ن: ڕێزان حەسەنی
ڕیالیسم و ئەدەبی ڕیالیستی
ریالیسم بزووتنەوەیەکی ئەدەبی- هونەری بوو کە لە سەدەی ١٩ی زایینی سەریهەڵدا. ئەم بزووتنەوەیە جۆرێک هەڵوێستگرتن و وەستانەوە بوو بەرامبەر بە ڕۆمانتیسیسم و ئایدیالیسم، دوو بزووتنەوەی ئەدەبی کە لە ئەدەب و هونەردا زۆر باو بوون. نووسەر و هونەرمەندە ڕیالیستەکان هەوڵیان ئەدا وێنایەکی ڕاستەقینە لە ئالؤزییەکانی ژیانی مرۆیی و ژیانی ئاسایی خەڵک بخەنە ڕوو. ئەم ڕیالیست بوونە لە کەسایەتییەکان ، پلۆت (Plot) و ڕەوتی گێڕانەوەدا رەنگی داوەتەوەو دەبیندرێت.
بە پێچەوانەی بەرهەمی ئەدەبی ڕۆمانتیک، کە بە زۆری باسیان لە ژیانی سۆزداری و هەروەها ژیانی ئەریستۆکراتەکان ئەکرد، لە ئەدەبی ڕیالیستیدا ژیانی ئەو کەسانە دێتە نووسین کە سەر بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگان یان سەر بە چینی ناوەڕاستن.
بەدەر لەمەش نووسەرە ڕیالیستەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون چیرۆک ئەبێ ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان ، ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بگرێتە خۆی و بگێڕێتەوە. هەربۆیە چیرۆک و ڕۆمانە ڕیالیستییەکان زۆر نزیک بوون لە ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان و ڕەنگدانەوەی ژیانی ئاسایی و رۆژانەی ئەوان بوون. هەر بۆیە بە پێچەوانەی بەرهەمی نووسەرە ڕۆمانتیکەکان، نووسەرە ڕیالیستەکان کەمتر لە واقع دوور ئەکەوتنەوەو پێداهەڵدانی زێدەڕۆیانە لە بەرهەمەکانیاندا زۆر کەمتر بوو.
ریالیسم خۆی لە خۆیدا بە چەند بەش دابەش ئەکرێت، وەک ڕیالیسمی سۆسیالیستی، ڕیالیسمی کۆمەڵایەتی، ڕیالیسمی مێژوویی، ڕیالیسمی دەروونناسی و… هەر کەم لەم جۆرە تایبەتانەی ڕیالیسم لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە دۆخە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، دەروونیەکانی کۆمەڵگا و تاک دەگێڕنەوە.
لەمجۆرە بەرهەمدا وەسفەکان، گێڕانەوەکان ئەوەندە لە ڕاستییەوە نزیکن، کە زۆرجار لە ڕۆمانی مێژوویی یان لە بایۆگرافی نزیک ئەبنەوە. بەڵام ئەزانین ڕۆمانی مێژوویی و بایۆگرافی یان ئۆتۆبایۆگرافی دوو فۆڕمی جیاوازی گێڕانەوەیین.
لە ڕۆمانی ڕیالیستییدا، نووسەر ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و مێژوویی و ئابوورییەکان ئەکات بە تێمای سەرەکی گێڕانەوەو بە گێڕانەوەی ژیانی تاک یان کۆمەڵێک، ئاوڕ لەو ڕووداوانە ئەداتەوە.
بڕیار نییە کەسایەتییەکان، یان ڕووداوەکان، کوت و مت راستەقینە بن، بەڵام لە ڕاستییەوە نزیکن. کەسایەتییەکان یان ڕووداوەکان دروستکراوی زەینی نووسەرن، بەڵام نزیکن لەو کەسایەتی و ڕووداوانەوە کە لە واقعدا بوونیان هەیە. ڕووداوەکان هاوچەشنی ئەوەن لە واقع روویانداوە، گێڕانەوەی ڕووداو تێکەڵ بە فەنتازیای نووسەر.
سەما لە نێو ئاگردا، وەک ئەدەبێکی ڕیالیستی
ڕۆمانی ” سەماکردن لە نێو ئاگردا،هەستانەوە لە نێو خۆڵەمێشدا” لە نووسینی عیسمەت سۆفییە، بەرهەمێکی ئەدەبی ڕیالیستییە کە ساڵی ٢٠٢٣ بە زمانی ئینگلیزی نووسراوەو لەلایەن” عەلی عوسمان یاقووب”ەوە کراوە بە کوردی. ئەم ڕۆمانە لە زۆر ڕوەوە ئەتوانین وەک ڕۆمانێکی ڕیالیستی ناو ببەین. شوێنی ڕووداوەکان، کات، تەنانەت بەشێکی زۆر لە ڕووداوەکان و ئەو کۆدانەش کە لە ناو گێڕانەوەکەدان تایبەتمەندییەکی ڕیالیستی ئەدەن بە ڕۆمانەکە.
گێڕەوەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە خانمێکی سنەییە کە خۆی و ٢ مناڵەکەی لە نەرویج ئەژی. تارا خانمێکی گەنجە کە هاوژینەکەی “ئاوات” کە چالاکێکی سیاسی بووە لە ڕێستوورانتێک لە ئەڵمانیا لە لایەن کەسانێکەوە کە بە فارسی و کوردی قسەیان کردووەو هەڕەشەیان لە ئاوات کردووە کوژراوە.
کاتی دەستپێکی گێڕانەوەی ڕۆمان، سەردەمی کۆرۆنایە. مانگی مایسی ٢٠٢٠، تارا لە نۆرینگەی پزیشکی دەروونییە کە نزیکە ٥٠٠ مەتر لە گۆڕستانی ” شیرکەگۆرد”ەوە دووە.
وەک شوێن و کات، ئەوەی باسی ئەکات هەستپێکراوە. لە ڕەوتی گێڕانەوەدا ئەزانی کە سەردەمی کۆرۆنایە. سەردەمێک کە ژیان کەوتبووە دۆخێکی ناکاوەوە. دۆخێک کە مرۆڤەکان دەبوایە پەرێزیان لە یەکتر کردبا.
تارا لە نۆرینگەی دوکتۆری دەروونناسییەکەیەوە دەست ئەکات بە گێڕانەوە. ئەزانین ژنێکە کێشەی دەروونی هەیە و لە دواتردا بۆمان دەرئەکەوێت ئەم ژنە تووشی ترۆمایە. چەند فاکتەری گەورە لە پشتی ئەوەوەن کە تارا تووشی ترۆما بووە. بەڵام هەموو ئەمانەش یارمەتیدەرن بەوەی زیاتر هەست بە ڕیالیست بوونی ڕۆمانەکە بکەیت. تا ئەو جێگەی خۆی لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا باسی لەوە کردووە کەسایەتییەکانی ئەم ڕۆمانە “زادەی خەیاڵ”ی نووسەرن. بەڵام ڕووداوەکان بوونیان بووە.
گێڕانەوەی ڕۆمانەکە لە کۆتایییەکانی رژێمی پاشایەتی ئێران و سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەست پێدەکات. شوێنەکان و ناوەکان ئەوەندە ئاشنان رەنگە هەست بکرێت ڕۆمان لە ژانری مێژووییدایە. بەڵام ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی ڕیالیستی مێژوویی-سیاسی، کۆمەڵایەتییە و ناتوانین بە ڕۆمانی مێژوویی ناوی ببەین.
لە ڕۆمانی مێژووییدا، ڕۆماننووس پەنا بۆ ئەو مێژووە ئەبات کە مێژوونووسەکان دەینووسنەوە. بەڵام ئەم ڕۆمانە گەڕانەوەیە بۆ یادگەی تاکەکان، بۆ ئەو ڕووداوانەی روویانداوەو رەنگە مێژوو و بە تایبەت مێژوونووسی نەریتی لە بیری کردبێت و بیکات.
لەم ڕۆمانەدا باس لە ” نەورۆزی خوێناوی سنە ” ئەکرێت. باس لەوە ئەکرێت چۆن لە تارانەوە هێرش ئەکرێتە سەر سنە، چۆن ” دیواری دەنگی” دەشکێندرێت بە سەر شاردا و شار بۆمباران ئەکرێت. باس لە زیندانی ” ئێڤین” ئەکرێت و ئەوەی کە ” فوئاد و شوان” لەوێ زیندانی بوون. شوان کوڕی ماگوڵی و برای “هەنار” ە. هەنار یەکێکە لەو کچانەی کە پێشترلە گەڵ “هیوا” یەکێکتر لە گێڕەوەرەکانی ئەم چیرۆکە پەیوەندی هەبووە و بۆشاییەکی دەروونی زۆری لای هیوا دروست کردووە. بە هەمانشێوەی تارا کە ئەویش یەکێک بووە لەو ژمارە زۆرەی ژنان کە پەیوەندییان لەگەڵ هیوا هەبووە. هەردووکیشیان هیوایان جێ هێشتووە. یان رەنگیشە ئەوەی کە هیوا هەردەمە و هەڵپەی بووە بۆ ئەوەی ژن و کچێکی نوێ بناسێت وای کردووە ئەوان لێی دوور بکەونەوەم بەڵام ئەو هەر بە حەسرەتی هەنار و تاراوەیە.
” هەنار و تارا وەک هیچکام لە ژنەکانیتر نەبوون، کە من ناسیبوومن. ئەوان ژیانی منیان کردە دۆزەخێکی بێئامان، هەست و سۆزم بەرامبەر بەوان تێکەڵاوێک بوو لە قین و خۆشەویستی”.[1]
هەنار زیندانی ئێڤین کە “شوان”ی برای و” فوئاد”ی هاوڕێ و دراوسێیان لەوێ زیندانییە بە زیندانی “سولەیمان” ئەشوبهێنێ.
” بە پێی ئەفسانە، یەکێک لە شەیتانە سەربزێوەکان ئەنگوستیلەکەی سولەیمانی پێغەمبەری دزی، کە مۆری گەورەترین ناوی خوای بە سەرەوە بوو. سولەیمانی پێغەمبەریش بۆ سزادانی خستییە قوڵکەکە، پاشان شوورەیەکی بەرزی بە دەوەری قوڵکەکەدا دامەزراند بۆ ئەوەی شەیتانەکە نەتوانێ ڕابکا، بەڵام شەیتانی تایین کە زۆر دەهری و ترسناک بوو ، هەموو ئەوانەی دەچوونە نێو ئەو قوڵکە تاریکەوە بەو گازە ژەهراوییە دەکوشت کە لە زارییەوە بە توندی دەیپرژاند”[2]
شوبهاندنی زیندانی” ئێڤین” و زیندانی ئەفسانەیی ” سولەیمان” کە ئەم زیندانە کەوتۆتە ناوچەی تیکاب لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاوڕدانەوەیە لە ئەفسانەیەکی مێژوویی ناوچەکە بەڵام لێرەدا جیاوازی ئەوەیە شەیتان پاسداری زیندانەکەیە، سولەیمان لە زیندانە. هەنار ، شوان و فوئاد و سەرجەم چالاکانی سیاسی بە ڕەمزی چاکە ئەبینێت و بەرامبەرەکەیان بە خراپە. “لەوێ لە زیندانی ئێڤین هەموو شتێک پێچەوانەیە. هەنار هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. شەیتانە تووڕەو ترسناکەکە کە ئەنگوستیلەکەی سولەیمان پێغەمبەری دزی، ئێستا پاسداری زیندانەکەیە و سولەیمان خۆی لە زینداندایە. ئەوان شوێنەکانیان گۆڕیوە. “[3]
[1] – ڕۆمانەکە، بەشی ٤، لاپەڕەی ٥٥ ، پەڕەگرافی یەکەم.
[1] – ڕۆمانەکە، بەشی ٨، لاپەڕەی ١١٢، پەڕەگرافی دووهەم
[1] – ڕۆمانەکە، لاپەڕەی ١١٢، پەڕەگرافی ٤
ڕۆماننووس لە زمانی کارەکتەرەکانەوە بە گەڕانەوە بۆ ڕووداوە مێژووییەکان و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا و بە باسکردن لە قۆناغە سیاسییە دیاریکراوەکان، خۆی بە ئەرکدارئەزانێت بەوەی ئەو مێژووە چ وەک ژن و چ وەک تاکێکی کورد بگێڕێتەوە. بەڵام تەنها گێڕانەوەیەکی پەتی ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان نییە، بەڵکوو هەوڵدانە بۆ باسکردن لە باری دەروونی تاکەکانیش. لێرەیە دەتوانین لەم ڕوەشەوە بە ڕۆمانێکی ڕیالیستی- دەروونناسی ناوی ببەین. وەک ئەوەی نووسەر بیهەوێت هەموو کەڵکەکە تاکەکەسی و بە کۆمەڵەکانی کۆمەڵگایەک بێنێتە نووسین. ڕووداوەکان لە بیر نەکات. گەڕانەوە بۆ ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بەرهەمێکی ڕیالیستی لێ ئەکەوێتەوە. کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم بەرهەمە، دوو گێڕەوەری بەرهەمەکە و بە تایبەت ” تارا” وەک گێڕەوەری سەرەکی هەوڵیان ئەوەیە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕنەوە. کەسایەتییەکان وێنا بکەن.
تارا بگێڕەوەی سەرەکی ڕۆمان
ڕۆمانەکە دوو بگێڕەوەی هەیە، تارا و هیوا. بەڵام بەشی زۆری گێڕانەوەکان لە زمانی (تارا)وەیە. تارا خانمێکی سنەییە. لە نەرویج ئەژی لەگەڵ مناڵەکانی. مێردەکەی ئاوات، لە چێشتخانەیەک لە ئەڵمانیا تیرۆر کراوە. تارا خۆی و زانیاری کوڕی و زیلانی کچی لە ماڵێک ئەژین لە نەرویج. تارا تووشی نەخۆشی دەروونییە. ئەو لەگەڵ سێ ترۆما هەڵدەکات و بە سێ ترۆما دەوری دراوە. ڕووداوەکانی ژیان هەموویان وەک ترۆمایەک ژیانی ئەویان تەنیوەتەوەو بەسەردان کردنی دوکتۆرە دەروونناسەکەی هەوڵ دەدات خۆی لەو ترۆمایانە ڕزگار بکات.
ڕووداوە سیاسیەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٩٧٠ ەوە تا ساڵانی دواتر کاریگەری قووڵیان لە سەر ژیانی تارا جێهێشتووە. جەنگ، دوورخستنەوە بۆ “بافق” لە ناوەڕاستی ئێران و لە شوێنێکی گەرمەسێر کە بەفر لێی نادات، بە پێچەوانەی سنە و ئاویەر کە بە زستان سپی پۆش ئەبوو. لەوێ ” چاوان” و “تارا” تەنها لەبەر ئەوەی نەیزانیوە بە فارسی قسە بکەن، یان قسەکردنیان باش نەبووە، ئەشکەنجە دراون. مامۆستاکان لێیان داون. دوورخستنەوەو تاراوگە بە هۆکاری سیاسی ، سووکایەتی پێکردن لە لایەن مامۆستا و قوتابییەکانیتر. کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی تارا ماوەتەوە. تارا و چاوان لە بافق بە چەند هۆکار ئەزیەت ئەدرێن لە لایەن مامۆستاکان و قوتابییەکانیترەوە. جارێک لەبەر ئەوەی کوردن، جارێک لەبەر ئەوەی شیعە نین و سوننەن و لە هەمووشی زیاتر لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەیان دژی رژێمی سیاسی زاڵ بوون. قوتابییەکانیتر بە چاوان و تارا ئەڵێن ئێوە سوننەن و سمتان هەیە، ناچاریان ئەکەن پێڵاوەکانیان داکەنن و سمیان نیشان بدەن. باوکی یەکێک لە کچەکان کە پاسدار بووەو هاتۆتە کوردستان وتوویەتی سوننەکان لە بری پێ؛ سمیان هەیە. دایک و ماگوڵی ( دایکی چاوان) کە ئەویش لەگەڵ ئەوان دوور خراونەتەوە بە دەستی ئەو دوور خستنەوەوە ئازار ئەچێژن.
تارا هەروەها بە دەستی شتێکیترەوە ئازار ئەچێژێت، تارا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر. ئەوەش وەک ترۆمایەک بە سەر دڵییەوە ماوەتەوە. ئازاری ئەدات.
یەکێکیتر لە ناخۆشترین ڕووداوەکانی ژیانی تارا کوژرانی (ئاوات)ە. یادەوەرییەک کە کاریگەری زۆری لە سەر ژیانی خۆی و مناڵەکانی و بەتایبەت ” زانیار” داناوە. بە شێوەیەک کە کوژرانی ئاوات بووە بە هۆی ئەوەی زانیار تووشی خەمۆکی بێت. سەرەنجام بە یارمەتی “ماگوڵی” کە ئەو کات لەگەڵ هەنار لە سوید ئەژیان زانیار لەو دۆخە ڕزگاری ئەبێت.
:” یادگاری ئەو رۆژە دێتە پێش چاو کە گەشتمان بۆ ئەڵمانیا کرد. هەینی بوو. کە لە چێشتخانەیەکدا دانیشتبووین دوو پیاو لە مێزەکەی ئێمە نزیک بوونەوەو لەگەڵ ئاواتدا کەوتنە گفتوگۆ. ئیتر بە فارسی و کوردی گفتوگۆیەکیزۆر گەرمیان دەربارەی چەندین بابەت کرد. ئەو دەم زیلان لە نێو عەرەبانەکەیدا خەوتبوو، من و زانیاریش خەریکی نانخواردن بووین. لە پڕ دوو پیاوەکە لە جێی خۆیانەوە بەرزەپێ قیت بوونەوەو مێردەکەمیان دایە بەر گوللە. مێردە خۆشەویستەکەمیان بە بەرچاوی من و زانیارەوە کردە جەستەیەکی بێ گیان. لەو رۆژەوە هەمووجارێک گوێ لە هەرکەسێکی نەناس بێت بە فارسی یان بە کوردی قسە بکەن، لە ترسا قەلەمی دەست و پێم دەشکێت”. [4]
تارا بۆ خۆ دەربازکردن لە ترۆمای تەنیایی و هەروەها بە مەبەستی لەبیرکردنی ئاوات، بۆ ٤ ساڵ لەگەڵ پیتەر پیوەندی ئەگرێت، بەڵام تەنانەت ناوێری لای مناڵەکانیشی دەریببڕێت کە پیتەر، پیاوە باڵابەرزە دانمارکییەکە خۆشەویستی ئەوەو وەک کرێچی بە مناڵەکانی دەناسێنێت. دوای جیابوونەوە لە پیتەر ئێستە تەنها بە ئێنستاگرام پەیوەندییان هەیە و شتەکانی یەکتر پەسەند (لایک) ئەکەن.
کەسایەتی هیوا
ڕۆماننووس لەم بەرهەمەدا باس لە کەسایەتی هیوا ئەکات وەک یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی گێڕانەوەکە. هیوا پڕۆفیسۆرێکە(٧٠)ساڵی تەمەنە. لە سەردەمی کرۆنا لە ئەستەمبووڵ ئەژی. ئەو کوڕی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی سنەییە کە لە زانکۆی تاران کۆمەڵناسی خوێندووە. کەسایەتی هیوا لەم بەرهەمەدا جۆرێک بە وێنا کێشراوە بە پێچەوانەی (تارا)وە کە زیاتر بیر لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانی ئەکاتەوە، هیوا بیری لای ئەو کەسانەیە کە لەگەڵیان بووە. کەسێکە خۆی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیشدا پێ سەرنجڕاکێشە و وەک ڕاوچییەکی بە ئەزموونی ژنان و کچانی گەنج باس لە خۆی ئەکات. هیوا بەردەوام هەوڵدەدات لەگەڵ ژنان و کچانی زۆر گەنجتر لە خۆی پەیوەندی بگرێت. زمانی دەربڕینی خۆی ئەکات بە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی کچان و ژنانی گەنج بۆ لای خۆی رابکێشێت و دوای ماوەیەک دەستبەرداریان ئەبێت و ئەچێت بەلای ژنان و کچانی گەنجترەوە. لە سەردەمی کۆرۆنادا و لەو سەردەمەدا کە پەیوەندییەکان نەماون، پەنا بۆ پەیوەندیییەکی ئەنتەرنێتی ئەبات لەگەڵ کچێکی ٢٥ ساڵ تەمەنی گەنج بە ناوی “رۆژان” کە لەگەڵ دایکی لە کێشەدایە و بە زمانێکی بەناو زانستی بۆلای خۆی رادەکێشێت و دوای ئەوەی کە کچەکەش ئەڵێت من کەسێکی بێ ئەزموونم ئەڵێت :” کەوایە با من ئەو ئەزموونەت لە لا دروست بکەم. هەست بە چێژی شیرینی لێوە ئاڵ و گەشەکانت بکەم و جوانییە پڕشکۆکەت ببینم !….”[5]
کەسایەتی هیوا لەو جۆرە کەسایەتییە ڕۆشنبیرانەیە کە عەبدولخالق مەعرووف لە نامیلکەی ” ئادەمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواریدا” باسیان لێوە ئەکات. ئەوانەی کە هەوڵ ئەدەن ژنان و کچان بە زمانی ڕۆشنبیری لە خشتە بەرن لە پێناو حەز و ویستە سێکسییەکانی خۆیان.
“پڕسیار لەو چیرۆکنووس و مافخوازانەی ژنان ئەکەم کە دەیانهەوێ ژنی خەڵکی ماف و ئازادی وەرگرێ و دوور بێ لە هەموو چەوسانەوەیەک و رێگرتنێک و بەرهەڵستییەک، ئایا بۆ ژنانی خۆیان ئەو ماف و ئازادییە پەسەند ئەکەن؟ یان با بڵێم ئەو ماف و ئازادییەیان بۆ ژنانی سەربەخۆیان دابین کردوە؟ ئەگەر لە وەڵامدا دەڵێن بەڵێ ئەدی بۆچی لە پاشملەی ژنەکانیانەوە هەوەسبازی ئەکەن و دەیانهەوێ ئەو ژنانەی کە تا ئەمڕۆ بۆیان دەپاڕانەوەو بەزەیی خەڵکیان بۆ رادەکێشان بیانخەنە ناوی داوی داوێن پیسی خۆیان؟”[6]
سۆلین یەکێکتر لەو کچە گەنجانەی کە لەگەڵ “هیوا” پەیوەندی بووە، دواجار لە دانیشتنێکیان لە تەلارێکی کۆن و مێژوویی لە مەیدانی ” ئیستقلال”ی ئیستەمبووڵ، نفرەت و بێزاری خۆی لەو رەفتارەی هیوا دەردەبڕێت و ئەڵێت :” تۆ هەمیشە خۆت گێل دەکەیت و ڕادەکەیت، هەر دەتەوێ خۆت لە بەرپرسیارێتیی کار و رەفتارەکانت لابدەیت. هەوڵتدا لە رێگەی پەنابردن بۆ ڕا و بۆچوونەکانی لاکان و دۆلۆز و هەزار و یەک فەیلەسووف و دەروونناس، هەمووشتێک دەربارەی ئارەزووە ئاڵۆشئامێزەکانت بسەلمێنیت و…………”[7]
سۆلین هیوا بە کەسێکی ڕووخاو، تێکشکاو ئەبینێت، کەسێک لەبەر ئەوەی متمانەی بە توانای خۆی نەماوە لە کاتی جووتبوون و سەرجێی کردن، بۆ شاردنەوەی بێ هێزی خۆی بەردەوام بە دوای کەسانێکی ترەوەیە:” تۆ بە هیچ شێوەیەک رێز لە خۆت نانێیت، متمانەت بە جەستەی خۆت، بە توانای خۆت لە جووتبوون و بە تەمەنی خۆت نییە. تۆ هەمووکات گومانت لە من کردووە، چونکە لەتۆ گەنجترم، بەڵام لەبەر ئەوەی لە خۆت دڵنیا نەبوویت، منت وەلا نا و خۆت لە یەکێکی لە من گەنجتر نزیک کردەوە”. [8]
کوژرانی ئاوات وەک کۆدێک
بەشێک لەو ناوانە یان ئەو ڕووداوانەی لەم ڕۆمانەدا باسکراون کۆدن بۆ کەسانیتر یان ڕووداوی تر. ناوی ” فوئاد” و ” شوان” ، دراوسێ و برای “هەنار” و دراوسێکانی تارا، دوو کەسایەتی خەباتگێڕ و سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانمان دێننەوە یاد. “فوئاد مستەفا سوڵتانی” و ” محەممەد مائی ( شوان).
ڕووداوی کوژرانی ئاوات لە چێشتخانەیەک لە ئەڵمانیا، ئاماژەیە بە ڕووداوێکی گرینگی سیاسی. تیرۆری میکۆنۆس و تیرۆرکردنی ” دوکتۆر سادق شەرەفکەندی” و هاوڕێکانی لە چێشتخانەی میکۆنۆس لە ئەڵمانیا و لە شاری بەرلین لە رێکەوتی ١٣ی ئەیلوولی ١٩٩٣.
ئەمانە بەشێکن لە ترۆمای گشتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ترۆمای تیرۆر، لەسێدارەدان، زیندان و کوشتن لە پتر لە ٤ دەیەیە هەر هەیە و بەردەوامە.
ئەدەبی دیاسپۆرا (Exile)
ئەدەبی دیاسپۆرا بەو جۆرە لە ئەدەب دەوترێت کە نووسەر بە هۆکاری سیاسی- کۆمەڵایەتی و خۆویست یان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیەوەو لە سەر ئیرادەی دەسەڵات، وڵاتی خۆی بەجێ هێشتووەو لە مەنفا ئەژی. ئەمجۆرە ئەدەبە رەنگدانەوەی روانگە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی نووسەری بە سەردا زاڵە. هەروەها بەرهەمەکانی لە وڵاتی خۆی ئیزنی بڵاو بوونەوەیان پێنادرێت. ناتوانین بڵێین ئەدەبی دیاسپۆرا ئەدەبێکی یەکدەست و یەکجۆرە. بەڵکو و بەهۆی تایبەتمەندی ستایلی نووسینی نووسەر، یان ڕوانگەکانی، جیاوازی هەیە لە جۆری ئەدەبەکەدا، بەڵام سەرەنجام لە یەک خاڵدا یەک ئەگرنەوە ئەویش ئەوەیە لە لایەن دەسەڵاتی وڵاتی خۆیەوە ئیزنی بڵاو بوونەوە بە بەرهەمەکە نادرێت.
ئێدوارد سەعید لای وایە:” دیاسپۆرا یان مەنفا دابڕانێکی گەورە و شەقڵێکی گەورەیە لە نێوان خود و وڵاتی ڕاستەقینەی خوددا .”[9] سەلمان ڕوشدی نووسەری ناوداری هێندستانی- بەریتانی کە خۆی یەکێکە لەو نووسەرانەی بە هۆکاری بیروڕا لە دیاسپۆرا ئەژی لای وایە :” دیاسپۆرا ، مەنفا، سەفەرێکە بێ گەڕانەوە. هەستی جۆرێک (دۆڕان) نووسەر یان شاعیر دادەگرێت لەم سەفەرەدا. بەردەوام شەیدایانە چاوی لە سەر ڕابردووی خۆیەتی، تەنانەت ئەم چاو لە سەر ڕابردووە وا بکات ئەو بکات بە پەیکەرێکی خوێی.[10]
یووزێف گۆبلێز، وەزیری ڕاگەیاندنی ئەڵمانیای نازی لە ساڵەکانی ١٩٣٩-١٩٤٥ وایکرد زیاتر لە ٢٥٠٠ نووسەری ئەڵمانی، وڵات جێ بهێڵن و تاراوگە بن. گۆبلێز نووسەرانی تاراوگە بە کۆمەڵێک تەرم دەشوبهێنێت کە پشوویان وەرگرتووە. بەم مانایە ئەم وەزیری راگەیاندنەی سەردەمی نازییەکان چارەنووسی ئەم نووسەر و رۆژنامەنووس و شاعیرانە بە مەرگەوە گرێ دەداتەوە.
ئەسەد سەیف، نووسەری ئێرانی باس لەوە ئەکات ، زیاتر لە ٥٠٠ نووسەری ئێرانی لە تاراوگەن و بە نووسەرانی (بێ سنوور) یان نووسەر دیاسپۆرا ناویان ئەبات.[11]
عیسمەت سۆفییە دەتوانین وەک نووسەرێکی دیاسپۆرا ناو ببەین و ڕۆمانەکەی وەک ئەدەبی دیاسپۆرا بناسین. سۆفییە لەگەڵ ئەوەی چاوی لە سەر ڕابردووە، دەیهەوێت ئازارەکانی وڵاتێک، ئازارەکانی ژن بوون بگێڕێتەوە باس لەو بەرە نوێیەش ئەکات کە لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا لە دایکبوون. “زانیار” و هاوڕێکانی بۆ گەڕان بۆ ناسنامەی خۆیان، بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخەی کە تێیدان و بەشی زۆریان کەس و کاریان لە کوردستان لە دەستداوە، لە کەناڵێکی تێلگرامی کۆبوونەتەوەو خەریکی باسکردنن لە پرسە سیاسییەکانی کوردستان و گفتوگۆ دەکەن و وەک خۆیان ئەڵێن خۆیان ئامادە دەکەن.
نووسین ڕێگایەکە بۆ دەربازبوون لە ترۆما
لە ڕۆمانی The Color Purple لە نووسینی ئالیس واکێردا، کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە کاتێک لە ترۆما رزگاری ئەبێت، کە دەتوانێت فێری نووسین بێت. نووسین و گێڕانەوە وەک ڕێکارێک بۆ دەربازبوون لە ترۆما هەڵدەبژێرێت.
لە گێڕانەوەی ترۆمادا كە ئەكرێت لە چنگی رزگارمان بێت و دەرمان بكرێین. ئەو كەسەی بووە بە قوربانی توندووتیژی بە گێڕانەوەی ئەو شتەی بەسەریدا هاتووە لە ئێستادا جارێكیتر ڕابردوو بەرهەم دەهێنێتەوەو كۆتایی بەو بێدەنگییە نەخوازراوەی خۆی لە ڕابردوودا دێنێت. مەبەست لەم شاهیدیدان و گێڕانەوەیە ئەوە نییە کە ڕابردوو کوت و مت وەک خۆی بە وێنا بکێشیتەوە، بەڵکوو مەبەست لێی شكاندنی بێدەنگییە. وەستانەوەیە دژی بێدەنگی.
باسكردن لە ڕابردوو لە ئێستاداو زاڵبوون بەسەر بێدەنگی مێژووییدا، بۆ ئەوەیە بەرگری لە عەداڵەت بكرێت، لە ڕابردوودا (كە ترۆما تێیدا ڕوویداوەو) و هەروەها لە ئێستاشدا ( كە ترۆما دەگێڕدرێتەوە)، وەك مێژوونووسێك كە ئەركی خۆی بەوە دەزانێت كە بانگ لە مردووەكان بكات، شكست خواردووەكان و ئەو شتانەی نەنووسراون، ئەو ئەزانێت كە مێژوو ئەمانەی بێدەنگ كردووەو خستوویانیەتە پەراوێزەوە.
هیچ ترۆمایەك بە تەواوەتی ترۆمایەكی تاكەكەسی و تایبەتی نییە و هەموو ترۆماكان ترۆمای بەكۆمەڵ و گشتین. نووسەری ڕۆمانی “سەماکردن لە نێو ئاگردا” لەبری سەرجەم ئەو كەسانەی كە ئەزموونی هاوشێوەیان بووە، بەڵام توانای دەربڕین و باسکردنی ئەو ئەزموونەیان نییە قسە دەكات و بێدەنگییەكەی بە گێڕانەوەكەی خۆی دەشكێنێت. دەربڕینی ئەزموونی ئازار و ئەشكەنجە لە نموونەی لەمجۆرەدا ڕەخنەگرتن لەو کەلتوورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە کە زاڵە و تاکەکان ئەکات بە قوربانی.
گێڕانەوە ئەو دەرفەتە بە کەسایەتییەکان ئەدات لە ترۆما ڕزگاریان بێت و هەستنەوە، هەستانەوەیەکی ” سیمورغ” ئاسا لە نێو خۆڵەمێشی خۆیان.
لە ڕۆمانی The Color Purple کەسایەتی سیلی (Celie ) کە فێری خوێندن و نووسین ئەبێت و زمانی دەربڕین پەیدا ئەکات لەو ترۆمایە رزگاری ئەبێت، وەک چۆن سەرەنجام هەست ئەکەیت تارا لە چنگی ترۆما ڕزگاری بووە لەبەر ئەوەی خەریکە خۆی ئەنووسێتەوە.
[1] – ڕۆمانەکە، بەشی ٤، لاپەڕەی ٥٥ ، پەڕەگرافی یەکەم.
[2] – ڕۆمانەکە، بەشی ٨، لاپەڕەی ١١٢، پەڕەگرافی دووهەم
[3] – ڕۆمانەکە، لاپەڕەی ١١٢، پەڕەگرافی ٤
[4] – ڕۆمانەکە، لاپەڕەی ٩٨- ٩٩
[5] – ڕۆمانەکە، بەشی ٤ ، لاپەڕە ٦١ پەڕەگرافی ٢
[6] – ئادمیزاد لە کۆمەڵی کوردەواری، عەبدولخالق مەعروف، ١٩٨٥
[7] – ڕۆمانەکە، لاپەڕەی ١٥٩ پەڕەگرافی سێهەم
[8] – ڕۆمانەکە، لاپەڕەی ١٦١، پەڕەگرافی یەکەم
[9] – Edward Said, “Reflection on Exile” in his Reflection on Exile and other essays, Cambridge, Mass: Harvard University Press, 200
[10] – Salman Rushdie: Imaginary Homelands, London, Granta,1992.
[11] – https://www.dw.com/fa-ir/%D8%A7%D8%AF%D8%A8%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D8%AA%D8%A8%D8%B9%DB%8C%D8%AF-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%AE%D8%B4-%D8%AC%D8%AF%D8%A7%DB%8C%DB%8C%D9%86%D8%A7%D9%BE%D8%B0%DB%8C%D8%B1-%D8%A7%D8%AF%D8%A8%DB%8C%D8%A7%D8%AA-%D8%AC%D9%87%D8%A7%D9%86/a-17054325
ئەم بابەتە پێشتر لە گۆڤاری “تــــەوار” بڵاوکراوەتەوە