزارە پیرۆزەکە و دواتر لەسەر ئەو کارەی گوایە کۆتری دزیوە دادگایی دەکەن، ئەو کاتبەی لە نێو دەیان فایلی گەورەی دادگادا لیستی ناوی شەهیدەکان جیا دەکاتەوە و… چەندینی تر، بە گشتی خوێندەوەی ئەم ڕۆمانە هەم چێژمان پێ دەبەخشێت، هەم بە مێژووی پڕ لە ململانێی خوێناوی کۆن و نوێی وڵاتی ئەفغانستانمان دەناسێنیت، هاوکات واقیعی جەنگ و بێ یاسایی و حوکمی هێزە پەرگیرەکان دەخاتە ژێر پرسیاری ئینسانیی گەورەوە، لەو هەڕەشە گەورە ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەسەر ئاسایش و ئارامیی ژیانی مرۆڤەکان هەیە.

شایانی باسە نووسەری ئەم ڕۆمانە (عەتیق ڕەحیمی) بە زمانی فارسی، ئینگلیسی، فەرەنسی دەنووسێت، لە ساڵی ١٩٦٢ لە (کابول)ی ئەفغانستان لە دایک بووە، لە ماوەی دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت، عەتیق ڕەحیمی لە ئەفغانستان ھەڵھاتووە، بۆ ماوەی ساڵێک لە پاکستان وەک پەنابەر ماوەتەوە و دواتر چووە بۆ وڵاتی فەڕەنسا، لە ساڵی ١٩٨٥ دا، مافی پەنابەرێتی سیاسیی وەردگرێت لەو وڵاتە. لە دوای تەواو بوونی خوێندنی لە زانکۆی سۆربۆن، ئەم نووسەرە پەیوەندی بە کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنانی پاریسـی دەکات و ھەر لەوێشدا حەوت بەرھەمی دیکیۆمێنتاریی بەرھەم دەهێنێت بۆ تەلەفیزیۆنێکی فەڕەنسی، لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٩٩٠ دا، عەتیق ڕەحیمی دەستی بە نووسینی یەکەم پرۆژەی کرد، کە کتێبێکی فارسی بوو لە ساڵی ٢٠٠٠ دا دەریکرد بە ناوی (زەوی و ھەنارەکان) باشترین فرۆشی ھەبوو لە سەرجەم ئەورووپا و باشووری ئەمریکادا، لە پاشان فیلمێک لەسەر ئەم کتێبە دەرھێنرا کە لە دەرھێنانی خودی(عەتیق ڕەحیمی) خۆی بوو، ئەم فیلمە خەڵاتی (Prix du Regard vers l’Avenir)ـی وەرگرت لە فێستیڤاڵی کانی ٢٠٠٤ بۆ فیلم. فیلمەکە لە پەنجا فێستیڤاڵی جیاواز نمایش کرا و نزیکەی ٢٥ خەڵاتی بەدەست ھێنا، بە تەنھا لە فێستیڤاڵی (کان)دا، هەروەها خەڵاتی (گۆلدن داو)(Golden Dhow) بۆ باشترین فیلم لە (فێستیڤاڵی زانزیباری نێودەوڵەتی بۆ فیلم.)

وەرزێک لە هەکاری؛ وەرزێک لە دۆزەخ

خوێندنەوەی: سەردەم

١/ «تورکە چیاییەکان» ناوێکە بۆ کوردەکانی باکوور، واتە کوردانی تورکیا. کۆماری نوێی تورکیا، لەسەر دەستی کەمالیستەکان بنیاد دەنرێت، کۆمارێکە بە میتۆدی ترساندن و سڕینەوە کاری کردووە و دەکات. پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، تورکیا کەوتە بەردەم ترسی نەمان و پارچە پارچە بوون، بۆیە تورکیای نوێ دەبوو کارێک بکات ڕێگر بێت لە بەردەم هەڵوەشاندنەوە و لەناوچوون، ئەمەیش لە ڕێی تۆخکردنەوەی هەستی ناسیۆنالستی و زاڵکردنی زمان و نەریتی تورکیا بەسەر کەمایەتی و ئیتنیکییەکاندا دابین کرا. پڕۆژەی بەتورککردن و خوێندن بە زمانی تورکی و نەرێکردن و نەفیکردنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامەی ئەوانی تر، لە سەردەمی هاتنە سەر دەسەڵاتی کەمالیستەکان، واتە خودی مستەفا کەمال ئەتاتوورک، دەستی پێ کرد، پڕۆژەیەک تاکو ئێستایش لە فۆرمێکی وەک ئەردۆغاندا درێژەی هەیە و بە دڵنیاییشەوە لە ئایندەیشدا دەیبێت.

٢/ ڕۆمانی «وەرزێک لە هەکاری»ـی فەرید ئەدگۆ، ڕۆمانێکە بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکە ئەم ڕەوتە مێژووییە لە سیاق و پنتێکی تایبەتدا بەرجەستە دەکات؛ ئەدگۆ بە فۆکەس و هەڵبژاردنی گوندێکی پەراوێز و دوورەدەست، گوندێکی نوقمبوو لە بەفر و سەرمادا، دەیەوێت ڕەوشی بارودۆخی ئەو خەڵکانەمان بۆ بەیان بکات، کە هەموو هەوڵ و ململانێییەکیان بۆ مانەوە و لەپێناو درێژەدان بە ژیانێکی غەرق بوو لە نەهامەتی و دژواریدا کورت بووەتەوە. گوندێک بەسەر چیایەکەوە «نزیک لە ئاسمان»، وەک شتێک خودایش نەیەوێت ئازاریان ببینێت و بێتە دەنگ، بە پێشاندانی منداڵانێکی جلشڕ، کراسەکانیان جێی پینەیەکی تری نەماوە و دیاریش نییە چ ڕەنگ بووە، چڵمی شۆڕەوەبوو، لە تایەی ئوتومبێل پێڵاویان بۆ بڕادراوە، وەک شتێک خوادا ئەم خەڵکەی سپاردبێتە دەست خۆیان و فەرامۆشی کردبن.

٣/ ڕۆمانەکە بە گەیشتنی کارەکتەری سەرەکی بە گوندەکە دەست پێ دەکات، کەسێک کە ئێمە بە شوناسی فێرکار یان مامۆستا دەیناسین، کە دەگاتە گوند، موختار و خەڵکەکە بەس تەماشای دەکەن، ئەمە کەسێکە کە لە زەریاوە هاتووە، یان ڕاستترە بڵێین زەریا هێناویەتی. ڕۆمانەکە بەم دەستپێک و کارەکتەرە شیعرییەوە دەست پێ دەکات و تاکو کۆتاییش درێژە بەم ڕەوتە دەدات؛ ڕەوتێک کە لە نێوان خەون و واقیعێکی تاڵدا بەردەوام لە هاتوچۆدایە و هەدا نادات بۆ ساتێک. تەنانەت ئەم شێوازە وەک فۆڕمێک لە ڕستەسازی و جۆری داڕشتنی ڕستەکان بە شێوەی نیوەدێڕ و ستوونی و کورتەوە دیارە و ڕەنگی داوەتەوە، لە هەندێک بەشدا خوێنەر جیا لەوەی خەریکە ڕەوایەتێک دەخوێنێتەوە، لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێین خەریکە کورتەشیعرێکیش دەخوێنێتەوە و فەزایەکی شیعریش ئەزموون دەکات. دەبێت ئەوە بڵێین کە خودی هەڵبژاردنی ئەم شوێنە عاسی و پێچەڵپێچە، هەروەها بوونی ئەو کەشە بەفراویی و کپە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئامادەیی ئەو خەڵکە سەیروسەمەرە، کە  ناتوانین بە هیچیان بڵێین مەخلوقی ئاسایی و نۆرماڵ، ئامادەساز و ئیمکانی ئەو فەزا شیعرییەن. خاڵێک پەیوەند بەم باسەوە گرنگە و نابێت لێی تێپەڕین ئەوەیە، ئەم فەزا شیعرییە کارێکی نەکردووە کە ئەو ئازار و نەهامەتییەی ئەم خەڵکە هەڵیانگرتووە، داشارێت، نەهاتووە ئەو ژیانە تژی لە ناعەدالەتی و نەخۆشی و دەردە جوان و خۆشەویست بکات، بەڵکو لێرەدا شیعرییەت دەگاتە ئاستێک لە دەرخستن و نواندنەوە، کارێک کە پۆل سیلان و شێرکۆ بێکەس کردوویانە.

٤/ زمان لەم ڕۆمانەدا لە حاڵەتی بڤە و هێڵی سووردایە، هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە چپەئاسا بدوێن، زمان لێرەدا مەبەست لە زمانی کوردییە، زمانێک کە کەتووەتە ژێر هەژموونی زمانێکی سەردەستە و داگیرکارەوە، کە زمانی تورکییە، هەموو شتێک بە کوردی و تەنانەت ئاماژەکانیش دەکەونە خانەی خەتای گەورە و لەو بازنەیەدان کە مەرگێک بۆ بگۆکەی مسۆگەر دەکەن. لەو ڕووبەرەدا، کە گوندێکی عاسی و دوورەدەستە، لە بازنەی ئەو مەترسییە دەگەین کە داگیرکەر لە بەرانبەر زمانی کوردیدا هەیەتی، گوندەکە کوردن و تێکڕا لەگەڵ ترسێکدا دەستلەملانن، ترسێک کە هەڕەشەیە بۆ سەر بوونیان، دەیەوێت نەبن، لە ژێڵاوە بیانسڕێتەوە، گەر ئەوەش نەتوانێت بکات، لانیکەم لەناو زمان و مێژوویەیەکدا بیانتوێنێتەوە، بیانتورکێنیت، ڕۆمانی “وەرزێک لە هەکاری” ئەگەرچی وێنای وەرزێک لە ساڵێکدا دەکێشێ، بەڵام ئەم وێنایە بۆ هەمیشەیە، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووە، ئاماژەیەکی دوور دەدات، مەترسییەک دەچنێت کە سەرەتاکانی بە ژانەوە دەستیان پێ کردووە و کۆتاییەکەی بێ بن و بەردەوامە.

قەدەغەکردنی زمان نەک بە تەنیا لە ئاستە ئاخێوەرەکەیدا، بەڵام قووڵتر لەوەیە، دیوێکی تەواو سیاسییە و پەیوەست دەبێتەوە بە شوناسی نەتەوەیەک، زمان بەو جۆرەی فەرید ئەدگۆ لە سادەترین دیالۆگەکاندا بەیانی دەکات، هاوئاستی شوناسی نەتەوەیی کوردە لەو بەشەدا، لێسەندنەوە و لەکارخستنی بۆ دەربڕینی هەرڕۆژە، هاوکاتی کەوتنی شوناسی زمانەکەشە.

٥/ خوێنەر کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە ڕەنگە یەکێک لەو پرسیارە زۆر چاوەڕوانکراوانەی بەردەوام وەک خۆرە مێشکی بکرۆژێت ئەمە بێت: دەوڵەتی تورکیا چون ڕێ بە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانێکی لەم چەشنە دەدات لە کات و سەردەمێکدا کە دۆزی کورد لە تورکیا، سوورترین و بڤەترین دۆزە؟ بەڕاستی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە قورسە و ڕەنگە نەتوانرێت وەڵامێکی قەناعەتپێکەر بدرێتەوە، بەڵام فەرید ئەدگۆ کارەکەی هێندە بەرز و تایبەتە، دۆزەکە لەنێو ئەو کارەدا وەها هونەرێنراوە، کە وەک دژێکی نەرم و هاوکات پڕ وزە، ئاراستە ببێت، هەر ئەمەشە وای کردووە “وەرزێک لە هەکاری” ببێتە پاسپۆرت و بازگەکانی دەوڵەت و ڕەقابە و چاوە نەیارەکان ببەزێنێت.

لە خۆڕا نییە لە “وەرزێک لە هەکاری”دا بەردەوام سوود لەو ئیمکانە وەردەگیرێ کە بە مەنەلۆگ (لەگەڵخۆدوان) ناسراوە؛ بە چپە و بێدەنگ و لەخۆدا لەگەڵ خۆت بدوێ، بەو زمانەی کە هێڵی سوورە، ئاگادار بە لە خەونەکانیشدا بە کوردی مەدوێ، بەڵام لە خەوبینین بە ڕزگارییەوە قەت نائومێد مەبە.

ئەم ڕۆمانە لە زمانی یەکەم و تورکییەوە، لە لایەن ئەحمەد محەمەد ئیسماعیلەوە کراوە بە کوردی.

پێنج شار و دوو یادگە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

دەوترێت شاعیرەکان دوو جار لە دایک دەبن و دوو جار دەژێن، جارێک لەدایکبوون و ژیانی نێو دونیا و چوونە نێو پرۆسەی پەیوەندی و بەرکەوتنەکانەوە، جارێکیش لەدایکبوون لە نێو نووسین و ڕووبەری تێکستەکاندا، لەدایکبوونی یەکەم و هاتنە نێو ژیان ڕێکەوتە و پێشوەختە سروشت بڕیاری لەسەر داوە، هەرچی لەدایکبوونی دووەمی  نێو شیعر و نووسینە، ئەوا هەڵبژاردەی خودی شاعیر خۆیەتی و دوور لە نۆرم، سیستەم، بڕیارەکانی ئەوانی تر و  پەیوەندییەکان، خۆی بڕیار لەسەر چۆنیەتی لەداایکبوون، ژیان و دونیای خۆی دەدات و هاوکات خۆی شێواز و نەخشەی ژیانی خۆی دادەڕێژێت.

ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەی شاعیراندا وەک هەر بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بابەتێکە پەیوەستە بە شێوازی بیرکردنەوە، ئاست و پێگەی کۆمەڵایەتی، دۆخ و هەلومەرجی باوی کولتووری، ئابووری و فەرهەنگی ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ژیانی نێو شیعر و تێکستەکان، ژیانێکی پڕ لە کۆد و ڕاز و نهێنی، دیسپلین و پەیڕەوی نیوخۆیی، دنیایەکە ڕێگاوبان، کۆشک و ئاسمان، ڕەزا بەراهەنی گوتەنی: خودا و ئاسمانی تایبەت بە خۆی هەیە! بۆ ئاشنابوون و بەرکەوتنمان بەو ژیان و دونیا پەنهانەی شاعیر، ئاتاجی ئەوەین بە وشیاریی و ڕۆشنبیرییەوە بچینە نێو پانتایی دەق و بە چاوانێکی پڕاوپڕ لە سەرنجەوە گەشت بە نێو دێڕ و وشەکانیاندا بکەین، بڕوا ناکەم هیچ مەخلوقێک هێندەی شاعیران لە نێو پانتایی شیعردا خۆیان ڕووت بکەنەوە و ڕاستیی ژیان، بیرکردنەوە و دونیاکەی خۆیان بەرهەڵدا بکەن بۆ ئەوانی تر، ئاخر ئەوەی شاعیران لە نێو لەدایکبوون و ژیانی یەکەمدا، بە هۆی دیوارە زۆرەکانەوە، دیواری ئایین، دیواری خێڵ، دیواری سیاسەت و سنوورەکان، ناتوانن ڕاستگۆیانە وەک ئەوەی هەن و دەیخوازن، خۆیان بن، لە ژیانەکەی تردا، واتە ژیانی نێو نووسین و شیعردا، نە سیاستە، نە ئایین و سنوور دەناسن، سنووری قەڵەمڕەوییان لە ناخ و ئەندێشە و زمانی تایبەت بە خۆیانەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تا ئەودیو تخووب و تابۆکان، ڕۆ دەچێت تا ناکۆتا، تا ئەو شوێنەی دڵ حەز دەکات و خەیاڵ دەیخوازێت.

ئەوەی وا دەکات بۆ خوێنەر ژیانی سێیەم، لەدایکبوون و دونیای سێیەمی شاعیران بناسێت، دونیا و ژیانێک کە ڕەنگە خودی شاعیران خۆشیان وەک ڕەشنووسێکی دەستبۆنەبراو، لامسەلایی لێی بڕوانن و بە لالووتێکەوە بە لایدا تێپەڕن، ڕاگرتنیانە لە بەردەم پرسیاری کونجکوڵانەدا، پرسیارێک کە ئەگەرچی لە فۆڕمدا سادە بنوێنیت، بەڵام دەرگا دەخاتە سەر پشت تا بە لێشاو وەڵام لێوەی بێتە دەرەوە، پرسیار ئەو سیحرەی هەیە کە هەمیشە تاک لە پنتێکی دیاریکراوەوە بەرەو پانتاییە فراوانەکان ئاڕاستە دەکات، پەردە لەسەر ئەو قۆناغە جیاجیایانە هەڵدەماڵێت کە ڕەنگە لە گۆشەیەکی تەنگەبەری یادگەدا، لە خامۆشیدا کەوتبێ، هونەری چاوپێکەوتن، دواندن و گفتوگۆ، هونەرێکە بە هێزێکی گەورەوە بەشدارە لە گێڕانەوەی سەرربووردە، ئەزموون و یادەوەرییەکاندا، هەر لەو میانەوە هونەری گفتوگۆ، کونجکوڵانە کنەی ئاشکراکردنی نهێنی زیاتر دەکات و لە ڕێی پرسیارە جەوهەری و وردەکانیەوە، کۆنترۆڵی هەستی بەرامبەرەکەی دەکات، یادگەی دەخاتەوە ئیش و زمانی گێرانەوەی چیرۆک، سەربوردە و ئەزموونەکانی چالاک دەکات، وای لێ دەکات دەست بۆ قووڵترین و تاریکترین پنتی نێو ناخ و دەروونی خۆی بەرێت، تەنانەت هێزی ئەوەشی هەیە وا لە بەرامبەرەکەی بکات ددان بە گەلێک نهێنی و حاڵەتی شاراوەی ژیانی خۆیدا بنێت، بەوانەشەوە کە لە نووسیندا جێگایان نەبۆتەوە.

کتێبی (پێنج شار و دوو یادگە) گفتوگۆیەکی دوورودرێژە و ژیانی پڕ لە ئەزموونی ژیان و نووسین، قۆناغەکانی منداڵی و هەرزەکاری، ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی، ئاشنابوون بە سیاسەت، کتێب و نووسین و… هتد…ی یەکێک لە شاعیرە کۆڵەکە و پێشەنگەکانی ئەدەبی عێراق (سەڵاح فایەق) دەخاتە ڕوو، (ئیسکەندەر حەبەش) لە ڕێی نامەی ئیلەکترۆنییەوە وتوێژی لەگەڵدا کردووە و شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد (دلاوەر قەرەداغی) وەک سەرجەم بەرهەم و کارە گەورەکانی دیکەی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

ئامادەکاری ئەم کتێبە (ئیسکەندەر حەبەش) بەشبەحاڵی خۆی خوێنەرێکی جیددی و کونجکوڵی شیعرەکانی (سەڵاح فایەق)ە و ئاگاداری ئەزموونە شیعرییە دەوڵەمەندەکەیەتی، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوانە و لە فەلسەفەی پرسیارکردن و دواندندا شارەزایە، ورد ورد و هەنگاو بە هەنگاو (سەڵاح فایەق)ی دواندووە و بێ هیچ پەلەپروزێیەک ڕۆچووەتە نێو ژیان، دونیا و یادگە پڕ لە ڕوودا و چیرۆکە نەبیستراوەکانیەوە، لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات، ژینگەی خێزانی و ناتەباییەکانی لەگەڵ باوکیدا، ڕقەکانی لە قوتابخانە و مامۆستا، ژیانی ئەو سەردەمەی کەرکوک و پێکهاتە ڕەنگاوڕەنگەکەی، هەراش بوونی و ئاشنا بوونی بە سیاسەت، پاشان پێشمەرگایەتی و چوونە شاخ، ڕەسمێکی گەورەی ئەو ڕووداو و ململانێیانەی کێشاوە کە لەو ڕۆژگارەدا ڕوویان داوە، هەر لە ڕێی پرسیارەکانەوە خوێنەر بە دونیابینیی ئایدۆلۆجی و ئەدەبیی سەڵاح فایەق ئاشنا دەبێت، ئەو چرکەساتەمان پێ دەناسێنیت کە شاعیر تیایدا بە کتێب و خوێندەوە، پاشان هەوڵە بەراییەکانی نووسین و تێکەڵبوونی لەگەڵ (کۆمەڵەی کەرکووک) کە تیایدا پەرە بە ئەزموونی نووسین، خوێندەوە، خۆ ڕۆشنبیر کردن و گفتوگۆ و چالاکییە ئەدەبییەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەدات، پاشان ڕۆژگارە ترسناکەکانی زیندان و یاساغ بوونی بە هۆی سیاسەتەوە، خۆحەشاردان و دەستکورتی، دواتر سەفەر و سەرهەڵگرتن بۆ مەنفا، هاوکات دیارنەمانی بۆ ماوەی بیست ساڵ کە هاوکاتە لەگەڵ درەوشانەوەی ئەستێرەی داهێنان و چوونە پێشەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئەو ئاڵوگۆڕە فیکری، ئەدەبی و زیهنییەی بەسەریدا هاتووە.

خوێندوەەی ئەم کتێبە لەوە بەچێژترە خوێنەر وا مەزەندە بکات کە تەنیا کتێبێکی گفتوگۆئامێز دەخوێنێتەوە، بەڵکو بە هۆی پرسیارە ورد و بە سەرنجەکانەوە، هاوکات وردبینی لە هەڵبژاردنی وشە و ڕستە بۆ وەڵامەکان، وا دەکەن خوێنەر هەست بکات لە بەردەم ئەزموونێکی گەورەی نەک هەر ئەدەبی، بەڵکو ژیانێکی پڕ لە ڕووداو، کێشمانکێش و پڕ ئازار، هاوکات هەڵکشان و داکشاندایە، لەم وتوێژە دورودرێژەوە فێری ئەوە دەبین چۆن بەسەر ئازار و دڵشکاندنەکاندا زاڵ بین، چۆن نەفەسدرێژانە پەرە بە بەهرە و خولیاکانمان بدەین و هەڵپەی ناو و ناوبانگمان نەبێت، چۆن موجامەلە و چەپڵە و ئافەرینە ساختەکان لە خشتەمان نەبن و لەسەر ڕێگا ڕاستییەکە بەردەوام بین لە هەنگاونان، ئیمە لە ڕێی ئەم کتێبەوە بە تەنیا ژیان، ئەزموون، چیرۆک و بەسەرهاتی شاعیرێکی دەیەی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ناخوێنینەوە، بەڵکو دەگەڕێینەوە بۆ قۆناغ و مێژوویەکی دیاریکراو، کە کەمترین قسەی لەسەر کراوە، دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە تیایدا چەندین هێزی جیاوازی سیاسی، مەیلی فیکری، ڕەوتی ئایدۆلۆژی و ئەدەبی نوێ دەردکەون، تەوژمی گۆڕانکاری بەڕێوەیە و هاوکێشەکانی دونیا ڕەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی وڵات، بازاڕ و ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکان داناوە، کە بۆ نەوەی ئێستا و پێشووتریش کەم زانیاری لەبارەیەوە خراوەنەتە ڕوو، ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک ناو و فیگۆری دیکەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کەرکوک، بە تایبەت و عێراقمان پێ دەناسێنێت و ئاشنامان دەکات بە شێوازی ژیان، بیرکردنەوە و نووسینیان.

سەڵاح فایەق خۆی لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە پێچەوانەی هەندێک نووسەر کە سەرەتا بە شیعر دەست پێ دەکەن، ئەو سەرەتا بە شیعرنووسین دەستی پێ نەکردووە، بەڵکو خەریکی وێنەکێشان و نووسینی کورتەچیرۆک بووە: ئاڵوگۆڕەکە لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٤ یان دواتریدا ڕووی دا، ئەوەش کاتێک بوو کە لە بەردەم کۆمەڵەی کەرکووکدا ڕاوەستام و چەند چیرۆکێکی خۆمم خوێندەوە، دوای خوێندەوەی (سەرگۆن) هەستا و گوتی ئەمانە چیرۆک نەبوون، بەڵکو شیعر بوون، جان (دمۆ) و (باوکە یوسف سەعید) قسەکەی سەرگۆنیان سەلماند، ئەنوەر غەسانی لە دانیشتنەکەدا بوو، هەندێک لە چیرۆکرکانی هەڵبژاردن و لە پاشکۆی ئەدەبیی ڕۆژنامەی ئەلجمهورییەدا لە بەغدا بڵاوی کردنەوە، ئەوە سەرەتای شیعریم بوو.

ئەم هەوڵەی کاک (دلاوەر قەرەداغی) لە بواری وەرگێڕاندا جێگەی ڕێزە و بەشێکە لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی لە پاش ڕاپەڕینەوە، بە وەرگێرانی دەیان شاکاری جیهانی کەڵەکەی کردووە و بێمنەت لە بەخشش و هەوڵپەی دەرکەوتن، بە کاوەخۆ و دوور لە فەوزای نێو ناوەندە گوایە “ئەدەبییە” کە، ناوبەناو بە بەرهەمێکی ناوازە و نوێ، تینوێتی و تامەزرۆیی خوێنەر بۆ کاری جیددی دەشکێنێت، وەرگێڕ لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند تێکستێکی شیعری (سەڵاح فایەق)ی وەک نموونەیەک لە ئەزموونی نووسینی ئەو شاعیرەی بە زمانە تایبەتە شیعرییەکەی خۆی وەرگێڕاوە، خوێندوەی ئەو شیعرانەش بۆ کەسانێکی وەک من کە سەرچاوەی فێربوون و خوێندنەوەمان تەنیا زمانی کوردی و بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانە، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی بزانین ئەو کتێبە پڕ لە پرسیار و وەڵامەی دەیخوێنینەوە، ئەزموونی ژیان و ئەدەبیی چ تاقانە شاعیرێکە:

من پێویستم بە نووسین نییە، بەڵکو ئەوە نووسینە لەبەر هەر هۆیەک بێت، پێویستی بە منە، جا لەبەر ئەوەی بە سروشتی خۆم و پەروەردەی دایکم، حەزم لە ئیشی خێرە و حەز دەکەم کەسێکی بەسوود بم و یارمەتیی دەوروبەرەکەم بدەم، بۆیە بەرەوپیری دەچم.

فۆرمی ڕوومەت لە ساتی پێکەنیندا

خستنەڕووی “کتێبی پرتەقاڵی”

خوێندنەوەی: سەردەم

نوێترین کتێبی وەرگێڕاوی باگوان شری ڕاجنیش کە لە دنیادا بە (ئۆشۆ) ناسراوە، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کتێبەکە بە ناوی (کتێبی پرتەقاڵی)یەوە و لە زمانی ئینگلیزییەوە لە لایەن هەردوو وەرگێڕ (ڕۆشنا و کارمەند)، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە چاپێکی ناوازەدا و لە دووتوێی ٢٠٦ لاپەڕەدا، چاپ بووە. کتێبەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە جێگەی خوێندنەوە و پەسنە، ئۆشۆ وەک شێوازی هەمیشەیی خۆی، سادە، بەڵام قووڵ ئایدیاکانی دەگەیەنێت بە بەرانبەرانی لە تەواوی دنیادا، لەم کتێبەشدا بە هەمان پێڕەو و میتۆد وانەکانی ئاراستە دەکات و بەردەنگانی دەخاتە دۆخێکی تەواو تایبەت و جیاوازەوە. لەم نووسینە کورتەدا هەوڵ دەدەین لە ڕێی خوێندنەوە و وەرگرتنی چەند پاراگراف و وانەیەکەوە، لە ناوەڕۆک و مەبەستی هەندێ لە باسەکان نزیک ببینەوە، بەو هیوایەی کتێبەکە بتوانێت لە ئاستێکی بەربڵاودا بخوێنرێتەوە، چونکە بە دڵنیاییەوە کتێبێکی چێژبەخش و هاوکات گرنگە بۆ ئێستا و ئەم سەردەمەی کە هەموو شت بە ئاراستەی کاڵبوونەوەی بەهاکاندا دەڕواتە پێش.

“کتێبی پرتەقاڵی” وەک لەژێر ناونیشانەکەشیدا نووسراوە (تەکنیکەکانی تێڕامانی باگوان شری ڕاجنیش “ئۆشۆ”)یە، لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی ورد باس لە دەیان جۆری تێڕامان دەکات، ئەوەی لە زمانی هیندیدا بە “میدیتەیشن” ناسراوە. تێڕامان، وەک لەم کتێبەدا ڕوون کراوەتەوە، دۆخێکی تایبەت و هەستارە، دۆخێکە دەتوانێت بۆ هەمووان بێت، چ ئەوانەی ئیماندارن بە هەر بڕوا و ئایینێک بێت، چ ئەوانەش کە لەسەر هیچ بیروڕا و ئایینێک نین و لە دەرەوەی هەموو ئینتما و ئیلتزامێکن. کەوایە با سەرەتا بزانین تێڕامان لە دیدی ئۆشۆوە، چۆن لەم کتێبەدا بەرباس خراوە، وەک سەرنجێک: لە کۆی کتێبەکەدا، لە چەندان شوێندا، ئۆشۆ دەگەڕێتەوە سەر پێناسە و ڕوانینی خۆی بۆ “تێڕامان”، هەر جارێکیش جەخت لەسەر لایەنێکی ئەم دیاردەیە دەکاتەوە و بە پاڵپشتی ئەو ڕاهێنان و خاڵانەی دەیانخاتە ڕوو، داڕشتنەکەی بۆ “تێڕامان” قووڵتر و سادەتر پێشکەش دەکاتەوە.

با پێکەوە دەستپێکی “کتێبی پرتەقاڵی” بخوێنینەوە:

تێڕامان چییە؟

تێڕامان دۆخێکی بێزیهنییە. تێڕامان دۆخی ئاگاییەکی بێگەردی بێناوەڕۆکە. بە شێوەیەکی ئاسایی، ئاگایی تۆ پڕە لە شتی بێمانا، هەروەک ئاوێنەیەک کە بە خۆڵ داپۆشرابێت. زیهن لە جووڵەی بەردەوامدایە، بیرکردنەوەکان دێن و دەچن، ئارەزووەکان، یادەوەرییەکان، چاوچنۆکییەکان لە هاتوچۆدان. ڕۆژێک لە ناوەوە و ڕۆژێک لە دەرەوە. تەنانەت ئەو کاتەی لە خەودایت زیهن کار دەکات، خەو دەبینێت. هێشتا بیر دەکاتەوە؛ هێشتا لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیدایە. خۆی بۆ ڕۆژی دواتر ئامادە دەکات؛ خۆئامادەکردنی ژێربەژێر و نهێنیی بەردەوامە، کە ئەمە دۆخی ناتێڕامانە. ڕێک پێچەوانەکەی ئەمە دەبێتە تێڕامان.

بەپێی ئەم پاراگرافە و چەند جاری تر گەڕانەوە بۆ سەر بۆچوونەکانی، لای ئۆشۆ دەردەکەوێت کە تێڕامان چییە و چۆن هەوڵی ناساندنی ئەم دیاردە، یان دۆخە ناوازەیە دەدات. ئینسان لە ساتی “تێڕامان”دا، تێڕامان بە قووڵی و لەو وەختەیدا کە هەموو جەستە و ناخ تێیدا بەشدارن، تەواو دەستبەرداری هەموو ئەو شتانە دەبێت کە قورس پێیەکانی بە زەوییەوە دەبەستنەوە، هەموو ئەو ئەو بەرزویستی و دوودڵی و نیگەرانیانەی کە ناخ و دەروونی پەرێشان و پەرێشانتر دەکەن، هەموو ئەو هەڵپە هەڵپەیەی بە شوێن سەروەت و ماڵدا هەیەتی، هەموو ئەو پیلان و لەکەمیندابوونانەی بۆ ئەوانی تری دەیچنێت، لە “تێڕامان”دا دەگەنە خاڵی سفر، دەگەنە کۆتایی و ئینسان بە تەنیا لەگەڵ خودا و خۆیدا لە پەیوەندیدا دەبێت، پەیوەندییەک کە لەسەر هیچ بنەمایەکی تەماح ڕۆ نەنراوە، چاوت لە هیچی ئەوی تر نییە، پەیوەندییەک ساز دەکەن، بێدەگانە و بێپەیڤانە، لەسەر هیچ گرێبەست و ڕێکەوتێک دانەڕێژراوە، شتێکە لە دڵدا، لە نائاگاییدا، ئارامییەکە کە ڕۆح گوڵاوپرژێن دەکات، دەروون فێنک دەکاتەوە و چاو لەسەر جوانی ڕادەهێنێت. تێڕامان هەوڵێکی گرنگە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ خودا و خۆت، گەڕانە بە دوای جوانییەکانی دەوروبەردا، ئاشنابوونە بەو شتانەی کە چیدی پێشتر بۆت گرنگ نەبوون و ئەوانیش بەوپەڕی میهرەبانییەوە لە دەوروبەرت هەبوون و سۆزیان پێداویت. لێرەدا وا بە باش دەزانین پێکەوە پاراگرافێک بخوێنینەوە، دواتر هەوڵ دەدەین شرۆڤەیەکی کورتی بکەین لەو سیاقەی کە وەرمان گرتووە.

هاوڕێیەتیی دروستکردن لەگەڵ درەختدا

 

بڕۆ لای درەختێک، قسەی لەگەڵدا بکە و دەستی لێ بدە، هەستی پێ بکە، باوەشی پیا بکە، لە تەنیشت درەختەکەوە دابنیشە و با درەختەکە هەست بکات کە تۆ مرۆڤێکی باشیت و هیچ نییەتێکی زیانبەخشینت نییە بۆی.

وردەوردە هاوڕێەتی لەگەڵیدا دروست دەبێت، کە بۆ لای درەختەکە دەچیت، لە کوالێتییەکەیدا هەست بە گۆڕان دەکەیت. کاتێک تۆ دەچیتە لای درەختەکە، لە قەدەکەیەوە هەست بە جووڵانی وزەیەکی زۆر مەزن دەکەیت. کە دەست لە درەختەکە دەدەیت، وەک خۆشەویستێک دڵخۆش دەبێت. کە لە تەنیشتییەوە دادەنیشیت، هەست بە زۆر شت دەکەیت، کە خەمێکت هەبێت و بچیت بۆ لای درەختەکە زۆر زوو هەست بە نەمانی خەمەکە دەکەیت.

ئەو کاتە تێدەگەیت کە ئێوە پێکەوەبەندن. دەتوانیت درەختەکە دڵخۆش بکەیت و درەختەکەش تۆ دڵخۆش بکات، هەموو ژیان پشتبەستنە بەیەکەوە. من بەم پێکەوەبەندییە دەڵێم خودا.

لە پاش ئەم پاراگرافەوە، ئەم چەند دێڕە هاتوون:

“من ناڵێم تێڕامان کێشەکانی ژیان چارەسەر دەکات، من تەنیا بە سادەیی دەڵێم ئەگەر تۆ لە دۆخی تێڕاماندا بیت، کێشەکان ون دەبن، نەک چارەسەر دەبن. پێویست ناکات گرفتێک چارەسەر بکرێت. هەر لە سەرەتاوە کێشەکە بە هۆی زیهنێکی گرژ و ئاڵۆزەوە دروست بووە.”

لەو پاراگرافەی سەرەوە، کاتێک ورد دەیخوێنیتەوە، هەستێکی سەیر و هەژێنەر داتدەگرێت، قسەکە لەسەر درەختە، درەختێک کە لە دەوروبەرمان ڕواوە و گەشەی کردووە و ڕۆژانە بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبین، لە سێبەریدا دادەنیشین و هەست بە حەسانەوە دەکەین. بەڵام قەت بیرمان لەوە نەکردووەتەوە پەیوەندییەکی ڕۆحی و هاوسۆزی لەگەڵدا دابمەزرێنین، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئێمە بەردەوام سەرقاڵین، سەرقاڵ بە ژیانی ئەوانی ترەوە، بە شەڕ و ململانێی پووچەوە، بە کاتکوشتن بە دیار مۆبایل و سەرگێژەبوون لەناو ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئێمە بەردەوام هەوڵی ئاشنایی لەگەڵ ئەوانی تر دەدەین، چۆن ڕایانبکێشینە ژیانە دۆزەخییەکەی خۆمانەوە، چۆن بیانکەینە بەردەباز، چۆن حەزەکانی خۆمان و تەماحە لە بننەهاتووەکانمان لێیانەوە وەدەست بخەین، بێگومان بەرانبەرەکەشمان لە ئێمە سەرڕاستتر نییە، ئەویش لە بۆسە و فێڵدایە، خەریکی چینینی تازەترین تەڵەکەیە بۆ ئەوەی زەبری کوشندە لە تۆ بدات، کەوایە ئێمە لە دۆزەخی یەکتردا دەسووتێین و گڕ دەگرین. بەڵام ئایا هەموو پەیوەندییەکان بەم جۆرە ناشیرین و قێزەونن؟ بێگومان نەخێر، هێشتا هەن بۆ جوانی داگیرساون و بە داگیرسانیشیان جوانی بە دەوروبەر و تایبەت دۆستانیان دەدەن.

لەو پاراگرافەدا، لە دەرەوەی پەیوەندیی ئینسان لەگەڵ ئینسان، ئۆشۆ پێشنیاری جۆرێک لە هاودڵی و هاوسۆزی لەگەڵ درەختدا دەکات، ئەم پەیوەندییە زۆر قووڵ و ناوازەیە، دوو ڕەگەزی جیاوازی نێو گەردوون، دوو جۆر ژیان و ویستی لێک جودا، سەر بە دوو دنیای دوور، بەڵام هاوشان و لە نزیک یەک بە بەردەوامی، ئینسان دنیاکەی هێجگار ئاڵۆزن، ئاڵۆز تا ئەو ڕادەیەی کە ڕەنگە بۆ خۆیشی سەر لە خۆی و ئەو دنیا سەمەرەیە دەر نەکات، بەڵام لە بەرانبەردا دنیای درەخت هەیە، دنیایەکی ڕوون و بەرچاو، ویست و داواکانی درەختێک لە ژیان ئاشکرایە، ئاودان، پاراستنی لە دەستی بزێو، خزمەتکردنی لە ڕێی خاک و ئەو پێکهاتانەی خاکەکەی پێویستیەتی و دواتریش ڕاگەیشتن بەوەی کە ساڵانە پژوپۆی داپاچرێت، تا گەشە و نەشەی پڕجووڵەتر و چەلەنگتر بێت. هاوڕێیەتیی لەگەڵ درەختدا بێمەرجە، هاوڕێیەتییەکە لەسەر بنەمای خۆشەویستی، تۆ هەر ئێستا بڕیار بدە درەختێک بکەیت بە هاوڕێی هەمیشەیی خۆت، هیچ دوور نییە سەرلەبەری ژیانت بگۆڕدرێت، بە ئاراستەیەکی باشتردا، ئارامتر لە پێشوو. تۆ دەتوانیت سۆزێک لە نێوان خۆت و درەختەکەدا پێک بهێنیت، لەو کاتانەدا کە هیچ سۆزێک لەوانی ترەوە شک نابەی، یان هەموو ئەوانی تر پشتیان لێ کردوویت و لە خۆشویستنت سارد بوونەتەوە، تۆیان لە بیر بردووەتەوە و وەک ئەوەی هەر نەبووبیت، بچۆ بۆ لای هاوڕێ درەختەکەت، دڵنیابە ئەو وەک ئەوان نامەرد نییە، باوەشت بۆ دەگرێتەوە، سۆزی خۆیت بێ هیچ چاوەڕوانییەک پێ دەدات، ئەوەش بەسە.

ئەو حاڵەتەی نێوان و تۆ درەختەکە جیا لە هاوڕێیەتی، دەتوانێت دۆخێکی ڕاستەقینەش بێت بۆ تێڕامان، دۆخێکی ئارامبەخش بێت بۆ ژیان، یەکبوونی تۆ لەگەڵ درەختەکە، بەشێکە لە یەکبوونی تۆ لەگەڵ خودادا، ئەمە ڕازی قووڵی تەسەووفە، کە پێی دەگوترێ: “یەکێتیی بوون”.

“کتێبی پرتەقاڵی” پڕە لەم نموونە بەرز و بە بەهایانە، کە جیا لە لایەنە ڕۆحییەکەی، دەتوانێت نموونەیەکی بەرزی ئەدەبیش بێت لە ڕووی جوانی و ئیستاتیکاوە. تەنانەت دابەشکردنی کتێبەکە بەسەر چەند بەش و وردەبەشدا، لە ڕووی ناونیشانەوە، سەرمەشقی جوانین، با پێکەوە ناونیشان و وردەناونیشانەکان بخوێنینەوە:

مەزنترین خۆشی لە ژیان

کازیوە (بەرەبەیان): پێکەنین، جووڵە، خاڵیکردنەوەی ناخ

بەیانیان: ئاهەنگگێڕان، کارکردن، یاریکردن

پاش نیوەڕۆ: دانیشتن، سەیرکردن، گوێگرتن

شەو: خەیاڵکردن، نزاکردن (نوێژکردن)، خۆشەویستی

تاکە ڕێگە

لەم کتێبەکەدا زۆر ڕێی سادە بۆ تێڕامان خراونەتە بەردەست، یەک لەوانە بانگکردنی ناوی خۆتە، لە سەرەتاوە بە دەنگی بەرز، پاشان هێورتر و ئارامتر، تا دەگەیتە ئەوەی تەواوی جەستە و دەروونت دەگەنە حاڵەتی تێڕامان و لە بیرکردن. سەماکردن یەکێکی ترە لە خاڵە زۆر گرنگەکان بۆ تێڕامان، لای مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی “سەمای ئەهلی خودا نایاب و بێسەنگە، دەڵێیت وەک گەڵایەک بەسەر ئاوەوەن، بەڵام لە ناخیاندا وەک کێون، بگرە سەد هەزار کێون، بەڵام لە دەرەوە وەک زیخن.” لای ئۆشۆ هەمان تێڕوانین هەیە، بەڵام بۆ مەبەستی تێڕامان. وڕێنە یەکێکی ترە لە ڕێگەکانی تێڕامان. نوێژکردن لە پلەیەکی تردا و بە مەبەستێکی جیا لەوەی لە ڕووکەشدا هەیە، خاڵێکی گرنگە بۆ تێڕامان، ئۆشۆ دەنووسێت: “نوێژکردن خۆی ئەوەندە دیاردەیەکی جوانە کە کێ هەیە گرنگی بە داهاتوو بدات و کێ دوودڵە لە بارەی پاداشتەوە؟ بیرۆکەی پاداشت چاوچنۆکییە. نوێژکردن خۆی لە خۆیدا ئاهەنگێکە کە خۆشی و چێژێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، نوێژ دەکرێت بۆ خاتری نوێژ خۆی، نابێت نوێژ لە ترسدا یان لە چاوچنۆکیدا بکرێت، دەبێت کاتێک نوێژ بکەیت کە چێژی لێ ببینیت، خۆت هەراسان نەکەیت کە ئایا خودایەک هەیە یان نا.

خودا ئامێرێکە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات نوێژ بکەیت، کاتێک فێری نوێژکردن بوویت، هەموو شتێک دەربارەی خودا لەبیر بکە. نوێژ هەر خۆی بەسە.”

“کتێبی پرتەقاڵی” ڕەنگی ژیان و پێکەنین دەنەخشێنیت، هەوڵ دەدات خوێنەر بخاتە سەر کەڵکەکەی ئەو مەشقانەی وەک هەنگاو دایناون، هیچ کام لەو مەشقانە کاری نەکردە نین، هەموویان سادە و بەردەست و ئاسانن. پرتەقاڵی ڕەنگی جلی بوودییەکانە لە کاتی نزا و نوێژدا، ئەو ڕەنگە لای بوودییەکان پیرۆزییەکی تایبەتی هەیە. کتێبەکە پێکەنینێکی گەورەیە بۆ ژیان، پێکەنینێکی پاک و لە دڵەوەیە، ئەو پێکەنینەیە خەریکە لەبیری دەکەین، پێکەنینێکە دوورە لە هەر نیازێکی بەد، هەربۆیە فۆرمەکەی لەسەر ڕوومەت جوان و لەبەردڵانە.

پێنج شار و دوو یادگە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

دەوترێت شاعیرەکان دوو جار لە دایک دەبن و دوو جار دەژێن، جارێک لەدایکبوون و ژیانی نێو دونیا و چوونە نێو پرۆسەی پەیوەندی و بەرکەوتنەکانەوە، جارێکیش لەدایکبوون لە نێو نووسین و ڕووبەری تێکستەکاندا، لەدایکبوونی یەکەم و هاتنە نێو ژیان ڕێکەوتە و پێشوەختە سروشت بڕیاری لەسەر داوە، هەرچی لەدایکبوونی دووەمی  نێو شیعر و نووسینە، ئەوا هەڵبژاردەی خودی شاعیر خۆیەتی و دوور لە نۆرم، سیستەم، بڕیارەکانی ئەوانی تر و  پەیوەندییەکان، خۆی بڕیار لەسەر چۆنیەتی لەداایکبوون، ژیان و دونیای خۆی دەدات و هاوکات خۆی شێواز و نەخشەی ژیانی خۆی دادەڕێژێت.

ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەی شاعیراندا وەک هەر بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی دەبینرێت، بابەتێکە پەیوەستە بە شێوازی بیرکردنەوە، ئاست و پێگەی کۆمەڵایەتی، دۆخ و هەلومەرجی باوی کولتووری، ئابووری و فەرهەنگی ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، ژیانی نێو شیعر و تێکستەکان، ژیانێکی پڕ لە کۆد و ڕاز و نهێنی، دیسپلین و پەیڕەوی نیوخۆیی، دنیایەکە ڕێگاوبان، کۆشک و ئاسمان، ڕەزا بەراهەنی گوتەنی: خودا و ئاسمانی تایبەت بە خۆی هەیە! بۆ ئاشنابوون و بەرکەوتنمان بەو ژیان و دونیا پەنهانەی شاعیر، ئاتاجی ئەوەین بە وشیاریی و ڕۆشنبیرییەوە بچینە نێو پانتایی دەق و بە چاوانێکی پڕاوپڕ لە سەرنجەوە گەشت بە نێو دێڕ و وشەکانیاندا بکەین، بڕوا ناکەم هیچ مەخلوقێک هێندەی شاعیران لە نێو پانتایی شیعردا خۆیان ڕووت بکەنەوە و ڕاستیی ژیان، بیرکردنەوە و دونیاکەی خۆیان بەرهەڵدا بکەن بۆ ئەوانی تر، ئاخر ئەوەی شاعیران لە نێو لەدایکبوون و ژیانی یەکەمدا، بە هۆی دیوارە زۆرەکانەوە، دیواری ئایین، دیواری خێڵ، دیواری سیاسەت و سنوورەکان، ناتوانن ڕاستگۆیانە وەک ئەوەی هەن و دەیخوازن، خۆیان بن، لە ژیانەکەی تردا، واتە ژیانی نێو نووسین و شیعردا، نە سیاستە، نە ئایین و سنوور دەناسن، سنووری قەڵەمڕەوییان لە ناخ و ئەندێشە و زمانی تایبەت بە خۆیانەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تا ئەودیو تخووب و تابۆکان، ڕۆ دەچێت تا ناکۆتا، تا ئەو شوێنەی دڵ حەز دەکات و خەیاڵ دەیخوازێت.

ئەوەی وا دەکات بۆ خوێنەر ژیانی سێیەم، لەدایکبوون و دونیای سێیەمی شاعیران بناسێت، دونیا و ژیانێک کە ڕەنگە خودی شاعیران خۆشیان وەک ڕەشنووسێکی دەستبۆنەبراو، لامسەلایی لێی بڕوانن و بە لالووتێکەوە بە لایدا تێپەڕن، ڕاگرتنیانە لە بەردەم پرسیاری کونجکوڵانەدا، پرسیارێک کە ئەگەرچی لە فۆڕمدا سادە بنوێنیت، بەڵام دەرگا دەخاتە سەر پشت تا بە لێشاو وەڵام لێوەی بێتە دەرەوە، پرسیار ئەو سیحرەی هەیە کە هەمیشە تاک لە پنتێکی دیاریکراوەوە بەرەو پانتاییە فراوانەکان ئاڕاستە دەکات، پەردە لەسەر ئەو قۆناغە جیاجیایانە هەڵدەماڵێت کە ڕەنگە لە گۆشەیەکی تەنگەبەری یادگەدا، لە خامۆشیدا کەوتبێ، هونەری چاوپێکەوتن، دواندن و گفتوگۆ، هونەرێکە بە هێزێکی گەورەوە بەشدارە لە گێڕانەوەی سەرربووردە، ئەزموون و یادەوەرییەکاندا، هەر لەو میانەوە هونەری گفتوگۆ، کونجکوڵانە کنەی ئاشکراکردنی نهێنی زیاتر دەکات و لە ڕێی پرسیارە جەوهەری و وردەکانیەوە، کۆنترۆڵی هەستی بەرامبەرەکەی دەکات، یادگەی دەخاتەوە ئیش و زمانی گێرانەوەی چیرۆک، سەربوردە و ئەزموونەکانی چالاک دەکات، وای لێ دەکات دەست بۆ قووڵترین و تاریکترین پنتی نێو ناخ و دەروونی خۆی بەرێت، تەنانەت هێزی ئەوەشی هەیە وا لە بەرامبەرەکەی بکات ددان بە گەلێک نهێنی و حاڵەتی شاراوەی ژیانی خۆیدا بنێت، بەوانەشەوە کە لە نووسیندا جێگایان نەبۆتەوە.

کتێبی (پێنج شار و دوو یادگە) گفتوگۆیەکی دوورودرێژە و ژیانی پڕ لە ئەزموونی ژیان و نووسین، قۆناغەکانی منداڵی و هەرزەکاری، ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی، ئاشنابوون بە سیاسەت، کتێب و نووسین و… هتد…ی یەکێک لە شاعیرە کۆڵەکە و پێشەنگەکانی ئەدەبی عێراق (سەڵاح فایەق) دەخاتە ڕوو، (ئیسکەندەر حەبەش) لە ڕێی نامەی ئیلەکترۆنییەوە وتوێژی لەگەڵدا کردووە و شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد (دلاوەر قەرەداغی) وەک سەرجەم بەرهەم و کارە گەورەکانی دیکەی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

ئامادەکاری ئەم کتێبە (ئیسکەندەر حەبەش) بەشبەحاڵی خۆی خوێنەرێکی جیددی و کونجکوڵی شیعرەکانی (سەڵاح فایەق)ە و ئاگاداری ئەزموونە شیعرییە دەوڵەمەندەکەیەتی، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوانە و لە فەلسەفەی پرسیارکردن و دواندندا شارەزایە، ورد ورد و هەنگاو بە هەنگاو (سەڵاح فایەق)ی دواندووە و بێ هیچ پەلەپروزێیەک ڕۆچووەتە نێو ژیان، دونیا و یادگە پڕ لە ڕوودا و چیرۆکە نەبیستراوەکانیەوە، لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات، ژینگەی خێزانی و ناتەباییەکانی لەگەڵ باوکیدا، ڕقەکانی لە قوتابخانە و مامۆستا، ژیانی ئەو سەردەمەی کەرکوک و پێکهاتە ڕەنگاوڕەنگەکەی، هەراش بوونی و ئاشنا بوونی بە سیاسەت، پاشان پێشمەرگایەتی و چوونە شاخ، ڕەسمێکی گەورەی ئەو ڕووداو و ململانێیانەی کێشاوە کە لەو ڕۆژگارەدا ڕوویان داوە، هەر لە ڕێی پرسیارەکانەوە خوێنەر بە دونیابینیی ئایدۆلۆجی و ئەدەبیی سەڵاح فایەق ئاشنا دەبێت، ئەو چرکەساتەمان پێ دەناسێنیت کە شاعیر تیایدا بە کتێب و خوێندەوە، پاشان هەوڵە بەراییەکانی نووسین و تێکەڵبوونی لەگەڵ (کۆمەڵەی کەرکووک) کە تیایدا پەرە بە ئەزموونی نووسین، خوێندەوە، خۆ ڕۆشنبیر کردن و گفتوگۆ و چالاکییە ئەدەبییەکانی خۆی و هاوڕێکانی دەدات، پاشان ڕۆژگارە ترسناکەکانی زیندان و یاساغ بوونی بە هۆی سیاسەتەوە، خۆحەشاردان و دەستکورتی، دواتر سەفەر و سەرهەڵگرتن بۆ مەنفا، هاوکات دیارنەمانی بۆ ماوەی بیست ساڵ کە هاوکاتە لەگەڵ درەوشانەوەی ئەستێرەی داهێنان و چوونە پێشەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئەو ئاڵوگۆڕە فیکری، ئەدەبی و زیهنییەی بەسەریدا هاتووە.

خوێندوەەی ئەم کتێبە لەوە بەچێژترە خوێنەر وا مەزەندە بکات کە تەنیا کتێبێکی گفتوگۆئامێز دەخوێنێتەوە، بەڵکو بە هۆی پرسیارە ورد و بە سەرنجەکانەوە، هاوکات وردبینی لە هەڵبژاردنی وشە و ڕستە بۆ وەڵامەکان، وا دەکەن خوێنەر هەست بکات لە بەردەم ئەزموونێکی گەورەی نەک هەر ئەدەبی، بەڵکو ژیانێکی پڕ لە ڕووداو، کێشمانکێش و پڕ ئازار، هاوکات هەڵکشان و داکشاندایە، لەم وتوێژە دورودرێژەوە فێری ئەوە دەبین چۆن بەسەر ئازار و دڵشکاندنەکاندا زاڵ بین، چۆن نەفەسدرێژانە پەرە بە بەهرە و خولیاکانمان بدەین و هەڵپەی ناو و ناوبانگمان نەبێت، چۆن موجامەلە و چەپڵە و ئافەرینە ساختەکان لە خشتەمان نەبن و لەسەر ڕێگا ڕاستییەکە بەردەوام بین لە هەنگاونان، ئیمە لە ڕێی ئەم کتێبەوە بە تەنیا ژیان، ئەزموون، چیرۆک و بەسەرهاتی شاعیرێکی دەیەی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ناخوێنینەوە، بەڵکو دەگەڕێینەوە بۆ قۆناغ و مێژوویەکی دیاریکراو، کە کەمترین قسەی لەسەر کراوە، دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە تیایدا چەندین هێزی جیاوازی سیاسی، مەیلی فیکری، ڕەوتی ئایدۆلۆژی و ئەدەبی نوێ دەردکەون، تەوژمی گۆڕانکاری بەڕێوەیە و هاوکێشەکانی دونیا ڕەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی وڵات، بازاڕ و ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکان داناوە، کە بۆ نەوەی ئێستا و پێشووتریش کەم زانیاری لەبارەیەوە خراوەنەتە ڕوو، ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵێک ناو و فیگۆری دیکەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کەرکوک، بە تایبەت و عێراقمان پێ دەناسێنێت و ئاشنامان دەکات بە شێوازی ژیان، بیرکردنەوە و نووسینیان.

سەڵاح فایەق خۆی لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە پێچەوانەی هەندێک نووسەر کە سەرەتا بە شیعر دەست پێ دەکەن، ئەو سەرەتا بە شیعرنووسین دەستی پێ نەکردووە، بەڵکو خەریکی وێنەکێشان و نووسینی کورتەچیرۆک بووە: ئاڵوگۆڕەکە لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٤ یان دواتریدا ڕووی دا، ئەوەش کاتێک بوو کە لە بەردەم کۆمەڵەی کەرکووکدا ڕاوەستام و چەند چیرۆکێکی خۆمم خوێندەوە، دوای خوێندەوەی (سەرگۆن) هەستا و گوتی ئەمانە چیرۆک نەبوون، بەڵکو شیعر بوون، جان (دمۆ) و (باوکە یوسف سەعید) قسەکەی سەرگۆنیان سەلماند، ئەنوەر غەسانی لە دانیشتنەکەدا بوو، هەندێک لە چیرۆکرکانی هەڵبژاردن و لە پاشکۆی ئەدەبیی ڕۆژنامەی ئەلجمهورییەدا لە بەغدا بڵاوی کردنەوە، ئەوە سەرەتای شیعریم بوو.

ئەم هەوڵەی کاک (دلاوەر قەرەداغی) لە بواری وەرگێڕاندا جێگەی ڕێزە و بەشێکە لەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی لە پاش ڕاپەڕینەوە، بە وەرگێرانی دەیان شاکاری جیهانی کەڵەکەی کردووە و بێمنەت لە بەخشش و هەوڵپەی دەرکەوتن، بە کاوەخۆ و دوور لە فەوزای نێو ناوەندە گوایە “ئەدەبییە” کە، ناوبەناو بە بەرهەمێکی ناوازە و نوێ، تینوێتی و تامەزرۆیی خوێنەر بۆ کاری جیددی دەشکێنێت، وەرگێڕ لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند تێکستێکی شیعری (سەڵاح فایەق)ی وەک نموونەیەک لە ئەزموونی نووسینی ئەو شاعیرەی بە زمانە تایبەتە شیعرییەکەی خۆی وەرگێڕاوە، خوێندوەی ئەو شیعرانەش بۆ کەسانێکی وەک من کە سەرچاوەی فێربوون و خوێندنەوەمان تەنیا زمانی کوردی و بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانە، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی بزانین ئەو کتێبە پڕ لە پرسیار و وەڵامەی دەیخوێنینەوە، ئەزموونی ژیان و ئەدەبیی چ تاقانە شاعیرێکە:

من پێویستم بە نووسین نییە، بەڵکو ئەوە نووسینە لەبەر هەر هۆیەک بێت، پێویستی بە منە، جا لەبەر ئەوەی بە سروشتی خۆم و پەروەردەی دایکم، حەزم لە ئیشی خێرە و حەز دەکەم کەسێکی بەسوود بم و یارمەتیی دەوروبەرەکەم بدەم، بۆیە بەرەوپیری دەچم.

گیتارژەنی سەر شەقام

خستنەڕووی کتێبی شانۆیی “گیتارژەن”

خوێندنەوەی: سەردەم

یۆن فۆسە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ٢٠٢٣ بوو، پاش ئاشکراکردنی ناوەکەی، وەک نەریتی نۆبڵ، ناوی یۆن فۆسە بە تەواوی دنیادا بڵاو بووەوە، بە تایبەت لەنێو چینی ڕۆشنبیراندا، بێگومان یەکێکیش لە شوێنەکان کوردستان بوو، ئەوەی کە جێگەی دڵخۆشی بوو ئەوە بوو، کە بە چەند ساڵ پێشتر سێ لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەم نووسەرە کرابوون بە کوردی، لە لایەن هەمان وەرگێڕی “گیتارژەن”ەوە، کە هاودەم ساڵح جافە. کارە بەکوردیکراوەکانی یۆن فۆسە شانۆنامە بوون، کە هەریەک لە دەقەکانی “کەسێک هەر دێ” و “شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێت” و “سێبەرەکان” بوو. بۆ خوێنەری کورد، بە تایبەت بۆ کەسانێک کە خولیا و کەڵکەڵەی خوێندنەوەی دەقی شانۆییان هەیە، ئەو دڵخۆشییەیان ئەزموون کرد کە پێش نۆبڵوەرگرتنەکەی، یۆن فۆسەیان خوێندووەتەوە و ناسیویانە. دوا بە دوای ئەو سێ کارە و لە بۆکس و چاپێکی جواندا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە پاڵ ئەو سێ شانۆنامەدا، شانۆنامەیەکی تریش لە لایەن هەمان وەرگێڕەوە کرا بە کوردی و پێکەوە هەر چواریان چاپ و بڵاو بوونەوە، ئەو دەقە شانۆییەش دەقی “گیتارژەن” بوو.

شانۆنامەی “گیتارژەن” دەقێکی کورتە، تێیدا پیاوێکی گیتارژەن دەناسین بە ژیانێکی قەیرانلێدراوەوە، ئەم پیاوە بە توونی تاریکیی ژیاندا تێپەڕیوە، بە جۆرێک هەست دەکەی لە هەموو نەهامەتییەکان پشکی بەر کەوتووە و تاکو ئەم ساتەوەختە، کە ساتەوەختی ئێستایەتی و بەرانبەرمان ڕاوەستاوە، درێژە بە ژیانە کولەمەرگییەکەی خۆی دەدات و سەری خۆی داخستووە و دەیەوێت ئەو کەمەی کە لە ژیان ماویەتی، شتێکی جیاوازتر ئەزموون بکات، شتێک کە ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ سەرلەنوێ تێهەڵچوونەوە و جۆرێکی تر لە باوەشکردنەوە بە ژیاندا، بەڵام ئەمە کارێکی هێندە ئاسان و سانا نییە، ژیان کە ڕەوتێکی وەرگرت، زۆر بە زەحمەت دەتوانرێت ئاراستەکەی بگۆڕدرێت، ئەم دەقە، مەبەست لە “گیتارژەن”ە، لەو نێوانەدا، واتە لەو ململانێیەدا هەڵدەسووڕێ، ڕەنگە سەرئەنجامەکەی دیسان شۆڕبوونەوەیەکی تر و شکستێکی تربێت بەو توونەدا، بەڵام گرنگە کە دەستبەردار نابێت.

دەقی “گیتارژەن” یەک دیالۆگی درێژە، هەندێ جار بۆ دەوروبەر و لەگەڵ ئەوانی تر، زۆرینەش بۆ خۆی و لەگەڵ خۆیەتی، ئەم پیاوە گیتارژەنە، کە کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەکەیە، بژێوی ژیانی لەسەر موزیک ژەندن لەسەر شەقام دابین دەکات، بژێوییەکی کەم و پڕ لە ڕەزالەت، ئەو وەڕزە لەو ستایلەی ژیانی، ماندووی زەمەن و غەدرە بەردەوامەکانیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێ مانایەک لەو بێماناییە هەڵگۆزێت، ئەگەرچی نزیکەو مەحاڵە، بەڵام خەریکە ئەو کارە بکات، بە دەستڕاگەیشتن بە یادگەی، بەو ژیانەی تێیدا گوزەراوە، بە بانگهێشتکردنەوەی ڕابردوویەک کە ترووسکایی هیوا تێیدا پرشنگدار بووە، هەموو ئەوانە دەکات، لەگەڵ دەوروبەر و کەسانی تێپەڕبوو بە بەردەمیدا دیالۆگ دادەمەزرێنێت، ئازاری ئەوان دەبینێت، گەرچی هیچ کەس ئازاری ئەم نابینێت.

دیالۆگ لەم تێکستە شانۆییەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە شێوەی ستوونی داڕێژراوە، هەر دەڵێیت تێکستی گۆرانییە، ئەمە ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ناوەڕۆکی دەقەکە کە پەیوەستە بە موزیک و گۆرانییەوە، دیالۆگەکان بەو شێوە ستوونییە هەر دەڵێیت تێکستێکی گۆرانین و ئەم پیاوە دەیانچڕێت، پاشان وەک وەرگێڕی ئەم شانۆنامەش ئاماژەی بۆ کردووە: “لەم وەرگێڕانەدا ڕەچاوی تایبەتمەندێتیی شێوازی نووسینی یۆن فۆسە کراوە. فۆسە لە نووسینی دیالۆگدا ڕەچاوی دانانی نیشانەکانی خاڵبەندی، بەگوێرەی دەستووری زمانەوانی ناکات. ڕەنگە لای فۆسە، هەناسەی ئاوازی چۆنێتیی گۆکردن و دەربڕینی وشەکان، بۆ گەیاندنی مەبەست هێماکانی خاڵبەندی بن.” وەک گوترا، دیالۆگەکان شێوەیەکی نائاساییان وەرگرتووە، تەنانەت لە دەربڕینیشدا لە دیالۆگی ڕۆژانەی سەر جادە و شەقام ناچن، بەڵکو لە پانتاییە گشتییەکەدا دەتوانرێت وەک جۆرێک لە پەخشان و شیعر وەر بگیرێن، ئەم شێوازە بۆ کەسانێک کە شانۆنامەکانی پێشتری یۆن فۆسەیان خوێندبێتەوە، ئاسانتر هەرس دەبێت و باشتر دەگات، واتە تێدەگەین کە ئەمە تایبەتمەندی یۆن فۆسەیە و ڕەنگە بە تەنیاش هەر بتوانرێت لای ئەم نووسەرە ببینرێتەوە.

خاڵێکی تر کە وەک دیاردەیەک دەکرێت لێی بڕوانین، ئەویش موزیکی سەر شەقامە، ئاشکرایە لەم ڕۆژەدا و لای خۆیشمان (مەبەست کوردستانە)، ئەم جۆرە موزیکە برەوی سەندووە و ڕۆژانە دەتوانین لە شەقامە سەرەکییەکانی شاردا ئەو جۆرە کەسانە ببینینەوە، کە لە ڕێی ژەنینی موزیکەوە دەیانەوێت بژێوی و سەرچاوەی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن، بێگومان ئەمە کولتوورێکی جوانە و دەتوانێت هەستێکی تایبەت بە کەسانی تێپەڕبوو بەو شەقام و جادانە بدات، هاوکات گوێیان بە ئاواز بکاتەوە و دڵخۆشییەکی تایبەتییان پێ ببەخشێت، چونکە ئەم جۆرە موزیکە دەتوانێت تێکەڵ بە هەنگاوی ئاپۆرای خەڵک ببێت و فەزایەک بسازێنێت، کە تێیدا هەستێکی هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەوانی تر پێک دەهێنێت. ئەوە جێی داخە کە گوێگرتن لە موزیک لای ئێمە نەبووەتە کولتوور، موزیک لای ئێمە بەردەوام بە شوێن گۆرانی و تێکستەدا هاتووە، ئەوەش کە ئێمە تاکو ناوی موزیکزانێک دەزانین و دەیناسین، ناوی سەدان گۆرانیبێژمان لەبەرە و دەزانین فڵانگۆرانبیێژ تەنانەت حەزی لە چ جۆرە خواردنێکیشە. لە دەقی شانۆنامەی “گیتارژەن”دا ڕۆشنایی خراوەتە سەر کەسێتیی موزیکزانێک، پیاوێک کە وەک گوترا لەگەڵ بەدبەختییەکانی خۆیدا دەستی تێکەڵ کردووە و دەژی. لە شوێنێکدا ئایدیایەک ئاراستە دەکات، بەوەی کە موزیکی سەر شەقام هونەر نییە، چونکە موزیکێکە بۆ پارە هەرزان دەکرێت و ناتوانێت بچێتە خانەی هونەر و بە تایبەت هونەری جددی و داهێنەرانەوە، ئەم ئایدیایە پێم وایە قسەی زۆر هەڵبگرێت، بە تایبەت سەبارەت بە کەسێتیی نێو ئەم شانۆنامەیە، کە کەسێتییەکی گەڕۆکە و چەندان وڵات و شوێنی جودا جودای کردووە لەپێناو کارەکەیدا، چونکە کەسانی گەڕۆک دەتوانن جۆرێک لە بیرکردنەوە لەگەڵ خۆیاندا هاوپێچ بکەن، بە بینینی ژینگە و کەسانی جیا، بە بەرکەوتنی ئەو کولتوورانەی تر، کەسی گەڕۆک ژیانی پڕە لە سەرکێشی و ململانێ، ڕێک هاوشێوەی ئەم کەسێتییە، کە لەمیانی قسەکانیەوە دەزانین ژنی هێناوە و جیابووەتەوە و کوڕێکی هەیە، بەڵام ئێستا ئەوان نیین و بەتاقیتەنیا هەر خۆیەتی کە شانی داوەتە بەر ڕەنجەکان.

سەبارەت بە موزیکی سەر شەقامیش، کە لە دەقەدا چەقە، دەکرێت لەو جۆرە موزیکەش توانای داهێنان بدۆزرێتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی موزیکێکی زیندووە، بەو هۆکارە دەتوانێت شەقام پڕ ئاواز بکات، گوێیەکان بە ئاراستەی خۆیدا بەکێش بکات، لە پاڵ ئەوانەشدا بەشدار بێت لە بونیادنانی کولتوورێک کە بایەخ بە موزیکی پاک بدات، موزیکی بێ وشە و پەیڤ. بێگومان ئەمە ئاسان نییە، لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی کە موزیک دەژەنن، ئایا تا چەند قوردەتی داهێنانی ژەندنیان تێدایە، دووەم هۆکاریش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خەڵکانەی بە لێشاو دەڕژێنە شەقامەوە، ئایا تا چەند قابیلەتی وەرگرتن و گوێگرتنی ئەو هونەرە زیندووەیان هەیە.

کەسێتییەکەی “گیتارژەن” ماندووتر لەوەیە، ئەو لە دوایین دیمەندا، بە دەم خواردنەوەی دواچۆڕی پێکەکەیەوە، بڕیار دەدات گیتارەکەی جێبهێڵێت، بەڵام بۆ کوێ و بە نیازی چییە، هیچ ڕوون نییە، چونکە پەردە بەسەر بینەران و ئێمەی خوێنەری ئەو دەقە شانۆییەشدا دادەدرێتەوە.

***

لە پاش دەقە شانۆیی “گیتارژەن”، وەک پاشکۆ، دوو بابەتی دی هاتووە، یەکەمیان گفتوگۆیەکی ئەلیکترۆنی کورتە وەرگێڕ ڕاستەوخۆ خۆی لەگەڵ یۆن فۆسە کردوویەتی، مێژووی گفتوگۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٠، لەوێدا یۆن فۆسە باس لە هەندێ ئەزموون و تەجرووبەی نووسینی خۆی دەکات، چەند شتی سەرنجڕاکێش دەڵێت، لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا: “کام لەم سیانە خراپترین کاریگەرییان بۆ تێکدانی دید و ڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان هەیە: خێزان، ئایین یان ڕامیاری؟” یۆن فۆسە دەڵێت: “بە حەقیقەت من لەو باوەڕەدام خراپترینیان ڕامیارییە.” لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا: “پێشکەشکردنی شانۆنامەکانی خۆتت پێ چۆنە لە لایەن شانۆکارانی نەرویجی و بیانییەوە؟” یۆن فۆسە لە وەڵامدا دەڵێت: “تۆ پرسیارێکی زۆر گەورەم لێ دەکەیت! بەرهەمە پێشکەشکراوەکانم خۆیان لە هەزار بەرهەم دەدەن، من خۆیشم تەنیا چەند دانەیەکم لێ دیون، لەبەر ئەوە بیرکردنەوە لەوە زۆری دەوێت، بەڵام با بە گشتی بڵێم: من زۆر بەختەوەر بووم لەو بارەیەوە کە بەرهەمەکانم لە لایەن باشترین کەسانی شانۆکارەوە لە دنیادا دەخرێنە سەر شانۆ، لەبەر ئەوەی شتێکی سەیر دەبێت ئەگەر ئەو بەرهەمانە جاروبار شانۆی باشیان لێ دەرنەچێت.”

پاشکۆی دووەم و زیادکراو بۆ ئەم کتێبە، دەقی گوتاری یۆن فۆسەیە لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ٢٠٢٣دا، سەرناوی گوتارەکە بەم شێوەیە: “ترس زمانی لێ سەندمەوە”، لە پاش خوێندنەوەی ئەم وتارە بە چێژ و چڕە، خوێنەر دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک ڕوانینی ڕوون و هەمەلایەنی یۆن فۆسە بۆ نووسین، ژیان، تەنیایی، خۆکوشتن و بەردەوامیدان بەو خەونانەی کە هەمانن. یۆن فۆسە لە دەستپێکدا بۆ یادەوەرییەکی مێرمنداڵی خۆی دەگەڕێتەوە، باس لە دۆخێکی تەواو تایبەتی خۆی دەکات، ئەو دۆخە بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی لەسەر تێکڕای ژیان و بەرهەم و داهێنانەکانی دەبێت، با پێکەوە ئەو دەستپێکە بخوێنینەوە: “کاتێک لە قوتابخانەی ناوەندی بووم کتوپڕ ڕووی دا، مامۆستاکەمان داوای لێ کردم بە دەنگی بەرز بخوێنمەوە. لەپڕ لە ناشوێنێکەوە ترس دایگرتم و تەواو بەسەرمدا زاڵ بوو. چۆن بڵێیت لەنێو ترسەکەدا گوم بووم و بووم بە ئەو. هەستامە سەر پێ و بە ڕاکردن لە پۆل چوومە دەرەوە.

تێبینی چاوی زەقبوونەوەی قوتابییەکان و مامۆستام کرد، هەتا دەرەوەی پۆلەکە بە شوێنمەوە بوون. پاشان هەوڵم دا ئەو ڕەفتارە سەیرەم بەوە ڕوون بکەمەوە دەبوایە بچم بۆ ئاودەست، ئەوانەی گوێیان لەو قسەیەم بوو چاک ڕوخساریانم بینی، باوەڕیان پێ نەکردم و ئەوان زیاتر بیریان بۆ ئەوە دەچوو من تێک چووبێتم، بەڵێ بەرە بەرە بەرەو شێتبوونیش بچم.” بێگومان لەم ڕووداوەدا ترسێکی گەورە پەنهانە، ترسی مێرمنداڵێک لە دەنگێکی ناردیار، هێزێکی پەنهان و شەیتانی، کابووسێک کە لە تواناییدایە کەسەکە لە خۆیدا لوول بدا و بۆ هەمیشە لە گێژاودا نوقمی بکات، بەڵام یۆن فۆسە ئەم ترسە دەقۆزێتەوە، وەک ئەزموونێکی ناوازە دەگەڕێتەوە سەری، هەوڵ دەدات ڕامی بکات و وەک ماددەیەک بۆ ناو پانتایی نووسینەکانی بەکێشی بکات؛ بەڵێ، یۆن فۆسە ڕێک ئەوە دەکات، ڕەنگە کەمێک قورس بێت کۆی ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە (کە یەک لە پڕکارترین نووسەرانی جیهانە) پەیوەست بکەینەوە بەو ڕووداوەوە، بەڵام بێگومان ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داناوە و لە چەندان دەقدا بووە بەو وزە ناوەکییەی کە هەر نووسینێک پێویستی پێیەتی.

پاشتر یۆن فۆسە لە هەمان گوتاردا باس لە سەرەتاکانی خۆی لە دنیای نووسیندا دەکات، لەوەی کە چۆن نووسینەکانی بەر ڕەخنەی توند دراون و هەستی بریندار بووە، لەو ڕووەوە دەنووسێت: “کتێبەکانی سەرەتام ئێجگار ڕەخنەی خراپیان لێ گیرا، منیش بڕیاری ئەوەم دا گوێ لە ڕەخنەگران نەگرم، دەبێت متمانەم بە خۆم بێت، بەڵێ جێگیر لەسەر ئەو شێوەیەی خۆم بەردەوام بم. ئەگەر ئاوهام نەکردایە، بەڵێ، ئەوا لە دوای ڕۆمانی یەکەممەوە (سوور، ڕەش)، کە ئێجگار خراپ لەسەری نووسرا، چل ساڵ لەمەوبەر، دەستم لە نووسین هەڵدەگرت.” ئەو بەردەوامییەیە کە وای کردووە بگات بە گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی، کە خەڵاتی نۆبڵە.

ڕەنگە جوانترین بڕگەی ئەو گوتارە، ئەو پاژە بێت کە لە کۆتاییدا دەیدرکێنێت، کە هاوکات دەبێت بە پەیامێکی بەرز و ئینسانیی، تێیدا ئایدیای پشتی نووسراوەکان دەخوێنینەوە: “ژمارەکی زۆر لە خۆکوژی لە بەرهەمەکانی مندا هەن. زیاتر لەوەی خۆم پێم خۆش بێت بیری لێ بکەمەوە. من هەر لەوە دەترسام بەو شێوەیە کار بکەم بۆ بەڕەواناساندنی خۆکوژی، وەلێ ئەوەی ناخی جووڵاندم لە هەمووی زیاتر، ئەوانە بوون کە بە وشەی ڕەوان نووسیبوویان: بەرهەمەکانم نەخت و پوخت ژیانیانی ڕزگار کردووە.

تا ڕادەیەک من دەمزانی نووسین دەتوانێت ژیان ڕازگار بکات، ڕەنگە ئەوە ژیانی خۆیشمی ڕزگار کردبێت، بەڵام ئەوەی نووسینی منیش بتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ئەوانی دیکە، بەڵێ ئەوە ئیدی هیچ شتێک ناتوانێت لەوە زیاتر دڵخۆشم بکات.

سوپاس بۆ ئەکادیمیای سویدی کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی خەڵات کردم.

سوپاس بۆ خوا.”

خوێندنەوەی ئەم کتێبە و سێ کتێبەکەی تر، یارمەتیدەرێکی باشن بۆ ئاشنابوون بە نووسەرێکی مۆدێرن و هاوچەرخی ئەمڕۆمان، ئایدیاکانی ئەم نووسەرە دەتوانێت کۆمەکمان بکات لەو بازنەیەی تێیدا دەژین، زۆر بە دیاریکراویش، بازنەی خێزان، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی یۆن فۆسە “خێزان” وەک تێمایەک وەردەگرێت، هەوڵ دەدات لەوێوە، لە ئاریشە و گرفتەکانی خێزانەوە، قسەکانی خۆی بکات، هەڵبەت بێ ئەوەی دابەشکاری بکات بەسەر دوو لایەنەدا.

سوپاس و دەستخۆشی بۆ وەرگێڕی بە سەلیقە و کارجوان؛ هاودەم ساڵح جاف، کە بە وەرگێڕانی ئەم کتێبانەی یۆن فۆسە کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەنتر کرد.

سەفەرنامەیەک بە تامی ڕۆمان

ڕانانی: ئیدریس عەلی

هەندێک کتێب هەن بە تەنها جارێک تینوێتی خوێنەر ناشکێنن، ئەمە سیحرێکە  تەنها مەگەر لە نووسەرە ورد و خەیاڵفراوان و بەئەزموونەکان بوەشێتەوە، خوێندنەوەی چەند جارەی ئەو جۆرە کتێبانە لە هەناوی خۆیاندا هەڵگری کۆمەڵێک کۆد و نهێنین، هەر جارێک بچیتەوە سەریان، بەر تازەیی و نوێبوونەوە دەکەویت، زمان و گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە خوێندەوەکانی پێشووتر ناچێت، کتومت وەک ئەو ڕێگا درێژە وایە کە وا هەست دەکەین یەکەمجارتە هەنگاو بە سەریدا دەنێیت و دڵنیا نیت لەوەی دەگەیت بە کوێ.

کتێبی (سەفەرنامە)ی نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) کتومت لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە تەنانەت لە کتێبەکانی دیکەی خۆی، چ ئەوانەی پێش سەفەرنامە، چ ئەوانەی پاش سەفەرنامە نووسیونی ناچێت، ڕەنگە بەشێکی پەیوەندیی بەو حاڵەتە سایکۆلۆجی و تووڕەبوونە ڕۆحی و دەروونیەوە هەبێت کە لە ساتی نووسینیدا هەیبووە، تووڕەبوونێک هەم وەک نووسەر، هەم وەک ئینسان، تووڕەبوونی ئینسانێک و شاعیرێک لەو دۆخەی تێیدا ژیاوە، سەریهەڵگرتووە بۆ مەنفا، توورەبوونێک کە هەم توورەبوونێکی سیاسییە، هەم توورەبوونی کەسێکە کە ژیانێکی پڕ لە نیگەرانی ژیاوە.

سەفەرنامە لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە هەم چێژێکی بێئەنداز دەدات بە خوێنەر، هەم ئەزموونێکیشی پێ دەبەخشێت، ڕاستە (هیوا قادر) لەم کتێبەدا باس لە خۆی و ڕووداوەکانی ژیانی خۆی دەکات، بەڵام بێ هیچ دوودڵییەک یاداشتی ژیانی نەوەیەکیشە و چیرۆکی خەم و ئازار و دڵشکانی زۆر کەسی تریش دەگێڕێتەوە.

سەفەرنامە، گەشتێکی پێچەوانەی نووسەرێکی بە ئەزموون و خەیاڵفراوان و مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و ژیاندۆستە کە لە ئەورووپاوە، پاش چەندین ساڵ لە مەنفابوونی دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، ڕەسمی ئەو قۆناغە یەک لە دوای یەک و پڕ لە عەزابانەمان بۆ دەکێشێت کە لە ساتی گەڕانەویدا بینیونی، هەر لە گەیشتنەوەی بە وڵاتی سووریا، تا ئەو ساتەوەختەی لە دەرگای ماڵە پڕ لە بیروەریی و خەیاڵە حەرامەکانی سەردەمی گەنجێتییەوە دەچێتە ژوورێ، عەزابی ئەو هاتنەوەیە لە ئەورووپاوە بۆ نیشتمان، هیچی لە عەزابی ئەو ساتەوەختە کەمتر نییە کە ماڵ و شار و نیشتمانی تێدا جێهێشت، هیوا قادر، لە سەفەرنامەدا بە وردی باس لە نەفرەتی کوردبوون دەکات.

وەنەبێ نووسەر لە گەشت و گەڕانەوەکەیدا تەنها باس لەو ڕووداوانە بکات کە لە ڕێی گەرانەوەیدا بینونی، بەڵکو لە ڕێی خەیاڵەوە، بە فلاشباگ گەشتێکی دوورتر دەکات بە ناو خۆیدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی، گەنجێتی و خەونە حەرام و تابۆکان، عەشقی تاکلایەنە و دۆخی وڵات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاشنابوونی بە کتێب و خوێندنەوە، شەرمی گەنجێک لە گەڕەک و شارێکی بزێو و یاخیدا، دەستبردنی بۆ پشکۆکانی نووسین و کتێب، ئەو پرسیارانەی زۆر زاتین و لە ڕێی گەشتی دوورودرێژی نێو کتێب و ئەزموونەکانەوە بە وەڵامەکانیان دەگات، تووڕەبوون و هەڵچوون، چەپاندنی سێکسی و ئاکامە خراپەکانی لەسەر هزر و ڕۆح و دەروون، هەموو ئەمانە، وەک دەروونناسێک ڕۆدەچێتە قووڵاییە تاریکەکانی نێو خۆی و دەوروبەریەوە، هاوکات بێ شەرمکردن و ماسک، ئازا و ئازاد پەردە لەسەر نهێنییەکانی نێو ناخ و ژیانی خۆی و نەوەکەی هەڵدەماڵێت.

لەگەڵ گێڕانەوەی گەشتەکەیدا، خوێنەر گەنج دەکاتەوە، دەیباتەوە بۆ سینەماکانی جاران، بۆ ئەوینە شەرمن و تاکلایەنەکان، نووسینی نامە و هەرگیز نەگەیشتنی بە دەستی مەعشووق، هەڵچوونی سیاسیانەی گەنجان لە قوتابخانەکان و وتنەوەی درووشمە حەماسییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا،وەهمی ڕزگاری و ئازادبوون، فرۆشتنی کتێب و ڕۆیشتن بۆ بەغدا تا بە پارەکەی بۆ یەکەمجار لەشی سۆزانییەکان ببینێ و وەک گەنجێک تامی یەکەم سێکس بکات، هەموو ئەمانە بە زمانێکی تەواو شاعیرانە و دروستکردنی کەشێکی سینەمایی ئەوتۆ کە خوێنەر لە ڕێی وەسفی شوێن و کەسەکان و گێرانەوەی ڕووداوەکانەوە، وا هەست بکات خۆی لە تەواوی ئەو قۆناغانەدا ژیاوە و بەشێکە لە دیمەن و گێرانەوەکان.

بە گشتی دەکرێت بڵێین ئەم سەفەرنامەیە، واتە لەو ساتەوەختەوەی کە نووسەر لە وڵاتی سویدەوە سواری فڕۆکە دەبێت و و دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بیانویەکن بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ژیانی ڕاستەقینەی خۆی، چیرۆک و ڕووداوەکانی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، بیانوویەکن بۆ ئەوەی باس لە عەزابی کوردبوون بکات لە هەر شوێنیکی دنیادا بێ، ئەو وەهمە بڕەوێنێتەوە کە ئەورووپا بە بەهەشت ناوزەد دەکات، شێواوی نەخشەی سیاسیی، دۆخی شەڕی ناوخۆ و لەگۆڕنانی هەزاران خەونی جوانمان پیشان دەدات.

نووسەر خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پلانی نووسینی کتێبی (سەفەرنامە) لە هیچ کام لە پلانی پێشوەخت و ناوەختی نووسینەکانی پێشووتری ناچێت: ئەمەش پەیوەندیی بە ژیانی تایبەتی سەروەختی نووسینی کتێبەکەوەیە، چونکە ئەو ڕۆژانە تەواو ژیانی کۆمەڵایەتیم بەسەر یەکتردا ڕووخابوو، بە تەنیا دەژیام و ماندووی دەستی بینین و نەبینینی منداڵەکانم بووم، لە گێژاوی تەنگەژەیەکدا ئەژیام، دنیای لێ بچووک کردبوومەوە، تاریکی سەرلەبەر داگیری کردبووم، بەڵام بە تەواوەتی ئەوە لە لام ڕوون بوو، کە ئەبێت پێش هەر کەس، بۆ ڕۆحی خۆمی بسەلمێنم ژیانم خۆش دەوێت.

کتێبی سەفەرنامە، کتومت کۆکراوەی ئەم پەڕەگرافەی نووسەر خۆیەتی، ئەو باس لە دنیایەک ئازار، خەم و دڵشکان دەکات، دڵشکانی ئەوینداری، سیاسی و کوردبوون، بەڵام تژییە لە دونیابینییەکی ئینسانی و لێوانلێوە لە ئایدیای ژیاندۆستی، خوێنەر لەم کتێبەدا بەر دەیان ساتەوەختی ئینسانی و ژیاندۆستی و تەنانەت باڵندە و ئاژەڵدۆستیش دەکەوێت، نموونەی ئەو دیالۆگەی لەگەڵ کچەکەیدا سەبارەت بە چۆلەکە، نموونەیەکی باڵایە، کاتێک کچەکەی داوای ئەوەی لێ دەکات چۆلەکەی بۆ بکڕێت، بەڵام چونکە لە دووکانی باڵندەفرۆشەکانی سوید چۆلەکە نافرۆشرێت، ناچار لەسەر شۆستە دوو بەچکە دەگرێت و دەیباتەوە بۆ کچەکەی، بەڵام ڕێنمایی کچەکەی دەکات هەر کە بەچکەکان گەورە بوون ئازادیان بکات، هاوکات دوو جۆر ڕوانینمان پیشان دەدات بۆ پەروەردەکردنی منداڵ، دوو ژینگەی تەواو جیاوازمان پێ دەناسێنێت، منداڵی خۆی هاوڕێکان کە چۆن ئازاری کیسەڵ و باڵندە و ئاژەڵیا داوە لە کوردستان، لەگەڵ مناڵیی کچەکەیدا لە وڵاتی سوید کە دادەکانی باخچە منداڵەکان فێر دەکەن گووڵ بۆ ئەو بۆقە بەرن کە لە سەرەمێکوتەییەوە گەورەیان کردووە و بە بۆقی دەیخەنەوە ناو ئاو، ئەمە نموونەی دوو جۆر پەروەردەی کۆمەڵایەتییە لە دوو ژینگە و دوو کولتووری جیاوازدا.

دەکرێت ئەم کتێبە لە زۆر ڕەهەند و ڕووەوە بخوێنرێتەوە و جگە لە چێژ، سوودیشی لێ ببینرێت، هەم لە ڕووی پەروەردەییەوە، هەم لە ڕووی سایکۆلۆجی و دەیان ئەزموونی دیکەی ژیانەوە، چونکە ئەو ڕاستە ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و بە دەوری ڕۆحی خۆیدا دەسووڕێتەوە، بەڵام هاتووەتە نێو سنووری ژیانی زۆربەشمانەوە و بەشێک لە ژیان و چیرۆکی ئێمەش دەگێڕێتەوە، بە تایبەت ئەو قۆناغەی وا بە لێشاو گەنج و پیر، بە خاوخێزانەوە ڕێگەی مەرگیان دەگرتە بەر و بەرەو ئەورووپا کۆچیان دەکرد، ئەوە ساتەوەختێک بوو کوردبوون بە زەبرترین قامچی بەر پشتی دەکەوت بە دەستی کورد خۆی، شەڕی ناوخۆ لە خوێناویترین ئاستی خۆیدا بوو، ئیدی دەنگی تەقە و شریخەی ئاڕبیجی لە کۆڵان و شەقامەکاندا دەبیستران، تەرمەکان لە تیڤی و ڕۆژنامەکانەوە پیشان دەدران و جەلاد و قوربانی هەر کورد خۆی بوو، ئەمە لە کاتێکدا برسێتی و بێکاری هەڕەشەیەکی جیددی بوون لەسەر ژیان خەڵک.

ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە هیچ نییە جگە لە پیشاندانی لایەنی کەم لە جوانی و گرنگیی ئەم کتێبە، بێگومانم خوێنەر خۆی لە من وریاتر و وردترە، لە ساتی خوێندوەیدا بە جوانیی زیاتر و ئەزموونی زۆرتر دەکەوێت، ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێنەر تا خۆیان لە چێژی خوێندوەی بێبەش نەکەن، ڕاستە نووسەر دوای سەفەرنامە ئەزموون قووڵتر و دەوڵەمەندتری هەیە لە بواری نووسینی شیعر و ڕۆماندا، بەڵام دەشێت ئەم کتێبەی یادەوەری خۆشتر لای خوێنەر جێ بهێڵێت.

فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیتی
ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەردەوامە لە چاپکردنی زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم، کە کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگن و بایەخ بە بابەتە فیکری، ئەدەبی، ڕۆشنبیری و کولتووری و فەلسەفییەکان دەدات و هەر جارە و بابەت و تەوەرێک، لە دید و ڕوانگەی کەسانی هزرمەند و ئەندێشەمەندەوە دەخاتە ڕوو.

فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیتی تازەترین کتێبی زنجیرەی سەردەمە، کۆمەڵێک نووسەر نووسیویانە و لە لایەن ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: بنچینە تیۆرییەکانی پۆستمۆدێرنیتی، تیۆرەکان پۆستمۆدێرن،  پۆستمۆدێرنیتی پێناسەی پۆستمۆدێرنیتی، جان فرانسوا لیوتار لە وەڵامی پرسیاری پۆستمۆدێرنیتی مانای چییە؟ چۆن پۆستمۆدێرن پاش پۆستمۆدێرنیتی تەواو بوو؟ ڕەخنە لە بودیار واقیعی ساختە و ساختەیی واقیع و… چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

لە بابەتێکی نێو کتێبەکەدا بە ناوی (بنچینە تیۆرییەکانی پۆستمۆدێرنیتی)ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە یەک پۆستمۆدێرنیتی لەئارادا نییە، بەڵکو چەند پۆپستمۆدێرنیتییەک لەئارادایە، بەڵام هەموویان لە لایەنی بنچینە تیۆرییەکەیانەوە هاوبەشن و پەیوەندیی بنەچەییان بە ئایدیا و بۆچوونی کۆمەڵێک بیریار و فەلسەفەکاری هاوچەرخی خۆرئاوایی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەوە هەیە: ئەگەرچی گوزارشتی پۆستمۆدێرنیتی لە ساڵانی سییەکانی سەدەی بیستدا بۆ یەکەم جار لەنێو دەقێکی نووسراوی نووسەری ئیسپانی (فردریکۆ ئۆنیسدا) بەکار هاتووە، بەڵام بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی میتۆدیانە لەنێو بواری توێژینەوە ڕەخنەییەکاندا لە ئەمریکادا بەکار هاتووە،.

لە هەمان بابەتدا باس لەوەش کراوە کە لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا چەمکی پۆستمۆدێرنیزم وا دەرکەوت وەک ئەوەی هاوشێوەی پڕۆژەی پۆستبونیادگەریی فەڕەنسی بووبێت، وەک ئەوەی لەنیو کارەکانی ڕۆڵان بارت و جاک درێدا و جاک لاکاندا بەرجەستە بووبوو، هەندیک توێژەر و مێژوونووسی بواری پۆستمۆدێرنیتی پێیان وایە وەرگێڕانی کتێبەکەی لیونار بۆ سەر زمانی ئینگلیزی ساڵی ١٩٨٤ بریتییە لە چرکەساتی هاوشێوەی نێوان هەردوو پڕۆژەی پۆستمۆدێرنیزم و پۆستبونیادگەری: بەڵام بیریارانی سەر بە ڕەوت و پڕۆژەی پۆستمۆدێرنیتی وێناکردنی فەلسەفەی ئەزموونگەری لەبارەی زمان ڕەت دەکەنەوە، کە دەڵێت زمان نمایندەی واقیع دەکات، ئەوانە بە پێچەوانەوە پێیان وایە زمان ڕەنگدانەوەی جیهان نییە، بەڵکو زمان جیهان دروست دەکات و دادەمەزرێنێت، لە میانەی مەرجە مێژوویی و مەرجە ژینگەییەکانەوە کە زمانی تێدا بەکار دەهێنرێت، کار لەسەر شێواندنی مەعریفە دەکات.

لە بابەتێکی دیکەدا بە ناوی (تیۆرەکانی پۆستمۆدێرنیتی)دا ئەوە خراوەتە ڕوو کە زاراوەی مۆدێرن یان مۆدێرنیزەکردن یەکێکە لەو زاراوانەی لە ماوی ڕابردوودا و تا ئێستاش لەنێو جیهاندا وتووێژی زۆری لەبارەوە دەکرێت، لە ماوی سی ساڵی ڕابردوو کتێبی زۆر لەبارەی ئەم بابەتە نووسراون و سەریان هەڵداوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە لای ئێمە گرنگە، زاراوی پۆستمۆدێرنیتی، یان پۆستمۆدێرنیزمە کە لە دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم نووسینی زۆری لەبارەیەوە لە ئەوروپا و ئەمریاکا بڵاوکراوەتەوە و بووەتە مەسەلەیەکی گرنگ لەنێو کولتووری خۆرئاواییدا و پەیوەندی بە پێشڤەچوونی ژیان و کۆمەڵگە هەیە، کاتێک باس لەو مەسەلەیە دەکەین، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە وەرگێڕانی عەرەبیانەی کتێبی پۆستمۆدێریزم شیکردنەوەی ڕەخنەییانە دەبەستین، کە ساڵی ١٩٩٤ لە میسر چاپ کراوە، لە نووسینی (مارگرێت ڕۆزە) و (ئەحمەد شامی) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی: زۆر لە نووسەرە ئەوروپییەکان قسەیان لەبارەی بەکارهێنانی زاراوەی پۆستمۆدێرنیتییەوە کردووە، لە نێویاندا (مایکل کولەر) کە ساڵی ١٩٧٦ وتارێکی لەژێر ناوی پۆستمۆدێرنیتیدا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم زاراوەیە و هەڵهێنجراوەکانی لە لایەن (فیردریکۆ دی ئۆنیس)ەوە ساڵی ١٩٣٤ بەکار هاتووە.

پۆستمۆدێرنیتی لە نێوان لیوتار و هابرماسدا، ناونیشانی یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە، نووسەر لەم وتارەدا باسی لەوە کردووە کە سەدەی بیست زۆر ڕەوتی هزریی بە خۆوە بینیوە، کە گومانیان لە مۆدێرنیتی و پڕۆژەی ڕۆشنگەریی خۆرئاوایی هەبووە، چونکە ئەو سەدەیە کارەساتی زۆری بۆ ئەوروپا بە تایبەتی و جهیان بەگشتی دروست کردووە، بۆیە متمانە بەرانبەر ئەو بەها ئایدیایانەی وەکو عەقڵ، ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی، کە سەردەمی ڕۆشنگەری بانگەشەی بۆ کردبوون، کز و لاواز بوو: تەنانەت لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، هەندێک ڕەوتی فەلسەفی ڕەشبینانەش سەریان هەڵدا بوو لەبارەی مێژوو، ڕەنگە ناودارترین ئەو فەلسەفەکارانەش (شپینگلەر) بووبێت کە پێی وا بوو کە خۆرئاو الە لایەنی هزرییەوە مایەپووچ بووە و شارستانییەتی خۆرئاوایش بەرەو پوکانەوە دەڕوات، پاش ناوەڕاستی سەدەی بیستیش هەندێک ڕەوت و ڕووگەی هزری دەرکەوتن وازیان لەو نموونە و ئایدیا گەورانە هێنا کە هزری خۆرئاوایی بۆ ماوەیەکی زۆر دورودرێژ پشتی پێیان بەستبوو.

ئاراس سەعید لە توێژینەوەیەکدا باسی لەوە کردووە کە هەرچەندە فەلسەفە بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناتوانرێت پێناسەیەکی گشتی بۆ بکرێت، بەڵام لە دیدی منەوە فەلسەفە لە گشتایەتی خۆیدا هونەری پرسیارکردن و تاقیکردنەوەی شتەکانە، لە ڕێگەی ڕامان و بیرکردنەوەوە بۆ گەیشتن و دۆزینەوەی فاکتە شاراوەکان. وەکو سوکرات دەڵێت: ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە واتای ژیانی نییە. واتا ئەو ژیانە ساختەیەی کە لەسەر بونیادی ترادسیۆن و زانیارییە ساختەکان بونیادنراوە پێویستە تاقیبکرێتەوە و لە ڕێگەی نەشتەری ڕەخنەوە شی بکرێتەوە(جۆن دیڤد) بەمجۆرە پێناسەی فەلسەفە دەکات: کۆشێشێکە مرۆڤ بۆ ڕونکردنەوەی ئامانجە بنەڕەتیەکانی لە ژیاندا ئەنجامی دەدات.

ئەو قۆناغانەی فەلسەفەی پێدا تێپەڕیون:

قۆناغی یەکەم: (پێش سوکرات) لە سەدەی (حەوتی) پ ز، دەست پێ دەکات تا  نزیکەی (چوار سەدە) ئەم قۆناغە دەگرێتەوە، کە لەبنەڕەتی بوون و ماهیەتی جیهان دەکۆڵێتەوە.

قۆناغی دووەم: قۆناغی فەلسەفەی کلاسیکی یۆنانیە و لەم قۆناغەدا فەلسەفە لە ترۆپکی گەشەکردندایە و دووبەرەی دژبەیەک دێنە ئاراوە ئەویش (سۆفستاییەکان) و (فەیلەسوفانی یۆنان) ئەم قۆناغەش دەربارەی کردە مۆڕاڵیەکانی قۆناغی مرۆڤ و ڕژێمی حوکومڕانی و گەردوون و سروشت و پرسە فەلسەفیەکانیان وروژاندووە.

قۆناغی سێیەم (سەدەکانی ناوەڕاست) تاریکترین قۆناغی بیرکردنەوەوەیە و گەشەی مەعریفی چەق دەبەستێ، ئەویش بە هۆی تێکەڵکردنی فەلسەفە و گونجاندنی لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا.

قۆناغی چوارەم: کە لە ڕێنە دیکارتەوە دەست پێ دەکات و لە دەستی هێگڵ دەگاتە لووتکە، بە قۆناغی فەلسەفەی نوێ ناسراوە، لەم قۆناغەدا جیهانی هزر و زانست شانبەشانی پێشکەوتنی پیشەسازی پێشکەوتنێکی مەزنی بە خۆیەوە بینیوە و لەم قۆناغەدا دوو ڕێبازی گرنگی دژبەیەک سەرهەڵدەدن ئەوانیش (ئەزموونگەرایی و ڕاشیونالیست، پاشان قۆناغی ئایدیالیزم و ماتڕیاڵیزمی ئەڵمانی و دواتریش فەلسەفەی مۆدێرن دێتە ئاراوە. هەریەک لەم قۆناغانەش تایبەتمەندی و خەسڵەتی دیاریکراوی خۆی هەیە و پەیوەستە بەو کۆنتێکستە مێژووییەی تێدا دێتە ئاراوە و کاریگەری لەسەر تێفکرین و بیرکردنەوەی مرۆڤ دروست کردووە:

مێژووی قۆناغەکانی هزری مرۆڤ، لە پەیوەندییەکی چڕدا یەکتری تەواودەکەن و هەر قۆناغێک تەواوکەری قۆناغی پێشخۆیەتی، ئەمە بە واتای مێژووپەرستی نا، بەڵکو کەڵەکەکردنی باگراوندی زانیاری ئێمەیە و دەبێت داشمانبڕێت لە قۆناغەکانی پێش خۆمان، وەکو مارکس دەڵێت: فەیلەسووفەکان لە پێشووتردا سەرقاڵی لێکدانەوەی جیهان بوون، بەڵام ئەوەی گرنگە گۆڕینی جیهانە. واتا مێژووی فەلسەفە دووبارەکردنەوەی نییە، بەڵکو ئیدارەکردن و ڕەخنەکردنی قۆناغەکانی پێش خۆیەتی تا داهێنانی نوێ بهێنێتە ئاراوە.

یادەوەریی شاعیرێک لە پێنج شار

خوێندنەوەی “پێنج شار و دوو یادگە”؛ وتووێژ لەگەڵ سەلاح فایەقدا

بەختیار حەمەسوور

ژیانی شاعیران هەمیشە بۆم جێگەی سەرنج بووە، مەبەستم ڕێک لەو ژیانەیە کە بە ژیانی ڕۆژانە دەیناسین، ئەو ژیانەی دەبێت بە هەوێن و دواتر بە ڕێگە و شێوازی جیا جیا دەڕژێتە پانتایی ئەزموونی نووسینی ئەو شاعیرەوە، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر دیقەت لەو شاعیرانە بدەین کە توانیویانە و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە ژیاننامە و یادەوەریی خۆیان بنووسنەوە، ئەوا خوێنەرانی خۆیان دەخەنە بەردەم دنیایەکی ڕەنگاڵەیی، دنیایەک کە دەتوانێت لە زۆر ڕەهەندەوە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی داهێنانەکانیان، ڕەنگە درەوەشاوەترین یادەوەری لە شاعیران ـ لانی کەم بۆ من ـ یادداشتەکانی پابلۆ نیرۆدا بێت، کە لەژێر ناوی “ددانی پێدا دەنێم ژیام” چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

سەلاح فایەق شاعیرێکی عێراقییە، لە کەرکووک لەدایک بووە، لە دایکێکی کورد و باوکێکی تورکمان، ئەو سەر بە نەوە و دەستەیەک لە نووسەرە کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە نوێکردنەوەی ئەدەبی عەرەبی بە گشتی و بە دیاریکراویش لە شیعردا، ئەو بەرەیە کە پاشتر بە “جەماعەتی کەرکووک ـ گرووپی کەرکووک” ناویان دەبرێت، پێک هاتوون لە کۆمەڵێک نووسەر، ئەگەرچی لە سەرەتاوە هەمەچەشن نووسیویانە، بەڵام چارەنووسی زۆرینەیان وەک شاعیر لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا درەوشاوەتەوە، دەستپێکی ئەم نەوەیە، کە بە نەوەی یەکەم دەناسێرن،  بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا دەگەڕێتەوە و لە شەستەکان نەوەی دووەم دێن و هەردووکیان وەک ئەستێرە بە ئاسمانی ئەدەبیاتەوە دەردەکەون. هەندێ لە ناوە دیارەکانی ئەو گرووپە ئەمانەن: فازڵ عەزاوی، سەرگۆن پۆڵس، جان دەمۆ، موئەیەد ڕاوی، جەلیل قەیسی، محێدین زەنگەنە، فاروق مستەفا و… بێگومان یەکێکی تر لە ناوە بەرجەستەکانی ئەو نەوەیە، سەلاح فایەقە.

بەداخەوە ئەگەرچی ئەو نەوەیە و خودی سەلاح فایەقیش لە دەستەی ئەو نووسەرانە بوون کە نزیک بوون لێمانەوە و لە شارێکی وەک کەرکووکەوە هەڵقووڵاون، بەڵام لە چەند هەوڵی لێرە و لەوێ بترازێ، هیچ کارێکی ئەوتۆ بۆ وەرگێڕان و ناساندنی ئەو گرووپە داهێنەرە، بە تایبەت لە ڕێی وەرگێڕانەوە، لە زمانی کوردیدا جێبەجێ نەکراوە. شیاوی ئاماژە بۆ کردنە کە لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا چەند هەوڵێکی گرنگ بۆ وەرگێڕانی کاری ئەو دەستە نووسەرە دراوە لە بوارەکانی شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و شانۆنامەگەلێک بە زمانی کوردی لێیان وەرگێڕدرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی کراوە لەچاو ئەو بەرهەمە زۆرەی ئەو نەوەیە پێشکەشیان کردووە، هێجگار کەمە، بۆیە خوێنەرانی کورد تامەرزۆ و چاوەڕوانی پتریان لە وەرگێڕەکان هەیە، تاکو لە داهاتوودا زۆرترین کاری داهێنەرانەی ئەو نووسەرانە بە زمانی کوردی بخرێنە بەردەست.

شاعیر و وەرگێڕی بە سەلیقە دلاوەر قەرەداغی کتێبێکی دانسقەی سەبارەت بە سەلاح فایەق کردووە بە کوردی، دلاوەر قەرەداغی وەک شتێک درکی بەو کەلێنە کردووە کە لە کتێبخانەی کوردیدا هەیە لەمەڕ نووسەرێکی وەک سەلاح فایەق، کە دەبێت جێیەکی شایستە بەم نووسەرە هەبێت لە ڕەفەدا، وەک دەستپێک و سەرەتاش ڕەنگە ناسینی ئەو شاعیرە و ژیان و دنیابینی، ئەم کتێبەی بێت، کتێبەکە تایبەتە بە “وتووێژ”، ڕێیەک کە دەتوانێت بێ هیچ نێوەندگیرییەک بمانگەیەنێت بە بیرکردنەوەی نووسەران، “وتووێژ” دەرفەت بە نووسەر دەدات بێ ڕتووش دەربارەی ژیانی خۆی و ئەزموونی لە وێستگە جیاوازەکاندا بدوێ، هاوکات ئەو دەرفەتەش بە خوێنەران دەدات کە چی زووترە بگەن بە هەندێ وردەکاری و باسی لێرە و لەوێ، کە ئەگەرچی وەک پەراوێز بە دەقەوە دەردەکەون، بەڵام ڕۆڵی کارایان دەبێت لە خوێندنەوە و نزیکبونەوەی جددی لە نووسەرەکەی و بەرهەمەکانی.

دەمەوێت لەسەر دوو تەوەرە و زۆر بە کورتی چەند پەیڤێک دەربارەی کتێبی “پێنج شار و دوو یادگە” بنووسم، تەوەرەی یەکەمیان تایبەتە بە باسێک کە دەتوانێت لەژێر ئەم ناونیشانەدا ئاراستە بکرێت: “هونەری پرسیارکردن”، تەوەرەی دووەمیان تایبەتە بە ناوەڕۆکی وەڵامی پرسیارەکان و دەتوانێت بەم ناونیشانە دەرببڕدرێت: “ناسین لە ڕێی وتووێژەوە”. بێگومان هەر کتێبێکی لەم چەشنە، بە واتای کتێبێک کە لەسەر بنەمای دیالۆگ ڕۆ نرابێت، دەتوانێت لە بەردەم ئەو دوو تەوەرەیەدا بخوێنرێتەوە، یانی ئەوەی کە تا چەند توانراوە بە هەر دوو سەوڵی پرسیارساز و وەڵامدەرەوە ڕەوتی تەندروستی وتووێژ سەرپی بخرێت و بمانگەیەنێت بە شوێنان و نەزانراوانێک کە ئەوانیش ببنە کۆکلیل و دەرچە و دەلاقە بۆ کردنەوەی دەرگایەکی گەورەتر، بۆ پەیبردن بە قووڵاییە دوورەکان و ڕازە پەنهانەکان، کە وایە بەم دوو باسەوە با بزانین چەند توانراوە ئەم کتێبە لە ئاست ئەو بەڵێنەدا، بەڵێنێک کە هەموو وتووێژێکی جددی دەیدات، سەرڕاست بێت.

ئیسکەندەر حەبەش، نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان، بزوێنەری ئەم کتێبەیە، پێشتر ئەزمونی لەم چەشنەی هەبووە و لە کارنامەکەیدا، دەتوانین ئەو کارانەی ببینینەوە. ئیسکەندەر حەبەش وەک لەو پێشەکییە بە بڕشتەدا نووسیویەتی، قەت ڕووبەڕوو سەلاح فایەقی نەدیتووە، ئەم بەرهەمە بە قەوارەیەش (٣٥٤ لاپەڕە) لە ڕێی سۆسیال میدیاوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئەوە چییە کە وای کردووە ئەم وتووێژە هێندە زیندوو و بەچێژ و خەیاڵبزوێن بێت؟ دوو خاڵ لێرەدا هەیە کە من ڕاستەوخۆ دەیبەستمەوە بە وەڵامی ئەو پرسەوە، یەکەمیان: ناسینی نووسەر، لە ڕووی بەرهەم و بیرکردنەوە و بەشێکی زۆر لە پێچەڵپێچەکانی ژیانی، دووەمیان: هونەری پرسیارکردن.

لە خاڵی یەکەمدا، ئیسکەندەر حەبەش وەک خۆی باسی لێوە دەکات ساڵانێکە ئەوداڵی بەرهەم و کتێب و نووسراوەکانی سەڵاح فایەقە، پەیجۆری حەبەش بۆ نووسینی سەلاح و دنیاکەی، کارئاسانییەکی بەرینی بۆ ئەم وتووێژە ڕەخساندووە، هاوکات ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لەوەی کە بزانێت لە کوێوە پرسیارەکانی ئاراستە بکات و لە کوێشدا درێژە یان داخران، بە باسەکان بدات. لە پاڵ ئەوەدا ئیسکەندەر حەبەش ئاگاییەکی تەواوی بایۆگرافیای سەلاح فایەقە، لە کوێوە هاتووە و بە کوێدا تێپەڕیوە و ئێستا ڕێک لە کوێدایە کە وەستاوە، ئەمانە هەموو خاڵی درەوشاوەی ئیسکەندەر حەبەشی پرسیارسازن، کە وایان کردووە وتووێژەکە بە ڕیتمێک بەردەوامی هەبێت خوێنەر وێڕای چێژ و جوانی، هاوکات پارانۆمایەک لەسەر چەند دەیە و سەدان نووسەر و هونەرمەند بدات بە دەستەوە.

سەبارەت بە خاڵی دووەم کە هونەری پرسیارکردنە، دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە وەک فێرگەیەک دەتوانێت بخوێنرێتەوە، بە تایبەت بۆ ڕۆژنامەوانێک کە لەو کایەدا “وتووێژ” کار دەکەن، پرسیارکردن هونەرێکی بەرز و تایبەتە، سەرەتا و بەر لە هەرشت دەبێت پرسیارساز پرسیاری دیاریکراو ئاراستە بکات، پرسیارێک کە بتوانێت پرسیارلێکراو هان بدات بۆ گفتوگۆ، بۆ درکان و خستنەڕووی ئەو باسانەی کە تاکو ئێستا بە تاریکی لە زەیندا ماونەتەوە، پرسیارساز دەتوانێت بەرانبەر بورووژێنێت تا دەرگای یادگەی واڵا بکات، لە قوژبن و سووچە داخراوەکاندا ئەو کەس و یادەوەرییانە بێنێتە دەرەوە کە خەریکن فەرامۆش دەبن و بۆ هەمیشە لە بیر دەکرێن، خودی ئەو وەڵامانەن کە دەبنە یارمەتیدەر بۆ ئێمە تاکو تێگەیشتنێکی بەرینمان لە پێشدەمدا بکرێتەوە، بەوەش نەک پەیوەندی و پردی ئێمە بە نووسەرەوە وەک جاران بمێنێتەوە، بەڵکو پتەوتر و خۆشدەستتر بێت. پرسیارکردن دەتوانێت یاریدەی نووسەر بدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کردوویەتی، نەک بە مانا سادەکردنەوە، بەڵکو بەو مانایەی کە ئەو جومگانە چین کە نووسەر تێیدا هەوڵی داوە دەستکاریان بکات، ئەو چیرۆکانە چین کە لەپشت تێکستەکانەوە وەستاون، ئەو خشتانە کام و چۆن چنراون و هۆنراونەتەوە، پرسیارکردن دەتوانێت دێڕ و سپییایەکانی دەق بەقسە بێنێت، وا بکات تێڕوانێکی ترمان بخاتە بەردەست، تێڕوانینێک کە چیدی ئەو تێڕوانینە نەبێت کە پێشتر هەمانبووە. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە تەماشای پرسیارەکانی ئیسکەندەر حەبەش بکەین، ئەوا دەتوانین بە زیادەوە سەرجەم ئەو خەسڵەتانە ببینینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەتەکێتی پرسیارەکان بە جۆرێکن دەتوانن ببنە وانە، بە تایبەت بۆ کەسانێک کە بێ هیچ زانیاری و پاشخانێک لەسەر نووسەر، دەچنە بەردەمی و بە چەند پرسیاری کڵێشەیی، دەیانەوێت لاپەڕەی ڕۆژنامە و کتێب پڕ بکەنەوە، ئەنجامەکەشی ڕوونە وەک دەیبینین، نە پرسیار شتێک دەردەخات نەزانراو، نە وەڵامیش دەتوانێت هانمان بدات بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ دنیای تێکستدا.

سەبارەت بە تەوەرەی دووەم کە بە “ناسین لە ڕێی وتووێژەوە” دامانناوە، دەتوانین بڵێین لە ناوەڕۆکی وەڵامنامەکانی سەلاح فایەقدا وێنەیەکی پارانۆمایی گیراوە، کە تێیدا ژیانی خۆی، خێزانەکەی، شارەکەی، هاوڕێیانی، سەفەرەکانی و ئەزموونە شیعرییەکەی بە ڕوونی و لە گێڕانەوەیەکی دراماتیکدا پێشکەش کراوە، گەشتی ئەم وتووێژە بە منداڵییەوە دەست پێ دەکات، منداڵییەک کە هەموو ئاماژەکانی پێت دەڵێن لە بەردەم کەسێکی جیادایت، کەسێک کە داهاتووەکەی لە کەسانی تر ناچێت، ئەوەش لەو دیمەن و بینینانەدا خۆیا دەبێت کە دەیانسازێنێت و دەیانگێڕێتەوە، وەک ئەوەی فریشتەیەک هەر لە سەرەتاوە دەستی لێوەشاندبێت، دەستێک کە ئاشنایە بە شیعر، بە خەیاڵ و جۆرێک وڕێنەی بەرزەفڕ.

کتێبەکە بە شێوەیەکی گشتی سەرجەم لکەکانی ژیانی سەلاح فایەق بەرباس دەدات، لە باری کۆمەڵایەتییەوە بۆ سیاسەت، بۆ خوێندن و ئەدەب و بینینی شار و دابەشبوونی یادگە و یادەوەری بەسەر هەموو کەس و شوێنە لێک جوداکاندا. ئەم وتووێژە دەتوانێت بەشدارییەکی ئینسایکلۆپیدیایی پێک بهێنێت سەبارەت بە ناسینی زۆر نووسەر و هونەرمەند، من بۆ خۆم، سەروەختی خوێندنەوەی کتێبەکە، بە شوێن ئەو ناوانەدا دەگەڕام کە سەلاح فایەق وەک پێگەیەکی گرنگ لە ژیانی خۆیدا باسی لێوە کردوون، بە تایبەت هونەرمەندانی شێوەکار، کە هیچ پێویست بە زانینی زمانی تر ناکات بۆ تێگەیشتن لە بەرهەکانیان، کاری چەند هونەرمەندم بینی، ئاشنای هەندێ ڕووداو و یادەوەری بووم، کە پارچەی تر و بڕگەی تریم لە کات و ساتی تردا خوێندبووەوە، بەوەش لە زەینمدا بەردەوام لەحیمکارییەک پێک دەهات و وێنایەک دروست دەبوو، کە بۆ من، چێژی خوێندنەوە، لە پلەی یەکەمدا، خستنەوەپاڵ یەکی ئەو وێنە پژوبڵاوانەیە کە لە ڕووبەری زەین و یادەوەریدا جەمسەرەکانیان گرتووە.

کتێبەکە بۆ کەسانێک کە بیانەوێت بە تایبەت لەسەر گرووپی کەرکووک بخوێننەوە و بزانن، دەتوانێت زۆر پڕزانیاری بێت، هاوڕێیەتیی سەلاح فایەق بە هەریەک لەو نووسەرانەوە، سەرنج و تێبینی سەلاح فایەق لەسەر گرووپەکە و ڕۆڵیان لە دەیەی شەستەکاندا، گەشانەوەی یادەوەریی ئەو هاوڕێیانەی، کە ئەگەرچی بەشێکیان کۆچیان کردووە، بەڵام هەست بە زیندووبوونیان دەکەیت لە یادگەی نووسەردا، کتێبەکە وەفا و سۆزێکی خەمگینە بۆ هاوڕێیەتی، بۆ دایک، بۆ باوک و خۆشەویست، بۆ کەرکووک، بۆ میزۆپۆتامیا، بۆ بنەچە سۆمەرییەکەی، لە سەروو هەموو ئەوانەشەوە بۆ ئەدەبیات و بە تایبەت شیعر.

ئەم وتووێژە بۆ ئێمەی کورد، کە سەلاح لە دایکەوە سەر بە زمانی کوردییە، گەلێک یادەوەریی دەگێڕێتەوە، تێبینییەکانی لەسەر کوردان، داوای مافیان، ئەو کارەساتانەی بەسەریاندا هاتووە، بە وردی و لە چەند جێدا بەسەر دەکاتەوە، دایکی سەلاح وێڕای کردنەوەی ئەو دەرچە گەورەیە بەسەر زمانی کوردیدا، کە سەلاح سەرەتای منداڵی بە هەمان زمان دواوە، هاوکات دایکی چاوگەی ڕوونیی شیعری سەلاح فایەقیشە.

لە پاشکۆی کتێبەکەدا، دلاوەر قەرەداغی چەند تێکستێکی سەلاح فایەقی کردووە بە کوردی، ئەو تێکستانە لە کتێبە عەرەبییەکەدا نین، بەڵام لەو کارە باشانەیە کە ئاشناییەکی ئەگەرچی سەرەتاییش بێت، لەگەڵ دنیای شیعری سەلاح فایەقدا پێک دەهێنێت.

شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی

لە نێوان بلۆکچەین و دراوی گریمانەییدا

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە تەکنەلۆژیای زانیارییە و لە زنجیرە دۆسیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، کۆمەڵێک نووسەر نووسیویانە و لە لایەن (فەیسەڵ عەلی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە، ئەم کتێبە ئەگەرچی بە قەبارە گچکەیە، بەڵام ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و پڕ لە زانیاری گرنگی هەیە سەبارەت بە چەمکێکی نوێی هەستیاری زانستی و پیشەسازی، ئەویش بریتییە لە ژیریی دەستکرد.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ژیان لە چاپی سێیەمدا، مرۆڤ لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا، ژیریی دەستکرد و زمانی سروشتی، ژیرییەکی دەستکرد، ژیریی دەستکرد و چاودێریی تەندروستی، جەنگی ئەلکترۆنی، ئامۆژگاری بۆ نەوەکانی داهاتوو، کۆتاییە بەختەوەرەکان، ئەو حەقیقەتە قورسەی ددانی پێدا نانێین، هاوبەشیی نوێی نێوان عەقڵ و ئامێر، باجی ئامێرە نوێیەکان، ئەوەی دەیناسیت ئەوە نییە کە پێویستت پێیەتی، زنجیرەداتا تایبەت و گشتییەکان، وەبەرهێنەری داهێنەر درێژە بە فێربوون دەدات، هەندێک لە ئامرازەکانی پراکتیزەکردن…و چەندین بابەت و ناونیشانی تر.

هەروەک وەرگێڕی کتێبەکە (فەیسەڵ عەلی) لە پێشەکییە کورت و چڕوپڕەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، ژیریی دەستکرد دواین دەرهاویشتەی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییە، ئەویش لەبەر فرەبەکارهێنانی لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا، کە پێشبینی دەکرێت ئاسۆی فراوانی داهێنانی بێسنوور بکاتەوە، هەروەها بەرەو شۆڕشی تری پیشەسازی بمانبات: ئەوەی بانگەشەی گۆڕانێکی ڕیشەیی لە ژیانی مرۆڤدا دەکات، لەگەڵ پەرەسەندنی ئێجگار گەورە و خێرای تەکنەلۆژیا و ئەو گۆڕانکاریانەی جیهان لە سایەی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا بە خۆیەوە دەیانبینێت.

بە ڕای ئەم وەرگێڕە ژیریی دەستکرد لە داهاتوودا دەبێتە بزوێنەری پێشکەوتن و گەشە و بوژانەوە، دەتوانێ داهێنانی هەمەچەشنە بەدوای خۆیدا بهێنێت و بەرنامە بۆ دامەزراندنی جیهانێکی نوێ، کە دەشێ بۆ ئێستا خەیاڵ بێت، دابنێت: لەبەرئەوە دەبێت حکومەت و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان، چاوەڕێی ئایندە نەکەن و پلان دابڕێژن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، تا ببنە بەشێکی دانەبڕاو و کێبڕکێ لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکەی بکەن، ئالەنگارییەکانی بخەنە نێو پلان و بەرنامەکانیان و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.

لە بابەتێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا (شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی)کە (جەمال بن حوەیرب) نووسیویەتی، باس لەوە دەکات کە مرۆڤایەتی، لەو کاتەی ئەوەی پێی گوترا شۆڕشی یەکەمی پیشەسازی، لەگەڵ خۆیدا لە کێبڕکێدایە، پیشەسازیی پەرەی سەند و ئەو تەکنیکەڵەی داهێنان و بەرهەمی داهێنا، هەمەڕەنگ بوو، ڕۆڵی لە ئاسانکردنی ژیانی خەڵکدا هەبوو، کاریگەرییەکەی بۆ ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان درێژ بووەوە: ئەوەتا ئێمە دوای سێ سەدە لەو شۆڕشە، لە شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا دەژین کە تەکنیکەڵەکانی تێکەڵ کردووە و هێڵە جیاکەرەوەکانی نێوان بوارە ماددی و دیجیتاڵی و بایۆلۆجییەکانی سڕیوەتەوە، ڕۆ چووەتە نێو بوارەکانی ڕۆبۆت، ژیریی دەستکرد، بلۆکچەین، نانۆ، زیندە تەکنەلەلۆژیا، ئینتەرنێتی شتەکان، چاپی سێ-ڕەهەندی، ئوتومبیلە خودڕەوەکان و هیی تر.

ئەم وتارە ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە تەکنەلۆژیا و پەرەسەندنە خێراکەی، جۆرێک بێکارییان لێ بکەوێتەوە، کە بە نەرێنی بەسەر مرۆڤدا دەشکێتەوە، بەوەی سەرچاوەی داهاتەکەی و ئەو ئامانجەی کە پشکۆی ژیانی پێک دێنیت و یەک لەو مانایانەیە کە ژیریی دەستکرد ناتوانێ لێی تێ بگات، لە دەست دەدات، هەروەها ناشتوانێ ئەو بۆشاییەی بۆ پڕ بکاتەوە کە بە هۆی ئەو هۆکارانەوە مرۆڤ تێی دەکەوێت، کە توێژینەوەکان سەلماندوویانە کێشەی قووڵی دەروونی بۆ دروست دەکات، چونکە وەزیفە و ئامانج و داهاتەکەی بە ڕێزلەخۆگرتنی مرۆڤ و هەستکردنی بە گرنگی و بەها: بۆ نموونە ڕەنگە توانای بینینی مێشکمان پێ ببەخشێت، بە هەموو وردەکارییە بایۆلۆجییەکانیەوە، دەروونمان و عەقڵمان زۆر بە وردتر نیشان دەدات، ڕۆژێک دێت ناتوانین تێیدا جیاوازی لە نێوان ئەوەی سروشتییە و ئەوەی دەستکردە بکەین، لەبەر ئەوە ئێمە لە ڕێگەی پەیکەربەندکردنەوەی مامەڵەکانمانداین لەگەڵ گەردووندا.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتیەبەکەدا بە ناونیشانی (بنەچەی جفرەکراو)دا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە ئینتەرنێت بە جۆرێک جیهانی گۆڕی، گەڕانەوەی نییە، ئەویش بە هەوڵی ئەو پەرەپێدەرانەی لە بونیادنانی سەکۆی نوێدا بۆ پەیوەندی و کارلێککردن وەستانیان  نییە، ئەمڕۆ تۆڕی جاڵجاڵۆکە بە پراکتیزەکردنێکی زەبەلاح دادەنرێت، بەوەی نوێنەرایەتی کۆمەڵێکی بێشوماری تۆڕەکانی کۆمپیوتەر دەکات، کە بە دەوری گۆی زەویدا بەیەکەوە گرێ دراون: ئەو تۆڕانە لەسەر بنچینەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و داتا و بە شێوەی یەک لە دوای یەک و هاوکاتی یەک کار دەکەن، خزمەتگوزاریی لەڕادەبەدەر پێشکەش بە بەکارهێنەرانیان دەکەن، ئەو تۆڕی وێبە بێرستکراوە لاپەڕەی داتای هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم هەسارەیە لە خۆ دەگرێت، ئەگەر بە دادپەروەری دابەش بکرێت.

 بەپێی زانیارییەکان، ژیریی دەستکرد بریتییە لە تیۆری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر کە توانای هەبێت چارەسەری کێشەکان بکات و هەندێک ئەرک ئەنجام بدات کە پێویستی بە زیرەکیی مرۆڤە، بۆ نموونە تێگەشتن لە کەسی بەرامبەر، ئەنجامدانی گفتووگۆ و زیاتریش، واتە بە کورتی هەموو ئەو شتانەی کە پێویستی بە مرۆڤێک و ژیرییەکەی هەیە، بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات، ژیریی دەستکرد بریتییە لەوەی ئەو ئەرکانە لە ڕێگەی پڕۆگرامکردن بە ئامێرێکی دیکە ئەنجام بدرێت، ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1965 بۆ یەکەم جار دەرکەوت، لەسەر دەستی کۆمەڵێک زانای تەکنەلۆژی و بیرکاری ئەو سەردەمە، کۆبوونەوە لەسەر بیرۆکەیەک کرا، بیرۆکەکەش بریتی بوو لەوەی کۆمپیوتەرێک دروست بکەن بەڕاستی بیر بکاتەوە، نەیاندەزانی ناوی چییە و چۆن کار دەکات! بەڵام گفتووگۆکەیان لەوێ ئەو پریشکەی دروست کرد کە شتێکی لەو شێوەیە دەکرێت بوونی هەبێت، پاش ئەوە بەرزی و نزمی زۆر بەسەر دۆخی ئەم بیرۆکەیەدا هات و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بیرۆکەکە بێبنەما نیشان درا، تاوەکو دواجار لەگەڵ سەردەمی مۆدێرندا زانرا یەکێک بووە لە گرنگترین و باشترین داهێنانەکانی تەکنەلۆژی.

 زیرەکیی دەستکرد و ئەو ئەلگۆریتمانەی کە وادەکات ئەم زیرەکییە کار بکات لە لایەن مرۆڤەوە داڕێژراون، وا دەکات کۆمپیوتەر فێر بێت لەگەڵ دەوروبەری خۆی بگونجێنێت و فێر بێت و گەشە بکات، بەڵام لە کۆتاییدا هەر لە لایەن مرۆڤەوە دروست کراوە، زیرەکیی مرۆڤ توانایەکی زۆر زیاتری هەیە لە زیرەکیی دەستکرد، بە تایبەتی لە بابەتی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە قورس دەبێت بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، ئامێرێک دروست بکرێت تەواوی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ژیانی کەسێک بزانێت و لەگەڵ کۆمەڵگاکەی رێک بکەوێت.

یەکێک لە بەناوبانگترین توڵ (بەش) ژیریی دەستکرد بریتییە لە فێربوونی ئامێرەکان، ئەم بەشە تۆڕە دەمارییەکان بەکار دەهێنێت بۆ تێگەشتن لە زانیارییە وردەکان، بەبێ ئەوەی پڕۆگرام بکرێت بەوەی بەدوای چیدا بگەڕێت و چی ئەنجام بدات، یەکێک لە باوترین ڕێگاکانە بۆ زیاد کردنی زیرەکیی ئامێرەکان بەپێی کات و بەکارهێنانی زۆر بەربڵاوە، توڵێکی دیکەیە هاوشێوەی فێربوونی ئامێرەکان، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر گەورەتر لە تۆڕە دەمارییەکان بەکار دەهێنێت بۆ فێربوون و چارەسەر کردنی داتاکان. ئەم توڵە یەکێکە لە گرنگترین توڵەکان، وا لە ڕۆبۆتەکان دەکات هاوشێوەی مرۆڤەکان کارلێک بکەن لەگەڵ ئامێرەکاندا، واتە وەک مرۆڤێک، ڕۆبێتێک بیر بکاتەوە و وەڵام بداتەوە و ببیستێت.

 ئامانجی گشتیی ژیریی دەستکرد بریتییە لە دروستکردنی نەرمەواڵە(سۆفتوێر)ێک کە توانای فێربوونی هەبێت، بەڵام بەمزوانە ئەم تەکنەلۆژیایە جێگای مرۆڤ ناگرێتەوە و هەرگیز پێشبینی نەکراوە جێگای بگرێتەوە.

بێگومان خوێندنەوەی ئەم جۆرە کتێبانە، بە تایبەت لە سەردەم و دنیای ئەمڕۆماندا گرنگیی و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە، ئەم کتێبە هاوکاریمان دەکات لە بابەتێک تێبگەین کە ڕەنگە بەمزوانە، یان لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە ئەمری واقیع و ئێمەش دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکەین.

مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی جوان و سەنگینی بە ناوی (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) چاپ و بڵاو کردەوە، بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی ئەدەبی تورکی، ڕۆمانێک کە بە هەموو هێز و وزە و بوونیەوە، دەیەوێت پەردە لەسەر چیرۆکی تراژیدی و قوربانییە نادیارەکانی ئەودیو شیش و پەنجەرە و دیوارە بەرز و ئەستوورەکانی زیندان هەڵبداتەوە کە تیایدا کۆمەڵێک ژن ئازار دەدرێن و کەس گوێی لە هاواریان نییە، ئەم ڕۆمانە (فەریدە چیچەک ئۆغڵۆ) نووسیویەتی و لە لایەن (جەبار سابیر) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا یەکێک لە پێوەرەکانی هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، جگە لە شارەزایی زمان و ئاگادار بوون لە تەکنیکەکان و ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری، بریتییە لەوەی چ دەق، یاخود بابەت و تێکستێک هەڵدەبژێرێت بۆ وەرگێڕان کە نزیک بێت لە زەوق و چێژی خوێندنەوەی خوێنەرانی ئەو زمانەی دەقەکەی بۆ وەردەگێڕێت، هاوکات لایەنێکی دیکەی وەرگێڕی باش ئەوەیە کە ئەزموونی تازە، یاخود نووسەرانێک کە پێشتر بە ئێمە نامۆ بوون، پێمان بناسێنێت و ئاشنامان بکات بە ئەزموون و بەهرە و دونیابینی و شێوازی نووسینیان، جەبار سابیری وەرگێڕ لە ڕۆمانی (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) هەم ڕۆمانێکی شایستەی هەڵبژرادووە کە دنیاکەی و بابەت و چیرۆک و کاراکتەر و ڕووداوەکانی نزیکن لە خەم و خەون و دنیای تراژیدی ئێمەی کردەوە، هەم ناوێکی دیکە و ئەزموونێکی دیکەی لە ئەدەبی تورکی بە ئێمەی خوینەرانی کورد ناساند و وای کردووە هەر کەسێک ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، تامەزرۆی ئەوە ببێت کۆی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە تورکە بخوێنێتەوە، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بە ئێمە دەگات، ئەدەبێکی بەرگریی و سیاسییە، ڕەخنەی قووڵی نووسەرێکی ناڕازییە لە سیستمی حکومڕانی و یاسا، پیشاندانی بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتێکە، کە پایەکانی دەسەڵاتی هێند کۆن و درزبردوون، ترسی لە بچووکترین جیاوازی و جووڵە و ناڕەزایەتی هەیە.

بە درێژایی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکان، زیندان شوێنیک بووە بۆ تەمبێ کردن و سزادان و لەناوبردنی کەسانێک کە بە دۆخ و ژیانی باو، یاخود ئەوەی دەسەڵات بە زۆرەملێ سەپاندوویەتی ناڕازین و چاویان لەسەر دونیا و ژیانێکی دیکەیە، بەرخودان دەکەن و ڕێگاکانی سەرکەوتن بە سەختی دەبڕن، حکومەتە فاشیستەکان بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگ کردنی دەنگە ئازا و ئازادەکان، گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی زیندان و دۆزینەوەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدات، هێندەی مەبەستیەتی دیواری زیندانەکان بەرز و ئەستوور بن، نیو هێندە مەبەستی نییە پۆلی قوتابخانەکان دڵگیر و فراوان بن، هێندەی لە خەمی تاریک کردنی ژوورەکانی ئینفرادیدایە، لە خەمی ئەوەدا نییە پارکێک لە کۆڵانێکی میللیدا دروست بکات، بە گشتی زیندان بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان شوێنێکە بە تەکنیکی جیاجیا مرۆڤی ناڕازی تێدا دەخەسێنرێت، ملکەچ و ڕیسوایان دەکەن، زۆر جاریش ئەگەرچی کۆمەڵێک هاوچارەنووس پێکەوە بەندن و لە یەک کاسەدا تاڵاو دەنۆشن، بەڵام لە لایەن جەللادەکانەوە دەکرێن بە دووژمنی یەکتر و تۆوی ڕق و نەفرەت لە نێوانیاندا دەچێنن، ئەو میکانیزمانەی لە زیندانەکاندا مرۆڤی پێ لەناو دەبەن، هەزار جار لەوە سەختتر و گرانترە کە ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان دروست بکەن… ئەم ڕۆمانە (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) کتومت دەرخەری ئەم ڕاستییەیە و ئاوێنەنمای ئەو ژیانە نالەبارەیە کە لە زیندانەکاندا دەگوزەرێن.

ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی چەند نامەیەکەوە کە (باریش)ی منداڵ بۆ (جۆن)ی دەنێرێت، چیرۆکی غەمگینی کۆمەڵێک هاوبەندی ژنانمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەر یەکەیان بە تۆمەت، یان تاوانی جۆراوجۆری وەک سیاسی و کۆمەڵایەتی زیندانی کراون، لە ڕاستیدا باریش زۆر لەوە منداڵترە بتوانێت نامەکان بنووسێنت، بەڵکو گەورەکانی نێو زیندان بۆی دەنووسن و لە زاری بارییشەوە، ڕووداوە ڕۆژانەییەکانی نێو زیندانی ژنان، خەون و ئاواتەکان، ڕزگاری و بەدیهاتنی ئامانجەکان بۆ جۆن دەگێڕێتەوە، جۆن خانمێکی زیندانی بووە و پێشتر لە هەمان زینداندا بووە، بەڵام ئازاد کراوە، ئەگەرچی باریشی منداڵ بە هۆی بەندکردنی دایکیەوە کەوتۆتە نێو زیندان و هیچ شتێک دەربارەی دنیای دەرەوە نازانێت و لە زینداندا ئاشنا دەبێت بە شتەکان، بەڵام لەگەڵ جۆن پەیوەندییەکی قووڵی هەبووە لە زینداندا، جۆن هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ وا بووە بۆ باریش و لە ڕێی ئەوەوە ئاشنا بووە بە دنیای دەرەوە و هەمیشە ڕێنمایی کردووە و ڕاستییەکانی ژیانی بۆ باس کردووە، لەو نامانەدا کە باریش بۆ جۆنی دەنێرێت و هیچ مەعلوومیش نییە دەگەن بە دەستی یان نا، تێدەگەین کە چی دەگوزەرێت لە دۆزەخی ئەودیو دیوارە ئەستوورەکانی زیندان، بە هۆی ئەو نامانەوە گوێبیستی چیرۆکە غەمگینەکانی زیندانییەکان دەبین، بێگومان هەر کام لە زیندانییەکانیش چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە و دیسان بە هۆی نامەکانی ئەو منداڵەوە بەر قوربانییە گەورەکان دەکەوین، بەر ئەو ژیانە نالەبارە دەکەوین کە مرۆڤ دووچاری تاوان و لادان دەکات، ئەو هۆکارانەمان بۆ باس دەکات کە وا دەکات مرۆڤ بە دەستی خۆی ژیانی خۆی تاڵ بکات، هاوکات نموونەی مرۆڤی سیاسی و خۆڕاگرمان پیشان دەدات، مرۆڤگەلێک کە خاوەنی بیروباوەڕ و ئومێدێکی گەورەن بە ژیانێکی باشتر.

یەکێک لەو نموونە بەرجەستانەی کە ترسنۆکی دەسەڵاتی فاشیستمان پیشان دەدات، بوونی گومانە لە هەموو جموجووڵێکی زیندانەکان، تەنانەت کاتێک لە یەکێک لە ژوورەکاندا کتێبێک ئاشکرا دەبێت، تەواوی جەللاد و بەڕێوەبەرانی زیندانەکە دەکەونە حاڵەتێکی نائاسییەوە و فەزای ترس بە هەموو لایەکدا بڵاو دەبێتەوە، بوونی کتێبێک کە لە خودی کتێبخانەی نێو زیندانەکەوە، لە لایەن یەکێک لە زیندانییەکانەوە خواستراوە بۆ خوێندنەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیستانە، سڵ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و وشیارییەکی ئینسانەکان دەکەنەوە و گرەوەی تەمەنیدرێژی و ملهوڕییان لەوەدا دەبیننەوە کە نەوەیەکی گەمژە و بیرنەکەرەوە و نەخوێندەوار پەروەردە بکەن، تا ملکەچ و ڕازی بن بەو یاسا و سیستمەی کە دایانڕشتووە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

هەر وەک وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە (جەبار سابیر) ئاماژەی پێ داوە (فەریدە چیچەک ئۆغڵۆ) لە ساڵی ١٩٥١ لە ئەنکارا لەدایک بووە، کۆلێژی تەلارسازیی لە زانکۆی میدڵ ئێستی ئەنکارا تەواو کردووە و دواتر چووەتە ئەمریکا، ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی پەنسلڤانیا دکتۆرای لە تەلارسازیدا وەرگرتووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و وەک یاریدەدەری مامۆستا وانەی گوتووەتەوە، ساڵی ١٩٨٠ بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە و چوار ساڵ حوکم دراوە، پاش ئازادبوونی، لە خانەیەکی بڵاوکردنەوەدا کاری پێداچوونەوەی تەواو کردووە: ئەم ڕۆمانە بە شێوەی نامە لە زاری مندڵێکەوە نووسراوە، کە لەگەڵ دایکیدا لە زیندانە و نامەکانی بۆ ژنێک دەنێرێت کە پێشتر لە زیندان بووە و بەرلەمان ئازاد کراوە، منداڵەکە دنیای دەرەوەی نەبینیوە و لە نامەکاندا باسی ئەو شتانە دەکات کە یەکەمجارە دەیانبینێ و دەیانبیستێ، ناوەڕۆکی نامەکان باس لە ئازادی و مرۆڤایەتی و جیهانێک دەکەن کە مرۆڤ لەوێدا ڕێزلێگیراو بێت، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە تورکیا، شەپۆلێکی زۆری گرتن و ڕاودوونان لە دژی کۆمۆنیستەکان دەست پێ دەکات، ئەم ڕۆمانە باس لە زیندانێکی تورکیا دەکات کە لەوێدا کۆمەڵێک ژن هەن و هەندێکیان لەسەر بیروبۆچوونی جیاوازم بە تایبەت کۆمۆنیستی دەستگیر کراون و ڕۆژانە سووکایەتییان  پێ دەکرێت.

ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە، تەنیا هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنی بچووکی ئەم ڕۆمانە جوانە، دڵنیام خوێنەری وشیار و زیرەک لە ساتی خوێندنەوەیدا درک بە کۆمەڵێک لایەنی جوانی دیکەی ڕۆمانەکە دەکات و زۆر نهێنی هەیە لەناو ڕووداوەکاندا بەرهەڵدای دەکات، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەم بە نووسەرێک و ئەزموونێکی دیکەمان ئاشنا دەکات، هەم چێژ دەبینین و هەم ئاگاداری ڕەوشی سیاسی یەکێک لە قۆناغە مێژووییەکانی وڵاتی تورکیا دەبین کە چۆن لە پرۆسەیەکی شێتانەدا کۆمەڵێک ژنی چالاکی کۆمۆنیست دەخرێنە نێو ترسناکترین زیندانەکانی وڵاتی تورکیاوە.

تاریا ڤیگێن شاکارێکی دیکەی هێنریک ئیبسن
داستانەشیعر

ڕانانی: سەردەم

لەم ڕۆژانەی پێشوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی گرنگ و بەنرخی لە بواری داستانەشیعردا، چاپ و بڵاو کردەوە، لە ڕاستیدا ئەم کتێبە کتێبێکە کە بۆ خوێنەر چێژی خوێدنەوەی ڕۆمانێکی گەورەی هەیە، چونکە بە زمانێکی شیعریی پاراو و سادە، داستانێکی گەورەمان بۆ دەگێڕێتەوە، هاوکات لە لایەکی ترەوە ئەم کتێبە گێڕانەوەی ڕاستیی ڕووداوەکانی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییە و چیرۆکی بەرخودان و قارەمانێتیی کەسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە بە ناوی (تاریا ڤیگێن.)

 ئەم کتێبە لە لایەن گەورە نووسەر و شانۆنامەنووسی ناوداری جیهانی (هێنریک ئیبسن) نووسراوە و (هاودەم ساڵح جاف) کە پێشتر کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی نەرویجی وەک شانۆنامە و ڕۆمانی پێ ناساندبووین، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، هاوکات بە زمانێکی ئەدەبی و بێ گرێ و گۆڵ، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

کەسێکی قژ ماشوبرنجی سەیر لەوێدا

لە پەڕگی دەروەی دوورگە ڕووتەنەکەدا دەژیا،

بێ دوودڵی نە لە وشکایی و نە لە دەریا

ئەو ئازاری کەسی نەدەدا

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جاروبار ترسێنەرانە سوور هەڵدەگەڕا،

ئەوەش بەزۆری لەبەرەو نائارامچوونی کەشدا،

ئیدی ئەو بە لای خەڵکەوە عەقڵی تێکچووبوو لەو ساتەوەختانەدا،

بۆیە کەم بوون ئەوانەی بێپەروا

خۆیان لە قەرەی تاریا ڤیگێن دەدا.

بەم دەستپێکە شیعرییە، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە شاپاڵەوانی داستانە شیعرییەکە کە (تاریا ڤیگێن)ە، داستانێک کە لە دەستپێکەوە بەم هەناسە شیعرییە دەست پێ دەکات تا کۆتایی، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ گەشتێکی پڕ لە ڕووداو و شوێن و ئاشنایا دەکات بە چەندین چیرۆک و ململانێ سەبارەت بە جەنگ و داگیرکاری و سەرکێشی، ئەوین و خێزان و منداڵ، سروشت و بەرەنگاریی ئالەنگارییەکان.

هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (هاودەم ساڵح جاف) خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، داستانەشیعری تاریا ڤیگێن، بەرهەمێکی هێماگەرای ڕیالیزمی سەدەی نۆزدەیە، ئەگەرچی لەسەر شێوازی هێماگەریی ڕیالیزمی ڕۆنراوە، وەلێ هێشتا مۆرکی دۆخی ڕۆمانتیکی نەتەوەیی تێدا کاڵ نەبووەتەوە: ئیبسن لە داستانەشیعرییەکەی (تاریا ڤیگێن)دا، سەردەمی جەنگی ساڵی ١٩٠٨ دەگێڕێتەوە، ئەو جەنگەی ناپلیۆن لە ئەوروپادا بووە هۆی هەڵگیرساندنی و دانیمارک- نەرویج تێیدا چوونە بەرەی فەڕەنساوە، وەلێ چوونە پاڵ فەڕەنسای نەرویج شتێک نەبوو لەدەست نەرویج خۆیدا بێت، ئەوە بڕیاری دانیمارک بوو، نەرویج بە ناچاری وەک وڵاتێکی پاشکۆی دانیمارک دەبوایە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا بێت.

بەم شێوەیە دەبینین و تێدەگەین کە ئەم داستانەشیعرییەی ئیبسن، ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە و واقیعێکە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییدا ڕووی داوە، ئەویش بابەتی جەنگ و داگیرکاری و تەماعی بازارگانیی دەوڵەتە گەورە و پڕ چەکەکانی ئەوروپایە بۆ سنوور بەزاندن و تێکشکاندنی دەوڵەتانی دی، واتە دەکرێت خوێنەر لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم داستانەشیعرییەوە تێبگات کە ئەو جەنگە بۆ ڕووی دا، کێ کوێی داگیر کرد، ئاکامەکەی چی بوو؟

ھێنریک یۆھان ئیپسن، ناسراو بە ھێنریک ئیبسن ٢٠ی ئازاری ١٨٢٨ – ٢٣ی ئایاری ١٩٠٦، شانۆ نووسێکی نەرویژی بووە و بە باوکی شانۆی نوێ ناسراوە و ناوبانگی لە دوای شکسپیرەوە دێت، لە ٢٠ی ئازاری ١٨٢٨ لە نەرویژ لەدایکبووە، دوای بەرھەمھێنانی دووەم شانۆی بە ناوی (جەنگاوەر) ناوبانگی دەرکردووە، وەکو بەڕێوەبەری سەرنووسەری شانۆی نەرویژی لە شاری (بورجن) کاری کردووە، لە مەزنترین شانۆنووسەکانی جیھانە، بە تێکڕایی و بە قووڵی سەیری ژیانی کردووە و شانۆکانی خۆی لە نێوان تراژیدیا و نەھامەتییەکی ڕاستەقینەدا دەبینێتەوە.

ھێنریک ئیپسن، لە ساڵی ١٨٥٠ دا یەکەم شانۆی خۆی لەژێر ناونیشانی (کاتالینا) نووسیوە، دواتر شانۆی میلۆدرامای بڵاوکردووەتەوە کە ئەو سەردەمە شانۆی وای بەخۆوە نەبینیبوو، ساڵی ١٨٥١ ئیبسن وەکو یاریدەدەر لە شانۆی (بیرجین) کاری کردووە، پاشان بە مەبەستی خوێندنی شانۆ، گەشتی کردووە بۆ دانیمارک و ئەڵمانیا، ساڵی ١٨٦٢ بووەتە بەڕێوەبەری ھونەری شانۆی نەرویژ لە ئۆسلۆ و سەردانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیای کردووە، ساڵی ١٨٦٠ دوای ئەوەی شانۆگەری براندی بڵاوکردووەتەوە، لە لایەن دەوڵەتەوە مووچەی مانگانەی بۆ بڕدراوەتەوە.

بە گوتەی ڕەخنەگرانی بواری شانۆ (ھێنریک ئیبسن) نازناوی باوکی شانۆی نوێی لێ نراوە و لە بەرھەمە ئەدەبییەکانیدا دەستی خستووەتە سەر ئەو بابەتە ڕاستەقینە و مەترسیدارانەی دووچاری کۆمەڵگای ئەورووپی دەبنەوە، ھەروەھا بابەتەکانی بانگەشەیەک بوون بۆ ھاوسەنگی و ئاشکرا کردنی دەمامکی کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە دووفاقی و دژ بە توندوتیژی بووە.

ھێنریک ئیپسن دوای ئەوەی ناوی خۆی لە پەرتوکی ناودارترین شانۆنووسەکانی جیھان تۆمارکردووە و ڕەخنەی لە زوڵم و ستەمکاری گرتووە کە دژ بە کۆمەڵگا دەکرێت، بە ھۆی نەخۆشییەوە لە ٢٣ی ئایاری ١٩٠٦ و لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

لە شانۆگەری تارماییەکاندا (ئیبسن) تەواو پێجەوانەی شانۆگەرییەکانی تری کاری کردووە، لەم شانۆگەرییەدا باس لە خێزان و پەیوەندی ژن و مێردیاتی دەکات لەسەر بنەمای غەریزە جنسییەکان، لە ئەنجانی ناتەبایی شەڕ و ناکۆکی نێوان ئەم ژن ومێردە، هەریەکەیان بە ئارزەووی خۆی و چۆنی ویستووە، ئاوا دوای غەریزە جنسییەکانی خۆی کەووە، هەریەکەیان لە چەندین پەیوەندی جیاوزادا بوون لە دەورەی ژن و مێردایەتیان.

لێرەوە نەوەیەک لە ناشەرعیەت دروست بوون،کە ئەم نەوانەش دەکەونە خوشەویستی لەگەڵ یەکتری بێ ئەوەی بزانن کە دەشێت ئەمانە ژنێک دایکی هەردووکیان بێت، یان لە پیاوێک بوبێتن کە باوکی هەردوکیان بێت.

لەم شانۆگەریەدا باوک دەستدرێژی سێکیسی دەکاتە سەر کچە خزمەتکارەکەیان و لە دواجاردا کچێکی لێ دەبێت، بەڵام ئەم کارە بە نهێنی دەمێنێتەوە و دەیدەنە پیاوێک تا گەوەری بکات و ئەم پیاوە وەک باوکی دەبینێت.

ئەم کچە لە گەورییدا دەبێتە خۆشەویستی کورێککە باوکی ئەم کوڕە لە کاتی خۆیدا دەستدرێژی کردۆتە سەر دایکی، بە مانایەک ئەم کوڕ و کچە خاوەنی یەک باوکن .

کوڕ دەبێتە جێگرەوی باوک و هەمان ڕێچکەی باوک دەگرێت لە لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان.

بەڵام ئیبسن لەم شانۆگەریەدا جارێکی تر تاوانی تێکدانی بنەماکانی خیزان و ڕاوکردنی ژن و هەوڵدان بۆ تێرکردنی غەریزە سێکسییەکانی دەگەرێنەتەوە بۆ پیاو.

لێرەوە خوێنەر تێدەگات کە ئەم گەورە نووسەرە بە قووڵی لە کارەکانیدا باس لە مرۆڤ و کێشە ئینسانییەکان دەکات و پەردە لەسەر ئەو شانۆیە هەڵدەماڵێت، کە لە ناخی ئینسانەکاندا لە خامۆشی و تاریکیدا ماونەتەوە.

لە ڕاستیدا ئە داستانە شیعرە بۆ سەردەمی جەنگەکانی ناپلیۆن دەمانگێڕێتەوە، جەنگەکانی ناپلیۆن زنجیرەیەک ململانێی گەورە بوون لە ساڵی ١٨٠٣ تا ١٨١٥، کە ئیمپراتۆریەتی فەرەنسا و هاوپەیمانەکانی، بە سەرۆکایەتیی ناپلیۆن، لە دژی کۆمەڵێک زلهێزی ئەورووپی کە لە کۆمەڵێک ڕێککەوتن و هاوپەیمانی جیاوازدا بوون، بەزۆری لە لایەن شانشینی یەکگرتووەوە سەرکردایەتی دەکران. شەڕەکان لە ناکۆکییە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەست بە شۆڕشی فەرەنسا و ململانێی دەرەنجامی ئەوەوە سەرچاوەیان گرتبوو. لە دوای شۆڕشی فەرەنسا، ناپلیۆن بۆناپارت لە ساڵی ١٧٩٩ دەسەڵاتی لە فەرەنسا بەدەستهێنا. لە ساڵی ١٨٠٤ تاجی کردە سەری خۆی و وەک ئیمپراتۆری فەرەنسییەکان خۆی ناساند.

لە ساڵی ١٨٠٥دا، سەرکەوتنی فەرەنسا بەسەر سوپای نەمسا-ڕووسیا لە شەڕی ئۆستەرلیتز کۆتایی بە جەنگی هاوپەیمانی سێیەم هێنا. لە ئەنجامی پەیمانی پرێسبێرگ، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز هەڵوەشایەوە. هەوڵەکانی دواتر کەمتر سەرکەوتوو بوون. لە جەنگی نیمچەدوورگەکاندا، فەرەنسا هەوڵیدا (جۆزێف بۆناپارت) وەک پاشای ئیسپانیا دامەزرێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لە ساڵی ١٨١٢ لەشکرکێشی فەرەنسییەکان بۆ سەر ڕووسیا قوربانییەکی زۆری فەرەنسی لێکەوتەوە و خاڵی وەرچەرخان بوو لە جەنگەکانی ناپلیۆن. لە ساڵی ١٨١٤، دوای شکستی لە جەنگی هاوپەیمانی شەشەم، ناپلیۆن دەستی لەکارکێشایەوە و دوورخرایەوە بۆ ئێلبا. لە کۆتایی ئەو ساڵەدا لە دەربەدەری ڕزگاری بوو و سەد ڕۆژەکەی دەستپێکرد پێش ئەوەی دواجار لە شەڕی واتەرودا شکست بهێنێت، دوورخرایەوە بۆ سەینت هێلێنا، کە دوورگەیەک بوو لە زەریای ئەتڵەسی باشوور. دوای شکستی ناپلیۆن، کۆنگرەی ڤیەننا بۆ دیاریکردنی سنوورە نیشتمانییە نوێیەکان بەڕێوەچوو. ئەم ڕووداوەی ئەورووپا بۆ پاراستنی ئەم سنوورانە دامەزرا و کاریگەرییەکی سنوورداریشی هەبوو.

بە درەخت ئەڵێم درەخت

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی خانمە شاعیری ناوداری پۆڵەندی (هالینا پۆشڤیاتۆڤسکا) و لە لایەن نووسەر  وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی)یەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا هەر بە کوردی نووسرا بێت، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا پێش ئەوەی قسە لەسەر بەهای ئیستاتیکی و گرنگیی ئەم ئەزموونە شیعرییە بکەین کە ئێمەی خوێنەر تازە بە ئەزموونەکەی ئاشنا دەبین، پێویستە قسە لەسەر خودی وەرگێڕەکە و زمانی وەرگێڕانەکەی بکەین، بێگومان هەموو تێکستێکی وەرگێڕدراوە لە بنەڕەتدا خاوەنی تایبەتمەندی و خەسڵەتی زمانی یەکەمی خۆیەتی، واتە ئەو زمانەی پێی نووسراوە و پێی هۆنراوەتە شووناسی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەستەمە کەسێک توانای لێسەندنەوەی ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییە زمانییە هەبێت و لایەنی ئیستاتیکی و مانا و وێنە شیعرییەکان بگوازێتەوە بۆ سەر زمانێکی دیکە، ئەگەر خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان نەبێت لەسەر هەموو ئاستەکان، ئەوەی ئەم وەرگێڕە ( ئازاد بەرزنجی) جیا دەکاتەوە لەوانی دیکە، تێگەیشتنی ورد و قووڵیەتی لە خودی دنیای تێکستەکان، بوونی باکگراوەندە ئیستاتیکی و ڕۆشنبیری و فیکرییەکەیەتی بۆ دیتن و تێگەیشتن لە تیێکستەکان، خوێندنەوەی بەردەوام و کەشفکردنە تازەکانییەتی لە ئەدبیاتی دنیادا، هەر ئەمەشە وا دەکات ئەم وەرگێرە (ئازاد بەرزنجی) کە لە زۆربەی کایەکانی وەک ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و فیکردا کاری وەرگێڕانی کردووە و ئەزموونێکی زۆر گەورەی جیهانیی بۆ کردووین بە کوردی، باڵادەستی خۆیمان پیشان بدات و بەشێک لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە بە شاکار و ئەزموونە جیهانییەکان، کە تازەترینیان ئەم هەڵبژاردە شیعرییەی ئەم خانمە پۆڵەندییە، لەم کتێبەدا خوێنەر بە ئەزموون و دونیابینییەکی شاعیرانەی جیاواز دەکەوێت، ئەزموونێک قووڵ و جوان، گوزارشت لە عیشق و ژیان و مەرگ و مێیەتی دەکات، ئەزموونیک لە هەوڵی ئەوەدایە دنیایەکی سەربەخۆ چێ بکات، دنیایەک کە مۆرکی شاعیرانەی تایبەت بە خۆی پێوە دیار بێت:

هاوار ئەکەم

ئەو دەمەی ئەمەوێ زیندوو بم

ئەو دەمەی ئەمەوێ ژیان جێ بێڵم

پێوەی ئەنووسێم

ئەڵێم ژیان

جارێ زووە بۆ جێهێشتن

دەستە گەرمەکەی ئەخەمە ناو دەستم و

لێو ئەنێم بە بناگوێیەوە و

ئەچرپێنم

ئەی ژیان

ژیان لەو مەعشووقە دەچێ کە جێت دێڵێ…

لەم پەڕەگرافە شیعرییەدا ئێمە بەهای بەرز و بەنرخی ژیان دەبینین، کەسێک دەبینین کە تەواو هەست بە پوچێتی و ئازار و نەهامەتییەکانی ژیان دەکات، بەڵام درکی بەوەش کردووە مادام مەحکوومە بە ژیان و ژیانکردن، ئەوا دەبێت بە دڵێکی فراوانەوە باوەش بە ژیاندا بکات، گەمەی لەتەکدا بکات و نەوازشی بکات، داوای لێ بکات وەک مەعشووقێک جێی نەهێڵێت، ئاخر جێهێشتنی مەعشووق کە خودی ژیانە، واتە مەرگی بەرامبەر، ژیان بڕوات ئەم دەمرێت، ئەمیش بە هەموو هێز و بوونیەوە نایەوێت ژیانی لەدەست بچێت.

ئەم شیعرە هەڵبژێردراوانە خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، گرنگترینیان ئەوەیە کە شیعرەکان کورتن و دوورن لە درێژدادڕی، چڕن و بە کەمترین وشە و دەستەواژە و دێڕ، زۆرترین مانا و وێنە و پەیام و شیعرییەتمان پێشکەش دەکەن، ئەم هونەری چڕ نووسینە کاری هەموو شاعیرێک نییە و هەموو شاعیرێک ناتوانێت بەم تایبەتمەندییەوە بنووسێت، بەڵام دەبینین لای ئەم خانمە شاعیرە جیهانێکی فراوان دروست کراوە، جیهانێک کە جێی هەموومان دەبێتەوە تیایدا، جێی ئازار و خەم و خەون و ئەوین و گیانبازی، دەبینین بەو زمانە چڕە، ڕێگاگەلێکی بۆ واڵا کردووین کە دەشێ هەر کاممان لە ڕێگەیەکەوە بڕۆین تا دەگەین بە کەمالی شیعرییەت:

ئەی باڵندەکەی دڵم

خەم مەخۆ

وردەدانی شادمانیت بۆ ڕۆئەکەم

ئەگەشێیتەوە

ئەی باڵندەکەی دڵم

مەگری

وردەدانی خۆشەویستیت بۆ ڕۆئەکەم

بۆ خۆت ئەفڕی

ئەی باڵندەکەی دڵم

بە باڵە کۆکراوەکانتەوە.

یەکێکی تر لە خەسڵەت و تایبەتمەندییە شیعرییەکانی ئەم هەڵبژاردە شیعرییە، بریتییە لە سادە نووسین، خۆ دوور گرتن لە وشە و دەستەواژەی ئالۆز، بگرە هەر بەو زمانەی ڕۆژانی ئاسایی پێی دەدوێین، ئەم شیعری باڵای پێ نووسیوە، سادەنووسییش دیسان هونەرێکە و کاری هەر شاعیرێک نییە، ئاخر خۆ هەندێک جار سادەنووسین لە لاوازی و ناهۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت و تێکستی مردوو و نیوەگیانی لێ دەبێت، بەڵام هەندێک سادەنووسین، کە بە زمانێکی سادەیە، مانای زۆر گەورە و قووڵی لێ بەرهەم دێت، ئەم شاعیرە ڕەنگە بەشێک لە هۆکاری ئەم زمانە سادە و شیرینەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە وەک ژنێک و هەم وەک ئینسانێک پەیامێکی گەورەی هەیە و دەیەوێت بیگەیەنێت، ئەو دەزانێت لە جیهانێکی ئاڵۆز و پڕ کێشە و بریندا دەژی، بۆیە دەیەوێت بە چەکی شیعر و بە زمانێکی سادە گوزارشت لە پەیامە ئینسانیی و گەورەکەی خۆی بکات:

پێویستیمان بە زۆر شتی سادە هەیە

چەشنی:

نان

خۆشەویستی،

تا نابیناکان ڕێیان لێ وێڵ نەبێ.

پێویستیمان بە بڕێکی زۆر لە بێدەنگی هەیە

هەم لە کەش و.. هەم لە هزرا

تا بتوانین گوێمان لە دەنگی خامۆش بێ

دەنگی شەرمنی کۆترەکان.

هەر وەک ئازاد بەرزنجی وەرگێڕ لە پێشەکیی کتێبەکدا ئاماژەی پێ کردووە، بەشێک لە ڕەخنەنووسان هەم لە ڕووی ئەزموونی شیعرییەوە و هەم لە ڕووی ژیانی کورتیی تەمەنیەوە، بە فروغ فەروخزادی دەشوبهێنن، یەکێکە لە ژنە شاعیرە ناودار و داهێنەر و نوێخوازەکانی شیعری پۆڵەندی و بگرە بە ڕابەری شیعری نوێی ژنانە و یەکەمین ڕچەشکێن لە قەڵەم دەدەرێ لەو بوارەدا: ئێمە کاتێک شیعرەکانی هالینا پوشڤیاتۆڤسکا دەخوێنینەوە، ڕووبەڕووی دوو تێمای سەرەکی دەبینەوە، تێمای عیشق و تێمای مەرگ، زۆربەی کاتیش وەک دوانەیەک پێکەوە دەردەکەون، وەک  ئەوەی عیشق قەڵغانێک بێت بۆ خۆپاراستن لە مەرگ، ئەو مەرگەی دواجار لە تەمەنێکی زۆر کەمدا و لە سی و دوو ساڵیدا شاڵاوی بۆ دەهێنێت و ژیانی لێ دەسێنێتەوە.

چوار دیوارەکەی ژیان وێران بوون

توێکڵی دانەی تاریکی لێ ئەکەمەوە

هێدی هێدی پایز بەسەر درەختەکانەوە ڕۆئەنیشێ

تا دانەکانی تاریکی لەسەر لەپی دەستم بخوا

پاسارییەکان بێدەنگ ئەبن

لەژێر باڵی سووری پایزدا

خوێن بەدەم سوڕانەوەی باوە ئەبارێ و

لەسەر زەوی ئەتوێتەوە

لە مەودایەکی دوورەوە

ڕوومەتم ناوە بە خاکەوە و هەست ئەکەم

لاسکەکانی گیان خێرا بەرەو بەهار ئەڕوێن.

 

په‌یڤێك بۆ ڕۆمانی “شەڕەکەی  ته‌رواده‌”

 

دانا ڕەئووف

داستانی (ئەلیادە)ی هۆمیرۆس یەکێکە لە سەرچاوە کلاسیکییە دێرین و گەورەکانی کولتوور و ئەدەب و شانۆی گرێکی، هاوکات بنەمایەکی گرینگی ستراکتوری هەموو ئەدەب و شانۆی ئەوروپییە. بەپێی سەرچاوەکانی مێژووی ئەدەب، ئەلیادە لە ساڵەکانی ٧٠٠ ب. ز دا نووسراوە، بەڵام لە چاخی ناوەڕاستدا (ئەلیادە) و هەروەها (ئۆدیسە)یش ون بوون و دواتر لە فۆرم و دەستنووسی تردا دەرکەوتوونەتەوە. مێژووی وەرگێڕانی ئەلیادە و هەموو کولتووری یۆنانی کۆن، بۆ زمانە ئەوروپییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٤٠٠، بەڵام لە ١٨٠٠ەکاندا هۆمیرۆس و داستانی ئەلیادە، وەک شاکارێکی کلاسیکی بە هەموو ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە. ئەلیادە، بۆ گرێکییەکانیش سەرچاوەی سروش بووە و لە دەقە تراجیدیاکانی شانۆی گرێکی کۆندا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە (ئۆرێستێیا)ی ئێسخیلۆس، کە باسی گەڕانەوەی ئاگامێمنون دوای دە ساڵ لە شەڕی تەروادە دەکات، هاوکات (ژنانی تەروادە)ی یوربیدیس، کە باسی ژنەکانی تەروادە دەکات، کە چۆن لە دوای شەڕەکە، وەک کۆیلە دەیانگوێزنەوە بۆ یۆنان. ئەم داستانانە، لە ئەدەبی مۆدێرنی ئەوروپادا، بۆ نموونە (یولیسیس)ی جێمس جۆیس و چەندانی تر تا دەگاتە ئەم دوا ڕۆمانەی تیۆدۆر کالیفاتیدێس (شەڕەکەی تەروادە) ڕەنگی داوەتەوە.

 

ئەلیادە، لە شانزە هەزار بڕگە شیعر و بیست و چوار گۆرانی پێکهاتووە و لەم ستراکتورە میتۆلۆژییەدا، داستانێکی خوێناوی و شەڕێکی درێژخایەنی دە ساڵەی نێوان گرێکییەکان و تەڕوادەییەکان دەگێڕێتەوە، شەڕی پاڵەوانە گەورەکان، ئەو پاڵەوانانەی تەنها لەنێو داستانە گەورەکاندا هەن: ئاگامێمنون، هێکتۆر، ئەکیلیس، پاریس، نێستۆر، ئۆدیسیۆس، هەروەها پادشا، شازادە و خواوەندەکان، هاوکات هێلێنا-ی جوان و قەشەنگ، کە هەموو شەڕەکە لە پێناوی ئەودا و لەسەر ئەو دەکرێت. یەکێک لە خاڵە نەمر و گرینگەکانی ئەم داستانەیش ئەوەیە، لە کۆنەوە و تا ئێستایش، خوێنەر و گوێگر، هەندێک لایەنگری بەشێک لە پاڵەوانەکان و هاوکات هەندێکی تر دژی هەمان ئەو پاڵەوانانە بوون. هیچ لایەکێان، نە گرێکەکان و نە تەروادەییەکان لەم شەڕە خوێناوییە دە ساڵییەدا بێتاوان نەبوون. چارەنووسی کارەکتەرەکان و هەروەها ئەو ڕووداوانەیشی تیا دەژین و کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی مێژوو و ژیانەوە هەیە، پێشوەخت لە لایان خواوەندەکانەوە دیاری کراوە.

ئەلیادەی هۆمیرۆس وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا، کراوەتە فیلم و شانۆ و لە قوتابخانە و کۆلیژەکانی دنیادا خوێنراوە و دەخوێنرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا تێگەیشتنی ئەم داستانە بۆ زۆرێک ئاسان نەبووە، لەوانەیە هەندێک لە هۆکارەکان درێژی داستانەکە، چڕ و پڕی ڕووداوەکان، ئەو زمانە شیعرییەی ئەلیادەی پێ نووسراوە، زۆریی پاڵەوان و ئەو هەموو کارەکتەرەی لەنێو ئەم داستانەدا، لە دایک دەبن، دەژین و هەندێکیان پیر دەبن و هەندێکیشیان لەم جەنگەدا بە گەنجی دەکوژرێن.

   نووسەری سویدی/یۆنانی تیۆدۆر کالیفاتیدێس گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەم داستانە گەورەیە و لەنێو ڕۆمانێکدا کاری لەسەر کردووە، ڕووداوەکانی داستانەکە، ئەو هەست و سۆزە گەورەیەی کارەکتەر و ڕووداوەکان دروست دەکەن، خۆشەویستی، سێکس، کۆیلە بوون، ئەو توندوتیژییە نامرۆڤانه‌یه‌ی جەنگ دەیخوڵقێنێت، ئەو تووڕەییەی ڕقێکی گەورە لەنێو هەردوو بەرەی جەنگەکەدا دروست دەکات و لافاوی خوێن هەڵدەستێنێت، دەگێڕێتەوە.

ئەم ڕۆمانە تازەیەی کالیفاتیدێس (شەڕەکەی تەروادە) چەندە ڕۆمانێکی جوانە و لەنێو داستانەکەی هۆمیرۆسدا هەناسە دەدات و سەرلەنوێ داستانێکی گەورەی وەک (ئەلیادە)مان بە زمانێکی ئاسان و شیعرئامێز بۆ دەگێڕێتەوە، هێندەیش چەمکێکی پێداگۆگی هەیە و هەموو ڕووداوەکانی داستانەکە، پاڵەوانەکان و ڕێچکەی شەڕەکە و هۆکارەکانی دەخاتە بەردەستی خوێنەران. کالیفاتیدێس لە کۆتاییی ڕۆمانەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی نووسینی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە ئەم سەردەمەی ئێستامان، ئەو توانایەی نییە ئەم داستانە بکاتە دەروازەیەکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە لە کولتوور و داستانە کلاسیکییە کۆنەکانی ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەو وەرگێڕانانەی تا ئێستا لە بەر دەستدان ناتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن. نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک نە مەبەستی ئەوە و نە دەشتوانێت، جێگای هۆمیرۆس بگرێتەوە، بەڵکوو هەوڵی ئەو بۆ ئەوەیە دەروازەیەک بۆ ئەو داستانە شیعرییە گەورەیە بکاتەوە. کالیفاتیدێس لە پەیڤێکی کورتی دوای ڕۆمانەکەیدا، دەڵێت: (من هەمیشە ئەلیادە-م وەک شیعرێکی دژەجەنگ بینیوە.) ئەمەیش ڕاستییەکی ڕەهای ئەو داستانە خوێناوییەیە، هیچ کەسێک لە کارەکتەرەکانی ئەلیادە شەڕیان ناوێت، بەشێکی زۆری داستانەکە، گفتوگۆیە بۆ ئاشتی، ڕێزێکی زۆر بۆ کوژران و ڕیتواڵی بەخاکسپاردنی پاڵەوانەکان و شەڕڕاگرتن، تا بەتەواوی لە ناشتنی پاڵەوانەکان دەبنەوە. بەڵام خواوەندەکان شتێکی تریان ویستوە و ڕێچکەی ڕووداو و شەڕەکانیان بە ئاڕاستەیەکی تردا بردووە.

هەرچەندە کالیفاتیدێس (لە شەڕەکەی تەروادە)دا ڕێچکەی ڕووداوەکانی داستانەکەی هۆمیرۆس-ی هەڵگرتووە، هەمان میتۆلۆژیامان بۆ دەگێڕێتەوە و پاڵەوانەکان، بە تایبەتیش پاڵەوانە سەرەکییەکانی ئەلیادە: مێنێلاۆوس، هێلێنا، ئەگامێمنون، ئەکیلیس، پرێیاموس-ی پادشای تەروادە، هێکتۆر، ، پاریس، هێکابە، ئەندۆماکە، کەساندرا-ن، بەڵام ڕۆمانەکەی ڕۆمانێکە، کە لەسەر بنەما و چەمکەکانی ڕۆمانێکی هاوچەرخی ئەوروپی ڕۆنراوە. کالیفاتیدێس ڕووداوەکانی ئەلیادە و شەڕە خوێناوییەکەی تەروادەی بەستۆتەوە بە جەنگێکی تری خوێناوییەوە؛ ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌، لە دوا ساڵی جەنگی جیهانی دووەم و لە گوندێکی گرێکیدا، کە لەلایەن ئەڵمانییە نازییەکانەوە داگیر کراوە و بە بەردەوامی لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانەکانەوە بۆردومان دەکرێت و پارتیزانە یۆنانییەکانیش هێرشی چەکداری دەکەنە سەریان، ڕوو ده‌ده‌ن.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس بەم شێوەیە ڕۆمانەکەی دەست پێ دەکات: (من تەمەنم پانزە ساڵان بوو و عاشقی مامۆستاکەم بووبووم. ساڵی ١٩٤٥ و سەرەتای مانگی چوار بوو. گوندەکەم، هەروەک هەموو یۆنان لە ساڵی ١٩٤١ەوە لەلایەن سوپای ئەڵمانییەوە داگیر کرابوو.) نووسەر، کە خۆی ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، کە لەگەڵ کچە دراوسێ و هاوپۆل و هاوڕێی منداڵیدا (دیمیتریە) چوون بۆ قوتانخانە و لەناو گوندەکەدا یارییان کردووە و سەردانی کلێسا و قاوەخانە و ناوەندی گوندەکەیان کردووە. یەکەم ڕۆژی قوتابخانە، کە بۆمبابارانە و لەگەڵ مامۆستا تازەکەیاندا، کە کچێکی گەنجی قژ ڕەشی جوانە و هەر لەیەکەم ڕۆژەوە عاشقی دەبێت، دەچنە ئەشکەوتێکەوە تا خۆیان لە بۆمبای فڕۆکەکان بپارێزن، کە بەسەر گوندەکەیاندا دەیبارێنێت. هەر لە ئەشکەوتەکەدا و بەدەم چاوەڕوانییەوە، ئەم مامۆستا گەنجە جوانە، پێشنیازی ئەوەیان بۆ دەکات، کە چیرۆکی هێرشە گەورەکەی سەر تەروادە-یان بۆ بگێڕێتەوە. مامۆستاکە، لەو ئەشکەوتەدا دەیەوێت بە گێڕانەوەی ئەو داستانە ترسی فڕۆکە جەنگییەکان بە گێڕانەوەی شەڕێکی تر لای قوتابییەکانی بڕەوێنێتەوە. ئەو، کە عاشقی مامۆستاکەی بووە، لەوە دەگات، ئەو خۆشەویستییەی بۆ مامۆستاکەی هەیەتی ناگاتە ئەنجام، هاوکات دەشزانێت، کە مامۆستاکەیشی عاشقە، بەڵام عاشقی ئه‌و نییه‌ و عەشقەکەی ئەویش نەک هەر ناگاتە هیچ ئەنجامێک، بەڵکوو یاریکردنیشە بە ئاگر. مامۆستاکەی عاشقی یەکێکە لە سەربازە داگیرکەرە ئەڵمانییەکان. مامۆستاکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی داستانەکە؛ ئەو داستانەی باسی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی یۆنانییەکان، کە لەو سەردەمەدا پێیان گوتراوە (ئەکاییەکان) بۆ سەر تەروادە دەکات، دە ساڵ تێپەڕیوە و خوێنێکی زۆر لەنێوان هەردوو لادا ڕژاوە، بەڵام تا ئێستا ئەکاییەکان نەیانتوانیوە شووره‌کانی تەروادە بڕۆخێنن و بچنە ناو شارەکەوە.

لە بەینی بەشەکانی شەڕی تەروادە و داستانەکەی هۆمیرۆس (ئەلیادە)دا، خوێنەر بە (من)ی گێڕەرەوە زیاتر ئاشنا دەبێت، ئەو عاشقی مامۆستاکەیانە، دیمیتریە-یش عاشقی ئەوە و باوکی لەلایەن ئەڵمانییە نازییەکانەوە بێسەروشوێن کراوە و شەڕەکە (جەنگی جیهانی دووەم) وەک شەڕی نێوان گرێکەکان و تەروادەییەکان، خەڵکی گوندەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. هەڵواسین و لە سێدارەدانی پارتیزانە یۆنانییەکان، تۆڵەسەندنەوە و بردن و گولەبارانکردنی گەنجانی گوندەکە، وێنە خوێناوییەکانی جەنگی جیهانی دووەمە، کە بە شێوەیەکی تەریبی، لەخۆ دووبارەکردنەوەی مێژوودا، ڕەنگێکی بەهێز دەبەخشێت بە مێژووی شەڕ لە جیهاندا.

کالیفاتیدێس هەر لەسەرەتاوە، هەمان ڕیتم و تۆن لە ستراکتوری ڕۆمانەکەیدا بەکاردەهێنێت و له‌ ڕیزبه‌ندیی ڕووداوه‌کاندا شوێن پێی هۆمیرۆس دەکەوێت، کاتێك باسی شەڕێکی دە ساڵە دەکات، که‌ هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئافره‌تێك به‌ناوی “هێلێنا”. “هێلێنا” ژنێکی جوان و قەشەنگه‌، ژنی پادشای سپارتا، شا مێنێلاۆوس-ە، به‌ڵام لەپڕ زۆر بە قووڵی عاشقی شازادە پاریس، شازادەی تەروادە دەبێت. هێلێنا لەگەڵ پاریس ڕادەکات و پێکەوە دەڕۆن بۆ تەروادە، ئەم ڕەدووکەوتنەی هێلێنایش ئاگری ئەو شەڕە دە ساڵییە هەڵدەگیرسێنێت، کە هەزارەها جەنگاوەر و کوری گەنج و پاڵەوانی هەردوو لای تیا دەکوژرێت. مێنێلاۆوس لەشکرەکەی کۆ دەکاتەوە و سەرکردایەتییەکەیشی دەداتە دەست ئەگامێمنون، کە ئێفگینیا-ی کچی دەکاتە قوربانی، تا باکە یارمەتییان بدات و پاڵ بە کەشتییەکانیانەوە بنێت بۆ ئەوەی بپەڕنەوە و تەروادە کاول و داگیر بکەن. ستراکتوری داستانەکەیش، وەک هەموو میتۆلۆژیایەکی دێرینی یونانی لەلایەن خواوەندەکانەوە ڕۆنراوە و خواوەندەکان لە پشت چۆنییەتی ڕەوش و گەشە و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شه‌ڕه‌که‌ و چارەنووسی پاڵەوانەکانەوەیە.

خاڵێکی گرینگی داستانەکەی هۆمیرۆس و ڕۆمانەکەی کالیفاتیدێس، کارەکتەری هێلێنا-یە، ئەو شاژنەی پشت دەکاتە مێردەکەی، شا مێنێلاۆوس و لەگەڵ شازادە پاریس بەرەو تەروادە ڕادەکات: ئەنجامی شەڕەکە هەر چۆنێک بێت، هێلێنا به‌ چارەنووسی خۆی دەزانێت؛ مێردەکەی یان پاریس، کە عاشقیەتی هەر کامیان بکوژرێن، سپارتە، وڵاتی گرێکەکان، کە زێدی خۆیەتی و منداڵ و کەس و کارەکەی تیا دەژی وێران بێت، یان تەروادە، ئەو وڵاتەی لەگەڵ پاریس پەنای بۆ بردووە، ئەو دۆڕاوە و لە هەردوو بارەکەدا تۆڵەی لێ دەکرێتەوە.

ڕۆمانەکەی کالیفاتیدێس، هەروەک ئەلیادەی هۆمیرۆس، باسی جەنگ و ئاکامه‌کانی جەنگ و کاولکاری دەکات، بەڵام باسی خۆشەویستی و عەشق و کۆمەڵگەی باوکسالاریش دەکات. نووسەر دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە سیستێمی کۆمەڵگە باوکسالارییەکان بەرپرسیارن لە هەڵگیرسانی جەنگ و کوشتن و بڕین. هێلێنا-ی قەشەنگ، کە ژنی شا مێنێلاۆوس-ە عاشقی شازادەی پاریس دەبێت و دوای دەکەوێت، هەموو گرێکییەکان، بۆ گەڕانەوەی نامووسی شا و تۆڵەسەندنەوە لە هێلێنا، بۆ ماوەی دە ساڵ دەکەونە جەنگەوە و خوێن دەڕێژن.

خاڵی گرینگ و بەهێزی ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس، زمانەکەیەتی. نووسەر هەوڵی نەداوە ڕۆمانەکە بە جۆرێکی تر بخوێنێتەوە و چەمکێکی مۆدێرن و کارەکتەرێکی تری پێ ببەخشێت، بەڵکوو تازەکردنەوەی ئەو بۆ ئەو داستانە ئەو زمانە شیعرییە لیریکییە جوانەیە، کە دەوڵەمەندە بە هەموو شتێک؛ شیعر، خوڵقاندنی داستانێکی نوێ، بەکارهێنانی چەندان وشە بۆ دیمەنێک، کارەکتەرەکان زیندوون و بە هەوای ئەمڕۆ هەناسە دەدەن. هەندێک لە ڕەخنەگرە سوێدییەکان، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە قووڵی و جوانی زمانەکەی کالیفاتیدێس وا ده‌کات بچێته‌ ئاستی ئه‌و زمانە لیریکییە ئەفسانەییەی هۆمیرۆس پێی نووسیوە.

ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس قووڵییەکی ساکار لەخۆ دەگرێت، لەم قووڵییەدا هەست بە تێپەڕبوونی کات ناکرێت، داستانێکی دێرین دەبێتە چیرۆکێکی واقیعی و بەرجەستەی ئەو هەموو شەڕەمان بۆ دەکات، کە لەم زەمەنە مۆدێرنەدا مرۆڤی خەڵتانی خوێن کردووە، هاوکات لەنێو دێڕ و ڕووداوە شەڕانگیزەکەی ئەم داستانە (مۆدێرنە)دا، جۆرە خەندە و هەستێکی تژی بە کۆمیدیایەکی ڕەش دەکرێت، کە تەرازووی تراجیدیا/کۆمیدیای چارەنووسی مرۆڤایەتیی ڕاگرتووە.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس نووسەرێکی بە ئەزموونە و نزیکەی سی ڕۆمانی نووسیوە، جێگای خۆی بە باشی لەنێو ئەدەبی سویدیدا کردۆتەوە و بەشێکی زۆر لە نووسین و ڕۆمانەکانیشی کارکردنە لەسەر ژیانی یۆنانییەکان، جەنگ و ژیانی گوندەکان، میتۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژانە، بێگومان ژیانی ئەمڕۆی سوید و پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤ، بە تایبەتیش پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو. کالیفاتیدێس نامۆ نییە بە خوێنەری کورد، تاکو ئێستا “دلاوەر قەرەداغی” بەشێک لە ڕۆمانەکانی کردووە بە کوردی و بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەیدا (شەڕەکەی تەروادە) گرینگە، کە یەکێکە لە سیما و تەکنیک و ستایلەکانی نووسەریش، ئەو ساکارییە قووڵەیە لە نووسیندا، ئەو دەتوانێت مەسەلە چڕ و پڕ لە کێشە و گرانەکان، بە زمانێکی ساکار و تەکنیک و ستایلێکی شەفاف بخاتە ڕوو. هەر بۆ نموونە، داستانێکی گەورە و گرانی وەک ئەلیادە، دەبێتە ڕۆمانێکی چێژبەخش و لە هەمان کات کورت و ساکار و ئاسان. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە پاڵەوانەکانی نێو ئەم داستانە لای کالیفاتیدێس، تەنها پاڵەوان و جه‌نگاوه‌ری ناو دنیای چیرۆك نین، بەڵکوو دەبنە مرۆڤ و هەست بە بوونیان وەک مرۆڤ، لەنێو ڕووداوەکاندا دەکەیت.

 هۆمیرۆس، هەروەها کالیفاتیدێس دەیانەوێت بڵێن، شەڕ سەرچاوەی فرمێسکە و هیچ براوە و سەکەوتنێکیش لە هیچ کام لەبەرەی شەڕەکاندا نییە و هەموو لایەک دۆڕاون، لەگەڵ ئەوەیشدا جەنگەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت، ئەوەتا دوای جەنگی جیهانی دووەم و کشانەوە و نەمانی هێزە ئەڵمانییە داگیرکەرەکان، شەڕی ناوخۆیی لە یۆنان هەڵدەگیرسێت و براکان یەکتری دەکوژن.

سەرچاوە:

Theodor Kallifatides, Slaget om Troja, Albert Bonniers förlag, 2018

خواردنگەیەک بۆ پێکدادانی کولتوورەکان

خستنەڕووی کتێبی شانۆیی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو”

خوێندنەوەی: سەردەم

دەقی شانۆیی دەتوانێت وێڕای نمایش، هاوکات لە ڕێی خوێندنەوەشەوە کاریگەریی بەرچاو دابنێت، ئەگەرچی لای ئێمە، لەنێو خوێنەرانی کورددا ئەمڕۆ خوێندنەوەی دەقی شانۆیی کەمتر بووە بە کولتوور، ئەمەش زیادتر لەو ڕوانگەیەوە هاتووە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا دەبێت لەسەر تەختی شانۆ نمایش بکرێ و ببینرێت، لە کاتێکدا ئەو دیوەشی هەیە، واتە دەتوانرێت وەک هەر دەقێکی تری ئەدەبی بخوێنرێتەوە. ئەوەش جێگەی دڵخۆشی و پێزانینە کە کەسانێکی بەرچاو لەو کایەدا کار دەکەن و کۆمەڵێک دەقی زۆر گرنگی جیهانیان وەرگێڕاوە و کردوویانە بە کوردی، کە خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ئەو دەقانە و چێژێکی زۆریان لێ وەر بگرن.

دەقی شانۆیی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو” لە نووسینی نووسەری تورک کونگویر دیلمان و لە وەرگێڕانی نووسەر ڕەووف حەسەن، یەک لەو دەقە شانۆییە گرنگانەیە کە دەتوانێت دەرچەیەکی گەنگ بەسەر خوێنەرەکەیدا بکاتەوە و هاوکات چێژێکی زۆریش لە خوێندنەوەی وەر بگرێت. وەرگێڕ دەربارەی نووسەری ئەم شانۆنامەیە دەنووسێت: “کونگویر دیلمان نووسەری ئەم شانۆنامەیە، وێڕای ئەوەی بە دیدی و بۆچوونێکی پێشکەوتنخوازی و مرۆڤدۆستی سەردەمانەوە کارەکەی ڕاپەڕاندووە، ئەو دید و بۆچوونانەی کەوا بۆ سەد ساڵێک دەچێت بوونەتە خولیای ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵات، ئەوا وەک تەکنیکی نووسینی شانۆنامە چ لە ڕووی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و چ لە ڕووی زەمەنی ڕووداوەکان و هەروەها کۆکردنەوەیان لە یەک جێگەدا و لە یەک فەسڵیشدا و تەنانەت لە ساتەوەختێکیشدا… لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەو شێوازە نووسینە تایبەتمەندەیەتی کە لەو بڕوایەدام بەر لە دیلمان کەسی دی پەیی پێ نەبردووە، هەموو ئەمانە بەڵگەی لێزانین و بەسەلیقەیی و بوێری نووسەرن.” هەروەها وەرگێڕ لە سەرەتای کتێبەکەدا و لەژێر ناونیشانی “ئەم شانۆنامەیە!”دا دەنووسێت: “ئەوەی ئەم شانۆنامەیە بخوێنێتەوە لەوە بێگومان دەبێت کە هونەری دراما لای تورکەکان ڕەگوڕیشەیەکی تۆکمە و دێرینی هەیە، هێندە دێرین، تا چەند سەدەی بەر لە زایین، ئەو سەردەمەی چەند ڕەچەڵەکێکی تورک دەیان ساڵ فەرمانڕەوایی چینیان دەکرد، یاخود لەو دەوروبەرەدا دەژیان. کاریگەری ئەمەش بە ئاشکرا بەم شانۆنامەیەوە دیارە و شانۆی ڕووداوەکانیش تیایدا هۆنگ کۆنگی سەر بە وڵاتی چینە.”

ئەم دەقە کورتە لە دوو بەشدا پێشکەش کراوە، شوێن هۆنگ کۆنگی پایتەختی چینە، کات دیارینەکراوە، بەڵام شوێنەکە دیاریکراوە؛ چێشتانەیەک. کۆمەڵێک کارەکتەر ڕۆڵی سەرەکین لەم شانۆنامەیەدا، ژن و مێردێک کە لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ چین بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینیان، بە ناوەکانی جەنابی جۆناسان و خاتوو جۆناسان، هاوکات شاعیرێک بە ناوی وۆنگ و خۆشەویستەکەی بە ناوی لولو خانم، ئەمان دنیایەکی تایبەتییان هەیە و زیاتر لە کەشێکی ڕۆحانی و بووداییدا دەژین، گاسۆنێک، جۆ کە کەسێتییەکی سەیر و سەمەرەی هەیە و زیادتر وەک ڕاوچی مەیموون دەیناسین.

شانۆنامەی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو” لەسەر بیرۆکەیەکی ترسناک دامەزراوە، کە دەکرێ چەندین دەلالەت بدات بە دەستەوە و هەر کەسە بەپێی تێگەیشتنی خۆی لێی بدوێ، بیرۆکەکەی بەم جۆرەیە: لەم خواردنگەیەدا مێشکی مەیموون پێشکەش بە میوانەکان دەکرێ، مەیموونێکی زیندوو دێنن و لە قەفەسی دەنێن، پاشان مێشکی دەردەکەن و دەرخواردی میوانەکانی دەدەن، ئەم ژن و پیاوە ئەمەریکییە هاتوون تا چێژ لەم خواردنە ببەن، مانگەکەیان تایبەتتر و خۆشتر ببێت، ئەم کارەش لە لایەن جۆ و گارسۆنەکەوە ئەنجام دەدرێ، لە بەشی یەکەمدا تاوتووێی ئەم ڕووداوەیە و میوانەکان چاوەڕێن کە ڕوو بدات و ببینین، بەڵام لە دوایین ساتدا، لەو کاتەدا کە جۆ دەیەوێ بیهێنتە دەرەوە مەیمونەکە لە قەفەس هەڵدێت و لە دەستیان دەڕوات. بەوەش لەو خۆشی و چێژە بێبەری دەبن.

لە بەشی دووەمدا شاعیرەکە و خۆشەویستەکەی دێنە ناوەوە، ئەگەرچی لە بەشی یەکیشدا شاعیرەکە هەیە و لولو خانیش دواترێ دێت، بەڵام کەمترین قسەیان هەیە و لە کەشێکی دابڕاودان لەگەڵ ئەوانی تر، لە بەشی دوودا شاعیرەکە بەوەی کە ئامادەیە لەبری بڕێک پارە ـ کە کەمیش نییە ـ ڕۆڵی مەیموونە ببینیت و ژن و پیاوەکە دڵخۆش بکات، بە واتای ئەوەی ئامادەیی ئەوە دەر دەبڕێت کە مێشکی ئەم دەر بهێنن، ئەمە دیمەنێکی ترسناکە بەردەوام ئێمە دەخاتە ناو خۆفێکی زۆرەوە، کە خەریکە بەبەر چاومانەوە مامەڵەیەکی ترسناک دەکرێ، مامەڵەیەک کە لەسەر ژیان و مردنە، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا دەگوزەرێ زیادتر لەوەیە، ئێمە لە ڕێی دیالۆگەکانەوە ـ بە تایبەت هیی ژن و پیاوە ئەمریکییەکە ـ تێدەگەین کە ئەوان خاوەنی هەندێ دیدگان لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و چینی بە تایبەتی، کە ئەم دیگایانە بەدەر نیین لە هەمان گوتاری کۆلۆنیالیزم، بە واتای داگیرکاری، کە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکات، هاوکات ئەم دیدگایە سەرڕێژە لە نیاز و مەبەستێک کە ڕۆژئاوا لەسەر ڕۆژهەڵات بونیادی ناوە و لەسەر بەتاڵانکردن و ڕووتکردنەوەی ڕۆژهەڵات ـ بە خاک و ئینسان و سەروەت و سامانییەوە ـ هەیەتی، ڕۆژئاوا لە دیدی ڕۆژئاوادا ئەویدییەکی بێئاگا و دواکەوتووە، ئەم هاتووە تا بە ساناترین شێوە فریوی بدات و لەبەینی ببات.

لەم شانۆنامەیەدا و لە نیگای ئەو ژن و پیاوەوە کە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوان، بە ئاسانی ئەو نیگا تەوسئامێز و گاڵتەجاڕییە دەبینین، کە چۆن دەخوازێت تاکەکانی ڕۆژهەڵات لە بەردەمیدا ببنە کۆیلە بۆ بەسەربردنی دڵخۆشییەکی ڕاگوزەر، دیالۆگەکان دەربڕی ئەو هەستە ناجۆرانەن، ڕەنگە ئەمە یەکێک لە ئایدیا زۆر سەرەکییەکانی پشتی ئەم دەقە کورتە بە ناوەڕۆک دەوڵەمەندە بێت.

بێگومان نابێت ڕۆڵی شاعیرەکە فەرامۆش بکەین، کە هەر کات دەپەیڤێت جۆرێک لە هەستی شاعیرانە دەسازێنێت، کە دەتوانین بە نوێنەری ڕۆحی شاعیرانەی ڕۆژهەڵاتی دابنێین، بە تایبەت بۆ ئەدەبیاتی چینی، بە دیاریکراویش بۆ ڕۆحی بوودا، کە بۆ ئێستا لە تەواوی جیهاندا بووە بە ڕۆحێکی باڵکێش. ئەو دەربڕینە شیعرییانەی کە دوایین ساتی لە سەردانی شاعیرەکە لە لایەن لولو خانمەوە دەگوترێن، جوانترین دەربڕینەکانن، با پێکەوە چەند دێڕی بخوێنینەوە:

چاوەڕوانم بە خۆشەویست/ لە کەنار ڕووبارە زەردەکە ڕاوەستە/ کێ دەزانێت خۆر ئەوساکە لە کوێ دەبێت!/ لەژێر پردی ڕووبارەکەدا بوەستە/ گۆناکانت تەواو گرژ بوون/ ئایا لە ڕووخساری مندا کەنارەکەی دی دەبینیت؟/ هۆنکا هۆ… ڕووبارە زەردە/ سەدا و بانگێکی ئاسمانی لەودیوی چیای شاسییەوە دێت/ دەترسم ئەم گۆرانییە لێوەکانم هەڵوەرێنێت/ با ڕووبارە زەردەکە بێت/ تاکە ئومێدمان هەر ئەوە/ ئازیز لە کن نزیکترین تاشەبەردەوە ڕاوەستە/ کێ دەزانێت ئەوسا خۆر  لە کوێدا دەبێت/ نەخەڵەتابیت گۆرانییەکەت لەبیر بچێتەوە/ دەنا بەیەکگەیشتمان زۆر مەحاڵ دەبێت/ یادەوەری سەختە هێندەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە/ نواڵەکان بە شەتڵە چەڵتووڵ چێنراون/ ئەو ژنانەی ڕەنگیان بە ڕەنگی قامیشن/ قاچوقولیان لەنێو ئاودا نقووم بوون و بێ پشوودان چەڵتووک خاوێن دەکەنەوە و/ گۆرانییەکە دەڵێنەوە/ خۆشەویستەکەم!/ لە کەناری ڕووبارە زەردەکە چاوەڕوانم بەلە کن لێژاییەوە بوەستە/ ئەی کێ دەزانێت ئەوساکە جێگەی خۆر لە کوێ دەبێت/ وریابە نەکەیت گۆرانییەکەت لەبیر بچێتەوە.

لە کۆتاییدا دەکرێت ئەم پێشنیارە بە شانۆکارانی کورد بدەین، کە بتوانن هەرچی زووترە ئەم دەقە لە شێوازێکی سەردەمیانەدا و نزیک بە کەشوهەوای کوردانە، ئامادەی نمایش بکەن، بێگومان دەرهێنەری سەرکەوتوو و بە هاوکاری ستافێک لە ئەکتەری لێهاتوو، دەتوانن لەم دەقە (خواردنگەی مەیموونی زیندوو) نمایشێکی تایبەت و ناوازە پێشکەش بە بینەری کورد بکەن. بەو هیوایەین لە داهاتوودا ئەم دەقە لەسەر تەختی شانۆ ببینین، بە زمانی کوردی.

ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە فەلسەفییە و وەرگێڕانی بەشێکە لە وتارەکانی فەیلەسووفی بواری ئاکار (پیتەر سینگەر) دڵشاد حامید بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بۆ ئەم کتێبە تەنها ٢٣ وتاری وەرگێراوە: هەڵبەت لە گۆترە و هەڕەمەکیانە ئەم ٢٣ وتارەم هەڵنەبژاردوون، بەڵکو سەرەتا ئەو وتارانە نەغمەیەکی جۆرنالیستی بەسەریاندا زاڵە، لامان بردوون، دواتر بە چاوبڕین لەو کەلێن، یان ڕاستتر، خەرەندە مەعریفیانەی لە دونیای ڕۆشنبیریی کوردیدا هەن، وتاری نوێ و تا ڕادەیەک دەستبۆنەبراون.

وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: ئاکاری بێخودا، ئاخۆ شتێک گرنگە، ئازادیی ڕادەربڕین موحەمەد و هۆڵۆکۆست، ئازادیی ئایین یان ئازادیی ڕادەربڕین، ئاخۆ پێویستە ڕێزی ڕەگەزپەرستان بگرین، خەونێک بۆ سەردەمی دیجیتاڵی، ئاخۆ دەتوانین تێکڕای بەختەوەریی نیشتمان زیاد بکەین… و چەندین ناونیشان و وتاری دیکە.

لە وتارێکدا بە ناونیشانی (ئاکاری بێخودا) ئەم فەیلەسووفە دەپرسێت: ئاخۆ ئایین بۆ ئاکار پێویستە؟ دواتر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەندێ کەس نکولیکردن لە ڕیشە یەزدانییەکانی ئاکار بە سووکایەتی و تەنانەت بە کوفریش دەزانن: هەستی ئاکاریمان خودایەک ڕسکاندوویەتی یاخود لە فێرکارییەکانی ئایینێکی ڕێکخراوەوە وەرمان گرتووە، لە هەردووکیاندا ئێمە پەنەواز (موحتاج)ی ئایینین بۆ سنووردارکردنی خراپییەکانی سروشت.

دواتر باس لەوە دەکات کە مەرج نییە حەدەسە پەرەسەندووەکانمان وەڵامی ڕاست، یاخود گونجاوی تەڵەزگە ئاکارییەکانمان بدەنەوە، ئەوەی بۆ پێشینانمان باش بووە، ڕەنگە ئەمڕۆ باش نەبێت، با لە دیمەنە گۆڕاوەکەی ئاکار ورد بینەوە، کە تێیداکۆمەڵێ پرسی وەک مافەکانی ئاژەڵ و لەباربردن و یوسەنەیژا و دەستگیرۆییە نێودەوڵەتییەکان هاتوونەتە پێش، ئەمانە لە ئایینەوە نەهاتوون، بەڵکو لە تێڕامانێکی وردی مرۆڤایەتی و ئەوەوە هاتوون کە ئێمە بە ژیانێکی باشی دادەنێین.

لە وتارێکی دیکەدا بە ناونیشانی (خودای ئازارچەشتن)دا هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دیبەیتم لەگەڵ کەسێکی بەئەزموون و زیرەکدا دەکرد، ویستم پێیەکانی هەڵوێستم لە زەمینەیەکی پتەودا داکوتم، بۆیە بانگەشەی ئەوەم کرد کە هەرچەندە ناتوانم نکوڵی لە بوونی هەموو جۆرە خودایەک بکەم، بەڵام دەتوانین دڵنیا بین لەوەی لە دونیایەکدا ناژین خودایەکی توانامەندی ڕەها و زانای ڕەها و چاکەخوازی ڕەها ئافراندبێتی: بێگومان کریستیانەکان لەو بڕوایەدان لە جیهانێکی لەم چەشنەدا دەژین، بەڵام هۆیەکی بەهێز بۆ گومانکردن لەم بابەتە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

بە بڕوای ئەم فەیلەسووفە، کریستیانەکان زۆر جاران بەوە بەرسڤ دەدەنەوە کە خودا ویستی ئازادی پێ بەخشیوین، بۆیە خودا لە خراپەکارییەکانی ئێمە بەرپرس نییە: ئەم وەڵامە لە پەیوەندیدا بەو بەڵایەی کە تووشی ئەوانە دەبن کە لە لافاوەکاندا دەخنکێن، یان بە زیندوێتی لە نێو ئەو ئاگرانەدا دەسووتێن کە بە هۆی هەورەبرووسکەوە لە دارستانەکاندا دەکەونەوە، یانژی بە هۆی وشکەساڵییەوە لە برساندا یان لە تینواندا دەمرن، شکست دەهێنن.

 لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناونیشانی (بەکارهێنان و خراپبەکارهێنانی ئازادیی ئایینی) ئەوە خراوەتە روو کە ئایینی یەهوودی ئایینێکی ئاشتیخواز نییە، بۆیە جارێکی دیکە هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئازادیی ئایینی لە گۆڕێدا نییە، ئەرسۆدۆکسە توندئاژۆکان دەیانەوێ ئەو کەسانەی کاتەکانیان بە خوێندنەوەی تەورات بەسەر دەبەن، لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن، بەو پاساوەی خوێندنی تەورات هێندەی خزمەتی سەربازی بۆ خۆشگوزەرانیی ئیسرائیل گرنگە: بەم شێویە، فەراهەمکردنی بژاردەی خزمەتی نیشتمانیی ناسەربازی، ئەگەر خوێندنی تەورات نەبێت، ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات، بەڵام هۆیەک نییە وا لە زۆرینەی سیکۆلاری ئیسرائیلی بکات باوەڕ بهێنن بەوەی هەبوونی دەیان هەزار ئۆرسۆدۆکسی توندئاژۆی تەوراتخوێن، سوودێکی بۆ نەتەوە هەیە، بە دڵنیاییەوە بەقەد خزمەتی سەربازییش سەخت نییە.

لە وتارێکی دیکەدا بە ناوی (ئازادیی ڕادەبڕین موحەمەد و هۆڵۆکۆست) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دوای جەنگی دووەمی جیهان، وەختێك کۆماری نەمسا دەکۆشا خۆی وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی جێگیر بکات. سەرکوتکردنی بیرۆکە و پڕوپاگەندەی نازی لە لایەن دیموکراتەکانی نەمساوە، وەک ڕێکارێکی ئاوارتەی کاتی، ئاوەزپەسەند بوو. بەڵام ئەو مەترسییە لە مێژە نەماوە. نها نەمسا وڵاتێکی دیموکراسییە و ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە. سەرەڕای گەڕانەوەی ناوبەناوی ئەو بۆچوونانەی دژەکۆچبەر و ڕەگەزپەرستانەن –کە بە داخەوە سنووردار نییە بەو وڵاتانەی خاوەن ڕابوردوویەکی فاشیستین– چیتر گەڕانەوه‌ی نازیزم بۆ نەمسا، مەترسییەکی جددی نییە: بە پێچەوانەوە، ئازادیی ڕادەربڕین بۆ ڕژێمە دیموکراسییەکان، خاڵێکی گەوهەرییە، دەشبێت ئازادیی وتنی ئەوەی خەڵکی پییان وایە هەڵەیە و تەنانەت ڕەنگە بە بریندارکەریشی دابنێن، لەخۆ بگرێت. ئێمە دەبێت ئازاد بین لەوەی نکوڵی لە بوونی خودا بکەین، ڕەخنە لە فێرکارییەکانی مەسیح و مووسا و موحەممەد و بوودا بگرین لەو دەقانەدا کە ملیۆنان کەس بە پیرۆز لە قەڵەمیان دەدەن. بەبێ ئەم ئازادییە، پێشکەوتنی مرۆڤ هەمیشە بەر بەربەستێکی گەوهەری دەکەوێت.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ماددەی “١٠”ی پەیماننامەی ئەورووپی بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەقی داوە لەسەر ئەوەی: هەموو کەسێک مافی ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافە ئازادیی هەبوونی بیروڕا و وەرگرتن و گەیاندنی زانیاری و بیرۆکەکان بەبێ دەستوەردانی دەسەڵاتی گشتی لە خۆ دەگرێت، بەبێ گوێدان بە سنوورەکان.

لە ڕاستیدا ئەم فەیلەسووفە سەبارەت بە گەلێ چەمک و ڕوودا و بابەت، بۆچوون و دونیابینی خۆی خستوەتە ڕوو، یەکێک لەوانە بابەتی کۆمونیزم و مارکسیزمە، ئەو پێی وایە  کە مارکس لە ڕێی خوێندنەوەوە نەگەشتۆتە ئەم باوەڕە سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ لە سیستمە ئابوورییە جیاوازەکاندا. بەڵکو کارکردی تیۆری هیگڵ بوو سەبارەت بە مێژوو. لە ڕوانگەی ” هیگڵ”ەوە ئامانجی مێژوو، ئازادکردنی ڕۆحی مرۆڤە، ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە هەموان هەست بکەین ئێمە بەشێکین لە هۆشمەندییەکی گەردونی. مارکس ئەم لێکدانەوە ”ئایدیالیستانەی” گۆڕی بۆ لێکدانەوەیەکی ”ماتریالیستیانە” چونکە بزوێنەری هێزی مێژوو پێویستییە مادییەکانمانە، ئازادیش لە ڕێگای خەباتی چینایەتییەوە ڕوودەدات.

چینی کرێکار هۆکاری ڕزگاری گشتییە لە جیهاندا، چونکە موڵکداری تایبەتی ڕەفز دەکاتەوە و لە جێگایدا موڵکداری گشتی دادەمەزرێنێت.

ئەو دەمەی کرێکار بە کۆ ببێتە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، مارکس بڕوای وابوو ئەو کاتە ”بەرهەمهێنانی هەرەوەزی” بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە زیاتر دەبێت لە بەرهەمهێنانی موڵکدارێتی تایبەتی: کەواتە کاری دابەشکردن بە شێوەیەکی زۆر، هیچ کێشەیەکی لەسەر نابێت. هەر بۆیە بە پێویستی نەزانیوە بچێتە وردەکاریەکانی چۆنێتی دابەشکردنی داهات و کاڵاکانەوە.

ڕاستییەک، کاتێک مارکس پلاتفۆرمێکی پێشنیار کراوی خوێندەوە بۆ یەکگرتنی هەردوو پارتی سۆشیالیستی ئەڵمانی ئەم شێوە دەربڕینانەی ”دابەشکردنی دادپەروەرانە” و ” مافی یەکسان” ی بە ”ئاخافتنێکی بەسەر چووی قۆڕ” پێناسە کرد، چونکە ئەو داواکارییانە هی سەردەمی نەبوونییە، بەلام شۆڕش کۆتایی بەمە دێنێت.

یەکێتی سۆڤیەت وەکو ئەزمونێک سەلماندی کە وەلانانی موڵکدارێتی تایبەتی ئامرازەکانی وەبەرهێنان و جێگرتنەوەیان بە موڵکدارێتی گشتی نابێتە مایەیی گۆڕینی خو و ڕەوشتی مرۆڤەکان. زۆربەی مرۆڤەکان لە جیاتی گرنگیدان بە بەرژەوەندی گشتی، لە هەوڵی وەدەستهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیان بوون، یان لە هەوڵی وەدەستهێنانی پلەوپایەدا بوون بۆ خۆیان و کەسە نزیکەکانیان. ئەمە ئەوە دەردەخات کەوا بەرهەمهێنان لە سیستەمی تایبەتدا بەرهەم زۆرتر وەدەردێنێت لە سیستەمی گشتی. دەکرێت ئەم دیاردەیەش ببینین لە مێژووی ئەو وڵاتە گەورەیەی کە تا ئێستاش دەستی بە مارکسیزمەوە گرتووە.

لەسەردەمی دەسەڵاتی ماوتسی تۆنگدا، زۆربەی چاینێکان لە ژێر پلەی هەژاریدا گوزەرانیان دەکرد. ئابووری چاینە تەنها پاش ساڵی 1978 گەشەی بەخۆیەوە بینی، ئەو کاتەی “دینگ شیاوپینگ” شوێنی ماوی گرتەوە.

د. عەلی وەردی

ڕێبەری کۆمەڵناسی لە عێراقدا

ڕانانی: سەردەم

بابەتی ئەم کتێبە کۆمەڵناسییە و دنیای گەورە نووسەر و کۆمەڵناسی عێراقی (د. عەلی وەردی) لە دید و ئەندێشەی کۆمەڵێک نووسەر و ڕووناکبیرەوە خراوەتە ڕوو، کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتار پێک هاتووە، کۆمەڵێک نووسەری جیاجیا نووسیویانە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسووەد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: تێزی دکتۆراکەی عەلی وەردی، عەلی وەردی و کۆمەڵگای کوردی، سەرکردەی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری لە عێراقدا، عەلی وەردی و شیعر لە چاوپێکەوتنیکدا، دەربارەی سروشتی مرۆیی، پسپۆڕیی عەلی وەردی لە ئابوورییەوە بۆ کۆمەڵناسی، نامەکانی عەلی وەردی  لە نێوان تیکساس و بەغدادا، ئایا هاوسەرگیری نیعمەتە یان نەهامەتی… و چەندین بابەت و وتار و ناونیشانی دیکە.

ئەوەی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، بەشێکی زۆر لە دنیای د. عەلی وەردی، ئەزموون و کتێبەکانی دەناسێت، چونکە گەشتێکی هەمەلایەنە بە ژیان، نووسین، دونیابینی و تێگەیشتنی کۆمەڵناسیانەی ئەم کۆمەڵناسە گەورە و ناودارەی وڵاتی عێراق و جیهانی عەرەبیدا، هەر وەک خودی ورگێڕ (د. نەوزاد ئەحمەد ئەسووەد) لە پێشەکیی کتێبەکەدا باسی کردووە: ئێمە لەم کتێبەدا هەوڵمان داوە تێز و بیروبۆچوونی عەلی وەردی، سەبارەت بە کۆمەڵناسی و کۆمەڵگەی عێراقی، بە کورتی باس بکەین و گرنگترین وێزگەکانی ژیانی ئاشکرا بکەین و هەندێک لە کتێبەکانی بناسێنین، لەوێوە گرنگیی عەلی وەردی و میتۆدەکەیمان بە زمانێکی ئاسان و شێوازێکی ڕوون خستوەتە ڕوو.

لە وتارێکی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (عەلی وەردی و کۆمەڵگەی کوردی)دا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە خوێنەری کورد دەتوانێت تێبینی ئەوە بکات ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا هەبوون، هەندێکیان تا ئەمڕۆش پرۆسە دەکرێن و عەلی وەردی شیکردنەوەیان بۆ دەکات و ڕخنەیان لێ دەگرێت، تا ئەندازەیەکی زۆر، لە کۆمەڵگەی کوردیشدا بوونیان هەیە، تا ئەندازەیەکی زۆر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی و کۆمەڵگەی کوردی لەیەک دەچن، بۆیە ئەو ڕەخنانەی عەلی وەردی ئاراستەی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، لە زۆر لایەنەوە کۆمەڵگەی کوردیش دەگرێتەوە: باوەڕ ناکەم هیچ نووسەرێکی کور هەوڵی دابێت بەپێی تیۆرییەکانی عەلی وەردی کۆمەڵگەی کوردی بخوێنێتەوە، یان هەوڵ بدات سوود لە تیۆرییەکانی وەردی وەربگرێت و لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگەی کوردی بکات، یان هەوڵ بدات بەپێی تێزە سۆسیۆلۆجییە نوێیەکان دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی شی بکاتەوە.

لە وتارێکی تردا بە ناوی (ئایا تێزەکانی عەلی وەردی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا پراکتیزە دەبن؟) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ماوەی پیتر لە نیو سەدە، زانای کۆمەڵناسی عێراقی دکتۆر عەلی وەردی هەوڵی داوە بونیادی سۆسیۆلۆجیی کۆمەڵگەی عێراقی شی بکاتەوە و بەپێی میتۆدی هەڵوەشاندنەوەگەری لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، ئەمەشی لە میانی چەندین کتێبدا کردووە کە بە نامیلکەیەک دەستی پێ کرد بە ناونیشانی (کەسێتی تاکی عێراقی) ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا سیمینارێک بوو ساڵی ١٩٥٠ لە زانکۆی بەغدا پێشکەشی کرد، لە هەمان ساڵدا لە شێوەی کتێبدا چاپی کرد: ئەم گەشتە زانستییەی عەلی وەردی توانی بچێتە نێو وردترین خانەکانی چنینی کۆمەڵگەی عێراقی، بە لێهاتووی قەڵەمێکی سۆسیۆلۆجیانە هەوڵی دا بونیادە سۆسیۆلۆجی، ئابووری و سیاسییەکان بە شێوەیەکی بابەتی شی بکاتەوە، بە چاوێکی بێلایەن و میتۆدی زانستی هەموو دیاردە کۆمەکایەتییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی خوێندوەتەوە، یەکێک لە گریمانەکانی عەلی وەردی بۆ خوێندەوەی سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی، بریتییە لە ململانێی دەوارنشینی و شارستانی کە ئەمەی لە ئیبن خەلدوون خواستووە.

عەلی وەردی (١٩١٣–١٣ تەممووزی ١٩٩٥) زانای کۆمەڵناسیی عێراقی بوو، مامۆستا و مێژوونووس بوو، ناسراو بوو بە ھاوسەنگی و بابەتی بوون لە کارەکانیدا هاوکات یەکێکیش بوو لە پێشەنگەکانی (عەلمانیەت) لە عێراقدا. پاشگری ناوی وەردی لە خێزانەکەیەوە بۆی ماوەتەوە لەبەر ئەوەی باپیرەگەورەی کاری کردووە لە دروستکردنی دڵۆپاندنی ئاوی گوڵدا.

ناوبراو لە بەغدا، لە ناوچەی کازمییە ساڵی ١٩١٣ی زائینی لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٢٤ کورسی خوێندنی بەجێ ھێشتووە، بۆ ئەوەی لە لای عەتردروستکەرێک کار بکات، دواتر لەکارەکەی دوور خراوەتەوە لەبەر ئەوەی ھەمیشە خۆی بە خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامەوە خەریک کردوە و کڕیارەکانی فەرامۆش کردووە. دوای ئەوە دوکانێکی کردووەتەوە کە خۆی سەرپەرشتی کردووە. لە ساڵی ١٩٣١ پەیوەندی بە خوێندنی ئێوارانەوە کردووە لە پۆلی شەشی سەرەتایی دەستی بە خوێندن کردووە، ئەمەش سەرەتای ژیانێکی نوێ بووە بۆ ئەو، پاشان خوێندنەکەی تەواو دەکات و دەبێت بە مامۆستا. لە ساڵی ١٩٣٢ جلوبەرگی باوی ئەوکاتەی خۆی گۆڕی، جلوبەرگی ئەفەندی پۆشی، پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست ھێنا و لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری دیکەدا بۆ خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی بەیروت نێردرا. پاشان لەوێش بەکالۆریۆسی بەدەست ھێنا و دواتر نێردرا بۆ زانکۆی تەکساس و لەوێ لە ساڵی ١٩٤٨ ماستەری بەدەست ھێنا و ساڵی ١٩٥٠ ش دکتۆرای بەدەست ھێنا.

لە ساڵی ١٩٤٣ لە وەزارەتی مەعاریف وەک مامۆستای ئامادەیی ناوەندی بەغداد دامەزرا. لە ساڵی ١٩٥٠ دا وەک مامۆستای زانستی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد دامەزراوە. پاشان لەساڵی ١٩٧٠ دا لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، پاشان زانکۆی بەغداد نازناوی مامۆستای موتەمەڕیسی پێ داوە. چەندین کتێب و دانراوی گرنگی ھەبووە، ھەموو ژیانی ناخۆشی و ئازار بووە لەگەڵ زۆرێک لە دەستەڵاتدارانی سەردەمەکانی خۆیدا جیاوازی ھەبووە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش بووە کە باوەڕی وا بووە داھاتوو لە نێوان دەستەکانی خۆیدا دروست دەکرێت.

عەلی وەردی، لە ژێر کاریگەریی ئیبن خەلدون، لە زانستی کۆمەڵناسیدا بووە. بابەتی بوونی لەم بوارەدا بووە بە ھۆی زۆر کێشەی گەورە بۆی، لەبەر ئەوەی بیرۆکەی مارکسی وەرنەگرتووە و شوێنی بیرۆکە ئایدۆلۆژی و نەتەوەییەکان نەکەوتووە. نەتەوەپەرستەکان بە مرۆڤێکی قوتری ناویان بردەوە لەبەر ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەی بە «کەسایەتی تاکی عێراقی» دانا، کە بەپێی بیروباوەڕی ئەوان، کەسایەتی مرۆڤی عەرەبی لە ھەموو وڵاتە عەرەبیەکاندا، وەک یەک وایە. هەروەها چەپ و شیوعیەکانیش ڕەخنەیان لێ دەگرت کە پشتی نەبەستووە بە ڕێڕەوی ماددی مێژوویی لە خوێندنەوەکانیدا.

لێکۆڵینەوەکانی عەلی وەردی سەبارەت بە کەسایەتی تاکی عێراقی، لە گرنگترین توێژینەوەکانی لەم جۆرە دێتە ھەژمار کردن و دەتوانێ وەکو نموونەیەک بۆ خوێندنەوەی ناوچەکانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوین بێت. وەردی کەسایەتی تاکی عیراقی وەک کەسایەتییەکی دوولایەنە ھێنایە بەرچاو، کە ھاوکات پیڕۆزییەکان و باوەڕی بیابان و شارستانێتی تێدا بەدی دەکرێت، لەو ڕووەوە کە ھەڵکەوتەی جوگرافی عێراق بووەتە ھۆی ئەوەی لە لایەکەوە بە ھۆی بوونی ڕووبار و سەرچاوەکانی تری ئاو، شارەکان دەتوانن دروست بن و لە لایەکی ترەوە بە ھۆی نزیکی لە بیابانی عەرەبەوە، عێراق بووەتە نشینگەیەکی باش بۆ کۆچەرانی بیابانگەڕ، کە دوایین نموونەی ئەم کۆچانە، بۆ ٢٥٠ساڵ لەمەوپێش دەگەرێتەوە. وەردی عێراق بە وێنەی کورەی تواندنەوە دەبینێ کە بۆ ئاوێتەکردنی کۆچەرانی بیابان بە دانیشتوانی عێراق، کە شارستانیەتێکی پێشکەوتووتریان ھەبووە، بە کار دەبرێت. ئەم بابەتە بووەتە ھۆی ئەوەی دوو نەوە بە دوو پیرۆزی و باوەری بیابانگەڕی و شارستێنی دروست بێت، کە لە لایەکەوە شانازی بە میوانداری و حەشیمەتی زۆر دەکات و لەم لاشەوە ژیانی نێو شار ناچاری دەکات ڕێسای شارستانیەتی ڕەچاو بکات.

بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگ و بە بەهایە بێبەش نەکات، چونکە تا ئەندازەیەکی زۆر ئاشنای دەکات بە تێزە کۆمەڵناسییەکانی ئەم زانا گەورە و ناودارەی بواری کۆمەڵناسی.

ڕۆشنگەری و فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری

ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەردەوامە لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم کە هەر جارە و تایبەتە بە پرس، چەمک و بابەتێکی فیکری و ئەدەبی و فەلسەفی، یاخود ئایینی و مێژووی و هونەریی، لەم دۆسیانەدا خوێنەر ئاشنا دەبێت بە بۆچوون و دیدی کۆمەڵێک فەیلەسووف، هزرمەند، ئەدیب و نووسەر  و ڕووناکبیری جیهانی، لەمەڕ پرس و چەمک، یان بابەتێکی دیاریکراو، کۆی ئەو بابەتانەش لە زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەمدا دەخرێنە ڕوو، بابەتی گرنگ و جێی مشتومڕن، بەشێک دەبن لە دەوڵەمەندکردنی ڕووناکبیریمان و ئەو پانتاییانەمان بۆ ڕووناک دەکەنەوە کە بۆ ئەمڕۆی ئێمە گرنگ و پێویستن.

کتێبی ئەمجارەی زنجیرە دۆسیەکانی سەردەم بریتییە لە (ڕۆشنگەری و فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری، ئەم کتێبەش وەک زۆربەی دۆسیەکانی زنجیرەی سەردەم، کۆمەڵێک نووسەری جیا جیا نووسیویانە و لە لایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی ناوداری کوردەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستن، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ڕۆشنگەری چییە؟ سەرەتایەک لە بارەی ڕۆشنگەرییەوە، ئاخۆ ڕۆشنگەری مۆدێلی زاڵی بیرکردنەوە بوو لای فەیلەسووفانی سەدەی هەژدەیەم؟ ئاخۆ دەشێت هەمان ئەزموونی سەردەمی ڕێنسانسی ئەورووپی پێڕەو بکەین؟ سێ سەدە ڕۆشنگەری لە خۆرئاوا، فەیلەسووفانی سەردەمی مۆدێرنە و ڕۆشنگەری لە ئەورووپا، ئەوانەوی زەمینەیان بۆ ڕۆشنگەری خۆش کرد، چ کەسێک ڕۆشنگەرە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبەدا بە ناوی (ڕۆشنگەری چییە) کە لە لایەن فەیلەسووفی ڕۆشنگەر (ئیمانوێل کانت) نووسراوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڕۆشنگەری ڕزگاربوونی مرۆیە لەو بارە مەزهەبییەی کە گوناهی ئەوەتا لە ئەستۆی خودی خۆیدایە، هەرزەبوون واتە بێتوانایی مرۆڤ لە ئاست بەکارهێنانی ئاوەزی خۆی، بەبێ ڕێنماییکردنی کەسانی دی، جا ئەگەر هۆکاری ئەم هەرزەییە بێئاوەزی نەبێت، بەڵکو بێغیرەتی و ترسنۆکی بێت لە بەکارهێنانی هۆشدا، بەبێ ڕێنمایکردنی خەڵکانی دی، ئەوە گوناهەکەی لە ئەستۆی خودی مرۆڤدایە، دروشمی ڕۆشنگەری ئەمەیە “ئازایەتی ئەوەت هەبێت خۆت هۆشی خۆت بەکار بێنیت”

لە هەمان بابەتدا باس لەوەش کراوە ئەوەی خەڵک خۆی هۆشی خۆی ڕووناک بکاتەوە، کارێکی کردەیە و لەو شوێنەشدا کە خەڵکی لە ئازادی بەرخودار بێ، ڕۆشنگەری ئامادەیە: جا لەبەر ئەوەی لەنێو دەمڕاستانی باوەڕپێکراوی خەڵکدا، هەردەم کەسانێک هەن ئازادبیرن و خودێتی خۆیان لە بەندی هەرزەیی ڕزگار کردووە، ئەوا بە دەوروبەری خۆدا دەکەونە پەخشکردنەوەی مەعنەوەی و ڕۆحی، ئەو ڕۆحەش هەڵسەنگاندنی هۆشمەندانەی بەهای هەر مرۆڤێک و ئاواتی خودی ئەو مرۆڤە بۆ بیکردنەوەی ئازاد دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەو خاڵەمان لە یاد بچێت کە ڕێی تێ دەچێت هاندانی بەشێک لە سەرپەرشت و دەمڕاستانی بێتوانا لە ئاست گەیشتن بە ڕۆشنگەریی ببێتە هۆی ئەوەی هەر ئەو کۆمەڵانی خەڵکەی ئەوان (واتە سەرپەرشت و دەمڕاستانی ئازادبیر) زنجیریان لە مل کردوون، لە دوای ئازادبوون خۆیان ناچار بکەن لە بەندی هەرزەییدا بمێننەوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی هەمان کتێبدا بە ناوی (سەرەتایەک لە بارەی ڕۆشنگەرییەوە) ئەوە خراوەتە ڕوو کە زاراوەی ڕۆشنگەری، بە شێوەیەکی گشتی، ئاماژە بۆ چەشنێک لە بیرکردنەوە دەکات کە پشت بە عەقڵ و عەقڵانییەت دەبەستێت، یاخود ڕۆشنایی خۆی لە عەقڵەوە وەردەگرێت، لەسەر چەند بەهایەک ڕادەوەستێت، وەک ئازادی و دادپەروەری، لەبری خورافیات و زوڵم و ستەمگەری، ئەم تێگەیشتنە باکگراوندی سەرەکیی خۆی لە ڕۆشنگەریی فیکر و ڕۆشنبیریی خۆرئاواییەوە وەردەگرێت، بەو پێیەی یەکەم جار ئەم بیرۆکەیە لە فیکری خۆرئاواییدا پەرەی سەندووە، ئەگەرچی فیکری ئەقڵانی و بانگەشەکردن بۆ ئازادی و دادپەروەری لە کولتوورێکی دیاریکراودا قەتیس ناکرێت:

سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری، وەک دیاردەیەک، یان وەک بزاوتێکی ڕۆشنبیری و فیکری، لە کولتووری خۆرئاواییدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم، ئەمەش لە ئاکامی پەرەسەندنی چەند بارودۆخێکی فیکری و کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو لە مێژووی خۆرئاوادا (ئەورووپی و ئەمریکی) کە لە چەند گۆڕانکارییەکی بنچینەیی پێشوەختەدا گەڵاڵە بوو، بۆیە پێویستە وەک ئەڵقەیەک لە زنجیرەی پێشکەوتنە مەعریفی و فیکرییە کاریگەرەکانی مێژووی شارستانییەتی خۆرئاوادا تەماشای ڕۆشنگەری بکەین، ئەگەرچی ڕۆشنگەری، یان هەندێ لە سیما و تایبەتمەندییەکانی ڕۆشنگەری گوازرایەوە بۆ کولتوورەکانی تری دنیا، بەڵام نابێ پابەندبوونی ئەم بزاوتە بەو ڕۆشنبیرییە و بەو قۆناغە مێژووییە لە یاد بکرێت کە تێیدا لە دایک بووە، بۆیە لێرەدا پێویست دەکات چوارچێوەیەکی مێژوویی بۆ ڕۆشنگەری بخەینە ڕوو.

بەپێی پێناسەکان ئەوە خراوەتە روو کە ڕۆشنگەری بزاڤێکی فیکری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی فراوان بوو، لە چەرخی ١٨ لە ئەورووپا سەری هەڵدا، بووەتە میراتگری ئەم سەدەیە و تاکو ئێستاش مێژوو سەدەی ١٨ی بەسەدەی “ڕۆشنگەری” ناوزەند کردووە.

مەبەستیش لەم لڤینە بۆ ئەوە بووە تاکو فکر و فەلسەفە لە بورجە عاجێکەی بێنێتە خوارەوە و تێکەڵ بە ژیانی کۆمەڵاتی تاکەکان ببێت و تاکو لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفت و پرسە ڕۆژانەییەکانی کۆمەڵگاکەی بێت.

مەبەستی سەرەکی پشت ئەم بزاڤەش بۆ ئەوە بوو کە عەرشی دەسەڵاتی ئایینی و کۆنەپارێزی بهێنێتە لەرزین، چونکە ئایین کە لە چاخەکانی ناوڕاستدا باڵادەست بوو، کۆنتڕۆڵی هەموو جۆرە بیرێکی کردبوو، تەنها پێشوازییان لەو جۆرە بۆچوونانە دەکرد کە ناکۆک، یان  ناتەبا نەبێت لەگەڵ بیرکردنەوەی ئایین و دەسەڵاتەکەی، بەدەر لەوە هەر دەنگێکی تر خاوەنەکەی خۆی لە بەردەم سووتاندن و دانپێدانان و ملپەڕاندن دەبینیەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە تاکەکان دژی ئەو دۆزەخە شۆڕشێکی ناوەکی ئەنجام بدەن، پاشان ئەو ڕاپەڕینە بۆ کۆمەڵگاش پەخش بکەن، ڕۆشنگەری ئەو هەیبەتەی بۆ تاک گەڕاندەوە، تاکەکان خۆیان بەها و نرخ بۆ خۆیان دابنێن و لە هزری داتەپیوی پیاوانی ئایینی ڕزگاریان بێت، پەنا بردن بۆ زانست و مەعریفە لە بری ئەفسانە و جەهل، واتا بنەمای سەرەکی ڕۆشنگەری بڕواهێنان و بەکارهێنانی عەقڵە وەک یەکەمین ژێدەری بە دەستهێنانی مەعریفە.

لە سەدەی هەژدەهەمدا کۆمەڵێک بیرمەندو فەیلەسوف بوون بە داینەمۆو  ڕێبەر و سەر مەشقی بزاڤی ڕۆشنگەری، لەوانەش (دیکارت و ڤۆڵتێر و تۆماس هۆبس و جان جاک ڕۆسۆ و ئیمانوێل کانت) کە لە هەرە دیارترینەکانی ئەو مەیدانە بوون. شایانی وتنە “ڕینیە دیکارت”ی فەرەنسی یەکێک لەو بیرمەندە بە ناوبانگانە بوو کە بۆ یەکەم جار چەمک و مانای ڕۆشنگەری لە سیاقێکی دینیەوە گۆڕی بۆ سیاقێکی عەقڵانی بەڵام بە بێ ئەوەی ئاین بخاتە دەرەوەی پرۆژەکە، لەو قۆناغەدا هەوڵی دەدا ئاین دۆستان پراکتیزەی پیرۆزیەکانی خۆیان بکەن بە بێ دەستێوەردان لە کاروبارە دنیایەکان و کێشە ڕۆژانییەکانی تاکەکان، بۆ ئەم مەبەستە دیکارت تێگەیشتنی خۆی سەبارەت بە ڕۆشنگەری  ئاماژە بە چەمکی “ڕووناکی گشتی” دەکات و بەم شێوەیە ڕوونی دەکاتەوە:(مەبەست لە ڕووناکی سرووشتی کۆمەڵێک لەو ڕاستیانەن کە مرۆڤ تەنها لە میانەی بەکارهێنانی عەقڵی خۆیدا بە دەستیان دەهێنن) ٢ ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە تاکە بنەما کە پێوەر بێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بە دووی ڕاستی و درووستیەکانەوە بێت تەنها عەقڵی مرۆڤ خۆیەتی، بۆیە تەواوی هزرڤانانیش گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە مرۆڤ کائینێکی جیاوازە، لە بونەوەرەکانی تری سەرگۆی زەوی بەهۆی ئەوەی تاکە بونەوەرە کە خاوەنی عەقڵ و تێهزرینە و توانای بیرکردنەوەی هەیە هەر لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی جەهل و ئەفسانه بێتەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەگەر هەر ئاکتێک یان بۆچوون و ڕایەک ئەگەر بە فلتەری عەقڵدا تێپەڕ نەکات  ئەوا شایەنی وەرگرتن نییە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە یان ڕەتدەکرێتەوە.  ئەو بیرەکۆنانەش خۆراک و ئۆکسجینیان لە نەریت و ڕێبەرانی ئاین و کەلتور و ژینگە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێسا سونەتیەکان وەرگرتووە، چونکی لە ئەگەر ناکامی و ناکامڵی و جەهل دەبێتە هۆی سود گەیاندن بەوان و زاڵبوونی ڕێساکان و نەریت.

پرسی ڕۆژ لە ڕوانگەی فەلسەفەوە

خستنەڕووی کتێبی: “ئەگەر ماسییەکان بیانتوایبا هاوار بکەن”

بەختیار حەمەسوور

نووسینی فەلسەفی لە دنیای هاوچەرخ و ئەمڕۆماندا، چیدی لەوە ترازاوە کە دەرگیری بابەتە بانسروشتییەکان و ئەو ڕووداو و ماجەرایانە بێت کە لە بورجی عاجدان و سەر و سمیان لە ئاسمانە، بە شێوەیەکی تایبەت و دیاریکراو، ئەمڕۆ فەلسەفە و بیرکردنەوە بۆ ئاستی ژیانی ڕۆژانە دابەزیون و لەگەڵ هەنگاو و ژیانی هەریەک لە ئێمەدا، هەوڵ دەدەن بچنە پێشەوە، بێگومان ئەم دیدە و ئەم گۆڕانە ڕیشەییە لەخۆ و ناکاو ڕووی نەداوە، بەڵکو بەر و هەرمەمی بیرکردنەوە و وردبوونەوەی سەدان فەیلەسووف و بیرمەندە، کە لە دووتوێی نووسراو و کتێبەکانیدا هەوڵیان داوە ڕووی ئەم دیدە وەرچەخێنن و گوتارێکی ئەمڕۆیی دەربارەی ژیان و گوزەرانی مرۆڤ پێشکەش بکەن، هاوکات ئایدیاکانیان لەسەر ئەو ڕووداو و پێشهاتانە بچنن کە بوون بە ئاریشە و گرفتی قووڵی ئینسانی هاوچەرخ، تاکو لەو دەروازەیەوە دەرەتانێک بۆ بیرکردنەوە و ڕامان لە شتە زۆر بەرچاوەکانی دەوروبەرمان بڕەخسێنن و وا بکەین بە نیگایەکی قووڵتر و ناخەکیترەوە لەو شتە پەراوێز و نادیدەگرانە بڕوانین، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ژیانمان پەک بخرێت.

بە بارێکی تردا، لە ڕووی زمانەوە، دەتوانین باس لە گۆڕانێکی ڕیشەیی تر بکەین، ئەویش سادەکردنەوەی زمانە، داماڵینیەتی لەو چەمک و دەستەواژە تیۆریک و ئاڵۆزانەی کە بۆ تێگەیشتنیان پێویست بە نووسینی پەراوێزی چەند پەڕەی دەکات، یاخود بە واتایەکی تر خوێنەر ناچار دەبێت ئیستێک لە بەردەم ئەو تێرمانەدا بکات، کە لە دەقە فەلسەفییە کۆن و کلاسیکەکاندا بە شوێن یەکدا هاتوون و ناچار بێت بچێت قامووس بکاتەوە و بە دوای واتای ئەو تێرمانەدا بگەڕێت، بەڵام لە نووسینی فەلسەفی هاوچەرخدا زمان لەو ئاڵۆزییانە دوور دەکەوێتەوە و ڕوونتر دەبێتەوە، ئایدیاکان لە ڕێی تەعبیر و ڕستەی سادە و ڕۆژانەییەوە ئاراستە دەکرێن و خوێنەر لە هەر ئاستێکدا بێت، دەتوانێت بەشێک لە چییەتیی ئەو نووسراوانە هەرس بکات. بێگومان ئەم گۆڕانە جەوهەرییانە مەرج و پێویستییەک نیین بۆ هەموو ئەو دەقە فەلسەفیانەی ئەمڕۆ دەنووسرێن، یان شوناس و ناسرانەوەی هەموو ئەو کتێبانە نیین کە ئەمڕۆ لە کایەی فەلسەفەدا بەرهەم دێن، هەر ئێستا دەبینین کە چەندین فەیلەسووف و بیرمەند بە زمانێکی ئاڵۆز و پڕ لە میتافۆڕ و چەمکی فەلسەفی ئایدیاکانیان دەخەنە ڕوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین فەلسەفەی هاوچەرخ تا ئاستێکی بەرچاو داماڵراوە لەو زمانە ڕیتۆریک و ئاڵۆزەی وا لە پێشتردا دەقەکانی پێ نووسراوەتەوە.

کتێبی “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن” نموونەی ئەو جۆرە کتێبە فەلسەفییانەیە کە بە دیدێکی هاوجووت لەگەڵ ئەو گۆڕانە ڕیشانەدا نووسراوە، وتارەکانی نێو ئەم کتێبە هەم بە زمانێکی سادە و ڕەوان، هەم دەرگیری ئەو پراسانەشن کە هەر ئێستا و لەم سەردەمەدا ڕوو دەدەن، یان لە چاوەڕوانی ڕوودانیانداین. ئەم کتێبە لە نووسینی نووسەری جوو پیتەر سینگەرە، دڵشاد حامید دەروێش لە ئینگلیزییەوە و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کردوویەتی بە کوردی. لە سەرەتای کتێبەکەدا وەرگێڕ بەم جۆرە کتێبەکە و نووسەرەکەی دەناسێنێت: «ئەم کتێبەی بەردەستتان، وەرگێڕانی بەشێکە لە وتارەکانی فەیلەسووفی مەزنی بواری ئاکار (ئەخلاق)، پیتەر سینگەر. سینگەر ساڵی ١٩٤٦ لەدایک بووە، دایبابی وی جووی نەمسا بوون، بەر لەوەی دەستی ڕژێمی نازییان بگاتێ، لە زێدی خۆیان هەڵهاتن و لە ئوستورالیا، بە دیاریکراوی لە شاری ماڵبۆرن گیرسانەوە، هەر لەوێندەریش سینگەر دێتە دنیاوە و کە تا نووسینی ئەم پێشەکییە لە ژیاندا ماوە و لە زانکۆ پڕۆفیسۆرە. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی سینگەری کردووە بە یەکێک لە گەورەترین و بە تاسەترین فەیلەسووفە هاوچەرخەکان، پەرتووکە ناوازەکانین، نەک پلەوپایە ئەکادیمییەکەی، لەوانە: پەرتووکی ئازادکردنی ئاژەڵان، کە زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین لە باشترینی ئەو پەرتووکە فەلسەفییانەیە لە سەدەی بیستدا هاتوونەتە دەرەوە.»

ئەم کتێبەی بەردەستمان، دەقە وەرگێڕاوە کوردییەکە، لە کتێبێکی نووسەرەوە وەرگێڕاوە بە ناوی “ئیتیک لە دنیای ڕاستەقینەدا”، کتێبەکە لە بنچینەدا پێک هاتووە لە ٩٠ وتاری کورت، وتارەکان لەمەڕ پرس و باسی هەمەچەشنن، لەوانە: ئاژەڵ، سێکس، جێندەر، سیاسەت، هەڵبژاردن، تەندروستی، تەکنۆلۆژیا و چەندان بابەتی تر، ئەوەی وەک ڕایەڵ ئەم وتارانە پێکەوە دەبەستێتەوە تیمای “ئاکار ـ ئەخلاق”ـە، کە پیتەر سینگەر دەیەوێت لە ڕێی ئەو باسانەوە پرسی ئەخلاق بورووژێنێت، پرسێک کە هەمیشە تێکەڵی چەند کاتگۆری گەورەتر بووە و لێڵ و ناڕوون بووە، بۆ نموونە لێکگرێدراوی بە ئایین، یان کۆمەڵگە و دابونەریتەوە، بەڵام ئەم فەیلەسووفە دەیەوێت لە ڕووی فەلسەفییەوە پەیوەستی ئەو باسانە بە چەمکی ئاکارەوە پێشان بدات، ئەمەش ئەرکی ئەو وەک نووسەر دەخاتە چوارچێوەیەکەوە، کە هەوڵی داوە بە ڕوونترین شێوە، ئایدیا فەلسەفییەکانی بخاتە ڕوو.

دڵشاد حامید دەروێش لە کۆی ئەو نەوەد وتارە تەنیا بیستوسێ وتاری هەڵبژاردووە و کردوونی بە کوردی، وەک خۆی نووسیویەتی: «هەڵبەت لە گۆترە و هەڕەمەکییانە ئەم ٢٣ وتارەمان هەڵنەبژاردوون، بەڵکو سەرەتا ئەو وتارانەی نەغمەیەکی جۆرناڵیستی بەسەریاندا زاڵە، لامان بردوون، دواتر بە چاوبڕین لەو کەلێن، یان ڕاستتر، خەرەندە مەعریفییانەی لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا هەن، وتارەکانمان هەڵبژاردوون، بۆیە زۆربەی وتارەکان لە بارەی بابەتی نوێ و تا ڕادەیەکی زۆر، دەستبۆنەبراون.»

بێگومان کێشەی ئاکار کێشەیەکی کۆن و هاوکات سەردەمی و هەمیشەییە، ئەوە کە ئێمە بە چ پێوەرێک کارێک هەڵدەسەنگێنن و ڕەوایەتی پێ دەدەین، یان بە پێچەوانەوە، چ کارێک لای ئێمە ناڕەوایە و دژ بە ئاکار و پێوەری ئێمەیە بۆ کردن و ڕەوایەتی نەدان پێی، ئەم فەیلەسووفە لە هەریەک لەو ٢٣ وتارەدا دەمانخاتە بەردەم پێوەرەکانی خۆمان بۆ ئاکار، خوێنەر دەتوانێت بەپێی ئەو بڕوا و ئیمانەی خۆی بۆ چەمکی ئاکار هەیەتی، بڕیاڕ بدات، پرسەکانی نێو ئەم وتارانە پرسی جیهانین و هەر ئەمڕۆ دەکرێ لە کوردستانیش هەمان ئەو پرسانە جێی مشتومڕ و گفتوگۆ بن. لە وتاری “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبا هاوار بکەن” بە وردی پرسی ئاژەڵ و گیاندار خراوەتە ڕوو، ئەمە بۆ دنیای ئێمە، کە هەنووکە چەقی شارەکانمان پڕ بووە لە سەگی بەرەڵڵا و پشیلە، پرسێکی گرنگە، پرسی ژینگە و تەندروستی، پرسی سیاسەت و هەڵبژاردن، پرسی ئایین وەک داردەست، کە لای ئێمە لەوپەڕی برەودایە، پرسی چەپ و مارکسیزم، پرسی ئازادیی ڕادەربڕین، کە نموونەی قوربانییەکانی لای ئێمە بەرچاوە، پرسی کارەسات، پرسی خودا و هەڵبژاردنی مەرگ و… چەندان پرسی تر، کە ئەم کتێبە و نووسەرەکەی بەسەریان کردوونەتەوە.

دوو خاڵ کە زۆر درەوشاوەن و نووسەر بە درێژایی ئەم کتێبە وەک شێواز بۆ نووسینی ئەم وتارانەدا ڕەچاوی کردوون، ئەمانەن: یەکەم: نووسەر بۆ پاڵپشتی ئایدیاکانی بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ زمانی داتا و ڕاپرسی، ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک ژمارەدا ڕادەگرێت کە دەبنە بنەمایەک تاکو بزانین ئەو پرسە لە ئاستی گشتیدا چۆن لێک دراوەتەوە و پێوەری خەڵکان بۆ ئەو پرسە ـ پەیوەست بە ئاکارەوە ـ چۆن چۆنییە. دووەم: بەو پێیەی نووسەر بە ڕەگەز جووە، یادەوەرییەکی تاڵی بۆ بەجێ ماوە، چ لە دایک و باوکەوە، کە هەڵهاتوون و خودی نووسەر لە تاراوگەدا لەدایک بووە، چ لە باپیرە و داپیرەیەوە، کە لە کەمپ و گیتۆی نازییەکاندا مردوون، ئەمانە بوونەتە بیرەوەریی دژوار، بیرەوەرییەک کە ساڕێژ نابێت، دەبینین نووسەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بۆ ئەم یادەوەرییانەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە و هەوڵ دەدات لەو سۆنگەیەوە ئایدیاکانی ڕوونتر بکاتەوە.

گرنگیی خوێندنەوەی ئەم کتێبە لەوەدایە کە بزانین هەستی ئینسانیی ئێمە لە ساتی بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی پێشهات و ڕووداوەکاندا، چەندە کارایە، ئایا ئاکاری ئێمە چەند وەڵامدەرەوەی هەستیی ئینساندۆستی ئێمەیە بەرانبەر کەس و بوونەوەرەکانی دەوروبەرمان. بێگومان خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەتوانێت بزوێنەری هەندێک هەستی ناکارا بێت لە ئێمەدا، بە ئاراستەی ئەوەی کە بیر بکەینەوە، تێڕامێنین، پاشتریش بە هەڵسەنگانێکی کراوە و دوور لە هەر ویستێکی نەخوازراو و زیاندار، بڕیاری دروست و بەجێ بدەین.

کتێبی “ئەگەر ماسییەکان بیانتوانیبایە هاوار بکەن” لە زنجیرەی چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ١٤٠ لاپەڕەدا، بۆ ساڵی ٢٠٢٤.

دەربارەی لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ

چەند وتاریکی فیکری و ئەدەبی

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە دانسقە و تازەچاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ) ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتاری فیکری و ئەدەبی پێک هاتووە و کراوە بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم وتارە فیکرییەکانن لەمەڕ هەندێک چەمک و بابەتی هەستیار و نوێ، بەشی دووەمیش بریتییە لە کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی، سەرجەم وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییەوە وەرگێڕدراون و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا (ڕەووف بێگەرد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، لە ڕاستیدا زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین بەشێک لە چێژ و گرنگیی ئەم وتارانە بە هۆی کوردییە پاراو و جوانەکەی وەرگێڕەوەیە کە خوێنەر وا هەست دەکات هەر لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراون.

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: دیموکراسی لە دیدی فەیلەسووفانی کۆن و نوێوە، کۆمەڵگەی مەدەنی، دەوڵەتی هاوچەرخ دەوڵەتی دامەزراوەکانە، مێژووی ژیان و بەرهەمەکانی کارل مارکس، ئەخلاق و تووندوتیژی، بایۆگرافیی منداڵی قوتابخانە و شیعر، نامەکانی دەستەێڤیسکی پێش فەرمانی تیربارانکردن و دوای ئەوە، ڕۆمان و وەچەخستەوە، ڕۆمانی شاری دڕەندەکان، چەند بیرەوەرییەک دەربارەی چیخۆف، سوپاس کازانتزاکیس کە ڕێگەونیت لێ کردین، لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ، هونەر لە سەردەمی ستالیندا و چەندین وتار و ناونیشانی دیکە.

نووسەرەکانی ئەم وتارانە بریتین لە: ئالن دوبنوا، فرید باسل الشانی، لیۆ شتراوس، د. عیسام عەبدولفەتاح، محەمەد ڕەزا نیکفەر، خۆرخێ لویس بۆرخێس، هاشم ساڵح، میلان کۆندێرا، ئەدۆنیس، ساراماگۆ و چەندین ناوی دیکەی درەوشاوەی نێو دنیای فیکر و ئەدەب.

بێگومان وەرگێڕ بە شێوەیەکی وشیارانە ئەم کۆمەڵە وتارەی هەڵبژاردووە و لەنێو ئەم کتێبەدا جێی کردوونەتەوە، چونکە هەر یەک لە وتار و بابەتەکان ئەگەرچی لە ڕۆژگارێکی پێش ئێستا و سەبارەت بە چەمک و بابەتی جیاجیا، لە قۆناغێکی دیاریکراودا نووسراون، بەڵام هێشتا بەهای خۆیان لەدەست نەداوە و بە خوێندنەوەی هەر کام لە وتارەکان، زانیاری و ڕۆشنبیریمان لەسەر ئەو چەمک و بابەتانە زیاتر دەبێت، ڕاستە هەندێک وتار هەن تەمەنیان تەنها یەک ڕۆژە، بەڵام وتارگەل و بابەتگەلێک هەن هێندە قووڵ و فرەڕەهەند و بە بیرێکی فراوانەوە نووسراون، قۆناغ و سەدەکان دەبڕن و نەوە دوای نەوە هێزی خوێندنەوە و تێگەیشتن و چێژیان لەدەست نادەن، بێگومان وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەو خاسییەت و تایبەتمەندییەیان هەیە کە دەکرێت بە بەردەوامی بخوێنرێنەوە و هەر جارێکیش کە لە خوێندنەوەی تەواو دەبین، وا هەست دەکەین شتێکی نوێ فێر بووین، واتە وتارەکان بە بەردەوامی شتی نوێمان پێ دەبەخشن و فێر دەکەن.

نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ڕەووف بێگەرد) لە پێشەکییەکی کورت و پوختدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم وتارانە، بەرودوا لە ساڵانێکی پێشوودا، لە زمانی فارسی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراون، زۆربەیان بەرهەمی دۆسیەکانی سەردەمن کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان لە کولتووری بێگانەوە، بە درێژایی تەمەنی هەژدە ساڵی گۆڤارەکە، بەپێی زەرورەتی بابەتیانەی گۆڕان و بەرهەمە فیکری و ئەدەبییەکانی دنیا، ئەو دۆسیانە بەرهەم هاتوون و ئێستاش کاریگەرییان لەسەر ڕووناکبیری ئێمە هەیە: جگە لەم لایەنە، هەندێک لەم وتارانە، بەپێ ئەو بەها  وگرنگییەی هەیان بووە و بە لای خۆمەوە کاریگەر بوون، وەرمگێڕاون و لە چاپەمەنی تردا بڵاوم کردوونەتەوە، وتارەکان تێکەڵەن لە بابەتی فیکری، سیاسی و ئەدەبی، هەروەها ئەو دیمانانەی لەگەڵ هەندێک لە ڕووناکبیر، فەیلەسووف، بیرمەند، نووسەر و هونەرمەنداندا کراون بە لای خۆمەوە شایانی بینینی خوێنەری کورد بوون.

لە یەکێک لە وتارەکاندا بە ناوی (دیموکراسی لە دیدی فەیلەسووفانی کۆن و نوێوە، کە (ئالن دوبنوا) نووسیویەتی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە یەکەم تیۆرە کە جێگەی قبووڵکردن و بڕوای زۆربەی خەڵک بێت، ئەوەیە کە دیموکراسی بەرهەمی تایبەتی سەردەمی نوێیە، لەگەڵ گۆڕانە هەرە تازەکانی قۆناغی ڕەوتی مێژوویی و ڕژێمە سیاسییەکاندا دەگونجێت، ئەمە بیروڕایەکە بەرگری لێ ناکرێت، دیموکراسی نە نوێتر و نە گۆڕاوترە لە ڕژێمەکان، یان ئەو بیروڕایانەی دەبینین مەیلی دیموکراسییان تیایە: ئەوەی مێژووی جیهان مێژووی بەرەوپێشچوونی دنیایە، مێژوو ڕەوتێکی ڕاستەهێڵی هەیە، هەر قسەی ڕووتە و بە تایبەتی لە دوای مێژووی گۆڕانی ڕژێمە سیاسییەکاندا بێماناییان سەلمێنراوە، لێرەوە دەکرێت وەک هەندێک لە لیبرالەکان ئەوە قبووڵ بکەین کە هزری دیموکراسی، بیرێکی سروشتی و خۆڕسکە، وەک چۆن ئاڵووێری بازرگانی پێویستی بە بازاڕێکە، سیاسەتیش بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پێویستی بە ڕەوشی دیموکراسییە.

(لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ) یەکێکی ترە لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە و ناوی خودی کتێبەکەش هەر لەم وتارەوە وەرگیراوە کە شاعیر و گەورە ڕووناکبیری عەرەب (ئەدۆنیس)نووسیویەتی، ئەدۆنیس لەم وتارەدا باس لەوە دەکات کە هەندێک تا ئێستا بە لایانەوە وایە کە ڕابردوو سەرچاوەیە، سەرچاوش سیستمێکی پێکەوە گرێدراوی تۆکمەیە کە لە ئینتیمای هاوبەش و بیری هاوبەشدا بەرجەستە دەبێت، هەروەها لە هەڵوێستی هاوبەشدا  بەرانبەر بە جیهان و مرۆڤ، لە یادەوەرییە مێژووییەکاندا، لە یەکگرتنی سیاسی/ پەیمانی ئایینیدا، لە ئیستاتیکای یەکگرتوو یان گونجاو لەگەڵ ئاکارە گشتییەکاندا: هەندێکی تر وای دەبینن کە کە ئیدی سەرچاوە نەماوە، یەقینی ڕابردوو کۆتایی پێ هاتووە، ئەوان دەڵێن تاقە شتێکی ڕاستەقینە کە بمانەوێ لەوێوە دەست پێ بکەین، تەنها هەرەسە، لەو هەرەسەدا نووسەر، شاعیر چ کەرەستە و پاڵپشتی نییە بیجگە لە وێڵبوون، مەبەستی لە ڕووی ئەزموونگەرییەوە، دەستپێکردنە بە نووسین لە دەرەوەی زەمان.

وتارە بەناوبانگەکەی (ساراماگۆ) کە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا ساڵی ١٩٩٨ پێشکەشی کرد، یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، ساراماگۆ لەو وتارەیدا دەڵێت: ئێستا بە ئاسانی دەتوانم هەموو ئەو کەسانە ببینم کە مامۆستای ژیانم بوون، ئەوانەی هەوڵی سەختی ژیانیان بە دژوارترین شێوە فێر کردم، ئەو دە دوازدە کەسایەتییانەی ڕۆمان و شانۆنامەکانم، کە ئێستاش لە بەرچاومدا دێن و دەڕۆن، ئەو پیاو و ژنانەی لەگەڵ کاغەز و مەرەکەبدا سەروسەودایان هەبوو، ئەو کەسانەی بە مەیلی خۆ و لە بەرگی حیکایەتخواندا هەڵمبژاردبوون و ڕابەریم دەکردن و لەسەر ویستی منی نووسەر، وەک بووکەشووشەیەک وا بوون، کە هەڵسوکەوتیان زیاد لە بارێکی گران و گرژی ئەو گوریسانەی بە هۆیانەوە دەمجوڵاندن، نەیاندەتوانی چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی من دابنێن.

هەر لەم کتێبەدا و لە بەشی وتارە ئەدەبییەکاندا کۆمەڵێک گفتوگۆی جوان و گرنگ بڵاوکراونەتەوە، یەکێک لەو گفتوگۆیانە لەگەڵ گەورە ڕۆماننووسی ئیتاڵی (ئەنتۆنی تابوکی)یە، لە یەکێک لە پرسیارەکانی ئەو چاوپێکەوتنەدا لێ دەپرسن: با لە دوا ڕۆمانتەوە دەست پێ بکەین کە لە کاتی دەرچوونیەوە تا ئێستا و لە هەموو ئەوروپادا سەرکەوتنێکی نایابی بەدەست هێناوە، هەندێک ڕەخنەگر وای باس دەکەن تا هەنووکە چاکترین کاری تۆیە، چیرۆکی دروستبوونی (تریستیانۆ دەمرێت) چۆن ئەو کەسەی دەمرێت لای تۆ لەدایک بوو؟

تابوکی لە وەڵامدا دەڵێت: پێش لەدایک بوونی ڕۆمانەکە زۆرم لەناو ڕۆحی خۆمدا هەڵگرتبوو، ماوەیەکی زۆر، پێش ئەوەی ڕووناکی ببینێت، لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکەم و ناو دەفتەر و نەستی خۆمدا دامنابوو، ژیا، بەردەوام گوێم لە دەنگی دەبوو، جارێک لەگەڵیدا دەدوام و تاوێک لێی دەتۆرام، پاشان کە بە تەواوی دەنگەکە پێگەیشت، دەستم بە نووسینی کرد، کەرەستە سەرەکییەکەم لە شێوەی تێبینیدا نووسیبوو، هەندێکیان نووسرابوون ئەوی تریم لە نهێنیدا حەشار دابوو، کە دەستم بە نووسینی ڕۆمانەکە کرد، بەشێکی زۆری ئەو یاداشت و تێبینیانەم دانا کە لام بوون.

بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە چێژ و جوانیی ئەم کتێبە بێبەش نەکات، چونکە لە لایەکەوە تێڕوانین و دید و دنیابینی ئەو نووسەرە مەزنانە دەناسین، لە لایەکی دیکەوە تێگەیشتنمان بۆ هەندێک چەمک و بابەت دەگۆڕێت.

 

دەقی کۆن و دڵنشین

خستنەڕووی: “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کانگای ئایینە ئاسمانیی و دنیاییەکان، شوێنێک کە بەردەوام ئایینی تێدا دروست بووە و بووە بە ئیلهام و پەنایەکی ڕۆحی و دەروونی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگە، کاتێک ئینسان دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئایین لەم ناوچەیەدا تووشی سەرسامی و حەپەسانێکی زۆر دەبێت، کە دەبینێت لێشاوی ئەو هەموو ئایینە لەم کیشوەرەدا بە درێژایی سەدە و ساڵەکان بڵاو بووەتەوە و پەیڕەوانی تایبەت بە خۆیی هەبووە و بەشێکی بەرچاو لەو ئایینانەش تاکو ئێستا هەر هەن و درێژە بە خۆیان دەدەن و لە تەواوی دنیایەوە بڕوادار و لایەنگری تایبەت بە خۆیان هەیە. هیندستان ئەو وڵاتەی زۆرترین ڕێژەی ئایینی تێدا کۆ بووەتەوە، بە تایبەتی ئایینی هیندۆنیزم کە ئایینێکی کۆن و خاوەن مێژووە لەو وڵاتە و لە ڕۆژهەڵاتدا و بووەتە چەترێکی گەورە و لەژێریدا چەندان ئایینی دیکە خۆیان وەدیار خستووە، یان بە واتایەکی تر لە هەناوی ئەو ئایینەوە سەدان وەچە زاون و لەدایک بوون، هیندۆنیزم یەک لەو ئایینە گەورانەیە کە بە ئێستاشەوە ئامادەیی هەیە و لە پانتاییەکی بەریندا بڵاوە و خەڵکانی زۆر پاپەندن پێیەوە، ئەم ئایینە کە سەرچاوەکەی وڵاتی هیندستانە، ئەمڕۆ چیدی لەو وڵاتەدا چەقی نەبەستووە و گەیشتووەتە دوورترین کیشوەر و وڵاتانی دنیا. دوان لە بارەی ئەم ئایینەوە شارەزاییەکی تەواو بەرفراوانی دەوێت، کەسانێک دەتوانن دەربارەی ئایینی هیندۆنیزم بدوێن و بنووسن، کە بە قووڵایی نەریت و ڕێسا و پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی ئەم ئایینەدا ڕۆ چووبن، دەقی بنچینەیی ئەم ئایینە لە کتێبی ڤیدادا تۆمارە و کتێبی ڤیداش وەک گەورەترین سەرچاوە بووە بە بناغە بۆ گەلێک ئایینی تر، بە جۆرێکی سادەتر دەتوانین بڵێین: دوان و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئایینی هیندۆنیزم، خۆبەخۆ دەمانباتەوە سەر دوان و لێکۆڵینەوە لە چەندان و چەندان وردەئایین و ئایینی تر، کە ڕەنگە سەرەکیترین و بەرچاوترینینان ئایینی بوودا بێت (هەڵبەت بەو تێبینییەوە ئەگەر بتوانرێت و گونجاو بێت بە نەریت و چوارچێوەی بوودا بگوترێت ئایین).

کتێبی “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” یەکێکە لەو کتێبانەی کە بە وردی لە ئایینی هیندۆنیزم و کتێبە سەرەکییەکەیان (ڤیدا)، دەکۆڵێتەوە، ئەم کتێبە لە نووسینی مامۆستا هاوبیر کامەرانە، کتێبە لە قەوارەیەکی گەورەدا و لە چاپێکی جواندا، لە دووتوێی ٤٤٠ لاپەڕەدا لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، ساڵی ٢٠٠٩ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. مامۆستا هاوبیر کامەران ساڵانێکە لە بواری کتێبی یۆگا و عیرفاندا چ بە نووسین و چ بە مەشق، سەرقاڵە و لەو کایەشدا، دەتوانین بڵێین لە کوردستان، پێشڕەوێکی پلە یەکی ئەو پانتاییە بەرینەیە. زنجیرەی ئەو کتێبانەی مامۆستا هاوبیر کامەران پێشکەش بە کتێبخانەی کوردیی کردوون (بە نووسین و وەرگێڕانەوە) خەروارێکن، تێکڕاش جەختی ئەو پەرۆشییە قووڵەی ئەم نووسەر و وەرگێڕە دەکەنەوە کە بۆ ئاشتەوایی و ئاشتکردنەوەی ڕۆحیی ئێمە بە هەریەک لە خودا ـ سروشت ـ ناخی خۆمان ـ و گەردوونەوە ڕۆی دەنێت. ئەگەر هەریەک لەو ئایکۆنانە وەک دوورگە وێنا بکەین، ئەوا ئەم مامۆستایە دەزانێت و پێی وایە کە پردی نێوان ئێمە و هەریەک لەم دوورگانە پچڕاوە، یان لە باشترین باردا ڕوو لە ڕووخان و کەوتنە و پێویستییەکی زۆری بە دووبارە چێکردنەوە و بونیادنانەوەیە، هەوڵەکانی مامۆستا هاوبیر بەو ئاراستەیەدایە، بەوەی کە پەیامی خۆشەویستی لەناو ناخی خۆماندا بچێنین و بەوەش دەرفەتێکی تەواو بە یەکتر بدەین کە لە بەرانبەر یەکدیدا لێبووردە بین و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە یەکمان خۆشبوێت. لە هەر دێڕێکی ئەم کتێبەدا بە ڕوونی ئەم پەیامە دەگەنێت، دەیەوێت ئەو بەستەڵەکەی نێوان ئایینەکان بشکێنێت و لە چەند نوختەیەکدا کە کۆکەرەوەی هەموویان بێت، بیسەلمێنێت کە جیاوازی و لێکدووری لە نێوانیاندا نییە، بەڵکو ئەوە توندڕەوی و پەڕگیرییە کە بووەتە بەربەست و سەرجەم لایەنگرانی ئایینەکانی کردووە بە دوژمنی یەکتر، مادەم خوداوەندە و ڕۆحی پاکژ و چاکەی هەمووان خاڵی کۆکەرەوەی ئایینەکان بێت، کەوایە ململانێی نێوانیان دەستهەڵبەستی خودی ئینسانە، ئینسانێک کە شەیتان دەستی لەگەڵدا تێکەڵ کردووە و لە خشتەی بردووە. ئەم کتێبە وەک هەر کتێبێکی دیکەی ئاسمانی، دەتوانێت هانمان بدات بۆ گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی بە هەموو مرۆڤایەتی، ڕۆنانی پرد لە نێوان خودا و ئێمەدا، خاوێنکردنەوەی هەر ژار و ژەهرێک کە زەفەر بە لایەنی ئینسانیمان بدات و وا بکات بمانکات بە کەسێکی شەڕانگێز و ناچیز.

کتێبی “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” بە زمانێکی ڕەوان و دوور لە هەر تەمومژێکی واتایی، نووسراوە، نووسەر بە شێوەیەکی پوخت و دوور لە ئاڵۆزیی، سەرجەم جومگە گرنگەکانی ئەو کتێبەی بەسەر کردووەتەوە. کتێبەکە لە چوار بەشی گەورە پێک هاتووە، لەناو هەر بەشێک لەم بەشانەدا چەندین ناونیشان و بابەت خراونەتە ڕوو، لەژێر هەر ناونیشان و بابەتێکدا زۆر بە چڕی و ڕوونی و کورتی، مەبەست و نیازی مەسەلەکان شرۆڤە کراون و خوێنەر دەتوانێت هەر لە دەستپێکەوە ئەو متمانەیە دەستەبەر بکات، کە توێژەر وێڕای ئەزموونی قووڵ و جددی خۆی لە بوارەکەدا، هاوکات پاڵپشتی دەیان سەرچاوە و بۆچوونی هەمەلایەن ببینێتەوە، کە بۆ گەیاندن و ناساندنی پەیامەکەی، پشکنیونی و خستوونیەتییە بەردەست.

ئەم کتێبە گەشتێکی ڕۆحییە بەناو ئاییندا، گەشتێکە بە سەرەتایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام نوختەیەک نییە کە لە کۆتاییدا دانرابێت، بە واتایەکی تر گەشتێکی ناکۆتایە، خوێنەر دەتوانێت بۆ جارێک و هەمیشە لەگەڵ ئەم کتێبەدا بڕوات و لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانیدا، بگەڕێتەوە کن پەیامە قووڵەکانی ئەم کتێبە. ڤیدا بە واتای (زانین) دێ، مەبەست لەو تێکستانەیە کە هیندییەکان و ئارییەکان لە مێژوویەکی دێرینەوە لە لایەن ڕیشییەکانەوە وەریان گرتووە و شەریعەت و ڕێگە و فەلسەفەی خۆیان لەسەر بنیاد ناوە. ڤیدا لە گرنگترین ئەو گەنجینانە دەژمێردرێت کە ئێمەی مرۆڤ بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەوە پەیمان پێ بردبێت، ئەم گەنجینەیەمان لە کونجە تاریکەکانی مێژووەوە بۆ جێماوە و پاشماوەی ئەو کەسانەشە کە ئەزموونی قووڵی هەقیقەتیان تام کردووە و لەو دەریا بێبنەدا ساڵانێکی زۆر لە مەلە و گەڕاندا بوون بە دوای گەوهەری خۆشبەختیدا، تا دۆزیویانەتەوە و گەیاندوویانە بە نەوەی دوای خۆیان، کە ئێمەین. کتێبەکە لە بنچینەدا بە زمانی سانسکریتی نووسراوە و بۆ سەدان زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراوە. کتێبەکە بۆ خۆی لە چەند وردەکتێب پێکهاتووە، هەریەکەیان تایبەتە بە لایەنێکی ژیان و جەخت لەسەر بڕگەیەک دەکاتەوە، کە دەتوانین بە پتەوکردنی لایەنی ڕۆحی و جەستەیی ئینسان بیناسێنین.

یەکێک لە دەقەکانی ناو “ڤیدا” کتێبی “ئاریۆڤیدا”یە، ئەم دەقە تایبەتە بە لایەنی جەستەیی و نەخۆشینەکان و چارەسەرکردنیان لە ڕێی خۆراک و گژوگیاوە. لە پاش ئیلاهیات و فەلسەفەی عیرفان، یەکێک لە تەمەندرێژترین و مرۆڤپەروەرترین زانستەکان کە پەیوەندی بە ڤیداکانەوە هەیە، زانستی پزیشکییە. هەڵبەت زانستی پزیشکی بەو مانایە نا کە ئەمڕۆ بەکار دەهێنرێت تەنیا بۆ چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشی، بەڵکو زانستی پزیشکی ئەو زانستەیە کە دەکۆڵێتەوە لە ڕێگەچارەی ئەو گرفتانەی دێنە بەردەم مرۆڤ و ئەو خاو دەکەنەوە لە بڕینی ئەو ڕێگەیەی کە دەیگەیەنێت بە شادی هەتاهەتایی و خۆشی ناوەکی و سەرتاسەری، ئەو خۆشییەی کە لە قووڵترین بەشی مرۆڤایەتیمانەوە سەرچاوە دەگرێت. لە ئاریۆڤیدادا گرنگی گیا وەک چارەسەر ڕوون دەکرێتەوە، کە دەتوانرێت وەک دەرمانی هەموو دەردێک بەکار بهێنرێت، لە یەکێک لە ئایەتەکانی “ڕێگ ڤیدا”دا ئاوا نووسراوە: «ئەی گیا ئێوە وەک دایکمان وان/ ئێوە لە سەدان شوێنی جیاجیادا بەدی دەکرێن/ هەزاران چڵ و پۆپتان هەیە، ئەو کارانە زۆرن کە ئێوە لە تواناتاندا هەیە جێبەجێی بکەن/ ئێوە لە هەموو نەخۆشییەک چارەسەرمان دەکەن.» شیاوی باسە پاشتر توێژەر گەڕاوەتەوە سەر “ئاریۆڤیدا” و بە کتێبێکی سەربەخۆ و بە وردی ئەم بەشەی ڤیدای تاوتوێ کردووە.

یەکێک لەو خاڵە درەوشاوانەی ئەم کتێبە لێی دەدوێت، “یەکێتیی بوون”ە، توێژەر بە پشکنینی ئەو ئایینانەی کە ئەم دیاردەیان تێدایە، هەوڵی داوە ڕووبەڕیکی بەرین بسازێنێت، هاوکات لەو ڕووبەرە بەرینەدا بگەڕێتەوە لای “ڤیداییەکان” و ڕوانینی ئەوان بۆ “یەکێتیی بوون” بخاتە بەرچاو. لە بڕگەیەکدا دەربارەی ئەم حاڵەتە، بە زمانێکی ناسکی شاعیرانە، بەم جۆرە تەعبیرە لە یەکێتیی بوون دەکات: «کاتێک دڵۆپێک ئاو دەچێتە زەریاوە دەبێتە زەریا، دڵۆپ لە زەریادا دەتوێتەوە و زەریاش بە هاتنەوەی دڵۆپ شادمان دەبێت و دەوری دەدات و لە خۆیدا دەیتوێنێتەوە. ئیدی نە دڵۆپ دەمێنێت و نە زەریا، یان هەم دڵۆپ بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت و هەم زەریاش.» ئەمە لای ئەهلی تەسەووف و پیاوانی عیرفان بە شێوازی تر دەربڕاوە، بۆ نموونە لای مەولانای ڕۆمی بەم جۆرەیە: «کەسێک تینووی ئاو بێت، ئاویش تینووی ئەوە.» یان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: «ماسی هەرگیز لە ئاوی زەریا تینووێتی ناشکێ.» دەتوانین هەم دەربڕینەکەی ڤیداییەکان و هەم ئەوەی ڕۆمی و هەم ئەوەش کە لە ئیسلامدا هاتووە بەم جۆرە شرۆڤە بکەین: ئەگەر دڵۆپەی ئاو، یان ماسی دەلالەت بن لە خودی مرۆڤ، ئەوا زەریا دەلالەتە لە خودا، کەسێک کە دەگاتە مەقامێکی بەرزی ڕۆحی، ئیدی هیچ پەردەیەک لە نێوان خودا و ئەودا نامێنێت و وەک دوو ئەڤیندار، دیدار دەکەن. قسەی پوخت ئەمەیە: کاتێک ئێمە پەیوەندی لەگەڵ خودادا دروست دەکەین و خودا بۆ هەمیشە دەدۆزینەوە، ئیدی گرنگ نییە لە مزگەوت بین، یان کڵێسە، یان کەنیشتە و مەعبەدێکی بوودی، خودا لە هەموو جێیەکە، لە گوڵێکدا، لە باڵندەیەکدا، لە گایەکدا، چونکە خودا لە هەموو شوێنێکە، مادەم لە ناخ، ڕۆح و دڵی ئێمەدایە و پەییمان پێی بردووە.

شارەزابوون لە کتێبی ڤیداییەکان دەتوانێت ئاسۆی ڕوانینمان بەرینتر بکات، ئەگەرچی ئێمە سەر بەو ئایینەش نەبین، ئەگەرچی ئێمە پەیڕەویشی لێ نەکەین. توێژەر لە بەشێکدا ئەم خاڵە ڕوونتر دەکاتەوە و دەنووسێت: «ئەم نووسینەی بەردەستت لە چەند ڕوویەکەوە یارمەتیدەری تۆیە. یەکەم تۆ بەرەو کولتوور و فەلسەفە و ڕێگەیەکی نەبیستراو دەکاتەوە. دووەم پێت دەڵێت زۆر نەخۆشی لە وجوودی حەلنەکراوی ئێمەدا بە شاراوەیی هەن. سێیەمیش ڕێگەیەکت نیشان دەدات تا بتوانیت بە کرداری سوودی لێ ببینیت، وەک ڕێگەی یۆگا، سانکهیا، کوندالینی و ئاریۆڤیدا بۆ ساڕێژی دەرد و ئازارەکان و چوونە ناو ئارامی و شانتی دەروونیی. ئەوانەی گەیشتوونەتە ئارامی ناوەکی، هەمیشە تێدەگەن کە هێزە کاریگەرەکانی جیهان لە مەڵبەندی نەبڕاوی ئەو بێدەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت.»

لە کۆتایی ئەم کتێبەدا لیستێک لەو ناوە سانسکریتیانە هاتوون کە لە کتێبەدا باس کراون و بەرانبەریان بە کوردی بۆ دانراوە، دواتریش لیستی سەرچاوەکان هاتووە. “زانست و فەلسەفە ڤیداییەکان” کتێبەکە بۆ هەمووان، ڕووی لە دەستەکی دیاریکراو نییە، دەتوانێت لەگەڵ هەموواندا بدوێ و پشوو و ئارامیی ڕۆحی بە دڵە شەکەتەکان بدات، ئەو دڵانەی ماندووی ڕۆتینی کار و ژیانی ئابڵووقەدراوی بەردەم شاشەکانن، ئەم گرنتییەش لە پلەی یەکەمدا بۆ ئەو پەیامە بەرزە دەگەڕێتەوە، کە لە هەناوی دێڕ و مەتنەکەیدا چنراوە و بە زمانێکی خۆڕسک و ساکار، وەک مەل دێت و لەسەر دڵمان دەنیشێتەوە.

ئەدیبان و دنیای سیاسەت

خستنەڕووی: “سیاسەت بە هەڵەیدا بردین”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

گفتوگۆ و مشتومڕی ئەدەبی، هەمیشە یارمەتیدەرە بۆ ئاشنابوونمان بە بیر و بۆچوون و دنیابینیی نووسەران، چونکە لەو دیمانانەدا نووسەر ڕاستەخۆ و دوور لە خۆسانسۆرکردن لە خۆی و دنیاکەی دەدوێ، لەو بابەت، دیاردە و نووسەر و کتێبانەی بۆی جێی سەرسامی بوون و لەوانەش کە لێیان بێزار و دوورە. هاوکات سەرجەم ئەو وێستگە گرنگانەش دەزانین کە نووسەران پێیدا تێپەڕ بوون و گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە. دیارە ئەوە شتێکی سەلماوە کە هەموو هەڤپەیڤینێک ناتوانێت ئەو ڕێسایە گشتگیرە بگرێتەوە و سەرڕاستانە وردەکارییەکانی ژیان و ئەدەبی نووسەر بەیان بکات، بەڵام نموونەی نووسەرانی جددی و خولقاو بۆ ئەدەب، بەردەوام دەمانخەنە بەردەم سەرسامی و بیرکردنەوە، قسەکردن و دوان لەبارەی ژیان و بەرهەم و ئەو ژینگەیەی تێیدا ڕسکاون، هێندە ڕاستگۆیانەیە کە هەر وا هەست دەکەین ئێمەیش لە نزیک وان و لەگەڵیان ئەو ئەزموونانەمان کردووە. بە تایبەت کاتێک قسە بێتە سەر نووسەرانێک لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی کە ئەزموونی ژیاوی تاک و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات نزیکایەتییەکی بێوێنەی هەیە، هەر ئەوەش وا دەکات کە لە ژیانی ڕۆژانە و پێکهاتەی خێزان و ژینگەی دەوروبەرماندا هاوچەشنی و هاوشێوەییەکی زۆر دروست ببێت، هەر ئەوەشە وا دەکات بە چێژێکی زۆرترەوە بتوانین پەیوەندیی لەگەڵ ئەو نووسەرانەدا ببەستین کە سەر بەو کولتوور و بیرکردنەوە و میراتە فەرهەنگییەن، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموومان، بە جیاوازی بیر و باوەڕ و زمان و نەتەوەوە، تێیدا هاوبەشین و یەک دەگرینەوە.

بورزوگ عەلەوی نووسەرێکی دیار و گەورەی نێو زمانی فارسییە، ئێمە ساڵانێکە ئەگەر ڕاستەوخۆ لە ڕێی زمانی فارسیشەوە نەبێت، لە ڕێی وەرگێڕانی بەشێکی زۆر لە بەرهەکانییەوە، ئاشنای دنیای گێڕانەوەی ئەم نووسەرەین و بە جۆرێک بووە بە خۆشەویستی ئێمە لەو دنیایەدا. کەم کەس هەیە کە لە درێژە و ڕەوتی خوێندنەوەیدا ڕۆمانی “چاوەکانی” ئەم نووسەرەی نەخوێندنێتەوە، هەڵبەت بە وەرگێڕانی، وەرگێڕی بەسەلیقە و کارساز “ئازاد بەرزنجی”، چاپی ئەم کتێبە لە زمانی کوردیدا گەیشتووەتە چاپی … ئەوەش دەلالەتە لەوەی کە بە ئێستاشەوە ئەم کتێبە دەخوێنرێتەوە و پێشنیار دەکرێت بۆ خوێندنەوە. ڕەنگە خوێنەر کاتێک کتێبێک دەخوێنێتەوە، ئەو مەیلەی لە لا دروست ببێت، نووسەری ئەم کتێبە کێیە؟ سەر بە چ بیرکردنەوە و لە بڕگەیەکدا ژیاوە و بەرهەمەکانی دیکەی چین و چۆن بیر لە کردەی نووسین و گێڕانەوە دەکاتەوە؟ بێگومان پرسیارگەلێکی تر بەو ڕیزە پرسیارە زیاد دەبن و هەر ئەوەش وا دەکات لە ئینترنێتدا بە شوێن ئەو وەڵامانەدا بگەڕێ، تەنانەت پێی خۆشە ڤیدیۆ و وێنەی ئەو نووسەرەش ببینێت و شارەزای وردەکارییەکانی ژیانی ئەدەبی، کەسی و کۆمەڵایەتی ببێت. کاتێک دەبینێت کتێبێک لەو نووسەرە وەرگێڕاوە و تێیدا گفتوگۆیەکی هەمەلایەن لەگەڵیدا ساز کراوە، ئەوا خەنی دەبێت و وەک گەوهەرێک تەماشای دەکات، ڕێیەکی دوور و سەختی بۆ نزیک دەبێتەوە و بە هەمان تاسە و مەیلی خوێندنەوەی کتێبە ئەدەبییەکانی، دەست دەداتە ئەو کتێبە و دەیخوێنێتەوە. “سیاسەت بە هەڵەیدا بردین؛ چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ بورزوگ عەلەویدا” لەو چەشنە کتێبانەیە، کە خوێنەرانی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەم نووسەرە دڵخۆش و پڕزانیاری دەکات، هاوکات سەرشار دەبن بە کۆمەڵێک لایەنی پەراوێز و نەدیتراوی ئەم نووسەرە، کە تێکڕا دەتوانن هاوبەشی خوێنەر بکەن لە ڕۆنانی کەسێتیی بورزوگ عەلەویدا و لەو دنیا ڕازاوە ئەدەبییەی پێکی هێناوە.

ئەم کتێبە بە کوردییەکی سادە و ڕەوان، لە لایەن وەرگێڕ “هەژار جەلال ئەحمەد فەهمی” ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی، بۆ ئەوەی بتوانین وێنایەکی گشتی لەسەر بوزورگ عەلەوی و ژیانی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بدەین بە دەستەوە، هەوڵ دەدەین گوڵچنێک لە کتێبەکە بکەین، تاکو لە ڕێیەوە خوێنەر بێبەش نەبێت لە بەشێک لە جوانی و ناوەڕۆکی ئەم کتێبە گرنگە.

بوزورگ عەلەوی (موجتەبا عەلەوی)، لە ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٠٤، دوو دساڵ بەر لە شۆڕشی مەشرووتە، لە خێزانێکی کاسبکار و ئازادیخوازی تاران، لەدایک بووە. برا گەورەکەی (مورتەزا) لە ئەڵمانیا پەیوەندی کردووە بە چەپەکانەوە، لە سەرەتای دەرکەوتنی نازیزمدا چوو بۆ شوورەوی و ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ زۆرێک لە چەپەکانی ئێراندا، دەستبەسەر کران.

برا بچووکەکەی (مستەفا) لەگەڵ خوشکەکەی (نەجمی) ساڵانێکی زۆریان لە شوورەوی بەسەر برد، دواتر چوونە لەندەن. باوکی (سەیید ئەبو حەسەن کوڕی ئەرشەد حاج محەمەد)ی سەڕاف، ناسراوبوو بە (مەشرووتەخواز)، لە دەورەی یەکەمی پەڕلەمانی ئێراندا بە نوێنەر هەڵبژێردرا. سەیید ئەبو حەسەن کەسایەتییەکی سیاسی و فەرهەنگی بوو. لە تافی لاویدا چوو بۆ ئەورووپا و لە پاریسەوە چوو بۆ ئەڵمانیا. لەو کاتەدا کە ئینگلیزەکان دەسەڵاتیان گرتبوو بەسەر بەغدا و کرماشاندا، لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، سەیید ئەبو حەسەن لە (کۆمیتەی ملێون ئێرانی) بوو لە بەرلین، لەگەڵ تەقی زادە و جەمال زادە، دژی ئینگلیزەکان چالاکییان دەنواند. دواجار لە ساڵی ١٩٢٧دا لە بەرلین خۆی کوشت و هەر لەوێش ناشتیان.

بوزورگ عەلەوی لە قوتابخانەی ئەقدەسیە و دارالفنون وانەی خوێندووە، لە کاتی گەڕانەوەی باوکی بۆ تاران بۆ جاری دووەم، ئەو لە شیراز مامۆستا بوو، لە قوتابخانەی پیشەسازی فارس. دوای ساڵێک بەرەو تاران هات و لە ئەرکانی جەنگیدا بە وەرگێڕ دامەزرا، پاشان دوو ساڵ لە هونەرستانی دەوڵەتدا بە کاری مامۆستاییەوە سەرقاڵ بوو. لە تاران لەگەڵ سادق هیدایەت و شیرازی پووردا، کە هەردووکیان وەک خۆی هەستی نەتەوە پەرستیان هەبوو، کتێبی “ئنرانیان” لە سێ بەرگدا: (سایەی مەغۆل): هیدایەت و (دێوی بەدمەستی) دەربارەی ئەسکەندەر: شیرازی پوور، (دێو… دێو) دەربارەی هێرشی عەرەبەکان: عەلەوی، چاپیان کرد و پێشکەشی زەبیح بەهرۆزیان کرد، کە پیاوێکی نەتەوەپەرست و ئیلهامبەخشی ئەوان بوو.

زۆری نەخایاند کە موجتەنەبی مینەوی و مەسعوود فەرزادیش پەیوەندییان کرد بەو سێ تفەنگچییەوە. هەر لەو سەردەمەدا فەرزاد کۆمەڵەی ناوبراوی لە بەرانبەر (کۆمەڵەی حەوت)دا (سەعید نەفیسی و عەبباس ئیقباڵ و عەلی دەشتی و نەسروڵڵا فەلسەفی و فەخرەدین شادمان و غوڵام ڕەزا ڕەشید یاسەمی و عەلی ئەسغەر حیکمەت) دادەنا. واتە کۆمەڵەی “نوێخواز” لە بەرانبەر ئەدیبە سوننەتییەکاندا، کە بە قسەی “مینەوی” هیچ گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێبێک لە شاکاری ئەوان خاڵی نەبوو، ئێمە گاڵتەمان بەوان دەکرد… کۆمەڵەکەمان لەو سەردەمەدا، مینەوی عەرەبییەکی باشی دەزانی، عەلەوی ئەڵمانی، هیدایەت فەڕەنسی و فەرزاد ئینگلیزی، کۆمەڵەیەکی بەتوانا و ڕێکوپێک، خاوەن پێنووسی بە توانا بۆ نووسین. پاشان (عەبدولحسێن نۆشین و حەسەن ـ شەهید نوورانی) هاتە ناو ئەم کۆمەڵەیەوە و بەشی شانۆ و مافپەروەرییان تێدا بەهێز کرد. هێندەی نەخایاند خانلەرییش هاتە کۆمەڵەکەوە. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە بوزورگ عەلەوی کەوتە تۆڕی (ئەرانی)یەوە و چووە ناو دنیای سیاسەتەوە، (سەرمایە)ی مارکسی بە ئەڵمانی خوێندەوە، تا لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٣٧ کەوتە زیندانەوە لەگەڵ (پەنجا دوو کەس)ی تردا، کە دواتر لەو سۆنگەیەوە ڕۆمانی (پەنجا و سێ کەس)ی نووسی؛ (لاپەڕە دڕاوەکانی زیندان و پەنجا و سێ کەس) بەرهەمی ئەو سەردەمەین.

لە خەرمانانی ١٩٤١دا عەلەوی لەگەڵ ئەوانی تردا لە زیندان ئازاد کران، هەر لەو سەردەمەدا بوو مافی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی “مەردووم”ی کەوتە ئەستۆ، (سەفەری نەوعی)، (ئەنوەر خامەی)، (عەبدولحسێن نۆشین)، (سادق هیدایەت) و (ئیحسان تەبەری) لە نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە بوون، جارجار بوزورگ عەلەوی لەپاڵ ئەواندا شتی دەنووسی.

پاشان ساڵی ١٩٤٣ گۆڤاری “پەیامی نوێ” لە لایەن ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئێران و شوورەوییەوە دروست بوو، عەلەوییش لەگەڵ هەندێ ڕۆشنبیردا، وەک: سەعید نەفیسی، هیدایەت، فاتمە سەیام، عیسا بەهنام، کەریم کەشاوەرز، ڕوحوڵڵا خالقی و غوڵام عەلی ئازەر لەوێ کاری دەکرد.

لە ساڵی ١٩٤٤ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی چوو بۆ ئەڵمانیا و کە ڕێکەوتی کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژ بوو. بۆ هەمیشە لە بەرلین مایەوە و دەستی کرد بە گوتنەوەی وانەی زمان و ئەدەبی فارسی لە زانکۆ. بەڵام بە درێژایی هەموو ئەو ساڵانە لە هەواڵ و باری ئەدەبی و فەرهەنگی و سیاسی وڵاتەی خۆی، ئێران، دانەبڕا.

یەکەمین خۆشەویستی عەلەوی لەگەڵ کچی دکتۆر (ئاشتووم)دا بوو، کە دکتۆری ددان بوو، خەڵکی ئەڵمانیا بوون، ئەو کاتە لە تاران دەژیان، جوانی ئەو کچە بووبووە وێردی سەر زمانی هەموو خەڵک، لەگەڵ عەلەویدا زەماوەندیان کرد.

دوای ئەوەی کەوتە زیندانەوە و حکومیان دا بە هەشت ساڵ، بە هۆی جەنگ و ئەو مەترسیانەی لەسەر هاووڵاتییە ئەڵمانییەکان بوو، ژنەکەی لێی جیابووەوە و لەگەڵ ئەڵمانییەکانی تردا گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.

مانی عەلەوی تەنیا کوڕ و یادگاری زەماوەندەکەیانە، لە سویسرا دەژی. بوزورگ عەلەوی لە تەمەنی نەوەد و چوار ساڵیدا، ساڵی ١٩٩٧ لە بەرلین، کۆچی دوایی کرد.

لەم کتێبەدا نووسەران و ڕۆشنبیرانێکی وەکو عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەحموود دەوڵەتئابادی، ڕامین جیهانبەگلوو و… بوزورگ عەلەوییان دواندووە و کۆی کتێبە دەتوانێت سەرچەشنێک لە ژیاننامە و کارنامەی عەلەوی بدات بە دەستەوە.

ئەم کتێبە یادگاری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەو کتێبانەیە کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای دامەزراندنی ئەو دەزگایە دەگەڕێتەوە و یەکێکە لە کتێبە بە نرخەکانی زنجیرەی چاپ و بڵاوکراوەی سەردەم، ساڵی چاپەکەی ١٩٩٩یە.

باوک وەک نوێنەری داماویی

خستنەڕووی “دیمەنێک لە پردەکەوە”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ئەمریکا شاری ڕووداوە سەیر و ئاڵۆزەکان بووە، لەو کاتەوە کە کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس ئەم خاکەی کەشف و دۆزییەوە، کە بنەچەکەی سوورپێستەکان لەسەری دەژیان و هەبوون، لەو کاتەوە هەدای نەداوە و بەشێکی بەرچاو لە ڕووداوەکانی جیهان، لەو خاکەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەمەریکا بە خەونێکەوە، کە خەونی تاکی ئەمریکییە و لە ڕەهایی و ئازادیی هەمیشەییدا خۆی دەبینێتەوە، سەدەکانی بڕیوە و هاتووە، لەپێناو ئەو خەونەدا کۆشاوە. نووسەرانی ئەمەریکی لە نووسراوەکانیاندا درێژەیان بە هەمان خەون داوە، هەریەکەو بەپێی ئەو زەمەنەی تێیدا ژیاوە، هەوڵی داوە خەونەکەی لە بەرانبەر لەمپەرەکاندا ڕا بگرێت و بەرگریی لێ بکات، دەتوانین بڵێین سەدەی بیست و نووسەرانی سەر بەو خولە، زۆرترین شەڕیان لەپێناو ئەو خەونەدا کردووە، مارشاڵ بێرمەن، کە خۆی یەکێکە لە نووسەرانی ئەو خولە و لە کتێبی “ئەزموونی مۆدێرنیتێ”دا، بەشێکی تایبەت کردووە بە ئەمریکا و لەژێر ناوی “لە جەنگەڵی هێماکاندا: هەندێ سەرنج سەبارەت بە مۆدێرنیزم لە نیویۆرک”دا بە وردی ئەو سەدەیە دەپشکنێت و نووسەران و ڕووداوگەلێک بەسەر دەکاتەوە کە نوێنەری ئەو سەدەیەن و پێکڕا بەرجەستەی ئەو خەونە دەکەنەوە، کە ڕەنگە لە دواجاریشدا هەموویان لە بەری ئەو خەونە شکستیان چنیبێتەوە، بەڵام هەر لەو شکستە سەدان دەقی گرنگ و مۆدێرن ڕسکاون.

ئارسەر میلەر (١٩١٥ ـ ٢٠٠٥) یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ئەمریکا و جیهان، ئەو زیادتر بە دەقە شانۆییەکانی ناوی دەر کردووە و خاوەنی چەندان دەقی گرنگ و نەمرە، لە زمانی کوردیدا تا هەنووکە سێ دەقی بە بایەخی ئەم نووسەرە کراون بە کوردی، سێ دەق کە دەتوانن وێنایەکی ڕوون لە جیهانبینیی ئاسەر میلەر بدەن بە دەستەوە، ئەوانیش هەریەک لە شانۆنامەکانی “مردنی دێوەرەیەک”، “هەموو کوڕەکانم” و “دیمەنێک لە پردەکەوە”، کە لە لایەن هەریەک لە ئازاد حەمەشەریف، فاروق هۆمەر و عەلی عوسمان یەعقوبەوە، لە کات و شوێنی جیاوازدا، لە زمانی ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی. ئەم سێ دەقە ئەگەرچی دنیای تەواو سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام هاوکات چەند خاڵی هاوبەشیش لە نێوانیاندا هەیە، کە دەتوانێت دەقەکان و ئایدیای سەرەکییان بباتەوە تەنیشتی یەک و پێکەوە گوتاری ئارسەر میلەر ئاراستە بکەن. لێرەدا بە وەستان لەسەر “دیمەنێک لە پردەکەوە”، هەوڵ دەدەین کەمێک لە دنیای میلەر نزیک ببینەوە.

وەک لە پێشەکیی وەرگێڕدا هاتووە، بیرۆکەی شانۆنامەی “دیمەنێک لە پردەکەوە”، ئارسەر میلەر لە هاوڕێیەکی خۆیەوە وەری گرتووە، کە پارێزەر بووە، چیرۆکەکەش بەم جۆرەیە: پارێزەرەکە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا هەوڵی بەدواداچوونی ئەو گەندەڵییانەیان داوە کە لە شۆستەی بارکردن و بارداگرتنی کەشتی لە کەناری “برووکلین” ـ یەکێک لە گەڕەکە گەورەکانی نیویۆرک ـ دا بووە، ئەوە بووبووە مایەی نیگەرانی کرێکارەکان. پارێزەرەکە، کە ناوی “ڤینی لۆنجی” بوو، چیرۆکی کرێکارێکی بۆ میلەر گێڕایەوە، کە لە بەندەرەکە کاری دەکرد. ئەم کرێکارە خەبەری لە دوو پەناهەندە دابوو، کە بە قاچاخ هاتبوون بۆ ئەمریکا. ئەم دوو پەناهەندەیە برا بوون و خزمی کرێکارەکە بوون و بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەپەرتمانەکەی خۆی داڵدەی دابوون. دوای ئەوەی یەکێک لەو دوو پەناهەندەیە هەوڵی هاوسەرگیری دەدات لەگەڵ کچی خزمی ئەو کرێکارە، کرێکارەکە بۆ ئەوەی هاوسەرگیرییەکە پووچەڵ بکاتەوە، دەسەڵاتدانی لە فەرمانگەی کۆچبەران ئاگادار کردبووەوە تا بێن دوو پەناهەندە قاچاخەکە دەستگیر بکەن. دیارە ئەم کارەی کرێکارەکە بووبووە مایەی ڕیسوابوونی لە گەڕەکەکە و دواجار ناچار بوو ئەو گەڕەکە جێ بهڵێت. دوای ماوەیەک دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە، کە کرێکارەکە بە دەستی یەکێک لە براکان کوژراوە. ئەمە بیرۆکەی چیرۆکی شانۆنامەی “دیمەنێک لە پردەکەوە”یە. ئارسەر میلەر لە شانۆنامەکەیدا، وەک چۆن هاوڕێ پارێزەرەکەی چیرۆکەکەی بۆ گێڕاوەتەوە، پارێزەرێک دەکات بە گێڕەرەوەی گشتی (حەکایەتخوان). ئەم پارێزەرە لە دەستپێکەوە ڕەوتی ڕووداوەکان و هاتنیان بە شوێن یەکدا دەستنیشان دەکات، هاوکات هەر لە ڕێی ئەم پارێزەرەوە کەسێتییەکان دەناسین و ئەم ڕێیان بۆ خۆش دەکات بێنە سەر تەختی شانۆ و ڕۆڵەکانیان وازی بکەن.

ڕووداوەکان لە ئەپەرتمانی تەلارێکی زەبەلاحدا ڕوو دەدات، تێیدا ژن و پیاوێک و کچێک، کە دەکاتە کچی خوشکی ژنەکە و لە پاش مردنی دایکی و باوکی کەوتووەتە لای ئەمان و ئەمان گەورە و پێیان گەیاندووە و ئێستا لە هەڕەتی گەنجی و جوانیدایە، لەو ئەپەرتمانەدا دەژین، پیاوەکە، کە ناوی ئێدی کاربۆنە لە شۆستەی بەندەی برووکلین کار دەکات و کارەکەی داگرتنی ئەو بارانەیە لە کەشتییە گەورەکاندا دەگەنە بەندەر، ژنەکە، کە ناوی بیاتریسە ژنی ماڵەوەیە، کچەکەش ناوی کاترینە. دەسپێکی ڕووداوەکان بە گەڕانەوەی ئێدی کاربۆن لەسەر کارەوە دەست پێ دەکات و هەواڵی هاتنی دوو ئامۆزای بیاتریس دەهێنێتەوە بۆ نێو ماڵ، ئامۆزاکانی بیاتریس ناویان مارکۆ و ڕۆدۆڵفۆیە، ئیتاڵین و لەوێوە هاتوون بۆ ئەمریکا بۆ کارکردن، هاتنی ئەم دوو کەسە لە وڵاتێکی وەک ئیتالیاوە هاوکاتە لەگەڵ لێشاوی ئەو شەپۆلە بەرینەی لە دەیەی سی و چلەکانی سەدەی بیستدا لە ئیتالیا و وڵاتانی ترەوە ڕوویان لە ئەمریکا کرد بە مەستی کارکردن و مانەوە لەو ویلایەتە گەورەیەدا. شوێنی ڕوودانی شانۆنامەکە “ڕێدهووک”ە، کە بەشێکە لە گەڕەکی “برووکلین” لە نیویۆرک، زۆرینەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە پەناهەندەی ئیتاڵین. هاوکات ئەم گەڕەکە پڕە لە شەلاتی و شەقاوە، هەر ئەمەیش کارێکی وای کردووە کە شانۆنامەکە لە ڕووی بەکاربردنی زمان و تەنانەت فەزای گشتیشەوە بەرجەستەکەرەوەی ئەو ئەخلاقیات و سروشتە بێت کە ئەو گەڕەکە و کەسێتییەکانی پێ ناسراون، بە تایبەت لە زەمەنی نووسینی ئەو دەقەدا. ئەم دوو برایە بۆ کار هاتوون، مارکۆ خاوەنی هاوسەر و منداڵە و هەرچی ڕۆدۆڵفۆشە هێشتا ژنی نەهێناوە و گەنج و جوانە و خولیای گۆرانیوتنی هەیە. هاتنەکەیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە، تاکو ئەوەی خۆیان دەگرن و جێیەک پەیدا دەکەن، بەڵام لەگەڵ کاتی خایەندراوی شانۆنامەکەدا، تێدەگەین ئەوان لەو ماڵەدا دەمیننەوە و تاکو ئەو ساتەی کە حاڵەتە درامییەکە دەگاتە لووتکەش، مانەوەیان لەوێ هەر بەردەوام دەبێت.

ڕۆدۆڵفۆ هەر لە سەرەتاوە جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ کاترین پێ دەهێنێت، ئەم پەیوەندییە ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵدەکشێت و دەگاتە جێیەک کە ئیدی ئەو دووە هاوسەگیری بکەن، کەسی ناڕازی و دژ بەو دۆخە، ئێدی کاربۆنە، کە دەکرێت بۆ کاترین وەک باوک و لە پێگەی باوکەوە بخوێنرێتەوە. ململانێی کاربۆن لەگەڵ ڕۆدۆڵفۆ لە سەرەتاوە ململانێیەکی نەرمە، بەڵام بە تێپەڕینی کات و خەمڵینی پەیوەندیی کاترین و ڕۆدۆڵفۆ، ئەم ململانێیە توند و توندتر دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی هەردوو براکە لە ماڵەکەی وەدەر دەنێت. بەردەوام ئەوە لە کاترین دەگەیەنێت کە ڕۆدۆڵفۆ کەسێکی خراپە و بۆ ئەوە دەیەوێ هاوسەگیری لەگەڵدا بکات، تا مافی مانەوەی لە وڵات و ناسنامەی ئەمریکی بەدەست بهێنێت، لە بەرانبەریشدا بیاتریس هەیە، کە لایەنگری کاترینە و بەو هۆیەی کە کچەکە چیدی منداڵ نییە و دەتوانێت خۆی بڕیار لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆی بدات، سەرکۆنەی کاربۆن دەکات و گرژی لە نێوانیان دروست دەبێت. کاترینیش لە سێ جەمسەری کاربۆن / بیاتریس / ڕۆدۆڵفۆدا تێدا ماوە و تەنیا خەفەت دەخوات. ئەگەرچی ئەم پەرچەکردارە توند و ڕەقەی ئێدی بەرانبەر بە هاوسەرگیریی نێوان کاترین ڕۆدۆڵفۆ لە ڕواڵەتدا وەک بەرپرسیارێتیی و پاراستنی کاترین لە ڕۆدۆڵفۆ دەردەکەوێت، بەڵام لە ناواخن و کرۆکدا هەستێکی بۆگەن و ڕزیوە، ئەویش پەیوەندیی شاراوە و شەهوانی یەکلایەنەی ئێدییە کاربۆنە بە کاترینەوە.

سووسەی پەیوەندییەکی ئابڕووبەرانە لە لایەن ئێدی کاربۆن بە کاترینەوە، هەر لە سەرەتاوە شەپۆلان دەدات، نەختە نەختە ڕایەڵ و داوەکانی ئەم پەیوەندییە ئاشکرا و ڕوونتر دەبنەوە، دەبینین لە دوایین دیمەنەکانی ئەم شانۆنامەیەدا وەها پەردەلادانێک ڕێک لە لایەن بیاتریسەوە هەڵدەدرێتەوە و دەردەخرێت، بێگومان ئەم پەیوەندییە تاکجەمسەرە و تەنیا لە لایەن ئێدی کاربۆنەوە دروست بووە، هەرچی کاترینە هەستێکی باوکانەی بۆ کاربۆن هەیە و خۆشەویستی و ڕێزێک کە دەینوێنێت بۆی، هەر لە سۆنگەی باوکێکەوەیە. باوک کە هەستەکانی دژ بە ئاکار و ڕەوشتی باو دەوەستنەوە، شیرازەی خێزان لە بنەتاوە هەڵدەوەشێت و جومگەکانی بەر دەبنەوە، شانۆنامەکە بە وردی ئەم دۆخانە دەر دەخات، کاریگەری ئەو هەستە لەناو خێزاندا پێشان دەدات، هەڵکشان و داکشانی ڕووداو و حاڵەتەکان دەنوێنێتەوە، هەر لە ڕێی پێشاندانی ئەم دۆخانەوە دەتوانێت دەلاقەیەکی بەرین بەسەر تێگەیشتن لە شارستانیەت و کولتووری ئەمریکیدا بکاتەوە.

ئارسەر میلەر لە ڕێی خێزانێکەوە گوتارە شانۆییەکەی خۆی ئاراستە دەکات، لە خێزانیشدا بە شێوەیەکی تایبەتی لەسەر پێگە و جێگەی “باوک” دەوەستێت، باوک کە بەردەوام وەها وێنا کراوە کۆڵەگە و ڕاگری خێزان و بنەماڵەیە، بەڵام لە شانۆنامەکانی میلەردا لەم پێگە و جێگەیەوە بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە خەرەندەوە. لێسەندنەوەی دەسەڵات لە باوک و ڕووتەڵکردنەوەی لە هەموو هەژموون و قەڵەمڕەوییەک، دەلالەت لە دۆخی گشتی ئەمریکا دەکات، بە تایبەت پاش قەیرانی دارایی دەیەی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو، بە تایبەت لەو چینەدا کە ئێدی کاربۆن نوێنەرایەتی دەکات و چینی ناوەند یاخود خوار ناوەندی کۆمەڵگەی ئەمریکییە. ئارسەر میلەر شوێنی “باوک” دەستنیشان دەکات، باوک چیدی ناتوانێت سنوورەکان بکێشێت، دەسەڵاتی لە بازنەیەکی بچووکدا خول دەخوات و ناتوانێت وەک ڕابردوو، ڕەها و هەموو هێز و بڕیارێک بێت، ئێدی کاربۆن ڕێک ئەو ڕۆڵە نوێیە دەبینێت، لەگەڵ هەموو ڕێگری و بەرگیرییەک لە سەرنەگرتنی ئەو هاوسەرگیرییە، دواجار بە پێشێلکردنی خۆی دەشکێتەوە و لە ڕووبەڕووبوونەوەشدا، دەکوژرێت، کوشتنی فیزیکی کاربۆن کوشتنێکی هێمایینە و دەلالەت لە کوشتنێکی گەورەتر دەکات، کە کوشتنی دەسەڵاتی بەرزەفڕانەی باوکە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا.

خەونەکەی ئەمریکا ئەگەرچی بەردەوام خیانەتی لێ دەکرێت، بەڵام درێژەی هەیە، ڕیزی درێژی خەونبینانی ئازادیی تاکەکەس و ژیانی بەختەوەرانە بۆ هەمووان، درێژە، ئارسەر میلەر یەک لەو کەسانەیە بەو خەونەوە نووسی، لە وەڵامی ئەو خەونەدا دەقەکانی لەچاپ دان و شەڕی ئەو پۆخڵەواتیانەی کرد دەبنە لەمپەر و ژیانی شەرەفمەندانە پەک دەخەن.