بەختیار حەمەسوور

سەبارەت بە چیرۆکی نوێ و ڕۆڵی لە دنیای تازەدا، هەمیشە پرسیارێک لە بەردەممان خۆی قوت دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا چیرۆکی نوێ تا چەند ڕەنگدانەوە و هەڵگۆزتەی دنیای تازەیە؟ دنیایەک کە هەر ساتێک بە خێراییەکی لە ڕادەبەدەر دێت و بە هەمان خێرایی ئاوا دەبێت، ڕووداوەکان بەرەودوای یەک، بە تیژتێپەڕی بە لاماندا تێدەپەڕن و بڕێک جار ئەسڵەن فریای تەماشا و لێڕامان و وەستان و قووڵبوونەوەیان ناکەوین. ئەمە پرسێکە دەتوانرێت ئاراستەی چیرۆکی نوێ و چیرۆکنووسانی ئەمڕۆش بکرێت، پرسێک کە وەڵامدانەوەی لای دەقی نووسراوە، واتە ئەو چیرۆکەی چیرۆکنووس دەینووسێت و ئاراستەی خوێنەرانی دەکات. لە دنیادا ئەمڕۆ چیرۆکنووسان خەریکی ئەو ڕوانینەن کە چی لە دەوروبەریان دەگوزەرێ، خۆیان لەناو ئەو گۆڕانکارییە خێرا و گەورانەدا دەبیننەوە کە لە هەر چرکەیەکدا ڕوو دەدات، وەڵامی ئەوان بەو دۆخگۆڕکێ و کەوڵاوکەوڵە، بە چیرۆکەکانیانە، بەو بەرهەمانەی کە لە ڕێیەوە پێمان دەڵێن تاک لە چەقی ڕووداوەکانی سەردەمدا، چ ڕۆڵ و پێگە و کاریگەرییەکی هەیە، هاوکات، کۆی ئەو دۆخ و ڕووداوانەش لەسەر تاک و پاشتریش خێزان و کۆمەڵگە چییە و چۆناوچۆنە.

کۆمەڵەچیرۆکی وەرگێڕاوی “وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی” هەڵبژاردەی کۆمەڵێک چیرۆکی کورتی نوێیە لە کۆمەڵێک چیرۆکنووس لە ئەدەبیاتی دنیا، ئەم کتێبە لە لایەن مامۆستا ڕەووف بێگەردەوە کراوە بە کوردی و هەڵبژرادنی ئەم چیرۆکانە لە لایەن خودی وەرگێڕەوە، دەرخەری سەلیقە و ناسینی ئەون بۆ چیرۆک و کردەی چیرۆکنووسیی. دیارە ئەمە یەکەم جار نییە مامۆستا ڕەووف بێگەرد چیرۆکی جیهانی و بە تایبەت چیرۆکی هاوچەرخ بکات بە کوردی، بەڵکو ساڵانێکی دوورودرێژە، لە پاڵ ئەزموونی نووسینی چیرۆکنووسیی خۆیدا، بەردەوام سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەو چیرۆکانەش بووە کە سەرنجیان ڕاکێشاوە و بە گرنگی زانیون بۆ ئەدەبی کوردی. ئەم کتێبە لە دووتوێی ١٤٢ لاپەڕەدا و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ چاپ و بڵاو بووەتەوە. کتێبەکە وێڕای پێشەکییەکی پوخت و گرنگ، لەم چیرۆکانە پێک هاتووە: “خەو: کاترین ویبەر، شیرینی: نایان ڕاج باندی، پێویستییەکان: گریس پالی، جێژوانی خێزانێک: جون ویلیەم تشیفەر، تەقینەوە لە ژووری میواندا: بای شیاویی، سەمای کان ـ کان: ئەرتورو فیفانتی، شەڕی دوو لێبووک: میکاکۆتۆ، وەستانی پەخشی تەلەفزیۆنی: ئارت بوخالد، ژێرزەوی: سیلفینا ئوکامبو، بێبەزەیی: ویلیەم دی میل، یەکشەموانێکی سەیرانگە: بیل کاوفمان، چارەنووسە ترسناکەکەی میلبومینوس جۆزن: ستیڤن لیکۆک، بەفر: ئان بیتی، نهێنییەکان: تیم ونتۆن، هاوسەر: فرانتر کافکا و سزا: فرانتز کافکا”.

هەریەک لەم چیرۆکانە لە چەند لاپەڕە تێپەڕ ناکەن و خوێندنەوەیان هەر چەند خولەک دەخایەنێت. ئەوەی شیاوی باسە کە لە تەنیشت هەر چیرۆکێکەوە ژیاننامەیەکی پوختی نووسەرەکەی نووسراوە، تێیدا ساڵی لەدایکبوون و مردن و هاوکات گرنگترین بەرهەمی نووسراو و خەڵاتی ئەدەبی کە وەریگرتووە، ئاماژەی پێدراوە. کتێبەکە خۆشدەست و خۆشخوێنە، خوێنەر دەباتە ناو دنیای تازەی چیرۆکەوە و وای لێ دەکات کە ڕوانینی بۆ ئەدەبیات و چیرۆک بە تایبەت، لە گۆشەی تازە و نەدیتراوەوە، ئاراستە بکرێت.

لە پێشەکیدا، وەرگێڕ بەم جۆرە باس لەم کتێبە و گرنگی چیرۆک دەکات: “کورتەچیرۆک ژانرێکی پەخشانئامێزی ئەدەبییە، وەک هەر بەرهەمێکی داهێنانی دی، خاوەن شوناس و تایبەتمەندی و مێژووی درەوشاوەی خۆیەتی، چ لەسەر ئاستی ڕووداو، یان کارەکتەر و تەکنیکی گێڕانەوە. لەم ڕووەوە دەبێت ئاگادار بین چیرۆکی ئاسایی، یان ئەوەی ناوی کورتەچیرۆکی (Short Story) لێ نراوە، جیاوازە لە کورتیلەچیرۆک، یان ئەوەی ناوی لێ نراوە چیرۆکی زۆر کورت (Vere Short Story) چ وەک مەودا، یان ڕەهەندی کارەکتەر و تەکنیکی گێڕانەوە، بەڵام هەردووکیان (ڕۆمانیشی لەگەڵدا بێت) سەر بە ڕەگەزی گێڕانەوەن، کۆلکەهاوبەشەکانیان کارەکتەر و ڕووداو و گێڕانەوەیە.

من هەر لە سەرەتای ساڵانی حافتای سەدەی ڕابردووەوە کورتیلەچیرۆکم بە ڕۆژانەچیرۆک ناوزەد کردووە، بەو مانایەی دەتوانیت لە ڕۆژێکدا زیاد لە یەکێک لەو چیرۆکانە بنووسیت، کە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە، دەشێت لە ڕۆژێکدا زیاد لە دیمەنێک، هەواڵێک، کارەساتێک و دیاردەیەک سەرنجت ڕابکێشێت و بکرێت بە کەرەستەی چیرۆکێک کە ژمارەی وشەکانی ٥٠ ـ ٦٠ وشە زیاتر نەبێت. لە کاتێکدا کورتەچیرۆک زۆر لەوە زیاترە و ڕێکدەکەوێت مەوداکەی بگاتە ٧ بۆ ٨ هەزار وشە.

لەم چیرۆکانەدا بەسەرهات و دیمەنگەلێک دەبینیت، دەشێ پێت سەیر بن، بەڵام ڕاستییەکی نکووڵی لێ نەکراون، مۆرکی زۆر تایبەتی کۆمەڵگەیەکیان پێوەیە، کە دەبن بە شوناس و پێناسە بۆ سەردەمەکە و هەڵسوکەوت و چالاکییە دیارەکانی مرۆڤەکانی. ئەمە لە خۆیدا لایەنێکی ئەرێنییە بۆ هەر بەرهەمێکی ئەدەبی، بە ڕای من ئەو واقیعە مێژووییەی لە ئەدەبدا ڕەنگ دەداتەوە، ڕستگۆیانەترە لەوەی زۆر جار بە ناوی مێژووەوە دەنووسرێت، بەڵام سەر بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، یان دەسەڵاتخوازییە، ئەمەیان دوورکەوتنەوەیە لە ڕاستەڕێگەی هەقیقەتگوتن و وەک ئەنجام کارەساتە.

ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، جگە لە هەردوو چیرۆکی “سزا و هاوسەر”ی فرانز کافکا، کە لە فارسییەوە وەرمگێڕاون، هەموو ئەوانی ترم لە کۆمەڵەچیرۆکی “شەڕی دوو لێبووک”، لە عەرەبییەوە کردوون بە کوردی، کە نووسەر و وەرگێڕ ” جەودەت جالی” لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاون و دامەزراوەی مەئموون بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٩ چاپی کردووە.

هیوادارم بە دڵی چیرۆکدۆستانی ئازیز بێت.”

***

وەک وەرگێڕی ئازیز، مامۆستا ڕەووف بێگەرد ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم چیرۆکانە سەر بە دنیای ئەمڕۆن و هەریەکەیان هەوڵ دەدات لەو ڕووبەرە بچووکەدا، ئەو دنیایە ڕۆ بنێت لە کۆمەڵگەکەی خۆیدا دەقەومێن، ڕەنگدانەوەی دەرکەوتەکانی ئەمڕۆن، بە تایبەت ئەو دەرکەوتانەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تاک و خێزان هەیە، ئەم چیرۆکانە بە چڕی و شاوڵی، لەسەر تاک و خێزان کار دەکات، بە تایبەتیش دنیای ژن و پیاو لە ماڵێکدا، پەیوەندی نێوان خۆشەویستان، لێک نەگەیشتن و بەدحاڵیبوون، ئەو وردە کێشانەی پەرەیان پێ دەدرێ و گەورە دەبن و دەبنە هۆی گرژی و گرفتی هێجگار ئاڵۆز، کە چارەیان چیدی لە دەستی کەسدا نامێنێت و سەرجەم ئەو گرێبەستانەی پێکەوەبوون، تێیدا هەڵدەوەشێنەوە و کۆتاییان دێت. ئەوەی کە ئەم تێمایانە بە چ ئیمکانێک دەرخرێنە ڕوو، ڕەنگە گرنگترین پرسی جوانیاناسانەی ئەدەبیی بێت، چیرۆکنووسانی ئەم کتێبە لە ڕێی هونەری چیرۆکەوە هەوڵ دەدەن ڕاڤەی دنیای ئەمڕۆ بکەن، نەک بە گوتار و دروشم و قسەی ئاسان و سادە، بەڵکو لە ڕێی گێڕانەوەی مۆدێرن و لە زمانێکی چڕی تۆکمەدا، کە نوێنەرایەتی دنیای نوێی ئەدەبیات بکات. ئەم چیرۆکانە پێت دەڵێت کە دەکرێت هەرچی زیادە و پەراوێزە لە دەق داماڵرێت و بە تەنیا کرۆک و ئەوەی جەوهەرییە، بمێنێتەوە. چڕی و دەستگرین بە وشە، یان ئەوەی بە “ئابووری وشە” ناودێر کراوە، لەم چیرۆکانەدا بە جوانترین شێوە تەعبیری لێ کراوە، ئەم چیرۆکانە نموونەی بەرجەستەی چیرۆکی گوشراو و چڕکراوەن لە بچووکترین ڕووبەردا.

لێرەدا پێکەوە یەکێک لە چیرۆکەکان دەخوێنینەوە، بۆ ئەوەی خوێنەر لە جوانی کتێبەکە دانەبڕێ و دواتریش چەند دێڕێک دەربارەی چیرۆکەکە دەنووسین.

***

بەفر

ئان بیتی

ئەو شەوە ساردە لە بیر ناکەم کاتێک باوەشێک دارت هێنایە ژوورەکەوە. لە کاتی دانانی دارەکەدا سمۆرەیەک بازی دا خوارێ و تێپەڕی، گوتت: “ئەوە چی دەکەیت لێرە؟” کە لە ژووری موبەقەوە بەرەو کتێبخانەکە چوو، وەک شارەزاییەکی چاکی لە ماڵەکەدا هەبێت وا بوو، کەس بڕوای نەدەکرد. لە بەردەم دەرگای پێشەوە وەستا، حەفتەی یەکەممان لەو ماڵەدا بەسەر برد، تیایدا دەگەڕاین، ئاگاداری کۆڵێک لە نهێنی ناو ماڵەکە بووین، بۆ نموونە کاغەزی سەر دیوار لەژێر کاغەزی تردا، لە چێشتخانەکەدا، بەسەر کاغەزەکانەوە، وێنەی کەپری سپی نزیک بە ڕەنگی ئاڵتوونی بە تەنیشت بەرسیلەی دارێکەوە. ئەو کاتەی بە ڕەنگی زەرد دیوارەکانمان بۆیاخ دەکرد، بیرم لە شکانی دارمێوەکە کردەوە، کە لەوانە بوو وەک هەندێک ڕووەکی تر لەژێرەوە هەڵبداتەوە.

لە ڕۆژی بەفرە گەورەکەدا، کە پێویست بوو لەسەرت ڕێگەکە بەفرماڵ بکەیت، کڵاوەکەت نەدۆزییەوە و پرسیاری ئەوەت لێ کردم چۆنچۆنی خاولییەک بە سەرتەوە ببەستیت کە نەکەوێت، تۆ بەو خاولییە سپییەی سەرتەوە دەبووی بە پاشای شێتی بەفر، پێویست بوو هەموو بەیەکەوە بین. شار بەجێ بهێڵین و ڕوو لە گوند بکەین. لەوێ زۆر کەس سەردانیان کردین، زۆپاکەش حەزی گەلێکیانی بزواند تا چیرۆکی سەیر سەیر بگێڕنەوە. چیرۆکی ئەو منداڵەی بە ڕێکەوت لە پەنایەکی لای ڕاستەوە وەستابوو، کاتێک دەرگای ئەرەبانەی ئایس کرێمەکە کرایەوە، سەدان نوقڵی مژین کەوتنە خوارەوە و شکان، هەروەها چیرۆکی ئەو پیاوەش کە لە کەناری ڕووبارەکەدا وەستابوو، لمی بەر خۆرەکە دەبریسکێتەوە، پیاوەکە شوێنێکی بینی لە جێگەکانی دی زیاتر دەبریسکایەوە، بۆیە بەرەو ئەوێ چوو، تەماشای کرد ئەنگوستیلەیەکی گەوهەر بوو. ئایا دەبێت ئەوان وا بزانن ئێمەیان لەگەڵداین، چونکە باسی شتی سەیریان کردبوو؟ من وای بۆ دەچم ئەوان لای خۆیانەوە وایان داناوە ئێمە سەرناکەوین. ئەی تۆ ئەو شەوەت لە یادە کە چووینە دەرەوە و تا ئەژنۆمان لە بەفر چەقی، سەرمان بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە و بایش زیاتر دنیای سپی دەکرد؟ وەک دنیا قڵپ بووبێتەوە وابوو. ئێمەیش تەماشای کێڵگە فراوانەکەی گێزەری کێویمان دەکرد، پاان کاتێک گڵۆپەکانی پێشەوەمان کوژانەوە، ئێمە یەکەم ماشێن بووین بەنێو بەفرە تازە باریوەکەدا تێپەڕیین. پێدەچوو لە دەرەوەی ماشێنەکەدا زیاد لە پێویست خۆرەتاو بێت.

تۆ بە جۆرێکی جیاواز بیر لەمە دەکەیتەوە، وا دەزانیت ئەو سەرمایە بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە. گوایە هەموو شەوێک بازنەیەک ڕووناکی لە مانگ جیا دەبێتەوە، بۆیە بە لاتەوە نائاسایی نییە ئەگەر ئاسمان ڕەش داگەڕابێت. سمۆرەکەش بۆیە ڕای کردووە تا خۆی لە تاریکاییەکەدا بشارێتەوە. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی دەرگایەک هەیە و دەتوانێت لەوێوە بۆی دەربچێت. میوانەکانی ئێمەیش هەمان ئەو چیرۆکەیان گێڕایەوە کە هەموو کەسێک دەیزانێت. گوتم: “چ دراماتیکییەک لە ژیاندا دروست دەبێت ئەگەر زۆربەی ئەو چیرۆکانە لا ببرێنن و نەهێڵرێن.” با وا بێت، کەواتە وا من گەڕامەوە بۆ دراماکە. ماشێنەکەم بەرەو ئەو ماڵە لێخوڕی کە تیایدا بووین. ئێستا مانگی نیسانە، (ئالن) مردووە، (ئالن)ی دراوسێمان، زیاد لە هەموو ئەو میوانانەی سەرمان لێ دەدەن، ئالن هاوڕێیەکی دڵسۆز و پیاوی ڕۆژانی تەنگانە بوو. من لەگەڵ ژنەکەیدا لە موبەقەکە دانیشتم. لە دەرگا شووشەییەکەوە تەماشای گۆڕەپانەکەی پێشەوەمان دەکرد، ئەستێڵەکەی ئالنی لێ بوو، لەبەر زستان بە پلاستیکی ڕەش داپۆشرابوو، دایکردە باران، ئاوێکی زۆر کەوتە سەر پلاستیکەکە، تا چووە ناو ئیسفلتەکەوە.

بە ماشێنەکەم بە بەردەم ئەو خانووەدا تێپەڕیم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ماڵی ئێمە بووە. سێ چوار دار زەعفەرانی گوڵگرتوو بەرانبەرم بوو. تەنیا هەندێک شوێن پەڵەی سپیی پێوە مابوو، بەفر گۆڕی گوم بوو، بۆیە هەستم بە پەشۆکانی خۆم کرد.

ئەمە چیرۆکێکە، وەک خۆمان دەڵێین حیکایەتە. کیژۆڵەیەک گەورە بوو، کەوتە دنیای خۆشەویستییەوە، لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا هەموو وەرزی زستانی لە گوند بەسەر برد. بێگومان ئەمە هێڵی سەرەکی چیرۆکەکەیە و چەندوچوونی بێهوودەی نەگەرەکە و بێمانایە. وەک ئەوە وایە لە ڕۆژێکدا کە بەفر بە خێرایی دەبارێتە سەر زەویی تۆ، لەسەر زەوییەکە دان بۆ پەلەوەر ڕۆ بکەیت “کێ چاوەڕێی ئەوە دەکات، لە کاتێکدا تەنانەت شتە گەورەکان ون دەبن و نامێنن، شتە بچووکەکان ڕزگاریان بێت” خەڵکی ساڵەکان لە بیر دەکەن و چرکەساتیان لە بیرە. دەستبەرداری ڕەمزەکان دەبن بۆ شتە بچووکەکان. ئەستێڵەکە ڕەش داگەڕاوە. خۆشەویستی، لە بچووکترین شێوەیدا دەبێت بە وشە. ئەوەی تا ئێستا لە هەموو شتەکانی ئەوسا لە بیرم ماوە زستانێکە و بەفر. کە دەڵێم بەفر هەڵم لە دەمم هەڵدەستێت. باسی ئەو بەفرماڵە نەکرا کە بەردەوام لەوێ کەوتبوو، بەفری سەر ڕێگە تەسکەکەمانی دەماڵی. خوێنبەرەکان پاک بوونەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە ئێمە نەیزانی شوێنی دڵ لە کوێدایە.

***

ئەم کورتەچیرۆکە کە هیی خانمەنووسەرێکی مۆدێرنی ئەمریکایە، لە یەکەم خوێندنەوەدا چڕ و ئاڵۆز و خۆبەدەستەوەندەر دەردەخات، بەڵام ئەگەر دەرفەت بە خۆمان و چیرۆکەکەش بدەین و زیاد لە جارێک بیخوێنینەوە، ئەوا دەکرێ هەندێ لایەنی ناڕوونی ڕوون ببێتەوە. چیرۆکەکە لەسەر “یادەوەری” بونیاد نراوە، هێڵی سەرەکی “یادەوەری”یە، ناوی چیرۆکەکە “بەفر”ە، دەکرێ ئاماژە بێت بۆ یادەوەریی ئەو ساڵانەی دوو خۆشەویست لە گوند پێکەوە بەسەریان بردووە و “تا ئەژنۆیان لە بەفری یادەوەریدا نوقم بووە”، ئێستا لەو یادەوەریانەی تەواوی ژیانیانی سپی کردبوو، “بەفرماڵ” بەشێکی زۆری سڕیوەتەوە و تەنیا بیرەوەرییە ورد و بچکۆلەکان ماونەتەوە. ئەم چیرۆکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکش ستایشی ئەو یادەوەرییە بچووکانە دەکات کە لە ژیانی هەریەکەماندا هەن، دەکرێ ئەو یادەوەرییانە هەرمان بن و باقیی ئەوەی هەیە هەبا ببێت.

بە ڕواڵەت چیرۆکەکە شتانێک دەگێڕێتەوە کە هەست ناکەی پەیوەستییەکی وایان لەگەڵ هێڵە سەرەکییەکەدا هەبێت، باسی کەسانی تر، چیرۆکی شوێنی تر، هەندێ گێڕانەوەی تەنزئامێز، باسی دراوسێیەک کە چیدی نەماوە، سمۆرە و ئەستێل و داری ئاگر و زۆپا و… بەڵام لەو ناوەدا باسی “خاولی” و ژوورێکی تایبەت کە هاڵاوی خۆشەویستی تێیدا پەنگی خواردووەتەوە، کە کەشی دەرەوە: سەرما و زستان و بەفر کار لەو گەرمی و پێکەوەییە ناکات کە لەو ژوورەدا دێت و دەچێت.

باسی “یادەوەری”مان کرد، لە چیرۆکەکەدا، کە هەر هێندەی لەپی دەستێکە و خوێندنەوەی هەر دەکرێ بە ڕاکشانەوە بێت، لە چەند شوێندا، ناوی “ماشین” دێت، پێم وایە ئەم ماشێنە ماشێنی یادەوەرییە، لەو هاتن و چوونانەی کە بەو ماشێنە دەکرێت، خوێنەر دەتوانێت دیققەت بدات، کە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی ماشێنەکەدا شوێن و زەمەنیش دەگۆڕێت، بە واتایەکی تر: ئەو ماشێنە بەناو یادەوەریی ئەو دوو کارەکتەرە و کۆی بیرەوەریی پێکەوەییان و هەموو ئەو شوێن و کاتانەی ئەوان لێی ژیاون و پێیدا تێپەڕیون، دەور دەکاتەوە و تێدەپەڕێت. ئەم ماشێنە بزوێنەری چیرۆکەکەیە، جووڵێنەری یادەوەرییەکانە، بیرخەرەوەی ئەو وردەڕووداوانەیە لە گشتیەتیی ڕووداوەکاندا ماونەتەوە و ڕزگارییان تەنیا بە گێڕانەوە دابین دەبێت. پێم وایە ئەمە سەرنجڕاکێشترین خاڵی ئەو کورتەچیرۆکەیە، نووسەر زۆر بە شارەزایی سوودی لە “ماشێن” وەرگرتووە، بۆ بەگەڕخستنی “یادەوەری” و بیرهێنانەوەی ئەوەی کە گرنگ و چارەنووسسازە.

خاڵی کۆتایی، چەند دێڕی دوایینە: “ئەوەی تا ئێستا لە هەموو شتەکانی ئەوسا لە بیرم ماوە زستانێکە و بەفر. کە دەڵێم بەفر هەڵم لە دەمم هەڵدەستێت. باسی ئەو بەفرماڵە نەکرا کە بەردەوام لەوێ کەوتبوو، بەفری سەر ڕێگە تەسکەکەمانی دەماڵی. خوێنبەرەکان پاک بوونەوە، بەڵام هیچ کەسێک لە ئێمە نەیزانی شوێنی دڵ لە کوێدایە.” ئەم کۆتاییە ڕوونتر و ڕەوانتر ئەو کەشفەی ئێمە جەخت دەکاتەوە، لێرەدا “بەفرماڵ” دەکرێت خودی زەمەن و تێپەڕینی بێت، کە بەشێکی بەرچاوی بیرەوەری لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت، وەک لە سەرەتاوە گوتمان “بەفر” هێمای یادەوەرییە، ئەو یادەوەرییانەی بەفرماڵ نەیماڵیون تایبەتن بە خۆشەویستی و لە شوێنێکدا نیشتەجێیە کە ناوی دڵە.

دەربارەی کتێبی من بووم بە تۆ

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی تر لە کتێبە ناوازە و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (من بووم بە تۆ) بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و بریتییە لە (بیۆگرافی ڕۆمان) خانمە نووسەری ناوداری عەرەب (ئەحلام موستەغانمی) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (پشکۆ نەجمەدین) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

 خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، بە زمانێکی نەرم و شاعیرانە، بە تەکنیک و شێوازێکی ئەدەبیی باڵا، بە گێڕانەوەیەکی چێژبەخش، بەر چیرۆک و دەردەڵییەکانی کیژێک دەکەوێت لە خودی خۆی و خێزان و کۆمەڵگە و ئەو سەردەمە بەدەی تێیدا ژیاوە، هاوکات بابەتی سیاسی، داگیرکاریی جەزائیر کە زێد و نیشتمانی نووسەرە لە لایەن دەوڵەتی فەڕەنساوە، ژیانی کۆمەڵایەتی، خوێندنەوە و نووسین تا ئاستی ناوبانگ، بەشێکی گەورە لە کتێبی (من بووم بە تۆ) پێک دەهێنن و تیایدا ئەم خانمە نووسەرە، دەستی بۆ کولاندنەوەی برینەکانی ڕابردووی جەستە و ڕووحی خۆی بردووە، بە گشتی خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا، گەشتێک بە ژیانی ڕابردووی کۆمەڵێک کاراکتەر و کەسایەتیدا دەکات، هەروەها بە هۆی ئەو کەسانەوە ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێک ڕوودا و کارەساتی مێژوویی.

تێکستەکە بە شێوەی نامە نووسراوە، نامەی کچێک بۆ باوکی، یاخود دەکرێت بڵێین ئەو نامانە بیانوویەکن بۆ ئەوەی نووسەر پەردە لەسەر نهێنییەکانی ژیانی خۆی، پەیوەندەییەکانی نێوان کچ و باوک، بوونی دایک وەک ژنێکی ئاسایی کۆمەڵگەی عەرەبی هەڵبماڵێت، لە ڕاستیدا بێ پەردە و ئازایانە ئەوەی چەندین ساڵە لە دڵیدا پەنگی خواردووەتەوە، بە هۆی نامەکانەوە بەرهەڵدایان دەکات و دید و تێڕوانینی خۆیشی لەمەڕ ڕووداو و بابەتەکان دەخاتە ڕوو.

لە ڕاستیدا ئەو دیدێکی ڕەخنەیی تەواو تووندی هەیە لە فەزای گشتی ژیان، کولتوور و فەرهەنگ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی، بە تایبەت ئەو ڕوانگە نێرسالارییە فیکر و کۆمەڵگەی عەرەبی بۆ ژن و پێگەی ژن هەیانە، کە هەمیشە بە چاوێکی کەمتر و کەمبایەختر لە ژن و دۆز و چالاکیی ژن دەڕوانن.

ئەحلام موستەغانمی، لەم کتێبەدا کە وا دەردەکەوێت ڕوودا و گێڕانەوە و چیرۆکەکانی ڕاستیی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، بە دیاریکراوی پەیوەندیی نێوان خۆی وەک کچ و باوکین، لە سەروەختی منداڵی خۆیەوە دەست بە گێڕانەوە دەکات، قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ گەورە بوون و هەڵکشانی تەمەندا دەرکی بە شتەکان و نهێنییەکانی ئەو ڕۆژگارە زیاتر دەبێت، ئەو کچی خێزانێکی عەرەبییە، بەڵام بە هۆی بوونی باوکێکی، خوێندەوار، سیاسی، خاوەن پێگەی دیبلۆماسی و شۆڕشگێڕ، کە ماڵەکەی پڕیەتی لە کتێب و سەرچاوەی مەعریفیی گەورە، بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاواز لە منداڵ و کچانی هاوتەمەن و هاوسەردەمی خۆی، لە ڕووی فیکرییەوە گەشەیەکی بەرچاو دێت بە سەریدا، بە تایبەت بە شێوەیەکی زۆر قووڵ و ورد سەبارەت بە دۆخی سیاسی و هێزە بەرهەڵستکارەکانی جەزائیر و دروشمەکانی سەردەمی (شۆڕشچێتی) قسەی تووند دەکات و لە دیدێکی ڕەخنەییەوە ئەو دۆخ و هەلومەرجەی ئەو ڕۆژگارەمان پێ دەناسێنیت کە وڵاتەکەی کەوتبووە بنپێی داگیرکاریی فەڕەنساوە، بەڵام دواتر و پاش ئەوەی داگیرکارانی فەڕەنسا لە جەزائیر پاشەکشە دەکەن، سەرجەم بەڵێن و دروشمەکانی شۆڕشگێڕ و هێزە بەرهەڵستکارەکانی دوێنی بەتاڵ دەبنەوە، کاتێ دێنە سەر تەختی دەسەڵات، لەبری ئاوەدانی و ئاوڕدانەوە لە ژیانی کولەمەرگیی خەڵک، پشت دەکەنە دروشم و بەڵێنەکانی دوێنیان و ڕوو دەکەنە ژیانی شاهانەی خۆیان، لێرەدا (ئەحلام موستەغانمی) ڕاستگۆیانە پێمان دەڵێت کە بەشێکی زۆر لەو سیاسی و شۆڕشگێڕانەی دوێنێ کە بەڵێنی دنیایەکی باشتریان بە خەڵک و کۆمەڵگە دەدا، ئێستا خەریکی قژڕەشکردنەوە، ژیانی نێو کۆشک، هێنانی ژن و دووم و سێهەمن و هیچ باکیان بە ژیانی خەڵک نییە، هاوکات نموونەی سیاسی و کەسانی شۆڕشگێڕ پاکیشمان پیشان دەدات کە باوکی خۆی نموونەیەکی بەرچاوی ژیانیەتی، کە دوای شۆڕش، کاتێ ئەو دۆخە نالەبارە دەبینن، بەرگە ناگرن و تووشی تێکچونی حاڵەتی دەروونی و تەنگەژەی دەروونی دەبن، بێدەنگیان دەکەن و گاڵتە بە ڕاستگۆیی و پاکی و دڵسۆزییان دەکەن.

لێرەدا نووسەر بە شێوەیەکی جوان و ورد دێتە سەر باسکردنی دۆخی ڕۆشنبیری و فەزای ئەدەبیی وڵاتەکەشی، لەشکری ئەو مامۆستای زانکۆ، خاوەن بڕوانامە، نووسەر و ڕۆشنبیرانەشمان پێ دەناسێنێت کە لە باوەشی حیزب و ڕێکخراوەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە هەڕەشە لە دەنگی نوێ و جددی، جوان و داهێنەرانە دەکەن، دەرگای هۆڵی چالاکییەکانیان بە ڕوودا دادەخەن و داهێنان و جوانییەکانیان بێبایەخ دەکەن، بە تایبەت جەنگی گەورەی نێوان نەوەکان، نەوەیەک کە بەو بارودۆخە نالەبارە ناڕازییە و خوازیاری گۆڕانکاریی گەورەن، نەوەیەکیش کە بازاڕی وشە و نووسین و گیرفانیان لەوەدایە گەندەڵی پەرە بسەنێت و دەنگی ئازاد و ئازا کپ بکرێت.

بە گشتی ئەم کتێبە لە زۆر ڕووەوە چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت، هاوکات هۆشیاری و ئاگاییەکی گەورەشمان پێ دەدات سەبارەت بەو قۆناغە مێژووییەی کە جەزائیر کەوتبووە بندەستی داگیرکارییەوە و سەرلەبەری جومگەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی لەبەریەک هەڵاوشاندبووەوە، خوێنەر لە ساتی خوێندوەی ئەم کتێبەدا وا هەست دەکات قەسیدەیەکی درێژ دەخوێنتەوە، قەسیدەیەک پڕ لە هونەر و فەنتازیا و خەیاڵ، تەکنیکی بەرز و خۆشهاتوو بە زماندا، قەسیدەیەک پڕ وشە و دەربڕینی ئیستاتیکیانە و فیکریانە، پڕ لە کارەکتەری جۆراوجۆر، لە قوربانی و ستەمکار، پڕ لە چیرۆک و ڕووداوگەل، هاوکات گەلێ نهێنیش سەبارەت بە ژیانی کەسێتی خودی خۆی وەک ژن، لە منداڵییەوە تا گەورەبوون و قۆناغەکانی خوێندن و سەرەتای ئاشنابوون بە کتێب و ئەوین و دەستبردن بۆ پشکۆی نووسین و گەیشتن بە ناوبانگ ئاشکرا دەکات… لێرەدا جێی خۆیەتی ستایشی زمانە باڵا و جوان و شاعیرانەکەی مامۆستا (پشکۆ نەجمەدین) بکەین، کە زۆر سەرکەوتوانە توانیویەتی بۆ یەکەم جار، ئەدەب و بەرهەمی ئەدەبیی (ئەحلام موستەغانمی) بەو زمانە پڕ لە شیعرییەتە پێشکەش بە خوێنەری چاولەدەستی وەرگێڕە باشەکانی کورد بکات.

منداڵێک بەدەم کۆلارەوە یان یادەوەرییە غەمگینەکانی نووسەر

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ژیانی نووسەران، چیرۆک و ڕوودوەکانیان، تایبەتمەندی و سروشتی کەسێتییان، ئەو بابەت و دیاردانەی کاریگەرییان لەسەریان هەبووە، هەموو ئەمانە بەشێکیان لەنێو پانتایی نووسین و ئەدەبیاتەکەیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بێگومان بە یەک دنیا گەمەی زمانەوانی و فەنتازیا و خەیاڵەوە، بەڵام بەشێکی گرنگ و کاریگەری ڕووداو و سروشتی کەسێتییان، وەک بابەتێکی نهێنی، لە دڵ و دەروونی خۆیاندا هێشتۆتەوە، خوێنەری کونجکوڵ لە دوای خوێندەوەی هەر کتێبێک عەوداڵی ژیانی نووسەرەکەش دەبێت: چۆن نووسی، لە کوێ نووسی، چۆن ژیا و ئەو چیرۆک و ڕووداوە واقیعیانە چی بوون کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەندێشە و هزریان دروست کردووە؟ من بۆ خۆم کاتێک ڕۆمانەکانی نووسەری ناوداری ئەفغانی ئینگلیزی نووس (خالید حوسەینی)م، خوێندوە، هەستم کرد هێشتا یەک دنیا نهێنی دیکە لە ژیانی ئەم نووسەرە پزیشکەدا هەیە، کونجکوڵ بووم لەودیو دنیای ڕۆمانەکانیەوە، کە سەرلەبەریان باسکردنە لە دنیای جەنگ و داگیرکاری و داڕمانی دەروون و بەهای ئینسانی ئینسانەکان، بە دیاریکراوی لە نیشتمانە وێرانەکەی خۆی (ئەفغانستان) چی دیکە هەیە و هێشتا نەمان بیستووە، خولیام بوو لە پشت ڕۆمانەکانیەوە گوێم لە دەنگ گەلێکی دیکە، چیرۆک گەلی دیکە و ڕووداوگەلی دیکە بێت، ئاخر ئەوەی ئەم ڕۆماننووسە لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانیدا پێشکەشی کردین، زیاتر تامەزرۆیی لا جێهێشتم تا بگەم بە شوێنێک، پنتێک، بازنەیەک، کە ئیدی دەنگ گەلێک سەبارەت بە مێژوو، سروشت و ڕووداوە تاڵەکانی ئەو وڵاتە ببیستم جیا لەو دەنگانەی سەر ڕووپەری ڕۆژنامە و شاشەی تی ڤییەکان، یاخود لە زاری سیاسییەکانەوە دەمبیستن.

ئەوەی وا دەکات لەودیو دنیای کتێبەکانەوە ژیانی نووسەران، دنیابینی و چیرۆکە نهێنییەکانی ژیانیان زیاتر ببیستین، ئەنجامدانی چاوپێکەوتنە، بوونی پرسیاری ورد و وروژێنەرە، ڕۆچوونی کەسی پرسیارکەرە بە نێو قووڵایی و پانتاییە دوورەکانی نووسەردا، دەستبردنە بۆ تاڵەکانی یادەوەری و دەنگهێنانە لێیان، وەرگرتنی باری سەرنج و دنیابینییانە لەمەڕ پرسەکانی ئەدەب، سیاسەت و ژیان، درکاندنی نهینییەکانی ژیان و سەرکەوتن، یان ئازار و شکستەکانیانە، بەرهەڵدا کردنی ئەو ساتەوەختەیە کە تیایدا دەنووسن، پیشاندانی کەشی خێزانی، ژینگەی کۆمەڵایەتی و خۆخواردنەوەکانیانە، بێگومان لە ڕێی ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانەوە، خوێنەر پتر لە نووسەر، ژیان و بەرهەمەکانیان نزیک دەبێتەوە و ئاشنا دەبێت بە سات بە ساتی ژیانیان، لە منداڵییەوە تە دوایی… قۆناغەکان و شانازییەکان، هەڵدێران و ڕابوونەوە و هتد.

ئەم کتێبە (منداڵێک بەدەم کۆلارەوە) بریتییە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەری ناوداری ئەفغانی (خالید حوسەینی) لەسەر ڕووبەری کتیبەکە نەنووسراوە کێ لەگەڵیدا ئەنجامی داوە، بەڵام لە لایەن مامۆستا (عەزیز ڕەئووف) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

ئەم کتێبە شۆڕبوونەیەکی ورد و کونجکوڵانەیە بە ژیانی خالید حوسەینیدا، لە قۆناغی منداڵییەوە، تا ئاشنابوونی بە کتێب و خوێندنەوە، دواتر کێشانی وێنەی ئەو ڕۆژگارەی وڵاتەکەی بە دەست جەنگەوە وێران دەبێت، کەشی خێزانی و سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی نیشتمان، قۆناغەکانی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامە، ئاکنجی بوونی خێزانەکەی لە وڵاتی ئەمریکا، ڕۆمان و کاریگەریی ڕۆمانەکانی، گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان و زیندوو بوونەی یادەوەریەکان، یانزەی سێپتەمبەر و دیدی سیاسی ئەم بۆ ئەو ڕووداوە گەورەیە بە تایبەت کە هەموان دەزانن ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییە هاوڵاتی وڵاتەکەی خالید حوسەینین… ئەمانە و چەندین بابەت و پرسی دیکە، لە ئەنجامی کەسی پرسیارکەر و وەڵامەکانی خالید حوسەینیدا، سەفەرێکی چێژبەخش، لە هەمان کاتدا پڕ لە ئازار بە خوێنەر دەکەن بە ژیان و ڕابردوو و ئێستای ئەم نووسەرەدا.

ناونیشانی بەش بە بەشی چاوپێکەوتنەکە بریتین لە: سەربووردەی منداڵێک لە کابوول، منداڵی و خوێندوە و یادەوەری، ڕۆماننووسین لە ژووری نوستندا، گەیشتن بە بەهەشتی ئەمریکا، دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتەکەم، سەبارەت بە پێشینەی دایک و باوک و چەندین ناونیشانی دیکە… ئەڵبەت لە خوێندنەوەی چاوپێکەوتنەکاندا، بە گوێرەی پرسیارەکان و وروژاندنی بابەتەکان، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە ڕەنگە خودی چاوپێکەوتنەکان لە لایەن یەک کەس، یان ڕۆژنامەنووسێکەوە ئەنجام نەدرابیت، بەڵام هەر چۆنێک بێت ددان بەوەدا دەنێن کە کەسی پرسیارکەر، کەسێکی زیرەک و شارەزای ژیان، هاوکات ئەدەبیات و بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەیە.

لەم کتێبەدا خالید حوسەینی بێپەردە دەست بۆ ژیانی خۆی و کۆمەڵگەکەی دەبات و هیچ پرسیارێک بێ وەڵام ناهێڵێتەوە، دەستپێک لەبارەی منداڵیی خۆیەوە لە ئەفغانستان دەدوێت کە لە کابوول لەدایک بووە، باوکی کەسێکی دیبلۆماتکار بووە لە وەزارەتی دەروەی ئەفغانستان لە کابوول کاری کردووە، دایکیشی لە قوتابخانەی ئامادەیی کچان وانەی زمانی فارسی و مێژووی گوتووەتەوە، خالید گەورەی خوشک و براکانی بووە، نموونەی خێزانێکی کراوە، هاوکات ڕۆشنبیر و شارین.

خالید حوسەینی، لەم کتێبەدا باس لە کۆمەڵێک بابەتی هەستیار و گرنگی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وڵاتەکەی دەکات، باس لە جەنگ و داگیرکاری کە بە جارێ شارستانیەتی وڵاتەکەیان وێران کردووە، زەبروزەنگی کۆمۆنیستە داگیرکەرەکانی ڕووسیا، جەبەڕووتی ئیسلامییە پەڕگیرەکانی تاڵیبان، شەڕی ناوخۆ، نەبوونی ئازادی و سڕینەوەی هەرچی سیمای شارستانی و مۆدێرنێتی هەیە لە ئەفغانستان… بە دیاریکراوی بۆ ژنان، وڵاتەکە وەک زیندانێکی گەورەی لێ دێت.

خالید حوسەینی، لەم کتێبەدا بە هۆی پرسیارە ورد و وروژێنەرەکانەوە بۆ مێژوویەکی دێرینتری وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە و ئاشکرای دەکات کە بۆ ماوەی دووسەد ساڵ بوو دەسەڵات لە ئەفغانستان سیستمی پاشایەتی بوو: پاشایەکمان هەبوو بە ناوی زاهیرشا، ئەو لە ساڵی ١٩٣٣ وە پاشای ئەفغانستان بوو، ساڵی ١٩٦٣ دوو ساڵ پێش ئەوەی من لەدایک بم، دەستوورێکی بۆ سیستمی پاشایەتی دەرکرد، دە ساڵی تر لەسەر حوکم مایەوە… بەم شێوەیە دەبینین کە چاوپێکەوتنەکە سەبارەت بە چەندین بابەت، تەوەر و پرسی جیاجیا، پرسیاری تیدایە، کەچی خالید حوسەینی، هێند بە جددیەت و وردبینییەوە وەڵام دەداتەوە، هەر ئەڵێی لە یەک بە یەکی ئەو بوارانەدا دکتۆرای هەیە، ئەڵبەت نەک بە درێژدادڕی لە وەڵامدا، بە پێچەوانەوە زۆر بە کورتی و کەمترین وشە مافی تەواو بە پرسیار و وەڵامەکان دەدات و خوێنەر تێر دەکات بە زانیاریی هەمەچەشن، ئەمەش ڕاستەوخۆ ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەم نووسەرە خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوان و مەعریفەیەکی گشتیی گەورەیە لە بوارەکاندا، ئەگەرچی خودی خۆی پزیشکە و بڕوانامەکەی لە بواری تەندروستی دایە. بەپێی زانیارییەکان:

خالید حوسەینی، ٤ی ئازاری ١٩٦٥ لە کابوول لەدایک بووە. ڕۆماننووسی ئەمریکایی لەدایکبووی ئەفغانستانە و بە وێناکردنی زیندووی ئەفغانستان ناسراوە. دیارترین ڕۆمانی (کۆلارەفڕێن)ە، کە ساڵی ٢٠٠٣ نووسیویەتی.

حوسەینی لە کابوول گەورە بووە. باوکی دبلۆماتکار و دایکیشی مامۆستای ئامادەیی بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ دایک و باوکیدا ڕوویان لە پاریس کرد، باوکی لە باڵوێزخانەی ئەفغانستان کاری دەکرد. لەگەڵ هێرشی یەکێتیی سۆڤیەت ساڵی ١٩٧٩ بۆ سەر ئەفغانستان، گەڕانەوەیان بۆ ماڵی خۆیان بە مەحاڵ زانی، هەر بۆیە ڕوویان کردە کالیفۆرنیا، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە مافی پەنابەریی سیاسییان پێ درا. خالید لە زانکۆی سانتا کلارادا بایۆلۆجیی خوێندووە، ساڵی ١٩٨٩ دەستی بە خوێندنی پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیای سان دیێگۆ کردووە. ساڵی ١٩٩٦ وەک پزیشک کاری کردووە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی.

 

حوسەینی ساڵی ٢٠٠١ ڕۆمانی (کۆلارەفڕێن)ی نووسی، هەموو سەعات چواری بەیانییەک، پێش ئەوەی بەرەو نەخۆشخانە بڕوات، دەستی کردووە بە نووسین. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە کارەکتەرێکە بە ناوی ئەمیر، نووسەرێکە لە ئێستادا لە کالیفۆرنیا دەژی، بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کابوول گەورە بووە، کوڕی خێزانێکی دەوڵەمەندە. چیرۆکەکە لەسەر ئەمیر و هاوڕێیەکی منداڵییەتی بە ناوی حەسەنی کوڕی خزمەتکارێکی خێزانەکەی، کە دواتر خێزانەکە هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆمانی (کۆلارەفڕێن) لە لایەن خوێنەرانێکی زۆرەوە ستایش کرا، بەڵام لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە هۆی ئەو توخمانەی بە میلۆدرامیک دانرا، ڕەت کرایەوە. سەرەڕای ئەوەش زۆری خایاند تا ڕۆمانەکە لە ڕێی ستایشی زارەکییەوە ناوبانگی پەیدا کرد و لە وڵاتاندا بڵاو کرایەوە، دواتریش ساڵی ٢٠٠٧ کرایە فیلم. بە هۆی ئەو سەرکەوتنەوە حوسەینی ساڵی ٢٠٠٤ بە تەواوی خۆی بۆ بواری نووسینی ڕۆمان تەرخان کرد.

خستنەڕووی کتێبی “کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە”

خوێندنەوەی: سەردەم

یەکێک لەو پرسە قیرسمیچانەی بەردەوام لەناو کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا زارەوزار دەکات و هەر جارەش بە جۆرێک ئەم پرسە دێتەوە مەیدان و دەبێتە مشتومڕی نێوان ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندان، ئەویش پرسی “بوونی ڕەخنە”یە لەنێو کایەی کولتووری ئێمەدا. پرسیارەکە بەم شێوەیە خۆی دادەڕێژێت و وەڵامەکان لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەر کەسەش لە گۆشەنیگای خۆیەوە تەماشای وەها پرسێکی گرنگ دەکات. بەم سەرەتا چەند دێڕییەوە دەمانەوێت بچینە نێو پانتایی و ڕووبەری کتێبێکی گرنگەوە، کە دەتوانێت بە جۆرێکی سەرنجڕاکێش بەشداری لە وەها پرسێکدا بکات و بە دەوڵەمەندی خۆی وەڵام بەو پرسە بداتەوە.

کتێبی “کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە” لە نووسینی هەردوو ڕەخنەگر و برا: عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و د. عەلی تاهیر بەرزنجی لەو چەشنە کتێبانەیە کە هەڵگری گوتارێکی ڕەخنەییە، نەک بەوەی کە لەم کتێبەدا کۆمەڵێک دەق خرابنە پرۆسەی ڕەخنەییەوە، بەڵکو ئەم کتێبە وەک لە ناوەکەیدا هاتووە فەرهەنگێکە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لەو زاراوە ڕەخنەییانەی کە لە هەردوو کایەی ئەدەب و ڕەخنەدا کاران، نوێنراون. لەم کتێبەدا هەردوو نووسەر، بەپێی ئەزموونی چەندان ساڵەی خۆیان لە بواری ڕەخنەدا، هەوڵیان داوە زۆرترین ئەو چەمک و زاراوە ڕەخنەییانە لەم کتێبەدا بناسێنن کە لە ڕەوتی مێژوویی ڕەخنەدا، لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ، بە واتایەکی تر لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن و پۆست مۆدێرن هاتوونەتە ناو کایە و بازنەی ڕەخنە، بەسەر بکەنەوە. کتێبەکە دەهێنێت زیادتری دەربارە بنووسین و بناسێنین، هەوڵ دەدەین لە دێڕەکانی دواتردا، بە قسەکردنی پتر و هێنانەوەی هەندێ بەش و چەمک، نزیکتر ببینەوە لە ناوەرۆکە بە پێزەکەی ئەم کتێبە. بەڵام هەر لێرەدا جێی خۆیەتی ئەم دێڕانە بنووسین: کتێبی “کلیلدان، فەرهەنگی ئەدەب و ڕەخنە” لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ساڵی ٢٠٢٤ لە قەوارەی ٥٧٨ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بەپێی پیتە کوردییەکان ڕیزبەندی کراوە، واتە لە ئەلفەوە دەستی پێ کردووە و لە یاءدا کۆتایی هاتووە.

لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا هاتووە: “مێژووی سەرهەڵدانی فەرهەنگسازی لای کورد ئەوەندە نییە، جا ئیتر فەرهەنگی زمان بێت، یا فەرهەنگی زانست و هونەر و ژانرەکانی ئەدەب بێت. لە سەردەمانێکدا دوو کتێبی ناوازەمان هەبوو (نەوبەهاری ئەحمەدی خانی و ئەحمەدی/ی شێخ مارفی نۆدێ)، ئەوانیش بە شێوەی هۆنینەوەن، بە مەبەستی فێرکردنی منداڵان لە مزگەوت و تەکێ و خانەقادا، نووسراون. بچووک و سنووردارن.

لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، کەم کەم هەوڵ لەم بوارەدا دراوە، ڕەنگە دەوڵەمەندترینیان “هەنبانەبۆرینە”ی هەژار موکریانی بێت لە بواری زماندا.

دەتوانین لە حەفاکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە بایەخدانمان بە فەرهەنگسازی بکەین بە سەرەتایەکی چاکتر، لێرەدا هەوڵەکانی کۆڕی زانیاری کورد لەبەر چاو هەموومان، یان جارجار هەوڵی لیژنەکانی وەزارەتی پەروەردە.

شایەنی باسکردنە، لە دەیەی نەوەد بەدواوە، هەوڵی فەرهەنگسازی لە زمانەوە بەرەو دانانی زاراوەی زانستی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و هونەری پەلی کوتا، هەرچەند دەتوانین بڵێین هەوڵی سەرەتایی بوون، بەڵام سەرەتای دڵخۆشکەر بوون، چەند فەرهەنگێکی جیاوازی لە بواری جۆراوجۆردا لە خۆ گرتبوو. بەم بۆنەیەوە وا چاکە هەوڵی خاکیی چەند گۆڤارێکی دوای ڕاپەڕین لە یاد نەکەین، بۆ نموونە: گۆڤاری “پڕۆژە ـ ١٩٩٢، گۆڤاری ڕامان، گوڤاری سەردەم، گۆڤاری گەلاوێژی نوێ و…” لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە چەند فەرهەنگێک چاپ کراون کە هەوڵی تاکەکەسین، بەڵام هەرچۆنێک بێت، ڕۆڵی خاکیی خۆیان دەبینن و دەبن بە هاندەر بۆ ئەوەی کار بۆ فراوانکردن و چالاککردنی فەرهەنگسازی لە هەموو بوارەکاندا بکەین، ئیتر بە وەرگێڕان بێت، یاخود ئامادەکردن، بەڵام یەکێک لە گرفتەکانی ئێمە ئەوەیە کە تا ئێستا کار بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەت، یان هەوڵی دەستەجەمعی نەکراوە، ئەمەش زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا و وەزارەتەکانمان. لە حاڵەتی ئامادەکردنی فەرهەنگدا بە شێوەیەکی دەستەجەمعی، کارەکە زووتر ڕادەپەڕێت و ڕەنگە زیاتر شێوەی پسپۆڕیی پێوە دەر بکەوێت، بێگومان ئەمە بە هیچ جۆرێک ڕێ لە هەوڵی ڕاستەقینەی تاکەکەس ناگرێت.

ئەم فەرهەنگەی ئێمەیش کە لەبەر دەستاندایە، هەوڵێک دەبێت لەو هەوڵانە، هیوادارین بۆشاییەک پڕ بکاتەوە.”

بێگومان ئەم هەوڵە لەناو ئەو هەوڵە پەرتەوازانەی بۆ دروستکردنی فەرهەنگێکی ڕەخنەیی دراون، دەتواین بڵێین لە هەوڵە جددییەکانە، ئەویش لە ڕێی ئەو میتۆدەوە کە نووسەرانی بەشداربووی ئەم فەرهەنگە، فەرهەنگی کلیلدان، عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی و د. عەلی تاهیر بەرزنجی گرتوویانەتە بەر. ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی ساکار و سادە ئەو میتۆدە بناسێنین، ئەوا دەتوانین بنووسین: وێڕای ڕیزبەندی چەمک و زاراوە ڕەخنەییەکان بەپێی ئەلف و بێی کوردی، هاوکات هەر چەمک و زاراوەیەک بەپێێ بڕی پێویست شرۆڤەی بەرانبەر بۆ نووسراوە، هاوکات شوێنی لەناو ڕەخنەی کۆن و نوێدا دەستنیشان کراوە، لە پاڵ ئەوەشدا هەوڵ دراوە لە ڕووی ئیتمۆلۆژییەوە (ڕیشەی وشەکە) دیاری بکرێت، هەڵبەت ئەوە بۆ تێکڕای چەمکەکان بەکار نەهاتووە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی کلیلدان ئەوەیە کە بۆ هەر چەمک و زاراوەیەک بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەرانبەرەکەی نووسراوە، ئەمەش دیسان هاوکارێکی باشە بۆ خوێنەرانی ئەم کتێبە، تا لە ڕێی ئەوەوە بەدواداچوونی زیادتر بکەن بۆ ئەو چەمکەی مەبەستیانە، هاوکات سەرەتایەکی گرنگیشە بۆ ناوی داتاشراو و پێشنیارکراو بۆ هەریەک لەو چەمکانە، بە تایبەت ئەوانەیان کە هێشتا دەربڕینێکی پڕ بە پێستمان بۆیان نییە. پاشتر خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە لە هەردوو کایەی “ئەدەب و هونەر” بە چڕی ئەو چەمکانە وەرگیراون کە لە ڕەخنەی نوێدا ئەمڕۆ زۆر بەکارن. بۆ نموونە لە زاراوەی سینەمادا، نووسەرانی ئەم فەرهەنگە هاتوون گرنگترین ئەو چەمک و زاراوانەیان وەرگرتووە کە لەو بوارەدا پێویستن و لە ڕێیانەوە دەتوانین فیلمێکی هونەری لە ناهونەری پێ جیا بکەینەوە، یان خوێندنەوەیەکی سەددەرسەد سینەمایی، ڕەخنەی سینەمایی، لەسەر فیلمێک یان دەرهێنەرێک پێ پێشکەش بکەین.

با پێکەوە ئەو بەشە تەماشا بکەین:

زاراوەی سینەمایی: لەم بەشەدا وەک گوترا، گرنگترین ئەو زاراوانە خراونەتە ڕوو کە پەیوەستن بە بابەتەکەوە، ئەویش بەم جۆرە: (دەرهێنەر، نووسەر یان دانەر، ئەندازیاری دیکۆر و دیمەنەکان، بەڕێوەبەری وێنەگرتن، سینارست، نووسەری سیناریۆ، وێنەگر، مۆنتێر، گرتەی سەرەکی، دوانەگرتە، لەسەر شان، گرتەی نزیک، گرتەی سینگ، گرتەی ناوەڕاست، گرتەی زۆر گەورە، گرتەی گەورەی ناوەنجی یاخود دیمەنێکی گەورەی ناوەنجی، دیمەنێکی ناوەنجی یاخود گرتەیەکی ناوەنجی، دیمەنی گشتیی ناوەنجی یاخود گرتەی گشتیی ناوەنجی، دیمەنی گشتی یان دیمەنی گشتی، دیمەنێکی تەواو یان گرتەیەکی تەواو، دیمەنێک بە گۆشەیەکی بەرزەوە، دیمەنی دەخیل یان گرتەی تێکراو، گرتەبڕە، تیڵت ئاپ، تیڵت بەرەو خوار، جووڵەی خێرا، جووڵەی هێواش، جووڵەی خاو، سلۆمۆشن، جووڵە، بجووڵێ، بیبڕە، کادر یاخود چوارچێوە، دەرکەوتنی هێواش هێواش، ونبوونی هێواش و لەسەرخۆ، تێکەڵکردن، سڕینەوە، چاپکردنی دوو گرتە بەسەر یەکەوە، کامێرا، سیناریۆ، مۆنتاج ـ مۆنتاژ)

هاوکات هەریەک لەو زاراوانە بە کورتی و بە پوختی ناسێنراون، با پێکەوە دوو سێ دانەیان بخوێنینەوە:

دەرهێنەر: کارمەندی هونەریی بەرپرسە. ئیشی هەموو کارمەندانی فیلم، بە هونەرمەند و تەکنیککارانەوە، دەکەوێتە سەر شانی.

وێنەگر: ئەو وێنەگرە سینەماییەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی ئامێری وێنەگرتن و گرتنی دیمەنەکانی فیلمەکە ڕاسپێردراوە.

گرتەی نزیک: ئەو گرتەیەیە کە تەنها دەموچاو لە خۆ دەگرێت، یاخود دەموچاو و مل، یاخود دەموچاو و گەردن و هەردوو شانی یەک ئەکتەر.

گرتەی زۆر گەورە: گرتەیەکە لەو بەشەوە نزیکە کە مەبەستە وێنەی بگیرێت، سەبارەت بە لەشی مرۆڤ، گرتەیەکە بەشێک لە دەموچاو دەگرێتەوە، یا تەنها هیی دەستە.

وەک گوترا، ئەم فەرهەنگە زۆرترین چاوی لەسەر چەمک و زاراوە ڕەخنەییە هاوچەرخەکانە، ئەم خاڵەش یەکێکە لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم کتێبە سەنگینە، کە دەتوانێت ببێت بە ڕێبەر و بەرچاو ڕۆشنکەرەوەیەک بۆ ئەو ڕەخنەگرانەی لە کێڵگەی ئەدەبی مۆدێرن و لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی و هونەریدا کار دەکەن. یەکێک لەو ڕووبەرانەی کە بەشێکی باشی بەرکەوتووە و ئەمڕۆ لە پانتایی ڕەخنەی مۆدێرندا زۆر بەکارە و چاوی زۆری لەسەرە، ڕۆمان و چیرۆک و بە گشتیش گێڕانەوەیە، سەبارەت بە ڕەخنەی ڕۆمان، فەرهەنگی کلیلدان لیستێک جۆر و چەشنی ڕەخنەی ڕۆمانمان دەخاتە بەردەست، کە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی دروست جێگەیان لە ڕەخنەدا دەستنیشان بکات، لەوانە: (ڕۆمانی پەروەردەیی، پێگەیشتن، ڕۆمان بە نامە، ڕۆمانی پڕۆلیتاری، ڕۆمانی کورت، کورتەڕۆمان، نۆڤێڵێت، ڕۆمانی گەڕان و بەدواداچوون، ڕۆمانی لیریکی، ڕۆمانی دەربەدەر و ئاوارە، ڕۆمانی مێژوویی، ڕۆمانی هەرێمی، ڕۆمانی دەمامکدار، کلیلەڕۆمان، ڕۆمانی بانگەشە، یا تێز یا بیر، ڕۆمانی ڕەش یان ڕۆمانی گۆتیک، ڕۆمان بە زنجیرە، ڕۆمانی ڕووبار، ڕۆمانی پۆلیسی، ڕۆمانی زانستی خەیاڵی، ڕۆمانی ڕووداو، ڕۆمانی کەسایەتی، ڕۆمانی درامی، ڕۆمانی تۆمار، ڕۆمانی شوانکارەیی، شوانکارە، ڕۆمانی ڕەمزی، ڕۆمانی سیمبۆلی، ڕۆمانی فەلسەفی، ڕۆمانی ئۆتۆبایۆگراگی، ڕۆمانی ژیاننامە، ڕۆمانی خۆنووسینەوە، ڕۆمانی بیۆگرافی، دژە ڕۆمان، ئەنتی ڕۆمان، ڕۆمانی نوێ). لە پێناسە و ناساندنی خودی “ڕۆمان”دا بەم جۆرە تەوزیح دراوە: “بریتییە لە چیرۆکێکی درێژ، کە بە شێوەی پەخشان دەنووسرێتەوە، لە ڕێی چیرۆکبێژێکەوە، وێنەی ژیانی کەسایەتییەکان لە چەندین ڕووداو و لە چەندین شوێن و کاتی بەریندا دەردەخات. زۆر جار، خەیاڵ ڕۆڵی لە داڕشتنی ڕووداوەکاندا هەیە.

لە ڕۆماندا چەند ڕەگەزێکی گرنگ کۆ دەبنەوە، لەوانە: “ڕووداو، کەسایەتیی سەرەکی و لاوەکی، چیرۆکبێژ یان گێڕەرەوە، گێڕانەوە، بۆگێڕەوە، شوێن، کات، خەیاڵ، وەسف، دیالۆگ، گۆشەنیگا”. چیرۆکێکی درێژە کە وێنەی لایەنێکی درێژ لە لایەنەکانی ژیان و کۆمەڵ دەکێشێت، چەند مانگ و ساڵ دەخایەنێت، کۆمەڵێک ڕەگەز لە خۆ دەگرێت، وەک: “کەسایەتی، پلۆت، زەنان، شوێن، ڕووداو و زمان”.

ڕۆماننووس لەسەر وردەکاریی ڕووداو و شتەکان دەوەستێت، بەیەکەوە گرێیان دەدات. چەند لایەنی دەرەوەی کەسێتی بە گرنگ بزانێت، ئەوەندەش لایەنی دەروونی و ناخی مەبەستە. لە فەرهەنگی “ئۆکسفۆرد”دا لەبارەی ڕۆمانەوە هاتووە، “گێڕانەوەیەکی خەیاڵییە، یا حیکایەتێکە درێژەیەکی دیاریکراوی هەیە”، هەندێ جار ئەوەندە درێژ دەبێتەوە دەگاتە بەرگ و دوو بەرگ، وێنەی کەسایەتی و چەند کردارێکی تێدا دەکێشرێت کە ژیانی ڕاستەقینەی ڕابردوو و ئێستا لە شێوەی چنینی ئاڵۆزدا دەخاتە ڕوو.”

***

لێرەدا جێی خۆیەتی کە بگەڕێینەوە سەرەتای ئەم نووسینە و دەرگیری پرسی “ڕەخنە” ببین، سەرەتاش دەبێت کەمێک لەو شوناسە نزیک ببینەوە کە بە “ڕەخنەگر” ناسراوە، ڕەخنەگر کێیە و بە کێ دەگوترێ ڕەخنەگر؟ لەم کتێبەدا، “فەرهەنگی کلیلدان”، ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە، ئەو کۆمەڵێک کلیلی زۆر دەخاتە بەردەم خوێنەر و بە تایبەتیش ڕەخنەگران، بەڵام دەتوانین بە گوێرەی ئەوەی کە پێی دەگەین و ڕەخنەیەکی تەندروست دەخوێنینەوە، کەسێتیی ڕەخنەگر بەم جۆرە بناسێنین: ڕەخنەگر ئەو کەسەیە کە هەڵدەستێت بە خوێندنەوە و هەڵسەنگانی دەقێکی ئەدەبی یان هونەری، لە میانی ئەو خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەیەوە دەگات بە کۆمەڵێک خاڵ، کە تێیدا لایەنی باش و خراپی ئەو دەقە ئەدەبی یان هونەرییە دەخاتە پێشچاوی خوێنەران و بینەران. بێگومان دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی ئەم کەسێتییە کە ڕەخنەگرە، هەندێ خەسڵەتی تریش بخەینە سەری تاکو باشتر بیناسین، ڕەخنەگر بەپێی توانای مەعریفی خۆی و قاڵبوونەوەی لەو بوارەدا کە تێیدا ڕەخنە دەگرێت، دەتوانێت تەنکی یان قووڵی ئەو ڕەخنەیەی پێشکەشی دەکات، تەماشا بکرێت، واتا خودی ڕەخنە و خودی ڕەخنەگریش دیسان دەتوانن بە فلتەری “ڕەخنە”دا تێپەڕ ببن. هەر ڕەخنەگرێک کە دەست دەداتە قەڵەم و هەوڵی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقێک دەدات، کۆمەڵێک پێوەری خۆی هەیە، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو لەو پێوەرانەی کە بۆ ڕەخنە هەیەتی سەرچاوە دەگرێت، لێرەدایە جاری وا هەیە گرفتی گەورە لە نێوان دەق و ڕەخنەدا ساز دەبێت، ڕەخنەگر بە پێوەری خۆی، کە کلاسیک و سوننەتییە، دەقێکی مۆدێرن هەڵدەسەنگێنێت، یان بە پێچەوانەوە، دەقێکی کلاسیک و سوننەتی بە میتۆدێکی ڕەخنەی مۆدێرن دەخوێنێتەوە، بێگومان ئەمە لە دیوێکدا دەکرێت ڕوو بدات و تەندروستیش بێت، بەڵام لە دیوێکی تردا دەکرێت کارەسات بخولقێنێت، کاتێک کە داوامان لە دەق بەو جۆرە بێت کە دەبێت بێ ئەملاولا ملکەچی ئەو میتۆدە بێت کە ئێمە دەستنیشانی دەکەین بۆ هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی، دەبینین لەو حاڵەتەدا ڕەخنەیەک پێک دێت کە نامەنهەجییەتی پێوە دیارە، ناسازییەک کە هیچ زیادەیەک ناخاتە سەر دەقی ڕەخنەلێگیراو، ئەمەش یەکێکە لە پەتا کوشندەکانی ڕەخنەی کوردی.

ڕەخنە دۆزینەوەی ئەو شتە پەنهان و نادیارانەیە لە نەستی دەقدا نیشتوون، ڕەخنەگر ئەو دۆزەرەوەیە کە دەچێتە ڕووبەری ئەو پەنهانانە و دەستی دەگاتە قووڵایی نەدیتراوی دەق و لەوێوە کۆمەڵێک ئاماژە و دەلالەت کەشف و دەدۆزێتەوە، کە لە ڕێیەوە دەق دەوڵەمەندتر و زیندووتر دەر دەخات، هاوکات کۆمەک بە ئێمەش دەکات بە چاوێکی ورتر لە دەق بڕوانین و چیدی وەک کائینێکی دەستەمۆ لێی نەڕوانین.

کەواتە دەبێت ئێمە بەو چاوە لە ڕەخنەگر و نیازەکانی بڕوانین، نەک ئەوەی کە ڕەخنە ببێتە کەناڵێک بۆ سووکایەتی و شکاندنی نووسەری دەق، وەک ئەوەی بەشێک لە ڕەخنەی کوردی ساڵانێکەوە پێیەوە سەرقاڵە. خودی ئەم فەرهەنگە کۆمەڵێک کلیلی جۆراوجۆرە، کە دەیداتە دەستی ڕەخنەگران تاکو لە ڕێیەوە ڕەخنەی تەندروست بنووسن و دەقەکانی پێ هەڵبسەنگێنن، چونکوو ڕەخنە زانستە و پێویستی بەوەیە کە کەسی ڕەخنەگر شارەزای ئەو قوتابخانە و میتۆدانە بێت کە یارمەتی دەدەن شوناسی ڕەخنەگر هەڵبگرێت.

بێگومان ئەم کتێبە لە پاڵ دوان و بەدەنگهێنانی ڕەخنەگران، هاوکات ڕووی لە خوێنەرانیشە، بە تایبەت ئەو خوێنەرانەی هەمیشە لە پێگەی ڕەخنەوە دەق دەخوێننەوە و مەبەستیانە کە دیوە نادیار و نەگوتراوەکانی دەق کەشف و بدۆزنەوە، واتە خوێنەرانێک کە جددین و لە ئاستی دەقدا دۆشداماو نامێننەوە و باز نادەن بەسەر دەقدا، لەو ڕووەوە ئەم فەرهەنگە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی دڵسۆز و میهرەبان بێت، بمانباتە سەر ڕاستەڕێیەک کە ڕاستەشەقامی ڕەخنەی جددی و سەرڕاستە.

نووسەرانی ئەم فەرهەنگە دەنووسن: “ئێمە زاراوەیەکی زۆرمان کۆ کردووەتەوە و سەرچاوەیەکی زۆرمان بۆ بەکار هێناون، هەندێکیان سەرچاوەی سەرەکین و هەندێکیشیان لە خزمەتی سەرچاوە سەرەکییەکاندان، بۆ نموونە، سەرچاوەیەکمان هێناوە، بەڵام لەگەڵ چەندین سەرچاوەی تردا زانیاری و شێوەی پێکهاتەکەیمان بەراورد کردووە، ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بە ڕاستی و دروستی، هەر بۆ ڕوونکردنەوە سەرچاوە فارسییەکان، یان کوردییەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێناون.

شایەنی باسکردنە زۆربەی زاراوەکانی ئەم فەرهەنگە نوێن و لای خۆمان بەکار نەهێنراون، ڕەنگە سوودێکیان بۆ ئەدەب بە گشتی و ژانری چیرۆک و ڕۆمان و ڕەخنە هەبێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین، هەر فەرهەنگێک کە دادەنرێت، پڕۆژەیەکی کراوەی ناتەواوە، چونکە تەنها لە وەختێکی تایبەتیدا تەواو نابێت، پڕۆژەیەکە دەتوانین لە چاپی تردا زیاتر و گەورەتری بکەین، ئەگەر ئێستا ئەوەندە بێت، دەتوانین لە چاپەکانی تردا، دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندەی لێ بکەین.”

وێڕای دەستخۆشی، بە هیوای ئەو هیوایەین کە نووسەرانی “کلیلدان” دەیخوازن.

له‌ كتێبه‌ تازه‌ چاپكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م

كاتێك چیاكان هه‌ره‌س دێنن

نووسینی: جه‌نگیز ئایتماتۆف

و له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ جه‌لیل كاكه‌وه‌یس

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ تازه‌ترین كتێبه‌ نایابه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م كه‌ بڕیاره‌ له‌ شه‌شه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بۆ كتێب، له‌ به‌رواری 28/ 11/ 2024 تا 8/ 12/ 2024 نمایشبكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر.

جه‌نگیز ئایتماتۆف (1928-2008) خۆشبه‌ختانه‌ یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌ره‌ گه‌ورانه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران كه‌ له‌ ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی كوردیدا، دیار و ناسراوه‌ و گه‌لێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی كراون به‌ كوردی، له‌وانه‌ ڕۆمانه‌كانی جه‌میله‌، مامۆستا، ماڵئاوا گۆلیساری و ئه‌م به‌رهه‌مه‌ تازه‌یه‌ی كاتێك چیاكان هه‌ره‌س دێنن. نووسه‌ر له‌ زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانیدا گرنگی به‌ لایه‌نی ڕۆحی و ده‌روونی مرۆڤ ده‌دات، هه‌روه‌ها ژینگه‌ و سروشت به‌شێكی به‌رچاو له‌ پانتایی ڕۆمانه‌كانی داگیرده‌كه‌ن.

پرسیاری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌وه‌ كام چیایه‌‌ هه‌ره‌سده‌هێنێت؟ چیا ده‌ستكرده‌كانی سروشتن كه‌ وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی زه‌وی ڕاوه‌ستاون، له‌ نمونه‌ی چیاكانی ئه‌لب و ئۆراسیا؟ یاخود چیاكانی رۆح و ناو ده‌روونی مرۆڤه‌كانه‌ ده‌ڕوخێن؟ یان نه‌خێر چیاكانی ئه‌و به‌ها و پرنسیپه‌ مرۆییانه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ پێناو ژیانێكی جوانتر و ئینسانیتر، عه‌یامێكی زۆره‌ و به‌ درێژایی سه‌ده‌كان و ڕۆژگاره‌كان، كۆیكردوونه‌ته‌وه‌ و دایڕشتوون؟

له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌م چیاكانی سروشت و هه‌م چیاكانی ناو ناخی مرۆڤ و هه‌م چیای به‌هاكان، هه‌ره‌سده‌هێنن و یه‌ك له‌ دوای یه‌ك به‌رده‌بنه‌وه‌، هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ناشرینی و قێزه‌ونی بزنس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌مو به‌هایه‌ك ڕاده‌ماڵێت و غه‌زووی هه‌مووانی كردووه‌ و له‌ناوه‌وه‌ هه‌لاهه‌لامان ده‌كات. ته‌نانه‌ت بووكه‌ی نه‌مر/ العروسة الخالدة كه‌ له‌ گه‌ڕانه‌ ئه‌به‌دییه‌كانیدا، دڵخۆشی خۆی به‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ عاشق و دڵداره‌كان ده‌بینێت، خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی له‌ده‌وروبه‌ری خۆیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چی له‌مڕۆدا و له‌م چركه‌ساته‌دا، به‌ ده‌گمه‌ن و زۆر كه‌م، دۆخێكی له‌و جۆره‌ ده‌بینێت، لێره‌وه‌ بووكه‌ی نه‌مر تابێت له‌ نێو غه‌م و په‌ژاره‌ی زیاتردا نوقم ده‌بێت.

ڕۆمانه‌كه‌ له‌ دوو كاراكته‌ری سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان له‌ سه‌رزه‌مین و مه‌مله‌كه‌تێكی جیاواز ژیان به‌سه‌رده‌بن، سه‌رزه‌مینێك به‌ هه‌زاران فرسه‌خ له‌یه‌كتره‌وه‌ دوورن، وه‌لێ بێ ئاگا له‌وه‌ی ڕۆژێك دێت ئه‌م دوو كاره‌كته‌ره‌، له‌ بارودۆخێكی دژواردا و له‌ نێو ریزه‌ چیایه‌كی سه‌خت و عاسیدا، به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و خوێنیان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بێت.

لێره‌وه‌ چاره‌نووس یه‌كێكه‌ له‌ سیما هه‌ره‌ دیاره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌، چاره‌نووس ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ مرۆڤ و نه‌ گیانه‌وه‌رانی دیكه‌، لێی ئاگادارنین و نازانن به‌یانی و دوو به‌یانی، هه‌فته‌ی ئاینده‌ و مانگی ئاینده‌، چییان به‌سه‌ردێت و له‌ كوێدا ده‌گیرسێنه‌وه‌. نازانن ده‌ستی قه‌ده‌ر چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك دێت و لێره‌ له‌م شوێنه‌، هه‌ڵیانده‌گرێت و ده‌یانبات بۆ شوێن و سه‌رزه‌مینی دیكه‌ و له‌وێ به‌جێیانده‌هێڵێت.

خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ به‌و زمانه‌ كوردییه‌ پوخت و پاراوه‌، چێژێكی زۆرتری به‌خشیوه‌ به‌ ناوه‌رۆكی ڕۆمانه‌كه‌ و وا ده‌كات خوێنه‌ر له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ بێزارنه‌بێت و به‌رده‌وامبێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی، تاكو بزانێت چاره‌نووس چۆن چۆنی دێت و دوو كاراكته‌ر، له‌ دوو سه‌رزه‌مینی جیاوازه‌وه‌، به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت و له‌ پاڵ یه‌كدا له‌ خوێنی یه‌كتر ده‌ڕوانن؟

قه‌باره‌ی ڕۆمانه‌كه‌ 364 لاپه‌ڕه‌ی نیو ئه‌ی فۆڕه‌، تیراژی هه‌زار دانه‌یه‌، نرخی حه‌وت هه‌زار دیناره‌

نووسینی: وێندی گرانت

و له‌عه‌ره‌بییه‌وه‌: شێرزاد حه‌سه‌ن

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ تازه‌ترین كتێبه‌ نایابه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م كه‌ بڕیاره‌ له‌ شه‌شه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بۆ كتێب، له‌ به‌رواری 28/ 11/ 2024 تا 8/ 12/ 2024 نمایشبكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ر.

كتێبه‌كه‌ له‌ پێشه‌كییه‌ك و 25 وتاری جیاواز و پاشكۆیه‌ك پێكهاتووه‌، كۆی وتاره‌كانی كتێبه‌كه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، بریتییه‌ له‌ قسه‌كردن و خستنه‌ڕووی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی رۆژانه‌ له‌ ژیاندا، دێنه‌ سه‌ر ڕێی مرۆڤه‌كان. به‌ڵام كتێبه‌كه‌ ته‌نها ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ ڕۆژانه‌ییانه‌ ناخاته‌ڕوو، ته‌نها به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت باسیان بكات، به‌ڵكو له‌ پاڵیدا چه‌ندین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ره‌كانیش چه‌ندین جار په‌یڕه‌وكراون و له‌لایه‌ن هه‌موانیشه‌‌وه‌ ئه‌نجامی باشی هه‌بووه‌ و وه‌ك له‌ دووه‌م لاپه‌ڕه‌ی ناوه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌: “رێبه‌رێكه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ره‌كیانه‌ به‌سه‌ر ژیانی خۆیاندا زاڵ بن”.

له‌ ڕاستیدا ئه‌م كتێبه‌ له‌و جۆره‌ كتێبانه‌یه‌، خوێندنه‌وه‌ی بۆ هه‌مو چین و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌زێك گرنگ و بایه‌خداره‌، بگره‌ تا له‌ ته‌مه‌نێكی زووتردا بیخوێنیته‌وه‌، باشتر له‌ ژیان و كێشه‌كانی و چاره‌سه‌ره‌كانی تێده‌گه‌یت، به‌رچاوڕوونی زیاترت بۆ زینده‌گی و ده‌وروبه‌رت ده‌بێت، له‌ ژیان باشتر تێده‌گه‌یت و به‌ چاو و عه‌قڵێكی كراوه‌تر له‌ خۆت و خه‌ڵكانی چوارده‌ورت ده‌ڕوانیت. ئاخر كتێبه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك روبه‌ڕووی كێشه‌كان ببینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ململانێ و جۆره‌ها كۆسپ و ته‌گه‌ره‌دا خۆمانبسازێنین. بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نووسه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ 14 كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: “كتێبه‌كه‌ پتر له‌ كتێبی فریاگوزاری سه‌ره‌تایی/ الاسعافات الاولیه‌” ده‌چێت، وه‌ها نووسراوه‌ته‌وه‌ یارمه‌تیت بدات له‌ ڕوبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ و گرفتی ڕۆژانه‌دا كه‌ زۆرجار تام و بۆی ژیانت لێ تێك ده‌دات. ئه‌مه‌ش له‌ ڕێی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك ڕاهێنانی وێناكردن و پشوودان وخۆهێوركردنه‌وه‌وه،‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كتێبه‌كه‌دا بۆت نووسراوه‌ته‌وه‌. تۆ ده‌توانیت له‌ ڕێی په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م ڕاهێنانانه‌، زۆربه‌ی گرفت و كێشه‌ و ده‌رده‌كانی خۆت چاره‌سه‌ر بكه‌یت، هه‌تا ده‌شتوانیت وا بكه‌یت هه‌ندێكیان جارێكی دی ڕوونه‌ده‌نه‌وه‌”.

كتێبه‌كه‌ به‌زمانێكی زانستی و ئه‌كادیمی قووڵ، به‌ڵام ساده‌ و بێ گرێ وگۆڵ و ده‌سته‌واژه‌ی ئاڵۆز نووسراوه‌ته‌وه‌، ئاخر ئه‌م خانمه‌ نووسه‌ره بۆ خۆی پزیشكێكی ده‌روونناسه‌ و له‌م بواره‌دا، سه‌رگه‌رمی چاره‌سه‌ری هه‌زاره‌ها كه‌سی نه‌خۆشه‌، هه‌ر بۆیه‌ كتێبه‌كه‌ له‌ ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی پراكتیكییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و پڕه‌ له‌ مه‌شق و ڕاهێنان و چیرۆك و سه‌رگوزشته‌ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی له‌ڕێگه‌ی ڕێنماییه‌كانی نێو كتێبه‌كه‌وه‌، چاكبوونه‌ته‌وه‌ و ژیانیان گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌.

ئه‌ڵبه‌ته‌ كتێبه‌كه‌ بۆ خۆی چه‌ند گرنگ و بایه‌خداره‌، وه‌رگێڕانه‌ جوان و چێژبه‌خشه‌كه‌ی مامۆستا شێرزاد حه‌سه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ بایه‌خ وبه‌های كتێبه‌كه‌ی به‌رزتر كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌و زمانه‌ كوردییه‌ی كتێبه‌كه‌ی پێ داڕێژراوه‌ته‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، زمانێكی پوخت و پاراوه‌ و له‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ بێزارت ناكات، به‌ڵكو وا ده‌كات به‌رده‌وامبیت له‌ خوێندنه‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ چاپی دووه‌مه‌، له‌ 227 لاپه‌ڕه‌ی نیو ئه‌ی فۆڕ پێكهاتووه‌، تیراژی هه‌زار دانه‌یه‌، نرخی 7 هه‌زار دیناره‌.

نووسینی شه‌وقی ئه‌بی شه‌قرا

و له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی

ناسینی نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و شاعیرێكی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب وه‌ك شه‌وقی ئه‌بی شه‌قرا(1935-2024)، له‌ كتێبێكی بچووك و خنجیلانه‌ی وه‌رگێڕدراو به‌ زمانێكی كوردی پوخت و پاراو، چێژێكی خۆش و تایبه‌ت به‌ خوێنه‌ر ده‌به‌خشێت. سه‌روه‌ختێك وه‌ك خوێنه‌رێك، له‌ ڕێگه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه‌وه،‌ گه‌شتێكی كورت، وه‌لێ چڕ و ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ نێو ژیان و شیعری ئه‌م شاعیره‌دا ده‌كه‌ین، ئارامییه‌كی ده‌روونی و هێمنییه‌كی گه‌وره‌ دامانده‌گرێت.

كاتێك له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێشه‌كی وه‌رگێڕی كوردی بۆ كتێبه‌كه‌ و دواتر چاوپێكه‌وتنی نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌م شاعیره‌ به‌ نێو ژیانێكی سه‌خت و تاقه‌تپڕوكێندا گوزه‌ری كردووه‌، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نێكی زوه‌وه‌، ته‌مه‌نی ده‌ ساڵان ده‌بێت، باوكی به‌ رووداوی هاتوچۆ گیان له‌ده‌ستده‌دات و ئه‌مان ده‌بن به‌ ئه‌رك به‌سه‌ر كه‌سانی دیكه‌وه‌.

شه‌وقی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا باس له‌ كاریگه‌ری مه‌رگی له‌ ناكاوی باوكی ده‌كات و له‌ لاپه‌ڕه‌ 15 كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: “ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر باوكم له‌ ژیاندا بوایه‌، نه‌بوومایه‌ به‌ شاعیر، ژیانیشمان به‌ شێوه‌ و ناوه‌رۆكییه‌وه‌ جیاواز ده‌بوو”.

لێره‌وه‌ ڕووداوێكی دڵته‌زێن- مه‌رگی باوك- دێت و له‌ ناخی منداڵێكی ده‌ ساڵاندا، ئاخ و په‌ژاره‌ و كه‌سه‌رێك به‌جێده‌هێڵێت كه‌ دواتر له‌ ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك دیوانی شیعرییه‌وه‌، گوزارشت له‌و چركه‌ ساتانه‌ی ژیان ده‌كات كه‌ دوور له‌ باوك و سۆزی باوكایه‌تی پێیدا تێپه‌ڕیوه‌. ئه‌م منداڵه‌ دواتر له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون و فامكردنه‌وه‌ی بۆ دونیا، ده‌بێته‌ دۆستی شیعر و ئه‌ده‌بیات و له‌ پاڵ ناوه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك ئه‌دۆنیس و یوسف ئه‌لخال و ماغوت، ده‌بێت به‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گۆڤاری شیعر. شه‌وقی وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، بۆ ده‌ربازبوون له‌ سته‌م و سه‌ختی ژیان، په‌نای بردووه‌ته‌ به‌ر خه‌یاڵ و زیاتر له‌ خه‌یاڵدا ژیاوه‌ تا له‌ واقیع. ته‌نانه‌ت جارێكیان وتوویه‌تی بۆیه‌ بووه‌ به‌ شاعیر تا تۆڵه‌ له‌ ژیان بكاته‌وه‌.

به‌ڵام چ تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ك، ئایا تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ی بریتی بووه‌ له‌ نه‌فره‌ت و پشتكردنه‌ ژیان ، ئایا دروستكردنی ره‌شبینی و دابران و خۆدوورخستنه‌وه‌ بووه‌ له‌ زینده‌گی سه‌ر زه‌وی و خۆئاماده‌كردن بووه‌ بۆ ژیانی دوای مه‌رگ؟ نا نه‌خێر، تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ی له‌ ژیان وه‌ك خۆی له‌ لاپه‌ڕه‌ 16ی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت ئاوا بووه‌: “به‌ بڕوای من تۆڵه‌م له‌ ژیان سه‌ندووه‌ته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ی برینداری بكه‌م… نه‌ ڕێگه‌یه‌كی ترم هه‌بوو، نه‌ چه‌كێك. قه‌ڵه‌م و خه‌یاڵ چه‌كم بوون. ئه‌م خه‌یاڵه‌ گه‌یاندمیه‌ دوورترین شوێن… خه‌یاڵی مه‌زن، ددان به‌وه‌دا ده‌نێم، ڕه‌نگه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ی من هه‌مه‌، كه‌م كه‌س هه‌یبێت”.

ئه‌م كتێبه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ تازه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بریتییه‌ له‌ 173 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ بچووكه‌، تیراژی هه‌زار دانه‌یه‌ و نرخی ته‌نها 3 هه‌زار دیناره‌.

د. سەمەد ئەحمەد

كـۆشـكە سـورەكـە، تازەترین رۆمانی چاپكراوی شاعیر و رۆماننووس (هیوا قادر)ە، لە دوتوێی (303) لاپەڕەدا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ساڵى 2021 چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.

ئەم رۆمانە، چ لە رووی بابەت و باكگراوەندی فكرییەوە، چ لە رووی تەكنیكەوە، شایانی خوێندنەوە و قسە لەسەركردن و لەمەش زیاتر توێژینەوەی ئەكادیمییە. من كە دەرفەتی توێژینەوەی ئەكادیمیم نییە، لەم چەند دێڕەدا چەند سەرەقەڵەم و سەرنجێك دەخەمە روو:

لە رووی بیرۆكە و ناوەڕۆكەوە، رۆمانەكە باس لە دۆخی ناهەمواری ئێستای كوردستان دەكات، كە چۆن شار بۆ گەندەڵکاران بووە بە بەهەشت و بۆ خەڵكیش بووە بە دۆزەخ. لە رووی پەیامەوە رۆمانەكە فرە پەیامە، لەیەك كاتدا هەڵگری پەیامی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و تەنانەت فەلسەفیشە، كاتێك ئەمە دەڵێم، دەبێت ئەوەش بخەمە روو كە گەیاندنی ئەم پەیامانە هەرگیز نەبووە بە مایەی ئەوەی لە چوارچێوەی كەش و مەرجەكانی دەقی ئەدەبیدا، لەناویشیاندا هونەری رۆمان خاڵیی بووبێتەوە، نەخێر بەپێچەوانەوە، خوێنەر بەوپەڕی چێژ و چەشەی ئەدەبییەوە، رووبەڕووی دەقێكی ئەدەبیی چڕوپڕ دەبێتەوە، نەك كتێبێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و فەلسەفی.

کوردستان شوێنی سەرەكیی رۆمانەكەیە، بەڵام جگە لە كوردستان، بەیروت و بەریتانیا و ئیسپانیا هەروەها ناوی چەند شوێنێكی تریش دەهێنێتە ئاراوە، هەر یەك لەم شوێنانە تایبەتمەندییان هەیە و بەشێك لە رووداوەكانیان تێدا دەگوزەرێت.

رووداوەكانى رۆمانەکە لە شێوەی هێڵێكی راست، لە سەرەتا تاكۆتایی ناڕۆن، بەڵكو جگە لەوەی رووداوەكان شەپۆل دەدەن، هەروەها پاش و پێش دەكەن و تا كۆتایی رۆمانەكە لە پێشبڕكێكی بەردەوامدان، ئەم تەكنیكە خوێنەر لە چاوەڕوانیدا بۆ رووداوی نوێتر و سەمەرەتر دەهێڵێتەوە.

بەڵام لە هەندێ‌ جێگەدا، لە گێڕانەوەی رووداوەكاندا خوێنەر هەست بە فرە وێژیی و چەندبارەبوونەوە دەكات، وەك باسكردنی سەفەری(یارخان) لەگەڵ خۆشەویستەكەی بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان و كوژرانی خۆشەویستەكەی بەهۆی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە، پاشان مانەوەی (یارخان) وەك سۆزانیی و لەشفرۆشێك لە یانە شەوانەكانی شەقامی حەمرای بەیروتی پایتەختدا.. و ئاشنابوونی بە (مەنسور ئاغا) و گەڕانەوەی بۆ كوردستان و نیشتەجێ بوونی لە ناو كۆشكی سوردا… كە لای من، لە رەوی تەكنیكەوە، ئەمە خاڵی لاوازە و خوێنەر بێزار دەكات.

زۆربەی رووداوەكان لەناو كۆشكێكدا روودەدەن، نووسەر بە(كۆشكی سور) ناوی دەبات، گوزارشت لە رابواردن و شەهوەتبازیی و شەوە سورەكانی دەسەڵاتدارە گەندەڵەكان دەكات. ئەم كۆشكە لەدوای راپەڕینەوە، لەلایەن یەكێك لە شۆڕشگێڕەكانی شاخ و هەوەسبازەكانی شارەوە دروست دەكرێت، كە ناوی (مەنسور ئاغا) یە و یەكێكە لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی رۆمانەكە.

جگە لە (مەنسور ئاغا)، (یارخان و ساراخان و سیامەند و موراد)،چوار كارەكتەری دیاری رۆمانەكەن، جگە لە چەندین كەسی لاوەكیی تریش کە لە رۆمانەكەدا رۆڵ دەگێڕن.

رۆمانەكە پڕە لە گرێی گەورە و بچووك، گرێكانیش لە زۆر شوێن و كاتەكاندا بەیەكداچوون، لەبەرئەوە بۆ كردنەوەی گرێكان، خوێنەر دەبێت حەوسەڵە و تاقەت و پشوودرێژیی هەبێت.

سەرئەنجام،بەهۆی شارەزایی نووسەر لە تەكنیكی گرێچنیدا، بەبێ‌ زۆر لەخۆكردن، لەگەڵ ئاشنابوون بە رووداوەكاندا، گرێكان بەشێنەیی و لەسەرخۆ دەكرێنەوە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ گرێیەك لەگەڵ گرێیەكی تر بئاڵۆسكێت. دواجاریش بەكردنەوەی كۆی گرێكان خوێنەر باشتر لە ماجەرای رۆمانەكە تێدەگات.

لە رووی سایكۆلۆژی و هەڵچوونی و رەفتارییەوە، شاكەس و كارەكتەرەكان، كەسانی ئاسایی نین و هەریەكەیان بەشێوەیەك باری دەروونیی و هەڵچوونیان پەشێو و نائارامە، لە رووی رەفتاریشەوە، كەسانی لادەر و لەش كڕ و لەش فرۆشن، ئەم نائارامییە دەروونی و تێكچوونی رەفتارە، لەشێوەی درۆكردن و خەڵەتاندن و ساویلكەیی و ئازاردان و توندوتیژیی و رق و خۆشەویستیی و عەشق و تۆڵەسەندنەوە و كوشتن و تەنانەت شێتیشدا دەبینرێت. گێڕەرەوە، كەسێكی هەمووشت زانە، خوێنەر لە رێگەی ئەمەوە ئاشنای رووداوەكان دەبێت. رۆمانەكە چەندە واقعییە، ئەوەندەش موتوربەیە بە فەنتازیا، بەڵام چونكە شارەزایانە مامەڵە لەگەڵ فەنتازیادا كراوە، خوێنەر پرسیاری سەمەرە و سەرسوڕهێنەری لەلا دروست نابێت و بەشێوەیەكی ئاسایی بڕوا بە رووداوە فەنتازییەكان دەكات.

كاتی رۆمانەكە بریتییە لە دوو كاتی حەقیقی و ناحەقیقی، كە نووسەر زۆر شارەزایانە، هەروەها زانستییانە مامەڵەی لەگەڵداكردووە. كاتی حەقیقی رۆمانەكە ئەو كاتەیە كە لە سەرەتاوە خوێنەر ئاشنا دەبێت بەو دۆخە وێران و پڕ لە ترس و سامەی كە لە كۆشكی سوردا لە ئارادایە و خۆشییەكانی تیا نەماوە.. پاشان بەهۆی فلاشباك و چەندین تەكنیكی ترەوە، نووسەر كاتی ناحەقیقی لە رۆمانەكەدا دەخوڵقێنێت. خوێنەر لەم رێگەیەوە ئاشنا دەبێت بەتەواوی ماجەراكانی رۆمانەكە، لە لاپەڕەكانی كۆتاییدا و لە دوای زیاتر لە (290) لاپەڕە لە دابڕان، نووسەر جارێكی تر كاتە حەقیقییە لێك پچڕاوەكە پێكەوە دەبەستێتەوە و خوێنەر دەگەڕێنێتەوە بۆ لاپەڕەكانی سەرەتا، كە بریتییە لە دۆخی وێران و پڕ لە ترس و سامی ناو كۆشكی سور.. بەڕای من ئەم تەكنیكە گەشترین لایەنی هونەریی رۆمانەكەیە.

زمانی نووسین لەم رۆمانەدا هەتا بڵێی سفت و پاراوە. هەر ئەم زمان پاراوییەش وایكردووە، وەسفی شتەكان وێنەیی بێنە پێشچاوی خوێنەر.. هیوادارم زیادە رۆییم نەكردبێت كە دەڵێم: لەهەندێ‌ جێگەدا خوێنەر، چەند خوێنەرە، لەوە زیاتر بینەر و تەماشاكەر بێت!

كاتێك ئەمە دەڵێم، دەبێت ئەوەش بەیان بكەم لە هەندێ‌ جێگەشدا درێژ دادڕیی لە وەسفی شتەكاندا بەدی دەكرێت، لەمەش ناخۆشتر ئەوەیە، خوێنەر هەست دەكات ئەو درێژ دادڕییە پێویست نییە و زیادەیە.

جگە لەم جوانییانەى سەرەوە، لام وایە رۆمانەکە خاڵى لاوازیشى هەیە، کە بریتییە لە دروستبوونی پرسیارێك و من وەڵامم بۆنەدرایەوە، ئەویش ئەوەیە: (سارا خاتوون)، كەسێكە جگە لە توخمی مێییەنەیی خۆی، ناتوانێت هیچ نێرینەیەكی خۆشبوێت، بە سیامەند و مورادیشەوە كە شێت و شەیدای سارا خاتوون بوون و دواجاریش هەر بەم هۆیەوە دەستیان دەچێتە خوێنی یەكتری.. واتا سارا خاتوون (هاوڕەگەزخوازە)، ئەم راستییەش لە چەندین جێگەی رۆمانەكەدا جەختی لەسەر كراوەتەوە و یەكلایی بووەتەوە، چۆن لە دێڕەکانی كۆتایی رۆمانەكەدا، بەشێوەیەكی فەنتازیی (سارا خاتوون.. بۆ یەكەمجار خۆی دەست دەبات و دەستی سیامەند دەخاتە ناودەستی خۆیەوە.. لەوێدا جەستەی سیامەند سووك دەبێت و وردە وردە لە جێگەی خۆی بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان سارا خاتوون دەستی سیامەند بەرنادات، لە ترسی ئەوەی نەبادا بە تەنیا بەرەو ئاسمان بەرز بێتەوە.. ل 302) ؟؟!!

سەرچاوە:

ئەدەب و هونەر

ئامادەکردنی: سەردەم

لە سەروەختی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی (سەماکردن لەنێو ئاگردا، هەستانەوه له نێو خۆڵەمێشدا) بە زمانی ئینگلیزی، کۆمەڵێک نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی و کەسایەتیی جیاجیا، لەسەر ئاستی ئەوروپا و نێوەندە ئەدەبییەکان، باری سەرنج و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ڕۆمانەکە خستە ڕوو و سەرسامیی خۆیان نەشاردەوە بە ئاستی ڕۆمانەکە، چ لە ڕووی تەکنیک، زمان و شێوازی گێڕانەوەوە، چ لە ڕووی بابەت، چیرۆک و ڕووداوەکانیەوە.

ڕۆمانی (سەماکردن لەنێو ئاگردا..) لە لایەن خانمە نووسەرێکی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە(عیسمەت سۆفیە/ئاسما) ئازادانە و ئازایانە نووسراوە، چیرۆکی ژیانی نەتەوەیەکی بندەست و مافخوراوی وەک کورد دەگێڕێتەوە، باس لە قارەمانێتی و گیانبازی هەزاران ژن و پیاوی ئازادیخواز دەکات بۆ بچڕاندنی زنجیرەکان و بەدەستهێنانی ئازادی و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ. ئەو لە ڕێی گێڕانەوەی ئازارە تاکەکەسییەکانەوە، گوزارشت لە ئازاری کوردبوون و ژنی کورد دەکات. خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، بەر یاداشت، بیروەری، خەیاڵ و ڕاستی دەکەوێت، گەشتێک دەکات بەنێو مێژووی ژیانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کورداندا، هاوکات ئاشنامان دەکات بە چەندین کەسایەتی گیانباز و دۆخی ژنی کورد بە دەست نەریتە کۆنخواز و یاسا تاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست.

ئەم ڕۆمانە لە ئێستادا لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (عەلی عوسمان یاقووب) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، دەزگای سەردەم چاپی کردووه و له کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

وەرگێڕی ڕۆمانەکە (عەلی عوسمان یاقووب) سەبارەت بە ڕۆمانەکە پێی وایە ئه‌م ڕۆمانه به‌دواداچوونێکی سه‌رنجڕاکێشی خه‌باتی ژنێکی کورده‌ له‌پێناوی ئازادی. گه‌شته‌که‌ له‌ شاری سنه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات و به‌ تورکیادا تێده‌په‌ڕێ تا ده‌گاته‌ وڵاتی نه‌رویژ:

 ڕۆمانه‌که‌ بینینێکی بێ هاوتا سه‌باره‌ت به‌ مێژووی به‌رگری و به‌رخودانی شوێن و خه‌ڵکێکی له‌بیرکراو ده‌خاته‌ ڕوو. له‌ هه‌مان کاتدا خستنه‌ڕووی دیوێکی سایکۆڵۆژی قووڵ و ئه‌و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌‌، که‌ ژنی کورد به‌رگه‌ی ده‌گرێ بۆ ده‌ربازبوون له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی سیاسی و نێرسالاری، هه‌روه‌ها ژیانی ئاواره‌یی و په‌راوێزخستن. شوێنی ڕووداوه‌کان بریتین له‌ شاری سنه‌، مه‌ریوان، تاران، ئیستانبۆل، شاری ئۆسلۆ له‌ نەرویژ، هه‌روه‌ها ستۆکهۆڵم له‌ وڵاتی سوێد.

عیسمه‌ت سۆفیه‌ی نووسه‌ر له‌میانی ئاخاوتنێکدا سه‌باره‌ت به‌ په‌نابردنه بەر مێژوو و یاده‌وه‌ری، ده‌ڵێ:

به‌ داخه‌وه‌ مێژووی کورد، لانیکه‌م له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا، وه‌کو ده‌رده‌که‌وێ، له‌ خولگه‌یه‌‌کی دووباره‌وه‌بوو گیری خواردووه‌ و هیچ گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆی تێدا نییه‌، که‌ سوودی بۆ کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌بێت، من پێم وایه‌ مێژوو له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌رباره‌ی چیرۆکه‌کانه‌. چیرۆکه‌کان ئامرازی سه‌رنجڕاکێشن و ده‌‌کرێ به‌ ئاڕاسته‌یه‌کی باش یا خراپ به‌کار بێن، ته‌نیا هێزێك بتوانێت به‌سه‌ر چیرۆکدا زاڵ بێت، یا جێگه‌ی بگرێته‌وه‌، چیرۆکێکی باشتر و گێڕانه‌وه‌یه‌کی باشتره،‌ . . . چیرۆکه‌کان  کاتێك بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌کان به‌کار دێن، ده‌کرێت بنیاتنه‌ر بن، به‌ڵام کاتێك بۆ به‌رده‌وامدان به‌و ئێش و ئازارانه‌  به‌کار دێن، ئه‌وا ده‌بن به‌ چیرۆکی زیانبه‌خش.

ئامانجی من له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه،‌ وه‌کو هه‌نار، ماگوڵی، تارا، فوئاد، شوان، هه‌روه‌ها ئه‌وانی تر، گێڕانه‌وه‌یه‌کی تر له‌ جێگه‌ی چیرۆکی ئه‌وان بخه‌مه‌ ڕوو، که‌ سووڕی تراژیدیا و شڵه‌ژانی د‌روونی و مه‌ینه‌تی و کوێره‌وه‌رییه‌‌ دووباره‌بووه‌کان تێك بدات. ئه‌م چیرۆکه‌ جێگره‌وه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ڕێگاکانی چاره‌سه‌رکردن ده‌کات،  له‌ مێژووی ده‌نگه‌ په‌راوێزخراوه‌کان، که‌ ڕووبه‌ڕووی شڵه‌ژانی ده‌روونی، یاده‌وه‌ری، هه‌روه‌ها مێژوو ده‌بنه‌وه‌، قووڵ ده‌بێته‌وه‌‌. لێره‌دا پرۆسێسی گێرانه‌وه‌ و بیرهاتنه‌وه‌، هه‌روه‌ها شکاندنی بێده‌نگی ده‌بن به‌ کردار‌ی به‌رخودان و کاریگه‌ر ده‌بن، نه‌ك ئەوەی تەنها خۆت به‌ قوربانی ببینیت و به‌رده‌وامی به‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کان بده‌یت.

نووسه‌ر بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌‌که‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی ڕۆمانێکی کاریگه‌ر، پشت به‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هۆشیارانه‌ ده‌رباره‌ی ڕووداو و کاره‌کته‌ره‌ ڕاسته‌قینه‌کان و داب و نه‌ریت و ئاخاوتن و جلوبه‌رگه‌ کو‌لتوورییه‌کان ده‌به‌ستێت و به‌ لێهاتوویی خۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چنینی به‌هێزی چیرۆکه‌که‌ی‌ و سایکۆڵۆژیای دروست و به‌جێی مرۆڤ تێکهه‌ڵکێشیان ده‌کات. سۆفیه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا، له‌بری مێژوو، په‌نا بۆ یاده‌وه‌ری کاره‌کته‌ره‌کان ده‌بات ده‌رباره‌ی ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ و گرێدانی به‌ ئێستای کاره‌کته‌ره‌کان.

 لێرەدا سەرنجی بەشێک لەو نووسەرە بیانیانە دەخەینە ڕوو کە سەبارەت بە ڕۆمانەکە و نووسەری ڕۆمانەکە نووسیویانە.

نیما شاه…نووسەری بەناوبانگی بەریتانی و براوه‌ی خه‌ڵاتی ئەدەبی:

سه‌ماکردن له‌نێو ئاگر، هه‌ڵسانه‌وه‌ له‌نێو خۆڵه‌مێش، ڕۆمانێکی قووڵی مشتومڕئامێزه ‌و یاد و یاده‌وه‌ری ده‌وروژێنێ. سۆفیه‌ به‌ شێوازێکی زۆر جوان ده‌رباره‌ی مرۆڤ ده‌نووسێ کاتێك له‌ ناخه‌وه‌‌ ڕووبه‌ڕووی شڵه‌ژانی ده‌روونی و سه‌رکوتکردن ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و ڕێگایانه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌یانگرێته‌ به‌ر. هاوکات خوێنه‌ریش ده‌خاته‌ نێو کو‌لتوور و داب و نه‌ریتی کورده‌واری.

د. وێندلمۆنت هاملینک‌… توێژەر لە زانکۆی ئۆسلۆ:

ئه‌م ڕۆمانه‌ گه‌شتێکی سه‌رنجڕاکێشی ژنێکه‌ له‌ پێناوی ئازادی. گه‌شته‌که‌ له‌ شاری سنه‌ له‌ ئێران ده‌ست پێ ده‌کات و له‌ تورکیا و ئه‌وڕووپا به‌رده‌وام ده‌بێت، ڕۆمانه‌که‌ تێڕوانینێکی ناوازه‌ له‌مه‌ڕ مێژووی به‌رخودانی کورده  و خه‌ڵکێکی له‌بیرکراو ده‌خاته‌ ڕوو. گێڕانه‌وه‌یه‌کی سایکۆڵۆژیانه‌ی قووڵی هه‌لومه‌رجی سه‌خت و دژواری به‌رپرسیارێتی ژنه‌ له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی سیاسی و پیاوسالاری و بارودۆخی ژیانی ده‌ربه‌ده‌ری و په‌راوێزخستن، به‌رهه‌مێکی کاریگه‌ره‌، ده‌رهاویشته‌ی خۆشه‌ویستی و تووڕه‌ییه‌، که‌ پیشانی ده‌دا پرسه‌ که‌سێنییه‌کان هه‌میشه‌ سیاسین، به‌ تایبه‌تی بۆ ژنێکی کوردی له‌دایکبووی ئێران.

د. تۆریۆ رێدکراو… خەڵکی ئەمریکا و سەرۆکی بەڕێوەبەری سەنتەری کوردی بۆ لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکاری ململانێ  جیهانییه‌کان:

سۆفیه‌، گه‌شتێکی ڕووحی ده‌رباره‌ی کوردبوون له‌ ئاواره‌یی ده‌خاته‌ ڕوو، تیایدا کورده‌کان ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی مێژوویه‌کیان له‌خۆ گرتووه‌،‌ وایان لێ ده‌کات گیرۆده‌ی شڵه‌ژانی ده‌روونی و وابه‌سته‌ی ئومێد بن به‌ کوردستانێك که‌  دوای خۆیان به‌جێیان هێشتووه‌. هاوڕێیه‌تی و خۆشه‌ویستی و نادروستی تێكهه‌ڵکێشی یه‌کتر ده‌کرێن. جارجاریش له‌ چوارچێوه‌ی جه‌نگ و سه‌رکوتکاری ڕه‌گه‌زی و ئه‌تنیکی، هه‌روه‌ها له‌ میانی چالاکی سیاسی و به‌رخوداندا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر کاریگه‌ر له‌ ڕێگه‌ی شیعر و گۆرانی ده‌خرێنه‌ ڕوو. چیڕۆکه‌ تێکهه‌ڵکێسراوه‌کان وا له‌ خوێنه‌ر ده‌که‌ن بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ چۆن برینه‌کانی ڕابردوو ده‌توانن له ‌سه‌رێکه‌وه‌ ئێستا ببزوێنن، له‌ سه‌رێکی تریشه‌وه‌ ئاسته‌نگی بخه‌نه‌ به‌رده‌م، له‌ کاتێکا ئازادی ژن و سەر‌به‌خۆیی له‌ ئێران ده‌بەستێته‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندیی نێوان تاکه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆمان.

د. مایکل ماثیسۆن… نووسەر و سەرنوسەر و چالاکوانی فێمینیستی کەنەدی:

بە کەڵک وەرگرتن لە هەردوو چاویلکەی کەسی و نەتەوەیی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی شوناس و شۆڕش، سەماکردن لە نێو ئاگردا، لە نووسینی (سۆفیه) لە یەک کاتدا نیگایەکی فراوانە بۆ خەباتی کورد بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدرێت، هەروەها چیرۆکێکی توند داڕێژراوی گێژاوی کەسی و سیاسی ژنێکە.  ڕۆمانی سۆفیه، بە دڵنیایی و سەرنجێکی زۆر بۆ وردەکاری نووسراوە، کە لە تێگەیشتنی قووڵی ئەو بۆ کلتور و مێژوو وەرگیراوە. چیرۆکی ئەو چاوخشاندنێک بە خوێنەران دەکات بۆ جیهانێک کە زۆرجار لە مێژوودا پشتگوێخراوە یان لەبیرکراوە. لە ناوەرۆکیدا، ڕۆمانەکە چیرۆکێکی کەسیی دەگێڕێتەوە کە پڕە لە خەون و ئارەزوو کە بۆ زۆر کەس وەک خۆی دەردەکەوێت و خۆی تیدا دەبینێتەوه. کتێبێکه کە  نابێت لەدەستی بدەیت و دەبێ بیخوینیتەوە.

د. لیز مۆنۆمێنتی خەڵکی ئوستۆرالیا… ڕۆماننووس، پسپۆری سیناریۆ و ڕاهێنەری نووسین:

ئەم کتێبه زۆر جیاواز و کاریگەره. باسێکی جوان، نووسراوی زەبر و میرات و مانەوە. شیعراوی و ئەفسووناوی و بەهێز و سەرنجڕاکێشه.

ژانێت بیهل… نووسەر و وەرگێڕ و هونەرمەندی ئەمریکی:

تارا، ژنێکی گەنجی کوردە کە لە وڵاتی نەرویج دەژێت، لەگەڵ یادەوەریە ناخۆشەکانی ژیانی پێشووی لە کوردستانی ئێران دەناڵێنێت. چارەسەر یارمەتیدەر نییە. هەروەها خۆشەویستە دڵسۆزەکەشی، کە پێشنیاری ئەوە دەکات “بیرەوەرییه ناخوشه کان لەبیر بکات”. تارا دوور لە لەبیرچوونەوە، بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای چیرۆکی خێزانەکەی، هاوڕێکانی، هاووڵاتییەکانی و هاوڕێ کوردەکانی، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکان لە سنه و کوردەکان لە ئێران که  لە لایەن شاوە دەچەوسێندرێنەوە، هه روه ها پاش شۆڕشی 1979 که هیواکانی له دڵی خه ڵکی کورد له بەین برد و  پاشان زۆر زوو لە لایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە دەچەوسێندرانەوە. سووفیه ، نووسەرێکی به توانایه که کەسایەتییەکی لەبیرنەکراوی دروستکردووە کە بەشداری ئەو بەرهەڵستکارییە ناوازەیە دەکەن و هیوا و داهێنان و هیوا بەرزەکانی دەردەخەن. لە هەمان کاتدا، کارەکتەرەکانی تری بە هەمان شێوە لەبیرنەکراو گرفت لە جوڵەکەدا بەرجەستە دەکەن. دواتر دەچینە ناو گفتوگۆی داهاتووی کوردەوە، کاتێک کارەکتەرەکان مشتومڕ دەکەن لەسەر پێویستییەکانی تێکۆشان بۆ مافەکانی کورد و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و چۆنیەتی هاوسەنگیکردنیان.  ئەمە ڕۆمانێکی سەرنجڕاکێشە، بە سەرنجڕاکێشی نووسراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بنیادنەر و جێگەی بیرکردنەوەیه، کە دەتباتە ناو ڕووداو و تێڕوانینەکان کە شایەنی ئەوەن لە وڵاته ڕۆژئاوییەکاندا باشتر بناسرێ.

میری کوردان

نووسینی: کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ

و. لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

 

لە  ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا خانمە نووسەر و فەیلەسوفی ئیتالی کریستینا تریڤۆلچا دی بێلجوێزۆ  بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە پەڕاگەندەی دەوڵەتی عوسمانی دەکرێت و لە شوێنێک نزیک زێد و نیشتمانی کوردان، لە ئاسیای گچکەدا، نیشتەجێ دەبێت و چەند ساڵێک لەو ناوچانەدا دەمێنێتەوە ولە نزیکەوە ئاشنایی لە گەڵ ژیان و کولتور و ئەفسانەکانی ناوچەکەدا پەیدا دەکات و بەرهەمی ئەو ئاشنایەتییەش چەند کتێبێکن کە بە زمانی ئیتالی و فەرەنسی نووسیوێتن. یەکێک لەو کتێبانەشی کتێبی ” ئامینە – چیرۆکە تورکییە ئاساوییەکانە” كە چیرۆکی  ” میرێکی کوردی” یەکێکە لەو چیرۆکانە و ساڵی ١٨٥٦ بە فەرەنسی و ساڵی دواتر بە ئیتالی لە میلانۆ چاپکراوە.

گۆڤاری ڕووسکی ڤێستنیک  لەژمارە ٢ و٣ ی ساڵی١٨٥٦ دا چیرۆکەکی بە ڕووسی بڵاوکردۆتەوە و نووسیویەتی کە گوایە وەرگێڕەکەی نەناسراوە! بە هەرحاڵ ئەم چیرۆکەی ئێستا بە کوردی و لە ژێر ناوی ” میری کوردان” دا  لەبەر دەستی خوێنەری هێژادایە لەو دەقە ڕووسییەوە وەرگیراوە.

نووسەر لە دیدێکی یۆرۆسینتریزمەوە، واتە کردنی ئەوروپا بەسەنتەری مێژوو و  هەموو بەهاو شتە باشەکان، بەسەرهاتی سەرۆکهۆزێکی کورد و ژیانی ناو حەرەمسەراکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە. باسی ئەوەمان بۆ دەکات چۆن ئەو سەرۆکهۆزە بەردەوام لە کێشە و پێکداداندایە لە گەڵ دەوڵەتی مەرکەزییدا، بەڵام نووسەر، سەرباری ئەوەش کە خۆی خەباتگێڕێکی سیاسییە بۆ یەکخستنی نەتەوەکەی خۆی، گشت ئەوە وەک خولیایەکی هەمیشەیی کوردەکان بۆ سەرکێشیی و تاڵانکاری سەیردەکات و هیچ بیری بەلای ئەوەدا ناچێت کە ئەوە هەوڵی گەلێکی ژێردەستەیە بۆ جەختکردنەوە لە سەروەریی خۆی لە سەر زێد و نیشتمانەکەی خۆیدا. هەرچۆنێک بێت کێشەکان دەگەنە خاڵێک کە دەوڵەت بڕیاری دەستگیرکردن و سزادانی مەمێد بەگی سەرەکهۆز دەدات.

ململانێی سەرەکهۆزەکە و دەسەڵاتدارانی تورک، کێشە خەفەکراوەکانی ناو حەرەمسەراکەش زەق دەکاتەوە، بە تایبەتی لە نێوان دووان لە ژنەکانی مەمێد بەگدا، کە یەکێکیان دڵسۆزانە لە هەوڵی ڕزگاکردنی بەگدایە و ئەویتریشیان دەیەوێ تۆڵەی کەرامەتی ژێرپێنراوی خۆی لە مێردەکەی بکاتەوە و ڕادەستی سوپای تورکانی بکات.

نووسەر ئەگەرچی پێناچێت لە سەرەتادا دید و بۆچوونێکی ئەرێنی هەبێ بەرامبەر کوردەکان، بەتایبەتی سەرۆکهۆزەکەیان، بەڵام لە گەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بەسەرهاتەکاندا، هەم جوامێری سەرۆکهۆزە کوردەکە و هەم غەداری و ناپاکی دەسەڵاتدارە تورکەکان دەردەخات لە ڕەفتارکردنیاندا، تەنانەت دەرهەق بەو نەیارانەشیان  کە ئەمانیان پێدەدەن و دۆستایەتییان بۆ ڕادەگەیەنن.

خوێنەری وریا، لە ڕێگەی ئەم چیرۆکەوە، لایەنێکی ئەو تەکتیکە خۆپارێزەرانەی کوردانی ژێر قەڵمڕەویی دەوڵەتی فراوانی عوسمانییەکانی بۆ دەردەکەوێت، کە بە درێژایی چەندین سەدە توانیویانە بەرگری لە بوونی خۆیان بکەن، سەرباری هەموو هێز و دڕندەیی دەوڵەتەکە.

وەرگێر، لە پاشەکییەکدا کە بۆ چیرۆکەکەی نووسیوە، هەوڵی وەڵامدانەوەی بەشێک لەو پرسیارانەی داوە، کە بە بۆچوونی خۆی، چاوەڕوانکراوە لای خوێنەر دروست ببن پاش خوێندنەوەی چیرۆکەکە.

چیرۆکەکە ئەگەر هەر وەک چیرۆکی دڵدارییەکی پڕ سەرکێشی و تەنگژەش سەیر بکرێت تام و چێژی خۆی هەیە، بەڵام ڕەهەندی کوردبوون و باسکردنی ژیانی بەشێک لە نەتەوەکەمان، مەودا و چێژێکی زیاتر دەبەخشێتە خوێنەری کورد. ڕەنگە لە کۆنتێکستی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا چاوەڕوان دەکرین، ئەم چیرۆکە ئاماژە و بایەخێکی هەنووکەیی تریش بگرێتە خۆی.

 

 

 

تەعبیرییەت، هەوڵێک بۆ پۆلێنکردنی هونەری شێوەکاری

خستنەڕووی کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا”

خوێندنەوەی: سەردەم

قسەی تێدا نییە کە ڕەخنەی شێوەکاری لە کوردستان، ڕەخنەیەکی سست و کەم تینە، ڕەخنەیەک نییە لە ئاست کاری هونەرمەندانی شێوەکاری کورددا بێت، بۆیە دەبینین مەودایەک و بۆشاییەکی گەورە لە نێوان تابلۆ و ڕەخنەی هونەرییدا هەیە، ڕەخنەیەک کە چیەتی و چۆنیەتیی کارە هونەرییەکانمان بۆ ڕوون بکاتەوە، هاوکات پێشانی بدات تابلۆیەک لە کوێدا داهێنەرانەیە و لە کوێ نوقسانی هەیە، پاشتریش بتوانێت بەرچاوڕوونییەک بە بینەر و کەسانێک بدات کە خولیای هونەری شێوەکاری و ویستی پەییبردن بە دیوە شاراوە و نەگوتراوەکانی پشت هەر تابلۆیەکی هونەرییەوە هەیە. کەمی، یان نەبوونی ڕەخنەی شێوەکاری لە دنیای شێوەکاری کوردیدا، کارێکی کردووە تابلۆ داهێنراوە زۆر باشەکانیش هەر بە بێدەنگی و خامۆشی تێپەڕ بن و بەهای ئیستاتیکای خۆیان وەر نەگرن، ئەگەر دیققەت بدەین ئەم قەیرانە لێکەوتەکانی بە شێوەی زیان و زەرەر بۆ کۆی پڕۆسەی داهێنانی شێوەکاریمان کەوتووەتەوە، کەسانێک کە ڕۆژانیک بە عەشقەوە لەم کایە هونەرییەدا کاریان کردووە و کارەکانیشیان چ لە ئاستی گەلەری و پێشانگە، چ لە ئاستی وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەش ناسراون، تووشی جۆرێک لە نائومێدی هاتوون و بەرە بەرە لە کۆی بوارەکە دوور کەوتوونەتەوە و ڕەنگە ئێستا چیدی هیچ کارێکی نوێیان نەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەم جۆرە نەبووایە و ڕەخنەی شێوەکاری کوردی ئاوڕی جددی لە کاری هونەرمەندانی کورد بدایتەوە، دەتوانرا ئەو توانا هونەرییانە پەشوبڵاو نەبنەوە و هەنووکە لە پاڵ ئەو هونەرمەندانەدا کە کار دەکەن، زۆر ناوی تریش هەبوونایە.

وەهبی ڕەسووڵ جگە لەوەی خۆی هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و داهێنەرە، ساڵانێکی زۆریشە چ بە نووسین و چ بە وەرگێڕان، چەندان کتێبی هونەریی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و کتێبخانەی هونەری شێوەکاری کوردی بە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە، ڕەنگاوڕەنگتر و جوانتر بووە. نوێترین کتێبی وەهبی ڕەسووڵ کتێبێکە بە ناونیشانی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا”، ئەم کتێبە لە تازەترین چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە بۆ ساڵی ٢٠٢٤، لە چاپێکی هونەری جواندا، بە قەوارەی ١٨٣ی مامناوەند، بە دیزاینێکی ناوازە لە لایەن هونەرمەند ئارام عەلییەوە، کە بۆ سەر بەرگەکەی، یەکێک لە تابلۆ هەرە تایبەتە تەعبیرییەکانی هونەرمەند ئیگۆن شیلەی داناوە، ئەم کتێبە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە درێژەی ئەم نووسینەدا، بە شێوەی گەشتنامەیەک، هەوڵ دەدەین پەیوەست بە ناوەرۆکی کتێبەکە، لە هەندێ بابەتی هونەری و گرفتی ڕەخنەی شێوەکاری لە کوردستان، بدوێین.

سەرەتا ئەگەر لەوێوە دەست پێ بکەین، کە بۆ خۆی پرسیارێکی جددییە، بۆچی ڕەخنەگری تایبەت و پسپۆڕمان لە کوردستان سەبارەت بە هونەری شێوەکاری نییە؟ لە کاتێکدا دەبینین هونەری شێوەکاری کوردی مێژووییەکی هەیە لەناو هونەری بۆ نموونە عێراقیدا؟ یەکێک لەو گرفتانە کە هەر لەم پرسیارەوە ساز دەبێت ئەوەیە، کە دەبینین خودی هونەرمەندانی شێوەکارن کە دەبن بە ڕەخنەگری هونەری شێوەکاری و هەر ئەوان هەوڵ دەدەن قسە لەگەڵ تابلۆ و پێشانگە و شێواز و قوتابخانە هونەرییەکانی شێوەکاری بنووسن و بدوێن. نووسەری ئەم کتێبە، وەهبی ڕەسووڵ، یەکێکە لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەو قسەیەی ئێمە، ئەم هونەرمەندە بە تەنیشت کاری هونەریی خۆیەوە، بەردەوام پەرژاوەتە سەر نووسین و وەرگێڕان لە کایەی هونەری شێوەکاریدا. وەک گوتراش لەو لایەنەوە چەندان کتێبی پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەران و هونەرمەندانی کورد کردووە. دیسان کاتێک بیر لەو پرسیارە دەکەینەوە ڕیزێک هونەرمەندی تر، کە بۆ خۆیان لە بنەڕەتدا شێوەکارن و لەو بوارەشدا جێدەستیان دیارە، وەک ڕەخنەگر کاری خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تابلۆ و کارە هونەرییەکانیان کردووە، لەوانەش هونەرمەندان: گارا، گۆران بابەعەلی، ستار قادر، حەمە هاشم، قەرەنی جەمیل، شیروان خان، قادر میرخان، جەزا بەکر و… چەندانی تر. بێگومان نابێت هەندێک هەوڵیش نەدیو بگرین کە کاری ڕەخنەییان لە هونەری شێوەکاریدا کردووە و ڕۆڵیان بەرچاوە، لەوانە: ڕزگار سەعید، ڕێبوار سیوەیلی، ڕامیار مەحموود، بەختیار سەعید، فەرهاد پیرباڵ، موحسین ئەحمەد عومەر و… چەندانی تر. سەرباری ئەم هەوڵانە ـ کە جددین و نابێت فەرامۆش بکرێن ـ بەڵام دەبێت پێ لەو ڕاستییە بنێین کە بە ئێستاشەوە نەتوانراوە ڕووبەرێک بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و کاری ڕەخنەیی لە بواری شێوەکاریدا، بۆ هونەرمەندانی شێوەکاری کورد و تابلۆ هونەرییەکانیان، بڕەخسێنرێت، ئەمەش ئەو گرفتە بنەڕەتییەیە کە بەردەوام دەبێت لە چیەتی و چۆنیەتییەکەی بپرسین، تا ئەوەی لە دەبێت بە پرسێکی جددی و لە داهاتوودا ـ چ نزیک یان دوور ـ ڕەخنەگری ئەو بوارە دێنە مەیدان و تێکڕای ئەو کارە هونەرییە داهێنەر و ناداهێنەرانانەمان بۆ شرۆڤە دەکەن، کە لە درێژەی ڕەوتی مێژوویی هونەری شێوەکاریدا، لە لایەن هونەرمەندانی کوردەوە بەرهەم هاتوون.

وەهبی ڕەسووڵ و دەستەی یەکەمی ئەو هونەرمەندە شێوەکارانەی کورد کە لە بواری ڕەخنەی شێوەکاریدا کاریان کردووە و لە بنەڕەتیشدا بۆ خۆیان هونەرمەندن، دەکرێت چەند خاڵێک بێت، بەڵام پێم وایە بەر لە هەر خاڵێک ئەمەیانە: نەبوونی ڕەخنەگری شارەزا و پسپۆڕ لە کایە هونەرییەکەدا. ئەو هونەرمەندانە هەستیان بە غیابی ئەو کارەکتەرە کردووە کە پێی دەگوترێ ڕەخنەگری هونەری شێوەکاری، بۆیە هەر بۆ خۆیان هەستاون بەوەی کە دەست بدەنە نووسین لەسەر کاری هونەری هاوڕێکانیان و هەوڵ بدەن بەوە کەمێک لەو بۆشاییە گەورەیە پڕ بکەنەوە. بێگومان ئەم هەوڵە جێگەی دەست خۆشی و ستایشە، چونکە هەر لە ڕێی نووسین و لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی ئەو هونەرمەندانەوە ڕووبەرێکی ڕەخنەیی ساز بووە، کە خوێنەر دەتوانێت هەندێ لەو کارانە لە ڕێی شرۆڤە و وردبوونەوەی ئەو نووسینانەوە، درک و چێژ بکات. بەڵام ئەوەش ڕاستییەکە کە ناتوانین نەیڵێین، بەداخەوە تێکڕای ئەو کتێب و نووسراو و تەنانەت گۆڤار و بڵاوکراوانەش کە هەن، ئەوەندە نین کە تینووێتی خوێنەرانی ئەو بوارە بشکێنن و وا بکەن لە کۆی مێژووی هونەری شێوەکاری کوردی و جیهانی تێبگەن. بۆیە ئەگەر بە وەها بەرزویستییەکەوە (تموح) بڕوانینە کتێبخانەی کورد لە بواری هونەری شێوەکاریدا، دڵنیابن نائومێد دەبین، هەر ئەوەشە ناچارییەک دروست دەکات کە خوێنەر و خوێندکار و هونەرمەندی کورد، هەوڵ بدات لە ڕێی زمانی دیکەوە بچێتە ئەو جیهانە پڕ ڕەنگ و دەوڵەمەندەوە.

نوێترین کتێبی وەهبت ڕەسووڵ درێژکراوەی ئەو ئەزموونەیەتی کە لە ناوەڕاست و کۆتایی هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە دەست پێ دەکات، چ بە نووسین چ بە وەرگێڕان، ئەم هەوڵە لە نەوەدەکانی هەمان سەدەدا ئارستە و مەبەستەکەی ڕوونتر و ڕەوانتر دەبێتەوە و لە دەستپێکی سەدەی بیستویەکیشدا ئیدی بە شێوەی پڕۆژەی چاپکردنی کتێب، خۆی دەر دەخات. ئەگەر خوێنەر ئاشنای کتێبەکانی ئەم نووسەر و هونەرمەندە بێت، دەزانێت ڕێرەو و میتۆدێکی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر لە سەرەتاشەوە هەوڵی داوە کە ئەو ڕێڕەو و میتۆدە وەک بەرنامەی کاری هەمیشەیی خۆی پێڕەو بکات. سەبارەت بە ناساندنی چۆنیەتی کارکردنی ئەم ڕەخنەگرە دەتوانین بەم شێوەیە لێی نزیک ببینەوە: هەوڵی گێڕانەوەی مێژووی هونەری شێوەکاری ئەورووپی، قوتابخانەکانی، ئەزموونی هونەرمەندانی دیار و داهێنەری، هاوکات ئەو هەوڵە تاکە کەسی و گرووپانەش کە درێژەی ئەو مێژووەدا دراون، هێڵێکی تر ئاوڕدانەوەیەکی جددی وەهبی ڕەسووڵە لە هونەری شێوەکاری کوردی، لە مێژووەکەی، لە هونەرمەندانی، لە تابلۆ هونەرییەکانی، ئەمە ڕەنگە کۆی ناوەرۆکی ئەو پڕۆژەیە بێت کە وەهبی ڕەسووڵ ساڵانێکی دووردورێژە بێ پشوودان و هەدادان کۆشش و جۆششی بۆ دەکات و کۆی بەرهەمەکانیشی، شایەتحاڵی ئەو هەوڵە ڕاستگۆ و جددیانەی ئەم هونەرمەندەن. لە گوزەری ئەم پڕۆژەیەدا، تایبەت بە هونەرمەندانی شێوەکاری کورد، دەتوانین لیستێکی دوورودرێژ لە ناوی ئەو هونەرمەندانە ببینینەوە کە وەهبی ڕەسووڵ تابلۆیەک، یان کۆی ئەزموونیانی نیشانگر کردووە و لە خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی هونەریدا، کارەکانیانی هەڵسەنگاندووە. لەم پڕۆژە هەمەچەشنەدا، وەک ڕەخنەگرێکی شارەزا، دەستی بە شیکاری ناوەرۆکی تابلۆکان و پێکهاتەکانی کردووە، وەزیفەی ڕەنگ و هێڵ و چییەتی و چۆنیەتیی تابلۆکانی وەدیار خستووە و پێشانی داوە ئەم تابلۆیە لە چ شێواز و قوتابخانەیەکدا جێکەوتە دەبێت. هەر بە هەمان ئەو ڕێڕەو و میتۆدە، دوایین کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” نووسیوە و تێیدا هەوڵی داوە گۆشەنیگاکەی لەسەر پنتێک چڕ بکاتەوە و لەوێشەوە چاوێکی لە نیگارکێشانی کورد بێت.

کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” بە وردی سەرەتاکانی تەعبیرییەت لە هونەری ئەورووپیدا دەپشکنێ، هەوڵ دەدات بە زمانێکی سادە و ڕەوان بمانباتە نێو ئەو مێژووەوە و نیگارکێشانی سەر بەو قوتابخانەیە لەگەڵ دەستە و گرووپەکانمان پێ بناسێنێت. ئەم هەوڵە جددییە و دەتوانێت بەشدارییەکی کارا لە ڕوانینمان بۆ شێوازێکی دیاریکراو لە نیگارکێشان ئاراستە بکات.

توێژەر لە “پێشەکی”دا دەنووسێت: “شێوازی تەعبیری لە هونەری نیگارکێشاندا، وەک خۆی دوو جۆری سەرەتایی لە نیگارکێشاندا پێک دێنێت، یەکەمیان لە نیگارکێشانی سەرلەبەری مرۆڤایەتی، دووەمیان لە نیگارکێشانی منداڵیی تاکی مرۆڤ. مرۆڤی سەرەتایی، کاتێک لەنێو ئەشکەوتەکاندا ژیاوە، دیواری ئەو ئەشکەوتانەیان بە نیگاری جۆراوجۆر بۆ خۆیان و بۆ ئێمەیش ڕازاندووەتەوە. جا پاڵنەر و بەها واتایی و ئیستاتیکییەکانی چی بن و چۆن بن، ئەوە جێی مشتومڕ و دیالۆگی تایبەت بووە، ئێستاش هەروایە، بەڵام ئەوەی لێرەدا لای ئێمە گرنگە، لە ڕووی تەکنیکی بەجێهێنان و شێوازی بەرجەستەکردنەوەیە، کە لە بەشێکی باشی نیگارە دیواربەندەکاندا بە تێکشکانی فۆرم دەستپێکیان وەرگرتووە. ئەو واتا گوزارشتیانەی وەک خودی خۆیان مەبەستیان بووە، بەو شێوەیە و بەو شێوازە ڕابگەیەنن و بخەنە ڕوو. ئەم حاڵەتی پەیبردنە هەمان شتە لە سەرەتاکانی نیگارکێشان لای منداڵ، کە بەو شێوەیەی منداڵ خۆی هەستی پێ دەکات و پەی پێ دەبات و گوزارشت لە دەوروبەری خۆی دەکات، ئەمە هاوشان بە هێزی ئەو فۆرمە بەرجەستەییانەی خودی منداڵ بۆ ئەو پرۆسە گوزارشتگەرایە هەڵیدەبژێرێت، کە بێگومان وەک فۆرم لای تەعبیرییەکان دوورن لە هاوشێوەبوونیان لە پاڵ فۆرمە واقیعییەکاندا. هەر ئەمەشە وای کردووە هەردوو هونەری بەرایی و منداڵان، دوو ژێدەری کارا و کاریگەر بۆ خودی هونەرمەندە تەعبیرییەکان پێک بهێنن، هاوشان بە کۆمەڵێک سەرچاوەی هونەری تر.”

تەعبیریەت وەک نیگارکێشان: بۆ دەربڕین لە شتە بینراوەکان، هونەرمەند لە تابلۆکانیدا ئەو وێنەیە دەخاتە ڕوو کە ئەو شتانە لای ئەو و بۆ ئەو دەینوێنێت. بەپێی بۆچوون و بینینی ئەو مانا ڕاستەقینەکانیان لەخۆ دەگرێت. بەمەش ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تەبایی و ڕێکەوتن لە فۆرم و ڕەنگدا، شتێکە بە پلە دوو دێت، چونکە لەوە گرنگتر گەیشتنە بە بەرزترین پلە لە گوزارشتکردنێکی ئیستاتیکی و مەعنەویدا.

تەعبیرییەت شێوازێکی نیگارکێشانە و لە ڕەوتی مێژووییدا ئامادەیی هەمیشەیی هەبووە، بەڵام لەوەی کە بە دیاریکراوی کەی و لە کوێ سەری هەڵداوە، توێژەر دەیباتەوە سەر هونەرمەندانی ئەڵمان و ئەوەش لە سەرەتای سەدەی بیستدا بووە. پاشان توێژەر بە شێوەی گەشتنامە، بەناو ئەو هەوڵە هەمەلایانانەدا گەشتێکی پڕ چێژمان پێ دەکات و پڕمان دەکات لە ڕەنگ و شێواز و هارمۆنیا. ئەم گەشتە بە سەرێک دەمباتە ناو ناوەرۆکی کارەکان و بە سەرێکی تر فۆرم و چیەتیی کارەکان دەور دەکاتەوە. ئەوەی کە جەخت و پێداگرییە لە دەستپێکی تەعبیرییەتدا، وەک توێژەریش پاژێکی بۆ تەرخان کردووە بە ناوی “چەمکی خودگەرایی لە نیگارکێشانی تەعبیریدا”، خودی هونەرمەند بە گەڕانەوە بۆ نەست و دەروونی خۆی، نیگاری تەعبیری کێشاوە، بە واتایەکی تر بە گيڕانەوە و وەستان لەسەر ژیانی خۆی، هونەرمەند ڕوخسار و ڕەنگ و هێڵەکانی تەعبیری بەرهەم هێناوەتەوە، ئەمەش لە پلەی یەکەمدا بۆ تەعبیرکردن بووە لە ویست و شکست و ژیانی تایبەتی هونەرمەند، بۆیە لە سەرەتاوە و بێگومان بە ئێستاشەوە ـ بە ڕەچاوکردنی ئەو هەنگاو و گۆڕانکاریانەی لە تەعبیرییەتدا ڕوویان داوە ـ ئەم بایەخە بۆ ژیانی هونەرمەند لە تابلۆدا، هاوشان بووە و بەشێک لە شارەزایی ژیانی هونەرمەند و ڕەنجەکانی، هاوکار و کۆمەک بوون بۆ خوێندنەنەوەیەکی بابەتیانەی تابلۆ تەعبیرییەکانی.

ئەم کتێبە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشی یەکەمی کە بەشە تیۆرییەکەی تەعبیریەتە، تێیدا بە وردی سەرەتا و دەستپێکی ئەم شێوازە ڕوون کراوەتەوە، هەوڵ دراوە ئەوەی گرنگ و بەرچاوە فەرامۆش نەکرێت و بخرێتە بەردەستی خوێنەر. بەشی دووەمی ئەم لێکۆڵینەوەیە بەشی پراکتیک و جێبەجێکردنی ئەو مەرج و داوایانەیە کە شێوازی تەعبیرییەت پێشنیاری کردوون، بۆ ئەمەش توێژەر نەک لە کاری هونەرمەندانی جیهانییەوە، بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ کاری هونەرمەندانی کورد، توانیویەتی سەرکەوتووانە ئەم بەشە پێشکەش بکات.

لە بەشی جێبەجێکردنی ئایدیاکانی پشت تەعبیرییەوە، وەهبی ڕەسووڵ حەوت هونەرمەندی کوردی وەرگرتووە، لەو حەوت هونەرمەندە ئەو تابلۆیانە ـ بە زۆری تابلۆیەک و چەند دانەیەک زیاد لە تابلۆیەک ـ وەرگیراوە کە ڕەگەز و پێکهاتەی تەعبیرییان تێدایە. ئەو هونەرمەندانەی توێژەر تابلۆی وەک نموونەی پراکتیک لێ وەرگرتوون ئەمانەن: ئیسماعیل خەیات، سەروەت ئەنوەر سەوز، ڕەمزی قوتبەدین، سامان کەریم، سەعید ئیسماعیل، سامان ڕەش و بەها شێخ کەریم. لێرەدا دوو پاراگرافی بچووک پێکەوە لە هەڵسەنگاندنەکانی وەهبی ڕەسووڵ بۆ تابلۆکان دەخوێنینەوە.

دەربارەی تابلۆیەکی هونەرمەند ڕەمزی قوتبەدین، وەهبی ڕەسووڵ دەنووسێت: «هێڵ وەک توخمێکی کارای نێو هونەرمەندانی تەعبیری، لێرەشدا ئامادەیی دیاری خۆی هەیە، بە تایبەتیش کە خامەی بەکارهاتوو ڕەنگی پاستیلە، پاستیلیش قەراغی تیژی هەیە، کە هونەرمەند بیەوێت هێڵی دیاریکراو و دیاری پێ ڕابکێشێت، “ڕەمزی”ی هونەرمەندیش هەر وای کردووە و هێڵی فرەچەشن و زۆر ناسک و وردی بەم کەرەستە تایبەتە کێشاوە، بۆ دروستکردن و کێشانی لق، چڵ، گژوگیا و گوڵەکان، ئەمە بێ لە دیاریکردنی بە نزیکییانەی فۆرمی مناڵەکە و چیاکەی پشتی، لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ئەم بەرهەمهێنان و ڕاکێشانی هێڵە بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و خێرا ئەنجامدانی بۆ کراوە.»

دەربارەی تابلۆیەکی بەها شێخ کەریم، وەهبی ڕەسووڵ دەنووسێت: «بۆ خوێندنەوەی تابلۆکە لە ڕشتەیەکدا، کە لە پشیلەیەک و پۆرترێتی نیوە ڕوخساری ئافرەتێک پێک دێت، وەکو دوو فۆرمی دەستنیشانکراوی سەرەکی لە کارەکەدا. پشیلەکان بۆ ماوەیەکی کاتیی لە جێگەیەکدا دەمێننەوە، دواتر بێناونیشان دەڕۆن. بۆیە هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بێوەفایی لە کولتووری خۆماندا ناسراون و دەناسرێن. ئەم فۆرمەش بە تەواوی سەر و بیرکردنەوەی ئافرەتەکەی لە کارەکەدا داگیر کردووە. ئەو ڕایەڵە پەیوەستەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە هاتووەتە خوار، بە ئاسەواری دوو خاڵ، یاخود دوو پنت لە چوارگۆشەیەکی ڕەشدا، کە ئاماژەیەکە بۆ هەڵگری نهێنیی ئەو دوو پێگەیە لە چوارچێوەیەکی نادیار و نەخێنراوەدا. هاوکات هەڵگرە بۆ نهێنییەکان.”

کتێبی “تەعبیرییەت؛ لە نیگارکێشانی مۆدێرنی باشووری کوردستاندا” یەکێکە لەو کتێبانەی شیاوی خوێندنەوەیە بۆ هەر کەسێک، خوێندکار، یاخود هەواداری هونەری شێوەکاری، ئەم کتێبە دەتوانێت دەروازەیەکی جوانیناسانە بەرانبەر کۆی تێگەیشتمان بۆ “تەعبیرییەت” وەک شێوازی کاریگەر و بەڕمێنی هونەری شێوەکاری، بەسەردا واڵا بکات.

ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە زۆر بواردا دەستی بۆ چاپکردنی کتێب بردووە، لە فەلسەفەوە تا مێژوویی، لە زانستەوە تا ئەدەب و هونەر و کولتوور، بێگومان لەم دۆخە قەیراناوییەدا ئازایەتی دەوێت بێ ئەوەی گوێ بە فرۆش بدەیت، کتێبێک چاپ بکەیت کە تەنها هۆکارێک گرنگیی خودی بابەتەکە بێت، نەوەک ئەو بابەتە وروژێنەرانەی کە لە بازاڕۆچکەی کتێبفرۆشیدا کەمێک ڕەواجیان زیاترە و چاوی خوێنەریان لەسەر.

کتێبی (مێژووی شانۆ) یەکێکە لەو کتێبانەی کە تازەکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کتێبە گێڕانەوەی (ویڵ دیورانت)ە و لە لایەن نووسەر و هونەرمەندی بە ئەزموون (پێشڕەو حسێن) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە. بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتییە لە: شیکردنەوەی جووڵانەوەی مێژوویی شانۆ، شانۆی دیۆنیسوسی، شانۆ لە یۆنانی کەونارا، ئەریستوفان و ڕادیکاڵەکان، موزیکی ڕۆمی، سەرهەڵدانی مەسیحییەت و شانۆ لە سەدەکانی ناوەڕاست، ڕێنیسانس و سەرەتای شانۆنامەنووسیی نوێ، شانۆی بەریتانیا سەدەی هەژدەهەم، خوێندنەوەیەک بۆ جیاوازی دیدگای نمایشە ڕۆژهەڵاتییەکان و شانۆی ئەوروپا و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

بە بۆچوونی وەرگێڕی ئەم کتێبە (پێشڕەو حسێن) زۆر نووسەر و توێژەری جیاواز سەبارەت بە مێژووی شانۆ کاریان کردووە، ئەوەی گێڕانەوەی ویل دورانت بۆ هونەری شانۆ دەکاتە خاوەن جیاوازیی دیار و ئاشکرا، ئەو شیکردنەوە هونەرییانەیە کە لە میانەی ناساندنی نووسەرەکانی شانۆ و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانی سەر ئەو نووسەرانەوە، بە هۆی پەخشانە ڕەوانەکەیەوە هەست بە خوێندەوەی داستان و چیرۆکی ئەم نووسەرانە دەکەیت، نەک گێڕانەوەیەکی وشکی بایۆگرافیانە: ڕەنگە گرنگیی ئەم کتێبە بۆ پسپۆڕەکانی بواری شانۆ، پەیوەست بێت بە گێڕانەوەی وردەکارییەکانی ژیانی شانۆنامەنووسەکانەوە، کە زۆر جار تێگەیشتن لە ڕەوتی ژیانی هەمەلایەنەی ئەو نووسەرانە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگایەک بە ڕووی ئەو هۆکارانەی بوونەتە بناغەی دروستبوونیان.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەدا بە نێوی (شانۆ لە یۆنانی کۆندا) باس لەوە کراوە کە پێش ئەوەی مێژووی شانۆی یۆنانی کەونارا دەست پێ بکات و ئەو ناوە بپۆشێت و ببێت بە دەستپێکی شانۆی جیهان، یۆنانیەکان خاوەنی ئاهەنگ و فێستیڤاڵی فرەڕەنگ بوون، کەواتە جێگەی خۆیەتی تا مێژووی شانۆی جیهان بە فێستیڤاڵەکان دەست پێ بکات: ئایینی یۆنانی، گەر نەیتوانبێت کۆتایی بە جەنگەکان بێنێت، ئەوا لە ڕێگەی فێستیڤاڵە فراوانەکانیەوە، تا ڕادەیەک باری مەینەتییە ئابووریەکانی سەر شانی خەڵکی سووک کردووە.

لە هەمان بابەتدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە سەدەی شەشەم بەوپێیەی لە زۆربەی وڵاتان لە بواری نمایشدا سەدەیەکی دیارە، بایەخی تایبەتی هەیە، لەو سەدەیەدا، زەمینەی نمایشی یۆنانی فەراهەم بوو، لە کاتێکدا پێش ئەو سەدەیە مرۆڤایەتی جگە لە نمایشی بێدەنگ، هیچ هەنگاوێکی تری هەڵنەهێنابوو، بە گوتەی ئەرستۆ نمایشی کۆمیدی دەرهاویشتەی مەراسیمێکی تایبەت بوو بە پەرستن و ستایشکردنی ئەندامی نێرینە: لەو مەراسیەمەدا پەیکەرێکی گەورەی ئەندامی زاوزێی نێرینە، وەک ئاماژەیەکی پیرۆز بۆ هێزی خولقاندنی سروشت، بەرز دەکرایەوە و سروودی هەمەجۆر بۆ خواوەندەکانی دەگوترا.

بێومان لە ئاستی ناوەندە هونەرییەکاندا، شانۆ خاوەنی خەسڵەتی دروستکردنی کاریگەرییە لە ڕێگەی نمایشی ڕاستەوخۆ و زیندووەوە، شانۆییەکان ئەو شوێنە ئەفسووناوییانەن، کە تیایاندا چیرۆکەکان زیندوو دەبنەوە و سەکۆی نمایش دەبێت بە دەروازەیەک بۆ ڕۆچوونە نێو جیهانێکی دیکە، شانۆ مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە، یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی کولتووری گەلان و توانای پەرەسەندنی هەیە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، شانۆ کە ڕەگێکی یۆنانی هەیە، مەبەستی سەرەکی لێی پێکهاتنی سەکۆیەکە بۆ نیشاندان؛ نیشاندانی کولتوور و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی گێڕانەوەی چیرۆکە جیاوازەکانەوە.

شانۆییە سەرەتاییەکانی شارستانییەتی یۆنانی دەست پێ دەکەن، بە مەبەستی پەروەردەکردن و پێدانی چێژ بە کۆمەڵگە، شانۆییەکانی ئەم قۆناغە سوودێکی گەورەیان لە ئەفسانە ئاینییەکان وەرگرتووە، ئەسخیلۆس بە باوک و دامەزرێنەری ئەم شانۆییە دادەنرێت، سەدەی شەشەمی پێش زاین، هونەری تراجیدیای بەرەو لوتکە بردووە و توانای بەهێزی شیعر و شانۆی بۆ کۆمەڵگە خستووەتە ڕوو، پاشان ئەرستۆ، بەشدارییەکی گەورەی کردووە لە بەهێزکردنی بناغەکانی دامەزراندنی شانۆی درامی و چەند ڕەگەزێکی گەورە و گرنگی ئاماژە پێ داوە، لەوانە: پڵۆت، کارەکتەر، بیرکردنەوە، شێواز، دیمەن و گۆرانی، پاشان ئەم کاریگەرییانە لەگەڵ هاتنی ڕۆمانییەکان بەردەوام بووە و هەنگاویان ناوەتە قۆناغی نوێی مێژوو.

هەر لەم قۆناغەدا، هەزارەی دووەمی پێش زاین، میسرییە کۆنەکان گرنگییان بە نمایشی تایبەت بە خوداوەندەکانیان داوە، لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتیشدا، نمایشە ئاسیاییەکان، لە سەدەی پازدەیەمی پێش زاین بۆ یەکەمی زاینی، سەرەتاییترین جۆری نمایشی شانۆیی بوون لە وڵاتی هیندستان، بە جۆری شانۆیی سانسکریتی سەریان هەڵداوە، لە هەمان قۆناغدا، چینییەکان، لە چوارچێوەی حوکمڕانیی دەوڵەتی شانگدا، گرنگییەکی گەورەیان بە نمایشی موزیک و بەهلەوانی و ماسکەکان داوە.

پاش ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، بە درێژایی سەدەکانی چوارەم و پێنجەم، بنکەی هێز و دەسەڵات بەرەو قوستەنتینییە دەچێت، هەرچەندە لەم قۆناغە سەرەتاییەدا تۆمارە شانۆییەکان کەم و دەگمەنن، بەڵام بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن، تراجیدیاکان لەم قۆناغەدا دیارترین شێوازەکانی شانۆ بوون، هاوتای کۆمیدیا و نمایشی سەماکردن.

لە سەدەی پێنجەمەوە، ئەوروپا بەرەو قۆناغی چاخە تاریکەکان هەنگاو دەنێت، تاوەکو سەدەی دەیەم، هیچ تۆمارێکی ڕاستەقینەی شانۆ بوونی نەماوە، پاشان لە سەرەتای چاخەکانی ناوەڕاست، قازانجێکی گەورە لە پرسە ئاینییەکان وەرگیراوە و نمایشە شانۆییەکان بە نواندنی ڕووداو و چیرۆکەکانی ناو ئینجیل، زیندوو کراونەتەوە.

لەگەڵ فراوانبوونی هەڵمەتە داگیرکارییەکانی ڤایکینگ لە سەدەی یازدەیەمی ئەوروپا، دراما ئاینییەکان بەهێزتر بە درێژایی ئەوروپا بڵاودەبنەوە، بەڵام لە ئاستی ساڵانەدا، کڵێسا پەیڕەوکارێکی گەورەی شانۆییەکان نەبووە و ساڵانە یەک یان دوو نمایشیان ئەنجام داوە، لە قۆناغی بەرزی ئەم چاخانەدا، پرسە سیاسی و ئابوورییەکانیش بەهایەکی گەورەیان هەبووە بۆ شانۆ، توانیویانە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر سەرهەڵدانی یەکێتییەکان دروست بکەن، پاشان ساڵانی 1400 بۆ 1550، شانۆییە ڕەوشتییەکان برەوێکی گەورەیان پێ دەدرێت، کە لە ناوەڕۆکدا، گوزارشتن لە پەند و وانەی ڕەوشت.

لە قۆناغی کۆتایی چاخەکانی ناوەڕاستدا، ئەکتەرە بەرەوپێشچوو و شارەزاکانی بواری شانۆ لە بەریتانیا دەردەکەون، خانەدان و پادشاکانی ئەوروپا، گرنگییەکی گەورەیان بە شانۆیی داوە و هۆڵی گەورە و ناوازەیان بۆ دروست کردوون.

بێگومان یەکێک لە کتێبە گرنگ و کاریگەرەکانی ویڵ دورانت بریتییە لە کتێبی (مێژووی شارستانییەت) کە  بە گەورەوترین سەرچاوەی مێژوویی دەژمێردرێت لەسەر ئاستی جیهان و یەکێکە لەو کتێبە گرنگانەی، کەلە سەددەی (۲٠)دا نوسراوە.

لە بەرگی یەکەمی مێژووی شارستانییەت دا (ویل دورانت) باس لە هۆکارە گشتیەکانی شارستانییەت و شارستانییەتەکانی خۆرهەڵاتی نزیک دەکات، کە مەبەست لە (سۆمەر و میسر و بابل و ئاشور و جوو و فارس) هەر یەکێک لەم شارستانییەتانەمان لە ڕووی ژیانی (ئابووری و سیاسی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و ئایینی)ەوە بۆ دەگێڕیتەوە،

كاتێك هەواڵی شۆڕشی مەزنی فەرەنسا گەیشتە پورتگاڵ كە ئەم وڵاتە، دوای هەوڵی زۆر و ئابڕووبەرانەی ماركس دێپومبال بۆ گەیاندنی وڵاتەكەی بە ئاستی فەرەنسای سەردەمی لویی پانزەیەم و ئێسپانیای سەردەمی كارلوسی سێیەم لە بواری كولتوور و یاساوە، هەوڵی دەدا رێكاری ئارامی سەدەكانی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە. كێوەكانی پیرنە لەمپەری گواستنەوەی بیروباوەڕ لە نێوان فەرەنسا و نیمچە دوورگەی ئێبری بوو، كاریگەری و دزەكردنی بیروباوەڕ و فكر لە ئێسپانیا، لە ئەنجامی حەزی بەردەوامی ئەو حكوومەتە بۆ قوتدانی وڵاتی دەراوسێی، قەدەغە بوو.

خوێندنەوەی: سەردەم

کاتێک خودی “ژیان” دەبێت بە پرسیار، وەڵام هەرچی بێت ڕەنگە لە بەردەم چەندان ئەگەری کراوەدا هەریەکە خۆمان ببینینەوە، بە واتایەکی تر، ژیانی هەریەک لە ئێمە دەتوانێت وەڵامێک لە ئاستی “بۆچی دەژیین؟”دا ئاراستە بکات، بەپێی هەڵکەوتە و باری کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و سیاسی پێگە و ڕۆڵی هەریەک لە ئێمەیش دەگۆڕدرێت، بۆیە بازنەکان لەو گەورەییەدا نامێننەوە، گشتاندن سەبارەت بە وەڵامی ئەوەی “بۆچی دەژیین؟” زەحمەت و مەحاڵە، هەر کەسێک لە گۆشەنیگای خۆیەوە و بە ژیانی خۆی، دەتوانێت وەڵامی تایبەتی و جیاواز بەو پرسە بداتەوە، کەواتە ئێمە بە ژمارەی مرۆڤی سەر زەوی، وەڵاممان بۆ ئەو پرسیارە دەبێت: “بۆچی دەژیین؟” پرسیارێک سادە و ئاسان، بەڵام وەڵامەکان هەمەچەشن و هەمەڕەنگ، بۆیە ئەم کتێبە، دەتوانێت لەو سۆنگەیەوە ئەم پرسیارە ئاراستە بکات، وا بکات بۆ چرکەساتێک هەریەک لە ئێمە بخاتە چوارچێوەیەکەوە و چیەتیی ژیانمان بۆ بکات بە هەڵوەستەیەک، کتێبەکە بانگێهێشتیکی گرنگە بۆ زیندووان، ڕووی لە هەموومانە و ئاراستەی هەموومان کراوە، گرنگ نییە تۆ لە کوێی، سەر بە چ کولتوور و زمان و وڵات و کیشوەرێکیت، گرنگ ئەوەیە بۆ ساتێک هەنگاوەکانت ڕابگریت، بوەستیت و هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژی، هەناسەیەک کە چەشنی یۆگییەکان لەگەڵیدا ڕۆح بلەرێتەوە و هەست بە گەردوون بکەی لەو ساتەدا، لە هەناسەدان و هەناسەوەرگرتنەوەدا، لەو وەختەدا ئەم پرسیارە لە خۆت بکەی: “من بۆچی دەژیم؟” وەڵامەکان دەتوانین قەتاری دوورودرێژ بن، با ببن، گوێیان لێ بگرە، بەڵام قووڵ و ورد گوێیان لێ بگرە و بزانە تۆ بۆچی دەژی، بۆچی ژیاوی، بڕیارە پاش ئەو پرسیارە ژیانت چۆن و چ ئاراستەیەک وەر بگرێت؟

نووسەر و وەرگێڕ هەڵکەوت عەبدوڵڵا ئەمە دووەمین کتێبی سەعید ناشیدە دەیکات بە کوردی، وەک ئاگاداریشین لە هەوڵی وەرگێڕانی دیکەی بەرهەمی ئەم نووسەرەدایە، هەر لێرەدا پێزانین و دەست خۆشی زۆر لە بەڕێز هەڵکەوت عەبدوڵڵا دەکەین، کە لانیکەم بە وریاییەوە، بەپێی زەروورەت و گرنگی بابەت بۆ کتێبخانەی کوردی، بیر لە کایەی وەرگێڕان دەکاتەوە، بیر لەو نووسەر و کتێبانە دەکاتەوە کە کەمترین جار بوونەتە جێی وردبوونەوە و لەسەروەستان بۆ وەرگێڕانی کارەکانیان، لە کاتێکدا کە هەمووان بە ژانر و بابەتی ترەوە خەریکن، ئەم وەرگێڕە ئازیزە نووسەران و بابەتگەل و کتێبگەلێک کەشف و دەدۆزێتەوە، کە ڕێکاوڕێک دەتوانین بۆشاییەک لە کتێبخانەی کوردیدا بگرن، ئاراستەیەک لە بیرکردنەوەدا بگۆڕن، چەشنێک لە پرسیار و گومان بخلیسێننە زەینی وەرگر و خوێنەرەوە، کە دەگمەن لە کتێبەکانی ترەوە وەها کارێک بەرجەستە دەبێت. ئەم کتێبەش سەر بەو نەریتەیە و لەگەڵ خۆیدا خوێنەر دەباتە ناو پانتایی و ڕووبەرگەلێکەوە کە ئەگەرچی خودی خۆی ڕۆژانە تەجرووبە و ئەزموونی دەکات، بەڵام بۆی تازە و نامۆیە، ڕاچڵەکێن و سەرسامکەرە، کتێبەکە ورد ورد و هەنگاو بە هەنگاو ئەم کارە دەکات، بەڵام بە بەرنامە و میتۆدێک کە هەر زوو، لە ئەوەڵین دێڕ و پێشەکی و دەستپێکیەوە دەتوانێت خوێنەر بکێشێتە ناو پەڕەکان و لەگەڵ هەر هەڵدانەوەی پەڕەیەکدا، تاسە و مەیلی زیادتر ببزوێ و هان بدرێ تا خوێندنەوەی دوایین بەش و دێڕ، دەستبەرداری کتێبەکە نەبێت.

سەعید ناشید سەر بەو نووسەرانەیە کە بیر و ڕوانینیان لە هەناوی ژیانەوە دەر دەهێنن. چیدی ئەو و هاوچەشنانی خەریکی بوورجی عاجی فەلسەفە و سەفسەتە نین، ڕێک لە خودی ژیانی و بە تایبەتیش ژیانی ڕۆژانەوە خەریکن ئایدیاکانیان هەڵدەگۆزن، هەر ئەمەشە وای کردووە زۆر نزیک بن لە تێكڕای هەموومانەوە و هەریەک لە ئێمە بەشێک، یان بەشگەلێک لە ژیانی خۆمان لەم دێڕ و لاپەڕانەدا ببینینەوە و بۆمان ببێت بە وێسگەیەک بۆ ڕاوەستان لە بەردەم خۆمان و کردار و هەر ڕەفتارێک کە لە پێشوودا هەمانبووە و ئێستاش لەگەڵماندایە، وێسگەیەک کە تێیدا تەکیلفی خۆمان لەگەڵ نەریت و کردارەکانمان ڕوون و یەکلا دەبێتەوە، ڕەنگە داوایەکی قورس بێت گۆڕانی ڕیشەیی، بەڵام دەتوانێت ڕوانیمان بۆ شتەکان دەستکاری بکات، پرسیارەکانمان زۆرتر بن و گومان و دوودڵییش سەبارەت بەو پرسانەی کە بە ئیمانەوە لە هەناوماندا چێنراون، لەق و شەق ببات.

زمانی ئەم کتێبە ـ وەک لە وەرگێڕانە کوردییەکەشیدا توانراوە سەرکەوتووانە بەرجەستە ببێتەوە ـ زمانێکی سادەی بێ گرێیە، زمانێکە دوورە لە تیۆریا و چەمکسازییەوە، لە یەک کاتدا هانا دەبات بۆ مەسەلە و سەرهاتی ڕۆژانە، بۆ حەکایەت و ئەدەبیات، بۆ گێڕانەوەی دەماودەم و نەقڵ، لەپێناو گەیاندنی ئایدیاکەیدا سڵ لە هیچ سادەکردنەوەیەک ناکات، ڕەنگە ئەمەش هەر لەو بڕوایەوە بێت کە ئەمڕۆ ژیان زۆر لەوە ئاڵۆزتر کراوە ئێمە بێین لە کتێباندا دیسان هەمان ئاڵۆزی بەرهەم بهێنینەوە. ئەم کتێبە، بە هیچ جۆرێک سەر بەو کتێبانەیە نییە هەڵگری چارەسەر و ژیانی خۆشگوزارانانەن، ئەم کتێبە کتێبی ژیانە، کتێبێکە بۆ دیالۆگ، بۆ مشتومڕی نێوان من و تۆ، بۆ شتێک کە هەردووکمان تێیدا هاوبەشین، ئەویش “ژیان”ە، ڕێت بۆ دانێ چۆن بژیت، چۆن ژیانت بە ئاراستەی تردا ببەیت، بەڵکو لە شێوەی پرسیاردا بیرۆکەی تۆ بۆ ژیانت لا دەجووڵێنێت، ناڵێت ئەوەی تۆ ژیاویت هەڵە بووە، ناڵێت ئەم ڕێیە بگرە ئەمە ڕێیە ڕاستەوڕاستەکەیە، نا، پرسیارەکانی، ئایدیاکانی، بیرۆکە و ئەو خاڵانەی لە مەتنی کتێبەدا بەرچاو خراون، لە دەوڵەمەندکردنی خودی ژیاندان، یارمەتیدەرن بۆ بینینی ژیان لە سەدان پەنجەرەوە، نەک لە تەنیا دەلاقەیەکەوە، ئەم کتێبە داوەتێکی شاهانەیە بۆ سەر سفرەی ژیان، بەشدارییەکی دڵخۆشانەیە بۆ ئاهەنگێکی گەورە، بێگومان لە پلەی یەکەم و ئەوەڵینی ئەم ئاهەنگە، خوێنەرانی کتێبەکەن، پاشتریش ئەو کەسانە دێن کە ئێمە وەک خوێنەری ئەم کتێبە ئایدیاکانی کتێبەکەی لەگەڵدا بەش و دابەش دەکەین.

سەعید ناشید سەرەتای نووسینی ئەم کتێبەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی کۆرۆنا، ئەو کاتەی هەموومان بە تۆبزی نێردراینە ماڵەوە و چیدی دەرەوە چۆڵوهۆڵ مایەوە، بازاڕ داخرا و لە کاتێکی دیاریکراو و بە مۆڵەت نەبێت، هیچ مارکێت و دوکانێک بۆی نەبوو هەبێت، سەعید ناشید لەو ڕۆژانەدایە بیر لە خودی “ژیان” دەکاتەوە لە سەردەمی ڤایرۆسێکدا کە ناتوانرێت بە چاو ببینرێت، لەگەڵ ئەوەشدا و بەو هەموو بچووکییەوە بووە بە مەترسی بۆ سەر “ژیان”ی هەموومان و ئاکامەکەشی بینرا، کە چەندان هەزار کەس بەو ڤایرۆسە کۆتایی بە “ژیان”یان هات. ژیان لە مەترسیدا بوو، ڕەنگە هەریەک لە ئێمەیش ئەو ڕۆژانە بە وردی بیرمان لە ژیان کردبێتەوە، لە مەترسییەکانی ئەوەی کە تووشی ئەو ڤایرۆسە ببین و ژیانمان بکوژێتەوە بۆ هەمیشە، ڕێک لەم ساتەوەختەدایە کە ژیان خۆشەویست و دڵبەر دەبێت، دەچێتە جێیەکی دوور و هەستەکەین تەنیا ڕایەڵێک ئێمە و ئەو پێکەوە گرێ دەدات، ڕایەڵێک کە زۆر خز و لەرزۆکە، زۆریش باریک و ناسک، لەو ساتەدایە پرسیاری “بۆچی دەژیین؟” لای ئەم نووسەرە لە شێوەی پرسیارێکی جەوهەریدا دەڕسکێ و بەرهەمەکەشی ئەم کتێبەیە. کتێبێک کە ئەگەر خوێنەرەکەی ورد بێت، دەتوانێت هەوا و هەناسەی ڤایرۆساوی ئەو ڕۆژانەی تێدا درک بکات، هەست بەو مەترسییە بکات کە ئابڵووقەی ژیانی داوە و نووسەرەکەی وەک دەرچەیەک دەیەوێت بە ڕێیەک لە ڕێیەکان، کە بۆ ئەو نووسینی ئەم کتێبەیە، ئەو ترسە ژیانکوژە لە بیر بباتەوە و وا بکات زیندووێتیی ژیان نەدۆڕێنێت. هەر بۆیە لەم کتێبەدا ڕێیەکی دوورتر لەو ڕووداوی ڕۆژانە (٢٠٢٠) دەگرێت و دەچێت مێژووی دوور دەور دەکاتەوە و کۆمەڵێک بیرمەند و ئەدیب و سەرهاتی چەشناوچەشن دەپشکنێ، بۆ دۆزینەوەی چییەتیی ژیان لە چاخ و ڕۆژە تاریکەکاندا، پاشان لە حاڵەتێکی بەراوردکارانەی بەردەوامدا، لەگەڵ ئێستا و ئەمڕۆ بەردەوام دێت و دەچێت، جیاوازییەکان دەچنێت و دەری دەخات ئێمە کە چانسی ئەوەمان هەیە ئێستا و ئەمڕۆ لێرە بین، سەر بە چ بیرکردنەوەیەکین بۆ ژیان، جیاوازیمان لەگەڵ کەسانی بەر لە خۆمان، چییە و چۆنە و لە کوێدا یەک دەگرینەوە و لە کوێشدا بۆ هەمیشە دەستمان لە دەستی یەک بەر دەبێت. ئەم گەڕان و پشکنینەی سەعید ناشید گێڕانەوەی مێژوو نییە بەپێی ساڵنامە و ڕووداو، تەنیا دەروازەیەکە بۆ پرسە جەوهەرییەکەی، پرسێک کە لە هەموو لاپەڕەکاندا (بە درێژایی ١٦٢ لاپەڕەی کتێبەکە)، ئامادەیی هەیە و هەر جارەو لە گۆشەیەکەوە دەمانخاتەوە بەر ئەو پرسیارە: “بۆچی دەژیین؟”

پرسیارەکە وەڵامە زۆراوزۆرەکان بە شوێن خۆیدا درێژ دەکاتەوە، دەکرێت کەسێک بڵێ لەپێناو نانخواردندا، کەسێکی تر بڵێت لەپێناو هەوەسەکاندا، کەسێکی تر بڵێت لەپێناو سەفەردا، کەسێکی تر بڵێت لەپێناو کارکردندا، بەڵام لای سەعید ناشید ئەمانە وەڵامی ئەو پرسارە نین کە ئێمە بۆچی دەژین، ئەو پێی وایە ئێمە دەژیین تاکو گەشە بکەین، گەورە بین، لە جێیەکدا، لە بیرکردنەوەیەکدا نەوەستین، پەرە بسەنن، زۆر بین لە خۆماندا، ئەمانە وەڵامە گشتگیر و سەراپاییەکی پرسی “بۆچی دەژیین؟”ن. ئەمە شتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هەوڵ و کۆششەوە، هەوڵ و کۆششی تۆ لەو ڕووبەر و چوارچێوەی تێیدا دەژیت، لەو کارەی دەیکەیت، لێرەدا مەسەیەک دەگێڕێتەوە، سادەیە، بەڵانم زۆریش پڕ واتایە:

دوو هاوڕێی گیای بە گیانی لە دارستانێکدا پیاسەیان دەکرد، لەناکاو گوێیان لە نەڕەی شێر بوو، یەکێکیان پێڵاوە وەرزشییەکەی لە پێ کرد، بەڵام ئەویدیکە بە ناڕەزاییەوە لێی پرسی: “چی دەکەیت هاوڕێکەم؟ پێت وایە پێش شێرەکە دەکەویت؟” هاوڕێکەی بە وەڵامێکی دڵشکێن تووشی سوپرایزی کرد: “بە دڵنیاییەوە ناتوانم پێشی شێرەکە بکەوم، بەڵام دەتوانم پێشی تۆ بکەوم، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی ڕزگارم بێت.”

ئەم حەکایەتە بینچینەی بڕوای کێبڕکێ لە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان لە هەموو ئاستەکاندا دەخاتە ڕوو:

بۆ ئەوەی ڕزگارم بێت، ئەوە بەسە پێش ئەوانی دی بکەوم.

بۆ ئەوەی دەربچم، ئەوە بەسە لەوانی دیکە باشتر بم.

خودی ئەم ململانێیە لە چەقی ژیاندایە، بۆ باشترکردنی ژیانە، بەڵام ئەوەش خاڵێکی سەرنجبزوێنە کە نووسەر باس لەو وزە گەورەیەی ژیان خۆی دەکات، وزەیەک کە لە توانایدایە هەڵبەز و دابەزەکان هاوئاست بکاتەوە، قەیرانەکان تێپەڕێنێت و هارمۆنیایەکی تێکچوو و لەدەستچوو بگەڕێنێتەوە سەر ڕەوڕەوی خۆی، ئەم وزە ئەگەرچی بەرجەستە نییە و نابینرێت، بەڵام ڕێکخەری سەرجەم ئەو ڕیتمە هێور و هێمنەیە کە ئینسان تێیدا دەتوانێت تەحەموولی ئەویتر و هەموو ئەو ڕووداوە نەخوازراوانە بگرێت، کە دێنە پێشی.

زۆر جار دەڵێین، کات بۆی ئەم گرفت یان ئەو گرفت چارەسەر دەکات، ئەوەی لێرەدا ناوی دەنێین کات، خودی ژیانە پاش ئەوەی دەرفەتی تەواوی دەدەینێ بۆ ئەوەی کارەکە بگرێتە ئەستۆ، تا برینەکانی جەستە و ڕۆح ساڕێژ بکات، تا کردار و کردەوەکان هەڵسەنگێنێ. ڕۆڵی ئێمە لێرەدا، یارمەتیدانی ئەوە بە پشوودرێژی و چاوکراوەیی و بێدەنگییەکی قووڵ.

کتێبی “بۆچی دەژیین؟” بەسەر یانزە بەشدا دابەش بووە، هەر بەشێک یارمەتیدەر و نزیکبوونەیەکە لە ناونیشانی سەر بەرگەکەی. بە جۆرێک دەڵێیت گەشتێکی پانۆرامایی بە دڵی ژیاندا دەکەیت، لە کۆنەوە بۆ ئەمڕۆ. تێدەگەیت کە خودی ئەم پرسیارە، پرسیاری سەردەمی ئەمڕۆمانە، پرسیاری دنیای نوێ و مۆدێرنە، نووسەر لە گەڕانەکانیدا بە شوێن ژیان و جەوهەری پرسیارەکەیەوە، دەگاتە ئەو ئاکامەی کە لە سەدەکانی کۆن و ناوەڕاستدا ئەم پرسیارە بوونی نەبووە، چونکە ئایین لە پێگەی کڵێسا و قەشەی جبەلەبەردا ئەم پرسیارەی سڕیوەتەوە، بە سەرقاڵکردنی خەڵکان و گەوجاندنیان بە ئەودنیا و پاشەڕۆژەوە، ژیانی ئێرەیان لەبەرچاو ڕەش کردوون، بەڵام لە ڕێنیسانس بەم لاوە ئەم پرسیارە لە چنگی ئایین و ئاسمان دەر دەهێنرێت و دەخرێتە سەر زەوی، پرسیارەکە دەبێت بە پرسێکی گرنگ و لەگەڵ سەرجەم ئاڵۆزییەکانی دنیای مۆدێرندا، هاوشان ڕێ دەکات، بیئەوەی مەبەستی بێت وەڵامێکی قەتعی و بنەبڕانە بدات بە دەستەوە، بەڵکو لە بەرانبەر ئەوەدا، “ئەگەری وەڵامی کراوە” بۆ ئەو پرسیارە دەڕەخسێنێ و دەرفەت دەدات بە هەر کەس کە لەسەر وەها پرسێک، خۆی بناسێنێت.

دوایین بەشی کتێبە، سەعید ناشید ناوی ناوە “دە پوختەکە”، ئەم بەشە کە هەر چەند لاپەڕەیەکە، گوشراوەی کۆی ئایدیا زۆر گرنگەکانی ئەم کتێبەیە، نووسەر مەبەستی لەم بەشە پوختەیە بیرخەرەوەی خوێنەرەکەیەتی، هاوکات پەرش نەبوونیەتی لەو هەموو ئایدیا و باسانەی لە کتێبەکەدا خراونەتە بەرچاو. خوێنەری ئەم کتێبە پاش خوێندنەوە و تەواوکردنی، دەتوانێت بۆ جاری تر و لە کاتی تردا، تەنیا ئەو دە خاڵە بخوێنێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو دە خاڵە دەتوانێت کۆمەکی ئەوە بدا بەو خوێنەرە، کە هەموو بەشەکانی کتێبە، یان سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی کتێبەکە، بەیاد بهێنێتەوە. لە دوایین پاژ و دێڕەکانی ئەم نووسینەدا پێمان باشە چەند دانە لەو خاڵانە بنووسینەوە، هەم بۆ ئاشنایی پتر بەو خوێنەرانەی هێشتا کتێبەکەیان بە دەست نەگەیشتووە، هەم بۆ بیرهێنانەوەی خۆیشمان.

یەکەم: ژیان بەڕاستی پاڵپێوەنەرە، واتە بریتییە لە چەند زیندەهێزێک، کە لەناو خۆماندایە و بەناو گشت بوونەوەرەکان و شتەکاندا هاتوچۆ دەکات و پاڵمان پێوە دەنێت. ئەمە دۆزینەوەکەی شۆپنهاوەرە، پێش ئەوەی فرۆید لە بواری دەروونشیکاریدا وەبەری بهێنێت.

دووەم: پاڵنەری ژیان ئاراستەیەکی دیاریکراوی هەیە، یان لانی کەم ئاراستەیەکی گشتیی هەیە، ئەویش ئەو ئاراستەیەیە کە ژیان لە هەموو بوونەوەرە زیندووەکانی داوا دەکات: بەردەوامبوون و بڵاوبوونەوە و بووژانەوە.

سێیەم: لە ساتەوەختێکی دیاریکراوی گەشەکردنی زیندەزانیدا چیتر شارەزاییەکانی گونجانی غەریزی توانای پاراستنی ژیانیان نییە لە شەپۆلەکانی لەناوچوون، کە چەندین جار بەری کەوتوون، بۆیە پێویستە کارکردن بۆ گۆڕینی کایەی ژینگەیی سەری هەڵداوە، واتە گۆڕینی لە ژینگەیەکی دژ بە ژیانەوە بۆ ژینگەیەکی دۆستی ژیان. لەپێناو ئەم ئەرکەشدا ژیانی ژیر و مرۆڤ سەریان هەڵدا.

چوارەم: یاساکانی فیزیا و کیمیا شتەکان بەرەو دیارنەمان و شیبوونەوە و لەناوچوون ئاراستە دەکەن و یاساکانی ژیان شتەکان بەرەو پێشکەوتن و زۆربوون و بووژانەوە ئاراستەی دەکەن. بەڵام یاساکانی ژیان بەشێکن لە یاساکانی فیزیا، کە دواقسەی بە دەستەوە دەبێت، بۆیە چارەنووسی ژیان بەرگریکردنە.

پێجەم: ئێمە بە یاساکانی ژیان لەدایک دەبین و بە یاساکانی فیزیا و کیمیا دەمرین، بۆیە مردن دەرهاویشتەیەکی نامۆیە بەو ژیانەی ناتوانێت لە خۆی بگرێت. ئەمە لێکی دەداتەوە بۆچی ئامادە نین بۆ تێگەیشتن لە بیرۆکەی مردنمان، تەنانەت ئەگەر تەمەنمان بگاتە سەد ساڵیش. پرسەکە هیچ پەیوەندی بە خۆپەرستیی پیرییەوە نییە، وەک گەنجان بۆی دەچن، بەڵکو سروشتی ژیان وایە و ئەو کاتەی درکی پێ دەکەین کە نۆرە دێتە سەرمان.

خوێندنەوەی کۆی کتێبە لەم چرکەساتەدا، ڕەنگە دەرفەتێک بێت بە خۆمان و ژیانمان، ڕامانێکی قووڵ دەستەبەر دەکات بۆ پێداچوونەوە بۆ خاڵگەڵیکدا، چونکە ژیان دەرفەتێکی زێڕینە بە هەریەک لە ئێمە دراوە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەرفەتەدا، قۆزتنەوەی هەلەکان، کۆشش لەپێناو جوانترکردنی ژیان و بەردەوامیدان بە ژیان، ئەرکی هەر کەسێکی زیندووە، ئەم کتێبە لەو پێناوەدایە، چونکە دواجار ژیان بوونمانە و هیچ شتێکیش گرنگتر لە بوون و ژیانمان نییە.

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە ناوازە و کاریگەرەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (من و مەولانا سەرگوزەشتەی شەمسی تەبریزی) بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیە و (ولیەم چیتک) نووسیویەتی، هاوکات نووسەر و وەرگێڕ(ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

هەر وەک لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لە ئەمریکای باکوور مەولانا پڕفرۆشترین شاعیرە، زۆر گرنگی بە ژیان و سەردەمەکەی دەدرێت، هەر جارێ کۆمەڵە هۆنراوەیەکی بڵاو بکرێتەوە، سەرگوزەشتەی ژیانیشی لەگەڵدایە، بە تایبەتی گرنگیی بە دیداری مەولانا لەگەڵ شەمسی تەبریزیزدا، دەدەن، کە سۆفییەکی گەڕۆک بوو، دوای ئەو دیدارە بووە هاوڕێی ئازیزی مەولانا، مەولانا زانایەکی هەتا بلێی سەنگین بوو، شەریعەت و عەقیدەی بە گرووپێکی بچووکی موریدان دەگوتەوە، بەڵام هاتنی شەمس، مەولانای بە کەسێکی تر گۆڕی کە حەزی لە موزیک و سەما  و هۆنراوە بوو، سێ ساڵ دوای پەیدا بوونی شەمس، کە کەس نەیدەزانی لە کوێوە هاتووە، لە ناکاو بزر بوو، هەرگیز جارێکی دیکە نەبینرایەوە، تاسەی مەولەوی بۆ خۆشەیستە دیارنەماوەکەی، کردی بە یەکێک لە مەزنترین شاعیرەکانی جیهان، مەولانا لە هۆنراوەکانیدا شەمسی وەک بەرجەستەبووی عیشقی یەزدانی دادەنا و پیایدا هەڵدەدا، بەوەش ناوی ئەوی بە نەمری هێشتەوە:

شتێکی زۆر کەم دەربارەی شەمسی ڕاستەقینە زانراوە، هەندێک گومان دەبەن کەسێکی ڕاستەقینە نەبێت، هەر کەسێک بایەخی بە غەزەلەکانی مەولانا دابێت، کێچ کەوتووەتە کەوڵی بۆ ناسینی شەمس، جا هەر لە کوڕەکەی مەولەوی خۆیەوە تا دەگات بە هەموو ئەوانەی تریش کە سەرگوزەشتەی شەمسیان نووسیوەتەوە، چیرۆک و ئەفسانەی زۆریان لە دەوری چنیوە، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا شەمس بووە بە سیمبولی ناو ئەدەبیاتی فارسی، تورکی و ئوردوو، لێکۆڵینەوە مۆدێرنەکانیش، گەرچی ژمارەیەکی زۆر دید و بۆچوونی جیاجیایان خستووەتە ڕوو، بەڵام تیشکی ئەوتۆیان دەربارەی ئەوەی شەمس کێ بووە و چۆن توانیویەتی ئەو ڕۆڵە گەورەیە لە ژیانی مەولانادا بگێڕێت، هەڵنەکڕاندووە.

کتێبی (من و مەولانا) بەردی بناغەی لێکۆڵینەوەی ئەم کەسێتییە ناڕوون و تەماویەیە، ئەمە یەکەمین جارە لە زمانێکی ئەوروپاییدا، لە سەرچاوەی یەکەمەوە باسێک دەربارەی شەمس ئامادە بکرێت، کە توێژەرانی خۆرئاوا دەستیان بۆ نەبردووە: ولیەم چیتیک، لە کتیبی من و مەولانادا، نزیکەی دوو لەسەر سێی مەقالاتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و بە جۆرێک ڕیزی کردوون کە ماناکانیان لە بەستێنی خۆیاندا روون بێتەوە، سەرنج و وشەدانیشی ئامادە کردووە، کە بۆ لێکدانەوەی بڕگە تەمومژاویەکان زۆر یاریدەدەری خوێنەرن، لە کۆتا ئەنجامدا ئەمە کتێبێکی زۆر خۆش و خوێنراوەیە و شەمسی زیندوو کردووەتەوە، ئەمە یەکەمجارە خۆرئاواییەکان دەستیان بە شەمس بگات، بێ ئەوەی هانا بەرنە بەر مەولانا و ئەفسانەسازان.

هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) لە پێشەکیی کتیبەکەدا ئاماژەی پێ داوە، مەولانا لە خۆرئاوا ناسراوە کە چیتر پێوسیتی بە ناساندنی ناکات، هەر کەس ئاگای لە مەولانا هەبێت، دەبێ ناوی شەمسی تەبریزی هاوڕێشی بیستبێت، پەیوەندیی نێوانیان ئەوەندە بەناوبانگە کە کەسێکی گرنگی وەک هیوستن سمیس، لە کتێبەکەیدا بە ناوی (بۆچی ئایین گرنگە؟) خۆشەویستی مەولانا بۆ شەمس، لەگەڵ خۆشەویستیی دانتێ بۆ بیاترس لە هەمان ڕستەدا بێت: ئەوە مەولانا بوو ئەو خەرمانە ئەفسانەییەی بە دەوری شەمسدا کێشا، بیرت نەچێت، درێژترین کاری مەولانا مەسنەوییە نێودارەکەی نییە، کە داستانێکی ڕۆحانییە لە شەش کتێب و ٢٥ هەزار دوو بەیتیدا کۆکراوە، بەڵکو ٤٠ هەزار شیعرە کورتە ئاشقانێتیەکانێتی کە بە دیوانی شەمسی تەبریزی ناسراوە، گەرچی ئەم کتێبە پڕ سۆزە مەزنە، ناوی شەمسی تەبریزی هەڵگرتووە، بەڵام هەرگیز کەس وا بیری نەکردووەتەوە ئەو نووسەرەکەی بێت، ئەم دیوانە بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە، چونکە مەولانا خۆی لە کەسی شەمسدا نغرۆ کردووە و کردوویەتی بە ئامانجی دیار و نادیاری لەخۆبوردن و سڕینەوەی خۆی، بێشک دیوانی شەمس هەمووی دەربارەی خۆشەویستیی خودایە، بەڵام مەولانا چیرۆکەکانی خۆشەویستی و ئاسوودەیی دەگێڕێتەوە، شەمس هەر وا بە سانایی مرۆڤێک نییە، هەروەها ڕێنماییەکیش نییە لەسەر شێوەی پێغەمبەران، نەخێر، ئەو خۆشەویستی ڕاستەقینەی بەرجەستەیە، واتە خودا خۆیەتی.

ئەم کتێبە پێمان دەڵێت کە مەولانا لە یەکەمین نیگاوە ئالودەی شەمس بوو، بە تەواوەتی خۆی بۆ ئەو تەرخان کرد، ئەرکی سەر شانی وەک مامۆستا فەرامۆش کرد و خووی دایە سەما کردن بەدەم موزیک و هۆنراوەوە، زۆرێک لە موریدەکانی پێیان وا بوو ئەو ڕەفتارە لە دانایەکی بەڕێز ناوەشێتەوە، تووشی شۆک بوون، کەوتنە سکاڵا و گازاندە، بەڵام مەولانا گوێی پێ نەدان: دوای دوو ساڵ، لە داخی ئیرەیی و قینی موریدان، شەمس قونیەی جێ هێشت، مەولانا حەپەسا، واقی وڕما، سوڵتان وەلەدی ناردە دیمەشق، ئەویش زۆر گەڕا تا لە حەلەب دۆزییەوە، قسەی لەگەڵ کرد و پێکەوە بۆ قۆنییە گەڕانەوە.

بەپێی زانیارییەکان، شەمسی تەورێزی دەروێشێکی گەڕیدە بووە، ئەو خەونێکی سەیری بینیوە لە تەمەنی دە ساڵیدا، ئەویش دەچێت بۆ باوکی دەگێرێتەوە، بەڵام ئەو بڕوا بە کوڕەکەی ناکات بۆیە ئەویش ماڵ جێ دێڵێ و گەڕیدەیی ھەڵدەبژێرێت، دەگوترێت کە شەمسی تەبرێزی ھیچ کات زیاتر لە شەوێک لە ھیچ جێگایەک نەماوەتەوە لە کاتی دەروێشایەتی خۆیدا. شەمس پارەی بە تەفسیری خەون و خوێندنەوەی دەست بەدەست دەهێنا و بەم جۆرە بەشێکی ژیانی بەسەر برد.

شەمس بە یەکگەیشتی لەگەڵ پیاوێک بە ناوی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی لە ساڵی ١٢٤٤ز، ئەم بە یەکگەیشتنە ڕێڕەوی ژیانی ھەردووکیانی گۆڕی لەوەی کە مەولانای لە زانایەکی ئایینی ئاسایی کرد بە شاعیر و کەسێکی نقومبووی نێو تەسەوف و عاتیفە و بانگبێژێک بۆ عەشق و خۆشەویستی خودا. بۆیە ڕۆیشتنی شەمس و جیابوونەوەی لە مەولانا دوای ٣ ساڵ، کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەری و ئەو جیابوونەوەی بە کارەساتێکی دڵتەزێن وەسف دەکرد.

بەپێی سەرچاوەکان (شەمس) لە بارودۆخێکی سەیر و تەمومژاوی و نادیاردا بزر بوو، وەکو پێشتر باسکراوە ھەندێک دەڵێن کە لەسەر دەستی قوتابیانی مەولانادا کوژراوە، ئەویش بە ھۆکاری ئیرەیی پێ بردن بە پەیوەندی شەمس و مامۆستاکەیان و ھەر لە قۆنیە نێژراوە، ھەندێکیش دەڵێن کە شەمسی تەبرێزی قۆنیەیی بەجێ ھێشت و لە شاری خۆی وەفاتی کردووە و ھەر لەوێ نێژراوە و گلکۆشی لەوێیە.

مەقالاتی شەمس کۆکراوەی وتە و ئامۆژگاری و بۆچوونەکانی شەمسە. لە ڕواڵەتی پچڕاو و ناڕێکوپێکی گوفتارەکانەوە، دیارە کتێبەکە نووسراوی خودی شەمس نییە، بەڵکو یاداشتگەلێکی ڕۆژانە بووە کە موریدەکانی مەولانا نووسیویانەتەوە. بە گوتەی فروزانفەر “لە مەسنەویی مەولانادا زۆرێک لەو گوفتارانە دووبارە بوونەتەوە کە لە مەقالاتدا هەن.” شەمس خۆی دەربارەی نووسین گوتویەتی “من عادەتی نووسینم نییە، لەبەر ئەوەی گوفتارەکانم نانووسمەوە، لە مندا دەمێننەوە و هەر ساتێک ڕوویەکی نوێم دەدەنێ.” مەقالات پڕە لە بۆچوونەکانی شەمس دەربارەی بابەتە جیاوازەکان و سۆفییەکانی تر. ئەو باسی ئەبوحامد غەزالی و ئەحمەد غەزالی و ئیبن عەرەبی و مەنسووری حەلاج و بایەزیدی بەستامی و مەولانای ڕۆمی و زۆر کەسی دیش دەکات.

بێگومان سەبارەت بەم دوو کەسایەتییە مەزنە (شەمس و مەولانا) گەلێ بابەت و توێژینەوە نووسراوە، سنووری ناوبانگی ئەم دوو زاتە گەیشتووتە خۆرئاوا و ئەوروپا، تا هەنووکەش توێژەران و لێکۆڵیارانیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و تا هەنووک هەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانیان دەنووسرێت، بۆیە بێ هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەک دەڵێین ئەم کت و تا هەنووک هەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانیان دەنووسرێت، بۆیە بێ هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەک دەڵێین ئەم کت و تا هەنووک هەر لەسەر ژیان و بەرهەمەکانیان دەنووسرێت، بۆیە بێ هیچ دوودڵی و دڕدۆنگییەک دەڵێین ئەم کتێبە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ زیاتر ئاشنا بوونی ئێمە بە شەمس و دنیا فراوانەکەی.

کۆچێک بێ ئاوڕدانەوە

خستنەڕووی کۆمەڵەچیرۆکی “کۆچی سولەیمان”

بەختیار حەمەسوور

یەکێک لە ناوە دیارەکانی ئەدەبیاتی ئێران، بە دیاریکراوی چیرۆک و ڕۆمانی ئەو ئەدەبیاتە، لە مێژووی هاوچەرخدا، بێ هیچ گومانێک مەحموود دەوڵەتئابادییە. ئەم نووسەرە پڕکار و جددی و خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی لە گێڕانەوەدا، هەر لەو بوارەدا توانیویەتی ببێتە دەنگێکی دیار و دلێری ئەو ئەدەبیاتە و هاوکات لە ئاستی دەرەوەشدا و لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەشێکی بەرچاو لە بەرهەمەکانی بۆ سەر زمانە زیندووەکانی دنیا، نوێنەرایەتی ئەو ئەدەبیاتە بکات و زمانی فارسی بکات. خۆشبەختانە ساڵانێکە زۆرە کە وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە داهێنەرە لە لایەن وەرگێڕانی کوردەوە بووەتە جێی بایەخ و لە کۆبەرهەمی ئەو نووسەرە، باشترین کارەکانی کراونەتەوە بە کوردی و هەنووکە لەبەر دەستی خوێنەرانی کوردزماندان، لەو وەرگێڕانەی کە بە سەرکەوتوویی توانیویانە کارێک، یان چەند کارێک لەم نووسەرە بکەن بە کوردی، دەتوانین ناوی هەریەک لەم ئازیزانە بهێنین: سیامەند شاسواری، ئازاد بەرزنجی، ڕەسووڵ سوڵتانی، ئەمین گەردیگلانی، خالید فاتیحی، شوانە عەبدوڵڵا و… بێگومان بەرهەمی پەرتەوازەی لێرە و لەوێی ئەم نووسەرە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەردەوام وەرگێڕدراوە و وەردەگێڕدرێت، جا چی چیرۆک بووبێت یاخود چاوپێکەوتن و دوان لە بارەی بەرهەمەکانیەوە. ئێستا نوێترین کتێبی وەرگێڕاوی ئەم نووسەرە، کە کتێبێکی چەند بابەتییە و هەوڵی ناساندێکی بەرفراوانە بۆ دنیای دەوڵەتئابادی، لە لایەن وەرگێڕی بە سەلیقە و زمانشیرین خالید فاتیحی کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ئەم کتێبە سەرناوی “کۆچی سولەیمان”ی هەڵگرتووە، وەرگێڕی ئەم کتێبە پێشتر کاری هەمان نووسەر، واتە مەحموود دەوڵەتئابادی کردووە بە کوردی و لە بەرنامە و پڕۆژەی داهاتووشیدایە کە کاری تر لە هەمان نووسەر وەربگێڕێت.

مەحموود دەوڵەتئابادی کێیە؟

هاوینی ساڵی ١٩٤٠ کوڕێک لە گوندی (دەوڵەتئاباد)ی سەبزەواری خوراسان لەدایک بوو. ناویان نا مەحموود. ئەو منداڵە کوڕی (عەبدولڕەسووڵ و فاتمە) بوو. باوکی مەحموود بێجگە لە فاتمە، دوو ژنی دیکەشی هەبوون. مەحموود یەکەم منداڵی فاتمە و چوارەم منداڵی عەبولڕەسووڵ بوو. باوکی جووتیار بوو، ئاشناییەکی باشی لەگەڵ شیعری شاعیرانی کلاسیکدا هەبوو، لەوانە: حافز، فیردەوسی و سەعدی.

مەحموود دەورانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەسعوود سەعدی سەلمانی دەوڵەتئاباد) بەسەر برد. بنەماڵەیەکی هەژار بوون، بۆیە هەم دەیخوێند و هەم کاری دەکرد، ناچار بوو کارگەلێک بکات کە لە توانای بەدەر بوون، لەوانە: شوانی، پینەدۆزی، شاگردی پاسکیلسازی، کرێکاری لە کارخانەی پەموو، سەرتاشی، کرێکاری چاپخانە و… ئەوانە بەشێک لەو کارانە بوون کە مەحموود لە قۆناغی ژیانیدا کردوونی تا بژێویی خۆی پێ دابین بکات.

ئەم کتێبە “کۆچی سولەیمان” بەو ناساندنە کورت و هاوکات پوختەوە دەست پێ دەکات. کتێبێکە دەتوانێت زیاد لە ناوەڕۆکێک لە خۆیدا هەڵبگرێت، هەر لە سەرەتاوە خوێنەر دەزانێت کە نیازی وەرگێڕ لەم ئامادەکردن و وەرگێڕانی ئەم نووسەرە بە تەنیا چەند چیرۆکێک نییە، بەڵکو قووڵتر بە دنیای مەحموود دەوڵەتئابادیدا ڕۆ دەچێت و هەوڵیش دەدات بە شێوەیەکی سادە و هاوکات ڕەوان بمانباتە ناو ئەو دنیا بەرینە و ئاشنای ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی کاتەی گێڕانەوە (چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە)مان بکات. کتێبەکە بە دەروازەیەکی گرنگ لە ژیانی ئەدەبی دەوڵەتئابادیدا گوزەر دەکات، بە وردی وێستگە گرنگەکانی ژیانی ئەدەبیی ئەم نووسەرە دەپشکنێت، سەرەتاکانی، کە هەمیشە سەرەتاکان پڕ تەنگەژە و قەیرانن، تا دەگات بە ئاشنایەتی لەگەڵ نووسەرانی دیاری نێو ئەدەبیاتی فارسی زمان و بڵاوکرنەوەی ئەوەڵین بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەروەختەدا.

ساڵی ١٩٦٦ دەوڵەتئابادی لەگەڵ ئەحمەد شاملوو یەکتر دەناس، لە پاڵ کاری نواندندا، دەست دەکات بە نووسین و یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری (ئاناهیتا)دا بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٦٧ لەگەڵ غوڵامحسێن ساعدیدا یەکتر دەناسن، ئەوکات ساعدی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ ئیدارەی شانۆی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەردا هەبوو، هەموو شانۆنامەکانیشی لە لایەن وەزارەتەوە دەکڕدران و لە لایەن تیپە جۆراوجۆرەکانەوە نمایش دەکران. لە ڕێگەی پەیوەندیی ساعدییەوە وەکو شانۆکار لە ئیدارەی شانۆی وەزارەتی فەرهەنگ و هونەر دامەزرا.

مەحموود دەوڵەتئابادی لە بیستەکانی تەمەنیدا بە عەشقەوە تێکەڵ بە دنیای خوێندنەوە و نووسین دەبێت، بەرهەمە سەرەتاییەکانی هەر لەو تەمەنەدا بڵاو دەبنەوە و تا ڕادەیەکیش پێشوازییەکی باشیان لێ دەکرێ و وەک دەڵێن ترووسکەیەکی پرشنگدار لە نووسراوەکانیدا دەبینرێتەوە. هەڵپە و کۆڵنەدان و شارەوشارکردن بەدووی ئەڤینی نووسیندا وەها دەکات کە هەر بە زوویی تێکەڵ بەو دنیا بەرینە ببێت و کەسانێک بناسێت کە لە ترۆپکی ناو و ناوبانگدان، بەڵام مێژووی نووسین و بە تایبەت نووسینی داهێنەرانە هەمیشە و هەموو کات ئەوەی سەلماندووە ئەگەر کەسێک بۆ خۆی بەر و بەرهەمی داهێنەرانە لە سروشت و زەینیدا نەبێت، هەرگیز بە نزیکبوونەوە لە گەورەنووسەران و داهێنەران نابێت بە کەسێکی داهێنەر، ئەگەر وا بووایە دەبوو هاوسەری نووسەران لە تەواوی دنیادا لە پاڵ هاوسەرە نووسەرەکانیاندا لە یەکەمین داهێنەرەکان بوونایە، هەر ئەمەشە کە دێڕێکی سەرنجبزوێن لە “داغستانی من”ی ڕەسووڵ هەمزەتۆفدا هەیە، کە دەڵێت: کابرا کڵاوێکی وەک ئەوەی تۆڵستۆی کڕیبوو، بەڵام مێشکێکی وەک تۆڵستۆی لە کوێ بکڕێت و بهێنێت!؟ هەر ئەمەش دەتوانین بە بارێکی تردا بۆ مەحموود دەوڵەتئابادی لێک بدەینەوە، دەوڵەتئابادی خۆی ئەو بەهرە خۆڕسکەی تێدا بووە، هەر ئەو دەمکاتەی هەنگاوەکانی لە گوندەکەی دەترازێت و بەرەو شارە گەورەکان مل دەنێت، بەو بەهرە و وزە پڕ و پەرشوبڵاوەوە دەکەوێتە ڕێ، لە شارەکاندا دەتوانێت ئاراستەی وزە زۆرەکەی کە پەرشوبڵاوە، بدۆزێتەوە و سەرەتایەک دابمەزرێنێت، سەرەتایەک کە دەبێتە یەکەمین پێپلیکەکانی ئەم نووسەرە بۆ سەرکەوتن بەسەر پلیکانەی بێکۆتای داهێناندا.

مەحموود دەوڵەتئابادی لە چەندان کایە و بواری لێک جودادا کاری کردووە، ئەو سەرەتا وەک نواندن لە سینەما و شانۆدا، لە پێگەی ئەکتەر و وازیکاردا ڕۆڵی لاوەکی بینیوە، پاشان سیناریۆ و دەقی شانۆنامەی نووسیوە و جێیەک و پێیەکی بۆ خۆی کردووەتەوە، دواتر ئەوەڵین چیرۆکەکانی دەنووسێت و شوناسی چیرۆکنووس لەسەر خۆی دەچەسپێنێت، پاشان دەست دەکات بە ڕۆماننووسین و ناسنامەی ڕۆماننووس بۆ هەمیشە و زاڵتر لە دیکەی تاقیکردنەوەکانی، بەسەریدا دەچەسپێت.

شێوازی بەرچاوی دەوڵەتئابادی ڕیالیستییە، یانی دەربڕینی تەواو و ڕاستیی ڕووداوێک، وەسفی کەسایەتییەک، یان جێگەیەک. ئەو بەسوودوەرگرین لەو شێوازە، بە جوانی چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە؛ تا ئەو شوێنەی لە هەندێ جێگەدا وا هەست دەکەی فیلمێک دەبینی، کاتێک وەسفی کەسایەتییەک دەکات، کە دەڵێی پێشتر ئەو کەسایەتییەم لە جێگەیەک بینیوە. بەرهەمەکانی دەوڵەتئابادی زیندوون، گیانیان بەبەردا کراوە و لە خێراترین کاتدا دەچنە ناو هەستی خوێنەرەوە. لە بەرهەمەکانیدا سوودی زۆری لە زمان و ئیدیۆم و پەندی پێشنینان وەرگرتووە، کە جوانیان بە بەرهەمەکانی بەخشیوە.

یەکێک لە کاریگەرییە ڕیشەییەکانی نێو بەرهەمەکانی مەحموود دەوڵەتئابادی گوند و سروشتی گوند و خەڵکانی گوندە. ئەم کاریگەرییە لە یەکەمین بەرهەمەکانیدا زەق و زۆپە و دەبینرێتەوە، بەڵام ڕەنگە ئەم ڕەنگە و زاڵی و تۆخییەکەی لە گەورەترین ڕۆمانی و هاوکات کە دەکاتە گەورەترین ڕۆمانی فارسیش، ڕەنگی دابێتەوە و گەیشبێتە لووتکەی کامڵی، ئەویش ڕۆمانی دە بەرگی “کەلیدەر”ە، تێکڕای ئەم ڕۆمانە لەناو دڵی سروشتی گونددا ڕوو دەدات و خەڵکانی گوند کەسێتییە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە داهێنەرانەیە پێک دەهێنن. بەڵام وەک گوترا ئەمە بە تەنیا لە یەک بەرهەمیدا نییە، بەڵکو گوند و کەسانی گوندنشین هەمیشە لەناو پانتایی جوگرافی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەم نووسەرەدا بوونیان هەیە و نیشانگر کراون. ڕەنگە هاوشانێکی لەم چەشنە لە زمانی فارسیدا نووسەرانی وەک غولامحسێن ساعدی و عەلی ئەشرەف دەرویشان و مەنسوور یاقوتی بن، بەڵام گرنگە ئەمە سەرنجەش لێرەدا و بە شوێن دەوڵەتئابادی و تێکڕای ئەو نووسەرانەدا بنووسین؛ لەگەڵ ئەوەی هەریەک لەو نووسەرانە خەریکن لە دنیای گوند و گوندنشینانەوە ئایدیاکانیان دەچنن و چیرۆک و ڕۆمانەکانیان دەنووسن، بەڵام خودی گێڕانەوەکانیان نوێنەرایەتی ئەدەبی مۆدێرنە لە شێواز و زمان و دەربڕین و تەکینک و فۆرمدا، واتە لە دنیایەکی نەریتی و لە دوورەدەستییەکی شارەوە، دەقی مۆدێرن و نوێخوازیان نووسیوە، ئەمە زۆر بە تایبەت و بە ئاگایی و سەرکەوتووییەوە لای ساعدی پتر و پتر دەبینرێتەوە.

لەم کتێبەدا “کۆچی سولەیمان”، لە پاڵ ناساندێکی گرنگدا، گفتوگۆیەکی جددیش هەیە، کە مریەم مەنسووری لەگەڵ مەحموود دەوڵەتئابادیدا ئەنجامی داوە و لە گرنگی گفتوگۆکەوە وەرگێڕ لە دووتوێی ئەم کتێبەدا دایناوە. خوێنەر لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئەم گفتوگۆیەوە سەرنجی وردی دەوڵەتئابادی بۆ کۆمەڵێک پرسی گرنگ دەزانێت، ڕوانینی بۆ نووسین و دنیاکەی خۆی کە چۆن ڕۆی ناوە و چۆن دەڕوانێت لێیەوە، هاوکات پێگە و جێگەی خۆی لەناو ئەدەبیاتی فارسی و دنیاشدا دەستنیشان دەکات و باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ئەدەبیات لە مێژوودا دەکات. بە تێکڕای ئەم گفتوگۆیە نیشاندەری ئەو بیرکردنەوە ڕوون و قووڵەیە لەپشت بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەوە وەستاوە و بەردەوام لە فۆرمی هونەریدا، لە هەریەک لەو بەرهەمانەدا پێشکەشی کردوون و دەیانکات.

پاشتر خوێنەر دێتە سەر کرۆکی کتێبەکە، کە سێ چیرۆکی تا ڕادەیەک درێژە. هەریەک لەم چیرۆکانە دنیای سەربەخۆی خۆیان هەیە و هاوکات لێک نزیکیشیان لە هەندێ ئایدیا و ڕووداودا، وا دەکات کە بزانین پەیوەستییەک، لە شێوەی ڕایەڵ و تاڵەدەزوودا، پێکیانەوە دەبەستێتەوە. “کۆچی سولەیمان” یەکەم جار وەک کتێب و کۆمەڵەچیرۆک بە زمانی بنجی، واتە فارسییەکەی، ساڵی ١٩٧٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. سەروەختی خۆی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و زۆری لە بارەوە نووسراوە و لە کۆڕە ئەدەبییەکاندا بووەتە جێگەی باس و خواست و مشتومڕ. ئەم سێ چیرۆکەی لەم کتێبەدا هاتوون، بەرودوا بەم ناونیشانانەوە ڕیزبەند کراون: “کۆچی سولەیمان، پیاو، دەشتەکی”. لە هەر سێ چیرۆکەکەدا نووسەر بە شێوەی ژمارە گێڕانەوەکانی پارچە پارچە و دابەش کردووە. چیرۆکی “کۆچی سولەیمان” لەو چیرۆکانەیە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی ناوازە لە زەین و یادەوەریدا بەجێ بهێڵێت.

“کۆچی سولەیمان” چیرۆکی لێکترازانی خێزانێکە، لێکترازانێک کە دەم دەکاتەوە بۆ هەڵوەشانەوە و چیدی پێکەوە نەمان. چیرۆکی خێزانی سولەیمانە، کە پێکهاتوون لە سولەیمان و ژنەکەی (مەعسوومە) و دوو منداڵ. سەرەتای چیرۆکەکە بەم دێڕە دەست پێ دەکات: “دوو مانگی تەواو تێپەڕی، مەعسوومەی ژنی سولەیمان پەیدا بووەوە.” ئەم دێڕە شادێڕی چیرۆکەکەیە، ئەو ستوونەیە دەتوانێت قورسایی هەموو ڕووداوەکانی پاشتر لەسەر شانی خۆی هەڵبگرێت، ئەمە لەو دێڕە دەستپێکانەیە کە ورد بیری بۆ کراوەتەوە، ورد چنراوە و تاوتوێ کراوە و پاشان نووسراوە. ئێمە کاتێک دواتر بە قووڵایی چیرۆکدا ڕۆ دەچین بەردەوام ئەم دێڕە دێتەوە زەینمان: “دوو مانگی تەواو تێپەڕی، مەعسوومەی ژنی سولەیمان پەیدا بووەوە.” بۆچی وایە؟ چونکە چیرۆک پێمان دەڵێت ڕێک لەپاش ئەم دێڕەوە، لەپاش ئەم هاتنەوە دوو مانگییەی مەعسوومە حاڵەت و دۆخەکان بۆ هەمیشە لە شیرازە دەترازێن و دەپچڕێن. مەعسوومە لە شار بووە، لە کەیف و سەفا؟ لە ڕابواردن و شەرەففرۆشی؟ ئەمانە ئەو قسە و قسەڵۆکانەن لەناو گونددا داکەوتوون و دەربارەی مەعسوومە دەگوترێنەوە، بەس بەڕاست ناوی “مەعسوومە” بۆ خۆی هێمایەک نییە بۆ “پاکێتی و پاکدامێنی” ئەو ژنە؟ مەحموود دەوڵەتئابادی زۆر هونەرییانە و زۆر چیرۆکیانە ئەم کارەی ڕایی کردووە، دێڕێک بە ڕاستەوخۆیی لەو چیرۆکەدا نادۆزینەوە کە پێمان بڵێت مەعسوومە خەتابارە یان نا پاک و بێگوناهە، ئەوە بۆ خوێنەر جێهێڵراوە، ئەوەیە ڕێزی نووسەر بۆ خوێنەر و بەشداریکردنی خوێنەر لە چینینی دەقدا و تەواوکردنی بە هەمان گوڕ و هێزی نووسەرەوە.

سولەیمان کارەکتەرێکی تێکڕووخاوە، تلیاکییە، ژیانی نزم و نوقمی قەرزە، ئەگەرچی وەک پیاوێکی بە بازوو دەردەکەوێت، بەڵام ئەو داتەپیوە، ڕەنجی بە با چووە، ماڵەکەی هەرزانفرۆش کردووە، منداڵەکانی پشتگوێخراون و بە قسەی خەڵکیش نەکەی لە شار شەرەفی شکاندووە. ژیانی ئەم پیاوە یەکپارچە ڕەزالەتە، زەحمەتی بێ بەرهەمە، ڕەنجی بێ ڕەنجە، ژیانی نموونەیەکە بۆ لەدەستدان، چ سەرکاری لای ئاغا، چ لەدەستدانی ژنەکەی، چ منداڵەکانی، چ بەدناوکردنی لە لایەن یاران و نەیارانیەوە. تووشی دۆخی تەنگەژاویتر دەبێت، دەکەوێتە تەڵەی دزیکردنەوە، لەگەڵ دەستەی تر و پیاوی تر، پێی دەزانن، قۆڵبەستی دەکەن و دەینێرن بۆ شار، بۆ زیندان. پاشان ژن و منداڵەکانی دەمێننەوە، کوڕ و کچەکەی، دەکەونە خۆ و دروستکردنی ژیان، بە گوڵەوەچن و کارکردن، لە کۆتایی چیرۆکدا سولەیمان دێتەوە، ئەمجارە کۆچە هەمیشەییەکەی بەبێ مەعسوومە دەست پێ دەکات و بە مەعسوومە دەڵێت تۆ لە ئێمە نیت، منداڵەکان (فاتمە و قودرەت) لەگەڵ خۆی دەبات و ئاوڕ ناداتەوە:

مەعسوومە لەسەر تەپۆڵکەی گۆڕستانەکە ڕاوەستا، دەروونی کە دەسووتا پڕی کرد لە هەوای شەو و وەکو دێڵەگورگێک لووراندی:

  • سولەیمان… هۆۆۆۆۆۆۆی…

فاتمە ڕووی وەرگێڕا، قودرەت گەڕایەوە و ڕاوەستا. سولەیمان وەک ئەوەی هیچی نەبیستبێ خۆی کەڕ کرد، مەعسوومەش وەک کەسێک کە خەوی دیبێ، لە گۆڕستانەکە دانیشت.

ئایدیا و بیرۆکەی ئەم چیرۆکە لە نزیک ژیانی هەریەکەمانە، بیستوومانە و بینیومانە، بەڵام کاتێک لە گێڕانەوەیەکی هونەریی داستانیدا دەیخوێنینەوە، هەر دەڵێی یەکەم جارە وەها بەسەرهاتێکی تراژیدی دەبیستین، ئەمەیە ئەفسوونی ئەدەب، ئەفسوونی گێڕانەوە و گرنگی چیرۆک، کە بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێت بڵێت هەڵوێستەکان چین و چۆنن، دەتخاتە سەر کەڵکەکەی بیرکردنەوە و بڕیاردان، هەڵبژاردن و سەرپشکبوون. لە ژیانی هەموومان زۆرن سولەیمان و مەعسوومەکان، بەڵام کەمن ئەوانەی وەک مەحموود دەوڵەتئابادی توانیبێتیان لە فۆرمێکی بەرزی هونەریدا بیانخەنە چوارچێوەی چیرۆک و بۆ هەمیشە ژیانیان تۆمار و تاپۆ بکەن.

هەردوو چیرۆکی “پیاو و دەشتەکی” دیسان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بە دەوری مەسەلەی ژن و غەدردا دەخولێنەوە، فەزای گوند و ململانێ لەگەڵ سروشتی دڕ و ئینسانی بەدخوو، تێما سەرەکییەکانی ئەو دوو چیرۆکەش دەچنن.

بە ناوهێنانی مەحموود دەوڵەتئابادی هەمیشە لای من سەرنجێک بیر دێتەوە، کە دەتوانم بڵێم لە هەر کات و شوێنێکدا بم، ناوی ئەو، بیرهێنەرەوەی هەمان سەرنجە: نووسەرێک کە بە دەقە گەورە و ئەستوورەکانی دنیای گێڕانەوە ناسراوە و تەنانەت لەو بوارەدا سەرچەشنی ئەدەبیاتی فارسییە، چۆن دەتوانێت چیرۆک بنووسێت؟ پێم وایە دەوڵەتئابادی ئەو کاتەش کە چیرۆک دەنووسێت ڕۆمان دەنووسێت، یان بە هەمان بیرکردنەوەی ڕۆمانەوە چیرۆک دەنووسێت، نیازم کەمبایەخکردنی چیرۆکەکانی دەوڵەتئابادی نییە، بەڵام چیرۆکەکانی (لانیکەم ئەوانەی من خوێندوومنەتەوە) هەناسەی ڕۆمانیان تێدایە، چڕوپڕ نین، چڵاوچڵکەر و مەیلیان لە تێکئاڵانی ڕووداو و کەسێتی ترە، کەمتر لە ڕووبەری بچووک و بەرتەسکدا ڕوو دەدەن، زیادتر ڕووبەری بەرین و پان دەبیننەوە و ئاسۆیی دەکشێن. دیارە بۆ نووسەرانێکی وەک مەحموود دەوڵەتئابادی کە لەگەڵ گێڕانەوەی پانۆرامایی درێژدا ئەزموونیان هەیە، سەختە هونەری ڕووبەر بچووک و چڕ تێریان بکات، هەر ئەمەشە لە کارە کورتەکانیاندا ئێمە مەیل و ویستێکی تێرنەبوو بۆ گێڕانەوەی زیادتر و زیادتر دەبینینەوە. دەوڵەتئابادی بەر لە هەر شت و هەر کایەیەکی نووسین، ڕۆماننووسە، ڕۆماننووسێکی داهێنەر بۆ هەمیشە.

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە  کتێبی (وتارە لەبیرکراوەکان) بابەتی کتێبەکە شانۆییە و لە کۆمەڵێک وتاری گرنگی نووسەر و هونەمەندی دیاری کورد (دانا ڕەئووف) پێک هاتووە، نووسەری ئەم کتێبە یەکێکە لە سیما دیار و ناسراوەکانی نێو دنیای نووسین و هونەری شانۆ، بە ڕۆشنبیریی و ئاگاییەکی فراوانەوە دەنووسێت، خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی شانۆییە، چ توێژینەوە، چ تێکستی شانۆیی و بابەتی وەرگێڕدراوە، لەم کتێبەشیدا، بە دیدگایەکی فراوانەوە لەمەڕ شانۆ، نووسەر و دەرهێنەر، شانۆنامەنووس، قوتابخانە و ڕێبازە شانۆییەکان نووسیویەتی، بێ هیچ گومانێک خوێندکارانی بەشی شانۆ و شانۆکاران دەتوانن وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و بەنرخ چاوی لێ بکەن و ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریی هونەری خۆیان لەمەڕ ئەم هونەرە مەزن و کاریگەرەی کە ناوی شانۆیە، بەرز بکەنەوە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: مرۆڤە نیگەرانەکان، ئینگمار بێرگمان لە پرۆسەی نووسینێکی گەمەئامێزەوە بۆ فیلم، من ڕاستی دەنووسم و ئەوەش دەمکوژێت تێڕوانینێک لە شانۆنامەکانی سارا کەین، لە ئودیسۆسەوە بۆ ئەنتیگۆنە دیدێکی مۆدێرن بۆ درامای گریکی، باوک لە ڕوانگەی هەڵوەشاندنەوەی دەقدا، سترینبێرگ لە گەشتی هونەرێکی گشتگیردا، شانۆ لە ڕوانگەی تیۆرە جیاوازەکانەوە، دەستپێکی مێژووی ڕەخنەی شانۆیی، خاوەنقەرز درامایەکی ناتورالیزم بە کوردی، شانۆیی پۆستمۆدێرنیزم تێڕوانینێک لە هەوڵە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکان لە بواری شانۆدا… و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

نووسەر (دانا ڕەئووف) لە پێشەکیی کتێبکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە نووسین، بە تایبەت لە بواری ئەدەب و بە دیاریکراویش لە شانۆدا، بە بەراورد لەگەڵ ژانرەکانی تری ئەدەبدا، تا ڕادەیەک سەخت و ئاڵۆزترە، هەڵسەنگاندنی هەر شانۆنامەیەک دوو دیوی هەیە، یەکێکیان وەکو دەق، ئەویتریشیان وەک نمایش، هەڵبەت هەڵسەنگاندن بۆ هەریەک لەم دوو دیوە لە ڕوانگەی تیۆری تایبەت بە خۆیەوە جێبەجێ دەکرێت، کە تا ڕادەیەک جیاوازییان هەیە، سەرەڕای هێڵە هاوبەشەکان، بە تایبەتی لە ڕووی ماناوە:

بەشێک لەو گوتارانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدان، هەوڵێکی بەندەن بەو ئاڕاستەیە، لەگەڵ چەند بوارێکی تر، کە هەر تایبەتن بە شانۆ، بە کورتی کتێبەکە بەسەر چوار بەشدا دابەش کراوە، کە بریتین لە (ڕانان، نمایش، تیۆر، هەروەها فێستیڤاڵی شانۆیی.) ڕانانەکان ئەو کتێبانە لەخۆ دەگرن کە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە شانۆ دەدوێن، یان نووسەرەکانیان کەسانی دیاری بواری شانۆن بە وردی و قووڵی لە چەمکێکی شانۆییان کۆڵیوەتەوە، یان ڕۆمان و دەقی شانۆییان نووسیوە و من ڕانانم بۆ کردوون.

دانا ڕەئووف ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە لە تەوەری نمایشەکاندا، چەندین نمایشی شانۆیی بەسەر کردوونەتەوە، کە لە سوید، یان هەندێک وڵاتانی تری ئەوروپا بینیونی: لە دوو تەوەرەکەی تریشدا، کە چەند باسێکی دەوڵەمەندی پەیوەندیدارن سەبارەت بە چەمک و لایەنە جیاوازەکانی شانۆ و دوو فێسیڤاڵی گرنگی شانۆیی لەخۆ دەگرن، تیۆر و پراکتیک لە بواری شانۆدا پێکەوە دەبەستنەوە.

لە بەشی کۆتایی پێشەکیی کتێبەیدا ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە هەرچەندە ئەم باسانە لە ڕووی بابەت و ناوەڕۆکەوە لە یەکتری جیاوازن، بەڵام هەموویان لە هونەری شانۆ دەدوێن و هەریەکەیان لە گۆشەنیگایەکەوە تیشکی سەرنج دەخاتە سەر لایەنە گرنگەکانی شانۆ، تیۆر، ئەدەب و پراکتیک.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (ئینگمار بێرگمان لە پرۆسەی نووسینێکی گەمەئامێزەوە بۆ فیلم) دانا ڕەئووف باس لەوە دەکات کە نووسەر و دەرهێنەری سویدی ئینگمار بێرگمان، هەمیشە دیدێکی گەمەئامێز و داهێنەرانەی بۆ پرۆسەی نووسین هەبووە و نووسینەکانی چەندان مەودای گرنگ و دەوڵەمەند لەخۆ دەگرن، بێرگمان تەنها نووسەری سیناریۆی فیلمەکانی خۆی نەبووە، بەڵکو دەقی شانۆیی، یاداشتنامە، بیروەری و هتدی نووسیوە:

بەشێکی تایبەت لە دەزگای سینەمای سویدی، ئەرشیفی بێرگمانیان پاراستووە بە شێوەیەکی وەهاش ڕێک خراوە، کە بۆ لێکۆڵەرەوان و پسپۆڕانی بواری سینەما و شانۆ، بە ئاسانی لە بەردەستدا بن، لەم ئەرشیفەشدا، نامە، سیناریۆی فیلمەکانی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ یەوە بۆ ٢٠٠٠، یادەوەری، دەستنووس، بەڵگە، یاداشتنامە، وێنە و دۆکیۆمینتەکانی تیا کۆ کراوەتەوە.

یەکێکی تر لە بابەتەکانی دیکەی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بریتییە لە (من ڕاستی دەنووسم و ئەوییش دەمکوژێت) ئەم بابەتەی دانا ڕەئووف سەبارەت بە شانۆنامەکانی خانمە نووسەری سویدی (سارا کەین)ە، لە ماوەی ساڵانی پێشوودا شانۆنامەکانی بە چەند بەرگێک وەرگێڕدرانە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردەوە.

دانا ڕەئووف لەم بابەتەدا سەبارەت بە شانۆنامەکانی سارا کەین، باس لەوە دەکات کە شانۆ بۆ سارا کەین هەر شانۆ نەبووە، بەڵکو شانۆ ئەو هێزەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی سەراپاگیر دروست بکات، کەین ئەوەی دووپات کردووەتەوە، شانۆ هێزێکی سەربەخۆ نییە، کە تەنها کاریگەری و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵەوە هەبێت، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە خودی کۆمەڵ، ڕەهەند و دیدی هاوڵاتییە سەبارەت بەو دنیایەی لە شانۆدا ڕەنگ دەداتەوە: سارا کەین چوار دەقی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، هەروەها ڕەشنووسی دەقێکی تەواونەکراو و سیناریۆی کورتەفیلمێکیش بە ناوی (پێست)ەوە، بەم چەند بەرهەمە کەمەیش ناوی خۆی لە مێژووی شانۆی جیهانیدا تۆمار دەکات، ئەم نووسەرە گەنجە ڕەچەشکێن بووە و هەر لە سەرەتاوە بە توندی ڕەخنەی لە دراما و شانۆی ئینگلیزی گرتووە، هەستی کرد شانۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست داوە، لەپێش هەموو کەسێکیشەوە دەبێت شانۆنامەنووسەکان بەها و ڕۆڵی شانۆ بگەڕێننەوە و وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری، سەرەتا لە خودی مرۆڤ و دواتریش لە ستراکتۆری کۆمەڵدا، بەکاری بهێنن،  سارا کەین بەو ئاڕاستەیەدا کاری دەکرد، کە دەقەکانی کاریگەریی زۆریان بەسەر خۆیەوە هەبێت، چونکە بە گەیشتنە ئەو ئامانجە، لەوانەیە بە هەمان شێوە کاریگەریی بەسەر خەڵکی تریشەوە هەبێت.

 دانا ڕەئوف، نووسەر و شانۆکار و دراماتۆرگ

لە دایک بووی ساڵی 1962 لە سلێمانی، لە بەغدا هونەری شانۆی تەواو کردووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە کوردستان، یەکەم پەڕتووکی لە ساڵی 1982دا بەناوی (شانۆی توندوتیژی لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا) بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی 1992 و لە ستۆکهۆڵم دەژی. لە سویدیش خوێندنی شانۆیی پراکتیکی و شانۆی پێداگۆگی خوێندووە. لە ستۆکهۆڵم تیپی شانۆی تایبەت بە خۆی (شانۆی پریشکی نێونەتەوەیی) هەبووە و وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بە سویدی و لەگەڵ شانۆکاری سویدی کاری کردووە. بۆ ماوەی شەش ساڵ لە شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم و دوو ساڵ لە شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە. بۆ چەندین جار ئەندامی دادوەری دەقی شانۆیی بووە، کە لە سوید لە شانۆی پادشایەتی و شانۆی دەوڵەت ڕێکخراوە. لە دوو پەڕتووکدا، یەکێکیان بە ئینگلیزی و ئەوی تریان بە سویدی لەلایەن پسپۆرانی زانستەکانی شانۆوە، لێکۆڵینەوە لەسەر کار و چالاکییەکانی سویدی کراوە. تا ئێستا 48 پەڕتووکی لە بواری شانۆدا چاپ کردووە، چەندان دەقی شانۆیی و لێکۆڵینەوەی لە زمانی سویدییەوە کردووە بە کوردی، هاوکات سێ پەڕتووکیشی بە سویدی بڵاو کردۆتەوە. یەکێک لە پەڕتووکە سویدییەکانی (ڕەوش و داهێنان) لە زانکۆی ستۆکهۆلم و زۆربەی پەیمانگاکانی هونەری شانۆ، وەک مەنهەجی خوێندن بەکارهێنراوە، شایەنی باسە، ئەم پەڕتووکە خاتوو (کارین هیلاندەر) پڕۆفیسۆر لە زانستەکانی شانۆ لە زانکۆی ستۆکهۆڵم پێشەکی بۆ نووسیوە.

لە پەیمانگای هونەری نواندن لە ستۆکهۆڵم وانەی گوتۆتەوە، هاوکات مامۆستای شانۆیە، هەروەها چەندان سیمیناری لە سوید و لە کوردستان سەبارەت بە شانۆ، بە سویدی و بە کوردی پێشکەش کردووە. بەشداری چەندان کۆڕ و سیمیناری لە سوید، دانیمارک و ئینگلتەرا کردووە. جگە لە نووسین و وەرگێڕان و پەڕتووکە تیۆرییەکانی زیاتر لە بیست دەقی شانۆیی نووسیوە.

دانا ڕەئووف سەرپەرشتی بڵاوکراوە شانۆییەکانی کوردستانی کردووە، بۆ نموونە زنجیرەی دەقی شانۆیی بیانی لە دەزگای ئاراس، گۆڤاری شانۆ لە تیپی شانۆی سالار، هەروەها ئێستاش سەرپەرشتی دەکردنی گۆڤاری (تاڤ) دەکات، کە تایبەتە بە شانۆ  لە سلێمانی، لەلایەن گرووپی تاڤەوە دەردەچێت.

خستنەڕووی کتێبی “منداڵێک بەدەم کۆلارەوە”

خوێندنەوەی: سەردەم

شارەزابوون لە ڕێگەی ئەدەبەوە بۆ وڵاتێک کە هەمووان هەستێکی ناخۆش و توندوتیژانەمان لێی هەیە، کارێکی جیاواز دەبێت، بەو مانایەی ئەو وڵاتە چیدی بەرجەستەکەرەوەی ئەو وڵاتە و کەسەکانی نییە لەسەر شاشە و لە نووسراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا دەیبینین و دەیخوێنینەوە، بەڵام وێنەیەکی ترە کە هەوڵ دەدات لە دەرەوەی ئەو چاوانە چەند گۆشە و شوێنانێکمان پێشان بدەن کە ئەوانی تر توانای بیبینیان نییە، بێگومان ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی لە زەین و یادەوەریی ئێمەدا هاوتای توندوتیژی و وڵاتی تیرۆر و تۆقاندنە، بەڵام هەر بەڕاست ئەمە وایە؟ ئایا لەو وڵاتەدا چاوانێک نین کە شوێنگەلێک بە ئێمە پێشان بدەن وا بکەین ئەفغانستان ڕوونتر و جیاوازتر لەو وێنەیەی بۆی کێشراوە و پێی ناسراوە، ببینینەوە؟ بێگومان ئەو وڵاتە خاوەنی شارستانییەتێکی دێرینە و لەو ڕووەوە یەکێکە لە نەتەوە کولتوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەنی ئەدەبێکی دەوڵەمەندی کلاسیکی و هاوکات مۆدێرنیشە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو دەنگانەی نوێنەری ئەو شارستانییەتە دەوڵەمەندەن لە سەرجەم کایە و ژانرە ئەدەبی و هونەرییەکاندا، چاوێکی وردبینانەی دەوێت، ئەویش بەوەی کە لەناو ئەو ژاوەژاوی تۆقان و تیرۆر و کارەساتانەدا بگەڕێت و بگەڕێیت و تا بدۆزیتەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی توانیت ئەو دەنگە ڕەسەنانەکانی ئەو شارستانییەتە بدۆزیتەوە، لەوەش بێگومان دەبیت کە دەکەوت بەسەر وێنەگەلێکی تەواو جیاوازدا، کە هیچ پەیوەندییەکی بەو وێنە ترسناک و تۆقێنەرەوە نییە وا لای هەمووان بەرسازە و ئاشکرایە.

خالید حوسەینی نووسەرێکی تازەکار و مۆدێرنی ئەو وڵاتەیە، ئەم نووسەرە لە ڕێگەی هەوڵە ئەدەبییەکانییەوە، کە ڕۆمانن، توانیویەتی وێنەیەکی تر بە ئەفغانستان و خەڵکانی ئەو وڵاتە بدات، بێگومان ئەم نووسەرە بە ئاگاییەکی تەواوە دەستی بۆ کێشانەوەی ئەو وێنەیە بردووە، هەوڵی داوە لە ڕێگەی خەیاڵێکی ورد و چنراوەوە بمانباتە ئەو وڵاتە و لەوێوە دەستمان بگرێت و چەندان دیمەن و ڕووداومان بۆ بکێشێت کە نامۆن بە دیدی ئێمە و وا دەکەن لە پاشان خوێندنەوەی تێکستەکانی ئەم نووسەرەوە، دنیابینیمان سەبارەت بە ئەفغانستان ئاوەژوو بێتەوە و جۆرێکی تر بیر لەوێ و لەو خەڵکە و کولتوورەکەیان بکەینەوە، پێت دەڵێت، بە زمانێکی گوڵئاسا نە گوللە، ئەم دیوە جیاوازانەش لەم وڵاتەدا هەن، ئەم جوانینانەشی هەیە، ڕاستە دیمەنێکی گەورە و ترسناک لە ئێمەوە بە ئێوە پێشان دراوە، بەڵام فریوی شاشە و ئەمریکا و ئەو ڕۆژنامەنووسانە مەخۆن کە بێڕەحمانە بەر بوونەتە جەستەی ئەم وڵاتە و هەلاهەلایان کردووە، ئێمە زۆر جوانی ترمان هەیە بووە بە قوربانی، بووە بەژێر پێی شەڕ و خوێن و تەقینەوە و ڕۆحی شەیتان و شەڕەنگێزییەوە، جۆرێکی تر ببینین و تەماشا بکەن، لەم وڵاتەدا کە ئێستا بووە بە گۆڕەپانی خوێن و لەبەری دەڕوات، ڕۆژانێک شیعر و داستانمان هەبووە، دنیایەک پەیکەر، تابلۆ و موزیک و دەنگبێژمان هەبووە، ئەو کاتە هێشتا ئایین بەم توندوتیژییەی ئەمڕۆیەوە نەگەیشتبووە وڵاتەکەمان، ئێمە سەرگەرمی خولقاندنی جوانی بووین، دۆستایەتیمان لەگەڵ ئەدەب و هونەردا دەکرد، لە هەر کوچە و کۆڵانێکی ئەم وڵاتەدا تووشت بە تووشی سەدان غەزەل و حەکایەتی ئەڤیندارییەوە دەبوو، کە لە بەردەمت سەوز سەوز هەڵدەچوون و بۆنی تازەیی و بێگەردییان بە ڕوودا دەپژانیت. خالید حوسەینی لە خولێک و زەمەنێکی تردا دێت، سەر بە هەمان کولتووری دێرینە، بەڵام بە هەناسەی ئەمڕۆ، کارەکەی ئەم زەحمەتترە، چونکە سەردەمەکەی دژوارە، جاران جوانی بەرقەرار بوو، بەڵام ئێستا زمانی ترس و خوێن و یەکترسڕینەوە دەنگی دلێر و زاڵە، دۆزینەوەی جوانی و دوان لە دنیای جوانی، لە سەردەمی خالید حوسەینیدا کاری نزیکە مەحاڵە، بەڵام مەحاڵ نییە، خالید شەڕی ئەو مەحاڵەی کردووە، تێکستەکانی شایەتحاڵن.

خالید حوسینی کێیە؟

خالید حوسەینی، ٤ی ئازاری ١٩٦٥ لە کابوول لەدایک بووە. ڕۆماننووسی ئەمریکایی لەدایکبووی ئەفغانستانە و بە وێناکردنی زیندووی ئەفغانستان ناسراوە. دیارترین ڕۆمانی “کۆلارەفڕێن”ە، کە ساڵی ٢٠٠٣ نووسیویەتی.

حوسەینی لە کابوول گەورە بووە. باوکی دبلۆماتکار و دایکیشی مامۆستای ئامادەیی بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ دایک و باوکیدا ڕوویان لە پاریس کرد، باوکی لە باڵوێزخانەی ئەفغانستان کاری دەکرد. لەگەڵ هێرشی یەکێتیی سۆڤیەت ساڵی ١٩٧٩ بۆ سەر ئەفغانستان، گەڕانەوەیان بۆ ماڵی خۆیان بە مەحاڵ زانی، هەر بۆیە ڕوویان کردە کالیفۆرنیا، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە مافی پەنابەریی سیاسییان پێ درا. خالید لە زانکۆی سانتا کلارادا بایۆلۆجیی خوێندووە، ساڵی ١٩٨٩ دەستی بە خوێندنی پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیای سان دیێگۆ کردووە. ساڵی ١٩٩٦ وەک پزیشک کاری کردووە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی.

حوسەینی ساڵی ٢٠٠١ ڕۆمانی “کۆلارەفڕێن”ی نووسی، هەموو سەعات چواری بەیانییەک، پێش ئەوەی بەرەو نەخۆشخانە بڕوات، دەستی کردووە بە نووسین. گێڕەرەوەی ڕۆمانەکە کارەکتەرێکە بە ناوی ئەمیر، نووسەرێکە لە ئێستادا لە کالیفۆرنیا دەژی، بەڵام لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە کابوول گەورە بووە، کوڕی خێزانێکی دەوڵەمەندە. چیرۆکەکە لەسەر ئەمیر و هاوڕێیەکی منداڵییەتی بە ناوی حەسەنی کوڕی خزمەتکارێکی خێزانەکەی، کە دواتر خێزانەکە هەڵدەوەشێتەوە. ڕۆمانی “کۆلارەفڕێن” لە لایەن خوێنەرانێکی زۆرەوە ستایش کرا، بەڵام لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بە هۆی ئەو توخمانەی بە میلۆدرامیک دانرا، ڕەت کرایەوە. سەرەڕای ئەوەش زۆری خایاند تا ڕۆمانەکە لە ڕێی ستایشی زارەکییەوە ناوبانگی پەیدا کرد و لە وڵاتاندا بڵاو کرایەوە، دواتریش ساڵی ٢٠٠٧ کرایە فیلم. بە هۆی ئەو سەرکەوتنەوە حوسەینی ساڵی ٢٠٠٤ بە تەواوی خۆی بۆ بواری نووسینی ڕۆمان تەرخان کرد.

دووەم ڕۆمانی خالید حوسەینی “هەزار خۆری درەوەشاوە”یە، ساڵی ٢٠٠٧ نووسراوە، ئیلهامی ئەم ڕۆمانە لەو ژنانەوە هاتووە کە بورقیان لەبەردابوو، ئەمەش دوای ئەوەی حوسەینی سەردانی ئەفغانستان دەکاتەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکات. ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی دوو کارەکتەری وەک “مریەم و لەیلا”وە، کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەفغانستان باس دەکات.

ساڵی ٢٠١٣ خالید حوسەینی ڕۆمانێکی تری بە ناوی “شاخەکان دەنگیان دایەوە” دەنووسێت، باس لە خوشک و برایەک دەکات کە لە یەکتر جیابوونەتەوە. ڕۆمانەکە باس لە دەیەکانی دوای جیابوونەوەی ئەم خوشک و برایە دەکات ساڵانی ١٩٥٠.

دوایین کورتەڕۆمانی حوسەینی ساڵی ٢٠١٨، ڕۆمانێکە بە ناوی “نوێژی دەریا”. ڕۆماننووس سوودی لە مردنی پەنابەرێکی کوردی سووری وەرگرتووە کە تەمەنی سێ ساڵە، ساڵی ٢٠١٥ بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاوە.

***

ئەوەی شیاوی ئاماژە بۆ کردنە، تێکڕای کتێبەکانی خالید حوسەینی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، ئەویش لە لایەن هەریەک لەم وەرگێڕانەوە: ئازاد بەرزنجی، حەکیم کاکەوەیس، ئارام سۆفی و چەند وەرگێڕی تر، چەند دانە لەم کارانەی چەند جار و لە لایەن وەرگێڕی جیاواز و لە زمانی جیاوازەوە کراون بە کوردی، بۆ وێنە “کۆلارەباز” تا ئێستا سێ جار لە لایەن سێ وەرگێڕی جیاوازەوە کراوە بە کوردی.

دنیای نێو ڕۆمانەکانی خالید حوسەینی دنیایەکی تایبەتە، ڕەنگە یەکێک لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی نووسینی ڕۆمان لای ئەو لەوێوە سەرچاوە بگرێت کە توانایەکی بێئەندازە چاکی هەیە لە خولقاندنی کەشدا، دەتوانێت لە ڕێی سازکردنی دیمەن و ڕووداوەکانەوە خوێنەر بباتە تووناوتوونی مێژوو و باری نائاسایی وڵاتەکەیەوە، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی وای کردووە خوێنەران لە تەواوی دنیادا بتوانن پەیوەندی بێ پرد لەگەڵ ئەو دنیاکەیدا پێک بهێنن کە خالید حوسەینی سەرقاڵە بە دروستکردنیەوە. هەر ئەم هۆکارەشە کە وای کردووە ئێمە بتوانین ڕوونتر لایەنە جیاوازەکانی ئەفغانستان ببینین و چیدی باوەڕ بەو وێنە هەمیشە بەرساز و ئامادەکراوەی سەر شاشە نەهێنین. ڕۆمانەکانی خالید حوسەینی نموونەی ڕۆمانگەلێکن کە شەڕی جوانی دەکەن لە ناوجەرگەی شەڕ و ناشیریندا، زمانی خالید حوسەینی نەرم و هێورە، خوێنەر پەلکێش دەکات و لە دیمەنە درامییەکاندا، بە بزەی دەهێنێت و زۆر جارانیش فرمێسکی پێ دەڕێژێت.

“منداڵێک بەدەم کۆلارەوە” کتێبێکی ١٥٠ لاپەڕەیی قەبارە مامناوەندە، ژانری کتیبەکە گفتوگۆیە و کۆکراوەی چەندان دیدارە لەگەڵ خالید حوسەینیدا. ئەم کتێبە دەتوانێت یاریدەی هەموو ئەو کەسانە بێت کە تامەرزۆی دنیای خوێندنەوەن، بە تایبەت ئەهلی ئەدەبیات و بە دیاریکراویش ڕۆمان. خالید حەسەینی لەم گفتوگۆیانەدا زر بە ڕوونی ـ چەشنی ڕۆمانەکانی ـ بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی نووسین، ڕۆمان، سیاسەت، دۆخی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دەخاتەڕوو. بەردەوامیش ئەوە بیری پرسیارساز دەهێنێتەوە کە ئەو لە پێگەی نووسەرێکەوە ـ ڕۆماننووسێکەوە ـ بۆچوونەکانی دەڵێت و هەر ئەوەندەش دەتوانێت بەرپرسیارێتی وەڵامەکان هەڵبگرێت. لەو نووسینەدا کە بووە بە پێشەکیی کتێبەکە و لەژێر ناوی “نووسین لای خالید حوسەینی ململانێیە”، مایکل کیرشێل دەنووسێت: “خالید حوسەینی پێی وایە ئاگای لەوەیە ڕۆمانەکانی ڕەنگە ڕێگەیەکی سەرەکی بن کە زۆرێک لە ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان تێی گەیشتوون. حوسەینی لە شوێنێکدا دەڵێت: من مێژوونووس و کۆمەڵناس نیم. مەبەست لەوەیە کە کتێبەکانی بۆ ئەوە بن وەک مانیفێستی ڕاستەقینەی ژیانی خەڵکی ئەفغانستان تەماشا بکرێت، بەڵام لەم ڕۆڵەدا وەک حوسەینی پێی وایە، یەکەم پەیام لەبارەی ئەفغانستانەوە هەبێت، خۆزگە ئەمریکییەکان بیبینن، ئەویش ئەوەیە زۆر شت لە کۆڵانەکانی ئەفغانستاندا ڕوو دەدەن و جیهان ئاگادار نییە.

ڕۆمانەکانی حوسەینی قسە لەسەر ئەو جۆرە شتە گشتگیرانە دەکەن کە هەموو مرۆڤەکان پێکەوە دەبەستنەوە، ئەمەش بێ گوێدانە کولتوور، ڕەگەز و ئایین. بەڕاستی چیرۆکەکان لەبارەی خێزانەوە، چیرۆکەکان سەبارەت بە چاوەڕوانییەکی گونجاو بۆ بەختەوەری لە ژیاندا، هەبوونی چاوەڕوانی کە ژیان دەتوانێت پێشبینی بکات، دەتوانێت سەقفێک لەسەر سەرت هەبێت و بە سەلامەتی بژیت. ئەمەش شتگەلێکی تەواو تایبەتن.

بۆیە حوسەینی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کاتێک خەڵک پێی دەڵێن کتێبەکانی یارمەتیان داوە لەسەر ئەو ئاستە مرۆییە پەیوەندیی بە ئەفغانستانەوە بکەن، ئەوا سەرکەوتوو بووە.

ڕۆمان بەر لە هەر شت پەیامە، پەیامێکی تەواو مرۆڤایەتی. ئیشی ڕۆماننووسە تاریکیی کۆڵانەکانی وڵاتی خۆی لە ڕێگەی ڕۆمانەوە باس بکات، بەو پێیەی ڕۆماننووسی باش هەرگیز ستایشی وڵاتەکەی ناکات، بەڵکو برینەکانی باس دەکات. خالید حوسەینی لەو جۆرە ڕۆماننووسەیە.”

منداڵی خالید حوسەینی لە کابوول، منداڵییەکی ناوازە بووە، سەرەتایەک بووە بۆ ئەوەی کە جۆرێکی تر تەماشای دەوروبەرەکەی بکات، لەو ژینگەیەی کە ژیاوە، کەسانێکی سەیر هەبوون، کە هەریەکەو بە ڕێژەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر زەین و یادگەی بەجێ هێشتووە. سەبارەت بەو قۆناغە، خۆی دەڵێت: “من لە کابوول لەدایک بووم، هەر لەو شارەش گەورە بووم. ئێمە لەگەڵ هاوسێیەکماندا دەژیاین بە ناوی وەزیر ئەکبەرخان، کە یەکێک بوو لە هاوسێکانمان لەناو هاوسێگەلی زۆردا. باوکم کەسێکی دبلۆماتکار بوو. لە وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە کابوول کاری دەکرد. دایکیشم لە قوتابخانەی ئامادەیی کچان زمانی فارسی و مێژووی دەگوتەوە. لەبەر ئەوە من لەو شارەدا گەورە بووم. تا تەمەنی پێنج شەش ساڵان من هەر لەو شارەدا دەژیام، بۆ ماوەی دوو ساڵیش لە تاران ژیام. ئەمەش دوای ئەوەی باوکم وەک دیبلۆماتکارێک بۆ تاران گوازرایەوە. دواتر گەڕاینەوە بۆ کابوول و دوای جێهێشتنی کۆمۆنیستەکان، ئێمەیش ئەو شارەمان بەجێ هێشت، واتە دوو ساڵ دوای ئینقلابی کۆمۆنیستەکان ساڵی ١٩٧٦.”

خودی ئەو ژیانەی خالید حوسەینی لەم کتێبەدا باسی دەکات، شێوە ڕۆمانێکە. ئاسایی نییە، پڕە لە هەڵبەز و دابەز، توند و زبر و شۆکهێن، بە جۆرێک کە هەر دەڵێی ماددەی ڕۆمانێکە تەنیا ئەوەیە دابنیشیت و بینووسیتەوە. بێگومان خالید حوسەینی وەک نووسەرێک زۆر سوودی لەو ژیان و ژینگەیە وەر گرتووە، ئەمەش لەو تێکستانەی نووسیونی بە ڕوونی دەیان بینینەوە. نووسەر ڕاستگۆ بووە لەگەڵ خۆی و وڵات و زەمەنەکەیدا، هەر بۆیە ئەوەی بە ئێمەش دەکات ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستگۆییەیە و لەسەر دڵ دەنیشێت.

یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی هەر ڕۆماننووسێکی جددی، کاری کنە و پشکنینە، بە واتایەکی تر، کاری مەیدانییە، سەفەرکردنە بۆ شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی، گوێگرتنە لەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەکەونە ڕووبەری تێکستەکەیەوە، خالید حوسەینی لەم ڕووەوە سەرڕاستانە هەوڵی داوە و کۆشاوە کە لە ڕێی بینین و بەرکەوتنی بە واقیعی وڵاتەکەوە، بچێتە قووڵایی ئەو پانتاییەوە کە بڕیارە بیگێڕێتەوە و بیخاتە چوارچێوەیەکی هونەری وەک ڕۆمانەوە.

پڕۆسەی نووسین و بیرکردنەوە لە نووسین، پانتاییەکی گەورەی ئەم گفتوگۆیانەیە، لە جێیەکدا کە لێی دەپرسرێت چ ئامۆژگارییەکی بۆ نووسەرانی گەنج هەیە، خالید حوسەینی لە وەڵامدا دەڵێت: “زۆر کەسم ناسیوە دەڵێن کتێبیان هەیە، بەڵام وەک ئەوە وایە وشەیەکیان نەنووسیبێت. بۆ ئەوەی نووسەرێکی باش بیت، دەبێت بەردەوام بنووسیت. دەبێت هەموو ڕۆژێک بنووسیت. هەروەها دەبێت زۆر بخوێنیتەوە. ئەو جۆرە کتێبانە بخوێنەرەوە کە دەتەوێت ببیتە ڕۆماننووس، تۆ دەبێت بەردەوام ڕۆمان بخوێنتەوە. لەگەڵیدا لە خەڵکی سادەوە شت فێر بە. من وەک خۆم لە هەموو کەسێکەوە فێر دەبم. هەرگیز ناڵێم ڕاستەوخۆ کاریگەریی نووسەرێکی دیاریکراوم لەسەر بووە، بەڵام هەست دەکەم شتێکم لە هەموو نووسەرێکەوە وەرگرتووە و لە هەر نووسەرێکەوە شتێک فێر بووم. من بە شێوەیەکی جیاواز دەخوێنمەوە. دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی گرنگی بە دەنگی تر بدەم. تەواو گرنگی بە چۆنێتیی نووسینی دیالۆگ دەدەم. من گرنگی بەو شێوازە دەدەم کە چۆن ناکۆکی تەواو چارەسەر دەکرێت. چۆن شێواز و پێکهاتەکان دروست دەکرێن. ڕیتمی چیرۆکێک هەندێ جار بە چاوی ڕەخنەگرانەوە، زۆر جاریش بە چاوی سەرسامییەوە لەگەڵ نووسەرانی گەورەدا شەنوکەو دەکەم. بۆیە قسەم بۆ گەنجەکان ئەوەیە لە نووسین بەردەوام بن و ڕەنگە باشترین ئامۆژگاری کە بتوانم بیکەم ئەوە بێت تۆی نووسەر پێویستە خۆت بیت. ئەو خولەکەی بۆ بینەرێکی دەرەکی دەست دەکەیت بە نووسین، ئەوە یەکسەر کۆی تەواوی پرۆسەی داهێنەرانەت لێ پیس دەکات. من هەردوو ڕۆمانەکەی سەرەتام، چیرۆکەکەم بۆ کەس نا، بەڵکو بۆ خۆم گێڕاوەتەوە. بەڕاستی ویستم بزانم ئەمیر چی بەسەر دێت دوای ئەوەی خیانەت لە هاوڕێەکی دەکات؟ بۆچی دەچێتە ئەفغانستان؟ لەوێ دەتوانێت چی بدۆزێتەوە؟ من بۆ خۆم ویستم ئەوە بزانم پەیوەندی نێوان ئەو دوو ژنە “مریەم و لەیلا” چۆن گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟ بەڕاستی نووسەر دەبێت بۆ خۆی بگێڕێتەوە، پاشان کاتێک تەواو بوویت هیوا بخوازە کەسانی تر چێژ لە چیرۆکەکانت وەر بگرن. گرنگە تەنیا لە کاتی نووسیندا دەرگا لەسەر کەسانی تر دابخەیت و دۆخێکی تاکەکەسی بۆ خۆت دروست بکەیت.”

ئەم کتێبە دەرفەتێکی تایبەتە بۆ خوێنەرانی خالید حوسەینی، تاکو ئاشنای بیرکردنەوەی ئەم نووسەرە بن، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی تایبەتی و گشتی خالید، یاریدەیەکی خۆش و لەبەردڵانە بۆ خوێنەرانی، بەوەی کە دەتوانن شوێنپێ و شوێندەستی کەسێتیی خۆی لە ڕۆمانەکانیدا هەڵبگرنەوە و تێبگەن کە چۆن بینای ئەو تێکستانە هەڵچنراوە. وەرگێڕی ئەم کتێبە عەزیز ڕەئووفە، کە لە زمانی ئینگلیزییەوە کتیبەکەی کردووە بە کوردی و بە زمانێکی بێ گرێوگۆڵ خستوویەتییە بەردەستی خوێنەر، سوپاس بۆ عەزیز ڕەئووف و دەزگای سەردەم کە هەلی خوێندنەوەی ئەم کتێبەیان بۆ ڕەخساندین.

خوێندنەوەی سەڵاح حەسەن پاڵەوان

هەرچەندە من زۆر شەیداو پەرۆشی خوێندنەوەی ڕۆمان نیم، بەڵام هەندێ جار بۆ دوورکەوتنەوە لە بابەتە فیکری و لێکۆڵینەوە سەختەکان، ڕوو دەکەمە هەندێ لە شاکارە مەزنەکانی دنیای ڕۆمان، ئەو ڕۆمانانەی کە هەرگیز کۆن نابن و خوێندنەوەیان پێویستە، ئەمجارەیان سەرقاڵی خوێندنەوەی مامۆستا و مارگەریتا ی میخاییڵ بوڵگاکەف بووم.

مامۆستا و مارگەریتا ڕۆمانێکی تایبەت و ئاڵۆز و بەرهەمی ڕۆماننووسی مەزنی ڕووسی میخاییڵ بوڵگاکەفە ، ئەو نووسەرەی خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازە و شانۆی سەرسوڕهێنەر بوو، وەک ڕۆمانی ( دڵی سەگ) و ( ڕۆژانی بنەماڵەی تۆربینەکان)، گوایە خودی ستالین خۆی زیاتر لە ١٥ جار ئامادەی نمایشەکانی ئەم شانۆیە بووە.

ئەم ڕۆمانە لە ماوەی دوازدەساڵدا نووسەر نووسیویەتی و ٢٦ ساڵ پاش مەرگی خۆی بڵاوبوەتەوە واتە ساڵی ١٩٦٦. بەسەرهاتی ئەم ڕۆمانە لە ساڵەکانی سی سەدەی ڕابردوودا ڕوودەدات، هەندێک ئەم ڕۆمانە بەسەرەتای واقیعی خەیاڵی لە قەڵەم دەدەن، هەندێکیش باس لەوە دەکەن ئەمە هەوڵێک بووە بۆ دەربازبوونی نووسەر لە سانسۆری دەزگاکانی یەکێتی سۆڤیەتی ئەو سەردەەمە. دەستنووسی ئەم ڕۆمانەی لە سییەکاندا سوتاند، بەڵام پاش ساڵێک دەستی بە نووسینەوەی کرد، هەروەک خۆی لەسەر زاری ڤولاند دەڵێت ” دەستنووسەکان ناسوتێن”.

دەکرێ بڵێین ئەم ڕۆمانە سێ چیرۆکە لە نێو یەک ڕۆماندا، باس لە پەرتەوازەبوونی ڕۆح و لەدەستدانی عەقڵی مرۆڤی ئەو سەردەمە بەدەست ڕووداوەکانەوە دەکات، لە لایەکی تریشەوە هەوڵە بۆ تێکشکانی ئەو تابۆیانەی لەو سەردەمەدا هەبوون. دوو چیرۆکی تێکەڵ، خۆشەویستی نێوان مامۆستا و مارگەریتا و دووەمیش هاتنی شەیتانە بۆ مۆسکۆ.. دواجار مارگریت ڕۆحی خۆی بە ڤۆلاند ( شەیتان) دەفڕۆشێت تا مامۆستا ڕزگار بکات.

مامۆستا و مارگاریتا ڕۆمانێکی ئاڵۆز و فرەلایەنە. بەسەرهاتی ئەم ڕۆمانە لە شاری مۆسکۆ دەست پێدەکات، بەپێی ڕوواوەکان، لەلایەن ڤۆلاند و هاوڕێکانیەوە دەبێتە شوێنێکی ئاڵۆز و سیحرئامێز و نائارام، شەیتان و یاریدەدەرەکانی کوشتن ئەنجام دەدەن، ئاگر دەنێنەوە، جادووی ڕەش دەکەن، مرۆڤ دەڕفێنن. ئەم ڕۆمانە لە بنەڕەتەوە بۆ دوو بەش دابەش دەبێت، بەشی یەکەمی ڕووداوەکانی لە مۆسکۆ ڕوودەدات، لە ساڵەکانی سی، لەوکاتەدا کەسێک بەناوی ڤۆلاند کە بە بیانیش ناسراوە، سەردانی مۆسکۆ دەکات، ئەم کەسە لە دواییدا دەردەکەوێ کە شەیتانێکە و لە بەرگی مرۆڤدا خۆی شاردۆتەوە، لەوێدا سەردانی دوو نووسەر دەکات، ئەو دوو نووسەرەش بریتین لە ( میخائیل ئەلیکساندرۆڤیچ ئیڤان و بیرلیۆز نیکۆلایڤیچ بۆنیۆریڤ) ئەم دووانە وتووێژ لەسەر شیعرێکی ئیڤان دەکەن، لەو شیعرەدا ئیڤان باس لە مەسیح دەکات، بەوەی مەسیح کەسایەتییەکی ڕاستەقینەیە و بوونی هەبووە، ڤۆلاند خۆی لە وتووێژەکەیان هەڵدەقورتێنێت و ڕایدەگەیەنێت کە بەڵێ راستە مەسیح کەسایەتییەکی زیندوو و ڕاستەقینە بووە. بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە بسەڵمێنێت، ڤۆڵاند باسی ئەوەی بۆ دەکات کە ئەوکاتەی ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیلاتی بڕیاری لەخاچدانی مەسیحی دەرکردووە ئەو لەو شوێنەدا ئامادە بووە، هەر لەهەمان کاتدا هۆشیارییان دەداتێ کە سەری بیرلیۆز دەپەڕێ. پاشان بەسەرهاتی لەخاچدانی مەسیح بەسەرهاتێکی ترە کە ڤۆلاندا بۆ ئەو دوو پیاوەی دەگێڕێتەوە. پیلاتۆس بۆنتی پیاوێکی سیاسیییە لە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی کە ئەو کاتە لە ئۆرشەلیم حوکم دەکات ، پیاوێک بە ناوی ( یەشوا هانوتسری) دەباتە بەردەم پیلاتۆس و بەوە تۆمەتباری دەکات کە هۆکاری ئاژاوەگێڕی و شێواندنی بارودۆخی گشتییە و بۆ لەناودانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی کودەتا دەگێڕێت، سەرباری ئەو تۆمەتانەش پیلاتۆس بەلایەوە گرنگە ئەو وانە و زانیارییانەی کە یەشوا بڵاویدەکاتەوە تێیبگات، لە ناخیشەوە ڕێزی هەیە بۆی و وانەکانی گرنگییان بۆ مرۆڤایەتی تێدایە، کە ئەمەش بۆ بیلاتۆس گرنگ بوو. هەرچەندە حەز ناکات لەخاچی بدات، بەڵام دەبێ بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی شار ئەوە بکات.. لە مۆسکۆ بیرلیۆز دەکەوێتە ژێر ترامەوە و سەری دەپەڕێت، کە گوایە هەندێ ژن ڕۆنیان بەسەر شەقامەکەدا ڕژاندوە و ئەو پێی پێدا خلیسکاوەو کەوتوەتە ژێر ترامەوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا پێشبینییەکەی ڤولاند بوو، کە ئەمەش زیاتر دوو نووسەرەکە شۆک دەکات و ترس دەخاتە ناخیانەوە..

ئیڤان لەژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەدا دۆشداما و شپرزە نازانێ چی بکات، چون ئەوەی ڤولاند وتبووی هاتوەوەتە دی و بیرلیۆز سەری پەڕیوە. ڤۆلاند هەر خۆی نییە، چەند یاردەدەرێکی سەیریشی هەیە، پشیلەیەکی ڕەش و کرۆیۆڤ و ئەزازیلۆ و خوێنمژێک بەناوی هێلا.. ئیڤان دوای ئەمانە دەکەوێت تا بزانێت پیلانەکانیان چییە و چۆن سەری بیرلیۆزیان بە پەڕین دا، چۆن ئەم پێشبینییەی ڤولاند هاتووەتە دی، خۆ ئەو تەنیا مرۆڤێکی ئاسایی بوو، هیچی لەوان کەمتر نییە. ئیڤان فریای ئەوان ناکەوێت، پاش ماوەیەکی زۆر گەڕان خۆی لە شوێنی تایبەت بە کۆبوونەوەی نووسەران ماسولێت دەبینێتەوە. ئیڤان هەوڵدەدات ئەوەی ڕووداوە بۆ هاوڕێ نووسەرەکانی خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام شێوازی گێڕانەوە و کاریگەری ئەو ڕووداوە وای لێدەکات ئاکاری بشێوێ، بەکراسی خەوەوە لە مۆسکۆ پیاسە بکات و لە چەند کەسێک دەدات و شپرزەیی و داماوییەکەی وای لێ دەکات دواجار لە نەخۆشخانەی دەروونی خۆی ببینێتەوە ، ڤۆلاند دەست بەسەر ئەپارتمانتی ستیوپا دەگرێت و ئەو بۆ یاڵتا دەنێرێت، بەناوی ئەوەشەوە تیلیگرام و نامە بۆ هاوڕێکانی دەنێرێت. هاوڕێکانی لە شانۆگەری سەریان لەم سەفەرەی ستیوپا سوڕدەمێنێت، ڤۆلاند خۆی بۆ بەشداریکردن لە شانۆیەکی مۆسکۆ داوەت دەکات و لەسەر شانۆکە جادووی ڕەش پێشکەش دەکات، لەو نمایشەدا سەری یەکێ لە ئەکتەرەکان دەپەڕێنێت و پاشان دەیخاتەوە شوێنی خۆی و پارە و دیاری گرانبەها بەسەر ئامادەبواندا دابەش دەکات.. لە نەخۆشخانە ئیڤان چاوی بە نەخۆشێک دەکەوێت ناوی مامۆستایە، ئەم بڕوا بە چیرۆکەکەی ئیڤان لەمەڕ ڤۆلاند دەکات، پاشان بەسەرهاتی خۆی بۆ ئیڤان دەگێڕێتەوە، کە چۆن ژنێکی خۆشویستووە ناوی مارگەریتا بووە. مامۆستا کتێبێک لەسەر پیلاتۆس بۆنتی دەنووسێت، بەڵام کەس ئامادە نابێت بۆی بڵاوبکاتەوە، مارگەریتا دەستخۆشی زۆری لێدەکات تا بەردەوام بێت لەنووسین، بەڵام کتێبەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی تووند دەبێتەوە، کە دواجار مامۆستا بڕیاردەدات دەستنووسەکەی بسوتێنێت، پاشان لەبەر کاریگەری ئەو ڕووداوە خۆی نەخۆشخانەی دەرووننەخۆشان هەڵدەبژێرێت و دەگاتە ئەو ئەنجامە ئەوێ باشترین شوێنی ژیانە. لە خەودا چیرۆکی پیلاتۆس لە ڕوانگەی قوتابییەک بە ناوی لیڤی ماتڤەیی دێتە خەونی ئیڤان، لە وێدا شایەتی بینینی لەخاچدانی مەسیح دەبێت. لە شوێنێکی تردا مارگەریتا خەمی مێردەکەی دەخوات و بە خوێندنەوەی پاشماوەی دەستنووسە سوتاوەکانی مێردەکەی دڵی خۆی دەداتەوە، لەپڕ خۆی لە تازیەباری بەرلیوس دەبینێتەوە، مارگەریتا چاوی بە ئەزازیلۆ دەکەوێت و پێشنیار دەکات کە بە ڤۆلاندی بناسێت و ڕەنگە ڤۆلاند بتوانێت دووبارە لەگەڵ هاوسەری مامۆستای بەیەکیان بگەیەنێتەوە. ئەزازیلۆ داوا لە ژنە دەکات، لەو شەوەدا بە کرێمێکی تایبەت دەموچاوی خۆی چەور بکات، ئەویش ئەوە دەکات، کرێمەکە بۆ سیحربازێکی دەگۆڕێت کە توانای ئەوەی پێدەبەخشێت بەسەر شاردا بفڕێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ ڤولانددا بکات، لە میانەی سەفەرەکەیدا ناتاشای خزمەتکار لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کە ئەمیش هێزێکی سیحری پێبەخشراوە ناتاشا سواری پشتی بەرازێکی زەبەلاح دەبێت، کە لەبنەڕەتدا ئەو بەرازە یەکێک لە دراوسێکانی مارگرێتا بووە، ڤۆلاند چاوی بە مارگەریتا دەکەوێت و داوای لێ دەکات لە شەوی پڕبوونی مانگدا ببێتە خزمەتکار، لیستی میوانەکانی ئەو داوەتە پڕن لە کەسانی شەڕەنگێز، لە کۆتایی ئاهەنگەکە مارگەریتا و ڤۆلاند شەرابێک دەخۆنەوە، ئەو شەرابە بریتییە لە خوێنێک لە سەری بەرلیۆسەوە وەرگیراوە.. کاتێ ڤۆلاند داوا لە مارگەریتا دەکات ، هیواو و تەمەنایەک بڵێت، داوای گەڕانەوەی مامۆستا دەکات، لەپڕ مامۆستا دەردەکەوێت، ڤۆلاند بە کتێبەکەی مامۆستا هەڵدەدات و ڕێگایان دەدات بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان بگەڕێنەوە، بەڵام ژیانێکی هەژارانە، پاشان مارگەریتا کتێبەکەی مامۆستا دەخوێنێتەوە. پیلاتۆس فرمانی کوشتنی یەهودا ئەسخەریوتی قوتابی دەردەکات ئەو کەسەی خیانەتی لە مەسیح کرد، پیلاتوس چاوی بە لیڤی دەکەوێت، توڕەیە لەبەرئەوەی خۆی بە دەستی خۆی یەهودای نەکوشت.
دەسەڵاتداران لە مۆسکۆ خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەو کوشتار و ئاژاوانەی لەوێدا ڕوویانداوە، ڤۆلاند ئەپارتمانەکەی سپیوتا بە تەواوی دەسوتێنێت، لێڤی ماتڤەییە کە ماوەیەکی زۆرە مردووە، سەردانی ڤۆلاند دەکات، نامەیەکی مەسیحی پێییە، داوای لێدەکات مامۆستا و مارگەریتا مەڕەخەس بکات تا بە ئاشتی بژین. بە پێچەوانەی ئەمەوە ڤۆلاند هەردووکیان ژەهرخوار دەکات و بۆ ژیانی ئەو دنیایان دەنێرێت. ئەم دوانە مامۆستا و مارگەریتا بەسەر ئاسمانی ڕووسیادا دەفڕن، چاویان بە پیلاتۆس دەکەوێت کە ماوەی دووهەزار ساڵە لە مانگ ڕاماوە، پیلاتۆس پێی ڕادەگەیەنێت کە مامۆستا و مارگەریتا دەتوانن لە کولبەیەکی بچووک لە ژیانی ئەودنیادا بۆ هەتاهەتایی بژیین. لە مۆسکۆ ئەوەی ڤۆلاند کردبووی هەر هەمووانی سەرسام و سەرقاڵ کردبوو، ئیڤان دەڵێت ئەوەی کە ڕوویدا تەنیا بریتی بووە لە خەونێکی موگناتیسکی و هەموانی خەواندووە، هەرجارێ مانگ پڕدەبێت ئیڤان خەم دایدەگرێت، خەو بە پیلاتۆسەوە دەبینێت، مارگریت و مامۆستای بەڕوودا دەردەکەوێت و پێی دەڵێن هەموو شتێک ئارام و باشە.
مارگاریتا لە گرووپە شەیتانییەکە ناترسێت، ڕێگە بە خۆی دەدات بۆ جادووگەر بگۆڕێت دەچێت و بەدوای خۆشەویستە ونبووەکەیدا دەگەڕێت کە مامۆستایە.
گەشتی شەیتان و سزاکان و هەوڵی ماگەریتا و سوتاندنی ڕۆمانەکەی مامۆستا ئەوەی سەبارەت بە پۆنتیۆس پیلاتۆس نووسیویەتی گرنگترین بەردی بونیادنانی ئەم ڕۆمانەن.
مامۆستا و مارگەریتا تەنها ڕەخنەیەک نییە لە کۆمەڵگەی سۆڤیەت لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٤٠، بەڵکو جۆرێکە لە چیرۆکی تریستان و ئایزۆڵدە. خۆشەویستی هەمووان داگیر دەکات. کتێبەکە خەیاڵی گەورەی داهێنەرانەی بولگاکۆڤ نیشان دەدات.

کارەکانی بەشێکە لە نەریتی تەنزێکی ڕووسی کە لە گۆگۆلەوە دەست پێدەکات و لەلایەن نووسەرانی وەک زۆشچێنکۆ و دووانەی نووسینی ئیلف و پترۆڤ و لەلایەن دانییل خارمسەوە درێژەی پێدراوە.

سەرچاوە:
مامۆستا و مارگەریتا، میخاییل بوڵگاکەف، وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەمەد، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ٢٠٢٢.
– باسکردنی ڕۆمانەکە لە ڕێگای چەند فلیمێکەوە..

– سەرچاوەی نێو دەزگای ئینگلیزی بڵاوکەرەوەی ڕۆمانەکە…

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (نامە ئەکادیمییەکان) ئەم کتێبە دیواری نێوان زانکۆ و دەرەوەی زانکۆی ڕووخاندووە، ئەو هەوڵە ئەکادیمیانەی  لە زانکۆکاندا دەدرێن و ناگەن بە دنیای دەرەوە، لەم کتێبەدا بەشێکی خراوەتە ڕوو و سنووری چوارچێوەی زانکۆیان بەزاندووە بۆ دنیای دەرەوە، بابەتی کتێبەکە ئەکادیمی- ئەدەب و زمانە، نووسەر و توێژەر (هەرێم عوسمان) نووسیویەتی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە، کتێبەکە هەوڵێکە بۆ خستەڕووی ئەو نامە ئەکادیمیانەی لە زانکۆ نووسراون  و دنیای دەرەوە بێ ئاگایە لێیان، کتێبەکە بە سروشتی خۆی کراوە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان تایبەتە بە شیعری کوردی و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شیعر، بەشەکەی دیکەیان قسە کردنە لەسەر ڕۆمانی کوردی، لە هەر دوو بەشەکەدا، نامە ئەکادیمییەکان بە شێوەیەکی ورد و ئەکادیمی ڕۆچوونەتە نێو قووڵایی بابەتەکانەوە، لە ئەدەبی کلاسیکەوە قسەیان هەیە تا دەگات بە نوێگەری و قۆناغی ئێستامان، دەتوانین بێ هیچ دوودڵییەک ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ ناوزەد بکەین، چونکە خودی کتێبەکە خۆی و بابەتەکانی، پشتئەستوورن بە چەندین سەرچاوەی گرنگ و بە شێوەیەکی ئەکادیمی نووسراون و ماستەریان لەسەر وەرگیراوە.

بابەت و ناونیشانەکانی نیو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردیدا، سروشت لە شیعری گۆراندا، هەڵوێست لە شیعری کوردیدا، بوون لە شیعری مەحویدا، لادان لە شیعری نوێخوازی کوردیدا، بنیاتی وێنەی هونەری لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، ڕۆمانی کوردی لە عێراقدا، کەسێتیی ئافرەت لە ڕۆمانی کوردیدا، بنیاتی گێڕانەوە لە داستانی (مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)ی بەختیار عەلیدا، ڕەنگدنەوەی بونیادگەرایی لە ڕۆمانی کوردیدا و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

هەر وەک نووسەری کتێبەکە (هەرێم عوسمان) لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئەکادیمیا و زانکۆکان بە داهێنانەکانیان شوناسی خۆیان بەدەست دەهێنن، بنەڕەتی داهێنانیش لەسەر ئازادی و سەربەستی بیرکردنەوە وەستاوە، ئازادیش لەنێو سیستم و دەزگا توندەکان ناگەشێتەوە: زۆرن ئەو فەیلەسووف و زانایانەی لە زانکۆکان هەڵاتوون و دەرچوون، زانکۆ بە دەزگا سیستماتیککراوەکان دەستی خستووەتە بینی ئازادی داهێنەرانەیان، ئەوانیش یاخی بوون و لێی دەرچوون.

بە بڕوای ئەم نووسەرە، دەسەڵاتی حیزبی، ئایدۆلۆجی، سەربەستی ئایینی، نەتەوەیی و نەریتی کۆمەڵ تا ئێستاش دەستیان خستووەتە بینی زانکۆکانی ڕۆژهەڵات و کوردستان، هەیمەنەی ئەم دەسەڵاتانە بە جۆرێک دابڕانی لە نێوان زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ دروست کردووە، زانکۆکان بە ئاوازێک دەخوێنن، دەنگیان ناگاتە دەرەوە:خوێندنەوەی نامە ئەکادیمییەکان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پرد لە نێوان زانکۆ و دەرەوەدا، بۆ ئەوەی خوێنەرانی دەرەوەی زانکۆ ئاگادار بن ئەم تێز و نامەی ماستەرانە نووسراون، بە گونجاوم زانی نامەکان وەک خستنەڕوو، نەک ڕاڤە کردن بخەمە ڕوو.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناونیشانی (بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردیدا یەکەم نامەی ئەکادیمی لە بواری ئەدەبدا) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بیرکردنەوە لە پڕۆژەی نووسین لە بارەی نامە ئەکادیمییەکانەوە چەندین هۆکاری هەیە، لە هەمووی گرنگتر هۆکاری ئەو دابڕانەیە لە نێوان ئەکادیمیا و واقیعی گشتی، ئەوەی لە دنیای دەرەوە و واقیع دەگوزەرێت یان نابێتە جێی پرسیار و بەدواداچوون بۆ ئەکادیمیا، یان بشبێت هیچمان پێ ناڵێت، یاخود گەر شتێکیشی بۆ گوتن پێبێت، دەرەوە ئامادە نییە گوێی لێ بگرێت، بە ڕوونیش دیارە کە دەنگەکە ناگاتە دەرەوە، ئەم دابڕانە لەنێو زانکۆکان خۆشیاندا دەبینرێت، ئەم دابڕانە پاساوێکی شیاوە بۆ ئەوەی لە پنتێکی بچووکیشەوە بێت، کار بۆ دروستکردنی پرد بکەین.

هەرێم عوسمان خۆی لە شوێنێکدا ئاماژەی بە دنیای کتێبەکەی کردووە و هەندێک لایەنی وردەکاریی کتێبەکەی باس کردووە بەم شێوەیە خستووەیەتیە ڕوو:

لەم نووسینانەدا ئاوڕ لە نامە ئەکادیمییەکانی زانکۆکانی کوردستان لە بواری ئەدەب و زمانی کوردی‌ و زیاتریش بەشە ئەدەبیەکەی دەدەینەوە. “بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردیدا” ناونیشانی یەکەم نامەی (بواری ئەدەب) ئەکادیمیە لە باشووری کوردستان کە بۆ یەکەمجار 30 ساڵ پێش ئێستا لە زانکۆی سەڵاحەدین لە لایەن (دڵشاد عەلی) نووسرا، ئەم نامەیە وەک لە ناونیشانەکەیەوە دیارە. لەناو ئەدەبدا کاری لەبارەی شیعرەوە کردووە، بنیاتە هونەرییەکانی خستووەتە ڕوو. بۆ دەرخستن ‌و ڕەخنەگرتنی بۆچوونە کۆنە نازانستییەکانی بەر لە خۆی ‌و گەیشتن بە ئامانجەکانی توێژینەوەکە، توێژەر پەیڕەوی رێبازێکی زانستی کردووە کە لەسەر سێ بنەڕەت دامەزراوە: (مێژوویی، شیکردنەوە، بەراوردکاری)

دواتریش توێژەر جۆرەکانی هۆنراوە بە نموونەوە دەخاتەڕوو، هاوکات سروشتی هەڵبەست دیاری دەکات‌ و باسی ئەو پرسە یەکلانەکراوانە دەکات کە لە ئەدەبی عەرەبیدا لەبارەی ژمارەی بەیتەکانی قەسیدە و قتعە و غەزەل هەن. توێژەر پێی وایە جگە لەم جۆرانە، مەسنەوی‌ و تەرکیببەند، چوارین، زیاتر پەیوەندییان بە ئاوازی هۆنراوەوە هەیە کە لە بەشی سێیەمدا بە وردی جیای کردوونەتەوە. هەر لەم بەشەدا نووسەر هۆکاری هەڵبژاردنی هەڵبەست لەبری هۆنراوە بۆ ناونیشانی نامەکەی دەخاتە ڕوو، کە هەڵبەست سنووری دیاریکردنی دێڕ و بەیت دەبڕێت‌ و یەکێتییەک لە نێوان سەرجەم ڕەگەزەکانی هەڵبەستدا دەکاتە بنەما و پێی وایە ئەو ڕێبازەش شێوازگەرییە کە دەتوانێت سەرجەم ڕەگەزەکانی بنیاتی هەڵبەست لەبەرچاو بگرێ، رێبازەکەش بە (یەکدیگر) ناودەبات کە ڕوو لە سەرجەم ڕەگەزەکانی هەڵبەست دەکات، چونکە ڕەگەزەکان دەبنە هۆ و ئەنجامی یەکتر. بۆیە نموونەی دێڕە شیعرێکی هێمن دەهێنێتەوە:

ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچە کوردێکی نەشمیلم

تەماشاکەن چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم.

بە گشتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە چەند لایەنێکی جۆراوجۆرەوە بۆ خوێنەری کورد گرنگە و سەنگ و بەهای خۆی هەیە، لە لایەکەوە خوێنەر بەو نامە ئەکادیمیانە ئاشنا دەبێت کە لە زانکۆکاندا دەنووسرێن و بەرهەمی چەندین ساڵەی خوێندنەوە و خوێندنی ئەکادیمین لە بواری ئەدەبدا، لە لایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و بەرمەبنای میتۆد و قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبییەکان نووسراون و تیایاندا باس لە دنیای تێکستە نەمرە کوردییەکان کراوە، لە کلاسیکەوە تا قۆناغ و ڕۆژگاری ئەمڕۆمان.

ئەم کتێبە جگە لە خوێنەر بە گشتی، بۆ خودی خوێندکارانی زانکۆش گرنگە و دەتوانن  بە هۆیەوە شارەزای نووسین و شێوازەکانی نووسینی لێکۆڵینەوە و نامەی ئەکادیمی ببن، هاوکات لە بەشێکی نامە ئەکادیمییەکانیشدا ئاوڕ لە مێژوو و قۆناغەکان و پەرەسەندن و گەشەی ڕەوتی ئەدەبی، بە تایبەت هەر دوو ژانری ڕۆمان و شیعر کراوە و سەرجەمیشیان سەبارەت بە ئەدەب، شیعر و ڕۆمانی کوردین.

ڕەنگە زۆر جار گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر ئەوە کرا بێت کە داخۆ زانکۆ وەک ناوەندێکی مەعریفی، توانیویەتی چی بەرهەم بهێنێت و چ ئیزافەیەک بخاتە سەر ڕۆشنبیری و فیکری ئێمە؟ ئەم پرسیار  و گومانە لە شوێنی خۆیدا ڕەوایەتی هەیە و مافی هەر تاکێکی ڕۆشنبیر و بیرکەرەوەیە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام ئەم کتێبەی هەرێم عوسمان پێمان دەڵێت کە لە هەناوی زانکۆدا دەیان هەوڵی ڕۆشنبیری و مەعریفی هەیە، دەنگگەلێکی بێشومار لەودیو دەرگا و دیوارەکانەوە هەن، بەڵام بە هۆی سیاسیەتی چەوت کە بووەتە هۆی دابڕانی زانکۆ و دنیای دەرەوە، دەنگەکان ناگەن، ئەم کتێبە لە هەناوی خۆیدا نموونەگەلێکی لەو دەنگانە هەڵگرتووە و پێشکەشی کردووین، تا چیدی ئەو پرسیار و گومانە ڕەوایەتی نەمێنێت کە داخۆ لە چوارچێوەی ئەو هۆڵ و پۆلە داخراوانەی زانکۆدا، مەعریفە و فکر و ئەدەب بە کوێ گەیشتووە؟

خستنەڕووی: “مانگی نیوەڕۆ”

بەختیار حەمەسوور

لەم ساڵانەی دوایدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم گرنگییەکی بەرچاویان داوە بە چاپکردنی چیرۆک، ئەمە جێگەی دەست خۆشی و سوپاسە، چونکە لەم هەرێمەدا و بە تایبەت لەو بازنەیەی بە بازنەی چاپ و بڵاوکردنەوە ناسراوە، زۆر کەم هەڵدەکەوێ گرنگی بەو ژانرە بدەن، بە داخەوە ئەم پشتێکردنە هەر ئێمەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە دنیادا ئەم دۆخە قەیراناوییە بۆ چیرۆک بەرساز بووە و هەر ئەمەشە وای کردووە کە خوێنەران کەمتر مەیلیان لە خوێندنەوەی چیرۆک هەبێت. لێرەدا نامانەوێت چارەسەر بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە، ئەوە باسێکە لە دەرەوەی ئەم وتارە و وەها باسێک دەبێت هەوڵێکی بەرینی فەرهەنگی بۆ بدرێت، بە شوێن چییەتی و چۆنییەتییەکانیدا پشکنین بکرێت و بنجوبناوانی گرفتەکە ئاشکرا ببێت، ئەوجا دەتوانرێت چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین چاپ و بڵاوبوونەوەی هەر کتێبێکی چیرۆک، بەو مەرجەی کتێبێک بێت بتوانێت بەشدارییەکی کارا لە جددیبوونی ئەو ژانرەدا بێنێتە کایەوە، بۆ خۆی دەبێتە چارەسەرێک، بەو واتایەی بەشێک لە دۆخی قەیرانەکە دەتوانرێت لەو سۆنگەیەوە بخوێنرێتەوە کە کتێبی باشی چیرۆک چاپ و بڵاو نابێتەوە، یان بە ڕێژەیەکی هێندە کەمە کە مەیل و تاسەی خوێنەر پڕ ناکات، بێگومان لێرەدا مەبەست بە هەردوو بارەکەیدایە، چ چیرۆکی نووسراو لە لایەن نووسەرانی کوردەوە، چ چیرۆکی وەرگێڕاو لە تەواوی زمانەکانی دنیا و نووسەرانی نزیک و دوورەوە. ئەم پرسە پرسی کراوەی بەردەم هەر چیرۆکنووسێکە، پرسی کراوەی بەردەم هەر وەرگێرێکە، پاشان پرسێکی گرنگیشە لە بەردەم تۆی خوێنەردا کە بۆچی ژانری چیرۆک نەبووەتە جێسەرنج و کاتێکی تایبەتی خوێندنەوەتی بۆ تەرخان بکەیت؟ پێویستە هەر یەک لەو دەستانە ئەگەر لە گفتوگۆی کراوەشدا نەبێت، بتوانن وەها باسێک سەبارەت بە ژانری چیرۆک، لەگەڵ خۆیاندا تاوتووێی بکەن، ڕەنگە ئەو کاتە بینینەوەی گرفتەکە ئاسانتر ببێت و هاوکات بتوانرێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو دۆخەش کە زۆر بەرچاوە، بێتە دۆزینەوە.

کتێبی “مانگی نیوەڕۆ” لە نووسینی نووسەری فارس شەهریار مەندەنی پوور و وەرگێڕانی وەرگێڕی کارساز و بە سەلیقە هیوا عەزیزی، لەو چەشنە کتێبانەیە کە دەچنە خانەی چیرۆکی زۆر باشەوە، هەر چیرۆکێک لەم چیرۆکانەی دووتوێی ئەم کتێبە، دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر نەست و یادگەی خوێنەر بەجێ بهێڵن، بە جۆرێک بە یادەوەریدا چەسپ ببن، کە مەحاڵ بێت لە بیرکردنیان. دیارە وەها کارێک هەروا بە سانا و لەخۆوە دروست نابێت و نەبووە، بەڵکو ئەوە ئاستی هونەریی چیرۆکەکانە کە وای کردووە، شارەزایی نووسەرەکەیەتی لە هونەری گێڕانەوە و هەموو ئەو جومگە سەرەکی و لاوەکییانەی کە هەر چیرۆکێکی جددی هەڵگریەتی. بێگومان بێ کەسێتی وەرگێڕ، ئەویش وەرگێڕێک کە بە توانابێت لە هەردوو زمانەکەدا، وەرگێڕێک جیا لەوەی کە بۆ خۆی عاشقی چیرۆکە، چیرۆکناسیش بێت، مەحاڵە ئەو پردە دروستت ببێت، پردێک کە بەسەریدا هەموو جوانی و داهێنانەکان لە زمانی سەرەکیدا بگوازرێتەوە بۆ زمانی دووەم، واتە زمانی بۆوەرگێڕدراو. لەم ڕووەوە هیوا عەزیزی، کە پێشتر چەندان کتێبی تری هەر لە زمانی فارسییەوە چاپ بوون و لەنێویشیاندا کۆمەڵەچیرۆکێکی تری شەهریار مەندەنی پوور هەیە بە ناوی “ڕۆژهەڵاتی وەنەوشە” و دیسان لە دەزگای سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، لەو وەرگێڕانەیە کە وردەکارانە کار دەکات، دیارە کە وەرگێڕان بۆی پڕۆژەیە نەک پڕۆسە، بۆ نموونە، هەر لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا وەها ڕازێک دەدرکێنێت کە بە نیازە بەپێی توانا سەرجەم کارەکانی ئەم نووسەرە بکات بە کوردی، لێرەدا خوێنەر دەکەوێتە بەردەم پرسیارێک: لەناو ئەو هەموو نووسەرەی فارسدا بۆ ئەم خۆی بۆ شەهریار مەندەنی پوور تەرخان دەکات و دەیەوێ کارەکانی وەربگێڕێت؟ ئەگەر خوێنەر بە وردی هەردوو کتێبەکەی ئەم نووسەرە بخوێنێتەوە بە وەرگێڕانی عەزیزی، لەو بڕوایەداین کە بۆ خۆی بگات بە وەڵامێکی بنجبڕ و شایستە، هەر لای خۆیشییەوە پاڵپشتی ئەو نیازەی وەرگێڕ جەخت بکاتەوە، کە بەڵێ، تکایە هەرچی زووترە کارەکانی ئەم نووسەرە وەربگێڕێت. لەپاڵ چێژ و جوانی داهێنەرانەی چیرۆکەکاندا، پێمان وایە خاڵێکی زۆر جەوهەریتر هەبێت، ئەویش بەهێزی ئەم چیرۆکانەیە لە ئاستی هونەریدا، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هەر یەک لەم چیرۆکانە بۆ چیرۆکنووسانی کورد، دەتوانن وانەیەک بن، وانەیەک کە لێیەوە چییەتی و چۆنییەتی چیرۆکنووسین درک بکەن و بەوەش هان بدرێن بۆ ڕوانینێکی تر سەبارەت بە نووسین لەو ژانرە سەختەدا. چیرۆکانەی نێو “مانگی نیوەڕۆ” نموونەی بەرزی چنین و گێڕانەوەن، سەرچەشنن لە کارەکتەرسازی و ڕووداوسازیدا، بە جۆرێک تێکەڵ بە فەزای خۆیانت دەکەن کە وا هەست دەکەیت تۆیش لەوێی، لەناو جەرگەی ئەو دۆخە ناهەموار و نالەبارانەدا کە لە تێکڕای چیرۆکەکاندا دێنە پێشەوە و هەمیشە توێژاڵێک خەم و نیگەرانی بە شوێن خۆیاندا، لەسەر دڵ جێ دەهێڵن. چیرۆکەکان زیندوون، نموونەی ئەو بەسەرهاتانەن کە ئەگەرن لە بەردەم هەر یەک لە ئیمەیشدا، باسی ئێمەیە، باسی حاڵەتی دەروونیمان، بەدەنگهێنانی خەمە قووڵ و قورسەکانمانە، ئەوانەی کە ناتوانین بە زاردا بیانهێنین، چون خۆمان و بەرانبەرەکانیشمان دەسووتێنن. ئەم چیرۆکانە دەتوانن هەر زوو بگەن بە تۆ، بگەن بە جێیەکت کە ئیدی هەمیشەیی بمێننەوە، هەر ئەوەندە بەسە لە کەشێکی ئامادەدا دانیشیت و خۆت و زەینت بدەیتە دەست وشە و دێڕەکان، ڕستەکان شەپۆلاوشەپۆل دەتبەن و تاکو قووڵایی و پانتایی زەریای گێڕانەوە دەستبەردارت نابن. کارەکتەرەکانی ئەم کتێبە ڕۆحن، گۆشتن، گوێت لە شکان و قرچەی ئێسک و دڵیان دەبێت، دەتوانیت ڕوومەتیان ببینیت کە تەڕ بووە بە فرمێسک، دەتوانێت هاواری کپیان ببیستیت، ئەو وردەدڵخۆشییانەش کە هێندە کەم و کورتن، ناگەن بە کەنار. هەر ئەوەشە کارێک دەکات بچینە ناو ئەو ڕووبەرەی چیرۆکەکان تێیدا دەقەومێن، ئەو جێیەی کەسێتییەکان تێیدا ماخۆلانیان پێ دەکەوێت و عەوداڵن بە شوێن فریادڕەسێکدا، بە شوێن پەرجوویەکدا، بە شوێن خودادا کە تەنیا و تەکباڵ جێی هێشتوون.

با پێکەوە ئەو چەند وشە گرنگەی وەرگێڕ بخوێنینەوە، کە دەتوانێت دیوێکی تر لە تاریکیی کتێبە ڕووناک بکاتەوە:

“مانگی نیوەڕۆ لە هەشت چیرۆک پێک دێت، کە هەر چیرۆکە سەربوردێک دەگێڕێتەوە. لەنێو ئاسمانی دەمی نیوەڕۆدا، مانگێکی پاک دەبینرێت. دەڵێی شۆخێکی ڕۆژهەڵاتییە لەپاڵ هەوای واقیعەوە. هەر یەک لە چیرۆکەکانی ئەم پەرتووکە، تێکڕا نهێنییەکی وەک مانگی دەمی نیوەڕۆیان لە هەناودایە: مۆڕی نێو چاوی ئەو پڵنگەی خوێنی منداڵی ساوای لە دەماردایە؛ ئەکسیر و ئەوین لەنێو تەمتومانی دارستانەکانی بەڕوودا؛ دەرکەوتنی کتوپڕی سێ سەرنشین لەنێو فڕۆکەیەکی هەڵفڕیوی کەشکەشانی ئاسماندا؛ دوان و دەمودوی پاڵ بیرێکی بێبن؛ بۆ قرشەکان و ڕێچکەی خوێنی پەرشی سەربازێک بەنێو دەریادا. هەر یەک لەم چیرۆکانە بە شێوەیەکی ڕەمزی و میتافۆری، هەروەها بە زمانێکی شاعیرانە بەسەرهاتێک دەگێڕنەوە، کە خوێنەری پەرۆشی دنیای چیرۆک سەرسام دەکات. شەهریاری مەندەنی پوور ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی، خاوەنی چەند ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکێکی بەهێز و گرنگی دیکەیە و وەرگێڕیش هەوڵ دەدات بەپێی کات و دەرفەت هەموویان وەربگێڕێت، کە بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی نەوەی سێیەمی چیرۆکنووسانی ئێرانی لەقەڵەم دەردێت، کە چیرۆکەکانی لە ڕووی فۆرم و زمانەوە بایەخێکی زۆریان هەیە.”

چیرۆکەکانی نێو “مانگی نیوەڕۆ” تا ڕادەیەک درێژ، بەشێک لە چیرۆکەکان پێشکەش و یادن بۆ کەسێک، کە بێگومان دەبێت ڕایەڵێکی بەهێز و هاوکات گرێدراو بە ناوەرۆکەوە، ئەو ناوانەی بە یاد نووسەرەکەی هێنابێتەوە و پێشکەشی کردبن، ناوی چیرۆک و پێشکەشکراوان بەم شێوەیە: “ڕەنگی ئاوری نیوەڕۆیان/ بۆ شەهرزاد، بارانی خەزەڵوەر”، “مانگی نیوەڕۆ/ بۆ شوهرە. ئاگری سەرماوەرز”، “مژی دارستانەکانی بەڕوو”، “ئەگەر دارەمەیتی نەبێت”، “ئاسکی کوێر، لە پێدەشتان چۆن باز دەدات”، “ئاگر و گڵەسوورە/ بۆ عەباسی ناموەر، دەستێکی ئاو و دەستێکی ئاوەدانی”، “شوێنێک، شیوێک…” و “بەحری سرەوتن”. کتێبەکە هەڵگری نەریتێکی خوێندنەوەیە، کە پێمان وایە ئەم نەریتە بۆ هەموو کتێبێک نییە و نابێت، ئەویش ئەوەیە کە تۆ کاتێک چیرۆکێک لە چیرۆکەکان دەخوێنیتەوە، زەحمەتە بتوانیت ڕاستەوخۆ بە دوایدا دەست بە خوێندنەوەی چیرۆکی پاشتر بکەیت، ئەمەش ڕێک لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیرۆکەکە کۆمەڵێک حاڵەت لە تۆدا بەجێ دەهێڵێت، کە هەم هەناسەیەکی قووڵت دەوێ تا هەڵیمژی، هەم پیاسە و هەڵهاتنێکیش لە کتێبەکە، کاتێکت پێویست دەبێت تا بیر لە ڕووداوەکانی بکەیتەوە، لەگەڵیاندا بژیت، ئەو ڕێکەوتانە بخەیتەوە تەنیشت یەک کە بوونەتە هۆی خولقاندنی ئەو ڕووداوە، ئەو کارەساتە، ئەو جەرگبڕانە، ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان درێژەپێدانی خوێندنەوەیە، پڕۆسەکە دەباتە ناو زەین و لەوێدا تەتەڵەی وردەکارییەکان دەکرێت، تاریکی و زوڵمەت دەخرێتە بەر ڕۆشنایی لێکدانەوە، بێ دوودڵی ئەم نەریتە بۆ سەرجەم چیرۆکەکان ڕاستە و خوێنەر دەبێت دەرفەت بە خۆی بدات چیرۆکەکە هەرس بێت لە زەینیدا ئنجا دەست بە خوێندنەوەی چیرۆکی دواتر بکات.

لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوە بۆ یەکەم چیرۆکی کتێبی “مانگی نیوەڕۆ” بکەین، کە پێمان وایە یەکێکە لەو چیرۆکە زۆر بەهێزانەی کە زۆر بە توندی دەتوانێت بەر خوێنەر بکەوێت و بۆ هەمیشە لە یادەوەریدا بمێنێتەوە. چیرۆکەکە ناوی “ڕەنگی ئاوری نیوەڕۆیان”ە و شەهریار مەندەنی پوور یادی “شەهرزاد” ناوێکی پێ کردووەتەوە، لە “بارانی خەزەڵوەر”دا. چیرۆکەکە نەفەسێکی تەواو شیعری هەیە، بە زمانێک نووسراوە کە هەر دەڵێیت پەخشانەشیعرێکی سان جۆن پێرس دەخوێنیتەوە، وەسفەکان قورس و حاڵەتە درامییەکان قورستر باز دەدەن و دروست دەبن، بەڵام لە گشتیدا ڕەنگدانەوەی تێمای سەرەکین، کە بارێکی قورسە لەسەر شانی کەسیتییەکی نێو چیرۆکەکە، ئەویش “نەقیب”ە، واتا کابرایەکی سەربازیی، کە ژیانی لە جەنگ و شەڕەکاندا تێپەڕ کردووە.

نەقیب هاوڕێیەکی هەیە لە گوند، هاوڕێیەکی قەدیمی و دڵسۆز، هاموشۆی بەردەوام هەیە لە نێوانیان، ئەگەرچی شەڕ و جەنگ مەودای خستووەتە ئەم نێوانەوە، بەڵام دڵیان وابەستەی یەکترە و بە جۆرێک لە جۆرەکانیش ئاگاداری یەکتر هەبوون و هەن. سەروەختی چیرۆکەکە، ئەو کاتەیە کە نەقیب لەگەڵ ژن و کچە تاقانەکەی دێنە لای هاوڕێکەی، مەبەستەکە هەم سەردانە و هەم بەسەرکردنەوە و ڕابواردنی کاتێکی خۆش لەو دەشت و شاخ و سروشتەدا. بەڵام کەس نازانێت چارەنووس چی بۆ ئەو خێزانە سێ کەسییە هەڵگرتووە لەو ڕووبەرە بەرینەدا، ئەوان بە چ نیازێکەوە ڕوو دەکەنە ئەوێ و چ شتێک لێیان ڕوو دەدات. هەموو ئەوانە لە تانوپۆی چیرۆکەکەدا ورد ورد چنراون و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا برینەکە زیادتر دەم دەکاتەوە و تاکو ئیدی هەموو ست هەڵدەلووشێت لە خۆیدا.

سروشت و بوونی شاخ و دارستان لەم چیرۆکەدا، هەر لە سەرەتاوە دەتوانین خوێندنەوەیەکی ئەوەی لێ بکەین کە ئاماژەن بۆ نادادپەروەری و مانەوە بۆ بەهێزترین، دڕ و دڕندەیی سروشت کە کەمتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە، زیادتر دیوە جوان و سەفابەخشەکەی دەرخراوە، بەڵام لەم چیرۆکەدا پێچەوانەی ئەو دیدە باوە، دیوێکی زۆر ترسناکی سروشت وەدیار دەخرێت، دیوێک کە دەتوانێت بکوژ و خوێنمژ بێت، ئەو دیوەی کە ئینسان لە بەردەمیدا چۆک دادەدات و ناتوانێت بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەم ململانێیە ئەزەلییە و بەردەوانیش دەبێت، خەڵکانێک کە بۆ ساتێک لە ساتەکان بەرەو ڕووی ئەم تەنگەژەیە بوونەتەوە لەگەڵ سروشت، دەزانن کە دەستەوسانبوون چ ئازارێکی قووڵ و چ برینێکی هەمیشە تەڕ لە ناخدا دروست و هەرمان دەکات. ئەم چیرۆکە ڕێک لەو نێوانەدا، لەو دۆخە دژوارەدا بەرهەم هاتووە، پێشاندانەوەی دەسەڵاتی سروشتە بەسەر ئینساندا و شکستی ئینسانە بەرانبەر ئەو هێزە کێوییانەی لە هەناوی سروشتەوە خۆیان مەڵاس داوە. چیرۆکەکە لە ڕستە بە ڕستەیدا خەریکی ئەم توێکارییە دەبێت، دەیەوێ لە هێزی گێڕانەوە خۆیەوە ئەوە بەیان بکات، هانا بۆ هەرزانکردنی هونەرەکە نابات، چڕی و تۆکمەیی لە زمان و گێڕانەوە و وەسفدا ئەو تەقسە جوان هاوکات نامیهرەبانە پێک دەهێنن، بۆیە دەبینین لە ساتی خوێندنەوەدا دڵەتەپە و هەڵچوونەکان لەژێر دەستی ئێمەدا نامێنن و سەر دەکەن، هاوخەمی یان هاوسۆزی، دەگەنە ترۆپک و ئێمەیش بەشدار دەبین لەوەی کە خەریکە بەبەر چاومانەوە ڕوو دەدات.

“ڕەنگی ئاوری نیوەڕۆیان” بەسەرهاتی تراژیکی نەقیبە، پیاوێک کە جەنگزەدەیە و لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە نەترساوە و ملی بەرەو پێشەوە ناوە، دیلەکان لە چاوەکانی تۆقیون و دوژمنانی یەک یەک بە گوللەی نیشان پێکاون، ئەم پیاوێکە لەو چەشنانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵی نەلەزیوە، هەیبەت و شکۆی بووەتە هۆی ناوبانگی، ناوبانگی زارەزار ڕۆیشتووە و هەر لەگەڵ ناوهێنانی، کەسانێک چۆکیان شل بووە، تا ئەوەی کچێکەی لەدایک دەبێت، ئیدی لەو ساتەوە هەست دەکات شتێکی تری هەیە ناوی دڵە، سەرچاوەی سۆز و خۆشەویستییە، بە هاتنی کچەکەی درکی ئەو ئەندامەی دەکات، پێشتر نەیزانیوە کە ئەندامێکی وەها هەبێت ئینسان لەو کێوێتییە دابەزێنێت و لەگەڵ منداڵێکدا منداڵ ببێتەوە، هەر ئەوەندەی کچەکەی لەدایک دەبێت، ئیدی مۆڵەتەکانی نەقیب زیاد دەبن و دڕییەکەی کەمتر دەبێتەوە، ئێستاش کە هاتوون بۆ لای ئەم هاوڕێ قەدیمییەی، بۆ هەڵدانەوەی هەندێک لاپەڕەی یادەوەرییانە لە ڕابردوودا و بۆ ئەوەشە کچەکەی، کە ئێستا کەمێک گەورەتر بووە، لەناو ئەو دەشت و شاخە هەراوەدا دڵخۆش و بەپێکەنین بێت. بۆیە سێ قۆڵی، نەقیب و کچەکەی و هاوڕێکەی، دەچنە دەشت و شاخی نزیک گوندەکە، لە پێچێکدا، لە سەرقاڵییەکدا، کچەکە لێیان تەنیا دەکەوێت و ڕێک لەو ساتەدا دەیبیننەوە کە تاقە پڵنگی ئەو شاخ و هەردە، خەریکە دوایین ئەندامی جەستەی دەخوات، جلەکانی، جلە ونجڕ ونچرەکانی، تەنیا جێماوی ئەو کچەن.

بێگومان ئەو حاڵەتە پرسەیە تەنیا دەبێت لە چیرۆکەکەدا بخوێنرێتەوە، ئەگینا بە گێڕانەوە هیچ نایەتە باسکردن. نەقیب لەوەی کە هەق بکاتەوە، وەک کەسێک کە دەبێت بیکات، دەکەوێتە دۆخێکەوە ڕەنگە ئیدی هیچ لەوە قورستر نەبێت. هاوڕێکەی و تێکڕای دانیشتووانی ئاوایی، چاوەڕێن نەقیب بە فیشەکی تاپڕی پێنجخۆر کۆتایی بە ژیانی ئەو پڵنگە بهێنێت، بەوەش هەم هەقی خۆی بکاتەوە و هەم ئەوانیش لەو ترسە ڕزگار بکات. لەگەڵ هاوڕێکەی چەند جار بە شاخدا سەر دەکەون و بە شکستەوە دێنەوە خوارەوە، هەر جارەو بە هۆکارێک ئەو کارە ئەنجام نادرێت، لە دواجاردا پڵنگەکە دەکەوێتە بۆسەوە، بێ هیج دەربازبوونیک، ئەو لە شوێنکدا مۆڵ بووە، هەموو شت ساز و ئامادەیە بۆ ئەوەی فیشەکەکان لە جەستەیدا خاڵی ببنەوە و تەپ بکەوێت و کۆتایی بەو چاوەڕوانییەی دایکە و تێکڕای خەڵکەکە بێت. هاوڕێکەی پێی دەڵێت، سەرەتا بە نەرمی، پاشان بە تۆنێکی توند و زبر، تووڕە و سەرزەنشتکارانە: بیتەقێنە، کۆتایی پێ بهێنە، بەسە ئەم وەستانە، چاوەڕوانی تەواو، بیتەقێنە تا نەڕۆیشتووە. ناکاو گوێمان لە چەند تەقە دەبێت، لەو شاخ و دۆڵانەدا دەنگ دەدەنەوە، بەڵام کاتێک لە چاوی هاوڕێکەیەوە دەبینین، بۆ ئاسمان تەقێنراون نەک بۆ پڵنگەکە! بۆ، بۆ بەوتەوە نەنان؟ بۆ نەتکوشت؟ “نەکرا… ناکرێت. گۆشتی منداڵەکەمی لە لەشدایە… ناکرێت… خوێنی منداڵەکەمی لە دەماردایە…”

کۆچی سولەیمان

ڕانانی: سەردەم

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەردەوامە لە خزمەتە بەرچاوەکانی لە بواری چاپکردنی کتێبدا، کتێبەکان هەمەچەشن و فرەبوارن، ئەدەب و هونەر، فکر و فەلسەفە، مێژوو و ئەفسانە و بوارەکانی دیکەی ڕۆشنبیری، لە ئێستادا دەزگای ناوبراو، گەورەترین بۆشایی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ کردووەتەوە و سەدان سەرچاوەی جۆراوجۆری پێشکەش بە خوێنەر کردووە، بێگومان کتێبەکان لە لایەن نووسەرانی داهێنەر و ڕۆشنبیرەوە نووسراون، یاخود زمان زانە بەتوانا و خاوەن ئەزموونەکان کاری وەرگێڕانیان بۆ کردووە.

کتێبی (کۆچی سولەیمان) یەکێکە لە بەرهەمە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی ئەم کتیبە ئەدەبییە و لە سێ چیرۆکی چیرۆکنووس و ڕۆمانووسی ناوداری ئیرانی پێک هاتووە لەگەڵ چاوپێکەوتنێک و ژیاننامەی نووسەردا(مەحموود دەوڵەت ئابادی)نووسەری ئەم کتێبەیە و نووسەر و وەرگێری زمانپاراو (خالید فاتیحی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە (کۆچی سولەیمان، پیاو، دەشتەکی) هەر کام لە چیرۆکەکان بە سروشتی خۆیان درێژن و دەتوانین بڵێین بە نەفەسی ڕۆمان نووسراون، یاخود دەشێت هەر کام لە ڕووداو و بابەتەکانی ناو هەر کام لە چیرۆکەکان درێژەیان هەبێت و ببنە کورتە ڕۆمان، یاخود ڕۆمانێکی درێژ، بێگومان ئەوە ڕاستە تەکنیک و شێواز، زمان و گرێچن، ڕووداو و شووناسی کارەکتەر لە چیرۆک و ڕۆماندا زۆر دوور و جیاوازن لە یەکتر، بەڵام ئەم سێ چیرۆکە درێژەی وا لە دووتوێی ئەم کتێبەدان، چ لە ڕووی فۆڕم و چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، بۆ ئەوە دەشێن بە نەفەسی ڕۆمان بخوێنرێنەوە.

ئەوەی خاڵی هاوبەشی نێوان هەر کام لە چیرۆکەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەیە ئەوەیە کە یەک جۆر فەزای دەشتەکی و گوندی و ململانێی ژیانی کشتوکاڵییان هەیە، دەربارەی کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئاستی وشیاریی خەڵکانێک دەدوێت، کە نەخوێنەدوارن و بە دەست ناهۆشیاریی و نالەباریی باری ئابوورییەوە دەناڵێنن، خێزان و کێشەکانی خێزان، گیرۆدەبوون بە دەست جۆرەها نەخۆشیی کۆمەڵایەتییەوە، دەرک نەکردن بە سەرچاوەی نەهامەتی و ئازارەکان، نەبوونی فەرهەنگ و دونیابینییەکی فراوان، دزی و شەڕی ڕەشەخەڵک، هەژاری و زاڵبوونی بیروباوەڕی دواکەوتوانە، زوڵمی ئاغا و پرسە چینایەتییەکان، لە جۆری ئەو بابەتانەن لە کۆی چیرۆکەکاندا ڕەنگدانەوەی خۆیان هەیە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خوێنەر دادەنێن.

چیرۆکەکان زمان و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەیان سادەیە، بێ گرێ و بە ڕوونی خوێنەر ڕۆ دەبەنە نێو قوڵایی ڕووداو و پانتایی چیرۆکەکانەوە، خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانەدا بە قۆناغێکی مێژوویی کۆمەڵگای ئێران ئاشنا دەبێت، قۆناغێک هێشتا پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی کار و وەبەرهێنان و پیشەسازی سەری هەڵنەداوە، ئەمەش بەو مانایە دێت هێشتا ژیانی شار و تایبەتمەندییە شارییەکان لە کۆت و بەندی پەیوەندییە فیوداڵییەکان و پاشماوە خێڵەکی و ئایینییەکان ڕزگاری نەبووە، هۆشیاریی چینایەتی سەری هەڵنەداوە و داڕێژەری سیستمە ئابووری و سیاسییەکە هێشتا لە کەللەی ئاغا و سەرانی دەوڵتدارانەوە، بە سوود و قازانجی چینایەتی خۆیان دادەڕێژن، کەڵک لە بێ فەرهەنگی و بێدەنگی و دواکەوتوویی خەڵک دەبینن بۆ خۆدەوڵەمەند کردن و ڕەتاندنەوەی هێزی کاری جوتیار و ئەو بەدبەختانەی وا لە زەویی ئاغاکاندا کار دەکەن، ئەمە ڕێک لە بەرامبەر بە کرێیەکی کەمدا لە دەستی ئاغاکان دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر یەکێک لەو جوتیار و کرێکارانە لەسەر ماف و داوکاریی بەرهەقی خۆی دەنگ هەڵبڕێت، ئەوا یاسا و دەوڵەتیش دەچنە پشت ئاغاکان و هەر بەو یاسا گاڵتەجاڕییەی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دایانڕشتووە، خاوەن ماف بەپێی یاسا تاوانبار دەکەن، ئەم حاڵەتە کتومت لە چیرۆکی (دەشتەکی)دا بەری دەکەوین و هەستی پێ دەکەین.

زوڵفەقار، شاپاڵەوانی چیرۆکی (دەشتەکی)یە، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، یەکێک لە منداڵەکانی فەلەجە، ماوەی چەند ساڵێک ئیش بۆ ئاغایەک دەکات لە گوندەکەیان، بەڵام ساڵێک حاسڵات باش نابێت و نەخۆشی دەیدات لە بەرهەمەکان، ئاغا زەرەی حاسڵاتی ئەو ساڵە بە کرێکارەکان دەبژێرێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە کرێی ئیشکردنەکەیان پێ نادات، بەڵام زوڵفەقار بەم بڕیارەی ئاغا قایل نابێت و یاخی دەبێت، بە تەنیا دەچێتە جەنگ و داوای مافی خۆی لە ئاغا دەکات، ئاغاش سوورە لەسەر ئەوەی کرێکەی پێ نەدات، ناچار زولفەقار دەچێتە شار و پەنا بۆ دادگا دەبات و سکاڵا دژی ئاغاکەی تۆمار دەکات، تا مافی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام لەوێدا دەردەکەوێت کە دادگاش لەگەڵ ئاغاکەدایە، هەرچەندە زولفەقار بەڵگەی واژۆکراوی پێیە کە لەسەر حەقە، بەڵام دادگا بەرپەرچی دەداتەوە و مافەکەی بۆ ناگەڕێنێتەوە، لێرەوە مەحموود دەوڵتەئابادی، ئەو ڕاستییە بەیان دەکات کە دەسەڵاتداران لە ڕووی سروشتی چینایەتیی خۆیانەوە، پشتی یەکتر دەگرن و بەرگریی لە سامان و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن، ئەمە لە کاتیکدایە کە بە هۆی نەبوونی هۆشیاریی چینایەتییەوە، هیچ کام لەو کرێکارانەی کە وەک زولفەقار مافیان خوراوە، نایەن پشتگیری لێ بکەن و ببنە هێزێکی گەورەی فشار بۆ سەر ئاغا و دەسەڵات و یاسا، بە پێچەوانەوە بە بەردەوامی سەرزەنشتی زولفەقار دەکەن و داوای لێ دەکەن ملکەچی ئاغاکەی بێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دوان لە کرێکارەکان کە خزمی نزیکی زولفەقاریشن، دەچنە دادگا و بە بەڵگەی ساختەکراو، بەرگریی لە ئاغاکەیان دەکەن دژ بە زولفەقار.

بێگومان مەحموود دەوڵەتئابادی، نووسەریکی گەورەی ئێرانییە و خاوەنی کۆمەڵێک شاکاری بێوێنەیە کە بەشێکی زۆریان لە لایەن وەرگێڕە باشەکانی کوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، کەلیدەر، جێگای بەتاڵی سلوج، کۆلۆنێل، ئەفسانەی باوەسوبحان، ڕۆژانی بەسەرچووی خەڵکانی بەساڵاچوو، لە بەرهەمە دیارەکانی ئەم گەورە نووسەرەن لە بواری ڕۆماننووسیندا، هاوکات لە بواری شانۆنامەشدا ئەم بەرهەمانەی نووسیون، تەنگانە، باشبیرۆ و قەقنەس، ئەمە جگە لە چەندین وتار و سەفەرنامە و چیرۆکی کورت و درێژ، بەڵام شاکارە مەزنەکەی (کەلیدەر) لەو بەرهەمانەیە کە هەمیشە لە یادەوەریی خوێنەردا دەمێنیتەوە.

مەحمووددەوڵتەئابادی، ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی دەوڵەتئابادی سەبزەواری خوراسان لەدایک بووە، دەورانی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەسعوود سەعدی سەلمانی دەوڵەتئابادی) بەسەر بردووە، بنەماڵەیەکی هەژار بوون، بۆیە هەم دەیخوێند و هەم کاری دەکرد، کارەکانی بریتیی بوون لە: شوانی، پینەدۆزی، شاگردی پاسکیلسازی، کرێکاری لە کارگەی پەمۆ، سەرتاشی، کرێکاری چاپخانە و هتد…

ئەم نووسەرە مەزنە لە ساڵانی شەستەکاندا، ئاشنا دەبێت بە دنیای شانۆ و بۆ ماوەی ساڵێک لەو بوارەدا دەخوێنێت و پلەی یەکەم بەدەست دێنی، دواتر لە چەندین بەرهەمی شانۆیی و فیلمدا ڕۆڵ دەبینێت وەک ئەکتەر، ساڵی ١٩٧٤ دەوڵتەئابادی دنیای شانۆ بەجێ دێڵێ: ساڵی ١٩٦٦ مەحموود ەوڵتەئابادی، لەگەڵ گەورە شاعیری ئێرانی ئەحمەد شاملوو یەکتری دەناسن، لەپاڵ کاری نواندندا دەست دەکات بە نووسین و یەکەم بەرهەمی لە گۆڤاری ئاناهیتادا بڵاو دەکاتەوە:

شێوازی بەرچاوی دەوڵەت ئابادی ڕیالیستییە، یانی دەربڕینی تەواو و ڕاستیی ڕووداوێک، وەسفی کەسایەتییەک، یان جێگەیەک، ئەو بە سوود وەرگرتن لەو شێوازە، بە جوانی چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە، تا ئە جێگەیەی لە هەندێک جێگەدا وا هەست دەکەین کە فیلمێک دەبینی، کاتێک وەسفی کەسایەتییەک دەکات، هێندە بە وردی و سەرنجەوە باسی دەکات، کە دەڵێی پێشتر ئەو کەسایەتیەم لە جێگەیەک بینیوە، بەرهەمەکانی مەحموود دەەوڵتئابادی زیندوون، گیانیان بە بەردا کراوە و لە خێراترین کاتدا دەچنە ناو هەستی خوێنەرەوە.

ئەم نووسینە هەوڵێکی سادە و خاکەڕایە بۆ ناساندنی ئەم کتێبە و ئاشنابوونی خوێنەر بەم چیرۆکانە، لەم کتێبەدا جگە لە چیرۆک، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە دنیابینی، شێوازی نووسین، ئەندێشە، ژیاننامە و قۆناغەکانی ژیانی دەوڵەت ئابادی، بۆیە ئازایەتیی نییە گەر بڵێین کتێبی کۆچی سولەیمان، دەکرێت شوناسنامەی مەحموود دەوڵەت ئابادی بێت بۆ کەسانێک کە بە هەر هۆیەک بێت پێشتر هیچ کتێب و بەرهەمێکی ئەم نووسەرە مەزنەیان نەخوێندۆتەوە، بێگومان بە خوێنندوەی ئەم کتێبە، خوێنەر تووشی کونجکوڵی دەبێت تا بە دوای بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرەدا بگەڕێت، پەیدایان بکات و بیانخوێنیتەوە.

ڕۆشنگەریی وەک سەرەتا

خستنەڕووی کتێبی “لەم تیرۆریستە ڕزگارم بکەن!”

خوێندنەوەی: سەردەم

کتێب و وتارەکانی هاشم ساڵح بە کوردی ڕووبەرێکی بەرینیان داگیر کردووە، هەر لەم سەرەتایەدا دەبێت ئەوە بپرسین زەروورەتی وەرگێڕانی ئایدیاکانی ئەم نووسەرە بۆ دنیای ئێمە چەند گرنگ و پێویستن؟ ئەگەرچی ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ بۆ ئەو وەرگێڕانەیە کە دەقەکانی هاشم ساڵحیان کردووە بە کوردی، بەڵام دەتوانین لە خوێندنەوەی وتار و کتێبە بەکوردیکراوەکانی ئەم نووسەرەوە بگەین بەم وەڵامە: هاشم ساڵح لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە کە ئایدیا و بیرێکی ڕوونیان لەسەر ئەو بابەتانەیە کە دەیاننووسن، ئەو بە سادەیی گەیاندنی بیرەکان ناسراوە، بە زمانێکی ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ، جیا لەوە هاشم ساڵح خەسڵەتی کورتنووسی و چڕنووسی هەیە، هەوڵ دەدات لە چەند پەڕەیەکی کەمدا کۆمەڵێک زانیاری و چێژ بخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، هاوکات ئەو دەست بۆ ئەو جومگانە دەبات کە لەمڕۆدا کاران و ڕۆڵیان هەیە لە بونیادنانی شارستانییەتێکی کۆییدا.

یەکێک لەو وەرگێڕە چالاک و بە سەلیقانەی کە ساڵانێکە کار لە وەرگێڕانی کتێب و وتارەکانی هاشم ساڵح دەکات هەورامان وریا قانعە، ئەم وەرگێڕە نەک هەر ئەوەی کە تەنیا کردەیەکی میکانیکیانەی وەرگێڕان ئەنجام بدات، بەڵکو بە تەڵبژێرکردنی ئەو وتارانەی کە دەتوانن بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی ڕۆ بنێن لە دنیای کوردیدا ناسراوە، جیا لەوەش زۆر بە ئەمانەتەوە هەوڵ دەدات ئەو بیرانە بگوازێتەوە لە زمانێکی ڕوون و ڕووناکدا، خوێنەری کورد لە ڕێی وەرگێڕانەکانی هەورامان وریا قانعەوە هاشم ساڵح وەک خۆی دەناسێت، بۆیە کارەکانی ئەم وەرگێڕە ئازیزە جێی دەست خۆشی و پێزانین.

یەکێک لەو کتێبە چکۆلانەی هەورامان وریا قانع کردوویەتی بە کوردی، کتێبی “لەم تیرۆیستە ڕزگارم بکەن!”ی هاشم ساڵحە، کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتاری کورت کورت پێکهاتووە، کە هەریەکەیان دنیایەک دەپشکنن، قۆناغێک و ئەزموونگەلێکی دیاریکراو دەخەنە بەردەست، بە تێکڕا دەتوانن کۆلێکشنێکی ڕەنگاوڕەنگ دروست بکەن، کە وەک مۆزایکێکی جوان لەسەر نەخشە و ڕووبەری یادگەدا ئامادەییان هەبێت.

هاشم ساڵح لەبەر ئەوەی ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵکەوتوە و لە فەڕەنسە خوێندوویەتی، ئەم ئەزموونە بۆ ئەو هەمیشە وەک چەقێک دەمێنیتەوە، ئەو شارستانییەتە گەورە و دەوڵەمەندەی فەڕەنسە لە نیگا و خوێندنەوەی ئەودا بەردەوام ئامادەیی هەیە، بۆی دەگەڕێتەوە و دەیپشکنێت، قۆناغگەلێک لەو شارستانییەتەدا هەن کە دەتوانن بۆ ئێستاش درێژ ببنەوە، ببنە خاڵی بەراورد و پێکگرتن لەگەڵ ئەو ئەزموونانەی لە وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بێگومان ئەم پێکگرتنانە بۆ هاشم ساڵح هەمیشە هاوشانی ڕەخنەیەکی کۆنکرێتییە و وەها تەماشای دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەیرانێکی قووڵدایە، ئەگەر سەردەمانێک خاوەنی ڕۆشنگەری بووبێت، ئێستا ئەو دەستکەوتە نەماوە و لە جێی ئەوە توندوتیژی و تایفەگەری و دۆگمای ئایینی و عەشیرەتگەری جێیان گرتووەتەوە و خوێن بەری ئاسۆی بینینی گرتووە. ئەمە خاڵێکی درەوەشاوەی هاشم ساڵحە کە بەردەوام هەوڵ دەدات پەردە لەسەر ئەو دیاردانە لا بدات کە بوونەتە هۆی پاشکەوتن و نەزانی ئەو تاریکییەی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوە.

ئەم کتێبە بە سەردەمی ڕێنیسانس وەک قۆناغی بەئاگاهاتنەوەی ئەورووپا دەست پێ دەکات، پاشان دێتە سەر ڕیفۆرمی ئایینی و ڕۆشنگەری و فەلسەفە، دواتر ڕۆڵی مۆنتینی وەک بیرمەندێک بەسەر دەکاتەوە، لەم سێ وتارەدا بە وردی چەندین وێستگەی گرنگ دەپشکنێ بە دوای ڕووناکیدا، بە دوای ئەو کەسانەدا چرابەدەستی ئەو سەدە تاریکانە بوون، لەوێشەوە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ دەنێرێت بۆ ئێستا و ئەمڕۆ. وتارەکانی دوای ئەم سێ وتارە چەقیان ئەدەبیاتە، بەسەرکردنەوەی هەندێ مەسەلەی گرنگی ئەدەبی و فیکرییە، هەڵدانەوەی ژیاننامەی چەندان داهێنەرە کە چۆن و لە کوێدا دەستیان پێ کردووە و کاریگەر و ڕۆڵیان تا هەنووکەش بەردەوامە. لەو ناوانەش: “لامارتین، ئەلفرێد دو مووسیێ، ئارسەر ڕامبۆ، سیلڤادرۆ دالی و…”

پاشتر چەند وتار دێن، بە ناوەکانی: “ئەی تاریکبینەکان، دەستتان لەسەر ئافرەت هەڵبگرن، بۆچی شارستانییەتە جوانەکان خۆیان دەکوژن؟، مێژووی ئەدەبی فەڕەنسی لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە تا ئەمڕۆ، سوریالیزم… فەلسەفەی ئازادی”، هاوکات وتارێک کە بووە بە ناونیشان بۆ کتێبەکەش: “لەم تیرۆریستە ڕزگارم بکەن!” ئەم وتارانە، هاوشان بە کۆی وتارەکانی نێو کتێبەکە، دەتوانن کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری بنەخشێنن، کە لە دەوری ئازادی، سەربەخۆیی، تاکگەرایی، دیموکراسی، مۆدێرن و ژیانێکی دادپەروانە بۆ هەمووان بخولێنەوە، بێگومان ئەمە نەرمترین ڕەوتارە لە هەریەک لەو چەمکانە، بە پێشاندانی ئەزموونی پێچەوانە، ئەو ئەزموونانەی بوونەتە جێی سەرنجی نووسەر و وەک هۆکارێک بۆیان دەگەڕێتەوە تا لەو ژیانە شەرەفمەندانەی کە پێویستە هەر تاکێک ئەزموونی بکات، لێی بەئاگا بێت.

ڕەگی توندوتیژی، کە لە مێژوو کۆنترە، دەتوانێت خاڵی کۆکەرەوەی ئەم کتێبە بێت، توندوتیژی لە سادەترینەوە تا تیرۆر، تیرۆری جەستە و فیکر و… لەو وتارەدا کە بووە بە ناونیشان بۆ کتێبەکەش جۆرێک لە تیرۆر دەخاتە بەرچاو؛ ئەویش هەڵەچنی و ئیدیتۆری کتێبە لە لایەن کەسانی نەزانەوە، کە دەبێتە هۆی شێواندنی سەرلەبەری ئایدیای نووسەر، ئەمە بە بیرەوەرییەکی خۆی دەگێڕتەوە، کە تێیدا کتێبێکی ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە (تیرۆرە) بووەتەوە و لە دوایین ساتدا، بەر لەوەی چاپ و بڵاو بێتەوە، پێی زانیوە و کارەکەی ڕاگرتووە. کەوایە تیرۆر و جۆرەکانی توندوتیژی لە هەموو جێیەکن، تەنانەت لەناو هەڵەبڕی و ئیدیتۆریشدا!

ئەم کتێبە شیاوی خوێندنەوەیە، خوێنەران پاش خوێندنەوەی هەست بە ئارامی دەکەن، کۆمەڵێک پرسیار لایان دروست دەبێت، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، تا ڕوونتر و وردتر ببینن و بڕیار بدەن و لە پەنجەرەیەکی واڵاترەوە لە ژیان و ئەوانیتر بڕوانن.

لە ڕەشباوەڕیدا(١)

شیعری بەریس پەستەرناک

 

لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

کارتۆنێکە بە نارنجێکی سوورەوە(٢) ،

 ئەو کونجەی ژیانی تیا بەسەردەبەم،

خۆ ناچم تا ڕۆژی مەرگم،

 تا ئەو ڕۆژەی بۆ مەیتخانەم دەبەن،

خۆم لەم ژوور و ئەو ژووری ئوتێلەکان هەڵسووم.

من لە ڕەشباوەریمدابوو،

 جارێکی تر لێرە گیرسامەوە

کاغەزی دیوارەکان،

چەشنی دار بەڕووەکان، قاوەیی داگەڕاوە

دەرگاکەش گۆرانی دەچڕێ کاتی کرانەوە.

من دەستم لە ئەڵقەڕێزەکە  بەرنەدابوو

تۆش بۆ دەرەوە خۆت ڕادەپسکاند.

کاکۆڵم بەر پەرچەمەکەت کەوت و

لێویشم بەر وەنەوشەکانت

هۆ ناسکەکەی من،

 بە ناوی گشت ئەوەی بەسەرچووە،

وا کراسەکەی بەرت دیسانەوە دەجریونێ و

 بە نیسان دەڵێ: سڵاوت لێ بێ.

ستەمە وا بیرکەمەوە-

  تۆ لە توخمی ڤێستالەکان(٣) نییت.

تۆ بە کورسییەکەوە هاتیتە ژوورێ و،

وەک لەسەر ڕەفەیەکەوە دایگریت،

دەستت دایە ژیانم و فووت بە تۆزە لێنشتووەکەیدا کرد

نەتگووت کەس دەستی بۆ نەبا” تازە بۆیە کراوە”

ڕۆحمان بۆ نەپارێزرا و، یادەوەریش

پەڵەی کاڤیار(٤) و پەڵەی دەست و لێو و چاوانی لێنیشت.

من تۆم، لە هەموو سەرفرازی و نەهامەتییەکانم، خۆش تر دەوێ،

 چوون لە گەڵ تۆدا،

 دنیای ڕوون و زەردهەڵگەڕاوم، لە سپی سپیتر دەنوێنێ.

سوێند بەخوا، ئازیزەکەم، من تەمی تاریشم،

 لە گەڵ تۆدا، بە شێوەیەک، هەر

 لە وڕێنە و لە کڵاوی سەر لامپەکە و

 لە قردیلە سپییەکەی دەوری تەوێڵت، سپی ترە!

١٩١٧

بەریس پەستەرناک (١٨٩٠-١٩٦٠) : یەکێک لە گەورەشاعیرانی ڕووسیا لە سەدەی بیستەمدا و هەر لە تەمەنی بیستوسێ ساڵییەوە شیعری بڵاوکردۆتەوە و خەریکی وەرگێڕان بووە. ساڵی ١٩٥٥ لە نووسینی ڕۆمانی (دکتۆر ژیڤاگە) دەبێتەوە و سێ ساڵ دوواتر، لە سەر ئەو ڕۆمانە، خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێ، بەڵام لە ناو وڵاتدا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان و پفدراوی دەزگا حیزبییەکان دەبێتەوە و بەوە تاوانبار دەکرێت کە گوایە ڕۆمانەکە دژی سیستەمی سوسیالیستی وڵاتە و هەوڵێکە بۆ ڕەشکردنی مێژووەکەی. بۆیە پەستەرناک، بە ناچاری، لە سەفەرکردن بۆ ستۆکهۆڵم و وەرگرتنی خەڵاتەکە پاشگەز دەبێتەوە.

  • ڕەشباوەڕیی: باوەڕکردن بە خورافات
  • لێرەدا بەریس پەستەرناک دەیەوێ ئەوە پیشان بدات کە ئەو ژوورەی بەکرێی گرتووە زۆر بچووکە، بۆیە دەیشوبهێنی بە کارتونێک بە نارنجێکی سوورەوە. وەک دەگوترێ، لەو ساڵانەدا جۆرە قوتووە شقارتەیەک فرۆشراوە کە وێنەی نارنجێکی سووری پێوەبووە.

 

  • ڤێستاڵەکان، ئەو خانمانەبوون کە لە پەرستگاکەی ”ڤێستا” ی خواوەندی ڕۆمانەکاندا کاریان دەکرد و ئەرکی سەرەکییان ئەوەبوو شەو و ڕۆژ نەهێڵن گڕی پەرستگاکە بکوژێتەوە، سەرباری چەندین کاری تر و بەشداریشیان لە ڕیتواڵە ئاینییەکاندا .
  • کاڤیار، گەرای جۆرە ماسییەکە و بە یەکێک لە خواردەمەنییە گرانبەها و دەگمەنەکان دەژمێردرێت و دوو جۆری کاڤیاری ڕەش و سوور هەن. ڕووسیا و ئێران، دووان لەو وڵاتانەن کە بە بەرهەمهێنانی کاڤیار ناسراون

 

 

ژیان لەسەر هێڵە پێچاوپێچەکانی قەتار

خوێندنەوەی: ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن”

بەختیار حەمەسوور

ئەدەبیاتی گەنجان لە ڕووی گرنگی و بایەخپێدانەوە، هیچی کەمتر نییە لە ئەدەبیاتی گەوران، ئەم ئەدەبیاتە لەگەڵ ئەوەی بڕیارە توێژێک بدوێنێت و لەگەڵ ئەوان بپەیڤێت، بەڵام هاوکات دەتوانێت ئەدەبیاتێکی گشتیش بێت و بۆ سەرجەم تەمەنەکان دەست بدات. ئەم ئەدەبیاتە، مەبەست لە ئەدەبیاتی گەنجانە، لە دنیادا خانەیەکی تایبەت و شایستەی بۆ دابین کراوە، لەو خانەیەدا نووسەرانێکی گەورەی دنیا تێیدا بەرهەمیان پێشکەش کردووە و بە کارەکانیان وەک خانەیەکی دیاریکراو، ناساندوویانە و چەسپاندوویانە. لێرەدا قسە لەسەر ئەو ئەدەبیاتەیە، کە چۆن و بە چ ڕێگەیەک گەیشتووەتە نووسەر و خوێنەرانی کوردزمان، ئایا نووسەرانی ئێمە کامانەن کە لەو بوارەدا بەرهەمیان نووسیوە و کارەکانیان بووە بە شایستە لای ئەو تەمەن و توێژە؟ هاوکات پرسیارێکیشە بۆ وەرگێڕەکان، کە تا چەند بە خەمەوە بوون دەست بۆ ئەو چەشنە ئەدەبیاتە ببەن و بەرچاوڕوونییەکی هەمەلایەن لای خوێنەرانی ئەو شێوە ئەدەبیاتە بچەسپێنن؟ خوێنەرانیش مافی خۆیانە ـ بە تایبەت ئەو توێژ و تەمەنە ـ بپرسن: ئێمە چی بخوێنینەوە و کامانەن ئەو کتێبە نووسراو و وەرگێڕاوانەی لە کتێبخانەی کوردیدا هەن و ڕوویان لە ئێمەیە؟

لەم نووسینەدا، بە وەستان لەسەر ئەو پرسە (پرسی ئەدەبیاتی گەنجان) وەک گرفتێک و لێدوانێک، هاوکات لە ڕێی خوێندنەوەی ڕۆمانێکی چکۆلەی وەرگێڕاوەوە، کە ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن”ە، لە نووسینی ئەی نزبیت و وەرگێڕانی هەڵمەت عوسمان، کەمێک زیاتر لەو پرسە گرنگە نزیک ببینەوە و بتوانین وەک گرفتێکی ئەدەبی دەربارەی بدوێین.

بێگومان هیچ دوودڵییەک لەوەدا نییە کە تەمەنی گەنج تەمەنێکی هێجگار بە بایەخە، سەرچاوەی هەر وزەیەکە کە بتوانێت بە ئاراستە جیاوازەکاندا ئاراستە ببێت، گەنجان داینەمۆی نوێکردنەوەن، بزوێنەری داهێنان و هەر چەشنە کارێکی گرنگ و گۆڕانکارین لە کۆمەڵگەدا، ئەم وزە و ڕۆحیەتە هەراوە، کە پڕە لە سەرچڵی و بزێوی، دەتوانێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا بە ئاراستەی باشە و خێر، ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت، بەو مەرجەی بتوانرێت کۆی ئەو وزە ناوەکی و دەرەکییەی بە ئاراستەیەکدا ببرێت کە چاوی لە ئاسۆیەکی ڕوون و گەش بڕی بێت. دیارە ئەوەش لە ڕێی کۆمەڵێک کەناڵ و دامەزراوەوە دەکرێت، کە ڕەنگە سەرەتایترینیان خێزان بێت و دواتر قوتابخانە و کۆی ئەو سیستەمەی کۆمەڵگە پێکی دەهێنێت، بێگومان ئەگەر هەریەک لەوانە بتوانن بە ڕێڕەوی دروست و گونجاوی خۆیاندا گوزەر بکەن، ئەوا دەتوانرێت تاکێکی گەنج بەرهەم بێت، تاکێک کە هەم بە خەونی خۆیەوە بەرەو ژیان هەنگاوەکانی بنێ، هەم بە خەونی چاکەوە بۆ دەوروبەری، کە دەکاتە کۆی کۆمەڵگە و ژیان، وزەکانی خەرج بکات. بەڵام لە هەر حاڵدا کە نەتوانرا جڵەوگیری ئەم تاکە و وزەکەی بکرێ و بوارێکی وای بۆ نەڕەخسێنرا  کە بتوانێت خۆی بناسێت و بزانێت چی لە خۆی و ژیان و دەوربەرەکەی دەوێت و ئەوانیش چییان لەو دەوێت، ئەوا دەبینین لەسەر دەستی چکۆلەی ئەو تاکە گەنجە، ژیان دەتوانێت چەند ترسناک بێت، چەند بکوژ بێت، هەروەها چۆن ڕووبەڕووی پێشهاتە وێرانە و کارەساتاوییەکان ببێتەوە، لێرەوەیە ئێمە دەتوانین باس لە دۆخێک بکەین کە بە “هەستیار” ناوی لێ بنێین و بیناسێنین.

هەستیاری گەنجان و پلەی بڕیاردان و ئامادەییان بۆ دۆخە ساتەوەختییەکان و وەڵامی یەکاویەکیان بۆ ئەو پرسانەی دێنە بەردەمیان، لەو کەڵکەڵانەن کە لە “ئەدەبیاتی گەنجان”دا بە تۆخی و بەوپەڕی وردەکارییەوە کاریان لەسەر دەکرێت، ئەم ئەدەبیاتە کۆمەڵێک خەسڵەتی دیاری هەیە، کە لە پلەی یەکەمدا کارکردنیەتی لەسەر هەستەوەرەکان و هەستیاری گەنج، نوختەیەکی تر زمانە، کە کارکردێکی سادە و ڕەوان بەخۆوە دەگرێت، دوور لە ئاڵۆزی تەکنیک و شێوەی دەربڕینی داهێنەرانە، خاڵێکی تر دامەزراندنی جۆرێک دنیابینییە، کە وا لە تاکی گەنج دەکات لە ساتی مامەڵەکردن لەتەک ڕووداو و کەسەکانی دەوروبەریدا ڕۆڵ بگێڕێت، ئەمەش هاوکاتی جۆرێک لە ئەتەکێت و ڕەفتاری دروست، گفتوگۆیەکی نەرم لە ئاستی تێگەیشتنێکی کراوەدا. ئەم ئەدەبیاتە لە ڕووکەشدا وەک ئەدەبیاتێکی ئامۆژگاریکار دەر دەکەوێت، بەڵام پێچەوانەی ئەو بۆچوونە، ئەم ئەدەبیاتە بە هیچ جۆرێک ناچێتە بازنەی ئامۆژگارییەوە، بەڵکو لە دەرەوەی ئەو بازنە کار دەکات و گوتار و ئاماژەکانی دەنێرێت، ئەویش لە ڕێی ئەو ئیمکانە هونەرییانەی کە دەبێت هەریەک لە ژانرەکان هەیانبێت، بۆ وێنە ڕۆمان، بە هەمان شێوەی ڕۆمانە گرنگەکانی دنیا، لە ئەدەبیاتی گەنجانیشدا دەبێت بێ ڕەچاوکردنی ئەو باردوخانەی کە ئەو تەمەنە هەیەتی، دەبێت لە پلەی ئەوەڵیندا نووسەر خەیاڵی لەسەر ئاستەکانی هونەرییبوونی ڕۆمانەکەی چڕ و کۆ بکاتەوە، پاشتر بپەرژێتە سەر ئەو ئایدیا و ناوەرۆکەی قەرارە وەک تێمایەک نیشانگری بکات و بینووسێت. بۆیە لە ئەدەبیاتی گەنجاندا، قسە لەسەر ڕۆمانە، نووسەر دەبێت لە ڕێی هونەری ڕۆماننووسینەوە، ڕۆمانێک بخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، کە لە ئاستێکی بەرزدا بێت، هەر ئەوەش ببێتە پردێک بۆ ئەوەی وا بکات وزەی زۆری گەنج لەو چوارچێوە هونەرییەدا پێشان بدرێ و ئاراستەیەکی دروستی بۆ بدۆزرێتەوە، نەک ئەوەی کە بڵێت وا بکە و وا مەکە، لەوێوە بڕۆ و لێرەوە هەڵەیە، ئەوە هێڵی سوورە و ئەمەیان پەمەیی و…

لە دەرەوەی ئەم ئەدەبیاتە، دەتوانین ئەدەبیاتێکی تر بدۆزینەوە، کە زۆرجار لە بازنەی حیزب یان ئایینەوە ئاراستە دەکرێت و هەوڵ دەدرێت لە ڕێی ئەدەبیاتێکی حیزبی یان دینییەوە تاکێکی حیزبی یان دینی بەرهەم بێت، ئەم ئەدەبیاتە ڕاستەوخۆ هانا بۆ زمانی ئامۆژگاری دەبات و بە خاڵ و وەک پێڕەونامەیەک مامەڵە دەکات، بۆیە ئەو ئەدەبیاتە هەرچی بێت ناتوانین لەناو ڕووبەری ئەدەبیاتی جددیدا جێی بۆ بکەینەوە و سەر بە ئەدەبیاتی ئایدۆلۆژییە، جا ئەو ئایدۆلۆژیایە ئایین بێت یان حیزب و ناوەندێکی دیاریکراو. کە واتە ئێمە قسە لەسەر ئەدەبیاتێک دەکەین کە لە دەرەوەی ئەو بازنە ئایدۆلۆژییەوە دێت و دەتوانێت بۆ دەستە و تاقمێکی دیاریکراو نا، بۆ هەمووان و هەموانەکی بێت.

***

ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن” سەر بەو ئەدەبیاتەیە کە ناوی ئەدەبیاتی گەنجانە، دوورە لە ئایدۆلۆژیا و هەر پەیامێکی حیزبی یان ئایینی، ڕاستەوخۆ و بێ هیچ ڕایەڵ و نێوەندگیرییەک لەگەڵ چینی گەنجان دەپەیڤێ و ڕازی قووڵیان بەخەبەر دێنێتەوە. ئەم ڕۆمانە کورت و پوختە، بە شێوەیەکی زۆر ساکار چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە پڕە لە هاندان و پێشاندان، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە، سوود لە ئیمکانێک وەر نەگیراوە دەرەهونەریی بێت، هیچ هەوڵێکی ئایدۆلۆژی، یان ئایینی و حیزبی نەگیراوەتە بەر، بەڵکو بە تێکڕای ڕۆمانەکە، کە هەر حەفتا لاپەڕەیەکە، بەردەوام ئاستی گێڕانەوەکەی لە ئاستێکی بەرزی هونەریدا ڕاگرتووە، ئاستێک کە تێیدا جومگەکانی گێڕانەوە هیچ کامیان نەدیو نەگیراون و بە هێزێکی بەرزی ئەدەبی خراونەتە گەڕ، چ دیالۆگ، چ کەسێتی داڕشتن، چ ڕووداو، چ چینین و کرۆنۆلۆژی و بەیەکدواهاتنی زەمەن و ڕووداو و پێشهاتەکان، چ کات و شوێن و بەش بەشکردنی پاژەکان، ئەمەش وای کردووە کە لە خانەی هەڵسەنگێنەرانەی ڕۆمانەکەدا، بتوانین هونەرییانە لێی بپێچینەوە و دڵنیا بین کە لە بەردەم ڕۆمانێکداین کە بەوپەڕی وردەکارییەوە چنراوە.

“منداڵانی هێڵی ئاسن” چیرۆکی خێزانێک دەگێڕێتەوە، دایک و باوکێک و سێ منداڵ؛ دوو کچ و کوڕێک. یەکەم دەرکەوتنی ئەم خێزانە لەناو ماڵەکەیاندا، لە ساتەوەختێکی بەختەوەریدایە، بەڵام ئەوان، هیچ کام لەوان، نازانن ئەوە ساتەوەختی ئاڵتوونی ئەوانە، هەمیشە دەبێت بەدبەختییەک بێتە پێشەوە و بەرت پێ بگرێ تا بزانیت کە تۆ ساتەوەختێکت هەبووە بە مانای وشەکە تێیدا بەختەوەربوویت، ئەوەش ئەو کاتەیە کە ئیدی درەنگ بووە و بەختەوەری زۆر زۆر لێت دوور کەوتووەتەوە. ئەم خێزانە لەو دۆخەدان، نوقمی بەختەوەرین، هێندە بەختەوەرن و ماڵەکەیان پڕ پڕە لە گەرمیی خۆشەویستی و سۆزی کامەرانی، مەستن، مەستی ئەو دنیایەن کە ناوماڵ و ڕۆحیانی تەنیوە.

چیرۆک لەو بەختەوەرییە گەورەیەدا ڕوو نادات، ئەگەر ڕووش بدات، بێ خوێ و بێتامە، تاکو دۆخەکە هەڵنەگڕێتەوە، بەختەوەری نەبێت بە بەدبەختی و ئەم دۆخگۆڕکێیە سەر نەگرێت، چیرۆک ناقەومێت، دواتریش کە قەوما و ڕێزبەندی ئەو دۆخە تێک چوو، هەموو ئیمکان و هەلی چیرۆک، بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو دنیایەی سەرەتایە، ڕێک ئەمە گرێچنی ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن”ە.

ئەمە ڕوو دەدات: لەپڕ هێڵکاری ئەم بەختەوەرییە دەشێوێت، هەموو شتت دەچێتە دۆخێکی گرژ و دژوارە؛ دوو میوان لە بەردەرگان، لە بەرگێکی فەرمی حکوومیدا، هاتوون لەگەڵ باوک بدوێن و دیاریشە کە نیازیان هیچ باش نییە، پاشان دێنە ژوورەوە، دەنگیان دەگاتە ئەو ژوورەی دایک و منداڵەکان لێی دانیشتوون، ئەگەرچی تۆنەکان بەرز و توندن، بەڵام لێڵ و ناڕوونن، دواتر دایک بانگ دەکرێتە هەمان ژوور و تێدەگات کە چ کارەساتێک بەر بینی گرتوون. باوک دەبرێت و ئیدی چارەنووسی دەبەسترێت بە خاڵێکی نادیارەوە، بە تۆمەتێک زیندانی دەکرێت، سوور و خەتەر: سیخوڕی!

ئیدی شیرازە دەپچڕیت، ماڵ دەکەوێتە قەیران و بارێکی ئاڵۆزەوە، ئەم چیرۆکە لە چەقی شارێکی زەبەلاحدا ڕوو دەدات: لەندەن، لە ماڵێکدا کە تێیدا هەمووان بەختەوەر و دڵخۆش بوون، بەڵام ئێستا دەبێت لەندەن و ئەو خانوو و ماڵەش بەجێ بهێڵن و بەرەو کەنارێکی دوور لە شار، لە خانوویەکی تەریکدا، کە نوقمی تاریکی و ترسە، نیشتەجێ بن. ماڵ بار دەکرێ، کەلوپەل دەپێچرێتەوە، بەرەو کەنار مل دەنێن، ژیانێک لەوێ چاوەڕێی دایکە و سێ منداڵەکەیەتی، خوێنەر دەزانێت کە چیدی ئەو ژیانەی پێشوو نییە، بەڵام ناشزانێت چۆنە، دەزانێت پڕە لە ململانێ، دەزانێت چیرۆک لەوێدایە و دەبێت لەوێشدا مانای خۆی وەر بگرێت، وایە، لەوێدا ئێمە چیرۆک دەبیستین، دڵمان تەنگ دەبێت و جارجاریش بزەیەک لەسەر لێومان هێلانە دەکات.

لەوێ، بوونی شتێک کە هەر لە سەرەتاوە ئاماژەی بۆ دەکرێت، هێڵی ئاسنی شەمەندەفەرە، هێڵێکی بێکۆتا و پێچاوپێچ، ڕێک وەک ژیان و هەڵکەوتەی هەریەک لە ئێمە لە ژیاندا، ئەم هێڵە نەک منداڵەکان، بەڵکو چیرۆکیش بەسەریدا بازبازێن دەکات، چۆن قەتارەکان بە خێرایی و فیشکە و زریکەوە، توند دەئاژوون، چیرۆکیش بە هەمان ڕیتم بەسەر ئەو هێڵی ئاسنەدا تێپەڕ دەبێت، هەروەک ئەوەی ئێمە بەناو ژیاندا دەگوزەرێین و ڕەنگە هیچێکی ئەوتۆش جێ نەهێڵێن.

منداڵەکان دەچنە نزیک هێڵی ئاسنەکە و بە یادی باوکیان، سڵاو و دەست بۆ سەرنشنیانی قەتار دەشەکێنن، بەو نیازەی ئەوان دەچنە لەندەن و سڵاوی ئەمان بگەیەننە باوک! چیرۆکەکە خەمگینە، جوانە، وەک جوانیی ئێواران، لەو ساتەدا کە خەریکە دوایین تیشکەکانی خۆر ئاوا دەبن و دڵ دەخەنە دۆخێک و دۆزێکەوە.

لەسەر هێڵی ئاسن، کارمەندێکی دڵاوا هەیە، منداڵەکانی خۆشدەوێت و ئەوانیش ئەو کارمەندەیان خۆش دەوێت، هاوکات پیرەپیاوێک هەیە، کە هەموو ڕۆژ بە قەتار سەفەر دەکات و کارەکەی لە لەندەنە، ئەمانە هاوڕێ نزیکەکانی منداڵەکانن، زمانێکی هاوبەش لە نێوانیان دروست دەبێت، کە چەقەکەی میهرەبانییە. بۆ وێنە، دایک نەخۆش دەکەوێت، بێ پارەن و دکتۆر دنیایەک دەوای نووسیوە، منداڵەکان نامە بۆ پیرەپیاو دەنووسن کە دەواکانیان لە لەندەنەوە بۆ بێنێت، بۆیان دێنێت. یادی لەدایکبوونی کارمەندی وێستگەی قەتار منداڵەکان دەیکەنەوە، سوپرازێک کە هەرگیز بۆی نەکراوە! بە گونددا دەگەڕێن، دیارییەکان دەچننەوە و گردی دەکەنەوە و دەیبەنە بەردەم ماڵی کارمەندەکە، ژیانێک لە لێواردایە، بەڵام هیوا دژ بە هیوا نییە، هەمیشە ژیان لە پێشدایە، دەبێت هەنگاوەکان نەوەستن، هەر وەستا کەوتوویت، هەر کەوتوویت مردوویت.

لێرەدا ناکرێت و نالوێت چیرۆکەکە بگێڕدرێتەوە، چیرۆکەکە لەوە ڕوونترە بخرێتە چوارچێوەی گێڕانەوەوە، دەبێت بخوێنرێتەوە، چێژی لێ ببینرێت، وەک هەر ساتێکی جوان کە دێتە بەردەممان و نابێت بهێڵێن بڕوات، کە ڕۆیشت نایەتەوە.

ڕۆمانی “منداڵانی هێڵی ئاسن” لە پشتینەیدا (باکگراوند) زەمەنێک هەیە، کە زەمەنی جەنگ و ماڵوێرانییە، ئەم زەمەنە زۆر کاڵ و پەراوێزیی ئاماژەی پێ دراوە، پێم وایە ئەمە خاڵی هەرە سەرکەوتووی ئەم ڕۆمانەیە، ئەگەر بهاتبایە و جەنگ و لێکەوتەکانی زەق بوایەن، بێگومان ئەوکات ڕۆمانەکە خانەی ئەدەبیاتی گەنجانی تێدەپەڕاند و دەبوو بە ئەدەبیاتی گەوران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێڵە کاڵە هێندە دەبەخشێت کە خوێنەر پەی بە قورسایی زەمەنەکەی بکات.

ناونیشانی ڕۆمانەکە زۆر هەستبزوێن و سەرنجڕاکێشە، منداڵانێک لەسەر هێڵی ئاسن گەمە دەکەن و بەدیار دەرکەوتنەوەی باوکیانن لە یەکێک لەو قەتارانەدا کە ڕۆژانە دێن، خودی ئەو ڕۆژانە وەک ئاسن ڕەقن، ئەگەرچی دنیای منداڵەکان ناسک و نەرمە، بەڵام کەوتوونەتە ناو ڕۆژگارێکی وەک ئاسنەوە، ئەوان دەیانەوێت هەستی منداڵانەی خۆیان بژین، دیناکەیان پڕ بێت لەو شتانەی کە تایبەتن بەوان، بەڵام ئەمە قورسە، لە زەمەنێکی هەڵەدا هاتوون، بۆیە ڕەنگە هەندێ جاریش هەڵە بکەن، هەڵەیەک کە هەڵەی ئاگایانەی ئەوان نییە، هەڵەی زەمەنەکەیە کە تێی کەوتوون.

“ئەدەبیاتی گەنجان” لە ئەدەبیاتی نووسراوی کوردیدا دەتوانین بڵێین لە ئاستی زۆر کەمدایە، کەم تا ئاستی سفر، هەندێ هەوڵ هەن لە کایەی وەرگێڕاندا، بەڵام زۆر کەمن، پێویستمان زۆر بە زیادترە. وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە، هەڵمەت عوسمان، لە فارسییەوە ئەم کارەی کردووە بە کوردی، وەرگێڕانی بێ گرێ و دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزی و لێڵییەک، ئەو خەسڵەتەی کە ئەدەبیاتی گەنجان هەڵگریەتی، بە تایبەت لە ئاستی گێڕانەوە و سادەیی چینیندا، لە دەقە وەرگێڕاوە کوردییەکەدا مسۆگەر کراوە، خوێنەر چێژ لە سادەیی زمان و سووکەڵەیی گێڕانەوە دەبات، لەو ڕووەوە، جێی دەست خۆش و پێزانینە.

“منداڵانی هێڵی ئاسن” دەتوانێت ڕۆمانی هەموومان بێت، بە تایبەت بۆ ئێمە، کە زۆرینەمان منداڵییەکی هاوشێوەی منداڵانی نێو ئەم ڕۆمانەمان تێپەڕ کردووە، منداڵیمان بە دەیان کارەسات و جەنگ و مەینەتیدا گوزەراوە، بۆیە ڕۆمانە دەتوانێت لە ئاستی گشتیدا بیرەوەریی کۆیی پێک بهێنێت، بیرەوەرییەک ئەگەرچی تاڵ و تفتیش بێت، بەڵام بەیادهێنانەوەی هیوایەکە بۆ تێپەڕاندن، بۆ دووبارە نەبوونەوە.